هاوڵاتی ١٦١ هاوڵاتی سوریا و رۆژئاوای کوردستان، کە بەهۆی شەڕی ناوخۆیی سوریاوە لە سودان گیریان خواردبوو، گەڕێندرانەوە شاری قامشلۆ. مەرسەدی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، گەڕاندنەوەی ئەو هاوڵاتیانەی پشتڕاست کردەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە لە ٢٤ی نیسانەوە هەوڵ دەدرێت ئەو هاوڵاتیانە بگەڕێندرێنەوە بۆ سوریا. مەرسەدی سوریا رایگەیاند، ئەو هاوڵاتیە کورد و عەرەبانە بە هەوڵی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا گەرێندراونەتەوە و ئاماژەی بەوەکرد کرد، خۆبەڕێوەبەرێتیەکە هەوڵ دەدات، هاوڵاتیانی دیکەی سوریا و رۆژئاوای کوردستانیش بگەڕێنێتەوە. باسی ئەوەشی کرد کە لە ئێستادا نزیکەی ٣٠ هەزار هاوڵاتی سوریا کە بەشێکی زۆریان کوردن، لە سودان گیریان خواردووە و چاوەڕێ دەکەن، لە وڵاتە رزگار بکرێن کە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە. دوێنێ بە دەستپێشخەری ئەمریکا و سعودیە، ئاگربەست لەنێوان لایەنەکانی شەڕی ناوخۆی سوریا راگەیەندرا و هەوڵ دەدرێت، هاوڵاتیانی مەدەنی بپارێزرێن. تاوەکو ئێستا ٧ جار ئاگربەست پێشێل کراوە. بەگوێرەی ئامارە فەرمیەکان لە شەڕی ناوخۆیی سوداندا تاوەکو ئێستا ٨٣٢ کەس کوژراون و زیاتر لە ملیۆنێک کەسیش ئاوارە بوون.

بەرپرسێکی ئێسرائیل زانیارییەکانی تایبەت بە هێرشکردنە سەر بنکە و چەکدارانی ئێران لە سوریا بڵاو دەکاتەوە و دەڵێت ئەو هێرشانە دوو هێندەی رابردو زیادی کردوە. یوئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، زانیارییە سەربازییەکانی ئێران لە سوریا و لوبنان بڵاو دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت؛ لە کاتی دەستبەکاربونی ئەو وەک وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی، هێرشەکان بۆسەر کۆماری ئیسلامی لە خاکی سوریا دوو هێندە زیادی کردوە. بە وتەی گاڵانت: ئێران ساڵانە 700 ملیۆن دۆلار رادەستی رێکخراوی (حیزبوڵڵا) لە لوبنان دەکات و هاوکات لە روی تەکنەلۆژیای تایبەت بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان راهێنان و هاوکاریی ئەو رێکخراویە دەکات. وتوشیەتی: کۆماری ئیسلامی جگە لە هاوکاریی داریی حیزبوڵڵا، ساڵانە بڕی 100 ملیۆن بە رێکخراوی (حەماس) و 10 ملیۆن دۆلار بۆ رێکخراوی (جیهادی ئیسلامی) لە فەلەستین تەرخان دەکات. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئەوەی خستوەتەڕو کە هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کەنداو بە مەبەستی جموجۆڵی سەربازیی و کۆنتڕۆڵی سنورە ئاوییەکان، کەشتیی مەدەنی و بازرگانیی بەکاردەهێنن و سوپای پاسداران سود لە شەش کەشتی ئاسایی بۆ ئەو مەبەستە وەردەگرێت.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، "ئەو ئامارەی بڵاوكراوەتەوە كە تەنها لەیەك رۆژدا 285 هەزار سەرپێچی تیژڕەوی ئۆتۆمبێل لەڕێگەی كامێراكانی پۆینت تو پۆینتەوە تۆماركراون راست نیە. هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی لەڕونكردنەوەیەكدا بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویكردەوە، "وەك بەرچاوڕونییەك شەوی ڕابردو ئامارێك بڵاوكرایەوە كە گوایە لە ماوەی 24 كاتژمێردا زیاتر لە 385 هەزار سەرپێچی تۆماركراون، وەك تۆماركردنی سەرپێچییەكان ئامارەكە دروستە، بەڵام لەماوەی 24 كاتژمێردا نییە بەڵكو لە سەرەتای دەستبەكاربونی كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەكەوە بوە و بەشێوەی تێست بوە". اماژەی بەوەشكردوە، "هیچ كام لەو سەرپێچییانەی كە تۆمار كراون و دەكرێن لەلایەن كامێراكانی چاودێری خێرایی پۆینت تو پۆینت لە ڕێگای تاسڵوجە - دوكان هەژمار ناكرێن لەسەر هیچ شۆفێرێك (واتە وەكو سزای دارایی نە لەهیچ شۆفێرێك سەندراوەو وە نە دەسەندرێت) چونكە لە قۆناغی تێستدایە تا كاتژمێر 8:00ی رۆژی دوشەممە 29ی ئەم مانگە . ئەوەشیخستەڕو، "ئەو هەڵەیەی كە ڕویداوە لە پێدانی زانیاری بوە لەلایەن فەرمانبەری بەشی ئاماری كۆمپانیای جێبەجێكاری كامێراكان، واتە ئاماری سەرپێچییەكان تەنها لەماوەی 24 كاتژمێردا نەبوە بەڵك و بە درێژایی تێستی كامێراكان بوە لە ساڵی پارەوە تا ئێستا و هەژمار نەكراوە لەسەر هیچ شۆفێرێك". هاتوچۆی سلێمانی داواشی لە شۆفێران كردوە، پابەندی ئەو خێراییە بن كە بۆیان دیاریكراوە لەسەر شەقامەكان تا بە دوربن لە ڕوداوەكانی هاتوچۆ و سزا داراییەكان.

