ناوەندێکی ئامار ئاشکرای دەکات بەهۆی هەڵاوسانی ئابورییەوە رێژەی هەژاریی لە ئێران بەرز بوەتەوە و شارەزایەتی ئابوریی دەڵێت هەڵاوسان لە ولاتەکە ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردوە. ناوەندی توێژینەوەی پەرلەمانی ئێران بڵاوی کردەوە؛ بەهۆی بەرزبونەوەی هەڵاوسانی ئابوریی لە وڵاتەکە زیاتر لە 11 ملیۆن کەسی دیکە کەوتونەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە لە کاتێکدا بە پێی ئامارەکانی رابردو لە کۆی 85 ملیۆن دانیشتوی ئێران نزیکەی 60 ملیۆن کەس بە هەژار ئەژمار کراون. ئەو ناوەندە هێلێ هەژاریی لە ئێران بە حەوت ملیۆن و 500 هەزار تمەن (150) دۆلار بۆ هەر خێزانێکی  چوار کەسیی دیاریی کردوە و هەر خێزانێک داهاتی لەو بڕە کەمتر بێت دەکەوێتە ژێر هێڵی هەژارییەوە. پێگەی (ئێکۆ ئێران) ئاشکرای کردوە هەڵاوسانی راستەقینەی ئابوریی وڵاتەکە لە مانگی یەکەمی بەهاری ئەمساڵدا گەیشتوەتە 69% کە بە ژمارەیەکی مێژویی هەڵاوسانی ئابوریی لە ئێران لەقەڵەم دەدرێت. مەحبوبە داودی، پسپۆڕ و شارەزای ئابوریی ئێران رایگەیاندوە؛ هەڵاوسانی ئێستای ئێران بەرزترین ئاستی هەڵاوسانی 79 ساڵی رابردوی مێژوی وڵاتەکەیە. بانکی جیهانی لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردوە کە ئێران لە ریزبەندی ئەو 10 وڵاتی جیهانە کە زۆرترین بەرزبونەوەی نرخی خۆراک و هەڵاوسانی ئابوریی تۆمار کردوە.      

هاوڵاتی دوایین دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان ناكۆكی نێوان پارتی و یەكێتی جارێكی دیكە زەقكردەوە، پارتی دەڵێت كۆمسیۆنی كاراكردووەتەوەو رێكارەكانیشی یاسایین، یەكێتیش پێیوایە دانیشتنەكە هیچ بەهایەكی نییە، لایەنەكانی دیكەش داوای سازان دەكەن. لوقمان وەردی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»رۆژنامەی وەقایع لەژێر كۆنترۆڵی حزبدایە، لەدیدی یەكێتی و فراكسیۆنەكەیەوە هیچ پرۆسەیەكی هەڵبژاردن دوای ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان چەكوشەكەی كێشا بەمێزەكەدا بەڕێوەنەچووە، ئەگەر لەوەقایعی ئەمریكاش بڵاوبكرێتەوە بەگاڵتەجاری دەزانین». «ئەوە مەترسییە لەسەر قەوارەی سیاسی هەرێم نەك دوژمنانی دەرەكی، بۆیە دەبێت ئەو گاڵتەجاڕییە رابگیرێت، سەرۆك بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەو هەنگاوەی نامان لەپەرلەمان دەستخۆشی لێكردین كە نەمانهێشتووە كارێكی نایاسایی بكرێت و شكۆی پەرلەمانمان پاراستووە»، لوقمان وەردی وای وت. دوێنێ سێشەممە بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان كۆبووەتەوەو چاوەڕوان دەكرێت یەكێتی گفتوگۆ لەگەڵ كۆمەڵ و گۆڕان و یەكگرتوو ئەنجامبدات تا بە»سازان» پرسەكە یەكلابكرێتەوەو هیچ رێكارێك ئەنجامنەدرێت، هەروەها هاوهەڵوێستی یەكێتی بن بۆ رێگری لە رێكارە «تاك لایەنەكەی پارتی لەپەرلەماندا». جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت:» هەریەك لەكۆمەڵ و یەكگرتوو گۆڕانیش لەگەڵ ئەو هەنگاوەدا نین، بەڵام سەرەڕای ئەوەش لەبەرئەوەی پرسێكی نیشتیمانییە دەرگای گفتوگۆ دانەخراوەو رێگا راستەكە ئەوەیە پارتی واز لەو سەركێشییە بهێنێت و بەگفتوگۆ چارەسەربكرێت». وەك لوقمان وەردی دەڵێت:»ئەوەی لەپەرلەمان روویدا دەریخست كۆتاكان خاوەنی نوێنەری راستەقینەی خۆیان نین«. ڕۆژنامەی هاوڵاتی لە ژمارە ٢٠١٩ ی ئەم هەفتەیەیدا  هەڵوێستی لایەنەكانی دەرەوەی یەكێتی‌و پارتی لەسەر پرۆسەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن ئاشكراکرد لێرە ڕاپۆرتەکە بخوێنەرەوە  

سازدانی: سەركۆ جەمال جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كەهاوكات سەركردەیەكی دیاری بزوتنەوەی گۆڕانە، ئاماژە بەوەدەدات زەحمەتە لەوكاتەی دیاریكراوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت، دەشڵێت:» دۆخی هەرێمی كوردستان بەرگەی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن و ململانێی زیاتر ناگرێت». مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت» پێویستە كاك مەسعود فراوانتر بیر بكاتەوە و هەوڵی جددی تر بدات بۆ ئەوەی كۆدەنگی دروستبێت بۆ رێككەوتنی لایەنەكان و كۆتاییهێنان بەكێشەكانی نێوانیان». جێگری سەرۆكی هەرێم پێشیوابوو كە لەسەرۆكایەتی هەرێم و وەكو حزبیش، گۆڕان رۆڵی هەبووە لەنزیكبوونەوەی پارتی و یەكێتی بۆ رێككەوتن لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانیان. هەروەها لەبارەی هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی گۆڕان باسی لەوەكرد كەچاوەڕێی ئاشتكردنەوەی ناڕازییەكانن، وتیشی:» لەگەڵ ناڕازییەكانی گۆڕان خەریكین ئاشتیان بكەینەوە، ئەگەر گۆڕانیش نەكەینەوە بەهێزەكەی جاران دەتوانین بزوتنەوەكە بیكەین بەهێزێكی كاریگەر». هاوڵاتی: لەدوای تێپەڕبوونی شەش ساڵ بەسەر كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا چیت هەیە؟ مستەفا سەید قادر: كاك نەوشیروان سەركردەیەكی دەگمەن و مەزنە لەو رووەوە كەشارەزایی لەزۆر بواردا هەبوو، كەم لەسەركردەكان لەهەموو بوارەكاندا ئەو شارەزایی و وردبینیەی ئەویان هەبوو، پێشبینی ئەو بۆ رووداوەكان بەهێزبوو، رۆژانە ئاگاداری گۆڕانكاریەكانی ناوچەكەو دنیا بوو، بێجگە لەوە چ لەشاخ وەكو سەركردەیەك چی لەشار دوای راپەڕین بەرنامەكانی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهێز بووە. هاوڵاتی: ئەمە پرسیاری زۆرێك لەخەڵكە ئەگەر یەكێتی و پارتی رێكبكەون هەڵبژاردن دەكرێت ئەگەر رێكیش نەكەون ئەوا ناكرێت؟ مستەفا سەید قادر: هەروابووە تائێستا، وەكو بزوتنەوەی گۆڕان لەكۆنەوە پێمان وابووە كەئێمە دەبێت هەموومان پێكەوە بین، كاك نەوشیروان پرۆژەو بەرنامەی زۆری هەبووە بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان پارێزراو بێت و ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ یەكێك لەپرۆژەكانی، ئەوەبوو كەدەبێت حزب لەحكومەت جیابكرێتەوە، حزب ململانێی سیاسی دەكات ژیانی دیموكراسی وایە، بەڵام كە چووە حكومەتەوە دەبێت حكومەتداری  بكات، ئەگەر لایەنێكیش زۆرینەی هێنا با خۆی حكومەت پێكبهێنێت. لەهەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو دۆخە نالەبارەی كەهەبووە لەسەرەتاوە، یەكێتی و پارتی لەیەكەم خولی هەڵبژاردن كە پەنجا بەپەنجا دەنگیان هێنا، بەڵام ئەگەر لایەنێك لەدەسەڵات بوایەو لایەنێك ئۆپۆزسیۆن رەنگە دۆخەكە ئێستا بەمشێوەیە نەبوایە، دیارە هەرێمی كوردستان دۆخەكەی وابووە بەرگەی نەگرتووە لایەنێكیان ببنە ئۆپۆزسیۆن. ئێستاش هەڵبژاردن پێویستە بكرێت و لەكاتی خۆشیدا بێت، ئەو ململانێیەشی كەهەیە پێویستە لەچوارچێوەی خزمەتكردنی خەڵكدا بێت بۆ ئەوەبێت كام لایەن دەیەوێت خزمەتی زیاتر بكات، بەداخەوە ئێستا ململانێكان وای لێهاتووە، ئەگەر سەرنجتان دابێت هەڵبژاردنەكانی پێشووتر سەدا 70ی خەڵك دەچووە دەنگدان، بەڵام ئەم دەنگدانەی كۆتایی بەپێچەوانەوە سەدا 70ی خەڵك نەچووە دەنگدان، ئەمەش ئەنجامی بێ متمانەیی خەڵكە. خەڵك چاوەڕوانیان ئەوە بووە كەئەو هەموو ساڵە خزمەتی زیاتر بكرێن، مووچە لەكاتی خۆیدا بێت وڵاتەكەمان زیاتر ببووژێتەوەو كێشەكان چارەسەربكرێت، بێگومان لەگەڵ ئەوەشدا هەموومان تەبابین دەتوانین ئامانجەكان زیاتر بەدیبهێنین. هاوڵاتی: پێتانوایە ئەمساڵ هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا دەكرێت؟ مستەفا سەید قادر: دۆخێك هاتووەتە پێشەوە لەهەرێمی كوردستان كە لەوە زیاتر بەرگە نەگرێت، هەڵبژاردن دەكرێت، ماوەتەوە سەر مانگ و رۆژەكەی، رەنگە زۆر دوانەكەوێت، ناڵێم لەوكاتەی كە سەرۆكی هەرێم دیاریكردووە لە 18ی 11ی ئەمساڵ دەكرێت، چونكە لایەنە هونەریەكانی رەنگە كاتی زیاتری بوێت، بەڵام پێشموایە لەم ماوەیەدا لایەنە سیاسییەكان دەگەنە رێككەوتنێك كاتێك دیاریبكەن و لەوكاتەدا بكرێت، چونكە فشاری نێودەوڵەتی هەیەو دۆخی عێراق و هەرێمیش وادەخوازێت كەئێمە دەبێت هەڵبژاردن هەر بكەین. هاوڵاتی: گرفتی سەرەكی چییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن؟ مستەفا سەید قادر: گرفتی سەرەكی یەكێتی و پارتین ئەگەر ئەوان لەسەر هەڵبژاردن رێكبكەون، ئەگینا وەكو گۆڕان هیچ گرفتێكمان نیەو هەوڵیشمان داوە نزیكبوونەوە لەنێوان ئەو دوو لایەنە بێت، بەڵام نزیكبوونەوەیان لەسەر حسابی لایەنە سیاسییەكان  و خەڵك نەبێت. هاوڵاتی: ئەگەر هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا نەكرێت چ مەترسییەك لەسەر هەرێمی كوردستان دروستدەبێت؟ مستەفا سەید قادر: ئەگەر رێككەوتن ببێت لەنێوان لایەنەكان هیچ مەترسییەك روونادات بەتایبەت یەكێتی و پارتی كەڕۆژی هەڵبژاردن دیاریكراو بێت، گۆڕانیش هەم وەكو تیمی حكومەت لەناو ئەنجومەنی وەزیران رۆڵی هەبووە لەنزیكبوونەوەی پارتی و یەكێتی هەم لەسەرۆكایەتی هەرێم رۆڵی هەبووە وەكو لایەنی سیاسیش هەوڵی هەبووە بۆ رێككەوتنی لایەنەكان، لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی دیكەش پرۆژەی هەبووە بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجام و پێكەوە كاربكەین بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسی هەرێم و خزمەتكردنی هاووڵاتیان. هاوڵاتی: سەبارەت بەدەستپێشخەرییەكەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بۆ رێككەوتنی پارتی و یەكێتی و لایەنەكان چی دەڵێیت؟ مستەفا سەید قادر: دەستپێشخەرییەكی باش بوو دەبوایە زووتریش ئەمە بكرایە، زۆر دەمێكە وەكو بزوتنەوەی گۆڕان ئەو پێشنیارانەمان كردووە كەدەستپێشخەری بكرێت. هیوادارم هەموومان سووربین لەسەر ئەو كۆبوونەوانەی ئێستا هەیە بۆ ئەوەی ململانێكان لەوە زیاتر قوڵتر نەبنەوە، چونكە هەرێمەكەمان و خەڵكەكەشمان بەرگەی لەوەزیاتر ناگرێت، پێش هەموو شتێكیش ئەركی سەرشانی پارتی دیموكراتی كوردستانە چونكە كاك مەسعود سەرۆكی پارتییە و جەنابی مام جەلال و كاك نەوشیروانیش لەژیاندا نەماون، بۆیە دەبێت ماندووتر بن و باشتر بێنە پێشەوەو پێویستە كاك مەسعود بارزانی فراوانتر بیربكاتەوەو هەوڵی جددی تر بدەن بۆ ئەوەی كۆدەنگی دروستبێت بۆ رێككەوتنی لایەنەكان و كۆتایی هێنان بەكێشەكانی نێوانیان. هاوڵاتی: بەهۆی كەمبوونەوەی دەنگەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ژمارەیەكی زۆر لەلایەنگرانی نیگەران بوون و دووركەوتنەوە، ئێوە چی دەكەن بۆ ئاشتكردنەوەیان؟ مستەفا سەید قادر: لەم ماوەیەدا هەم پەیامێك و بانگەوازێكمان هەبووە بۆ ئاشتبوونەوە هەم لەگەڵ هاوڕێكانمان لەگفتوگۆداین بۆ ئەوەی بەیەكەوە ئاشت ببینەوە، چونكە ئەو ناكۆكیانەی لەنێوانماندان ئەوەندە قووڵ نین شتی ستراتیژی و نەتەوایەتی نین، دەكرێت جارێكی دیكە پێكەوە كاربكەین، وەكو وەفایەكیش بۆ كاك نەوشیروان بتوانین ئەگەر گۆڕانیش نەكەینەوە بەهێزەكەی جاران بیكەینە هێزێكی كاریگەر. هاوڵاتی: مەسەلەی پۆستی رێكخەری گشتی لەناو گۆڕاندا بۆچی تائێستا یەكلایی نەبووەتەوە؟ مستەفا سەید قادر: رێكخەری گشتی بەهەڵبژاردن دەبێت، ئێمە دەستورێكمان هەیە تا ئەوكاتەی كۆنفرانس دەبەستین ئەو دەستورە هەر هەموارێكی تێدابكرێت یاخود نەكرێت، رێكخەر بەهەڵبژاردن یەكلایی دەكرێتەوە، بۆ ئەوەش چاوەڕوانی پرۆسەی ئاشتكردنەوەی هاوڕێكانمان دەكەین بزانین چەند دەتوانین ئاشت ببینەوە ئەوكاتە پێویستمان بەوە دەبێت هەم كۆنفرانس ببەستین و هەمواری دەستورەكەمان بكەینەوە ، ئەوكاتیش هەڵبژاردنێك دەكرێت لەخوارەوە بۆ سەرەوە تاڕێكخەری گشتی گۆڕان.

هاوڵاتی جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق، پەیامێکی تری ئاراستەی لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان کرد و داوایان لێدەکات، هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا ئەنجام بدەن. جینین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە لە پەیامێکدا رایگەیاند، "بەردەوامیی شەڕی ناوخۆیی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان، بێزارکەرە، دوبارە داوا لە هەمو لایەنەکان دەکەین لە بەرژەوەندی گەل کار بکەن و بە خێرایی زەمینەی هاوبەش بۆ پرسە هەڵپەسێردراوەکانی هەڵبژاردن بدۆزنەوە". پەیوەست بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هۆشداری دەدات و دەڵێت، "هەڵبژاردنی باوەڕپێکراو و لە کاتی خۆیدا کرۆکی دیموکراسییە".  

هاوڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوا دەکات پەلە بکرێت لە پەسەندکردنی بودجە و ڕێز لە مافە و شایستە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان بگیرێت . بەپێی راگەیەندراوی کۆبونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران، لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەکە باس لە دوا پێشهاتەکانی پڕۆژە یاسای بودجە فیدراڵ بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 و گفتوگۆکردن لەسەر ئەو ماددە و بڕگانەی پەیوەندیدارن بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانەوە کراوە. لە کۆبونەوەکەدا ئاماژە بە هەوڵی چەند ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق درا، کە هەوڵی هەموارکردنەوەی ماددەکانی 13 و 14یاندا، و پێشنیارەکانیان دژی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستانە کە ڕێککەوتنی لەسەرکراوە و لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەردو حکومەتی هەرێم وفیدڕاڵ پەسەندکراون و لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی 4ی 4ی 2023 و پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق جێگیرکراون. لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، ئەنجومەنی وەزیران داوا دەکات پەلە بکرێت لە پەسەندکردنی بودجە و ڕێز لە مافە و شایستە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان بگیرێت و هیچ هەموارکردن و گۆڕانکارییەک لە پڕۆژەکە نەکرێت لە دەرەوەی بڕگەکانی ڕێكکەوتن ولەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردولا. هاوکات حکومەتی هەرێم  دوپاتی دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان، هەمو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردوە، بۆیە لەبەرامبەردا حکومەتی فیدراڵیش دەبێت ئەرکی سەرشانی جێبەجێ بکات و ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق دابین بکات. ئەوەش