سەرۆک بارزانی: نابێت تاوانی کەسێک بخرێتە ملی کەسێکی دیکە، دەبێت ئەو هەڵمەتەی دژی هاوڵاتی سوری رابگیرێت
هاوڵاتی حکومەتی بریتانیا سزای بەسەر وەزیری بەرگری سوریا و سەرۆک ئەرکانی سوپای سوریادا سەپاند، بەهۆی ئەوەی کە گوایە توندوتیژی سێکسی و جێندەریان لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی بەکارهێناوە. بە پێی ڕاپۆرتی فاینانشیاڵ تایمز، لەندەن سزای نوێی بەسەر ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵا سەپاندوە کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی توندوتیژیی سێکسی بەرفراوان لە سوریا و کۆماری کۆنگۆی دیموکرات. سزاکانیش بلۆککردنی سەروەت و سامان و قەدەغەکردنی گەشتکردنی ئەو دو بەرپرسە باڵایەن بۆ بریتانیا، بڕیارەکەش بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی چالاکیی بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی سێکسی لە جەنگ دەرکراوە. بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، حکومەتی بریتانیا سزای بەسەر عەبدولکەریم مەحمود ئیبراهیم سەرۆکی ئەرکانی سوپای سوریا، عەلی مەحمود عەباس وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە سەپاندوە، بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژی سێکسی و جێندەری دژ بە هاوڵاتیانی مەدەنی. بە درێژایی شەڕی 12 ساڵە زۆرێک لە ئەندامانی حکومەتی سوریا بەهۆی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤەوە کەوتونەتە بەر سزای نێودەوڵەتی، بەڵام ئەو ڕێوشوێنانەی بەسەر فەرماندەی سوپا و وەزیری بەرگریدا سەپێندراون، یەکەم کەسن کە گوایە توندوتیژی سێکسی بەکار دەهێنن. سەرچاوە: Financial Times
هاوڵاتی دادگای بەرایی سلێمانی ٤، لەسەر سکاڵای سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان ڕێکخراوی ڕاسان بۆ داکۆکی لە مافی ژنان، بەهۆی بانگەشەکردن یان بۆ هاوڕەگەزبازی هەڵوەشاندەوە. ڕێکخراوی راسان بۆ داکۆکیکردن لە مافی ژنان دامەزراوە و بنکەکەی لەشاری سلێمانییە. بەهۆی سەرپێچی و پابەندنەبوونی بە یاسا بەرکارەکان لە هەرێمی کوردستان و لادان لە پەیڕەوی ناوخۆی ڕێکخراوەکە، جیاواز لەو ئامانجانە کاریکردووە کە لەسەری دامەزراوە، فەرمانگەی ڕێکخراوەکانی حکومەتی هەرێم سکاڵای لەسەر تۆمارکرد. لە بڕیارەکەی دادگای بەرایی سلێمانیدا هاتووە: بانگەشەکردن بۆ هاوڕەگەزبازی پێچەوانەی دەستوری عێراق و ئادابی گشتییە. هەروەها پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلامە. بەپێی زانیاریەکان، بڕیارەکە پلەی کۆتایی وەرگرتووەو ماوەی تانە لێدانی تەواو بووە، ڕێکخراوەکە بەفەڕمی مۆڵەتی لێوەرگیراوەتەوەو بەهەڵوەشاوە هەژماردەکرێت. ڕێکخراوی ڕاسان بەهاوکاری ڕێکخراوی بوڵ ئاوتی ئەمریکی، چەندین ۆرک شۆپ و چالاکی لە پارێزگای سلێمانی ئەنجامداوە.
هاوڵاتی راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، کاتژمێر 11:00ـی دوێنێ شەو ئاگرەکەی شارباژێر بە تەواوی کۆنترۆڵکراوە و بەگوێرەی خەمڵاندنەکانیش بێت ئاگرەکە سنووری 15 گوندی گرتووەتەوە و زیاتر لە دوو هەزار دۆنم زەویش زیانی پێگەیشتووە. نیوەرۆی رۆژی یەکشەممەی رابردوو لەپشت قەزای چوارتا ئاگرکەوتەوە کە تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی نەزانراوە ، دواتر تەشەنەی کرد بۆ دەورووبەری گوندەكانی بانان، كەناروێ، سێونگ، كانی شوان، پیرێسك، نۆرەباب. تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرەکە دیار نییە، بەڵام گومان دەکرێت هۆکارەکەی سروشتی نەبێت و بە دەستی مرۆڤ کەوتبێتەوە ، ئیتر ئایا فڕێدانی جگەرەی نەکوژاوە بێت یان هەر هۆکارێکی دیکە و تا ئێستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن. بەهۆی ئاگرەکە سنووری 15 گوند سووتاوە، بەگوێرەی خەمڵاندنەکانیش زیاتر لە دوو هەزار زەویی پوش و پاوان، رەز و باخ، گەنم و جۆ و داری سوروشتی زیانیان پێگەیشتووە.
