هاوڵاتی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی رونكردنەوە لەبارەی جێبەجێكردنی سیستمی پۆینت تو پۆینت دەدات بەهمەن عەبدوڵا وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە 21ی ئایارەوە كامێراكانی تیژڕەوی پۆینت تو پۆینت دەكەوێتەكار كە 24 كامێران لە تاسڵوجەوە تا دەگاتە قەزای دوكان جێگیردەكرێن، بۆ ماوەی هەفتەیەك لەژێر ئەزمونیدا دەبێت و غەرامە بۆ سەرپێچیكاران هەژمار ناكات، لە كاتژمێر 8:00ی رۆژی 29ی مانگیشەوە بەفەرمی دەكەوێتەكار و سزاكان تۆماردەكات. وتیشی، "ئامانجی دانانی كامێراكان كۆكردنەوەی داهات نیە بەڵكو بۆئەوەیە شۆفێر هەست بكات چاودێری لەسەرە و پابەندی خێرایی دیاریكراوی شەقامەكان بێت و دەشڵێت، "لەڕێگەی كامێراكانەوە كەمترین سزای شۆفێرانی سەرپێچیكار 70 هەزار و زۆرترینیش سزاش 250 هەزار دینارە". سەبارەت بە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان،بەهمەن عەبدوڵا وتی، "ئەو ئۆتۆمبێلانەی هەڵگری دەرەوەی تابلۆی دەرەوەی هەرێمی كوردستانن، یان بێ سەرەتان پرۆژەكە بەو شێوەیە بۆئەوان، بۆ نمونە لە تاسڵوجە تا دوكان، لە دوكان بنكەیەك هەیە كە ئەو ئۆتۆمبێلەی سەرپێچیەكەی تۆماركردوە كارمەندی تایبەتمەندی هەیە راستەوخۆ ئۆتۆمبێلەكە رادەگرێت و بەشێوەی پسوڵە راستەوخۆ سزاكەی لێوەردەگیرێت". ئەوەشی رونكردەوە، "لەئێستادا ئەوەی كارمان لەسەری كردوە لەسنوری پارێزگای سلێمانی 225 كامێرایە بەسەر پێنج قۆناغ دابەشبوە، هەمو رێگەوبانەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان دەگرێتەوە. لەبارەی شێوازی تۆماركردنی سەرپێچی بۆ شۆفێران و خێرایی رێگەپێدراو، رائید بەهمەن وتی، "خاڵی سەرەتای دەستپێكی كامێراكە تا كۆتا كامێرا بەرزترین خێرایی كە شۆفێری سەرپێچیكار تۆماری كردوە، بەپێی ئەو خێراییە سزاكەی بۆ تۆماردەكرێت، بۆ نمونە تاسڵوجە بۆ دوكان 100 خێرایی رێگە پێدراوكیلۆمەترە لەكاتژمێرێكدا لە شوێنەكانی نیشتەجێبون 80 كیلۆمەترە لەكاتژمێرێكدا، پاش ئەوەی شوێنی نیشتەجێبون تەواو دەبێت خێراییەكە دەچێتە 100 كیلۆمەتر لەكاتژمێرێكدا، هیواداریشین كەس سەرپێچی نەكات بۆئەوەی كۆمپانیای جێبەجێكاری كامێرای پۆینت تو پۆینت ئیفلاس بكات". سەبارەت بەبڕی سزاكان، وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی ئاشكرایكرد، "پێنج سزامان هەیە لە 70 هەزار دینارەوە تا 250 هەزار دینار دەستپێدەكات، لەیەك كیلۆمەتر تا 15 كیلۆمەتر لەو خێراییەی بۆ شەقامەكە دیاریكراوە 70 هەزار دینارە و بەو شێوازە بەرزدەبێتەوە تا دەگاتە 250 هەزار دینار، لەو 12 كامێرایەی لەهەر سایدێكی رێگای تاسڵوجە- دوكان دانراوە لەكامیان بەرزترین خێرایی تۆماركردبێت ئەوەیانی بۆ هەژماردەكرێت و بەپێی ئەو خێراییە سزاكەی بۆ تۆماردەكرێت".

هاوڵاتی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان داوایەکی ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و خوێندنەوەی پرۆژەیاساکانی هەڵبژاردن. زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ لایەنەکان هەوڵیاندا رێکبکەون لەسەر شێوازی هەمواری یاسای کۆمیسیۆن کە لایەنە سیاسییەکان داوایان کرد وەکو خۆی کارابکرێتەوە. زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ یەکێتی لەسەر 100 کورسی پەرلەمانی کوردستان رێککەوتن بەڵام تائێستا لەبارەی کورسی پێکهاتەکان نەگەیشتونەتە رێککەوتن و سورن لەسەر ئەوەی کە پێکهاتەکان خۆیان بڕیاربدەن، بۆیە لەدوای ئەم خولی دانوستان پێیانوایە بۆشایی یاسایی دروستدەبێت، دەڵێت، "بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ دەکەین و هەنگاوەکانمان بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەستپێدەکەین". سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەشڵێت، داوایان کردووە لە دانیشتنی سبەی دووشەممەی پەرلەمانی کوردستاندا دوو بڕگە زیاد بکرێن کە ئەوانیش: کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی باڵای کۆمیسیۆن و راپرسیی هەرێمی کوردستان و، هەروەها بابەتی خوێندنەوەی یەکەم بێت بۆ هەموو ئەو پێشنیازانەی کە لە رابردوودا بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کراون. وتیشی، "لەپێناوی ئەوەی ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و تەمەنی پەرلەمان درێژ نەکرێتەوە بەو مەرجانە رازی بوون، بەڵام هەست دەکەن سەرەڕای رازیبوونیان، کەلێنی یاسایی دروست دەبێت بۆیە بڕیاریان داوە ئەو هەنگاوە بنێن."  

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لەئەمڕۆوە کامێراکانی تیژڕەوی خاڵ بۆ خاڵ Point to Point کەوتوەتە کار و تیژڕەوی تۆماردەکەن، بەڵام لە 29ی ئەم مانگەوە کامێراکان تیژڕەوی تۆمار دەکەن و شۆفێری سەرپێچیکار سزای دارایی بە گوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (79)ی ساڵی 2016 دەدرێت. بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "شۆفێرانی پارێزگای سلێمانی و ئەوانەی سەردانی سلێمانی دەکەن ئاگاداردەکەینەوە کە پڕۆژەی کامێرای چاودێری تیژڕەوی ناسراو بە خاڵ بۆ خاڵ Point to Point دەکەوێتە کار، وەکو هەنگاوی یەکەم 24 کامێرا لە نێوان تاسڵوجە تا دوکان لە رۆژی یەکشەممە 21ی ئایار تا یەکشەممە 28ی ئایاری 2023 دەچنە قۆناغی تاقیکردنەوە (test) و تیژڕەوی تۆمار دەکەن، بەڵام شوفێرانی سەرپێچیکار سزا نادرێن". هاتووچۆی سلێمانی دەشڵێت، لە رۆژی دووشەممە، 29ـی ئایاری 2023ـەوە لە کاژێر 0800ـی بەیانی کامێراکان تیژڕۆیی تۆمار دەکەن و شۆفێرانی سەرپێچیکار سزای دارایی دەدرێن. وەکو هاتووچۆی سلێمانی باسی کردووە، سزاکان بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (79)ـی ساڵی 2016 دەبێت. بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە و دەشڵێت، "داواکارین پابەند بن بە مەبەستی پاراستنی خۆتان و بەکارهێنەرانی دیکەی شەقام و دوورکەوتنەوە لە سزای دارایی."  خاڵ بۆ خاڵ، واتە لەنێوان دوو کامێرادا، ئەگەر خێراییەکەی بە 80 کیلۆمەتر دیاریکرابێت و ماوەی گەیشتن بەو خێراییە 10 خولەک بێت، ئەگەر شۆفێر بە کەمتر لە 10 خولەک بگاتە کامێرای دووەم، ژمارەکەی تۆمار دەکرێت و سزا دەدرێت. هەروەها، ئەگەر بە خێرایی زیاتر لە دیاریکراو، شۆفێر لە چەندین کامێرا بدات، یەک بەدوای یەک، هەموویان وەکو یەک ژمارەکەی تۆمار دەکەن، واتە لە ماوەیەکی کەمدا دەکرێت لە چەند کامێرایەک بدات و چەندجارێک سزا بدرێت. هەروەها تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەو کامێرایانە ئەوەیە، کە ئەگەر شۆفێر لەکاتی سەرپێچیدا پشتوێنی سەلامەتی نەبەستێت، یان مۆبایل بەکاربهێنێت، وێنەی دەگرێت و بە سەرپێچی بۆی تۆمار دەکات.  

