هاوڵاتی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بۆ جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی رێکخستنی دارایی کۆبونەوە و بڕیاردرا هەرچی زوو بەیەکەوە بەستنەوەی بانک و گەنجینەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سیستمێکی ئەلکترۆنییەوە جێبەجێ بکرێن، سەرۆکی حکومەت رایگەیاند،" بە هاوکاری پسپۆڕ و شارەزایانی ناوخۆ و بیانی، کار لەسەر دروستکردنی سیستەمێکی دارایی و بانکی پێشکەوتوو و هاوچەرخ لە هەرێمی کوردستان دەکرێت." دەقی راگەیەندراوەکەی حکومەت: ئەمڕۆ دووشەممە 5/22 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی هەرێمی کوردستان کرا. لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاری کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو کە تێیدا بە کۆی دەنگ بڕیاری ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێم پەسەند کرا و سەرۆک وجێگری سەرۆک وەزیران سەرپشککران بۆ دەستنیشانکردنی میکانیزمیی بە پەلە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە. دواتر گفتوگۆ لەبارەی داڕشتنی میکانیزمێکی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی داهات و خەرجییە گشتییەکان لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان کرا. جەخت لەوە کرایەوە کە دابینکردنی مووچە وەک ئەولەویەتی خەرجیەکان و مامەڵەکردنی وەک خەرجییەکی سیادی ، کاری لە پێشینەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، هەرچی خەرجیە گشتیەکانی دیکەشە، پێویستە بە شێوەیەکی دادپەرورانە و لە سەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان ، لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابەش بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش، لە کۆبوونەوەکە دوای گفتوگۆ، بڕیاردرا بە یەکخستنی ئەژمێری بانکیی سەرجەم سەرچاوەکانی داهات لە سەرتاسەری هەرێم لە یەک حسابی بانکیدا وکۆتایی هێنان بە دابەشکاریی ڕێژەیی. هەروەها بڕیاردرا، هەرچی زوو بەیەکەوەبەستنەوەی بانک وگەنجینەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سیستمێکی ئەلکترۆنییەوە جێبەجێ بکرێن، هەم بۆ پاراستنی داهاتی گشتی و هەم بۆ برەودان بە شەفافیەت لە داهات وخەرجیەکان بە ئاراستەی داڕشتنی پلانیی خەرجیی بە مەبەستی هێنانەدیی هاوسەنگیی لە نێوان داهات وخەرجیەکان. لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە ئێستا بە هاوکاری پسپۆڕ و شارەزایانی ناوخۆ و بیانی ، کار لەسەر دروستکردنی سیستەمێکی دارایی و بانکی پێشکەوتوو و هاوچەرخ لە هەرێمی کوردستان دەکرێت. لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە ، باس لە ماف وشایستە داراییەکانی هەرێم لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق کرا کە ئێستا لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانە ، هەڵوێستی حکومەتی هەرێم لە پابەند بوون بە ڕێککەوتننامەی نەوتیی 2023/4/4و بڕگەکانی هاتوو لە پڕۆژە یاسای بودجە کرایەوە، سوپاسی هەموو ئەوانەش کران کە ڕۆڵیان هەبوو لەو گۆڕانکارییانەی کە لە پڕۆژە یاسای بودجە کرا بە ئاراستەی لابردنی ئەو دەستەواژانەی کە کۆتوبەندبوون لەسەر ناردنی بەشە بودجەی شایستەی هەرێم، و دەستخۆشی لە ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران وئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنە کوردستانیەکان کرا کە یەک دەنگ داکۆکیان لە ماف وشایستە دەستووریەکانی هەرێم کردوەو هەموو هەوڵەکان یەکبخرێن لە پێناوی دابینکردنی مووچە وبژێوی هاووڵاتیانی هەرێم لە بودجەی عێراقی فیدڕاڵ. لە کۆبوونەوەکە ، داواشکرا حکومەتی فیدڕاڵیی و لایەنە سەرەکیەکانی پێکهێنەری کابینەی وەزاری، بە پێی دەستوور، پابەندبن بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان و زامنکردنی شایستە ومافەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق.
هاوڵاتی نوسینگەگەی ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە، بەرنامەی دانیشتنی ژمارە (4)ی رۆژی دووشەممە 22/5/2023 کە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەژێر رۆشنایی ئەو دەسەڵاتەی لە بڕگەی سێیەم لە ماددە (18) لە پەیڕەوت ناوخۆ پێیدراوەو تێیدا هاتووە (کردنەوەی خول و دانیشتنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتیکردنیان، کۆتاییپێهێنان و دواخستنیان، دەستنیشانکردنی کاتی ئەنجامدانیان) دانیشتنی ئاماژە بۆ کراوی سەرەوە دواخراوەو کۆتایی پێهات. نوسینگەی سەرۆکی پەرلەمان ڕاشیگەیاند "لێرەوە ڕایگدەیەنین هیچ دەرئەنجامێکی ئەو دانیشتنە دوای دواخستنی بەهای یاسایی و پەیڕەوی نابێت." دەشڵێت، " بەپێی بڕگەی (11)ی ماددەی (18) دەسەڵاتی واژووکردنی سەرجەم نووسراوەکانی پەرلەمان تەنها لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمان دایەو بەڕێزیان ئەو دەسەڵاتەی بەکەسی تر نەداوە مومارەسەی بکات، بۆیە هەر نووسراوێک بەبێ واژووی سەرۆکی پەرلەمان بۆ هەر دامەزراوەیەک بنێردرێت هیچ بەهایەکی یاسایی نییە." ئەمڕۆ پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كۆبوویەوە و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم، یەكێك بوو لە خاڵەكانی بەرنامەی كاری دانیشتنەكە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێشتر سەرۆكی پەرلەمان دژی زیادكردنی ئەو بڕگەیەبوو بۆ دانیشتنی ئەمڕۆ، بۆیە دانیشتنەكەی بۆ كاتێكی نادیار دواخست.
هاوڵاتی فراکسیۆنی پارتی دەڵێ، بە دەنگی 58 پەرلەمانتار و بەبێ دەنگی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان کاراکراوەتەوە و فراکسیۆنی یەکێتیش ڕەتی دەکاتەوە. لەم بارەیەوە زیاد جهبار، له كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا له پهرلهمانی كوردستان رایگهیاند، كۆمسیۆن كرا نهكراوهتهوه و فراكسیۆنهكهی رێگهی له كارێكی نایاسایی گرتووه. وتیشی، سكرتێری پهرلهمانی كوردستان رۆڵێكی خراپ دهگێڕێت. ئهوهشی خستهڕوو"دهیانهوێت كۆتایی به بهكارهێنانی پێكهاتهكان بهێنن و ههركاتێك تهبایی ههبووبێت، فراكسیۆنی پارتی تێكیداوه." کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممە 22ـی ئایاری 2023ـی پەرلەمانی کوردستان بە ئاڵۆزی دەستیپێکرد، کاتێک دوێنێ بەبێ رەزامەندیی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لەلایەن جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمانەوە خرایە بەرنامەی کارەوە. سەرەتای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ دوای دروستبوونی ئاڵۆزی، رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەکەی دواخست، بەڵام هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان رەتیکردەوە کۆبوونەوە دوابخرێت و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی خستە دەنگدانەوە. فراکسیۆنی پارتی دەڵێت بە دەنگی 58 پەرلەمانتار و بەبێ دەنگی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان کاراکراوەتەوە و فراکسیۆنی یەکێتیش ڕەتی دەکاتەوە. هاوکات سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش ڕایگەیاند، دانیشتنەکەی ئەمڕۆ مردووەو مردوش زیندوو ناکرێتەوە.
هاوڵاتی لە ئۆپراسیۆنی هێزە ئەمنیەکانی تورکیادا لە ئەنقەرە و ناوچەکانی ١٩ هاوڵاتی کورد دەستگیرکران ، هێزە ئەمنیەکانی تورکیا لەسەر فەرمانی دادگای ئەنقەرە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ژمارەیەک هاوڵاتی کورد. بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، ١٩ هاوڵاتی کورد دەستگیرکراون و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە بەشداریان لە ئاهەنگەکانی نەورۆزدا کردووە لە مانگی ئازاردا. بەگوێرەی زانیاریەکانی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، لەنێو دەستگیرکراوەکاندا، ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و لایەنگرانی ئەو پارتە هەیە. دەستگیرکراوەکان بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئەنقەرە گواستراونەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ٢٨ی ئەم مانگە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوە دەچێت. هێزە ئەمنیەکانی تورکیا پێشتریش بەر لەوەی خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە ١٤ی ئایاردا دەست پێبکات، ئۆپراسیۆنێکیان لەدژی ئەندام و بەڕێوەبەرانی هەدەپە، رۆژنامەنووس و سیاسەتمەدارە کوردەکان ئەنجام دابوو و زیاتر لە ٢٠٠ کەسیان دەسگیر کردبوو کە ژمارەیەکیان تاوەکو ئێستاش لە زینداندان.
کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمینداری نوێ بۆ ئەنجومەنی ئاسایش دەستنیشان دەکات و عەلی شەمخانی لەو پۆستە لادەبات. بە بڕیاری ئیبراهیم رەئسیی، سەرۆک کۆماری ئێران عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران دەبێتە ئەمینداری نوێی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی. رەئیسی لە فەرمانێکدا سوپاس و پێزانینی بۆ 10 ساڵ کارکردنی عەلی شەمخانی وەک ئەمینداری پێشوی ئەنجومەنەکە دەربڕیوە و ئەحمەدیانی وەک ئەمینداری نوێ دەستنیشان کردوە. عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان لە دایکبوی شاری کرمان لە باکوری رۆژهەڵاتی ئێرانە کە تەمەنی 62 ساڵە و یەکێکە لە فەرماندە دەریاوانییەکانی سوپای پاسداران و بەشداریی لە شەڕی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران کردوە و هەڵگری بڕوانامەکانی مەستەر لە زانستی بەرگریی و دکتۆرا لە بواری بەڕێوبەرایەتیی ستراتیژییە. لە دوای ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەنگۆی ئەوە هەبوە بەهۆی ناکۆکییەکانی دوو باڵی محافزکار و ریفۆرمخوازی کۆماری ئیسلامی، عەلی شەمخانی کە بە رۆحی قاسم سولەیمانی ناوی دەهێنرا لە پۆستی ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی ئێران لادەبرێت. دوێنێ یەکشەممە شەمخانی بە دانانی هۆنراوەیەک باسی لە رۆیشتنی و ئاماژەی بە راست دەرچونی ئەو دەنگۆیانە کرد. شەمخانی کە بە رەچەڵەک لە نەتەوەی عەرەبە، بەرزترین پلەی سەربازیی لە نێو کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە و بەهۆی هەنگاوەنکانی بۆ یەکخستن و توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتانی کەنداو مەدالیای (عەبدولعەزیز)ی وڵاتی سعودیەی پێبەخشراوە. لە ماوەی رابردودا بە بڕیاری عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران سەرپەرشتیی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ریاز-ی کرد و هاوکات زیاترین هەوڵی دا بۆ چەک کردن و دورخستنەوەی پارتەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان. خامنەیی، راستەوخۆ گرێکوێرەکانی پەیوەندییە سیاسیی و ئەمنیی و سەربازییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی دراوسێی دەداتە دەست شەمخانی و بەوەش رۆڵی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی سوپای قودس دەگێڕا کە ساڵی 2020 لەسەر دەستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی بەغدا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کوژرا. شەمخانەی تەنها کەسی سەربازیی ئێرانە کە پلەی دەریاوانی هەیە و لە روی سەربازییەوە فەرماندەیی دەیان شەڕی لە سەردەمی جەنگی ئێران و عێراق گێڕاوە و تەنها کەسێکە کە لە ماوەی 40 ساڵدا هیچ کاتێک پەراوێز نەخراوە و باڵی ریفۆرمخواز و محافزکاری کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامی لە پۆستە هەستیارەکاندا پشتیان پێبەستوە. ئەو کە بە نوێنەری عەلی خامنەیی لە ئەنجومەنی ئاسایش لەقەڵەم دەدرا لە ماوەی رابردودا جموجۆڵەکانی بەشێوەیکی بەرچاو زیادی کردبو بە جۆرێک وەزیری دەرەوەی ئێران لە ماوەی دوە هەفتەدا بە قەدەر شەمخانی گەشتی بۆ چین و عێراق و ئیمارات وڵاتانی دیکە نەکردوە و دەوترێت شەمخانی وەزیری دەرەوەی ناو بازنەی سیاسەتی دیپلۆماسیی خامنەیی وەک لوتکەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە.
هاوڵاتی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئامادەن کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بخەنە سبەینێ بە هەمان بەرنامەی کاری ئەمڕۆوە بەمەرجێک د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمان ئامادەبێت رایبگەیەنێت. ئەمڕۆ دووشەممە 22ـی ئایاری 2023، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا قسەیکرد و ئاماژەی بەوەکرد، خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوە درێژکراوەتەوە "زەمینەسازی یاسایی و سیاسی بکرێت و لەبەر ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 18ـی تشرینی دووەمی 2023ـی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەستینشانکردووە، کەمتر لە شەش مانگ بۆ ئەو ماوەیە ماوە". وتیشی، "لەپێناو ئەوەی سازانی زیاتر لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا بکرێت، ئامادەن دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان بۆ سبەی دوابخرێت، "بەمەبەستی ئەوەی کۆمیسیۆن کارا بکرێتەوە و خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکرێت، بە زیادكردنی ئهو گۆڕانكارییانهی له پۆستهكانی حكومهت و پهرلهمان پێویستن. بەمەرجێک ئێستا سەرۆکی پەرلەمان رابگەیەنێت دانیشتنەکە بۆ سبەی سێشەممەیە بەهەمان بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەمڕۆ." ئەوەشی ڕونکردەوە ، "یەکێتی شەریکێکی ئەساسییە لەم وڵاتەدا و ئێمە هەمو هەوڵێکمانداوە و ساڵ و نیوێکە، ئێستا لەبەردەم دو ئەگەرداین، یەکەم، کۆمسیۆن کەمتر لە شەش مانگی ماوە و ئەم کۆمسیۆنە وەکو خۆی کارادەکرێتەوە و هەتاوەکو یاساکە هەموارنەکرێتەوە کۆمسیۆن کارەکانی ناکات و هەمومان کۆکین لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئەم یاسایە هەمواربکرێتەوە، لە یەک بازنەیی بکرێتە چوار بازنەیی و تۆماری بایۆمەتری عێراق بەکارهێنرێت و ئامارەکانی عێراق بۆ دابەشکردنی هەر 100 کورسیەکەی پەرلەمان هەبێت، ئەمان گرنگن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان قەوارە دەستوریەکەی پارێزراو بێت چونکە هیچ رون نیە کە دادگای فیدڕاڵی چ جۆرە بڕیارێک لەسەر هەرێمی کوردستان دەدات لە رۆژانی ئایندەدا". ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە 21ـی ئایاری 2023، دهستهی سهرۆكایهتیی پهرلهمانى كوردستان له راگەیەندراوێکدا كه ئاراستهی گشت ئهندامانى پهرلهمانی کردووە، ئاماژەی بەوەکردووە، خاڵێکی دیکە بۆ دانیشتنی ئەمڕۆی دووشەممە زیادکراوە، ئەویش كاراكردنهوهى ئهنجوومهنی كۆمیسیارانە بۆ ماوهى پێنج ساڵ.