هاوڵاتی پۆلیسى سلێمانى بڵاویکردەوە؛ دوای ئەوەی زانیاری دراوە لەسەر چەند کەسێک کە بازرگانیان بە جەستەى مرۆڤەوە کردوە و کڕین و فرۆشتنیان بە گورچیلەى مرۆڤەوە کردوە بەدواداچونەکانیان لەوبارەیەوە دەستپێکردوە. ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانراوە لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەرا و بەهاوكاری بنكەی پۆلیسی ئازادی دوو تۆمەتبار لەسەر ئەو تاوانە دەستگیربكرێن. پۆلیس دەڵێت: ئەو دوو تۆمەتبارە گورچیلەى مرۆڤیان بە 23 ملیۆن دینار فرۆشتوە و تۆمەتبارەکانیش دانیشتوى شارەکانى هەولێر و بەغداد بون و تەمەنیان (37) ساڵ و (35) ساڵە. لە ئێستادا بە بڕیارى دادوەر هەردو تۆمەتبارەکە راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.

ئاژانسێک ئاشکرای دەکات ؛ ئێران وێستگە ئەتۆمییەکانی بۆ ئەگەری هێرشی ئەمریکا نۆژەن دەکاتەوە و وێستگەی نوێ لە قوڵایی زەویدا دروست دەکات. ئاژانسی هەواڵی (ئەسۆشیەتدپرێس) بڵاوی کردەوە؛ ئێران دەستی کردوە بە دروستکردنی وێستگەیەکی ئەتۆمیی لەنزیک لوتکەی شاخێکی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس کە دوایین تەکنەلۆژیای جەنگی ئەمریکا توانای بڕینی قوڵاییەکەیی نییە. بە پێی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە؛ وێستگە ئەتۆمییە نوێکەی ئێران دەکەوێتە 225 کیلۆمەتر لە دوریی باشوری تاران و لە قوڵایی 80 بۆ 100 مەتری زەویدا دروست دەکرێت لە کاتێکدا نوێترین تەکنەلۆژیای موشەکی و بۆمبی ئەمریکا توانای بڕینی 60 مەتر لە قوڵایی زەویی هەیە. زانیارییەکانی ئەسۆشیەتدپرێس پشتی بەستوە بە وێنەکانی مانگی دەستکرد و ناوەندی توێژینەوەی جەیمس مارتین بۆ رێگریی لە بڵاوبونەوەی چەکی ئەتۆمیی و ئەوەش ئاشکرا کراوە کە ئێران هەوڵی پاراستنی وێستگە ئەتۆمییەکانی دەدات لە ئەگەری شکستی دانوستانەکانی لەگەل واشنتۆن. لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی رۆژنامەیەکی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی کۆشکی سپی بڵاوی کردەوە؛ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنیی و سەربازیی کۆبوەتەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی بەکارهێنانی بژاردەی سەربازیی لە دژی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران. لە کۆبونەوەکەدا ئاماژە بە هێرشی ئەمریکا بۆسەر وێستگەی ئەتۆمیی فۆردۆ لە پارێزگای قوم لە ئێران کرابو.    وێنەیەکی مانگی دەستکرد لە دروستکردنی وێستگەی ئەتۆمیی نوێی ئێران

ژمارەیەک فەرش لە کۆشکێکی سەرۆکایەتی ئێران دیار نامێنێت و سەرۆک کۆمار و بەرپرسانی پێشوی حکومەت بە بردنی فەرشەکان تۆمەتبار دەکرێن. میدیاکانی ئێران بڵاویان کردوەتەوە؛ 48 فەرشی مێژویی و کەلتوریی لە کۆشکی سەعدئاباد کە تایبەتە بە سەرۆکایەتیی کۆمار لە وڵاتەکەدا زیاتر لە پێنج ساڵە دیار نەماون و بەهاکەشیان دەگاتە زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆلار. ئاژانسی هەواڵی (فارس) سەر بە سوپای پاسداران بە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە بەرپرسانی پێشوی کابینەی حکومەت بە سەرۆکایەتیی حەسەن رۆحانی تۆمەتبار کردوە بە بردنی ئەو فەرشانە کە لە بینای حافزیە لە کۆشکی سەعدئاباد بون. ئاماژە بەوە کراوە 10 فەرش لە کۆی ئەو 48 فەرشەی کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئێران کە دیار نەماون لە ئاسەوارە مێژوییە گرانبەهاکانی وڵاتەکە بون. ناوەندی راگەیاندنی کۆشکی سەعدئاباد دیارنەمانی ئەو فەرشانەی پشتڕاست کردوەتەوە و ئاماژەی بەوە کردوە روبەڕی زەوی کۆشکی سەعدئاباد بە بینا و باخەکانییەوە نزیکەی 900 دۆنمە کە پاراستنی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی کۆماری ئێراندایە.  

