هاوڵاتی سەرۆکی تایوان بەڵێنیدا دۆخی ئێستای ئاشتی و سەقامگیری لە سەرانسەری گەروی تایوان بپارێزێت لەکاتێکدا گرژییە زۆرەکان لەگەڵ چیندا هەیە، کە فشارە سەربازییەکان لەسەر ئەو دورگەیە کە بە شێوەیەکی دیموکراسی بەڕێوەدەچێت، زیاتر دەکات. تسای ئینگ وێن، سەرۆکی تایوان لە وتارێکدا کە لە نوسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری تایوان بە بۆنەی حەوتەمین ساڵیادی دەستبەکاربونی لە دەسەڵات پێشکەشی کرد، رایگەیاند، "تایوان ملکەچی فشارەکانی چین نابێت".  پەکین بانگهێشتنامەکانی تسای بۆ دانوستان رەتکردەوە، تسای ئینگ وێن چەندین جار سوێندی خواردوە بەرگری لە ئازادی و دیموکراسی تایوان بکات. تسای ئینگ وێن وتی، "شەڕ بژاردە نییە، هیچ کام لە لایەنەکان ناتوانن بە شێوەیەکی تاکلایەنە دۆخی ئێستا بە ڕێگەی نائاشتیانە بگۆڕن، پاراستنی دۆخی ئێستای ئاشتی و سەقامگیری کۆدەنگی جیهان و تایوانە". لایخۆیەوە فومیۆ کیشیدا، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن دوێنێ رایگەیاند، سەرکردەکانی گروپی حەوت رێککەوتون لەسەر ئەوەی بەدوای چارەسەری ئاشتیانەدا بگەڕێن بۆ کێشەکانی پەیوەست بە تایوان.  

هاوڵاتی عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دەڤا رایگەیاند، ئەگەر ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتی تورکیادا سەربکەوێت، هەموو کەلوپەل و پێداویستیەک گران دەبێت. چینی ناوەڕاست دەرووخێت و برسیەتی و هەژاری روو لە تورکیا دەکات. ئەمڕۆ هەڵبژاردنی خولی دووەمی سەرکایەتی تورکیا لە دەرەوەی وڵات دەستی پێکرد و تاوەکو ٢٤ی مانگ بەردەوام دەبێت. زیاتر لە سێ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس لە دەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەیە و پارتە سیاسیەکان و هاوپەیمانێتیەکانیش دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن کردووەتەوە و سەرۆکی پارتەکانیش لەدژی یەکدی قسە دەکەن. عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) کە هاوپەیمانی کەماڵ کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی گشتی جەهەپە و کاندیدی بەرەی ئۆپۆزسیۆنە تۆماریکی ڤیدیۆیی لەبارەی دۆخی تورکیا لە ئەگەری سەرکەوتنی رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار بڵاوکردەوە. عەلی باباجان لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت، " دەسەڵات لە ئێستادا باسی کێشە سەرەکییەکانی تورکیا ناکات و لەسەر پرسی تیرۆر بانگەشە لەدژی ئۆپۆزسیۆن بڵاودەکاتەوە. " باباجان راشیگەیاند، " من تەنیا وەک سەرۆکی پارتێک قسە ناکەم لە هەمان کاتدا وەک ڕۆڵەیەکی وڵاتپەروەر قسە دەکەم و دەڵێم، ئەگەر ئەردۆغان سەربکەوێت هەموو شتێک گران دەبێت. بە سەرکەوتنی ئەردۆغان چینی ناوەڕاست دەرووخێت و پارەکانتان دەبێتە پولێک. سەرکەوتنی ئەردۆغان بە واتای بێنرخبوونی پارەی تورکیا و قەرزاری دێت. سەرکەوتنی ئەردۆغان بە واتای ئەوە دێت کە هاوڵاتیان ناتوانن گۆشت، مریشک و پەنیر بۆ منداڵانیان بکڕن. بە واتای هەژاری و برسیەتی دێت. بە واتای دواکەوتنی ئابوری تورکیا دێت. سەرکەوتنی ئەردۆغان بە واتای خوڵکردنە سەر دیموکراسی دێت. سەرکەوتنی ئەردۆغان بە واتای مەترسی ئاسایشی نەتەوەیی دێت."

