هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی گەورە قاچاغچییەکی بازرگانیکردن بەمرۆڤ راگهیاند، كه لهلایهن پۆلیسی نێودەوڵەتی ئینتەرپوڵهوه داواكراوه و ناسراوە بە "دوپشک". دەزگای ئاسایشی هەرێم له راگهیهندراوێكدا باسی لهوهكردوه، "پاش بەدواداچون و لێکۆڵینەوەی هێزەکانی ئاسایش، لەسەر بنەمای ئاڵۆگوڕی زانیاری هەواڵگری و لەسەر داوای پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپول) بە فەرمانی دادوەر توانرا دوێنێ یهكشهممه گەورە بازرگانێکی قاچاغچی و بازرگانیکردن بەمرۆڤەوە، بەناوی (ب،ک،م) ناسراوە بە (دوپشک) دەستگیربکات و ڕادەستی یاساکرا". دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دڵنیایی بە هاووڵاتییان داوە، "هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە، هێزەکانی ئاسایش بەردەوام رووبەڕووی تۆمەتباران دەبنەوە لەپێناو دابینکردنی ئارامی و سەقامگیری بۆ هەمووان." تۆمەتبارەکە بە ماددەی 5 لە یاسای ژمارە 28ی ساڵی 2012 دەستگیر کراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە. پێشتر لەسەر ئەم قاچاغچییە کوردە، کەناڵى بی بی سی بنکۆڵکارییەکى ئەنجامداوە و بەوپێیە؛ دوپشک لەلایەن پۆلیسى زۆرینەى وڵاتانى ئەوروپا و بەریتانیاوە داواکراوە. هەر بەپێی راپۆرتەکە، ئەم قاچاغچییە لە ساڵى 2016ـەوە کارى بەقاچاغبردنى کۆچبەران دەکات بۆ وڵاتانى ئەوروپا و لەنێوان ساڵانى 2016 بۆ 2019 یەکێک بوە لە دوو سەرەکیترین ئەو کەسانەى کە سەرکردایەتیی گەشتەکانى کۆچبەرانى نایاساییان کردوە لە بەلجیکاوە بۆ فەرەنسا. لە ماوەی دوو ساڵی ئۆپەراسیۆنەکانی پۆلیسدا، 26 ئەندامی گرووپە قاچاخچییەکە لە بەریتانیا، فەرەنسا و بەلجیکا دادگایی کراون، بەڵام "دووپشک" توانیویەتی هەڵبێت. بەڵام بەشێوەی ئامادەنەبوو، لە دادگەیەکی بەلجیکا بە 121 کەیسی قاچاخچێتی تۆمەتبار کراوە، لە ئۆکتۆبەری 2022ش سزای 10 ساڵ زیندانی و 834 هەزار پاوەن پێبژاردنی بەسەردا سەپێندراوە. لەوکاتەشەوە گەڕان بەدوای "دووپشک" بەردەوام بووە.
هاوڵاتی پیاوێکی تەمەن 62 ساڵ چەند مانگێک دوای ئەوەی کە بووە یەکەم کەس لە جیهاندا کە نەشتەرگەری گواستنەوەی گورچیلەی بەرازی بۆ بکرێت گیانی لەدەستدا و نەخۆشخانەکەش دەڵێن جارێ نازانرێت بەهۆی نەشتەرگەرییەکەوە مردبێت یان نا. یک سلەیمان، لە مانگى سێ-ى ئەمساڵ دواى ئەوەى توشى وەستانى گورچیلەکانى ببو، بڕیارى چاندنەوەىە گورچیلەى بۆ دراو و دواى چوار نەشتەرگەریی بە سەرکەوتویی لە نەخۆشخانەی ماساچوسێتس جەنەڕاڵ لە ولایەتی ماساچوسێتس گورچیلەى بەرازێکى بۆ دانرا. سلەیمان بۆ ماوەى مانگێک و دواى نەشتەرگەرییەکەى لە نەخۆشخانە ماوەتەوە و مانگى رابردو نێردراوەتەوە ماڵەوە، دواى نەشتەرگەریی پێی راگەیەنراوە کە ئەم گورچیلەیەی کە گورچیلەى بەرازە ماوەى ساڵێک دەمێنێتەوە، بەڵام بەپێی وتەى پزیشکەکان "زۆر شتى نەزانراو هەیە کە لە دانانى ئەندامى ئاژەڵ بۆ مرۆڤ دروست دەبن". ئەو هاوڵاتییە ئەمەریکییە سلێمان بۆ ماوەی 11 ساڵ نەخۆش بووە و پێشتر لە ساڵی 2018 گورچیلەیەکی لە مرۆڤێکی بەخشەر وەرگرتووە و دوای چاندنی گورجیلە نوێکەی بۆ ماوەی چەندین ساڵ بە نەخۆشی شەکرە و بەرزی پەستانی خوێنەوە ژیاوە و گورچیلەکە دوای پێنج ساڵ دەستی کرد بە نیشانەکانی شکست هێنان ولە ساڵی 2024 بووە یەکەم مرۆڤ کە گورچیلەی ئاژەڵی بۆ دابنرێت. بەپێی ئامارێکى تۆڕی دابینکردن و چاندنی ئەندامەکانی جەستە لە ئەمەریکا زیاتر لە 100 هەزار کەس چاوەڕێی بەخشینى ئەندامە جیاوازەکانى لەش-ن و ئەو پێویستییەى هەیە زۆر زیاترە لەو ئەندامانەى کە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ نەخۆشەکان. دانانى ئەندامى جەستەى ئاژەڵ بۆ مرۆڤ کە بە وتەى پسپۆڕانى تەندروستى ئەمەریکا یارمەتیی کێشەى کەمى ئەندامانى جەستە دەکات تا ئێستا سێ جار لە ئەمەریکا ئەنجام دراوە، دوانیان بۆ دوو نەخۆش بوە و دڵیان بۆ چێنراوە، هەردوکیان دواى چەند هەفتەیەک لە نەشتەرگەرییەکە کۆچى دواییان کردوە و دواینیشیان ریک سلەیمانە کە تەنها چەند مانگێک بە گورچیلەى بەرازێکەوە ژیا.
هاوڵاتی ئهنجومهنی سهرتاسهری مامۆستایانی ناڕازیی رایدهگهیهنن، "ههژمار من" رهتدهكهنهوه و ئامادهنین ئهو فۆڕمه پڕبكهنهوه كه دامهزراوهكانی حكومهتی ههرێمی كوردستان پێیان دهدات، دهڵێن، ئهگهر ناچار بكرێن خۆپیشاندان دهبهنهوه بهغدا. نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی لە شاری سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا،پەیامێکیان ئاڕاستەی حکومەتی عێراق و بەرپرسانی بانکی بازرگانی عێراق کردو تیایدا،ڕایانگەیاند کە ئامادهنین ئهو فۆڕمه پڕبكهنهوه كه دامهزراوهكانی حكومهتی ههرێمی كوردستان پێیان دهدات و دەشڵێن " لە نێوان ململانێى حکومەتى عێراق و هەرێمدا بوینەتە قوربانى". باسیانلەوەشکرد کە، "دادگاى فیدراڵى حکومەتى عێراق و هەرێم پابەندکراوە بە بە بانکیکردنى موچەى موچەخۆرانى هەرێم لە بانکە فیدراڵییەکان، بەڵام لە ئێستادا حکومەتی هەرێم بۆ خۆدزینەوە لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ بە نیشتیمانیکردنی مووچە ، لە ئێستادا هەژماری منی لە بانکەکانی نزیک لە خۆیەوە دەستپێکردووەو دەیەوێت لە ژێر ناونیشانی تەوتین ، تەوتینی بە