هاوڵاتی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رایدەگەیێنێت،ئەوەی رۆژی دووشەممە لە پەرلەمان پارتی کردوویەتی "ناپەیڕەوی و تاکڕەوانە"یە و ئەوان تەسلیمی ئیرادەی لایەنی دیکە نابن. درەنگانی ئەمشەو دووشەممە یەکێتی ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ئەمڕۆ پەرلەمان بڵاوکردەوەو دەڵێت، "یەكێتیی بە پشودرێژی و ئیرادەی پێكهاتنەوە تەنانەت بە ناچاری رازی بو لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ئەویش لە پێناو دەرفەتدان بە پێكهاتن لەسەر بنەمای ئەو یاسا و پرسانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە و سازانی هەمولایەكی پێویستە".   دەقی ڕاگەیەندراوەکەی یەکێتی: بەیاننامەیەک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بۆ رای گشتی و دۆستانی ئەزموونی دیموکراسیی گەلەکەمان لەسەرەتای سەرهەڵدانی تەنگژەی سیاسی و بە بنبەستگەیشتنی سازانی نیشتمانیی لەسەر پرسی دیموکراسی و رێوشوێنی یاسایی، نیشتمانی و گونجاو بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە گیانی پەرۆشی بۆ چارەسەر و دەستپێشخەری بەرپرسیارانە داوای لە هەموو لایەنەکان کرد پێکەوە لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و رێوشوێنی کاراکردنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی گفتوگۆیەکی بنیاتنەرانە بکرێت کە بنەماکانی هەڵبژاردنێکی بێگەرد و دیموکراسی تێدا رەچاو بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەی هەموو جۆرە سازانێکی نیشتمانی بوو کە ئەم تەنگژە دیموکراسییە تێپەڕێنین و پێکەوە مژدەی هەڵبژاردن و نوێکردنەوەی ئەزموونەکەمان بە گەلی کوردستان و هەموو پێکهاتەکانی و دۆستانیشمان لە جیهان بدەین. یەکێتیی بە پشوودرێژی و ئیرادەی پێکهاتنەوە تەنانەت بە ناچاری رازی بوو لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ئەویش لە پێناو دەرفەتدان بە پێکهاتن لەسەر بنەمای ئەو یاسا و پرسانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە و سازانی هەموولایەکی پێویستە. تەنانەت لە دوا کۆبوونەوەی رۆژی ٢١-٥-٢٠٢٣ لە نێوان مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی جەخت لەوە کرایەوە هەردوولا و هەموو فراکسیۆنەکان پێکەوە لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنی کۆمسیۆن رێکبکەون. جگەلەوەی لە کۆبوونەوەکانی یەکێتی و پارتی بە گشتی تەئکید لەوە کراوەتەوە هاوتەریب ئەم دوو پرسە پێکەوە یەکلابکرێنەوە و بڕیاری نیشتمانییان لێبدرێت، بۆ ئەوەی کەشی ئیجابی دەستپێخەرییەکان و فەزای کۆبوونەوەکان نەشێوێنرێت کە گەلەکەمان و دۆستەکانی هیوای زۆریان پێیەتی. بەڵام بەداخەوە فراکسیۆنی پارتی هەموو ئەم پرەنسیپانەیان پێشێلکرد و بە هاوکاریی سکرتاریەتی پەرلەمان یەکلایەنە و تاکڕەوانە خاڵی ناپەیڕەوییان کردە ناو ئەجێندای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بەبێ ئاگادارکردنەوەی ٢٤ سەعاتی پێشوەختە و بەبێ رێزگرتن لە سازان، دەستپێشخەری و هەموو کۆششەکانی لێکگەیشتن. ئەم هەنگاوانەی ئەمڕۆی پارتی سەرجەمیان ناپەیڕەوی و تاکڕەوانەن چونکە: یەکەم: پێشتر حزب و لایەنە سیاسییەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی هەرێم رێککەوتوون لەسەر ئەوەی هەر پرۆژە یاسایەک رەهەندی نیشتمانیی هەبێت، نابێت تاکڕەوی تێدا بکرێت و پێویستە بەپێی زۆرینە و کەمینە مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت. بەڵکو دەبێت هەر پرۆژەیاسایەکی لەو جۆرە تەوافوقی نیشتمانیی لەسەربێت هەر لە نووسینەوەی رەشنووسی پرۆژەکە تا جێبەجێکردنیشی لە بەرنامەی کاری پەرلەمان، گفتوگۆکردن، پەسەندکردن، دەرچوواندن و جێبەجێکردنیشی را و بۆچوونی هێز و لایەنە سیاسییەکانی تێدا وەربگیرێت. دووەم: دژ بە مادەی ٤۸ بڕگەی چوارەمە کە هاتووە پێویستە بۆ زیادکردنی هەر بابەتێک پێش ۲٤ سەعات لە دانیشتنەکە داوا بکرێت. بەڵام فراکسیۆنی پارتی لەڕێگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێری پەرلەمان و بەبێ رەزامەندیی سەرۆک، کاراکردنەوەی کۆمسیۆن وەک خاڵێکی زیادکراو دەخەنە بەرنامەی کاری دانیشتنی رۆژی دووشەممە ٢٠٢٣.٥.٢٢ی پەرلەمانەوە. ئەمەش هەنگاوێکی تاکڕەوانەیە و دوورە لە هەموو ئەو بنەما و پرەنسیپانەی پەیوەستن بە کاری پێکەوەیی و نیشتمانییەوە سێیەم: دژ بە ماددەی ۱۸ کە تایبەتە بە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پەرلەمان لە بڕگەی سێی و یازدەهەمدا هاتووە کە کردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان، کۆتاییپێهێنانی و دواخستنی لە دەسەڵاتی حەسڕیی سەرۆکی پەرلەمانە. ئەو بڕیارەی ئەمڕۆی سەرۆکی پەرلەمانیش لە واژۆنەکردنی زیادکردنی خاڵی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بۆ بەرنامەی کار و کۆتاییهێنان بە دانیشتنی پەرلەمان، ئەویش لەپێناو بەدیهێنانی کۆدەنگیی نیشتمانی سەبارەت بە پرسە گرنگ و هەستیارەکانی ژیانی سیاسی و حوکمڕانی لە هەرێمدا. بۆیە ئەم بڕیارە سەرباری گرنگییە سیاسییەکەی، لەچوارچێوەی تایبەتمەندییەکانی سەرۆکی پەرلەمان خۆیەتی کە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پێیبەخشیووە. بۆیە هەر کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانتارانی پارتی دوای کۆتاییپێهێنانی دانیشتنە فەرمییەکە لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە، هیچ بەهایەکی یاسایی نییە و کارێکی تەواو ناپەیڕەوییە، چونکە سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی بەکراوەیی بەجێنەهێشتووە تاوەکو جێگرەکەی بەردەوامیی پێبدات. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سۆنگەی پێدانی دەرفەت بە رێککەوتن و بەرمەبنای نیشاندانی ئیرادەی دیموکراتی و عەدالەتخوازی خۆی، وەک هەمیشە بە پشوودرێژی و دانبەخۆداگرییەوە پێداگری لەسەر هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد دەکات کە گوزارشت لە ئیرادەی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بکات. هەر بۆیە لەپێناو ئەم ویستە دیموکراسییەشیدا رێگە بە هیچ کارێکی ناڕەوا و ناشایستە بە ئەزموونی گەلەکەمان نادات. لە کۆتاییدا دەمانەوێت وەبیر هەموو لایەنەکانی بهێنینەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو هێزە نییە کە خۆسەپێنی قبووڵ بکات و تەسلیمی ئیرادەی لایەنێکی تر بێت، بەڵکو ئامادەیە لە پێناو گەلی کوردستان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە وەڵامدەرەوەی خواستی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی کوردستانی بێت، هەموو قوربانییەک بدات. مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٢٢ی ٥ی ٢٠٢٣

هاوڵاتی بەگوێرەی دوایین توێژینەوەی دامەزراوەی گالۆپی ئەمریکی کە لە ئەمساڵدا ئەنجامدراوە رێژەی خەمۆکی لەنێو هاوڵاتیانی ئەمریکادا گەیشتوەتە 29%، کە رێژەیەکی بەرزە. لە توێژینەوەکەی دامەزراوەی گالۆپی ئەمریکیدا هاتووە، "لەکۆی شەش هاوڵاتی ئەمریکی یەکێکیان توشی نەخۆشی خەمۆکی بوون، کە ئەوەش رێژەیەکی بەرزە، ئاماژەی بەوەشکردوە، بەگوێرەی داتا کلینیکییەکان خەمۆکی بەشێوەیەکی بەرچاو لەبەرزبونەوەدایە و زیادیکردوە. باسی لەوەشکردوە، بەراورد بە چینەکانی دیکە نەخۆشییەکە بەشێوەیەکی بەربڵاو لەناو چینی گەنجاندا تەشەنەی کردوە، کە تەمەنیان لەخوار 30 ساڵییەوەیە، ئەوەش لەکاتێکدایە رێژەی توشبون بە نەخۆشییەکە لەناو ژناندا زیاترە وەک لە پیاوان. فۆنیتا دۆتسون، دەرونناسێکی ئەمریکییە باسی لەوەکردوە، یەکێک لە هۆکارەکانی نەخۆشییەکە بایۆلۆجییە و توشبونی ژنانیش بەرێژەیەکی بەرزتر دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی هۆڕمۆن و خانەکانی لەش، هەروەها ژنان لایەنی سۆزدارییان لە پیاوان بەهێزترە. بەگوێرەی دوایین داتاکان، ئەمریکا پێویستی بە زیاتر لە هەشت هەزار راوێژاکاری دەرونی هەیە هەتا لەوبوارەدا کار بکەن، لەماوەی رابردوشدا کۆمپانیاکانی کەرتی گشتی و تایبەت هەندێک روێوشوێنیان بەمەبەستی باشترکردنی رەوشی دەرونی کارمەندەکانیان گرتوەتەبەر چونکە خراپی ژینگەی کارکردن یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی توشبون بە خەمۆکی.

هاوڵاتی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و ئەنجامدانی هەڵبژاردن راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەستخۆشی لە پەرلەمانتارانیان دەکات بۆ کاراکردنەوەکە.  هاوکات  پارتی داوا لە نەتەوەیەكگرتوەكان دەكات، "هاوكاری پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی هەرێم بن و هەڵوێستی پارتی لەبەرچاو بگرن و هەر كەس و لایەنێك كۆسپ و تەگەرە بۆ ئەم هەنگاوانە دروستدەكات لە هەڵوێستی دژە دیموكراسی و دژە هەڵبژاردن ئاگادار بكرێتەوە" و رایدەگەیەنێت،" فراكسیۆنی حزبەكەیان لە پەرلەمانی كوردستان رادەسپێرن بۆ بەردەوامی بەجێگەیاندنی ئەركی پەرلەمانییان."   دەقی راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی  راگەیەندراوێک لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە هەڵوێست و هەوڵ و کۆشش و دەستپێشخەری و گفتوگۆکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی یاسایی خۆی لەمساڵدا، چیتر کات بە فیرۆ نەدان و رێگری لەو کۆسپ و تەگەرانەی بۆ هەڵبژاردن دروست دەکرێت، ئەم خاڵانەی خوارەوە بۆ رای گشتی ناوخۆیی و عێراق و کۆمەڵگەی نێودەولەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و نێردەی دیپلۆماسی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، رووندەکەینەوە: 1. پارتیمان بە کردار و بە بڕواوە باوەڕی قوڵی بە پرۆسەی دیموکراسی و دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات هەیەو گەل بە سەرچاوەی شەرعیەتی دەسەڵات لە رێگای هەڵبژاردنی ئازاد و بێگەرد دەزانێت. وتاری سەرۆک بارزانی لە نەورۆزی ١٩٩١ لە کۆیە کە تیایدا جەنابیان بە ڕوونی داوای دامەزراندنی حوکمی قانون و هەڵبژاردنی ئازادو گۆڕینی شەرعیەتی شۆڕشگیڕی بۆ شەرعیەتی یاسایی، بناغەی هەڵوێست و کۆششی پارتیمان بووە بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کە بە شانازیەوە بەر لە سێ رۆژ ٣١ ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی یەکەمین خولی پەرلەمانی کوردستان تێپەری. 