هاوڵاتی ئێران جارێکی دیکە هەڕەشە لەهێزە کوردیەکانی دژبەری دەکات کە لەهەرێمی کوردستانن، فەرماندەیەکی سوپای پاسداران دەڵێت ئەگەر عێراق ئەو هێزانە دەرنەکات هێرش دەکەنەسەریان. محەمەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ڕاگەیاند: “چاوەڕێی ئەوە دەکەین حکومەتی عێراق ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و کاتمان پێداون بۆ ئەو کارە و ئەگەر ئەوە نەکەن، ئەوا هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەو حزبانە بەردەوام دەبن.” لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا و بە تایبەتی لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئەم دواییەی ئێران، بنکە و بارەگای حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چەندین جار لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کراوەتە سەر. ئێران حزبە کوردیەکان تۆمەتبار دەکات بە هاندانی ناڕەزایەتیەکانی دژ بە حکومەت لە ئێران و ناردنی چەک لە ڕێگای قاچاغەوە بۆ ئەو وڵاتە.تۆمەتەکەش بەردەوام لەلایەن حزبە کوردیەکانەوە ڕەتدەکرێتەوە.

هاوڵاتی وەزارەتی کشتوکاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان، شەش ڕێکاری بەپەلە بۆ ڕێگری لە پەرەگرتنی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون دەرکرد،داوای کۆنترۆڵکردنی دیاردەی هێنانی ئاژەڵ بە شێویەکی نافەرمی دەکات. ڕێکارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە ئەمانەن: یەکەم: پێویستە ئاژەڵەکان لە سەربڕخانە فەرمییەکان سەر ببڕدرێن و بە پشکنین و مۆری فەرمیی ڤێرتێرنەری بچێتە بازاڕەوە؛ سەربڕینی ئاژەڵیش لەسەر ڕێگاکان و لاکۆڵانەکان قەدەغەیە. دووەم: دەبێت پشکنین بۆ ئاژەڵەکان پێش سەربڕین و دوای سەربڕین بکرێت، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەکە. سێیەم: پێویستە ڕێکارە تەندروستییەکان بۆ پۆشینی جلوبەرگی تایبەت و کەلوپەلی سەربڕین لە سەربڕخانەکاندا ڕەچاو بکرێت. چوارەم: کەرەنتینەکانی ئاژەڵ لە مەرز و فرۆکەخانەکاندا، پێویستە پشکنینی ورد بۆ ئەو ئاژەڵانە بکەن کە دێنە ناو هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەکان. پێنجەم: وەزارەتی کشتوکاڵ ڕێکاری پێویست دەگرێتە بەر بە مەبەستی دابینکردنی دەرمانی شوشتنی ئاژەڵ بۆ لەناوبردنی مشەخۆری دەرەکی (قڕنە) کە هۆکاری سەرەکیی گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشیی تای خوێنبەربوونە لە نێوان ئاژەڵەکان، ئەم هەڵمەتە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دەبێت. شەشەم: کۆنترۆڵکردنی دیاردەی هێنانی ئاژەڵ بە شێوەیەکی نافەرمی و لە سنوورەکانی دەرەوە و نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها ڕێگەگرتن لە هێنانی ئاژەڵ لەو پارێزگایانەی کە نەخۆشیی تای خوێنبەربوونی تێدا بڵاو بووەتەوە. وەزارەتی کشتوکاڵ جگە لە دەرکردنی چەند ڕێکارێک بۆ ڕێگری لە پەرەگرتنی ئەو نەخۆشییە، هانی هاووڵاتییان و گۆشتفرۆشانیش دەدات خۆیان بپارێزن و ڕێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن.