بەهۆی جێبەجێ نەکردنی یاسای تایبەت بە پشتیوانیی لە کەمئەندامان و خاوەن پێدوایستی تایبەت لە ئێران باری ژیان و گوزەرانیان قورستر بوە و ئەو موچەی پێیان دەدرێت پێدوایستییەکانی ژیانی رۆژێکیان دابین ناکات. ئاژانسی هەواڵی کاری ئێران (ئیلنا) بڵاوی کردوەتەوە؛ موچەی ئێستای هەر کەمئەندامێکی وڵاتەکە 655 هەزار تمەنە لە کاتێکدا هێڵی هەژاریی گەیشتوەتە 20 ملیۆن تمەن. ئاماژە بەوە کراوە؛ بە پێی ماددەی 27 یاسای پشتیوانیی لە کەمئەندامان و خاوەن پێدوایستییەکانی ئێران دەبێت موچەی هەر کەسێکیان هاوشانی لانیکەمی موچە بێت لە وڵاتەکە کە لە ئێستادا نزیکەی حەوت ملیۆن تمەنە. ئیلنا رونی کردوەتەوە؛ پێنج ساڵە یاسای تایبەت بە پشتیوانیی لە خاوەن پێدوایستی تایبەت دەرچوە بەڵام حکومەت پابەند نییە بە جێبەجێکردنی ئەو یاسایەوە و ئەوەش ژیانی ئەوانی زۆر قورس کردوە چونکە زۆربەی کەمئەندامانی وڵاتەکە پێویستیان بە خزمەتگوزاریی پزیشکی و تەندروستیی هەیە.
هاوڵاتی کە*جە*کە دەڵێت، " پێگەی ئەو کەسانەی لە کەمپەکە دەژین، پەنابەری سیاسیە و پێویستە بەو پێیە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. بانگەشەکانی دەوڵەتی تورکیا لەبارەی کەمپی پەنابەرانی مەخمور راست نین. کەمپی مەخمور، کەمپێکی مەدەنییە. ئەو کەسانەی تێیدا دەژین، بەهۆی زوڵمی دەوڵەتی تورکیا، لەسەر ماڵ و زێدیان ئاوارە بوون، بەڵام بە ئیرادە و تێکۆشانێکی بەهێز لەدژی سەختیەکان تێدەکۆشن". هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کە*جە*کە لەبارەی گەمارۆی سەر کەمپی پەنابەرانی (مەخمور) راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "دەوڵەتی عێراق، هەوڵی گەمارۆدانی کەمپی مەخور دەدات و ئەمەش لە کەمپەکە ئاڵۆزی دروست کردووە. دەگوترێت کە ئاڵۆزی لەنێوان خەڵکی کەمپەکە و هێزەکانی دەوڵەتی عێراق بەردەوامە و دوو وڵاتپارێز بریندار بوون. هیوادارین کە دوو وڵاتپارێزە بریندارەکە بە زوترین کات چاک ببنەوە. دەوڵەتی عێراق پێویستە کۆتایی بە گەمارۆی سەر کەمپی پەنابەرانی مەخمور و ئاڵۆزیەکان بهێنێت. دەوڵەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، نابێت هێزی سەربازی، گەمارۆ و سەپاندن بەکاربهێنێت، پێویستە دیالۆگ بە بناغە وەربگرێت." هەروەها باسی ئەوەش دەکات: " پێگەی ئەو کەسانەی لە کەمپەکە دەژین، پەنابەری سیاسیە و پێویستە بەو پێیە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. بانگەشەکانی دەوڵەتی تورکیا لەبارەی کەمپی پەنابەرانی مەخمور راست نین. کەمپی مەخمور، کەمپێکی مەدەنییە. ئەو کەسانەی تێیدا دەژین، بەهۆی زوڵمی دەوڵەتی تورکیا، لەسەر ماڵ و زێدیان ئاوارە بوون، بەڵام بە ئیرادە و تێکۆشانێکی بەهێز لەدژی سەختیەکان تێدەکۆشن. بە دەیان ساڵە کەمپی مەخمور، لە چوارچێوەی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەبارەی پەنابەران، بووەتە خاوەن پێگەیەکی فەرمی. واتە کەمپی پەنابەرانی مەخمور، لە رووی یاساییەوە لەژێر پاراستنی دەوڵەتی عێراقدایە." کە*جە*کە دەڵێت، " پێویستە حکومەتی عێراق بەگوێرەی بانگەشە ناراستەکان نەجووڵێتەوە. پێویستە کێشەکان لە رێگەی دیالۆگەوە لەگەڵ خەڵکی کەمپەکە و بە قسە و گفتوگۆ چارەسەر بکات. ئێمە بڕوامان وایە کە مرۆڤ دەتوانێت کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکات. هیوادارین کە هەڵوێستێک لەم چوارچێوەیەدا بە بناغە بگیرێت و کێشەکە چارەسەر ببێت. بانگەوازیمان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگا نێونەتەوەییەکان ئەوەیە کە لەدژی سەپاندنی فشارەکان بەهۆی دەوڵەتی تورکیاوە، بەرپرسیاری خۆیان جێبەجێ بکەن. بەر لەوەی دۆخەکە ئاڵۆزتر ببێت و شەڕ رووبدات، پێویستە دەوڵەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرساری خۆیان جێبەجێ بکەن. هەروەها پێویستە گەلی کورد و هێزە دیموکراتەکان، پشتگیری لە خەڵکی مەخمور بکەن کە مافەکانیان رەوایە و رێگە بە هەوڵی تێکدەری نەدەن و خەڵکی مەخمور بە تەنیا جێمەهێڵن. پشتگیری گەلی کورد و لایەنە دیموکراتیەکان بۆ کەمپی مەخمور زۆر گرنگە."
هاوڵاتی بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی پێشنیارێك دەداتە وەزیری ڕۆشنبیری عێراق، داوای لێدەكات پرۆژەیەك پەسەند بكات كە تێیدا هونەر و ئەدەبی كوردی وەربگێردرێتە سەر زمانی عەرەبی تا خوێنەر و نوسەری عەرەب زیاتر كورد بناسن. موحسین ئەدیب بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: لەڕۆژی 18-5-2023 لەپەراوێزی كردنەوەی سەنتەری دیالۆگی كوردی – عەرەبی، دكتۆر ئەحمەد بەدرانی وەزیری ڕۆشنبیری و شوێنەوار و گەشتوگوزاری عێراقمان بینی، گفتوگۆی ئەوەم لەگەڵ كرد ئەگەر بمانەوێت كارەكانی سەنتەرەكە سەركەوتوو بێت پێویستە هەنگاوێكی گرنگ بنێین. وتیشی: هەنگاوەكە ئەوەیە وەك چۆن بەشێك لەهاوڵاتیان و بەتایبەتیش نوسەران و رۆشنبیرانی كورد ئاگاداری كەلتور و ئەدەبیات و هونەری عەرەبییە، پێویستە هاوڵاتیانی عێراق و عەرەبیش شارەزایی ئەدەبیات و هونەری كوردی بن، بەڵام بەداخەوە ئەوە نابینین،واتە نوسەر و خوێنەری عەرەب وەك پێویست ئاگاداری ئەدەب و هونەری ئێمە نییە". بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی دەشڵێت: داوامان لێكردن وەك وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی عێراق بودجەیەك دابین بكەن بۆ وەرگێڕانی ئەدەبیات و هونەری كوردی بۆ عەرەبی، بۆ ئەوەی خوێنەر و نوسەری عەرەبی ئێمە بناسێت، چونكە تائێمە نەناسێت گفتوگۆ دروست نابێت و ئەوەی هەشە سەركەوتوو نابێت. " وەزیری رۆشنبیری عێراقیش بیرۆكەكەی بەلاوە گرنگ بوو بەڵێنیدا كاری لەسەر بكات و لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراقیش باسمان لەپرۆژەكە كرد، ئێستاش داوا لە وەزیری رۆشنبیری هەرێم و ڕۆشنبیران و میدیاكاران دەكەین هاوكارمان بن لەسەرخستنی ئەم پرۆژەیە چونكە كاریگەری زۆری دەبێت". موحسین ئەدیب وای وت.
هاوڵاتی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی زیادکردنی بڕگەی كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان لە دانیشتنی سبەینێی پەرلەماندا لەلایەن پارتییەوە دەڵێت، "ھەنگاوێكە بە ئاراستەی قوڵكردنەوەی ململانێ سیاسییەکان." فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: "بەداخەوە جارێکی تر پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەکارھێنانی نوێنەری بەناو پێکھاتەکان، لە ھەنگاوێکی تاک لایەنەی نایاسایی، بڕگەیەک بۆ بەرنامەی کاری دانیشتنی رۆژی ٢٢-٥-٢٠٢٣ زیاد دەکەن، ئەویش کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسیە." ئاماژە بەوەکراوە، "ئەم ھەنگاوە تەواو ناپەیرەویە و پێچەوانەی ماددەی (٤٨)ی بڕگەی (٤) لە پەیرەوی ناخۆی پەرلەمانی کوردستانە، لەبەر ئەوەی (٢٤) کاتژمێری تەواو بەر لە دانیشتنی پەرلەمان رانەگەیەنراوە، ھاوکات پێچەوانەی رێکەوتنی سیاسی نێوان ھێزە سیاسیەکان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانە کە پرسی ھەمواری یاسای ھەلبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن دو پرسی نیشتمانین دەبێت دوای رێکەوتن و سازانی ھێزە سیاسیەکان ھاوتەریب بەیەکەوە بخرێنە بەرنامەی کار و کاریان لەسەر بکرێت." فراکسیۆنی یەکێتی باس لەوە دەکات "جارێکی تر پارتی نوێنەری بەناو پێکھاتەکانی لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەکارھێناوە بۆ واژۆکردن لەسەر بابەتێکی ناپەیرەوی، ئەمەش ھەنگاوێکە بە ئاڕاستەی قوڵکردنەوەی ململانێ سیاسی، دواجار ئەنجامدانی ئەم کارە بەشێوەی تاکڕەوی وێرای ئەوەی سەرپێچی تەواوی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستانە، لەھەمان کاتدا دەبێتە ھۆی تێکدانی بنەمای سازانی نیشتیمانی، بۆیە ئێمە لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەتەواوی ئەم ھەنگاوە نایاسایی و ناپەیڕەویە رەتدەکەینەوە، ئۆباڵی لێکەوتەکانی دەخەینە ئەستۆی ئەنجامدەرانی ."
هاوڵاتی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی رونكردنەوە لەبارەی جێبەجێكردنی سیستمی پۆینت تو پۆینت دەدات بەهمەن عەبدوڵا وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە 21ی ئایارەوە كامێراكانی تیژڕەوی پۆینت تو پۆینت دەكەوێتەكار كە 24 كامێران لە تاسڵوجەوە تا دەگاتە قەزای دوكان جێگیردەكرێن، بۆ ماوەی هەفتەیەك لەژێر ئەزمونیدا دەبێت و غەرامە بۆ سەرپێچیكاران هەژمار ناكات، لە كاتژمێر 8:00ی رۆژی 29ی مانگیشەوە بەفەرمی دەكەوێتەكار و سزاكان تۆماردەكات. وتیشی، "ئامانجی دانانی كامێراكان كۆكردنەوەی داهات نیە بەڵكو بۆئەوەیە شۆفێر هەست بكات چاودێری لەسەرە و پابەندی خێرایی دیاریكراوی شەقامەكان بێت و دەشڵێت، "لەڕێگەی كامێراكانەوە كەمترین سزای شۆفێرانی سەرپێچیكار 70 هەزار و زۆرترینیش سزاش 250 هەزار دینارە". سەبارەت بە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان،بەهمەن عەبدوڵا وتی، "ئەو ئۆتۆمبێلانەی هەڵگری دەرەوەی تابلۆی دەرەوەی هەرێمی كوردستانن، یان بێ سەرەتان پرۆژەكە بەو شێوەیە بۆئەوان، بۆ نمونە لە تاسڵوجە تا دوكان، لە دوكان بنكەیەك هەیە كە ئەو ئۆتۆمبێلەی سەرپێچیەكەی تۆماركردوە كارمەندی تایبەتمەندی هەیە راستەوخۆ ئۆتۆمبێلەكە رادەگرێت و بەشێوەی پسوڵە راستەوخۆ سزاكەی لێوەردەگیرێت". ئەوەشی رونكردەوە، "لەئێستادا ئەوەی كارمان لەسەری كردوە لەسنوری پارێزگای سلێمانی 225 كامێرایە بەسەر پێنج قۆناغ دابەشبوە، هەمو رێگەوبانەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان دەگرێتەوە. لەبارەی شێوازی تۆماركردنی سەرپێچی بۆ شۆفێران و خێرایی رێگەپێدراو، رائید بەهمەن وتی، "خاڵی سەرەتای دەستپێكی كامێراكە تا كۆتا كامێرا بەرزترین خێرایی كە شۆفێری سەرپێچیكار تۆماری كردوە، بەپێی ئەو خێراییە سزاكەی بۆ تۆماردەكرێت، بۆ نمونە تاسڵوجە بۆ دوكان 100 خێرایی رێگە پێدراوكیلۆمەترە لەكاتژمێرێكدا لە شوێنەكانی نیشتەجێبون 80 كیلۆمەترە لەكاتژمێرێكدا، پاش ئەوەی شوێنی نیشتەجێبون تەواو دەبێت خێراییەكە دەچێتە 100 كیلۆمەتر لەكاتژمێرێكدا، هیواداریشین كەس سەرپێچی نەكات بۆئەوەی كۆمپانیای جێبەجێكاری كامێرای پۆینت تو پۆینت ئیفلاس بكات". سەبارەت بەبڕی سزاكان، وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی ئاشكرایكرد، "پێنج سزامان هەیە لە 70 هەزار دینارەوە تا 250 هەزار دینار دەستپێدەكات، لەیەك كیلۆمەتر تا 15 كیلۆمەتر لەو خێراییەی بۆ شەقامەكە دیاریكراوە 70 هەزار دینارە و بەو شێوازە بەرزدەبێتەوە تا دەگاتە 250 هەزار دینار، لەو 12 كامێرایەی لەهەر سایدێكی رێگای تاسڵوجە- دوكان دانراوە لەكامیان بەرزترین خێرایی تۆماركردبێت ئەوەیانی بۆ هەژماردەكرێت و بەپێی ئەو خێراییە سزاكەی بۆ تۆماردەكرێت".
هاوڵاتی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان داوایەکی ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و خوێندنەوەی پرۆژەیاساکانی هەڵبژاردن. زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ لایەنەکان هەوڵیاندا رێکبکەون لەسەر شێوازی هەمواری یاسای کۆمیسیۆن کە لایەنە سیاسییەکان داوایان کرد وەکو خۆی کارابکرێتەوە. زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ یەکێتی لەسەر 100 کورسی پەرلەمانی کوردستان رێککەوتن بەڵام تائێستا لەبارەی کورسی پێکهاتەکان نەگەیشتونەتە رێککەوتن و سورن لەسەر ئەوەی کە پێکهاتەکان خۆیان بڕیاربدەن، بۆیە لەدوای ئەم خولی دانوستان پێیانوایە بۆشایی یاسایی دروستدەبێت، دەڵێت، "بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ دەکەین و هەنگاوەکانمان بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەستپێدەکەین". سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەشڵێت، داوایان کردووە لە دانیشتنی سبەی دووشەممەی پەرلەمانی کوردستاندا دوو بڕگە زیاد بکرێن کە ئەوانیش: کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی باڵای کۆمیسیۆن و راپرسیی هەرێمی کوردستان و، هەروەها بابەتی خوێندنەوەی یەکەم بێت بۆ هەموو ئەو پێشنیازانەی کە لە رابردوودا بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کراون. وتیشی، "لەپێناوی ئەوەی ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و تەمەنی پەرلەمان درێژ نەکرێتەوە بەو مەرجانە رازی بوون، بەڵام هەست دەکەن سەرەڕای رازیبوونیان، کەلێنی یاسایی دروست دەبێت بۆیە بڕیاریان داوە ئەو هەنگاوە بنێن."
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لەئەمڕۆوە کامێراکانی تیژڕەوی خاڵ بۆ خاڵ Point to Point کەوتوەتە کار و تیژڕەوی تۆماردەکەن، بەڵام لە 29ی ئەم مانگەوە کامێراکان تیژڕەوی تۆمار دەکەن و شۆفێری سەرپێچیکار سزای دارایی بە گوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (79)ی ساڵی 2016 دەدرێت. بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "شۆفێرانی پارێزگای سلێمانی و ئەوانەی سەردانی سلێمانی دەکەن ئاگاداردەکەینەوە کە پڕۆژەی کامێرای چاودێری تیژڕەوی ناسراو بە خاڵ بۆ خاڵ Point to Point دەکەوێتە کار، وەکو هەنگاوی یەکەم 24 کامێرا لە نێوان تاسڵوجە تا دوکان لە رۆژی یەکشەممە 21ی ئایار تا یەکشەممە 28ی ئایاری 2023 دەچنە قۆناغی تاقیکردنەوە (test) و تیژڕەوی تۆمار دەکەن، بەڵام شوفێرانی سەرپێچیکار سزا نادرێن". هاتووچۆی سلێمانی دەشڵێت، لە رۆژی دووشەممە، 29ـی ئایاری 2023ـەوە لە کاژێر 0800ـی بەیانی کامێراکان تیژڕۆیی تۆمار دەکەن و شۆفێرانی سەرپێچیکار سزای دارایی دەدرێن. وەکو هاتووچۆی سلێمانی باسی کردووە، سزاکان بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (79)ـی ساڵی 2016 دەبێت. بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە و دەشڵێت، "داواکارین پابەند بن بە مەبەستی پاراستنی خۆتان و بەکارهێنەرانی دیکەی شەقام و دوورکەوتنەوە لە سزای دارایی." خاڵ بۆ خاڵ، واتە لەنێوان دوو کامێرادا، ئەگەر خێراییەکەی بە 80 کیلۆمەتر دیاریکرابێت و ماوەی گەیشتن بەو خێراییە 10 خولەک بێت، ئەگەر شۆفێر بە کەمتر لە 10 خولەک بگاتە کامێرای دووەم، ژمارەکەی تۆمار دەکرێت و سزا دەدرێت. هەروەها، ئەگەر بە خێرایی زیاتر لە دیاریکراو، شۆفێر لە چەندین کامێرا بدات، یەک بەدوای یەک، هەموویان وەکو یەک ژمارەکەی تۆمار دەکەن، واتە لە ماوەیەکی کەمدا دەکرێت لە چەند کامێرایەک بدات و چەندجارێک سزا بدرێت. هەروەها تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەو کامێرایانە ئەوەیە، کە ئەگەر شۆفێر لەکاتی سەرپێچیدا پشتوێنی سەلامەتی نەبەستێت، یان مۆبایل بەکاربهێنێت، وێنەی دەگرێت و بە سەرپێچی بۆی تۆمار دەکات.