2. دەبوو هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەر لە ٦/١١/٢٠٢٢ ئەنجامبدرایەو لەم سۆنگەیەشەوە رێزدار سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەرسومی هەرێمی لە ساڵی ٢٠٢٢دا، بەرلە تەواو بوونی وادەی یاسایی پەرلەمان، رۆژی هەڵبژاردنی دیاریکرد. فراکسیۆنی پارتیمان لە پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی ٣/١١/٢٠٢١ وە هەموو هەوڵ و کۆششی پەرلەمانی و یاسایی و سیاسی خۆی خستبووە گەر، تاوەکو سەرجەم فراکسیۆنەکان ئامادەکاری بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بکەن. هەرلە پێناوی ئەوەی هەڵبژاردن لە ساڵی ٢٠٢٢ لە کاتی خۆیدا بکرێ، پارتیمان رەزامەند بوو کۆمسیۆن بە هەمان پێکهاتەی خۆی متمانەی پێ بدرێتەوەو دوو پۆستە بەتاڵەکەی کۆمسیۆن پڕ بکرێتەوە. بەداخەوە فراکسیۆنەکان نەگەیشتنە رێککەوتن و بە ناچاری، زۆربەی هەرەزۆری فراکسیۆنەکان بەرلە ٦/١١/٢٠٢٢، بە یاسای ژمارە (١٢)ی ٢٠٢٢ لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە (١١)ی رۆژی ٩ی١٠ی٢٠٢٢، یاسای بەردەوامیی خولی پێنجەم تا ٣١ی ١٢ی ٢٠٢٣ دەنگی لەسەردرا. هەر لەم یاسای ژمارە (١٢)دا بەڕوونی هاتووە کە پێویستە پەرلەمان هەنگاو بنێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ساڵی ٢٠٢٣. 3. لە پێناوی ئەوەی لە ٢٠٢٣ دا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، لە کۆبوونەوەی ١٨ی١ی٢٠٢٣ ی مەکتەبی سیاسی پارتیمان، لە راگەیەندراوی فەرمی کۆبوونەوەکەدا، هەڵوێستی پارتیمان راگەیەندرا بەوەی پارتیمان رەزامەندە هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکرێتەوەو داواکاری و پێشنیازی لایەنەکانی دیکەش لە بابەتی فرەبازنەیی، تۆماری بایۆمەتری عێراق کە هەڵبژاردنی ١٠ی ١٠ی٢٠٢١ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی پێکرا، سود وەرگرتن لە ئامارەکانی عێراق بکرێنە بنەمای هەمواری یاسای هەڵبژاردن. لە مانگی ١و٢ی ئەمساڵ چەندین جار هەڤاڵانمان لە پەرلەمان هەوڵیاندا دانیشتنی نائاسایی بکرێ بۆ هەمواری یاسای هەڵبژارن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن، بەڵام بەداخەوە جددیەت لە هەندێ لایەنەکانی دیکە نەبینرا بۆ سازدانی ئەو کۆبوونەوانەی پەرلەمان. 4. لەگەڵ دەستپێکردنەوەی وەرزی بەهارەی خولی پێنجەم لە ١ی٣ی٢٠٢٣، فراکسیۆنی پارتیمان پێشنیازی یاسای هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پێشکەش کرد، بەڵام بەداخەوە رێگری کرا لەوەی دانیشتنی پەرلەمان بۆ خوێندنەوەی پێشنیازە یاسای هەڵبژاردن  و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن ئەنجامبدرێ. 5. مەکتەبی سیاسی پارتیمان و هەڤاڵانمان لە پەرلەمان لە گفتوگۆی بەردەوامدا لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی و لایەنەکانی دیکە بەردەوام لە هەموو کۆبوونەوەو دیدارە سیاسیەکانی ناو پەرلەمان و دیداری نێردەی وڵاتان، جەختمان لەوە کردۆتەوە کە پێویستە بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنی پەرلەمانی بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن رابگەیەنێت و خوێندنەوەی یەکەم بکرێ بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن کە پێشنیازی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ و نەوەی نوێ و بەشێک لە پێکهاتەکان بووە، بەڵام بەداخەوە ئەو ئامادەییە بۆ راگەیاندنی دانیشتن بۆ بابەتەکانی هەڵبژاردن نەبینرا. 6. سەبارەت بە پێکهاتەکان، هەرلە سەرەتاوە هەڵوێستی پارتیمان روون و ئاشکرا بووە بەوەی، هەرێمی کوردستان نیشتیمانی تەواوی رۆڵەکانیەتی بە جیاوازی نەتەوەو ئایین و مەزهەب. سەبارەت بە نوێنەرایەتییان لە پەرلەمان، یەک لە شانازییە گەورەکانی گەلەکەمانەو نابێ پاشەکشەی لێ بکرێ. بۆ کورسی پێکهاتەکان بەردەوام جەختمان لەوە کردۆتەوە نوێنەرایەتی پێکهاتەکان خۆیان بڕیار بدەن و هەرجۆرە بڕیارێک لە خۆیانەوە بێت، پارتیمان پێی رازی دەبێت. نوێنەرانی پێکهاتەکان لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ یۆنامی و راپۆرتی یۆنامی لەسەر دیدارەکانیان لەگەڵ پێکهاتەکان لە مانگی (٢)ی ٢٠٢٣ روون و ئاشکرا بوو کە ٩٥٪ ی پێکهاتەکان دەیانەوێ بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان، هەرێمی کوردستان یەک بازنە بێت. دواتر لەسەر داوای پارتیمان و یەکێتی، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری یۆنامی، لە رۆژی ١٣ی٣ی٢٠٢٣ لە تەلاری پەرلەمان لەگەڵ نوێنەری پێکهاتەکان کۆبوونەوەو بە پێی کۆنووسی کۆبوونەوەکە دیسانەوە ٩٥٪ ی پێکهاتەکان لەگەڵ ئەوە بوون بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان، هەرێمی کوردستان یەک بازنە بێت، بەشێکیان داوایان کرد بوو تۆماری دەنگدەری خۆیان هەبێ و لە دەنگدانی تایبەت دەنگ بەپێکهاتە نەدرێ و پارتیمان وێڕای ڕێزگرتن لە ئیرادەی پێکهاتەکان، لە لایەن خۆیانەوە هەر پێشنیار و سەرنج و گۆرانێک لە شێوەی هەڵبژاردنەکانیان هەبێت، پشتیوانیان دەبێت. 