هاوڵاتی بەوتەی ئەندامێکی ئەنجومەنی کەمپی مەخمور گەمارۆدانی کەمپەکە لەسەر داوای تورکیایە و سوپای عێراق دەیەوێت تەلبەندی بکات و پاشان کامێرای لێ جێگیربکات، فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێت تورکیا لە ساڵێکدا 11 جار بۆردوومانی کردووە. دوای ئەوەی لەشەوی ڕابردوەوە هێزێکی زۆری سەربازی عێراق دەوری کەمپی مەخموریانداوە، هاوڵاتیانی ناو کەمپەکە چوونەتە بەرامبەر سوپای عێراق و ڕێگە نادەن هێزەکە نزیکتر ببنەوە. بێوار ئەنوەر ئەندامی ئەنجومەنی کەمپی مەخمور بەهاوڵاتی وت: تائێستا ئەمە سێیەم جارە سوپای عێراق و پارتی دەیانەوێت کەمپی مەخمور تەلبەند بکەن و چاودێری بخەنەسەر. بەرپرسانى سوپای عێراق داوای کۆبوونەوەیان لە بەڕێوەبەرانى کامپی مەخمور کرد، بۆ ئەوەى گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە بکەن و ڕێگەیان بدرێت چوار دەوری کامپەکە تەلبەند بکەن، بەڵام دوای کۆبوونەوەیەکى درێژ نەگەیشتن بە هیچ ئەنجامێک. لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسانى سوپای عێراق سوربوون لەسەر ئەوەى کە دەیانەوێت دەوری کامپەکە تەلبەند بکەن، بۆ ئەوەى لەژێر کۆنترۆڵی خۆیان دابێت، بەڵام بەرپرسانى کامپەکە جەختیان لەوە کردوە کە بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بەو کارە نادەن و بە هەموو توانایانەوە ڕووبەرووی ئەو هەوڵەی سوپای عێراق دەبنەوە.  دوای بێئەنجامبوونى کۆبوونەوەکە، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی مەخمور، فیلیز بوداک، ڕاگەیەنراوێکى بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند: سوپای عێراق دەیویست ناوچەکە بە سەرباز و پۆلیس و سەربازەکانی گەمارۆ بدات بەبێ ئەوەی ئاگاداری خواست و ویستی ئێمە بن. وتیشی:" ئێمە خەڵکی مەخمور، نزیکەی ۳۰ ساڵە خواستی خۆمان ڕادەستی هیچ کەسێک نەکردووە، ئێمە حکومەتی عێراق هیچ یەکێک لە کێشەکانمان چارەسەر ناکات، ئاسایشی ئێمە ناپارێزێت و ئێستا دەیانەوێت تاوەر لە دەوروبەری کەمپەکە دابنێن." فیلیز بوداک ئەوەش خستەڕوو، "وەک ئەوەی هیچ هێرشێکی ئاسمانی لە کەمپەکەدا نەبێت، جارێکی دیکە بەبێ هیچ کێشەیەک، هیچ پێداویستییەکی ژیان نەبوو، ئایا تەنها کێشەکە ئەوەیە کە تاوەرەکان لە دەوروبەری کامپەکە دابنێن؟" هەروەها ئەوەشى وت: "ئێمە کاتژمێرێک ڕاوێژ و گفتوۆمان لەگەڵ یەکتر کرد، بەڵام ئەوان سوورن لەسەر دانانی تاوەر و قولەى چاودێر لە چوار دەوری کامپەکە ئەوان دەڵێن کە خەڵک ئەمەیان دەوێت، بەڵام ئێمە پێمان وتن کە گەل خاوەن ئیرادەی خۆیەتى و ئەمە قبوڵ ناکات، گەل ٣٠ ساڵە لێرە تێکۆشان دەکات." لەکۆتایشدا "هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی مەخمور باسی لەوە کرد، دوای گفتوگۆیەکى درێژ سوپای عێراق سورن لەسەر دانانى قولەو تاوەر، بەڵام گەلی ئێمە ئیرادەى خۆی تەسلیمی هیچ کەسێک ناکات، گەل ئیرادەى خۆی تەسلیمی دەوڵەتى تورک نەکردوە تەسلیمی عێراقیشی ناکات." کەمپی مەخمور لەقەزای مەخمورە سەر بەپارێزگای هەولێر لەهەرێمی کوردستان، کەمپەکە زیاتر لە 30 ساڵە پەنابەرانی باکوری کوردستانی تێدا نیشتەجێن و ئێستا ژمارەیان زیاتر لە 11 هەزار کەسە و زیاتر لەنیوەیان ژن و منداڵن