بەرزبونەوەی نرخی خۆراک و پێدوایستییەکانی ژیان لە ئێران بەردەوامە و بانکی جیهانی هۆشداریی دەدات لە بەرزبونەوەی زیاتری هەڵاوسانی ئابوریی ئەو وڵاتە. بانکی جیهانی لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا بڵاوی کردەوە؛ ئێران لە ریزبەندی ئەو 10 وڵاتی جیهانە کە زۆرترین بەرزبونەوەی نرخی خۆراک تۆمار دەکات و هەڵاوسان بەردەوامە لە بەرزبونەوە. بە پێی راپۆرتی بانکی جیهانی؛ هەڵاوسانی ئابوریی تایبەت بە بەرزبونەوەی نرخی خۆراک لە ئێران گەیشتوەتە 73% و بەوەش چوارەم وڵاتی جیهانە دوای لوبنان و ئەرجەنتین و زیمبابوێ کە زۆرترین هەڵاوسانی تۆمار کردوە. لە لایەکی دیکەوە پێگەی (تجارەت نیوز) بڵاوی کردوەتەوە؛ هەڵاوسانی بەرزبونەوەی نرخی خۆراک لە ئێران گەیشتوەتە 78% کە ئەوە ژمارەیەکی پێوانەییە لە مێژوی ئابوریی وڵاتەکەدا. بانکی جیهانی ئاماژەی بەوە کردوە؛ نرخی خۆراک لە زۆربەی وڵاتانی جیهان لە بەرزبونەوەدایە بەڵام رێژەی بەرزبونەوەی هەڵاوسانی هەندێک وڵاتی وەک لوبنان بە (352%) و ئەرجەنتین بە (107%) و زیمابوێ بە (102%) و ئێران بە (73%) مەترسییە بۆسەر ئاسایشی خۆراک و ژیانی دانیشتوانی ئەو وڵاتانە.

رۆژنامەیەکی ئێران ئاشکرای دەکات هاوسەرگریی ئەو کچانەی تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمترە لە سەرتاسەری وڵاتەکە زۆر بوەتەوە و کۆمەڵناسێکیش هەژاریی و یاساکانی کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری هاوسەگریی کچان کەم تەمەن لەقەڵەم دەدات. رۆژنامەی (ئیعتیماد) لە چاپی ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوی کردوەتەوە؛ لە ماەی نۆ مانگی سەرەتای زستانی 2021 تا پاییزی ئەو ساڵە لانیکەم 27 هەزار و 448 کچ لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران هاوسەرگیرییان کردوە کە تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمتر بوە. ئاماژە بەوە کراوە لە ساڵی 2017 ریژەی هاوسەرگیریی کچانی کەم تەمەن دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە بەڵام دوبارە ئەو رێژەیە لە ساڵی 2019 دەستی بە بەرزبونەوە کردوەتەوە. بە پێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران 31 هەزار و 646 کچی کەم تەمەن لە ساڵی 2020 و 32 هەزار 655 کچی دیکە کە ئەوانیش تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمتر بوە لەو وڵاتە هاوسەرگیرییان کردوە. شەهەلا کازمیپور، کۆمەڵناس بە رۆژنامەکەی راگەیاندوە؛ هەژاریی و یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە هاوسەرگیریی کچانی 13 ساڵ تەمەن بە یاسایی لەقەڵەم داوە دوو هۆکاری سەرەکین بۆ زۆربونی هاوسەرگیریی کچانی کەم تەمەن.

هاوڵاتی ئەمڕۆ لە یونان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی، دەنگدەران دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان. بەگوێرەی راپرسیەکان کرییاکۆس میچۆتاکیس سەرۆکوەزیری ئێستا لە پێشەوەیە. ناوەندەکانی دەنگدان لە کاتژمیر ٧ی بەیانیەوە کراونەتەوە و پرۆسەی دەنگدان تاوەکو ٧ی ئێوارە بەردەوام دەبێت. پارتی سایریزای چەپ کە لە ٢٠١٥ەوە تاوەکو ٢٠١٩ لەسەر دەسەڵات بوو، هەوڵ دەدات، لەم هەڵبژاردنەدا سەربکەوێت. کرییاکۆس میچۆتاکیس سەرۆکوەزیری یونان لە دوایین کۆبونەوەی جەماوەری خۆیدا رایگەیاندبوو کە بە مەبەستی بنیاتنانی یونانێکی نوێ، جارێکی دیکە هەوڵ دەدەن سەربکەون و بەم شێوەیە کۆتایی بە قەیرانەکان دەهێنن. بەگوێرەی زۆربەی راپرسیەکان کرییاکۆس میچۆتاکیس لە پێشەوەیە. راپرسیەکان دەڵێن، پارتی بنئاژۆخوازان بە سەرۆکایەتی کرییاکۆس میچۆتاکیس نزیکەی ٣٣٪ی دەنگدەکان بەدەست دەهێنێت. پارتی سایریزای چەپیش ٢٦٪ی دەنگدەکان و پارتی سۆسیالیستی پاسۆک – کینالیش ٨.٣٪ دەنگدەکان بەدەست دەهێنن. بەگوێرەی یاساکانی یونان، ئەگەر تاوەکو مانگی تەمووز حکومەتی نوێ پێکنەهێنرێت، هەڵبژاردن دووبارە دەکرێتەوە.