خراوەتەڕو، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە کە شاندی دانوستانکار بەردەوام بێت لە پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنە کوردستانیەکان بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێک بە ئاڕاستەی پێشێلکردنی ماف و شایستەکانی هەرێم کە دەستور جێگیری کردون و لە ناو ڕێککەوتنی نێوان هەردو حکومەت و پڕۆژە یاسای بودجە ڕەنگیان داوەتەوە. سەبارەت بە شایستەی دارایی هەرێم لە ماوەی پێنج مانگی ئەمساڵدا، "ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی پەسەندکرد بە ناردنی نوسراو بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی بەغدا، بۆ کارکردن بە ماددەی 13 لە یاسای ئیدارەی دارایی فیدڕاڵیی ساڵی 2019، بە ڕەوانەکردنی یەک لەسەر دوانزدەی خەرجیە کردارییەکانی هەرێم لە ساڵی پێشو کە لە لایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی و وردبینی کراوە، هاوشێوەی ئەو میکانیزمەی کە خەرجیەکانی پارێزگاکانی دیکەی عێراقی پێ خەرج دەکرێت لە 1ی 1ی 2023وە نابێت جیاکاریی بکرێت لە نێوان هەرێم و ناوچەکانی دیکەی عێراق لەم ڕوەوە، هەرێمیش ئامادەیە بۆ هەر پابەندییەک بکەوێتە ئەستۆی لەبەر ڕۆشنایی یاسای ئیدارەی دارایی فیدڕاڵیی." لە بڕگەی دوەمدا، گفتوگۆ لەبارەی دانانی میکانیزمی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری کۆبونەوەی پێشوی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێم کرا و دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و پێشنیارکردنی چەند هەموارکردنێک، ئەنجومەنی وەزيران بە کۆی دەنگ سەرجەم بڕگەکانی بڕیارەکەی پەسەند کرد بە ڕەچاوکردنی ئەو هەموارانەی لە لایەن ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامدران. ئەوەش هاتوە، سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران دوپاتیانکردەوە لە گرنگی ئەم بڕیارە کە جارێکی دیکە بنەماکانی دارایی گشتی لە هەرێم دادەڕێژێتەوە بە ئاراستەی بە ناوەندییکردنی داهات وخەرجیەکان و بە ناوەندییکردنی موچە لەسەرتاسەری هەرێم کە کاری لە پێشینەی بێت پێش هەر خەرجیەکی دیکە و پەیڕەوکردنی یەکسانیی و ژمارەی دانیشتوان بۆ خەرجیەکان (جگە لە موچە) نەک پەیڕەوکردنی دابەشکردنی ڕێژەکاریی لە سەر ئاستی داهاتی پارێزگا. ئەنجومەنی وەزیران سەرجەم وەزیرەکانی ڕاسپارد لە ئێستاوە پلانی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم بڕیارە دابڕێژن و بۆ زەمانەتی جێبەجێکردنی بڕیارەکەش، بۆردێکی باڵای پشتیوانی پێکهێنرا بۆ ئاسانکاریی و لابردنی بەربەست و ئاستەنگەکان.

هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هێزەکانی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایش باندێکی ماددەی هۆشبەر دەستگیردەکەن کە لە سێ کەس پێکهاتون و تۆمەتبارێکیان ژنە . دەزگای ئاسایشی هەرێم لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دوای دەستکەوتنی زانیاری لەسەر باندێکی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش ، رۆژی 23ی ئەم مانگە هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایش بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەکانی پارێزگای دیالە، لە هەڵمەتێکدا لە سنوری پارێزگای سلێمانی توانرا سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیربکرێن". لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 1 کیلۆ و 28 گرام حەشیش و 295 گرام کریستاڵ و 6 گرام گەرد دەستیان بەسەردا گیراوە و تۆمەتبارەکانن بەپێی ماددەی 25 لەیاسای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵیەکان، لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە .

هاوڵاتی لە کاتێکدا کە یەکشەممەی داهاتوو هەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت، پۆلیسی تورکیا ١٢ کەسی دیکەی لە باکوری کوردستان دەستگیرکرد. ئاژانسی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، لە ناوچەکانی کەربۆران و ئارتوکلوی مێردین و ناوچەی هەزەخی شڕنەخ پۆلیسی تورکیا دەسی بە ئۆراسیۆنێک لەدژی ئەندام و بەڕێوەبەرانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کردووە. بەگوێرەی زانیاریەکانی ئاژانسەکە، پۆلیسی تورکیا هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی ئەندام و بەڕێوەبەرانی هەدەپە و بەو هۆیەوە ١٢ کەس دەستگیرکراون. باسی ئەوەشی کرد کە ئۆپراسیۆنەکە لەسەر فەرمانی داواکاری گشتی شاری ئامەد ئەنجامدراوە و زۆربەی ئەو کەسانەی کە دەستگیرکراون، ئەندامی ئەنجومەنی گەنجانی هەدەپەیە. دوێنیش لە چەندین پارێزگا و ناوچەی باکوری کوردستان و تورکیا، نزیکەی ٦٥ ئەندام و بەڕێوەبەری هەدەپە دەستگیرکربوون.

سەركۆ جەمال دوایین دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان ناكۆكی نێوان پارتی و یەكێتی جارێكی دیكە زەقكردەوە، پارتی دەڵێت كۆمسیۆنی كاراكردووەتەوەو رێكارەكانیشی یاسایین، یەكێتیش پێیوایە دانیشتنەكە هیچ بەهایەكی نییە، لایەنەكانی دیكەش داوای سازان دەكەن. لەدانیشتنی رۆژی دووشەممە 22ی ئایاری 2023 كەتیایدا فراكسیۆنی پارتی و پێكهاتەكان دەنگیان لەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیارانی هەرێمدا، سەرئەنجام فراكسیۆنی یەكێتی دژ بەو بڕیارەی فراكسیۆنی پارتی و پێكهاتەكان وەستانەوەو گرژی دروستبوو. هێوربوونەوەی دوو هەفتەی رابردووی نێوان یەكێتی و پارتی زۆری نەخایاند كە بەدەستپێشخەری ئەمریكاو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئەنجامدراو سەرجەم لایەنەكان هیوایان پێوە هەڵواسیبوو، بەڵام جارێكی دیكە ناكۆكیەكانیان لەسەر هەڵبژاردن و یاساكەی و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و كورسی پێكهاتەكان سەریهەڵدایەوە. رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دانیشتنەكەو كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی بە «مردوو» ناوبرد كەزیندوو نابێتەوە، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش رێكارەكانی «بەیاسایی» ناوبرد . بەڵام رۆژی 23ی ئایاری 2023 وەزارەتی دادی هەرێمی كوردستان بڕیارەكەی لەڕۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاوكردەوەو ناوی هەر نۆ ئەندامەكەی تێدایە كەئامادە دەكرێن بۆ دەنگدان لەپەرلەمانی كوردستاندا.   پارتی: كاراكردنەوەی كۆمسیۆن لەڕووی یاساییەوە هیچ گرفتێكی نییە پێشەوا هەورامی وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»كۆمسیۆن كارایەو نووسراوی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیشی ناوێت». وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی وتیشی:» وادەیەك دیاری دەكرێت بۆ ئامادەبوونی كۆمسیارە نوێیەكان لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەری كۆمسیۆن دەست بەكارەكانی خۆی دەكات و پێویستی بەهیچ رێكارێكی دیكە نییە».   یەكێتی: رێكارەكان گاڵتەجاڕانەیە لوقمان وەردی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»رۆژنامەی وەقایع لەژێر كۆنترۆڵی حزبدایە، لەدیدی یەكێتی و فراكسیۆنەكەیەوە هیچ پرۆسەیەكی هەڵبژاردن دوای ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان چەكوشەكەی كێشا بەمێزەكەدا بەڕێوەنەچووە، ئەگەر لەوەقایعی ئەمریكاش بڵاوبكرێتەوە بەگاڵتەجاری دەزانین». «ئەوە مەترسییە لەسەر قەوارەی سیاسی هەرێم نەك دوژمنانی دەرەكی، بۆیە دەبێت ئەو گاڵتەجاڕییە رابگیرێت، سەرۆك بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەو هەنگاوەی نامان لەپەرلەمان دەستخۆشی لێكردین كە نەمانهێشتووە كارێكی نایاسایی بكرێت و شكۆی پەرلەمانمان پاراستووە»، لوقمان وەردی وای وت. دوێنێ سێشەممە بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان كۆبووەتەوەو چاوەڕوان دەكرێت یەكێتی گفتوگۆ لەگەڵ كۆمەڵ و گۆڕان و یەكگرتوو ئەنجامبدات تا بە»سازان» پرسەكە یەكلابكرێتەوەو هیچ رێكارێك ئەنجامنەدرێت، هەروەها هاوهەڵوێستی یەكێتی بن بۆ رێگری لە رێكارە «تاك لایەنەكەی پارتی لەپەرلەماندا». جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت:» هەریەك لەكۆمەڵ و یەكگرتوو گۆڕانیش لەگەڵ ئەو هەنگاوەدا نین، بەڵام سەرەڕای ئەوەش لەبەرئەوەی پرسێكی نیشتیمانییە دەرگای گفتوگۆ دانەخراوەو رێگا راستەكە ئەوەیە پارتی واز لەو سەركێشییە بهێنێت و بەگفتوگۆ چارەسەربكرێت». وەك لوقمان وەردی دەڵێت:»ئەوەی لەپەرلەمان روویدا دەریخست كۆتاكان خاوەنی نوێنەری راستەقینەی خۆیان نین«. كۆمەڵ: ئەوەی لەپەرلەمان روویدا هەرگیز دەركردنی یاساو بڕیار نەبووە عومەر گوڵپی ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی كۆمەڵی دادگەری لەپەرلەمان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئەوەی لەپەرلەمان روویدا هەرگیز پرۆسەی دەركردنی یاساو بڕیارنەبوو، سەرۆكی پەرلەمان بەتەواوەتی دەسەڵاتی هەڵگرتن و كۆتاییهێنانی بەدانیشتنەكان هەیە». هەروەها وتیشی:» دەرفەتی زۆر هەبوو تا لەدۆخی یاسایی و ئاسایی پەرلەماندا هەم كۆمسیۆن كارابكرێتەوە، هەم یاساكە هەمواربكرێتەوە، بەڵام لایەنەكانی دەسەڵات كەسەرۆكایەتی پەرلەمان و زۆرینەی پەرلەمان پێكدەهێنن نەیانكرد». هاوكات، عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری كوردستان لەپەیامێكدا رایگەیاند: پێویستە بۆ مانەوەو بەردەوامیی هەرێم، هەموومان پابەندی پرەنسیپ و یاساكان بین، هیچ لایەنێك پەرلەمان و حكومەت بەهی خۆی و حزبەكەی نەزانێت». عەلی باپیر وتیشی:»سەپاندنی دۆخێكی تایبەت بەسەر هەرێمدا، دژی بنەماكانی تەبایی و پێكەوەژیان و سازانی نیشتیمانییەو هیچ بەرهەمێكی لێ ناچنرێتەوە». بەوتەی سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری «بەبێ رێككەوتن و سازانی نیشتیمانی لەسەر چۆنیەتی هەڵبژاردن و هەمواركردنی یاساكەی و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن كەهیچ گومانێك هەڵنەگرێت هیچ چارەیەكی دیكەمان نییە».   بزوتنەوەی گۆڕان: كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن بەسازان دەبێت گوڵستان سەعید سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەردەوام جەختمان كردووەتەوە لەوەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و یاساكەی یەك پاكێجەو پێویستە بەسازان بكرێن». وتیشی:»ئێمە بەواژۆكانی خۆمان پابەندین و پێمان گرنگە هێزە سیاسییەكان بەیەكڕیزی یاساكە هەمواربكەنەوەو كۆمسیۆنیش كارا بكەنەوەو بەگفتوگۆ كێشەكان چارەسەربكەن».   یەكگرتوو : لێكەوتەكانی كۆبوونەوەكە نابێت ببێتە مایەی زیاتر ئاڵۆزكردنی دۆخەكە ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە كە « ئەوەی روویدا لەپەرلەمانی ماوەبەسەرچوو، راستی و دروستی هەڵوێستی دڵسۆزانەی یەكگرتووی دەرخست كەدژی درێژكردنەوەی بێ پاساوی پەرلەمان و دواخستنی هەڵبژاردن بوو». یەكگرتوو هیواخوازە بڕیارو لێكەوتەكانی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان نەبێتە مایەی زیاتر ئاڵۆزتركردنی بارودۆخی هەرێم و دواخستنی هەڵبژاردنەكان.