هاوڵاتی لە پەراوێزی لوتکەی گروپی حەوت لە شاری هیرۆشیما، ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕێگە بە فڕۆکەوانە ئۆکرانیاییەکان دەدات لەسەر فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف 16ی ئەمریکی مەشق و ڕاهێنان بکەن، دوای ئەوە بڕیارێک سەبارەت بە گەیاندنی فڕۆکەی جەنگی بۆ ئۆکرانیا دەردەچێت، بەو هەنگاوەش چاوەڕوانییەکانی ئۆکرانیا کۆتایی دێت. جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا  ڕایگەیاند، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە سەرکردەکانی گروپی حەوتی ڕاگەیاندوە، "پشتیوانی خۆی بۆ دەستپێشخەرییەکی هاوبەش کە ئامانج لێی ڕاهێنانی فڕۆکەوانە ئۆکرانیاییەکانە لەسەر فڕۆکە جەنگییەکانی نەوەی چوارەم، لەنێویاندا فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف 16 رادەگەیەنێت". سوڵیڤان ئەوەشی راگەیاند، ئەمریکا سزاکانی سەر کەرتی ئابووریی رووسیا فراوانتر دەکات و بۆ ئەوەش لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپی و بەریتانییەکان هاوئاهەنگی دەکات.  هاوکات ڤۆڵۆدێمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە تویتێکدا بڕیارەکەی ئەمریکای بە مێژوویی ناوبرد و رایگەیاند، "دەستخۆشی لە بڕیارەکە دەکەم. ئەو بڕیارە بەشێوەیەکی کاریگەر هێزی ئاسمانیمان بەرەوپێشەوە دەبات." ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دوای گوتەکانی سوڵیڤان لە تویتێکدا رایگەیاند، "پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمریکا دەکەم بۆ را‌هێنان بە فڕۆکەوانانی ئۆکراینی بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەی F-16". دوای بڵاوبونەوەی ئەو ڕاگەیاندنە ئەمریکییە، دانیمارک ڕایگەیاند، دوای ڕەزامەندی ئەمریکا ڕاهێنان بە فڕۆکەوانە ئۆکرانیاییەکان دەکات لەسەر فڕۆکەی ئێف 16.

هاوڵاتی هاوڵاتیانی تورکیا لە دەرەوەی وڵات ئەمڕۆ دەتوانن لە کونسوڵخانە، باڵیۆزخانە و دەروازە سنوریەکان دەنگ بدەن. لە ٧٣ وڵات، ١٥١ ناوەند کراونەتەوە و ١٦٧ سندوق دانراون، هەڵبژاردنەکە تاوەکو کاتژمێر ٥ی ئێوارەی ٢٤ی مانگ بەردەوام دەبێت. لە ٢٨ی ئایاردا دوای ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن لە ناوخۆی تورکیاش کۆتایی هات، دەنگەکانی دەرەوەی وڵات لە رێگەی ناوەندە دیپلۆماسییەکانەوە، رەوانەی تورکیا دەکرێن. بەگوێرەی ئەنجامە فەرمییەکان کە دوێنێ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڵاوی کردەوە، لە دەرەوەی تورکیا ملیۆنێک و ٦٧٦ هەزار و ٢٦٣ کەس و لە دەروازەکانیشدا ١٤٦ هەزار و ٨٤٧ کەس لە خولی یەکەمی هەڵبژاردندا دەنگیان دابوو، واتە ٥٣٪ی دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات بەشداریان لە هەڵبژاردنەکاندا کردبوو. کۆمسیۆن ئاماژەی بەوەکرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە دەرەوەی تورکیا ٩٦٧ هەزار و ١٨٠ دەنگ و لە دەروازە سنوریەکان ٨٠ هەزار و ٥٦٧ دەنگی بەدەست هێناوە. هەروەها کەمال کڵچدارئۆغڵوش؛ لە دەرەوەی تورکیا ٦٦٥ هەزار و ١١١ دەنگ و لە دەروازە سنوریەکان ٥٦ هەزار و ٣١٨ دەنگی بەدەست هێناوە.