لە هێرشێکی چەکداریدا بۆسەر بنکەیەکی پاسەوانی سنوری ئێران شەش کەس دەکوژرێن و داواکاری گشتی سیستان و بەلوچستان گروپێکی نەیاری کۆماری ئیسلامی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار دەکات. مەهدی شەمس ئابادی، داواکاری گشتی پارێزگای سیستان و بەلوچستان رایگەیاند؛ بەهۆی هێرشی چەکدارانی گروپی (جەیشولعەدل) لە ناوچەی سنوریی (سوختێ مۆک) سەر بە شاری سەراوان لە پارێزگاکە شەش پاسەوانی سنور کوژراون. شەمس ئابادی ئاماژەی بەوە کردوە هێرشە لە درەنگانی شەوی رابردودا ئەنجام دراوە، جگە لە کوژرانی ئەو شەش پاسەوانی سنورە دوو ئەندامی دیکەی پاسەوانی سنور بریندارن. پێشتر سەرۆکی هێزەکانی پۆلیس رایگەیاندوە؛ لە هێرشەکەدا دوو ئەفسەر و سێ سەرباز کوژراون و دوو ئەفسەری دیکە برینداروبون. داواکاری گشتی پارێزگای سیستان و بەلوچستان ئاماژەی بەوە کردوە یەکێک لە بریندارەکان لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە. ناوچەی سەراوان لە باشوری رۆژهەڵاتی ئێران هاوسنورە لەگەڵ وڵاتی پاکستان و گروپە بەلوچە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی لەو ناوچەیە بونیان هەیە و زۆرجار پێکدادان لەو سنورانە رودەدات.  

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئەو ناسەقامگیریەى ڕوى لە ناوچەکە کردوە بەردەوامى دەبێت لە سەنتەری شارەکان باران دەبارێت، سبەینێش ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، لە ناوچە شاخاویەکان نیمچە هەور دەبێت. بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە ئاسمان نیمچە هەور و هەندێک کات و ناوچە هەورى تەواو  دەبێت، سەبارەت بە پێشبینى باران ئەم ناسەقامگیریەى ڕوى لە ناوچەکەمان کردوە بەردەوامى دەبێت، لە ناوچە شاخاوییەکان و شاخاوییە بەرزە سنوریەکان هەندێک کات ئاسمان دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو لەگەڵ باران بارین بەشێوە تاوە باران و نمە باران. کەشناسی پێشبینی دەکات کەشوهەوای سەنتەرى پارێزگاکان بەمشێوەیە دەبێت: سەنتەرى پارێزگاى هەولێر ئەگەرى کەمێک نمە بارانى پچڕپچڕ و لە ناوچەى جیا جیا هەیە، سەنتەرى پارێزگاى سلێمانى و دهۆک لە پاش نیوەڕۆ لە هەندێک ناوچەى باران دەبارێت، پارێزگاى هەڵەبجە لەسەر هەندێک ناوچە شاخاوییەکانى نمە باران دەبێت، پارێزگاى کەرکووک ئاسمانى نیمچە هەور دەبێت .پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە بە (1-2) پلە  بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ. لەبارەی کەشوهەوای سبەی کەشناسی رایگەیاندووە، سبەی دووشەممە ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، لە ناوچە شاخاوییەکان نیمچە هەور دەبێت بە گشتى. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر:  33 پلەى سیلیزى سلێمانی: 26 پلەى سیلیزى دهۆک: 25پلەى سیلیزى کەرکووک: 35 پلەى سیلیزى هەڵەبجە: 30پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران: 16 پلەى سیلیزى زاخۆ:  31 پلەى سیلیزى سۆران:  28 پلەى سیلیزى گەرمیان:  36 پلەى سیلیزى

هاوڵاتی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ھیچ ئاستەنگییەک لەبەردەم پڕۆژەی بودجەدا نەماوە و بەگوێرەی رێککەوتنەکانیش، سبەی دووشەممە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر پڕۆژەکە دەدات. موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران شەوی رابردوو سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی کرد و رایگەیاند، ھەموو لایەنە سیاسییەکان رێککەوتوون لەسەر پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە، بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەش سبەی دوشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەراندا دەنگ لەسەر یاسای بودجە دەدرێت. هاوکات جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی "السباح"ی راگەیاند، "رۆژی دوشەممە رەشنوسی بودجە لە چوارچێوەی لیژنەی دارایی تەواو دەکرێت، چونکە ئەو بابەتە ماوەتەوە لە سێ بڕگە تێناپەڕێت و هەمو بابەتەکان یەکلایی کراونەتەوە، بەو پێیەی پرسی پشکی هەرێم و پرسی گواستنەوەکان و پرسی بڕیاردان لەسەر ئەو بڕگانە کە پەرلەمان بەنیازە بۆ بودجە زیاد بکات، ماونەتەوە". ئاماژەی بەوەشکرد، "سەبارەت بە تێپەڕاندنی بودجە، بە ئاسانی تێدەپەڕێنرێت لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، یەکەمیان ئەوەیە کە هەموان چاوەڕێی بودجە دەکەن چونکە خزمەت بە هەمو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەکات، دوەمیش ئەو بلۆکانەی کە پێکهێنەری حکومەتن خۆیان کۆنتڕۆڵی پەرلەمان دەکەن و بۆیە بودجە بە ئاسانی دەنگی لەسەر دەدرێت، سێیەمیش هیچ گۆڕانکارییەکی گەورە لەسەر بودجە نییە". ئەو ئەندامەی پەرلەمان وتیشی، "بودجەی ئەمساڵ کورتهێنانەکەی تێدەپەڕێنێت، هەروەها سەبارەت بە بودجەی دو ساڵی داهاتوش، سنوردارکردنێکی بۆ زیادکراوە". لیژنەی دارایی راپۆرتی کۆتایی خۆی لەسەر زیاتر لە ٩٠%ـی ماددەکانی پڕۆژەی بودجە ئامادە کردووە و لە چەند کاتژمێری داھاتوودا ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی دەکات. لەئێستادا ١٠ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران کە زۆرینەیان سەر بە فراکسیۆنە شیعەکانن داوا دەکەن ھەرێم سەرجەم داھاتە نەوتی و نانەوتییەکانی رادەست بکات ئەو کات شایستە داراییەکانی بۆ بنێردرێت، نوێنەرانی کوردیش ئەو پێشنیازە رەتدەکەنەوە، بەوھۆیەش تەنھا پشکی ھەرێم لە پڕۆژەی بودجەدا یەکلایی نەکراوەتەوە.  

لە ئامارەکانی وڵاتی چین بڵاو کراوەتەوە کە چوار مانگە ئەو وڵاتە هیچ بڕە نەوتێکی لە ئێران نەکڕیوە و لە بەرامبەردا هاوردەی نەوتی لە مالیزیا زۆر بەرز کردوەتەوە. گومگری چین بڵاوی کردوەتەوە؛ لە چوار مانگی ئەمساڵدا هاوردەکردنی نەوت لە مالیزیا گەیشتوەتە 14 ملیۆن تەن کە بەراورد بە چوار مانگی ساڵی رابردو 11 هێندە بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) ئاشکرای کردوە؛ ئێران و ڤەنزوێلا بە ناڕاستەوخۆ و لە رێگەی دەڵڵاڵەکانی بازاڕی نەوت لە جیهاندا نەوتەکەیان رەوانەی مالیزیا دەکەن و لەو وڵاتەوە بۆ چین هەناردە دەکرێت. ئەو ئاژانسە ئاشکرای کردوە؛ جگە لە پێدانی پارەی دەڵڵاڵەکان، ئێران هەر بەرمیلێک نەوت بە 12 دۆلار کەمتر لە نرخی جیهانی و بازاڕەکان بە چین دەفرۆشێت. پێش کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمیی و گەڕانەوە سزاکانی سەر کەرتی نەوتی ئێران لە ساڵی 2018، چین تەنها بڕی 27 هەزار تۆن نەوتی لە مالیزیاوە هاوردە کردوە کە ئەو بڕە ئێستا گەیشتووتە زیاتر لە 14 ملیۆن تۆن. بە پێی ئامارە نافەرمییەکان؛ ئێران لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە رۆژانە نزیکەی 960 هەزار بەرمیل نەوتی رەوانەی چین کردوە کە دەکاتە 15 ملیۆن و 700 هەزار تۆن. چین بۆ ئەوەی تۆمەتەبار نەکرێت بە جێبەجێنەکردنی سزاکانی سەر ئێران، ئامارەکانی کڕینی نەوت بڵاو ناکاتەوە و زیاتر لە سێ ساڵیشە هیچ ئامارێکی فەرمیی گومرگی ئێران فرۆشی نەوتی نەخستوەتەڕو و تەنها لە رێگەی کۆمپانیاکانی چاودێریی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بڕی فرۆش و ساخکردنەوەی نەوتی وڵاتەکە ئاشکرا دەبێت.

هاوڵاتی سەرۆکی تایوان بەڵێنیدا دۆخی ئێستای ئاشتی و سەقامگیری لە سەرانسەری گەروی تایوان بپارێزێت لەکاتێکدا گرژییە زۆرەکان لەگەڵ چیندا هەیە، کە فشارە سەربازییەکان لەسەر ئەو دورگەیە کە بە شێوەیەکی دیموکراسی بەڕێوەدەچێت، زیاتر دەکات. تسای ئینگ وێن، سەرۆکی تایوان لە وتارێکدا کە لە نوسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری تایوان بە بۆنەی حەوتەمین ساڵیادی دەستبەکاربونی لە دەسەڵات پێشکەشی کرد، رایگەیاند، "تایوان ملکەچی فشارەکانی چین نابێت".  پەکین بانگهێشتنامەکانی تسای بۆ دانوستان رەتکردەوە، تسای ئینگ وێن چەندین جار سوێندی خواردوە بەرگری لە ئازادی و دیموکراسی تایوان بکات. تسای ئینگ وێن وتی، "شەڕ بژاردە نییە، هیچ کام لە لایەنەکان ناتوانن بە شێوەیەکی تاکلایەنە دۆخی ئێستا بە ڕێگەی نائاشتیانە بگۆڕن، پاراستنی دۆخی ئێستای ئاشتی و سەقامگیری کۆدەنگی جیهان و تایوانە". لایخۆیەوە فومیۆ کیشیدا، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن دوێنێ رایگەیاند، سەرکردەکانی گروپی حەوت رێککەوتون لەسەر ئەوەی بەدوای چارەسەری ئاشتیانەدا بگەڕێن بۆ کێشەکانی پەیوەست بە تایوان.  

هاوڵاتی عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دەڤا رایگەیاند، ئەگەر ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتی تورکیادا سەربکەوێت، هەموو کەلوپەل و پێداویستیەک گران دەبێت. چینی ناوەڕاست دەرووخێت و برسیەتی و هەژاری روو لە تورکیا دەکات. ئەمڕۆ هەڵبژاردنی خولی دووەمی سەرکایەتی تورکیا لە دەرەوەی وڵات دەستی پێکرد و تاوەکو ٢٤ی مانگ بەردەوام دەبێت. زیاتر لە سێ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس لە دەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەیە و پارتە سیاسیەکان و هاوپەیمانێتیەکانیش دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن کردووەتەوە و سەرۆکی پارتەکانیش لەدژی یەکدی قسە دەکەن. عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) کە هاوپەیمانی کەماڵ کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی گشتی جەهەپە و کاندیدی بەرەی ئۆپۆزسیۆنە تۆماریکی ڤیدیۆیی لەبارەی دۆخی تورکیا لە ئەگەری سەرکەوتنی رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار بڵاوکردەوە. عەلی باباجان لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت، " دەسەڵات لە ئێستادا باسی کێشە سەرەکییەکانی تورکیا ناکات و لەسەر پرسی تیرۆر بانگەشە لەدژی ئۆپۆزسیۆن بڵاودەکاتەوە. " باباجان راشیگەیاند، " من تەنیا وەک سەرۆکی پارتێک قسە ناکەم لە هەمان کاتدا وەک ڕۆڵەیەکی وڵاتپەروەر قسە دەکەم و دەڵێم، ئەگەر ئەردۆغان سەربکەوێت هەموو شتێک گران دەبێت. بە سەرکەوتنی ئەردۆغان چینی ناوەڕاست دەرووخێت و پارەکانتان دەبێتە پولێک. سەرکەوتنی ئەردۆغان بە واتای بێنرخبوونی پارەی تورکیا و قەرزاری دێت. سەرکەوتنی ئەردۆغان بە واتای ئەوە دێت کە هاوڵاتیان ناتوانن گۆشت، مریشک و پەنیر بۆ منداڵانیان بکڕن. بە واتای هەژاری و برسیەتی دێت. بە واتای دواکەوتنی ئابوری تورکیا دێت. سەرکەوتنی ئەردۆغان بە واتای خوڵکردنە سەر دیموکراسی دێت. سەرکەوتنی ئەردۆغان بە واتای مەترسی ئاسایشی نەتەوەیی دێت."

هاوڵاتی ئێران جارێکی دیکە هەڕەشە لەهێزە کوردیەکانی دژبەری دەکات کە لەهەرێمی کوردستانن، فەرماندەیەکی سوپای پاسداران دەڵێت ئەگەر عێراق ئەو هێزانە دەرنەکات هێرش دەکەنەسەریان. محەمەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ڕاگەیاند: “چاوەڕێی ئەوە دەکەین حکومەتی عێراق ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و کاتمان پێداون بۆ ئەو کارە و ئەگەر ئەوە نەکەن، ئەوا هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەو حزبانە بەردەوام دەبن.” لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا و بە تایبەتی لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئەم دواییەی ئێران، بنکە و بارەگای حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چەندین جار لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کراوەتە سەر. ئێران حزبە کوردیەکان تۆمەتبار دەکات بە هاندانی ناڕەزایەتیەکانی دژ بە حکومەت لە ئێران و ناردنی چەک لە ڕێگای قاچاغەوە بۆ ئەو وڵاتە.تۆمەتەکەش بەردەوام لەلایەن حزبە کوردیەکانەوە ڕەتدەکرێتەوە.

هاوڵاتی وەزارەتی کشتوکاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان، شەش ڕێکاری بەپەلە بۆ ڕێگری لە پەرەگرتنی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون دەرکرد،داوای کۆنترۆڵکردنی دیاردەی هێنانی ئاژەڵ بە شێویەکی نافەرمی دەکات. ڕێکارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە ئەمانەن: یەکەم: پێویستە ئاژەڵەکان لە سەربڕخانە فەرمییەکان سەر ببڕدرێن و بە پشکنین و مۆری فەرمیی ڤێرتێرنەری بچێتە بازاڕەوە؛ سەربڕینی ئاژەڵیش لەسەر ڕێگاکان و لاکۆڵانەکان قەدەغەیە. دووەم: دەبێت پشکنین بۆ ئاژەڵەکان پێش سەربڕین و دوای سەربڕین بکرێت، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەکە. سێیەم: پێویستە ڕێکارە تەندروستییەکان بۆ پۆشینی جلوبەرگی تایبەت و کەلوپەلی سەربڕین لە سەربڕخانەکاندا ڕەچاو بکرێت. چوارەم: کەرەنتینەکانی ئاژەڵ لە مەرز و فرۆکەخانەکاندا، پێویستە پشکنینی ورد بۆ ئەو ئاژەڵانە بکەن کە دێنە ناو هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەکان. پێنجەم: وەزارەتی کشتوکاڵ ڕێکاری پێویست دەگرێتە بەر بە مەبەستی دابینکردنی دەرمانی شوشتنی ئاژەڵ بۆ لەناوبردنی مشەخۆری دەرەکی (قڕنە) کە هۆکاری سەرەکیی گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشیی تای خوێنبەربوونە لە نێوان ئاژەڵەکان، ئەم هەڵمەتە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دەبێت. شەشەم: کۆنترۆڵکردنی دیاردەی هێنانی ئاژەڵ بە شێوەیەکی نافەرمی و لە سنوورەکانی دەرەوە و نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها ڕێگەگرتن لە هێنانی ئاژەڵ لەو پارێزگایانەی کە نەخۆشیی تای خوێنبەربوونی تێدا بڵاو بووەتەوە. وەزارەتی کشتوکاڵ جگە لە دەرکردنی چەند ڕێکارێک بۆ ڕێگری لە پەرەگرتنی ئەو نەخۆشییە، هانی هاووڵاتییان و گۆشتفرۆشانیش دەدات خۆیان بپارێزن و ڕێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن.