7. پارتیمان رژدو سورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و لەم سۆنگەیەشەوە رێزدار کاک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لە هەمانکاتدا جێگری سەرۆکی پارتیمانە بە فەرمانی هەرێمی ژمارە (٩٠) لە ٢٦/٣/٢٠٢٣ واژۆی کردو رۆژی ١٨ی ١١ی ٢٠٢٣ ی وەک رۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی دیاری کرد.  هەروەها لە لایەن رێزدار کاک مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە هەمانکاتدا جێگری سەرۆکی پارتیمانە بە فەرمانی ژمارە (١٤٧٢) لە رۆژی ١٦ی ٤ی ٢٠٢٣، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردن بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان. 8. بەشی هەڵبژاردنی مەکتەبی سیاسی پارتیمان لە هەموو کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی هەڵبژاردنی لایەنەکان و پسپۆڕانی بواری هەڵبژاردن لە یۆنامی، بەردەوام جەختیان لە پابەندبوون بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەمساڵدا کردۆتەوەو لەو پێناوەشدا وەک هەڵوێستی ڕوون و ئاشکرای پارتیمان لە هەموو بابەتەکانی پەیوەست بە ٤ بازنەیی، تۆماری بایۆمەتری عێراق، ئامارەکانی عێراق بۆ دابەشکردنی کورسیەکان بەسەر پارێزگاکان، هەموو ئامادەیی و هەنگاوە پێویستیەکانیان ناوە. ئێستاش کە کەمتر لە شەش مانگی ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ١٨/١١/٢٠٢٣، پارتیمان سورە لەسەر ئەوەی هەموو لایەنە بەرێزەکان بەکردار، نەک تەنها بە لێدوان، هەنگاوی کرداری بۆ سەرکەوتنی هەڵبژاردن بنێن و لەم رووەوە، وەکو پارتی دیموکراتی کوردستا داوا دەکەین: 1. پەرلەمانی کوردستان ئەرکی یاسایی خۆی ئەنجام بدات بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و سەرجەم پێشنیازە یاسا پێشکەشکراوەکان لە لایەن پارتیمان و لایەنەکانی دیکەش، بخرێنە بەرنامەی کارو خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ بکرێ و خەسڵەتی بە پەلەیان پێ بدرێ و رێککەوتنی بەرپرسانی هەڵبژاردنی لایەنەکان لەسەر ٤ بازنەیی و تۆماری بایۆمەتری و بەکارهێنانی ئامارەکانی عێراق و خواستی پێکهاتەکان بۆ تۆماری تایبەتی خۆیان بکرێنە بنەما بۆ راپۆرتی هاوبەشی فراکسیۆنەکان تاوەکو خوێندنەوەی دووەم و پێکەوە دەنگدانی لەسەر بکرێ لە زووترین کات. 2. داوا لەسەرجەم نوێنەرانی وڵاتان و یۆنامی دەکەین هاوکاری ئەم پرۆسەیە بن و هەڵوێستی پارتیمان لەبەرچاوبێت و هەر کەس و لایەنێک کۆسپ و تەگەرە بۆ ئەم هەنگاوانە دروست دەکات لە هەڵوێستی دژە دیموکراسی و دژە هەڵبژاردن ئاگادار بکرێنەوە. 3. داوامان لەسەرجەم لایەنە سیاسیەکان و فراکسیۆنە پەرلەمانیەکانە، پاڵپشت و هاوکاری راستەقینەی سەرخستنی ئەم پرۆسە دیموکراسیەبن. 4. دەستخوشی و پێزانینمان هەیە بۆ هەوڵ و هەڵوێستی فراکسیۆنی پارتیمان لە پەرلەمانی کوردستان و دەستەی سەرۆکایەتی و فراکسیۆنە بەرێزەکانی دیکە بۆ دەنگدان و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە دانیشتنی ئەمرۆ ٢٢ ی ٥ ی ٢٠٢٣. 5. فراکسیۆنی پارتیمان لە پەرلەمانی کوردستان رادەسپێرین بۆ بەردەوامی بەجێگەیاندنی ئەرکی پەرلەمانییان بە هەماهەنگی و هاوکاری لەگەل فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمان.                                                                   مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ٢٢ـی ٥ـی ٢٠٢٣

وەزیری دەرەوەی سوریا رایگەیاند، بە مەرجێک پەیوەندیەکانیان لەگەڵ تورکیا ئاسایی دەکەنەوە کە سوپاکەی کە خاکەکەیان بکشێنێتەوە. فەیسەڵ مەقدید وەزیری دەرەوەی سوریا دوای ئەوەی وڵاتەکەی گەڕایەوە نێو کۆمکاری عەرەبی، بۆ کەناڵی روسیا تۆدەی، لەبارەی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ تورکیا و ناوچەکە قسەی کرد. فەیسەڵ مەقدید لە چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، کاتێک بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە کە تورکیا هەموو هێزەکەی لە باکوری سوریا بکشێنێتەوە. وەزیری دەرەوەی سوریا دەشڵێت، لە کاتێکدا کە ئەنقەرە بەشێک لە خاکی سوریای داگیرکردووە، حکومەتی سوریا ناتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە ئاسایی بکاتەوە. بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریاش، مانگی ئازار لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاکانی روسیا رایگەیاندبوو، تاوەکو سوپای تورکیا لە خاکی سوریا نەکشێتەوە، هیچ واتایەکی کۆبونەوەی نێوان ئەو و ئەردۆغان نییە و وتبووی، " پێویستە تورکیا دەست لە پشتگیریکردنی گروپە تیرۆریستیەکان هەڵبگرێت و هەوڵ بدات دۆخی سوریا بگەڕێتەوە بەر لە شەڕی ناوخۆیی وڵات، ئەو کاتە پەیوەندیەکان دەتوانرێت ئاسایی بکرێنەوە." پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان سوریا و تورکیا لە کۆتایی ساڵی رابردوو دەستی پێکرد. تورکیا لە رێگەی روسیاوە دەستپێشخەری کرد و تاوەکو ئێستا چەندین جار بەرپرسانی سەربازی و هەواڵگری تورکیا و سوریا بە نێوەندگیری روسیا و چاودێری ئێران لە مۆسکۆ کۆبونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ نزیکبوونەوەیەک رووی نەداوە.