بەرپرسێکی ئێران هۆشداریی دەدات لە بەرزبونەوەی قەرزەکانی حکومەت و زیانەکانی کورتهێنانی بودجە بۆ داهاتوی وڵاتەکە. رەحیم موبینی، جێگری سەرۆکی رێکخراوی بەرنامە و بودجەی ئێران ئەمڕۆ شەممە بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند؛ قەرزەکانی حکومەت گەیشتوتەوە زیاتر لە 134 ملیارد دۆلار و کورتهێنانی بودجەی ساڵێک نزیکەی 16 ملیارد دۆلار بوە. موبینی وتویەتی قەرزەکانی حکومەت بە بانک و رێکخراوەکان گەیشتوەتە 22 ملیارد 280 ملیۆن دۆلار و هاوکات قەرزەکانی بۆ کۆمپانیاکانی سەر بە حکومەت بە 37 ملیارد و 880 ملیۆن دۆلار خەملێنراوە. جگە لەو قەرزانە، حکومەت بڕی 74 ملیارد دۆلاری سندوقی گەشەی نیشتیمانیی ئێران قەرزدارە. ئاماژەی بەوە کردوە کە زیانی کۆمپانیا حکومییەکانی ئێران لە ئێستادا زۆر زیاترە لە 6% بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان کە ئەوەش زیانی بە بودجەی وڵاتەکە گەیاندوە. بە وتەی جێگری ناوەندی بەرنامە و بودجە: کورتهێنانی بودجەی ساڵی رابردوی ئێران 15 ملیارد و 880 هەزار دۆلار بوە کە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە داهاتوی ئابوریی وڵاتەکە. تێبینی (هاوڵاتی) : سەرجەم قەرزەکانی کابینەی ئێستای حکومەتی ئێران بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم رەئیسی بە تمەن بڵاو کراونەتەوە کە لێرە ئەو بڕانە کراون بە دۆلار. لە ئێستادا نرخی هەر دۆلارێک لە ئێران دەگاتە زیاتر لە 51 هەزار تمەن.

هاوڵاتی بەوتەی ئەندامێکی ئەنجومەنی کەمپی مەخمور گەمارۆدانی کەمپەکە لەسەر داوای تورکیایە و سوپای عێراق دەیەوێت تەلبەندی بکات و پاشان کامێرای لێ جێگیربکات، فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێت تورکیا لە ساڵێکدا 11 جار بۆردوومانی کردووە. دوای ئەوەی لەشەوی ڕابردوەوە هێزێکی زۆری سەربازی عێراق دەوری کەمپی مەخموریانداوە، هاوڵاتیانی ناو کەمپەکە چوونەتە بەرامبەر سوپای عێراق و ڕێگە نادەن هێزەکە نزیکتر ببنەوە. بێوار ئەنوەر ئەندامی ئەنجومەنی کەمپی مەخمور بەهاوڵاتی وت: تائێستا ئەمە سێیەم جارە سوپای عێراق و پارتی دەیانەوێت کەمپی مەخمور تەلبەند بکەن و چاودێری بخەنەسەر. وتیشی: بەڵام ئێمە بەهیچ شێوەیەک ڕێگا بەوە نادەین چونکە بەپێی یاسای نەتەوەیەکگرتوەکان ئێمە پەنابەرین و بەبڕیاری ئەوانیش جێگیر بووین و هەمومان خەڵکی مەدەنین ئەو بڕیارەش لەسەر داوای تورکیایە کە دەیەوێت چاودێری توند بکرێتە سەر کەمپەکە. ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی کەمپی مەخمور دەشڵێت پێشتر حکومەتی عێراقیان ئاگادار کردووەتەوە کە کەمپەکە پەنابەری سیاسین و تەلبەندکردنی کەمپەکە لەبەرژەوەندی عێراقدا نییە. بێوار ئەنوەر هۆشداریش دەدات لەوەی خەڵکی کەمپەکە ئەگەر گیانی خۆشیان بکەنە قوربانی ئامادەنین ڕێگە بدەن کەمپەکە تەلبەند بکرێت و چاودێرییان بخرێتەسەر. هەر لەوبارەیەوە غای فەیسەڵ فەرماندەی پێشمەرگە لەسنوورەکە بەهاوڵاتی وت: پێشر وەکو یەکێتی ناوبژیوانیمان کردووە و دانوستانمان ئەنجامداوە، جگە لەوەش بە بەردەوامی لە لایەن پارتییەوە ڕێگیریان لێ دەکرێت بە تایبەتی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمەوە ڕێگە نادرێت نەخۆشەکانیان ببەنە نەخۆشخانەکانی هەولێر و خواردن و پێداویستیان پێ بگات. غازى فەیسەڵ ئاماژەى بەوەشکرد، دەوڵەتی تورکیا لە ساڵێکدا ١١ جار کامپەکەی بۆردمان کردووە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، پێویستە لە ئاسمانەوە بپارێزرێن، تەنیا دوژمنیش لە ناوچەکەدا، کە زیانی هەیە و پێویستە ڕووبەڕویان ببینەوە چەکدارانی داعشن. کەمپی مەخمور لەقەزای مەخمورە سەر بەپارێزگای هەولێر لەهەرێمی کوردستان، کەمپەکە زیاتر لە 30 ساڵە پەنابەرانی باکوری کوردستانی تێدا نیشتەجێن و ئێستا ژمارەیان زیاتر لە 11 هەزار کەسە و زیاتر لەنیوەیان ژن و منداڵن

هاوڵاتی  سوپای عێراق هەوڵدەدات بە دەیان ئۆتۆمبێلی زرێپۆش دەوروبەری کەمپی پەنابەرانی مەخمور بە تەلی دڕکاوی گەمارۆ بدات. لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە هێزێکی سوپای عێراق دەوربەری کامپی مەخموری گرتوە و دەیەوێت بە بیانوی "پاراستنی کەمپەکەیە" بەهێز دەوروبەرى کامپەکە تەلبەند بکات، بەڵام دانیشتوانی کامپەکە لەبەردەم ئۆتۆمبێلەکانی ئەو هێزەکەدا گردبونەتەوە و رێگە نادەن بنکەی سەربازیی دروست بکەن. حکومەتی عێراق دەستی بە هەوڵەکانی بۆ گەمارۆدانی کەمپی پەنابەرانی مەخمور کرد و بۆ ئەوەش دەیەوێت دەوروبەری کامپەکە بە تەلی دڕکاوی بگرێت، دەیان ئۆتۆمبێلی زرێپۆش، بازگەکە و دەروازەی کامپەکەیان گرتووە و دەیانەوێت بچنە ناو کامپەکەوە و بە تەلی دڕکاوی دەورووبەری کامپەکە گەمارۆ بدەن. حکومەتی عێراقی دەیان ئۆتۆمبێلی سەربازیی بە چەک، شۆفڵ و حەفارە و تەلی دڕکاویی بە دەوروبەری کامپەکەدا بڵاوەپێکردوە و دەیەوێت دەوروبەری کامپەکە بە تەلی دڕکاوی گەمارۆ بدات، خەڵکی کەمپەکە دەستە دەستە بەرەو بازگەکە دەڕۆن و دژی ئەو هەوڵەی عێراق وەستاونەتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە سوپای عێراق لە ۲۷ی کانوونی یەکەمی ۲۰۲۱ دا هەوڵی دابوو کەمپی مەخمور بە تەلی دڕکاوی گەمارۆ بدات، بەڵام بەهۆی نارەزائئ خەڵکی مەخمورەوە ناچاربوون بکشێنەوە و دەست لەو هەوڵەیان هەڵبگرن.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان بە شێوەیەکی گشتی ئاسمانی هەرێم هەوری باراناوی دەبێت و هەورە بروسکەی لەگەڵدایە، سبەی یەکشەممەش ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی باران لە هەندێک ناوچەدا و هەورە تریشقەشی لەگەڵدایە. بەشی پێشبینییەکانی کەشناسی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاند، ئەمڕۆ بە شێوەیەکی گشتی ئاسمانی هەرێمی کوردستان هەوری باراناوی دەبێت و هەورە تریشقەشی لەگەڵدایە، هەندێک جار بارانبارین بە لێزمە دەبێت. پلەکی گەرما نزم دەبێتەوە بە (5 تا 7) پلەی سیلیزی بە بەراورد لە تۆمارکراوی رۆژی پێشوو. سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی کەشناسی رایگەیاندووە، سبەی یەکشەممە ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی باران لە هەندێ ناوچەدا و هەورە تریشقەشی لەگەڵدایە، لە دوای نیوەرۆ کاریگەری بارانبارین کەمتر دەبێت لە هەندێک ناوچە بە شێوەی نمە باران دەبارێت. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر: 30 سلێمانی: 27 دهۆک: 27 کەرکوک: 33 هەڵەبجە: 31 زاخۆ : 28 سۆران: 26 گەرمیان: 36  

بەرپرسێکی پزیشیکیی ئێران رایگەیاند زیاتر لە 50 هەزار نەشتەرگەریی چاندنەوە گورچیلە لە وڵاتەکە کراوە و ئاشکرای دەکات بەخشینی گورچیلە بۆ هاوڵاتییانی بیانی لەو وڵاتە قەدەغە کراوە. ناسر سیم فرۆش، راوێژکاری باڵای وەزیری تەندروستیی ئێران رایگەیاند؛ چاندنەوەی گورچیلە پرسێکی جیهانییە و ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زیاترین نەشتەرگەریی چاندنەوەی گورچیلەی و جگەری تێدا دەکرێت. بە وتەی سیم فرۆش: پێدان و بەخشینی گورچیلە لە دانیشتوانی ئێران بۆ هاوڵاتییانی بیانی قەدەغە کراوە و هیچ ئێرانییەک ناتوانێت لە ناوخۆی وڵاتەکەدا گورچیلە بە کەسانی دەرەوە یان بیانی ببەخشێت. ئەو پزیشکە هۆشداریی دەدات کە نەخۆشیی شەکرە و فشاری خوێن دوو هۆکاری سەرەکین بۆ زیانگەیاندن بە گورچیلەکانی مرۆڤ و دەبێت مانگی جارێک چاودێریی فشاری خوێن و شەکرە بکرێت. بە پێی ئامارەکانی ئەنجومەنی بەخشینی ئەندامانی جەستەی ئێران ؛ نزیکەی نۆ هەزار کەس بە بەخشینی ئەندامانی جەستەیان لە ئێران بونەتە هۆی رزگارکردنی گیانی 70 هەزار کەس و رێژەی بەخشینی ئەندامانی جەستە لە 20 ساڵی رابردو لە وڵاتەکە زیاتر لە 70 هێندە زیادی کردوە بەوەش ئێران بوەتە یەکەم وڵاتی نێو ریزبەندنی وڵاتانی کیشوەری ئاسیا کە زیاترین کەس ئەندامی جەستەیان بەخشیوە.    

هاوڵاتی چیا نەوشیروان مستەفا بۆیەکەمجار لەسەر بەشداریکردنی لەبەرێوەبردنی بزووتنەوەی گۆڕان و پۆستی ڕێکخەری گشتی بۆ هاوڵاتی دەدوێت. چیا نەوشیروان مستەفا لەگفتوگۆیەکدا لەگەڵ سەرکۆ جەمال ڕۆژنامەنوس لەڕۆژنامەی هاوڵاتی ، باسی لەو دەنگۆیانە کرد کەلەسەر وەرگرتنی پۆستی ڕێکخەری گشتی گۆڕان لەلایەن ناوبراوەوە بڵاوبوونەتەوە، ئاماژەی بەوەکرد لەئایندەیەکی نزیکدا لەسەر ئەو پرسە و پرسەکانی دیکەی پەیوەست بەگۆڕان و هەرێمی کوردستان قسەی خۆی دەبێت، پەردەش لەسەر هەموو ناڕوونیەکان هەڵدەماڵێت. لەسەر بێدەنگی ناوبراو، چیا نەوشیروان مستەفا ڕونیکردەوە بەمزووانە لەدیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان وەڵامی سەرجەم پرسیارەکان دەداتەوە. لەدوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا کە ئەمڕۆ شەش ساڵ بەسەریدا تێپەڕی  چەندین جار دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە چیا نەوشیروان مستەفا دەیەوێت ڕۆڵی هەبێت لەناو گۆڕان دا و چاویشی لەپۆستی ڕێکخەری گشتییە.

هاوڵاتی ١٤ی ئایار هەڵبژاردنە چارەنووسسازەكەی توركیا بەڕێوەچوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەكلایی بووەوە و كورسی لایەنەكان لەپەرلەماندا ئاشكرا بوو، بەڵام هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی یەكلایی نەبووەتەوەو كێبڕكێكە بەردەوامە. خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە ٢٨ی ئەم مانگەدا بەڕێوە دەچێت، دەنگدانی دەرەوەی وڵاتیش لە ٢٠ی مانگدا دەستپێدەكات. كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كە ئۆپۆزسیۆن متمانەی پێ نییەو بەوە تۆمەتباری دەكات كە لەبەرژەوەندی دەسەڵات كاردەكات، هەنگاوێكی دیكەی ناوە كەگومانەكانی ئۆپۆزسیۆن زیاتر دەكات. كۆمسیۆن بڕیاری داوە لەو وڵاتانەی كەدەنگی كلچدارئۆغلۆ زیاترە ماوەی هەڵبژاردنی دەرەوەی وڵات لەپێنج رۆژەوە بۆ دوو رۆژ كەمبكاتەوە. لەوڵاتانی ئەمریكا، ئوستوراڵیا، بەریتانیا، ئیرلەندا، ئیسپانیا، ژاپۆن، كەنەدا و لیبیا كە تێیاندا كەمال كلچدارئۆغڵو كاندیدی هاوپەیمانی گەل و سەرۆكی گشتیی جەهەپە لەپێشەوەبووە، ماوەی دەنگدانی لەپێنج رۆژەوە بۆ دوو رۆژ كەمكردەوە. لەفەرەنسا، ئەڵمانیا، بەلجیكا و هۆڵندا كە رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پێشەوەبوو، ماوەی دەنگدان دەستكاری نەكراوە. سینان ئۆغان كاندیدی هاوپەیمانی ئاتا كە لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا رێژەی ٥.٢٩٪ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە، لە ئێستادا بووەتە ئەكتەری سەرەكی هەڵبژاردن و هەردوو كاندیدەكەی دیكە لەخولی دووەمدا پێویستیان بە دەنگەكانی ئەوەو بەتایبەتی كلچدارئۆغلۆ هەوڵدەدات دڵی ئۆغان رازی بكات.

هاوڵاتی بەپێی ئەو بەدواداچوونەی هاوڵاتی ئەنجامیداوە و ئەو زانیاریانەشی لەدەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و دادگاكانی هەرێمی كوردستان دەستیكەوتوون، لەهەرێمی كوردستان پێنج كەیسی تیرۆری رۆژنامەنوسی ماوەتەوە و بكوژانی ڕاستەقینەی ئاشكرانەكراون. یەكێك لەو كەیسانە كە كاوە گەرمیانییە بكوژە سەرەكییەكەی دەستگیركراوە بەڵام هێشتا كەسوكاری گومانیان هەیە لەوەی ئەو كەسەی لەپشتی كوشتنەكەیەتی بەرپرسێكی باڵایە و بكوژ تەنها جێبەجێكار بووە. ئەو كەیسانەشی تائێستا یەكلایی نەكراونەتەوە  و گومانیان لەسەرە هەریەك لەكەیسەكانی (سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە و كاوە گەرمیانی و ویداد حسێن و عەبدولستار تاهیر شەریف)ە. هەروەها سەردەشت عوسمان یەكێك لەو رۆژنامەنوسانەیە لەهەرێمی كوردستان كە تیرۆركردنەكەی زۆرترین دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە و لەڕۆژی 4-5-2010 لەهەولێر رفێندراو ڕۆژێك دواتر تەرمەكەی لەسەر رێگەی موسڵ دۆزرایەوە، تائێستاش كەسوكارەكەی و چالاكوانان داوای بەسزاگەیاندنی بكوژانی دەكەن و پێیان وایە لەسەر چەند وتارێك تیرۆركراوە. سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان و سەنتەری میترۆ وەك رۆژنامەنوسێكی تیرۆركراو هەژماریان كردووە، بەڵام قسەی بەرپرسانی ئەمنی ئەوکاتی هەولێر ئەوەبوو کە روداوەکە کارێکی تیرۆرستی بووە. بەشدار عوسمان برای سەردەشت عوسمان بەهاوڵاتی وت:»كەیسی تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان لای حكومەت داخراوەو هەر باسیشی لێوەناكرێت «. «بەڵگەی زۆر لەبەردەستدا هەبوو كە دەتوانرا بكوژانی سەردەشت دەستگیربكرێن، بەڵام لەلایەن كاربەدەستانی باڵای حكومەتەوە پەردەپۆشكرا» بەشدار عوسمان وایوت.   بەهۆی دۆسیەی كوشتنی ڕۆژنامەنوسان و چالاكوانان رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و تەنانەت وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش لەڕاپۆرتەكانیدا رەخنەی توندیان لەهەرێمی كوردستان و عێراق گرتووە، بەڵام بەرپرسانی هەرێم و عێراق بەردەوام ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەكان ڕەتدەكەنەوە و باس لەوەدەكەن هەرێمی كوردستان ئازادی رادەربڕینی تێدایە. ئەم زانیارییانەو چەندین داتا لە ڕاپۆرتێکی ئەم هەفتەیەی ژمارە 2018 ی ڕۆژنامەی هاوڵاتی بڵاوکراوەتەوە . هاوڵاتی ناوو ژمارەی ئەو رۆژنامەنووسانە بڵاو دەكاتەوە كە 1999 تا 2019 تیرۆر كراون و باس لە جیاوازی ئامارەکان دەکات کە لەلایەن   سەندیكای ڕۆژنامەنوسان  و سەنتەری میترۆ بڵاوکراونەتەوە.