هاوڵاتی ئومید ئوزداغ سەرۆکی پارتی سەرکەوتن کە پێشتر هاوپەیمانی سینان ئۆغان بوو، ئاشکرای کرد کە دەنگ بە کەمال کلچدارئۆغلۆ دەدات. ئەمڕۆ ئومید ئوزداغ سەرۆکی پارتی سەرکەوتن کە لە خولی یەکی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا هاوپەیمانی سینان ئۆغان بوو و کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن، کۆبونەوە. دوای کۆبونەوەکە ئومید ئوزداغ بە فەرمی رایگەیاند کە لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا دەنگ بە کلچدارئۆغلۆ دەدەن. چەند رۆژ لەمەوبەریش پارتی دادپەروەری کە هاوپەیمانی سینان ئۆغان بوو، رایگەیاند کە پشتگیری لە کەمال کلچدارئۆغلۆ دەکات. سینان ئۆغان کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا لە خولی یەکەمدا، پشتگیری خۆی بۆ ئەردۆغان راگەیاندبوو و بەم شێوەیە هاوپەیمانی ئاتا هەڵوەشایەوە و بەسەر هەردوو بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا دابەش بوو. سینان ئۆغان کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا ٥.١٧٪ی دەنگەکانی بەدەست هێنابوو و بەم پێیەش نەیتوانی بۆ خولی دووەم سەربکەوێت.

هاوڵاتی دوای چوارجار لە دواخستنی، ئەمڕۆ جارێکی دیکە دادگای فیدڕاڵی لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان كۆبۆوە و بڕیاریدا، كۆبونەوەكە بۆ 30ی ئەم مانگە دوابخات. دادگای فیدڕاڵی لەبارەی درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان كۆبۆوە، بەڵام بەهەمانشێوەی سێ جاری رابردو دادگا بڕیاریدا بەدواخستنی دۆسیەكە تاوەكو 30ی (ئایار/5)ی 2023.   سکاڵاکە لەلایەن سروە عەبدولواحید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، یوسف محەمەد ئەندامی خولی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەران، کاوە عەبدولقادر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەرەڕای ئەرکەکەی تۆمارکراوە. لە سکاڵاکەدا هاتوە، "داوا دەکەین لە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ئەو یاسایە هەڵبوەشێنرێتەوە کە لە 10ی (ئەیلول/9)ی 2022 لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە دەرچوە کە یاسای درێژەدانە بە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی عێراق، بەپێی ئەو یاسایەش ماوەی پەرلەمان درێژکرایەوە بۆ ماوەی ساڵێکی تر، لەکاتێکدا ئەو یاسایە ناکۆکە لەگەڵ مادەکانی (5 و 20)ی دەستور، جگە لەوەی ئەو مافە دەستورییە زەوت دەکات کە لە مادەی (51)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی 1992 ئاماژەی پێکراوە". لە کۆبوونەوەی 9/10/2022، پەرلەمانی کوردستان، پێشنیازەیاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی (درێژکردنەوەی تەمەنی) بە زۆرینەی دەنگ پەسندکرا، بەمەش خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ زیاتر لە ساڵێکی دیکە بەردەوام دەبێت. وەک لە پێشنیازەیاساکە هاتووە: خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان – عێراق، تا کۆتایی وەرزی یاسادانانی پاییزەی ساڵی 2023 لەسەرجەم کار و ئەرکەکانی بەردەوام دەبێت.

زیاتر لە 100 سەرۆک و سەرکردەی ئەمریکا و ژمارەیەکی وڵاتی جیهان لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی ویلایەتەیەکگرتوەکان داوا دەکەن واشنتۆن هەڵوێستەکانی دژی کۆماری ئیسلامی توند بکاتەوە و دەڵێن کاتی ئەوەیە بۆ گۆڕانکاریی لە ئێران پشیوانیی لە خەڵک بکرێت. لە نامەیەکدا کە مایک پێنس، جێگری سەرۆکی پێشوی ئەمریکا بڵاوی کردوەتەوە 108 سەرۆک و سەرکردەی پێشوی ئەمریکا و ئەوروپا و ژمارەیەک وڵاتی دیکە داوایان لە جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا کردوە هەوڵەکانی وڵاتەکەی دژی کۆماری ئیسلامی توند بکاتەوە. لەو نامەیەدا کە سەرۆک وەزیرانی پێشوی بەریتانیا و کەنەدا و دوو سەرۆکی پێشوتری یەکێتی ئەوروپا واژۆیان کردوە، باس لەوە کراوە کە لە هەموکاتێک زیاتر ئێران پێویستی بە گۆڕانکارییە و دەبێت پشتیوانیی لە دانیشتوانی ئەو وڵاتە بکرێت دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. واژۆکارانی ئەو نامەیە جەختیان لەوە کردوەتەوە: کاتی ئەوە هاتوە کۆماری ئیسلامی و سەرکردەکانی ناچار بکرێن بەرپرسیارێتی تاوانەکانیان لە ئەستۆ بگرن و هەنگاوی راستەقینە بنرێت دژی ئەو دەسەڵاتە و سوپای پاسداران بخرێتە لیستی رەشەوە. ئەو سەرکردانە هۆشدارییان داوە لە جموجۆڵە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پشتیوانیی لە روسیا دژی ئۆکرانیا. لە نامەکەدا رەخنە لە دەسەڵاتی رابردوی پاشایەتیی لە ئێران گیراوە و داوا لە بایدن کراوە کە پشتیوانیی لە 10 خاڵی ئەنجومەنی نیشتیمانی بەرگریی (باڵی سیاسی رێکخراوی موجاهیدینی خەلق) بکات کە بە مەبەستی گۆڕانکاریی لە دەسەڵاتی وڵاتەکە راگەیەنراوە. یەکێک لەو خاڵانەی ئەنجومەنی نیشتیمانی بەرگریی باس لە مافی خۆبەڕێوبەری کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و راگرتنی بەرنامەی ئەتۆمیی و کۆتایی (ویلایەتی فەقیهـ) بە رێبەرایەتیی عەلی خامنەیی کراوە.

هاوڵاتی ئەمڕۆ لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم دوا پێشهاتەکانى پڕۆەژەیاساى بودجە و چەند پرسێکى دیکە تاوتوێ دەکات. پڕۆژەیاساى بودجەى گشتی 2023ـی عێراق قەبارەکەى زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا بە رێژەی %12.6 دیاریکراوە کە دوای جیاکردنەوەى خەرجییەکانی سەروەری و حاکیمە و گەشەپێدانی هەرێمەکان، زیاتر لە 16 تریلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار دینارە.  فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی "قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆک وەزیران بەڕێوەدەچێت و سێ تەوەر لەخۆدەگرێت. یەکەم تەوەری کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی 2023 - 2025. هەر لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێی بەرەنجامى دانانی میکانیزمی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری کۆبونەوەی پێشوی ئەنجومەنی وەزیرانی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی داراییی گشتی دەکرێت. هەروەک خستنەڕوی رەشنوسی پڕۆژەیاسای وەزارەتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان، تەوەری سێیەمی کۆبونەوەکە دەبێت.  

ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەوروپا و ئێران دادەبەزێت و لە بەرامبەردا هۆڵەندا و ئیتاڵیا و فەڕەنسا زیاترین کاڵا رەوانەی ئەو وڵاتە دەکەن. ناوەندی ئاماری ئەوروپا (یۆرۆستات) بڵاوی کردەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ لەگەڵ ئێران یەک ملیارد و 180 ملیۆن یۆرۆ بوە کە بەراورد بە رابردو 11% دابەزینی بەخۆیەوە بینوە. لە ئامارەکاندا ئەوە خراوەتە رو ئاڵوگۆڕیی بازرگانیی نێوان وڵاتانی ئەوروپا لەگەڵ ئێران گەیشتوەتە یەک ملیارد و 330 ملیۆن یۆرۆ بەڵام ئەو بڕە لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ بۆ یەک ملیارد و 180 ملیۆن یۆرۆ دابەزیوە و ئەو وڵاتانە تەنها بە بڕی 220 ملیۆن کاڵایان لە ئێرانەوە هەناردە کردوە. هەناردەی کاڵا لە ئەوروپاوە بۆ ئێران لەو سێ مانگی ئەمساڵدا 960 ملیۆن یۆرۆ بوە کە 9% دابەزیوە و هاوکات هاوردەی ئەو وڵاتانەش لە ئێرانەوە 275 ملیۆن یۆرۆ بوە کە 20% بەچاو رابردوەوە دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. یۆرۆستات رونی کردوەتەوە؛ سەرەڕای دابەزینی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ ئێران بەڵام هەناردەی هۆڵەندا بۆ ئێران 63% بەرز بوەتەوە و دوای ئەو وڵاتەش، ئیتاڵیا بە بەرزبوەنەی هەناردەی 24% و فەڕەنسا بە بەرزبونەوەی 17% زیاترین کاڵایان لە چوارچێوەی ئەوروپا هەناردەی ئێران کردوە.  

هاوڵاتی بارزانی و تاڵەبانی لەسەر پرسە داراییەكانی هەرێم رێككەوتن و ئەو كورتهێنانە داراییەی كە لەسەرەتای ئەمساڵدا بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و مینحەی شەهیدان دروست نەبوو چارەسەركرا لەڕێگەی ئەو وەرەقە چاكسازییەی تیمی یەكێتی بۆ مەسرور بارزانی ئامادەی كردبوو. مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم رۆژی دووشەممە كۆبوونەوەو تێیدا بڕیاردرا كەدابەشكردنی مووچە بكرێتە سیادی، كەپێشتر تیمی یەكێتی لەحكومەت داوایان كردبوو رێژەی 43% بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو 57% بۆ پارێزگای هەولێرو دهۆك نەمێنێت و ئەوە جێبەجێكرا. بەهۆی میكانیزمی 43% بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو 57 بۆ پارێزگاكانی هەولێرو دهۆك، كورتهێنانی دارایی بۆ مووچە دروست دەبوو بەتایبەت دوای بایكۆتكردنی تیمی یەكێتی لەمانگی تشرینی دووەمی 2022، كە بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی سلێمانی نزیكەی 750 ملیار دینار قەرزارە بەهۆی كورتهێنانی داراییەوە كە لەسەرەتای كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمەوە دەستیپێكردووە. لەڕێكخستنەوەی دارایی گشتی سەرجەم داهاتەكان دەكرێنە سەر یەك هەژماری بانكی و وەزارەتی دارایی لێی بەرپرس دەبێت و سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی لەنزیكەوە چاودێری دەكەن. هەروەها رێكخستنەوەكە شەفافیەتی داهات زیاتر دەكات و ئەولەویەتی حكومەت بۆ دوانەخستنی دابەشكردنی مووچە بەرجەستە دەكات، بۆ ئەو مەبەستەش دوێنێ سێشەممە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حكومەت لەنووسراوێكدا جێبەجێكردنی راسپاردەی رێككەوتنەكەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بۆ ئیدارەدانی داهات و خەرجكردنەوەی راگەیاند. چیتر مووچە لەسەر بنەمای ٪٤٣ بۆ سلێمانی و ٪٥٧ بۆ هەولێر و دهۆک دابەش ناکرێت بەپێی بڕیارێك كە واژۆی ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری لەسەرەو ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی و دەستەكان كراوە، بەپێی بڕیارێك كە لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دراوە، سەرجەمی داهاتە گشتییەكانی هەرێمی كوردستان رێكدەخرێتەوەو بەناوەندیی دەكرێت. هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەكراوە كەگشت داهاتەكانی ئەژمێری داخراوی تایبەت بەداهاتی گشتی دابنرێن و بەئیشعار بخرێنەسەر ئەژمێری داخراوی تایبەتی وەزارەتی دارایی و ئابوری لەبانكی منارە. بەو پێیەی هەرێمی كوردستان رێككەوتنی لەگەڵ حكومەتی عێراق كردووەو لەسەر پڕۆژە بودجەی عێراق كەبڕیارە مانگانە یەك ترلیۆن و 250 ملیار دینار بەكاش بگاتە هەرێمی كوردستان و لەبەرامبەردا هەرێم 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەو نیوەی داهاتی گومرگ بداتەوە بە بەغداد، بۆیە پارتی و یەكێتی لەئاستی حكومەتدا پێیانوایە بەگەشتنی پارەكەی بەغدا زۆربەی كێشە داراییەكان بەتایبەت بۆ مووچە چارەسەر دەبن، چونكە بەغداد تەنها بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و شایستەی دارایی پێشمەرگە نزیكەی 910 ملیار دینار رەوانە دەكات كە بەبێ كورتهێنان مووچەی پێ دابیندەكرێت. وەزارەتی دارای بەرپرسی یەکەمە لە کورتهێنانی دارایی و مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە نزیکەوە چاودێری دەکەن سەرچاوەیەك لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەوەی بۆ هاوڵاتی دووپاتكردەوە بۆ لەمەودوا دەبێت مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەو فەرمانگەكان لە سێ رۆژ بۆ یەك هەفتەدا دابەشبكرێت هاوشێوەی عێراق، وتیشی:» ئەگەر پڕۆژەی بودجە وەك ئەوەی ئێستا هەیەو دەستكاری ماددەكانی (12،13،14) نەكرێن كەتایبەتن بەپشكی هەرێمی كوردستان، دۆخی دارایی باش دەبێت و دابەشكردنی مووچە وەك ئێستا نابێت كەمیدیاكان دەیكەنە هەواڵ و سێ هەفتە دەخایەنێت، بەڵكو سێ رۆژ بۆ هەفتەیەك دەخایەنێت». هەروەها باسی لەوەشكرد حكومەتەكەی سودانی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان پشتیوانی كراوەو بەشدارن لەحكومەتدا و بەشدارن لەئیدارەدانی دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراق» سودانی تێگەیشتووە لەوەی پشتیوانی كردنی كورد پاڵپشتیەكی بەهێزە بۆ بەردەوامی حكومەتەكەی». هەروەها بەغداد مانگانە زیاتر لە 300 ملیار دینار بۆ وەبەرهێنان رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات لەگەڵ داهاتی نانەوتی كەمانگانە زیاترە لە 200 ملیار دینار، هەرێمی كوردستان پاش دابینكردنی مووچە نیو ترلیۆن دیناری بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ دەمێنێتەوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، كە لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەستیكەوتووە، تیمی یەكێتی متمانەیان لادروست بووە بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكان، بەو پێیەی چیدیكە كێشەی نەبوونی پارەی كاش بۆ مووچەخۆرانی سلێمانی دروست نابێت كەئەوە وەك خۆیان دەڵێن لای یەكێتی ئەولەویەتی تیمەكەیان بووە. هەروەها رێككەوتنی تیمی پارتی و یەكێتی لەسەر دانەوەی قەرزەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەكراوە كە زیاترە لە 30 ملیار دۆلار بەپێی داتای فەرمی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام ئەو پرسەش پاش پەسەندكردنی بودجەو بەدیاركەوتنی مانەوەی پارە پاش دابینكردنی مووچە گفتوگۆی چڕی لەسەر دەكرێت، بۆ ئەوەی بەشێك لەو پارانە بۆ دابینكردنی پڕۆژەی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری تەرخان بكرێت و بەشێكی بۆ دانەوەی قەرزەكان بێت. بەپێی زانیارییەكانی بەردەست هاوڵاتی، پارتی دیموكراتی كوردستان بەرنامەی بۆ ئەو پارەیە دیاری كردووە كە لەبەغداوە بۆ هەرێم رەوانە دەكرێت و دەیانەوێت زۆرینەی ئەو پارەیە بۆ پاكتاوی قەرزەكانی حكومەت دابین بكەن، بەڵام یەكێتی دەیەوێت بەشی زۆری ئەو پارەیە بۆ پڕۆژەكان خەرجبكرێت. بەرپرسانی كارگێڕی لەسلێمانی هۆشدارییان داوەتە یەكێتی كە دوای پەسەندكردنی پڕۆژە بودجەی عێراق پێویستە ئاوەدانی و دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكان بەچڕی لەسەرجەم ناوچەكان دەستپێبكاتەوەو پارەی بەڵێندەرانی سنورەكە بدرێتەوە تاپڕۆژەی نوێ وەربگرن، ئەو هۆشدارییەش بەفەرمی گەیەندراوەتە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم.

هاوڵاتی ژمارەیەکی نوێی رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکرایەوە و لەو ژمارەیەدا بڕیاری ژمارە (10)ی ساڵی 2023 پەرلەمانی کوردستان بلاوکراوەتەوە تایبەت بە بەردەوامبون و ھەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی، کە فراکسیۆنی پارتی دەڵێت، لەلایەن پەرلەمانتارانی حزبەکە و پێکهاتەکانەوە دەنگی لەسەر دراوە، بەڵام یەکێتی رەتیدەکاتەوە. ئەمڕۆ سێشەممە ژمارە 305ی رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکرایەوە، کە رۆژنامەی فەرمی هەرێمی کوردستانەو وەزارەتی داد دەریدەکات، لەو ژمارەیەدا بڕیاری ژمارە (10)ی ساڵی 2023 پەرلەمانی کوردستان بلاوکراوەتەوە تایبەت بە بەردەوامبون و ھەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی هەروەها لەگەڵ ژمارەیەک رێنمایی و بەیان. هەروەها دەقی بڕیارەکە لە سێ خاڵ پێکهاتووە کە واژووی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی لەسەرە: یەکەم: بەردەوامبوونی هەریەک لەم بەڕێزانەی خوارەوە وەکو ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بۆ ماوەی پێنج ساڵ کە دەستپێدەکات لە رۆژی کۆتاییهاتنی ماوەی یەکەمی کارکردنی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە رێککەوتی 23-12-2019: 1. هەندێن محەممەد ساڵح 2. نەهرۆ سەلیم حەنا 3. رێزان حەمەرەشید کەریم 4. عەبدولسەمەد خزر عەبدوڵڵا 5. شێروان زرار نەبی 6. ئیسماعیل حەمەعەلی عەبدولقار 7. سلێمان مستەفا حەسەن دووەم: هەڵبژاردنی هەریەک لەم بەڕێزانەی خوارەوە بە ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە رۆژی دەرچوونی ئەم بڕیارە: 1. عەلی ساڵح مەحموود قادر 2. کامەران نەشئەت حوسێن سێیەم: ئەم بڕیارە لە رۆژی دەرچوونییەوە کاری پێدەکرێت و لە رۆژنامەی فەرمیی وەقائیعی کورستان بڵاودەکرێتەوە.