هاوڵاتی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بۆ جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی رێکخستنی دارایی کۆبونەوە و بڕیاردرا هەرچی زوو بەیەکەوە بەستنەوەی بانک و گەنجینەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سیستمێکی ئەلکترۆنییەوە جێبەجێ بکرێن، سەرۆکی حکومەت رایگەیاند،" بە هاوکاری پسپۆڕ و شارەزایانی ناوخۆ و بیانی، کار لەسەر دروستکردنی سیستەمێکی دارایی و بانکی پێشکەوتوو و هاوچەرخ لە هەرێمی کوردستان دەکرێت."   دەقی راگەیەندراوەکەی حکومەت: ئەمڕۆ دووشەممە 5/22 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی هەرێمی کوردستان کرا. لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاری کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو کە تێیدا بە کۆی دەنگ بڕیاری ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێم پەسەند کرا و سەرۆک وجێگری سەرۆک وەزیران سەرپشککران بۆ دەستنیشانکردنی میکانیزمیی بە پەلە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە. دواتر گفتوگۆ لەبارەی داڕشتنی میکانیزمێکی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی داهات و خەرجییە گشتییەکان لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان کرا. جەخت لەوە کرایەوە کە دابینکردنی مووچە وەک ئەولەویەتی خەرجیەکان و مامەڵەکردنی وەک خەرجییەکی سیادی ، کاری لە پێشینەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، هەرچی خەرجیە گشتیەکانی دیکەشە، پێویستە بە شێوەیەکی دادپەرورانە و لە سەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان ، لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابەش بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش، لە کۆبوونەوەکە دوای گفتوگۆ، بڕیاردرا بە یەکخستنی ئەژمێری بانکیی سەرجەم سەرچاوەکانی داهات لە سەرتاسەری هەرێم لە یەک حسابی بانکیدا وکۆتایی هێنان بە دابەشکاریی ڕێژەیی. هەروەها بڕیاردرا، هەرچی زوو بەیەکەوەبەستنەوەی بانک وگەنجینەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سیستمێکی ئەلکترۆنییەوە جێبەجێ بکرێن، هەم بۆ پاراستنی داهاتی گشتی و هەم بۆ برەودان بە شەفافیەت لە داهات وخەرجیەکان بە ئاراستەی داڕشتنی پلانیی خەرجیی بە مەبەستی هێنانەدیی هاوسەنگیی لە نێوان داهات وخەرجیەکان. لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە ئێستا بە هاوکاری پسپۆڕ و شارەزایانی ناوخۆ و بیانی ، کار لەسەر دروستکردنی سیستەمێکی دارایی و بانکی پێشکەوتوو و هاوچەرخ لە هەرێمی کوردستان دەکرێت. لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە ، باس لە ماف وشایستە داراییەکانی هەرێم لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق کرا کە ئێستا لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانە ، هەڵوێستی حکومەتی هەرێم لە پابەند بوون بە ڕێککەوتننامەی نەوتیی 2023/4/4و بڕگەکانی هاتوو لە پڕۆژە یاسای بودجە کرایەوە، سوپاسی هەموو ئەوانەش کران کە ڕۆڵیان هەبوو لەو گۆڕانکارییانەی کە لە پڕۆژە یاسای بودجە کرا بە ئاراستەی لابردنی ئەو دەستەواژانەی کە کۆتوبەندبوون لەسەر ناردنی بەشە بودجەی شایستەی هەرێم، و دەستخۆشی لە ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران وئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنە کوردستانیەکان کرا کە یەک دەنگ داکۆکیان لە ماف وشایستە دەستووریەکانی هەرێم کردوەو هەموو هەوڵەکان یەکبخرێن لە پێناوی دابینکردنی مووچە وبژێوی هاووڵاتیانی هەرێم لە بودجەی عێراقی فیدڕاڵ. لە کۆبوونەوەکە ، داواشکرا حکومەتی فیدڕاڵیی و لایەنە سەرەکیەکانی پێکهێنەری کابینەی وەزاری، بە پێی دەستوور، پابەندبن بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان و زامنکردنی شایستە ومافەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق.  

هاوڵاتی نوسینگەگەی ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە،  بەرنامەی دانیشتنی ژمارە (4)ی رۆژی دووشەممە 22/5/2023 کە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەژێر رۆشنایی ئەو دەسەڵاتەی لە بڕگەی سێیەم لە ماددە (18) لە پەیڕەوت ناوخۆ پێیدراوەو تێیدا هاتووە (کردنەوەی خول و دانیشتنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتیکردنیان، کۆتاییپێهێنان و دواخستنیان، دەستنیشانکردنی کاتی ئەنجامدانیان) دانیشتنی ئاماژە بۆ کراوی سەرەوە دواخراوەو کۆتایی پێهات. نوسینگەی سەرۆکی پەرلەمان ڕاشیگەیاند "لێرەوە ڕایگدەیەنین هیچ دەرئەنجامێکی ئەو دانیشتنە دوای دواخستنی بەهای یاسایی و پەیڕەوی نابێت." دەشڵێت، " بەپێی بڕگەی (11)ی ماددەی (18) دەسەڵاتی واژووکردنی سەرجەم نووسراوەکانی پەرلەمان تەنها لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمان دایەو بەڕێزیان ئەو دەسەڵاتەی بەکەسی تر نەداوە مومارەسەی بکات، بۆیە هەر نووسراوێک بەبێ واژووی سەرۆکی پەرلەمان بۆ هەر دامەزراوەیەک بنێردرێت هیچ بەهایەکی یاسایی نییە." ئەمڕۆ پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كۆبوویەوە و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم، یەكێك بوو لە خاڵەكانی بەرنامەی كاری دانیشتنەكە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێشتر سەرۆكی پەرلەمان دژی زیادكردنی ئەو بڕگەیەبوو بۆ دانیشتنی ئەمڕۆ، بۆیە دانیشتنەكەی بۆ كاتێكی نادیار دواخست.

هاوڵاتی فراکسیۆنی پارتی دەڵێ، بە دەنگی 58 پەرلەمانتار و بەبێ دەنگی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان کاراکراوەتەوە و فراکسیۆنی یەکێتیش ڕەتی دەکاتەوە. لەم بارەیەوە زیاد جه‌بار، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، كۆمسیۆن كرا نه‌كراوه‌ته‌وه‌ و فراكسیۆنه‌كه‌ی رێگه‌ی له‌ كارێكی نایاسایی گرتووه‌. وتیشی، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان رۆڵێكی خراپ ده‌گێڕێت. ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو"ده‌یانه‌وێت كۆتایی به‌ به‌كارهێنانی پێكهاته‌كان بهێنن و هه‌ركاتێك ته‌بایی هه‌بووبێت، فراكسیۆنی پارتی تێكیداوه‌." کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممە 22ـی ئایاری 2023ـی پەرلەمانی کوردستان بە ئاڵۆزی دەستیپێکرد، کاتێک دوێنێ بەبێ رەزامەندیی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لەلایەن جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمانەوە خرایە بەرنامەی کارەوە. سەرەتای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ دوای دروستبوونی ئاڵۆزی، رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەکەی دواخست، بەڵام هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان رەتیکردەوە کۆبوونەوە دوابخرێت و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی خستە دەنگدانەوە. فراکسیۆنی پارتی دەڵێت بە دەنگی 58 پەرلەمانتار و بەبێ دەنگی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان کاراکراوەتەوە و فراکسیۆنی یەکێتیش ڕەتی دەکاتەوە. هاوکات سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش ڕایگەیاند، دانیشتنەکەی ئەمڕۆ مردووەو مردوش زیندوو ناکرێتەوە.  

هاوڵاتی لە ئۆپراسیۆنی هێزە ئەمنیەکانی تورکیادا لە ئەنقەرە و ناوچەکانی ١٩ هاوڵاتی کورد دەستگیرکران ، هێزە ئەمنیەکانی تورکیا لەسەر فەرمانی دادگای ئەنقەرە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ژمارەیەک هاوڵاتی کورد. بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، ١٩ هاوڵاتی کورد دەستگیرکراون و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە بەشداریان لە ئاهەنگەکانی نەورۆزدا کردووە لە مانگی ئازاردا. بەگوێرەی زانیاریەکانی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، لەنێو دەستگیرکراوەکاندا، ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و لایەنگرانی ئەو پارتە هەیە. دەستگیرکراوەکان بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئەنقەرە گواستراونەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ٢٨ی ئەم مانگە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوە دەچێت. هێزە ئەمنیەکانی تورکیا پێشتریش بەر لەوەی خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە ١٤ی ئایاردا دەست پێبکات، ئۆپراسیۆنێکیان لەدژی ئەندام و بەڕێوەبەرانی هەدەپە، رۆژنامەنووس و سیاسەتمەدارە کوردەکان ئەنجام دابوو و زیاتر لە ٢٠٠ کەسیان دەسگیر کردبوو کە ژمارەیەکیان تاوەکو ئێستاش لە زینداندان.

کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمینداری نوێ بۆ ئەنجومەنی ئاسایش دەستنیشان دەکات و عەلی شەمخانی لەو پۆستە لادەبات. بە بڕیاری ئیبراهیم رەئسیی، سەرۆک کۆماری ئێران عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران دەبێتە ئەمینداری نوێی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی. رەئیسی لە فەرمانێکدا سوپاس و پێزانینی بۆ 10 ساڵ کارکردنی عەلی شەمخانی وەک ئەمینداری پێشوی ئەنجومەنەکە دەربڕیوە و ئەحمەدیانی وەک ئەمینداری نوێ دەستنیشان کردوە. عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان لە دایکبوی شاری کرمان لە باکوری رۆژهەڵاتی ئێرانە کە تەمەنی 62 ساڵە و یەکێکە لە فەرماندە دەریاوانییەکانی سوپای پاسداران و بەشداریی لە شەڕی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران کردوە و هەڵگری بڕوانامەکانی مەستەر لە زانستی بەرگریی و دکتۆرا لە بواری بەڕێوبەرایەتیی ستراتیژییە. لە دوای ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەنگۆی ئەوە هەبوە بەهۆی ناکۆکییەکانی دوو باڵی محافزکار و ریفۆرمخوازی کۆماری ئیسلامی، عەلی شەمخانی کە بە رۆحی قاسم سولەیمانی ناوی دەهێنرا لە پۆستی ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی ئێران لادەبرێت. دوێنێ یەکشەممە شەمخانی بە دانانی هۆنراوەیەک باسی لە رۆیشتنی و ئاماژەی بە راست دەرچونی ئەو دەنگۆیانە کرد. شەمخانی کە بە رەچەڵەک لە نەتەوەی عەرەبە، بەرزترین پلەی سەربازیی لە نێو کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە و بەهۆی هەنگاوەنکانی بۆ یەکخستن و توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتانی کەنداو مەدالیای (عەبدولعەزیز)ی وڵاتی سعودیەی پێبەخشراوە. لە ماوەی رابردودا بە بڕیاری عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران سەرپەرشتیی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ریاز-ی کرد و هاوکات زیاترین هەوڵی دا بۆ چەک کردن و دورخستنەوەی پارتەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان. خامنەیی، راستەوخۆ گرێکوێرەکانی پەیوەندییە سیاسیی و ئەمنیی و سەربازییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی دراوسێی دەداتە دەست شەمخانی و بەوەش رۆڵی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی سوپای قودس دەگێڕا کە ساڵی 2020 لەسەر دەستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی بەغدا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کوژرا. شەمخانەی تەنها کەسی سەربازیی ئێرانە کە پلەی دەریاوانی هەیە و لە روی سەربازییەوە فەرماندەیی دەیان شەڕی لە سەردەمی جەنگی ئێران و عێراق گێڕاوە و تەنها کەسێکە کە لە ماوەی 40 ساڵدا هیچ کاتێک پەراوێز نەخراوە و باڵی ریفۆرمخواز و محافزکاری کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامی لە پۆستە هەستیارەکاندا پشتیان پێبەستوە. ئەو کە بە نوێنەری عەلی خامنەیی لە ئەنجومەنی ئاسایش لەقەڵەم دەدرا لە ماوەی رابردودا جموجۆڵەکانی بەشێوەیکی بەرچاو زیادی کردبو بە جۆرێک وەزیری دەرەوەی ئێران لە ماوەی دوە هەفتەدا بە قەدەر شەمخانی گەشتی بۆ چین و عێراق و ئیمارات  وڵاتانی دیکە نەکردوە و دەوترێت شەمخانی وەزیری دەرەوەی ناو بازنەی سیاسەتی دیپلۆماسیی خامنەیی وەک لوتکەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە.