سلێمانی؛ چی دیكە باجی كورتهێنانی دارایی نادات
لەمەودوا مووچە بەسێ رۆژ لەهەرێم دابەش دەكرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بارزانی و تاڵەبانی لەسەر پرسە داراییەكانی هەرێم رێككەوتن و ئەو كورتهێنانە داراییەی كە لەسەرەتای ئەمساڵدا بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و مینحەی شەهیدان دروست نەبوو چارەسەركرا لەڕێگەی ئەو وەرەقە چاكسازییەی تیمی یەكێتی بۆ مەسرور بارزانی ئامادەی كردبوو.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم رۆژی دووشەممە كۆبوونەوەو تێیدا بڕیاردرا كەدابەشكردنی مووچە بكرێتە سیادی، كەپێشتر تیمی یەكێتی لەحكومەت داوایان كردبوو رێژەی 43% بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو 57% بۆ پارێزگای هەولێرو دهۆك نەمێنێت و ئەوە جێبەجێكرا.
بەهۆی میكانیزمی 43% بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو 57 بۆ پارێزگاكانی هەولێرو دهۆك، كورتهێنانی دارایی بۆ مووچە دروست دەبوو بەتایبەت دوای بایكۆتكردنی تیمی یەكێتی لەمانگی تشرینی دووەمی 2022، كە بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی سلێمانی نزیكەی 750 ملیار دینار قەرزارە بەهۆی كورتهێنانی داراییەوە كە لەسەرەتای كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمەوە دەستیپێكردووە.
لەڕێكخستنەوەی دارایی گشتی سەرجەم داهاتەكان دەكرێنە سەر یەك هەژماری بانكی و وەزارەتی دارایی لێی بەرپرس دەبێت و سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی لەنزیكەوە چاودێری دەكەن.
هەروەها رێكخستنەوەكە شەفافیەتی داهات زیاتر دەكات و ئەولەویەتی حكومەت بۆ دوانەخستنی دابەشكردنی مووچە بەرجەستە دەكات، بۆ ئەو مەبەستەش دوێنێ سێشەممە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حكومەت لەنووسراوێكدا جێبەجێكردنی راسپاردەی رێككەوتنەكەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بۆ ئیدارەدانی داهات و خەرجكردنەوەی راگەیاند.
چیتر مووچە لەسەر بنەمای ٪٤٣ بۆ سلێمانی و ٪٥٧ بۆ هەولێر و دهۆک دابەش ناکرێت
بەپێی بڕیارێك كە واژۆی ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری لەسەرەو ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی و دەستەكان كراوە، بەپێی بڕیارێك كە لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دراوە، سەرجەمی داهاتە گشتییەكانی هەرێمی كوردستان رێكدەخرێتەوەو بەناوەندیی دەكرێت.
هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەكراوە كەگشت داهاتەكانی ئەژمێری داخراوی تایبەت بەداهاتی گشتی دابنرێن و بەئیشعار بخرێنەسەر ئەژمێری داخراوی تایبەتی وەزارەتی دارایی و ئابوری لەبانكی منارە.
بەو پێیەی هەرێمی كوردستان رێككەوتنی لەگەڵ حكومەتی عێراق كردووەو لەسەر پڕۆژە بودجەی عێراق كەبڕیارە مانگانە یەك ترلیۆن و 250 ملیار دینار بەكاش بگاتە هەرێمی كوردستان و لەبەرامبەردا هەرێم 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەو نیوەی داهاتی گومرگ بداتەوە بە بەغداد، بۆیە پارتی و یەكێتی لەئاستی حكومەتدا پێیانوایە بەگەشتنی پارەكەی بەغدا زۆربەی كێشە داراییەكان بەتایبەت بۆ مووچە چارەسەر دەبن، چونكە بەغداد تەنها بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و شایستەی دارایی پێشمەرگە نزیكەی 910 ملیار دینار رەوانە دەكات كە بەبێ كورتهێنان مووچەی پێ دابیندەكرێت.
وەزارەتی دارای بەرپرسی یەکەمە لە کورتهێنانی دارایی و مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە نزیکەوە چاودێری دەکەن
سەرچاوەیەك لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەوەی بۆ هاوڵاتی دووپاتكردەوە بۆ لەمەودوا دەبێت مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەو فەرمانگەكان لە سێ رۆژ بۆ یەك هەفتەدا دابەشبكرێت هاوشێوەی عێراق، وتیشی:» ئەگەر پڕۆژەی بودجە وەك ئەوەی ئێستا هەیەو دەستكاری ماددەكانی (12،13،14) نەكرێن كەتایبەتن بەپشكی هەرێمی كوردستان، دۆخی دارایی باش دەبێت و دابەشكردنی مووچە وەك ئێستا نابێت كەمیدیاكان دەیكەنە هەواڵ و سێ هەفتە دەخایەنێت، بەڵكو سێ رۆژ بۆ هەفتەیەك دەخایەنێت».
هەروەها باسی لەوەشكرد حكومەتەكەی سودانی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان پشتیوانی كراوەو بەشدارن لەحكومەتدا و بەشدارن لەئیدارەدانی دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراق» سودانی تێگەیشتووە لەوەی پشتیوانی كردنی كورد پاڵپشتیەكی بەهێزە بۆ بەردەوامی حكومەتەكەی».
هەروەها بەغداد مانگانە زیاتر لە 300 ملیار دینار بۆ وەبەرهێنان رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات لەگەڵ داهاتی نانەوتی كەمانگانە زیاترە لە 200 ملیار دینار، هەرێمی كوردستان پاش دابینكردنی مووچە نیو ترلیۆن دیناری بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ دەمێنێتەوە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، كە لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەستیكەوتووە، تیمی یەكێتی متمانەیان لادروست بووە بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكان، بەو پێیەی چیدیكە كێشەی نەبوونی پارەی كاش بۆ مووچەخۆرانی سلێمانی دروست نابێت كەئەوە وەك خۆیان دەڵێن لای یەكێتی ئەولەویەتی تیمەكەیان بووە.
هەروەها رێككەوتنی تیمی پارتی و یەكێتی لەسەر دانەوەی قەرزەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەكراوە كە زیاترە لە 30 ملیار دۆلار بەپێی داتای فەرمی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام ئەو پرسەش پاش پەسەندكردنی بودجەو بەدیاركەوتنی مانەوەی پارە پاش دابینكردنی مووچە گفتوگۆی چڕی لەسەر دەكرێت، بۆ ئەوەی بەشێك لەو پارانە بۆ دابینكردنی پڕۆژەی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری تەرخان بكرێت و بەشێكی بۆ دانەوەی قەرزەكان بێت.
بەپێی زانیارییەكانی بەردەست هاوڵاتی، پارتی دیموكراتی كوردستان بەرنامەی بۆ ئەو پارەیە دیاری كردووە كە لەبەغداوە بۆ هەرێم رەوانە دەكرێت و دەیانەوێت زۆرینەی ئەو پارەیە بۆ پاكتاوی قەرزەكانی حكومەت دابین بكەن، بەڵام یەكێتی دەیەوێت بەشی زۆری ئەو پارەیە بۆ پڕۆژەكان خەرجبكرێت.
بەرپرسانی كارگێڕی لەسلێمانی هۆشدارییان داوەتە یەكێتی كە دوای پەسەندكردنی پڕۆژە بودجەی عێراق پێویستە ئاوەدانی و دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكان بەچڕی لەسەرجەم ناوچەكان دەستپێبكاتەوەو پارەی بەڵێندەرانی سنورەكە بدرێتەوە تاپڕۆژەی نوێ وەربگرن، ئەو هۆشدارییەش بەفەرمی گەیەندراوەتە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم.