هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ  وەزارەتی بەرگری پۆڵەندا رایگەیاندووە، سنوورەکەیان لەگەڵ بێلارووس بەهێزتر دەکەن، ئەوەش بۆ رێگریکردنی کۆچی نایاسایی لە بێلارووسەوە بۆ ناو پۆڵەندا و دواتریش بۆ وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا. رۆژی پێنجشەممە 9-5-2024، کۆشینیاک کامیژ، وەزیری بەرگریی پۆڵەندا بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "بەربەستی سەر سنووری پۆڵەندا و بێلارووس بەهێزتر دەکەین. ئەو بودجەیەی بۆمان دابینکردووە، گەورەترینە لە مێژووی پۆڵەندادا". ئەو بەرپرسەی پۆڵەندا ئەوەشی خستەڕوو، زیادکردنی هێزی سەربازیی پۆڵەندا و هاوپەیمانانی لە نزیک سنوورەکانی بێلارووس، دەبێتە رووگەیەکی بەهێز بۆ ناتۆ و وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپاش. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە لە نزیک سنووری بێلارووس و کالینینگراد هێڵێکی بنکەی سەربازیی بەرگری دروستدەکەن و کەند لێدەدەن، تاوەکو خۆیان لە لێشاوی کۆچبەری نایاسایی بپارێزن. لای  پۆڵەندا وایە، ئەو ژمارە زۆرەی کۆچبەر کە هەوڵدەدەن لە بێلارووسەوە بچنە پۆڵەندا و یەکێتی ئەوروپا، لەلایەن بەرپسانی مینسک و مۆسکۆوە هاندەدرێن، بۆیە بەرپرسانی وارشۆ هەموو هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی ئەو دیاردەیە دەدەن. پۆڵەندا لە 5 ساڵی رابردوودا وەک دەرچەیەک بۆ چوونە ناو ئەوروپاوە لەلایەن کۆچبەرانەوە سەیردەکرێت، بەتایبەت لە دوای لاشاوە زۆرەکەی لە 2019دا رووی لەو وڵاتە کرد کە بەشێکی کۆچبەرەکان هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان بوون. بە گوێرەی ئاماری حکومەتی پۆڵەندا، لە 2021دا رێگەیان لە لانیکەم 30 هەزار و 781 پەڕینەوەی نایاسایی لە بێلارووسەوە بۆ ناو وڵاتەکەیان گرتووە؛ ژمارەکە لە 2022دا 12 هەزار و 157 کەس بووە. لە 2023شدا زیاتر لە 30 هەزار کەس هەوڵی چوونەژوورەوەیان داوە و لەو ژمارەیە 13 هەزاریان گەیشتوونەتە ئەڵمانیا و 17 هەزاریشیان دەستگیرکراون. لە رابردوودا چەندین جار بەرپرسانی وارشۆ رووسیا و بێلارووسیان بەوە تۆمەتبارکردووە کە هەوڵی ناسەقامگیرکردنی پۆڵەندا بە رێگەدانی چوونی کۆچبەری نایاسایی بۆ ناو وڵاتەکەیان دەدەن؛ ئەوەش لەبەر ئەوەی پۆڵەندا هاوپەیمانێکی سەرەکی ئۆکراینایە و ئەندامە لە ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ سەرۆکی رووسیا لە گوتارەکەیدا لە یادی بردنەوەی رووسیادا لە جەنگی جیهانی دووەم دەڵێت، وڵاتانی رۆژئاوا مەترسیی جەنگێکی دیکەی جیهانی دروستدەکەن؛ دەشڵێت هیچ کەس بۆی نییە هەڕەشە لە گەورەترین هێزی ئەتۆمی بکات. رۆژی پێنجشەممە 9-5-2024، ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە گۆڕەپانی سوور لە مۆسکۆی پایتەختی ئەو وڵاتە گوتارێکی لەیادی بردنەوەی یەکێتی سۆڤیەت لە ئەڵمانیای نازی ئەوکات پێشکێشکرد و گوتی، "ئەو سەرکردە لەخۆباییانەی رۆژئاوا" بیریانچۆتەوە یەکێتی سۆڤیەت چی رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە تێکشکاندنی نازییەکان هەبوو. هاوکات دەڵێت، رۆژئاوا بەم کارانەی مەترسیی پێکدادانی جیهانی