هاوڵاتی بەوتەی ئەندامێکی ئەنجومەنی کەمپی مەخمور گەمارۆدانی کەمپەکە لەسەر داوای تورکیایە و سوپای عێراق دەیەوێت تەلبەندی بکات و پاشان کامێرای لێ جێگیربکات، فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێت تورکیا لە ساڵێکدا 11 جار بۆردوومانی کردووە. دوای ئەوەی لەشەوی ڕابردوەوە هێزێکی زۆری سەربازی عێراق دەوری کەمپی مەخموریانداوە، هاوڵاتیانی ناو کەمپەکە چوونەتە بەرامبەر سوپای عێراق و ڕێگە نادەن هێزەکە نزیکتر ببنەوە. بێوار ئەنوەر ئەندامی ئەنجومەنی کەمپی مەخمور بەهاوڵاتی وت: تائێستا ئەمە سێیەم جارە سوپای عێراق و پارتی دەیانەوێت کەمپی مەخمور تەلبەند بکەن و چاودێری بخەنەسەر. بەرپرسانى سوپای عێراق داوای کۆبوونەوەیان لە بەڕێوەبەرانى کامپی مەخمور کرد، بۆ ئەوەى گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە بکەن و ڕێگەیان بدرێت چوار دەوری کامپەکە تەلبەند بکەن، بەڵام دوای کۆبوونەوەیەکى درێژ نەگەیشتن بە هیچ ئەنجامێک. لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسانى سوپای عێراق سوربوون لەسەر ئەوەى کە دەیانەوێت دەوری کامپەکە تەلبەند بکەن، بۆ ئەوەى لەژێر کۆنترۆڵی خۆیان دابێت، بەڵام بەرپرسانى کامپەکە جەختیان لەوە کردوە کە بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بەو کارە نادەن و بە هەموو توانایانەوە ڕووبەرووی ئەو هەوڵەی سوپای عێراق دەبنەوە.  دوای بێئەنجامبوونى کۆبوونەوەکە، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی مەخمور، فیلیز بوداک، ڕاگەیەنراوێکى بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند: سوپای عێراق دەیویست ناوچەکە بە سەرباز و پۆلیس و سەربازەکانی گەمارۆ بدات بەبێ ئەوەی ئاگاداری خواست و ویستی ئێمە بن. وتیشی:" ئێمە خەڵکی مەخمور، نزیکەی ۳۰ ساڵە خواستی خۆمان ڕادەستی هیچ کەسێک نەکردووە، ئێمە حکومەتی عێراق هیچ یەکێک لە کێشەکانمان چارەسەر ناکات، ئاسایشی ئێمە ناپارێزێت و ئێستا دەیانەوێت تاوەر لە دەوروبەری کەمپەکە دابنێن." فیلیز بوداک ئەوەش خستەڕوو، "وەک ئەوەی هیچ هێرشێکی ئاسمانی لە کەمپەکەدا نەبێت، جارێکی دیکە بەبێ هیچ کێشەیەک، هیچ پێداویستییەکی ژیان نەبوو، ئایا تەنها کێشەکە ئەوەیە کە تاوەرەکان لە دەوروبەری کامپەکە دابنێن؟" هەروەها ئەوەشى وت: "ئێمە کاتژمێرێک ڕاوێژ و گفتوۆمان لەگەڵ یەکتر کرد، بەڵام ئەوان سوورن لەسەر دانانی تاوەر و قولەى چاودێر لە چوار دەوری کامپەکە ئەوان دەڵێن کە خەڵک ئەمەیان دەوێت، بەڵام ئێمە پێمان وتن کە گەل خاوەن ئیرادەی خۆیەتى و ئەمە قبوڵ ناکات، گەل ٣٠ ساڵە لێرە تێکۆشان دەکات." لەکۆتایشدا "هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی مەخمور باسی لەوە کرد، دوای گفتوگۆیەکى درێژ سوپای عێراق سورن لەسەر دانانى قولەو تاوەر، بەڵام گەلی ئێمە ئیرادەى خۆی تەسلیمی هیچ کەسێک ناکات، گەل ئیرادەى خۆی تەسلیمی دەوڵەتى تورک نەکردوە تەسلیمی عێراقیشی ناکات." کەمپی مەخمور لەقەزای مەخمورە سەر بەپارێزگای هەولێر لەهەرێمی کوردستان، کەمپەکە زیاتر لە 30 ساڵە پەنابەرانی باکوری کوردستانی تێدا نیشتەجێن و ئێستا ژمارەیان زیاتر لە 11 هەزار کەسە و زیاتر لەنیوەیان ژن و منداڵن