بەرزبونەوەی نرخی خۆراک و پێدوایستییەکانی ژیان لە ئێران بەردەوامە و بانکی جیهانی هۆشداریی دەدات لە بەرزبونەوەی زیاتری هەڵاوسانی ئابوریی ئەو وڵاتە. بانکی جیهانی لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا بڵاوی کردەوە؛ ئێران لە ریزبەندی ئەو 10 وڵاتی جیهانە کە زۆرترین بەرزبونەوەی نرخی خۆراک تۆمار دەکات و هەڵاوسان بەردەوامە لە بەرزبونەوە. بە پێی راپۆرتی بانکی جیهانی؛ هەڵاوسانی ئابوریی تایبەت بە بەرزبونەوەی نرخی خۆراک لە ئێران گەیشتوەتە 73% و بەوەش چوارەم وڵاتی جیهانە دوای لوبنان و ئەرجەنتین و زیمبابوێ کە زۆرترین هەڵاوسانی تۆمار کردوە. لە لایەکی دیکەوە پێگەی (تجارەت نیوز) بڵاوی کردوەتەوە؛ هەڵاوسانی بەرزبونەوەی نرخی خۆراک لە ئێران گەیشتوەتە 78% کە ئەوە ژمارەیەکی پێوانەییە لە مێژوی ئابوریی وڵاتەکەدا. بانکی جیهانی ئاماژەی بەوە کردوە؛ نرخی خۆراک لە زۆربەی وڵاتانی جیهان لە بەرزبونەوەدایە بەڵام رێژەی بەرزبونەوەی هەڵاوسانی هەندێک وڵاتی وەک لوبنان بە (352%) و ئەرجەنتین بە (107%) و زیمابوێ بە (102%) و ئێران بە (73%) مەترسییە بۆسەر ئاسایشی خۆراک و ژیانی دانیشتوانی ئەو وڵاتانە.
رۆژنامەیەکی ئێران ئاشکرای دەکات هاوسەرگریی ئەو کچانەی تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمترە لە سەرتاسەری وڵاتەکە زۆر بوەتەوە و کۆمەڵناسێکیش هەژاریی و یاساکانی کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری هاوسەگریی کچان کەم تەمەن لەقەڵەم دەدات. رۆژنامەی (ئیعتیماد) لە چاپی ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوی کردوەتەوە؛ لە ماەی نۆ مانگی سەرەتای زستانی 2021 تا پاییزی ئەو ساڵە لانیکەم 27 هەزار و 448 کچ لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران هاوسەرگیرییان کردوە کە تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمتر بوە. ئاماژە بەوە کراوە لە ساڵی 2017 ریژەی هاوسەرگیریی کچانی کەم تەمەن دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە بەڵام دوبارە ئەو رێژەیە لە ساڵی 2019 دەستی بە بەرزبونەوە کردوەتەوە. بە پێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران 31 هەزار و 646 کچی کەم تەمەن لە ساڵی 2020 و 32 هەزار 655 کچی دیکە کە ئەوانیش تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمتر بوە لەو وڵاتە هاوسەرگیرییان کردوە. شەهەلا کازمیپور، کۆمەڵناس بە رۆژنامەکەی راگەیاندوە؛ هەژاریی و یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە هاوسەرگیریی کچانی 13 ساڵ تەمەن بە یاسایی لەقەڵەم داوە دوو هۆکاری سەرەکین بۆ زۆربونی هاوسەرگیریی کچانی کەم تەمەن.