زیاتردەکات، "ئێمە دەزانین ئەم دنەدانانە بەرەو کوێ دەڕۆن، رووسیا هەموو شتێک بۆ رێگریکردن لە جەنگی جیهانی دەکات"، بەڵام لە هەمان کاتدا "رێگە بە کەس نادەین هەڕەشەمان لێبکات. هێزە ستراتیجییەکانمان بەردەوام لە دۆخی ئامادەباشیی جەنگدان". وڵاتانی رۆژئاوا بەیەکەوە رژدن لەسەرئەوەی لە جەنگی ئۆکراینادا لە رووسیا ببەنەوە کە لە 2015ـەوە 18٪ی خاکی ئۆکراینای کۆنترۆڵکردووە؛ ئەمە بە کریمیاشەوە. رۆژئاوا دەڵێن رووسیا "داگیرکەرە" و کرێملنیش دەڵێت، ئەوانە بەشێک لە خاکی ئیمپراتۆرییەتی رووسیا و بوون ئێستاش بەشێکن لە وڵاتی رووسیا. کاژێر 11:01 خولەکی شەوی 8ی ئایاری ساڵی 1945، سوپای نازییەکانی ئەڵمانیا کە هیتلەر سەرکردایەتی دەکردن تێکشکان، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەمریکا ئەو رۆژەیان بە "بردنەوەی رۆژی ئەوروپا" دیاریکرد. بەڵام لە رووسیا 9ی ئایار دیاری کراو بە ناوی "رۆژی بردنەوە" ناونرا و رووسییەکانیش ئەو جەنگە چوار ساڵییەی لەگەڵ نازییەکان لە 1941 بۆ 1945 کردیان بە “جەنگی گەورەی پاتریۆت” ناودەبەن.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ جۆ بایدن لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی دەڵێت، زۆر بە جوانی ئەوەم بۆ نەتانیاهو روونکردووەتەوە کە ئەگەر پێبخەنە ناو ناوەندەکانی نیشتەجێبوونی رەفەحەوە لە غەززە، هەناردەی چەک رادەگرم. دەشڵێت، ئەمریکا بەردەوامدەبێت لە پاراستنی ئیسرائیل. شەوی چوارشەممە 8-5-2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ کەناڵی بی بی سی ئەمریکی هەڤپەیڤینێکی بڵاوبووەوە. دەڵێت، ئەگەر ئیسرائیل بچێتە ناو رەفەحەوە ناردنی چەک رادەگرم. ئەم قسانەی سەرۆکی ئەمریکا لەکاتێکدایە، ئیسرائیل سوورە لەسەر داگیرکردنی رەفەح کە وەک خۆی دەڵێت ئامانج لێی لەناوبردنی یەکجاری حەماسە. بایدن دەڵێت، "هێشتا نەچوونەتە ناو سەنتەری شاری رەفەحەوە، ئەو هێرشەی کردوویانە رێک لەسەر سنوورەکەیە. بەڵام بە ئەوەم بە روونی بە ناتانیاهو و دەستەی جەنگ گوتووە، ئەگەر بچنە ناو شارەکەوە، پاڵپشتیی ئێمەیان نابێت". هەرچەندە بایدن دەزانێت چەکەکانی ئەمریکا لە کوشتنی هاووڵاتی سڤیلدا بەکارهاتوون، بەڵام کاتێک رۆژنامەنووسەکە لێیدەپرسێت، ئایا ئیسرائیل "هێڵی سووری" تێپەڕاندووە، بایدن دەڵێت، "نا، هێشتا نا". بە گوێرەی رێکخراوی ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە، کە رێکخراوێکی ناحکومی ئەمریکییە، لە 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تا ناوەڕاستی مانگی نیسانی ئەمساڵ، ئیدارەی بایدن بە بەهای 18 ملیار دۆلار چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی جەنگیی بۆ ئیسرائیل ناردووە، لە نێویاندا 50 فڕۆکەی ئێف 15 بوونی هەیە. شەڕی حەماس و ئیسرائیل ئێستا پێیناوەتە مانگی حەوتەمەوە؛ لە دوای ئەوە دەستیپێکرد حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی پاردا پەلاماری ئیسرائیلیدا و 1200 هاووڵاتی سڤیلی کوشت و 250ی دیکەشی بە بارمتە گرت. ئیسرائیل راستەوخۆ هێرشی کردەوە سەر غەززە و تاوەکو ئێستا 34 هەزار و 800 هاووڵاتی سڤیلی فەڵەستینی بەهۆی ئەو شەڕەوە کوژراون.

هاوڵاتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، لێخۆشبوونی گومرگی بۆ کەرەستە سەربازییە هاوردەکراوەکانی پێشمەرگە دەرکراوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ی ئایاری 2024، وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دوای کۆبوونەوەی دوێنێ 8ی ئایاری 2024ی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتیی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی و بەبەشداری فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگه بەڕێوەچوو، کۆمەڵێک بریار و راسپاردە دەرکران لەوانە، لێخۆشبوونی گومرگی بوو لەو کەرەستە سەربازییانەی کەوەزارەتی پێشمەرگە دەتوانێت هاوردەیان بکات لەچوارچێوەی پرچەککردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان". ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەم بریارە دەبێتە دەسکەوتێکی گرنگ بۆ مێژوی هێزی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان". ئەوەشخراوەتەڕوو، "دوای بەرەوپێشچونی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سووپای عێراق هاوکات بەشداربوونی سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەکۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق و پاڵپشتی راستەوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تێگەیشتنی زۆری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەچارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هۆکاری سەرەکی بوون بۆ دەرکردنی ئەم بریارە".

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد ماوەی دوو هەفتەیە لە ناحیەی سەرگەڕان لە سنووری پارێزگای کەرکوک سوپای عێراق رێگری دەکات لەوەی جوتیارانی سنوورەکە بەرهەمەکانیان دروێنە بکەن. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ی ئایاری 2024، محەمەد ئیسماعیل، نوێنەری جوتیارانی ناحیەی سەرگەڕان بە هاوڵاتی راگەیاند، "دوێنێ چوارشەممە عەرەبە هاوردەکانی ئەو سنوورە بڕیاریاندا خێمەیەکی مانگرتن هەڵبدەن لە دژی ئێمە بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانمان، ئێمەش بەرەنگارییان بووینەوە هەندێک گرژی دروستبوو". ئاماژەی بەوەشکرد، "دوای دروستبوونی گرژییەکە سوپای عێراق هاتە نێوانمان، ئێستا عەرەبە هاوردەکان لە گوندی پەلکانە خێمەیان هەڵداوە، بڕیارە ئەمڕۆش لیژنەیەکی وزاری بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، تائێستا نازانین لیژنەکە لە کێ و کێ پێکهاتووە". نوێنەری جوتیارانی ناحیەی سەرگەڕان وتی، "ئەو بەڵێنانەی پێمان دراوە چاوەڕوانین جێبەجێ بکرێت، بەهۆی ئەوەی لەو ناوچانە سوپای عێراق بڕیاردەرە چاوەڕوانی بڕیاری سوپا دەکەین و بزانین بڕیارییان چییە". ناحیەی سەرگەڕان لە سنووری پارێزگای کەرکوک لە ژمارەیەک گوند پێکهاتووە، لەوانە، گوندەکانی پەلکانە، شەناغە، سەربەشاخ، خەرابە و گابەرەکە چەند گوندێکی دیکەش، لە دوای ساڵی 2017وە هەموو ساڵێک لە کاتی دروێنە و تۆوکردن ئەو کێشانەیان رووبەڕوو دەبێتەوە، زەوی ئەم گوندانە بەشێکن لە زەوی کەرکوک و کێشەیان لەسەرە لەنێوان کورد و عەرەبی هاوردەدا.

هاوڵاتی بڕیارە ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی چواری لیوا هاوبەشەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت. بەپێی ئەو زانیارییانەی هاوڵاتی لە سەرچاوەیەکی تایبەت لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی کوردستان وەریگرتووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی ئایاری 2024 مووچەی مانگی چواری لیوا هاوبەشەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دابەشدەکرێت، ژمێریاری وەزارەت نووسراوێکی ئاڕاستەی لیواکان کردووە فەرمانی کردووە، کە مووچە بەو پێشمەرگانە نەدرێت کە ناویان لە هەژماری من تۆمار كردووە، بەڵام تا ئێستا كارتەكەیان وەرنەگرتووەتەوە. بەپێی ئەو نووسراوە بێت ئەمڕۆ تەنها مووچەی ئەو کەسانە دەدرێت کە کارتی هەژماری من- یان هەیە و پێویستە لەکاتی وەرگرتی مووچەکە ئەو کارتەیان پێبێت.  هەروەها بەپێی وتەی پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت هیچ بەربەستێک لەبەردەم ناردنی پارەی مووچە لە بەغداوە نەماوە، پێدەچێت لەم چەند رۆژەدا بەغدا پارە بنێرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رێژەی بارانبارینی 12 کاتژمێری رابردووت بڵاوکردەوە، رێژەی بارانبارینەکە لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە ملم: ئاکرێ 0.2 ئاميدي 1.4 بامةرني 1.4 بارزان 0.6 بازیان0.2 حاج ئۆمەران 1.2 هەڵشۆ 0.2 سۆران 0.2 پێنجوین 3.2 مێرگەسۆر 0.6 سیدەکان 0.2  سلێمانی 0.6  دهۆک  دڵۆپ زاخۆ دڵۆپ ئاماژە بەوەشکراوە، "کەش بۆ ئەمشەو سەقامگیر دەبێت بۆ زۆربەی ناوچەکان تەنها ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکوور نەبێت کەمێک نمە باران دەبارێت".

هاوڵاتی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، ئاگاداری سەرجەم شۆفێران و کاسبکاران و دوکاندارەکانی ناو بازاڕ دەکاتەوە کە شەقامی ژێر پردەکە بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەربەست دەکرێت. ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ی ئایاری 2024 سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بەمەبەستی کارکردن و چاککردنی بەشێک لە قیری شەقامی مەحوی لە ناو بازاڕ، رۆژی شەممە رێکەوتی 2024/5/11 لەبەردەم مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی تا شەقامی سەیوان نزیک بازاڕی دۆلارەکە، شەقامەکە بەربەستدەکرێت. هەروەها، ئاگاداری سەرجەم خاوەن دوکان و خاوەن گەنجینەکانی ئەو شەقامە دەکاتەوە، کە ھەرکارێکی گواستنەوە و ھێنانی کاڵایان ھەیە لە رۆژانی پێنجشەممە و ھەینی ئەنجامی بدەن.