زۆرەملێ بسەپێنێت بەسەر مووچە خۆرانی ستەملێکراوی هەرێمی کوردستاندا." ڕاشیانگەیاند ، "لە ئەنجامدا ئێمەی مووچەخۆرانی هەرێم لە نێوان ململانێکانی و دەستشکانەوەی هەردوو حکومەتدا بوینەتە قوربانی و ئەگەر بە دەم داواکارییەکانمانەوە نەیەن، ناچارین لە دادگاى فیدراڵى سکاڵایان لە دژ تۆمار بکەین لە دادگاى فیدراڵى و ناڕەزایەتییەکانمان ببەینە بەغدا." هەر لە کۆنگرەکەدا نوێنەری مامۆستایان ئاماژەی بەوەدا کە، مامۆستایان و مووچەخۆران لە نێوان ململانێى حکومەتى عێراق و هەرێمدا بونەتە قوربانى و هیچ متمانەیەکیان بە هەژمارى من نییە و پێچەوانەى بڕیارى دادگاى فیدراڵییە، هاوکات داواکارن حکومەتى عێراق و بانکى تی بی ئاى پابەنبوونى خۆیان بە بانکیکردنى موچەى موچەخۆرانى هەرێم دەرببڕن. داوایەکیشیان ئاڕاستەی حکومەتی عێراق کردوو تیایدا داوا دەکەن، لە نزیکترین دەرفەتدا سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی تی بی ئای لە بەیاننامەیەکی فەڕمیدا پابەندبوونی خۆیان بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵییەوە درببڕن و بۆیان ڕوون بکەنەوە کە مووچە بەنیشتیمان دەکریت لەلایەن بانکی بازرگانی عێراقەوە یانیش ئەو بانکە بەشێکە لە پرۆژەی هەژماری من. ئەمەش لەکاتێکدایە لە ئەمساڵدا مووچەی سێ مانگ خەرجکراوە، بەڵام تائێستا مووچەی مانگی نیسان بۆ هەرێم نەهاتووە و مووچەخۆرانی هەرێم زیاتر لە 35 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە کە مووچەی مانگی ئازاریان بە سێ رۆژ لە 6 تا 8ـی ئازار پێدرا، بەڵام مووچەخۆرانی عیراق مووچەی مانگی ئایار وەردەگرن.
هاوڵاتی شارەزایەکی کەشناسی ئاشکرای کرد کە ئەو شەپۆلی بارانبارینەی ناوچەکانی هەرێمی گرتۆتەوە بەردەوام دەبێت و لە ژمارەیەکی زۆر لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ئەگەری بارانبارین و چالاکبونی هەورەبروسکە هەیە. ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی ڕایگەیاند، سبەی دوو شەممە 13/5/2024 لە ئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست ناجێگیری کەش لەسەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان زیاتر ئەبێت و ئاسمان بەزۆری نیمچە ھەور بۆ ھەوری تەواو ئەبێت. هاوکات لە سەنتەری پارێزگاکانی دھۆک و ھەولێر و کەرکوک و سنووری ئیدارەی گەرمیان و ئیدارەی راپەرین ھەندێک کات ئەگەری نمە باران و چالاکبوونی ھەورە بروسکە ئەبێت لە ناوچە شاخاویەکاندا ڕێژەی بارانەکە زیاتر ئەبێت و ھەندێک کات تاوە بارانی بەخوڕ چالاک ئەبێت. ئەوەشی خستەڕوو، لەناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە ناجێگیری کەش زیاتر ئەبێت و لەکات و شوێنی جیاجیادا ئەگەری چالاکبوونی ھەورەبروسکەی بەھێز و تاوە بارانی بەخوڕ ئەبێت بەراورد بە ناوچەکانی دیکە بارانبارین زیاتر ئەبێت . ئاماژەی بەوەشدا، پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ 5 تا 7 پلە نزمبوونەوە بەخۆیەوە ئەبینێت و کەش فێنک ئەبێت. باسی لەوەشکردووە، کاریگەری ناجێگیری کەش سبەی لەکاتەکانی شەودا لەزۆربەی ناوچەکان کۆتایی پێدێت و بۆ ڕۆژی سێ شەممە 14/5/2024 کەش لەزۆربەی ناوچەکان سەقامگیر ئەبێت.
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی یەکشەممە داکۆکی لەو بڕیارەی ئەمەریکا کرد کەتیایدا ناردنی 3,500 بۆمبی بۆ ئیسرائیل ڕاگرتووەو وتی ئیسڕائیل " پلانێکی بەجێی " نیە بۆ پاراستنی نزیکەی 1.4 ملیۆن هاووڵاتی مەدەنی کە ڕەفەحییان وەکو پەناگەیەک بەکارهێناوە. بلینکن لە پڕۆگرامی This Week ی کەناڵی ئەی بی سیدا ڕایگەیاند، "ئەو پلانەی ئیسرائیل لە رەفەح بیری لێدەکاتەوە زیانێکی گەورە بە هاوڵاتیانی مەدەنی دەگەیەنێت بەبێ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکات." گوتیشى، "هێرشی ئیسرائیل لە رەفەح دەتوانێت پشێویی بەدوای خۆیدا بهێنێت." بلینکن باسی لەوەشکرد کە بایدن ڕوونی کردووەتەوە بۆ ئیسڕائیل کە ئەگەر " ئەم ئۆپەراسیۆنە گەورە سەربازییە لە ڕەفەح ئەنجام بدات ئەوا هەندێک سیستمی سەربازیی هەن کە ئێمە پشتگیرییان لێناکەین لەم ئۆپەراسیۆنەدا بۆ ئیسڕائیلی دابین بکەین." ئاماژەی بەوەشدا کە " زۆر نیگەرانین سەبارەت بە چۆنێتی بەکارهێنانی ئەو سیستمانە. ئیسڕائیل پێویستی بەوەیە پلانێکی بەجێ و ڕوونی هەبێت بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل، ئەو پلانەشمان نەبینیوە." وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشى روونکردەوە، ژمارەی کوژراوانی مەدەنی لە کەرتی غەززە زیاترە لە ژمارەی کوژراوانی بزووتنەوەی حەماس لە ئێستادا نزیکەی 1.4 ملیۆن هاووڵاتی سڤیل لە ڕەفەحن، زۆربەیان ئاوارەن و لە شوێنەکانی دیکەی غەززەوە بە مەبەستی پارێزراوییان هەڵاتوون بۆ ڕەفەح، لە نێوەندی کەمی خۆراک و ئاودا دەژین.
هاوڵاتی هێزەکانى سووریاى دیموکرات 'هەسەدە' بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە لە دێرەزۆر باری نائاساییان راگەیاندووە و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە لەگەڵ سەرۆک خێڵەکانی دێرەزۆر کۆبووەوە. هێزەکانى سووریاى دیموکرات هەسەدە ئەمڕۆ یەکشەممە 5/12/2024 رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان 28 ئۆپەراسیۆنیان لە حەسەکە، رەقە و دێرەزۆر لە دژی شانەکانی داعش ئەنجامداوە. باسی لەوەشکردووە کە، لەو ئۆپەراسیۆنانەدا حەوت چەکداری داعش کوژراون و 27 چەکداری دیکەش دەستگیرکراون. هەروەها لە دوای هێرشی ئۆتۆمبێلکی بۆمبڕێژکراوی داعش لە 10ی ئایاردا بۆ سەر بارەگایەکی هەسەدە لە ناوچەی شحێلی دێرەزۆر، کە گیانلەدەستدانی سێ ئەندام هەسەدە و برینداربوونی حەوتی دیکەی لێکەوتەوە، هەسەدە لە دێرەزۆر باری نائاسایی رایگەیاندووە. هاوکات مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە لەگەڵ سەرۆک خێڵەکانی دێرەزۆر کۆبووەوە وبڕیارە لە هەندێک ناوچەدا بە رەزامەندیی سەرۆک خێڵەکان دەست بە ئۆپەراسیۆن لە دژی شانەکانی داعش بکەن و دەستیان بەبڵاوکردنەوەی هێز بە ناوچەکانی دێرەزۆر و لێواری رووباری فوراتدا کردووە. وێڕای بەزاندنیان لە ساڵی 2017 لە عێراق و ساڵی 2019 لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، هێشتا گرووپە بە تیرۆرست پۆڵێنکراوەکە چەندین شانەی نووستووی لە ناوچەکە هەیە و بە درێژایی ساڵانی رابردوو، بەردەوامبوون لە هێرشی ناوبەناوی خوێناوی بۆ سەر هەسەدە و سوپای سووریا. هەسەدە کە سوپای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە، زیاتر لە 10 هەزار چەکداری داعشی لە زیاتر لە 20 زینداندا بەندکردووە. دوو هەزار لەوانە، چەکداری بیانین و وڵاتەکانیان ئامادە نین وەریانبگرنەوە. هەسەدە دەڵێت، چەکدارەکان لە نزیکەی 60 وڵاتەوە چووبوونە نێو سووریا و رۆژئاوای کوردستان و لە کاتی جەنگەکەدا دەستگیریان کردوون.
هاوڵاتی لە گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی دوانزەهەمی خولی پەرلەمانی ئێران لە تاران، %8 خەڵک بەشداری هەڵبژاردەکانیان کردووە و %92 بایکۆتیان کردووە. رۆژنامەی " فرهیختگان" رۆژی شەممە11ی ئایار، لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کردە بە پێی ئامارە نافەرمییەکان، %8 خەڵکی تاران لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدارییان کردووە وبەو پێیەش نوێنەرە دەرچووەکان بە دەنگی کەمینەیەکی زۆر کەمی کۆمەڵگا ئەچنە پەرلەمانەوە. ناوەندی هەڵبژاردنەکانی وەزارەتی ناوخۆش رایگەیاندوە لە ناوەندەکانی دەنگدان لە تاران، شەمێرانات، ئیسلام شار و پەردیس،تەنها 522 هەزار کەس دەنگیان داوە، ئەمە لە کاتێکدایە ژمارەی دانیشتوانی تاران سەروی 12 میلیۆن کەسە و لەو 12 میلیۆن کەسە زیاتر لە 7 میلیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە. گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئێران لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی، باسی لەوە کرد جیاوازی نییە لە نێوان گەڕی یەکەم و گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنەکاندا و داوای لە خەڵک کرد بە گەرم و گوڕی بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن. هاوکات بە پێی ئامارەکان تەنها %8 خەڵکی تاران و دەورووبەری بەشداریان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە و لەناو کاندیدەکاندا بیژەن نەوباوە، بە 271 هەزار دەنگ، زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە لە ناو 16 نوێنەردا کە لە تاران دەرچوون بۆ پەرلەمانی ئێران. گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران کە بە مەجلیسی ئەنجومەنی ئیسلامی دەناسرێت رۆژی ١ی ئازاری رابردوو بەڕێوەچوو،وە بە گشتی نزیک %40 ی خەڵک بەشداری هەڵبژاردنەکانیان کردبوو، بەڵام بە پێی ئامارە نافەرمییەکان کەمتر لە %20 خەڵک بەشدارییان لەو هەڵبژاردنەدا کردبوو.
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد میدیاکانی ئوردن ئاشکرایانکردووە، ماوەی 20 رۆژ دەبێت هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئوردن راگیراوە و تاوەکو ئێستاش دەستیپێنەکردووەتەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی ئایاری 2024، عامر شوباکی، پسپۆڕی وزە لە ئوردون بە میدیاکانی راگەیاندووە، "لە 22ی نیسانی 2024ەوە هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئوردون راگیراوە، ئەمەش زیانێکی گەورەی بە ئابووری هەردوو وڵات گەیاندووە". لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی وزە و سامانەکانی کانزایی ئوردن لە بەیاننامەیەکدا هۆکارەکەی بۆ کۆتایی هاتنی رێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات گەڕاندووەتەوە کە لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو واژۆکراوە تایبەت بە هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ئوردون بۆ ماوەی ساڵێک. هەروەها ئیمان عەواد، بەڕێوەبەری نەوت و گازی سروشتی ئوردن دەڵێت، "وەزارەتی وزە نووسراوی بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە، داوایلێکردووە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە و بە هەمان مەرجەکانی گرێبەستکردن بەردەوام بێت، لە رۆژی 4ی ئەم مانگەشەوە هەژمار بکرێت تاوەکو ئەو کاتەی یاداشتێکی دیکە واژۆ دەکرێتەوە". گرێبەستی فرۆشتنی نەوتی عێراق بە ئوردون لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو واژۆکراوە بۆ ماوەی ساڵێک، ئێستاش ئەو وادەیە کۆتایی هاتووە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئوردن لە 10 هەزارەوە بۆ 15 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە.
هاوڵاتی شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات بە مەبەستی پرسی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران. ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی ئایاری 2024، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سبەی دووشەممە 13ی ئایاری 2024 بە یاوەری شاندێک دەچینە بەغدا و سەردانی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق دەكەین و دوو كۆبوونەوەی گرنگ ئەنجامدەدەین". ئاماژەی بەوەکرد، "لە كۆبوونەوەی یەكەمدا وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم و بەغدا دەبێت و كۆبوونەوەی دووەمیش كۆبوونەوەی 57تە كە تێیدا سەرجەم وەزارەتەكان لەبارەی كۆتا بڕیار لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم گفتوگۆ دەكەین". وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان وتی، "لە كۆبوونەوە سەردانەكانی ماوەی رابردووماندا دۆكیۆمێنت و بەڵگە و نوسراوی فەرمیمان داوەتە لایەنە پەوەندیدار و سەرۆك وەزیرانی عێراق و ئەنجومەنی نوێنەران لەپێناو ئەوەی پرسی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان یەكلابكرێتەوە". وتیشی، "پێشبینیش دەكەم بەراورد بە ساڵانی رابردوو بەهیچ شێوەیەك رێژە پەسەند ناكەین و رووبەڕووی داچێندراو بۆ هەر دۆنمێك وەك جوتیارانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەبێت هەمان مامەڵەش لەگەڵ جوتیارانی هەرێمی کوردستان بكرێت".
هاوڵاتی دوای مرداربوونەوەی بە کۆمەڵی نەورەسەکان لە دەریاچەی دوکان بەشی ڤێتێرنەری و بەشی زانست لە زانکۆی سلێمانی بڕیاریاندا لیژنەیەک پێکبهێنن و سەردانی نیشتمانی نەورەسەکان بکەن بە مەبەستی لێکۆڵینەوە زیاتر. ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی ئایاری 2024، بەشی ڤێتێرنەری و بەشی زانست لە زانکۆی سلێمانی لیژنەیەکیان پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مرداربوونەوەی بە کۆمەڵی نەورەسەکان لە دەریاچەی دوکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا د.نادیە عەبدولکەریم، سەرۆکی لیژنەکە و راگری کۆلیژی پزیشکی ڤێتێرنەری رایگەیاند، "لیژنەکەیان سەردانی ناوچەکە دەکات و نمونەی ئەو نەورەسانەی مرداربوونەتەوە دەهێنرێنەوە بە مەبەستی ئەوەی لە پشکنینیان بۆ بکرێت و لە رووی زانستییەوە هۆکارەکەی ئاشکرابکرێت". ئاماژەی بەوەشکرد، "دوای ئەنجامدانی پشکنینەکە بە فەرمی ئەنجامەکەی رادەگەنین"، باسیشی لەوەکرد، "ئەگەر هەیە هۆکاری مردنی نەورەسەکان یان ڤایرۆس یان گۆڕانکاری کەشوهەوا بێت، بۆیە دەمانەوێت بە وردی لێکۆڵینەوە بکەین، چونکە دەمانەوێت رێگری لە تەشەنەکردنی بکەین". رۆژی هەینی، 10ی ئایاری 2024، دوای بڵاوبوونەوەی چەند وێنەیەکی نەورەسەکانی دەریاچەی دوکان کە تووشی مرداربوونەوەی بە کۆمەڵ ببوون کاردانەوەی لێکەوتەوە و تەندروستیی راپەڕین تیمی ناردە نیشتمانیی نەورەسەکان بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنین، هەروەها داواشییان لە هاوڵاتییانکرد سەردانی ئەو ناوچەیە نەکەن، تاوەکو پشکنینەکان کۆتایی دێت.
هاوڵاتی کەشناسیی هەرێمی کوردستان رەوشی کەشوهەوای ناوچە جیاوازەکانی بڵاوکردەوە و بەپێی پێشبینییەکان بێت باران دەبارێت و پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن. ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ ئاسمان بەردەوام هەور دەبێت، لەگەڵ زیادبوونى خێرای با و ئەگەرى کەمێک تۆز لە کەشى ناوچەکەمان، ئەگەرى پروشکە باران هەیە لە سەنتەرى پارێزگاکان و ناوچەى جیاجیا لە سنوورى ناوچە شاخاوییە بەرزەکان ئەگەرى باران بارینى زیاتر دەبێت، بڕى بارانى پێشبینیکراو 1-4 ملم دەبێت و خێراى با لەسەرخۆ - مامناوەند دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرما کەمێک نزم دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ". ئاماژە بەوەکراوە، "سبەی دووشەممە 13ی ئایاری 2024 ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و هەندێ کات دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو، ئەگەرى باران بارینى کەم هەیە لە سەر بەشێک لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و ناوچە شاخاوییە سنووریەکانى پارێزگاى دهۆک، خێراى با لەسەرخۆ و مامناوەند دەبێت و سبەى خێراى با کەم دەبێتەوە و پلەکانى گەرما بە نزیکەى 1-3 پلەى سیلیزى نزم دەبێتەوە". بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر : 29 سلێمانى : 27 28 دهۆک : زاخۆ : 27 هەڵەبجە : 28 کەرکوک: 31 سۆران : 24 حاجی ئۆمەران: 17 گەرمیان : 35
هاوڵاتی هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا "سێنتکۆم" خستنەخوارەی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکان لە دەریای سوور راگەیاند. ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی ئایاری 2024، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا "سێنتکۆم" لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، "هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا سەرکەوتووبوون لە تێکشانی ئەو سێ فڕۆکەیەی کە حوسییەکان لە ئاسمانی دەریای سوورەوە و لە ژێر ناوچەی دەسەڵاتی خۆیان لە یەمەن هەڵیان دابوو". ئاماژە بەوەشکراوە، "تێکشکاندنی ئەو سێ فڕۆکەیە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و هیچ زیانێکیش بەر کەشتییە ئەمەریکییەکان و هاوپەیمانان نەکەوتووە". سێنتکۆم روونیشیکردووەتەوە، "ئەو فڕۆکانە مەترسییەکی گەورەبوون بۆ هەردوو هێزەکانی هاوپەیمانان و کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا، ئێمەش ئەم رێگەیەمان لەپێناو پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان و پاراستنی ئازادی کەشتیوانییە".
هاوڵاتی بڕیارە لیژنەیەکی پسپۆڕ سەردانی ئیدارەی راپەرین دەکات بە مەبەستی بەدواداچوونی زانستی بۆ مرداربوونی باڵندە نەورەسەکان. ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی ئایاری 2024، وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بە بڕیاری دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی لیژنەیەکی پسپۆڕ سەردانی دەڤەری راپەرین دەکات بە مەبەستی بەدواداچوونی زانستی بۆ مرداربوونی باڵندە نەورەسەکان". ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەم لیژنەیە بۆ ھەماھەنگییە لەگەڵ فەرمانگەکانی ڤێتێرنەری و چۆنیەتیی ئەنجامدانی رووپێو و ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی و دەستنیشانکردنی ھۆکارەکان بە مەبەستی پاراستنی تەندروستیی خەڵك و رێگەگرتن لە ئەگەری گواستنەوەی ھەر ڤایرۆسێک لە نێوان باڵندە و مرۆڤدا". رۆژی هەینی، 10ی ئایاری 2024، دوای بڵاوبوونەوەی چەند وێنەیەکی نەورەسەکانی دەریاچەی دوکان کە تووشی مرداربوونەوەی بە کۆمەڵ ببوون کاردانەوەی لێکەوتەوە و تەندروستیی راپەڕین تیمی ناردە نیشتمانیی نەورەسەکان بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنین، هەروەها داواشییان لە هاوڵاتییانکرد سەردانی ئەو ناوچەیە نەکەن، تاوەکو پشکنینەکان کۆتایی دێت.
هاوڵآتی دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی رایانگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە نییە داتای فەرمانبەران بە مەبەستی تەوتین رادەستی بەغدا بکات، بۆیە ئەوانیش بەرپرسیارێتی موچەکانیان دەخەنە ئەستۆی پارێزگاری سلێمانی و دەسەڵاتدارانی زۆنگەکە. دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا شەوی شەممە 5/11/2024 رایانگەیاند،" هەموان دەزانن حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە پیادەکردنی سیاسەتی ستەمکاران و چەواشەکردنی گەلی کورد، بریاری دادگای فیدڕاڵتی تایبەت بە تەوتینی موچە چارەسەری ریشەیی بوە بۆ پرسی موچە." دەستەی ناکۆکی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئاماژەیان بەوەشکرد،" دواکەوتنی موچە و تێکدانی گوزەرانی هاوڵاتیان لە ئەنجامی پابەندنەبونی حکومتی هەرێمی کوردستانە"، جارێکی دیکە دژایەتی خۆیان بۆ پڕۆژەی "هەژماری من" دوپاتدەکەنەوە و باسلەوەدەکەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە نییە داتای فەرمانبەران بداتە بەغدا، بۆیە پەرپرسیارێتی موچەکەنایان دەخەنە ئەستۆی پارێزگاری سلێمانی و دەسەڵاتدارانی زۆنگەکە. ئەوەشیان خستەڕو، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بە چارەسەری ریشەیی دەزانن بۆ موچەکانیان، داوا لە هەموان دەکەن بۆ گرتنەبەری هەر هەڵوێستێکی مەدەنییانە دژ بە هەر پێشهاتێکی نەخوازراو لەلایەن دەسەڵاتادارانی هەرێمی کوردستانەوە. هاوکات هۆشداریشیاندایە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوبەرایەتییەکان و دەڵێن گەر حکومەتی هەرێم لەم سیاسەتەی ئێستای بەردەوام بێت خۆپیشاندانی سەرتاسەری و فراوان ئەنجام دەدەن. سەبارەت بە بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندنیش مامۆستایانی ناڕازی ڕایانگەیاند ، بەهۆی هەستکردنیان بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر خوێندکارەکانیان و بەهۆی ئەوەی لە ناوەڕاستی تاقیکردنەوەکاندان بایکۆت ئەنجام نادەن و هەڵوێستی دیکەیان دەبێت. ئەمەش لەکاتێکدایە لە ئەمساڵدا مووچەی سێ مانگ خەرجکراوە، بەڵام تائێستا مووچەی مانگی نیسان بۆ هەرێم نەهاتووە و مووچەخۆرانی هەرێم زیاتر لە 33 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە کە مووچەی مانگی ئازاریان بە سێ رۆژ لە 6 تا 8ـی ئازار پێدرا، بەڵام مووچەخۆرانی عیراق لە چەند رۆژی داهاتوودا مووچەی مانگی ئایار وەردەگرن.
هاوڵاتی لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا لانیکەم 23 ژن لە لایەن پیاوانی نزیکی بنەماڵەیانەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کوژراون. رۆژی شەممە، 11ی ئایاری 2024، میدیای ئێران بڵاویکردووەتەوە، لە ماوەی 45 رۆژدا لانیکەم 23 ژن بە دەستی مێرد، باوک، برا، کوڕ و خوازبێنیکەری پێشتریان کوژراون. ماوەکە لە 20ی ئادار تا 4ی ئایاری ئەمساڵە. لەم ماوەیەدا ژن لە تاران، 3 ژن لە مەشهەد، 2 ژن لە تەبرێز و 2ی دیکە لە ورمێ کوژراون. هەر لەم ماوەیەدا لە شارەکانی، سنە، بۆشەهر، جۆیبار، سمنان، ئابادان، ئەهواز، خومەین، ئەلشتەر، بەردسکەن، فلاورجان و سەبزەوار ژنێک بە دەستی پیاوانی نزیکی بنەماڵە کوژراون.