هاوڵاتی لەشەش مانگی ئەمساڵدا ١١ هەزار عێراقی كۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات كردووە بەهۆی ناسەقامگیری بارودۆخی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی لەعێراقدا كۆچی هاوڵاتیان بۆ دەرەوەی وڵات بەتایبەت وڵاتانی ئەوروپاو ڕۆژئاوا دەستیپێكردووەتەوە، سەرەڕای قوربانی و بێشەروشوێنبوونی كۆچبەران هێشتا كۆچكردن بەردەوامی هەیە. لەڕۆژی جیهانی پەنابەراندا دەزگای لوتكە بۆ كاروباری پەنابەران لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری كۆچی هاوڵاتیانی عێراقی لەشەش مانگی ئەمساڵدا ڕاگەیاند كەبەم شێوەیە بوو: لەشەش مانگی سەرەتا ئەمساڵدا ١١ هەزارو ٥٠٠ هاوڵاتی عێراقی كۆچیان كردووە، لەو ژمارەیەش حەوت قوربانی هەبوون كە پێنجیان گیان لەدەستدان و دووانیشیان بێ سەرو شوێن بووە. هەروەها لەساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠٢٣ ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی لەعێراقەوە كۆچیان كردووە٧٥٢ هەزارو ٣٢٣كۆچبەر بوون و ٥٥٥ قوربانیش هەبوون كە ٢٣٦ بێ سەروشوێن و ٣١٩ حاڵەتیان مردن بووە. هەر بەپێی ئامارەكەی دەزگای لوتكە عێراق لە پلەی ١٢یەمینی ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەدایە كەكۆچی تێدا دەكرێت و لەماوەی یەك ساڵ و نیوی ڕابردوودا ١٣ گیان لەدەستدان لەناو كۆچبەرانی عێراقیدا هەبووە. كۆی گشتی ئەو ئاوارانەش كە لەهەرێمی كوردستاندان ٩٢٨ هەزارو ٦٤٩ كەسن.
هاوڵاتی سوپای تورکیا لە گوندێکی سەر بە شارۆچکەی تربەسپی سەر بە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان ئۆتۆمبێڵێکی کردە ئامانج و بەگوێرەی زانیاریەکان کوژراو و بریندار هەیە. سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رۆژئاوای کوردستانەوە بە هاوڵاتی راگەیاند، لە سەر رێگەی گوندەکانی تەل شەعیر و بەیاندۆری تربەسپی، ئۆتۆمبێڵێک لەلایەن سوپای تورکیاوە کراوەتە ئامانج. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکرد، ئۆتۆمبێلەکە لەلایەن درۆنێکی تورکیاوە کراوەتە ئامانج و بەرپرسێکی رۆژئاوای کوردستانی تێدابووە. باسی ئەوەشی کرد کە ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری (کییا) یە و کاتژمێر نزیکەی 12ی نیوەڕۆ کراوەتە ئامانج. هاوکات بەپێى ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە ، لە بۆردومانەکەدا یوسرا دەروێش هاوسەرۆکى کانتۆنى قامیشلۆ شەهید کراوە و جێگرەکەشى بریندارە و هەر لە ئۆتۆمبیلەکەدا دو کەسى دیکەش شەهید بوون.
هاوڵاتی درۆنێکی بەیرەقداری جۆری (تی بی٢)ی تورکی لە قەندیل کەوتە خوارەوە و گەریلاکانی پەکەکە دەستیان بەسەردا گرت. ئاژانسی فوراتی نزیک لە پەکەکە، دیمەنێکی درۆنێکی بەیرەقداری جۆری (تی بی٢)ی تورکیای بڵاوکردەوە کە لە قەندیل کەوتووەتە خوارەوە. ئاژانسەکە باسی ئەوەی کردووە کە درۆنەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە و کەوتووەتە خوارەوە.
هاوڵاتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرە. نوسینگەی مەسرور بارزانی رایگەیاند، بڕیارە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کۆببێتەوە. هەروەها، بارزانی لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوە و بەشێک لە ئەندامانی دیکەی کابینەکەی کۆدەبێتەوە. نوسینگەکەی سەرۆکی حکومەت باسی ئەوەشی کرد کە لە کۆبونەوەکاندا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و عێراق و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە دەکرێت.
پزیشکی دادی ئێران ئاشکرای دەکات مردن بەهۆی مەی و ماددە کحولییە ساختەکان لە وڵاتەکە زۆر بوە و تەندروستیی ئەو وڵاتەش دەڵێت ماددەی مێتانۆڵ لە خواردنەوە کحولییەکان بەکار دەهێنرێت. ئەمڕۆ سێشەممە پزیشکی دادی ئێران بڵاوی کردەوە؛ تەنها لە ساڵی رابردودا لانیکەم 644 کەس بەهۆی ژەهراویبون بە خواردنەوە کحولییەکان یان مەی ساختە گیانیان لەدەستداوە. ئاماژە بەوە کراوە ژمارەی قوربانییانی خواردنەوە کحولییەکان لەچاو ساڵانی رابردودا 30% بەرز بوەتەوە و زۆربەشیان بەهۆی ماددەی مێتانۆڵەوە بوە. لە سێ رۆژی رابردودا 175 کەس لە چەند ناوچەیەکی شاری کەرەج سەر بە پارێزگای ئەلبورز لە ئێران ژەهراویبون کە 14 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و بوەتە هۆی نابینابونی سێ کەس و چوار کەسی دیکەش لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدان. بەرپرسانی تەندروستیی پارێزگای ئەلبورز رایانگەیاندوە؛ بە ئەگەری زۆر ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ژەهراویبون بە خواردنەوە کحولییەکان گیانیان لەدەستداوە بەرز ببێتەوە. ژمارەیەک لە بەرپرسانی تەندروستیی ئێران هۆشداراییان داوە لە بەکارهێنانی ماددەی مێتانۆڵ لە زۆربەی خواردنەوە کحولییە دەستکردەکانی ناو ئەو وڵاتە و ژەهراویبون بەو ماددەیان بە هۆکاری سەرەکیی بەرزبونەوەی ژمارەی قوربانییانی خواردنەوەی مەی لەقەڵەم داوە. بە پێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی رێگریی لە هاوردەکردن یان بەرهەمهێنانی خواردنەوە كحولییەکان دەکرێت و ئەوەش وای کردوە بەرهەمهێنانی مەی ساختە و خواردنەوەی کحولی نایاسایی لە ئێرن قوربانیی زۆری لێبکەوێتەوە.
هاوڵاتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەنجێک لە هەولێر لەدوای تەنیا چوار مانگ لە هاوسەرگیری، شەوی رابردوو بە دەستڕێژی گوللـە هێرشی کردە سەر ماڵی خەزووری و هاسەرەکەی کوشت و خوشکێکی بریندار کرد، کە ئێستا ئەویش رەوشی تەندروستیی ناجێگیرە. ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانییدا، باوکى ئەو ژنەى کە لەلایەن مێردەکەیەوە کوژرا رایگەیاند؛ کێشەکە کۆمەڵایەتیی بوە و پێشتر ئەو زاوایەمان کە ناوى (هەریاد)ـە هەڕەشەى لە کچەکەم کردوە و دڵپیس و رەزیل بوە. رەمەزان باوكی ئەڤین و لڤین باسی لە ڕوداوەکە کرد و وتی ، شەوی رابردو زاواكەم هاتە ماڵمان و ویستی كچەكەم لەگەڵ خۆی بباتەوە، كچەكەشم ترسا و وتی بابە دەمكوژێ و لەگەڵ ناڕۆمەوە ماڵەوە، منیش تەلەفۆنم بۆ باوكی زاواكەمان كرد و وتم كێشەیان هەیە و ئەویش پێی وتم، كوڕەكەم بۆ بنێرەوە خۆم چارەسەری كێشەكەیان دەكەم. وتیشی، "پێشتر زاواكەمان خۆی كچەكەمی هێنایەوە، كەچی شەوی رابردو ویستی بەزۆر لەگەڵ خۆی بیباتەوە بۆ ماڵەوە، دوای ئەوەی بەبێ عاجزی بەڕێمكرد، دوای 15 خولەك لەگەڵ دو كەسی دیكە چەكی پەیا كرد و دەستڕێژی گوللـەی لێكرین، یەك مەخزەنی تەقاند، هەردو كچەكەم یەكی 15 گوللـەیان بەركەوتوە، یەكێكیان گیانی لەدەستداوە كە ناوی ئەڤینە و تەمەنی 20 ساڵە، ئەوی دیكەش تەمەنی 16 ساڵە و ناوی لڤینە و ئێستا لەژێر چاودێری وردی پزیشكیدایە". باوکی قوربانییەکە ئاشکرایشیکرد کە زاواکەى کارى کڕین و فرۆشتنى چەک دەکات و ئەو چەکەیشى کە لە تاوانەکەدا بەکاریهێناوە چەکى بێمۆڵەت بوە. وتیشى: لە ئێستادا یەکێک لە تۆمەتبارەکان کە زاواکەیەتى دەستگیر کراوە و دەشڵێت: سکاڵاى یاساییمان تۆمار کردوە و داوا دەکەین حکومەت و یاسا مافى ئێمە ون نەکات. وێنەی ئەڤین و هەریادی هاوسەری:
وەرزی دورینەوەی گەنم لە پارێزگای ورمێ دەستی پێکردوە و پێشبنی دەکرێت گەنمی ئەمساڵی ئەو پارێزگایە بەراورد بە رابردو زیاد بکات. خەسرەو شەهبازی، بەڕێوبەری کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند؛ زیاتر لە یەک ملیۆن و 576 هەزار و 408 دۆنم لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگاکە گەنمی تێدا بەرهەم هێنراوە کە بەراورد بە رابردو تەنها 7%ی زیادی کردوە. پێشبینی ئەوە کراوە ئەگەرچی زەوییە تەرخانکراوەکانی تایبەت بە چاندنی گەنم تەنها 7% زیاد کراوە بەڵام بەرهەمەکەی لە ئەمساڵدا 19% بەراورد بە ساڵی رابردو زیاد بکات. شەهبازی وتویەتی: لە زۆربەی ناوچەکانی ورمێ دەست بە دورینەوەی گەنم کراوە و پێشبینیی دەکرێت گەنمی ئەمساڵی پارێزگاکە بگاتە 825 هەزار تۆن. بەهۆی زۆربونی بارانبارین لە ئەمساڵدا بەرهەمی کشتوکاڵی بە تایبەت گەنم لە زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵات بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردوە و پێشبینی کراوە بەرهەمی گەنمی پارێزگای سنە بگاتە زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن.
هاوڵاتی سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ زاوایەك هێرشیكردوەتەسەر ماڵی خەزوری و دەستڕێژی گوللـەی لێكردون،لەئەنجامیشدا هاوسەرەكەی خۆی كوشتووەو و خوشكی هاوسەرەكەشی برینداركردوە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، تۆمەتبارێك لەگەڕەكی گوڵانی شاری هەولێر هێرشیكردۆتەسەر ماڵی خەزوری و لەئەنجامیشدا هاوسەرەكەی خۆی كوشتوە، خوشكی هاوسەرەكەشی بەسەختی برینداركردوە. تا ئێستا هۆكاری سەرەكی ئەو روداوە نەزانراوە، لەئێستاشدا تەرمی كوژراوەكە كە تەمەنی لەنێوان 20-22 ساڵاندایە بۆ پزیشكی دادی گواستراوەتەوە. بە گوێرەی زانیارییەکان، تا ئێستا لەسەر ئەم روداوە زاواکە کە هەستاوە بە کوشتنى هاوسەرەکەی دەستگیر کراوە و پێدەچێت کەسێکى دیکەیش کە هاوبەشى تاوانەکە بوە، لەگەڵیدا دەستگیر کرابێت.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، لەلایەن نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ناوبازاڕەوە و لەسەر سکاڵای سێ هاوڵاتی، تۆمەتبارێک دەستگیرکرا، کە پێشتریش بەتۆمەتی دزیکردن بەند کراوە و سزای یاسایی دراوە. پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی سێ هاوڵاتی سکاڵایان تۆمارکرد کە دزییان لێکراوە، لێکۆڵینەوەکان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستیپێکرد، سەرنجام و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، لەلایەن نوسینگەی ناوبازاڕی نەهێشتنی تاوانی سلێمانییەوە توانرا تۆمەتبار دەستگیربکرێت و دوای گەڕان و پشکنینی شوێنی نیشتەجێبونی توانرا دەستبەسەر بڕێک پارەی دزراودا بگیرێت. ئاماژەی بەوەشکردوە، لەئێستادا تۆمەتبار (ح،ج،ق لەدایکبوی 1979) ڕاگیراوە کە سێ فەرمانی گرتنی هەیەو لەدادگای سلێمانیش داواکراو بوە بەپێی ماددەی 446 لەیاسای سزادانی عێراقی و پێشتریش بەتۆمەتی دزیکردن بەند کراوە و سزای یاسایی دراوە.
ژمارەی ئەو کەسانەی بە مەبەستی چارەسەری تەندروستیی و جوانکاریی پزیشکی دەچنە وڵاتی ئێران بەرز دەبێتەوە هاوڵاتییانی عێراق دووەم دوەم گەشتیاری بیانین کە بە مەبەستی چارەسەریی سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن. هاشم دەریاباری، سەرپەرشتیاری ناوەندی چاودێریی دەرمان و چارەسەریی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند؛ ژمارەی ئەو گەشتیارانەی بە مەبەستی چارەسەریی و جوانکاریی پزیشکی رو لە وڵاتەکە دەکەن بەرز بوەتەوە و لە سێ مانگی ئەمساڵیشدا 247 ناوەندی تەندروستی تایبەت کراوە بە گەشتیاران. دەریاباری ئاماژەی بەوە کردوە کە لە ساڵی 2022 یەک ملیۆن و 223 هەزار و 896 کەس بۆ چارەسەری تەندروستیی رویان لە ناوەندە پزیشکی و نەخۆشخانەکانی ئێران کردوە. زۆرترین کەس لە وڵاتانی ئەفغانستان، عێراق، عۆمان، بەحرەین، پاکستان، کوەیت، ئازەربایجان، هندستان، تاجیکستان و سعودیە رویان لە ئێران کردوە بە مەبەستی چارەسەریی یان جوانکاریی پزیشکی. بە پێی زانیارییەکانی ناوەندی چاودێریی دەرمان سەر بە وەزارەتی تەندروستیی ئێران زۆربەی ئەو کەسانە بە مەبەستی چارەسەریی رویان لە وڵاتەکە کردوە تایبەت بون بە بوارەکانی ژنان و منداڵبون، نەشتەرگەرییەکانی چاو، جوانکاریی ، دڵ و دەمار، شێرپەنجە، چارەسەری سروشتی و نەشتەرگەریی گشتیی. ئێران لە روی سەردانی گەشتیاری تەندروستییەوە دەکەوێتە ریزبەندی 46-ەمین وڵاتی جیهان کە زۆرترین گەشتیار بە مەبەستی چارەسەری تەندروستیی و جوانکاریی روی تێدەکەن.
کەنەدا بەهۆی پێشێلکارییەکان و دەرکردنی بڕیاری قورس لە دژی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران حەوت دادوەری دادگاکانی کۆماری ئیسلامی سزا دەدات و سوپای پاسدارانیش 20 وڵات بە دەستوەردان لەو ناڕەزایەتییانە تۆمەتبار دەکات. وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا ئەمڕۆ دوشەممە لە بەیاننامەیەکدا سزادانی حەوت دادوەری کۆماری ئیسلامی راگەیاند و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش وتی: سزاکان لە چوارچێوەی هەنگاوە ئابورییەکان بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئەمریکا و بەریتانیا وڵاتانی ئەوروپا سەپێنراوە. هەر یەکە لە دادوەری دادگاکانی کۆماری ئیسلامی لە پارێزگاکانی (ئەسفەهان، مەشهەد، شیراز، کەرەج، تاران، گورگان) لە لایەن کەنەداوە سزا دراون بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دژی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکان و دانیشتوانی ئێران. لە لایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ مەجید کازمی، سەرۆکی بەشی هەواڵگریی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ 20 وڵات کە کەنەدا یەکێک لەو وڵاتانە بوە دەستیان هەبوە لە گرژیی و ناڕەزایەتییەکانی ماوەکانی رابردو لە وڵاتەکدا. بە وتەی ئەو هەر یەکە لە وڵاتانی (ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، بەلجیکا، نەمسا، ئیتاڵیا، نەرویج، ئایسلەندا، نیوزلەندا، ئەڵبانیا، کۆزۆڤۆ ، نروژ، کەنەدا ، ئۆسترالیا، ئیسرائیل، سعودیە، بەحرەین و ئیمارات ) دەستیان لە ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێراندا هەبوە و هاندەربون بۆ دروستبونی گرژییەکان. سوپای پاسداران بە بەردەوامی وڵاتانی رۆژئاوا بە تایبەت وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و بەریتانیای بە هۆکاری هاندانی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ناوبردوە.
پەکەکە رایگەیاند، لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا سوپای تورکیا ٢١٥ جار بارەگای گەریلاکانی بۆردومان و تۆپباران کردووە. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) باڵی سەربازی پەکەکە راگەیەندراوێکی لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکانی سێ رۆژی رابردووی نێوان گەریلاکانی و سوپای تورکیا بڵاوکردەوە. هەپەگە دەڵێت، لە ١٦، ١٧ و ١٨ مانگدا، فڕۆە جەنگیەکان و تۆپخانەکانی تورکیا، ٢١٥جار هەرێمەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی گەریلاکانی بۆردومان و تۆپباران کردووە. باسی ئەوەش دەکات کە هێرشەکان لە سنوری هەرێمی کوردستان بەردەوامن. لەلایەی دیکەوە، هەپەگە ناسنامەی پێنج گەریلای ئاشکرا کرد کە لە هێرشە ئاسمانیەکانی دەوڵەتی تورکیا و پێکدادانەکاندا شەهید بوون. هەفتەی رابردوو، کەجەکە بێچالاکی کۆتایی پێهێنا و رایگەیاند، هەموو کەسێک بینی کە تاوەکو دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە نەڕوخێت هیچ بەرەوپێشچوونێک نایاتە ئاراوە، بۆیەش زیاتر گوڕ بە تێکۆشان دەدەن. هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەرێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، قۆناغی راگرتنی چالاکیەکانیان کۆتایی پێهێناوە، کە دوای بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات رایانگەیاندبوو و لە ماوەی هەڵبژاردنیشدا درێژیان کردبووە. کەجەکە لەم بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، لەکاتێکدا کە هێشتا کاریگەری زۆری بومەلەرزە لەئارادابوو، تورکیا پێینایە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە. لەم هەڵبژاردنەدا کە هەم گەلی کورد و هەمیش کۆمەڵگای تورکیا بە گرنگی دادەنا، بۆ ئەوە بوار بۆ ئاژاوەگێڕی دەسەڵاتی پارتی داد و گەشە (ئاکەپە) و بزوتنەوەی نەتەوەپەرست(مەهەپە) نەڕەخسێندرێت و لە هەڵبژاردندا ئەنجامێک لە بەرژەوەندی گەلان و هێزە دیموکراتیکەکاندا بەدەستبهێندرێت، ئێمە هەڵوێستێکی لەو جۆرەمان گرتەبەر کە تا دوای هەڵبژاردن بڕیاری راگرتنی چالاکی درێژبکەینەوە و ئەو بڕیارەشمان بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە، بێگومان وەک بزوتنەوەکەمان خوازیاری چارەسەری سیاسیی دیموکراتیکی پرسی کورد و دیموکراتیکبوونی تورکیاین، لەو پێناوەشدا تێدەکۆشین. هەربۆیە ئەم هەڵوێستەمان لە هەمان کاتدا پشتگیرییەک بوو بۆ سیاسەت و پرۆسەی سیاسی. دواتر ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ئاماری چوار مانگی رابردووی هێرشەکانی سوپای تورکیای بۆ سەر گەریلاکانیی بڵاوکردەوە کە لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا، کەجەکە بێچالاکی راگەیاندبوو و گەریلاکانیش هێرشیان نەدەکردە سەر سوپای تورکیا. هەپەگە ئاشکرای کردبوو، لەو ماوەیەدا، سوپای تورکیا لەو ماوەیەدا چوار هەزار و ٨٤٨ جار بارەگاکانی ئەوانی بۆردومان و تۆپباران کردووە. هەروەها ٢٢٤ جار بە چەکی فسفۆڕ، جۆمبی قەدەغەکرا و چەکی کیمیایی هێرش کراوەتە سەریان. لە ئامارەکەدا هاتبوو، لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا، ٣٢ گەریلا شەهید بوون، ٨٤ سەربازی تورکیا کوژراون و سێ سەربازیش بریندار بوون.