هاوڵاتی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، دوو بەربەست لەبەردەم نەهاتنی مووچەی مانگی چواردا هەیە، یەکەم داهاتی ناوخۆ و دووەم تەوتین بوو، هەردوو بەربەستەکە لابراو، ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵی بە هەمیشەکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست دەدرێت. ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ی ئایاری 2024، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "دوو بەربەست لەبەردەم نەهاتنی مووچەی مانگی چواردا هەیە، یەکەم داهاتی ناوخۆ و دووەم تەوتین بوو، هەردوو بەربەستەکە لابراوە و لەئێستادا هیچ بەربەرستێک لەبەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە نەماوە". ئاماژەی بەوەشکرد، "تا کاتژمێر 4:00ی ئەمڕۆ 16 کەس داوای فۆڕمی بانکی تی بی-یان کردووە بۆ بەشداریکردن لە هەژماری من، هەروەها فەرمانبەران سەرپشکن لە هەژماری من چ بانکێک هەڵدەبژێرن". ئەوەشی خستەڕوو، "زیاتر لە 30 هەزار فەرمانبەری گرێبەست لە هەرێمی کوردستان هەیە و حکومەت هەوڵی بە هەمیشەیکردنیان دەدات". لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان دژی هەر رێگرییەکە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی قەزای شنگال". وتیشی "حکومەتی هەرێـی کوردستان لە هەوڵدایە هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت".

هاوڵاتی بڕیارە سبەینێ مووچەی لیوا هاوبەشەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دابەشبکرێت، بەڵام وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەرجی داناوە بۆ دابەشکردنی مووچە. بەپێی ئەو زانیارییانەی هاوڵاتی لە سەرچاوەیەکی تایبەت لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی کوردستان وەریگرتووە، سبەینێ پێنجشەممە 9ی ئایاری 2024 مووچەی مانگی چواری لیوا هاوبەشەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دابەشدەکرێت، ژمێریاری وەزارەت نووسراوێکی ئاڕاستەی لیواکان کردووە فەرمانی کردووە، کە مووچە بەو پێشمەرگانە نەدرێت کە ناویان لە هەژماری من تۆمار كردووە، بەڵام تا ئێستا كارتەكەیان وەرنەگرتووەتەوە. بەپێی ئەو نووسراوە بێت سبەینێ تەنها مووچەی ئەو کەسانە دەدرێت کە کارتی هەژماری من- یان هەیە و پێویستە لەکاتی وەرگرتی مووچەکە ئەو کارتەیان پێبێت. 

هاوڵاتی بانكی بازرگانی عێراق رایگه‌یاند، به‌شداری له‌ پڕۆسەی "ته‌وتین"ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و لە ئێستادا چاوەڕێی لیستی ناوی ئەو فەرمانبەرانن کە بڕیارە موچەکانیان لە بانکەکە جێگیر بکرێت. بانکی بازرگانی عێراق (TBI) لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی و لەسەر راسپاردەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزترانی عێراق، بانکەکە بەشداری لە پڕۆسەی تەوتینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات. لە راگەیەنراوی بانکی بازرگانی عێراق ئاماژەبەوەشکراوە، شاندێکی پسپۆڕی بانکەکە لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کۆبونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی میکانیزمی تەوتینی موچەی فەرمانبەران کرد. شاندی بانکی بازرگانی عێراق ئاشکرایان کرد، ئامادەیی تەواویان تێدایە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی تەوتینی موچە و دروستکردنی کارتی بانکی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لە ئێستاشدا چاوەڕێی ناردنی لیستی ناوی ئەو فەرمانبەرانەی هەرێمن کە بڕیارە موچەکانیان لە بانکەکەک جێگیر بکرێت. دواى ئه‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌، حكومه‌تى هه‌رێمیش هاته‌ده‌نگ‌و له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا پێشوازى له‌بڕیاره‌كه‌ى بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) ده‌كات‌و جه‌ختده‌كاته‌وه‌، ئه‌و بانكه‌ عێراقیه‌، بەشداری لە(هەژماری من) دەکات. حكومه‌تى هه‌رێم نوسیویه‌تى، "بەخۆشحاڵیەوە ڕایدەگەیەنین کە بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بەشداریی لەپڕۆژەی هەژماری من بۆ بەدیجیتاڵکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەکات، ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه‌ى نوێنەرانی حکومەتی هەرێم‌و تیمی (هەژماری من) لەم هەفتەیەدا، چەندین کۆبونەوەیان لەگەڵ نوێنەرانی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی ئەنجامداو لەکۆبونەوەکاندا، گفتوگۆ لەبارەی میکانیزم‌و پێداویستییەکانی کردنەوەی هەژمارەکان‌و پرۆسەی دروستکردنی کارت‌و بڵاوکردنەوەی ئامێرەکانی ATM لەسەرتاسەری هەرێمدا کرا". حكومه‌تى هه‌رێم جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) هاوتا لەگەڵ شەش بانکی دیکەی پێشەنگی عێراق، بژاردەیەکی فراوانتری بەرهەم‌و خزمەتگوزاریی بانکی بەهاوڵاتییان دەبەخشێت، ئەمەش هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ موچەخۆرانی کەرتی گشتی لەهەرێم‌و کەرتی دارایی عێراق، ئێمە خۆشحاڵین بەم هاوبەشییەو ئەو سودانەی کە لەم ڕێگەیەوە بەخەڵکی هەرێم دەگات".

هاوڵاتی کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایاگەیاند، بارانبارین کۆتایی دێت و رۆژانە پلەکانی گەرما 2 پلە بەرزدەبنەوە. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان پێشبینیی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 8ـی ئایاری 2024، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت، لە ناوچە شاخاوییەکان هەوری زیاتر دەبێت لەگەڵ ئەگەری بارانبارینی کەم لەسەر هەندێک ناوچەی شاخاوی و ناوچە سنوورییەکان. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمڕۆ خێرایی با لەسەرخۆ و مامناوەند دەبێت و پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە بەراورد بە دوێنێ. کەشناسی ئەوەشی خستووەتەڕوو، سبەی پێنجشەممە، ئاسمان پەڵەهەور و نیمچەهەور دەبێت و پلەکانی گەرما بە یەک بۆ دوو پلە بەرزدەبنەوە.  دەشڵێت، لەمڕۆوە تاوەکو رۆژی شەممەی داهاتوو، پلەکانی گەرما رۆژانە بە دوو پلەی سیلیزی بەرزدەبنەوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : ٢٧ سلێمانی: ٢٥ دهۆک : ٢٤ زاخۆ : ٢٥ هەڵەبجە :٢٧ کەرکوک: ٢٩ گەرمیان : ٣٢ سۆران : ٢١ حاجی ئۆمەران: ١٥

هاوڵاتی وتەبێژى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئاشکرایکرد، تا ئەوکاتەى سکاڵا تۆمارکراوەکە لەلایەن دادگاى فیدراڵییەوە یەکلایی دەکرێتەوە، ئامادەکارییەکانمان بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان راگرت. ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌، جومانه‌ غه‌لای، وته‌بێژی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگه‌یاند سه‌رجه‌م رێككاره‌كان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان راگیران. غه‌لای وتیشی: لە ئێستادا تەواوى کارە هونەری و داراییەکان بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بۆ ساڵى 2024 راگیراوە، تا ئەوکاتەى دادگاى فیدراڵى سکاڵاکەى سەرۆکى حکومەتى هەرێم یەکلایی دەکاتەوە. دوێنێ سێشەممە، 07-05-2024، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە وەڵامی سکاڵایەکی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ فەرمانێکی "وەلائی" دەرکرد، بە مەبەستی ڕاگرتنی جێبەجێکردنی بڕگەی (دووەم)ی ماددەی (2) لە سیستمی تۆمارکردن و پەسەندکردنی لیستی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ژمارە (7)ی ساڵی 2024، کە تێیدا هاتووە (پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە (100) کورسیی پێک دێت کە بەسەر ئەم بازنانەی هەڵبژاردندا دابەش کراون: پارێزگای هەولێر 34 کورسی،  سلێمانی 38 کورسی، دهۆک:25 کورسی و  هەڵەبجە 3 کورسی). دادگای فیدراڵی ئاماژەی بەوە کرد، تا ئەو کاتەی سکاڵاکە یەکلایی دەکرێتەوە ڕاگرتنی جێبەجێکردنی بڕگەکە بەردەوام دەبێت.    

هاوڵاتی لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2024 داهاتی کۆمپانیای دانەغاز 97 ملیۆن دۆلار بوە و تەواوی قازانجەکەشی 38 ملیۆن دۆلارە، واتە بەراورد بە قازانجی ساڵی رابردو 12 ملیۆن دۆلار کەمیکردوە. کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2024 داهاتی کۆمپانیای دانەغاز 97 ملیۆن دۆلار بوە و تەواوی قازانجەکەشی 38 ملیۆن دۆلارە، واتە بەراورد بە قازانجی ساڵی رابردو 12 ملیۆن دۆلار کەمیکردوە، ئەوەش بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەرێتەوە بۆ گۆڕانکارییەکانی نرخی نەوت و غاز. راشیگەیاندووە، لە چارەکى یەکەمى ئەمساڵدا لە سەر بنەماى تێکڕاى ساڵانە رۆژانە 38 هەزارو 600 بەرمیل نەوتى کۆندێسێدى لە هەرێمى کوردستان بەرهەمهێناوە و لە کۆتایی ساڵى رابردووشدا بەرهەمهێنانى گازى سروشتى لە کێڵگەى کۆرمۆر گەیشتووەتە ئاستێکى پێوانەیی کە 520 ملیۆن پی سێجایە لە رۆژێکدا. لە راگەیەنراوی کۆمپانیای دانەغاز ئەوەشخراوەتەڕو، لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2024 تێکڕای رێژەی بەرهەمهێنان 56.75 ملیۆن بەرمیل بوە و بەراورد بە چارەکی یەکەمی ساڵی رابردو رێژەی بەرهەمهێنان 10٪ کەمیکردوە. دانا غاز لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەى بەوەشکردووە، بڕی 76 ملیۆن دۆلار لە شایستەی کۆمپانیاکە کۆکراوەتەوە، کە 67 ملیۆن دۆلاری لە حکومەتەکانی میسر و هەرێمی کوردستان وەرگیراوە، دواتریش بڕی نۆ ملیۆن دۆلاری دیکە وەرگیراوە، هاوکات لە کۆتایی مانگی (ئازار/3)ی ئەمساڵ شایستەکانی کۆمپانیای دانەغاز لە هەرێمی کوردستان گەیشتوەتە 91 ملیۆن دۆلار.

هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ  لە رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌ناوچه‌ی كارێزی سه‌ر به‌قه‌زای زاخۆ، بازرگانێكی مادده‌ی هۆشبه‌ر رووبه‌ڕووی هێزه‌كانی ئاسایش بۆته‌وه‌ و له‌ئه‌نجامدا سێ كارمه‌ندی ئاسایش برینداربوون. ئەمڕۆ سێشەممە 7-5-2024، هێزه‌كانی ئاسایش به‌ مه‌به‌ستی ده‌ستگیركردنی بازرگانێكی ماده‌ی هۆشبه‌ر چونه‌ته‌ ناوچه‌ی كارێز له‌سنوری قه‌زای زاخۆ، به‌ڵام ئه‌و بازرگانه‌ به‌ناوی (ف، م، س) رووبه‌ڕووی هێزه‌كانی ئاسایش بۆته‌وه.  بە گوێرەی زانیارییەکان له‌ئه‌نجامی رووبە‌ڕووبوونه‌وه‌کەدا، سێ كارمه‌ندی ئاسایش برینداربوون؛ پاش گه‌یشتنی هێزێكی زۆریش بۆ شوێنی رووداوه‌كه‌ توانراوه‌ تۆمه‌تباره‌كه‌ بە برینداری ده‌ستگیربكرێت. له‌ئێستاشدا ئه‌و سێ كارمه‌نده‌ی ئاسایشی زاخۆ كه‌ برینداربوون ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ كراون و دۆخی ته‌ندروستییان جێگیره‌. بازرگانه‌كه‌ش ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا دەکرێت.