هاوڵاتی لەگەڵ بەردەوامیی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی لەكەرتی غەززە، تادێت پرسی پشتیوانی ماددی و سەربازی ئێران بۆ ئەو بزوتنەوەیە زیاتر دێتە بەرباس، ئێرانیش ئەوە ناشارێتەوەو بەئاشكرا پشتیوانی خۆی بۆحەماس و بەشێك لەگروپە چەكداریەكانی فەلەستین دەربڕیوە. چەكدارانی بزوتنەوەی حەماس، لەحەوتی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هێرشێكی لەناكاویان كردەسەر ئیسرائیل، هێرشەكەش بووەهۆی كوژرانی زیاتر لەهەزارو ٢٠٠ هاوڵاتی و سەربازی ئیسرائیلی و بەبارمتەگرتنی زیاتر لە ٢٤٠ کەس لەلایەن حەماسەوە. تاپێش راگرتنی کاتیی جەنگ لانیکەم ١٤ هەزار کەس لەكەرتی غەززە کوژراون کەبەشی زۆریان ژن و منداڵن، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی شەڕو ئاڵۆزیەکانیش ژمارەی کوژراوانی فەلەستینی بۆ زیاتر لە ١٥ هەزارو ٥٠٠ کەس بەرزبووەتەوە، لەئیسرائیلیش زۆربەی كوژراوان مەدەنیین. بەڵام جگە لەپرسی جەنگ لەڕای گشتی جیهان پرسێكی دیكەش جێی باسە، ئەویش پرسی پەیوەندی نێوان ئێران و حەماس، ئیسرائیل بەردەوام کۆماری ئیسلامی ئێران وەک گەورەترین پشتیوانی حەماس پێناسە دەکات، بەرپرسانی ئێرانیش راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ پشتیوانی خۆیان لەحەماس دەردەبڕن و وەک بەرەی بەرگری، پێناسەی دەکەن. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران هیچکات نەیانشاردووەتەوە کە پشتیوانی لەو رەوتە  دەکەن کە خۆیان بە «بەرەی بەرگری» دەیناسێنن و حەماس و جیهادی ئیسلامی لەفەلەستین و  حزبوڵڵای لوبنان و حووسییەکانی یەمەن و گرووپە میلیشیاکانی عێراق و فاتیمیون لەئەفغانستان و زەینەبیون لەپاکستان لەو گرووپانەن پشتیوانی ماددی و مەعنەوییان دەکات. بەپێی هەواڵی میدیاكانی جیهان و بەتایبەتیش رۆژئاوا، کۆماری ئیسلامی ئێران وەک گەورەترین پشتیوانی ماددی حەماس پێناسە دەکرێت و قەتەر بەدووهەمین پشتیوانی ماددی ئەم گرووپە دەناسرێت، بەڵام هەموو سەرنجەکان لەئێستادا لەسەر پەیوەندی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و حەماسە چونكە بەرپرسانی قەتەر هیچ كات ئەوەیان بەئاشكرا نەوتووە. رۆژی ٣ی شوباتی ٢٠١٢، عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەوتاری نوێژی هەینیدا رایگەیاند :» ئێمە لەپرسی دژایەتی لەگەڵ ئیسرائیل بێدەنگ نین و دەستتێوەردان دەکەین، ئەنجامەکەشی سەرکەوتنە لەجەنگی ٣٣ رۆژەو سەرکەوتنە لەجەنگی ٢٢ رۆژە. دوای ئەمەش لەهەرکوێ، هەر نەتەوەیەک، هەر گرووپێک دژی ئیسرائیل بوەستێتەوەو خەبات بکات، ئێمە پشتیوانی لێدەکەین و یارمەتییان دەدەین و یارمەتی گەیاندنمان ناشارینەوە. رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران هەروەها رۆژی ١٥ی تشرینی دووهەمی ٢٠١٩ لەوتاری نوێژی هەینیدا وتی :» ئێمە پشتیوانیمان لەفەلەستین کردووەو دەیکەین، لەکەسیش ناترسین و نایشارینەوە پشتیوانیمان کردووە، دەبێ هەموو دونیای ئیسلام پشتیوانی لەفەلەستین بکەن». ئێد رۆیس بەرپرسی کۆمیتەی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دوای رووداوی ٧ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لەئیسرائیل وتی :» ئێران لەمێژ ساڵە پشتیوانی ماددی حەماسەو چەکیان پێدەگەیەنێت و راهێنانی سەربازییان پێدەکات». تائێستا بەڕوونی نازانرێت ئاستی پشتیوانی ماددی و سەربازیی ئێران لەحەماس لەچی ئاستێكدایەو بەشێکی زۆر لەو زانیاریانەی لەمیدیاکان بڵاودەکرێنەوە، تەنها گومان و بەراوردکاری دامەزراوە ئەمنیی و هەواڵگریەكانی رۆژئاوایە. کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لەسەرەتای دەسەڵاتەكەیەوە، دروشمی « مەرگ بۆ ئیسرائیل»ی هەڵگرتووە، بەشێک لەدۆستایەتی و دوژمنایەتییەکانی بەستووەتەوە بەم دروشمەوە، بۆ نموونە پشتیوانی لەجیهادی ئیسلامی میسر کردو دوای تیرۆركردنی ئەنوەر سادات لەلایەن ئەم گرووپەوە، (خالید ئیسلامبولی) بکوژی ئەنوەر ساداتی وەک شەهید ناوبردو چەند گۆڕەپان و قوتابخانەو شەقامێكی لەشارەکانی ئێران كرد بەناویەوە. هەر لەسەرەتاشەوە پشتیوانی لەهەموو ئەو گرووپانە کردووە کەدژی ئیسرائیل بوون، لەسەرەتای دامەزرانی حەماسەوە لەساڵی ١٩٨٧ ئێران پەیوەندی باشی هەبووە لەگەڵ ئەو گروپە. پەیوەندی نێوان ئێران و حەماس بەرزی و نزمی پێوە دیار بووە، بەڵام لەهیچ قۆناغێکداو سەرەڕای ساردی پەیوەندی نێوانیان، یارمەتییە ماددییەکانی ئێران بۆ ئەم گرووپە نەپچڕاوەو هەر بەردەوام بووە. پەیوەندی کۆماری ئیسلامی و حەماس لەساڵی ١٩٨٨ەوەو دوای ئەوەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی فەلەستین، دانی بەئیسرائیلدا نا، گەرم و گوڕتر بووە، بەڵام بەوتەی یەکێک لەبەرپرسانی باڵای حەماس، پشتیوانی ماددی ئێران لەم گرووپە لەساڵی 2006ەوە دەستیپێکردووە. ساڵی ٢٠٢٠ مەحموود ئەلزەهار، ئەندامی باڵای حەماس، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی (العالم)، باسی دیداری یەکەمی خۆی لەگەڵ قاسم سلێمانی لەساڵی ٢٠٠٦ کردو وتی:» لەیەکەم دیدارم لەگەڵ قاسم سلێمانی، بڕی ٢٢ میلیۆن دۆلار پارەم وەرگرت، بەشێوەیەک کە لەجانتاکانمدا جێی نەدەبووەوە». ئەو بەرپرسەی حەماس باسی لەوەشکردووە «بڕیاربوو قاسم سلێمانی بڕێکی زۆرتر پارەیان پێبدات، بەڵام لەبەرئەوەی نۆ کەس بوون و هەر جانتایەک ٤٠ کیلۆی دەگرت و نەیاندەتوانی زیاتر لەوە لەگەڵ خۆیان هەڵبگرن، تەنها ٢٢ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە». ساڵی ٢٠١٠ کۆمەڵێک نامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەلایەن پێگەی «ویکیلیکس»ەوە بڵاوکرایەوە، لەیەکێک لەنامەکاندا ئاماژە بەوتەی یەکێک لەبەرپرسانی میسری دراوە دەربارەی پەیوەندی نێوان ئێران و حەماس، لەو نامەیەدا کە رێکەوتی نووسینەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەهاری ٢٠٠٩، بەرپرسی رێکخراوی زانیاری و هەواڵگری میسر بەلایەنی ئەمریکایی وتووە، ئێران هەموو مانگێک ٢٥ ملیۆن دۆلار یارمەتی حەماس دەدات، بەڵام میسر توانیویەتی بەر بەوە بگرێت ئەم یارمەتییانە لەخاكی وڵاتەکەیەوە بگاتە غەززە. لەگەڵ دەستپێکی نائارامییەکان لەسوریا کەوەک شەپۆلی بەهاری عەرەبی ناوی دەبراو مانگی سێی ٢٠١١ سوریای گرتەوە، پەیوەندی نێوان ئێران و حەماس ساردی تێکەوت. حەماس لەو سەردەمەدا ئامادە نەبوو پشتیوانی لەبەشار ئەسەد بکات و بەئاشکرا سوریای جێهێشت، ئەمە لەحاڵێکدابوو بەشێکی زۆر لەگرووپەکانی سەر بەکۆماری ئیسلامی لەعێراق و لوبنانەوە بەئاشکرا پشتیوانییان لە بەشار ئەسەد کردو لەئێستاشدا هەر بەردەوامن. بەڵام حەماس پشتیوانی لە بەشار ئەسەد نەکرد، رەنگە بەو هۆکارەی حەماس سوننەیەو ئەو گرووپانەش دژی ئەسەد بوون سوننە بوون. ئەمە بوو بەهۆی ئەوەی پەیوەندی نێوان ئێران و حەماس ساردی تێبکەویت. تەنانەت ژمارەیەک لەمیدیا ناوخۆییەکانی کۆماری ئیسلامی، لەوانە ماڵپەڕی تابناک لەمانگی ١ی ٢٠١٤ نووسی، هێزەکانی حەماس لەسووریا دژی بەشار ئەسەد کەوتوونەتە جەنگەوە. سەرەڕای ساردبوونەوەی پەیوەندی نیوان ئێران و حەماس، بەڵام هیچکات پشتیوانییە مادییەکانی ئێران لەو گرووپە نەپچڕا. خالید مەشعەل، بەرپرسی مەكتەبی سیاسی حەماس ساڵی ٢٠١٥ لەوتووێژ لەگەڵ رۆژنامەی (الشرق)ی قەتەر دەربارەی پەیوەندی نێوان کۆماری ئیسلامی و حەماس وتی: لەو ساڵانەشدا پشتیوانی ئێران بۆ حەماس هەر بەردەوام بوو، بەڵام ئەو ساردبوونەوەیە کاریگەری لەسەر ئاستی پشتیوانییەکە دانابوو. رۆژنامەی ئەلمۆنیتۆر دەربارەی کەمبوونەوەی یارمەتییە ماددییەکانی ئێران بۆ حەماس نووسیویەتی:» کەمبوونەوەی یارمەتییە ماددییەکانی ئێران بۆ حەماس لەم ساڵانەی دواییدا، کاریگەری لەسەر ئەم بزووتنەوەیە داناوەو ئەم رەوتەی تووشی قەیرانی ئابووری گەورە کردووە، حەماس ناچاربوو چەند دامەزراوەیەكی میدیایی خۆی وەک کەناڵی تەلەفیزیۆنی قودس و ناوەندی راگەیاندنی فەلەستین دابخات. هەروەها مووچەی کارمەندەکانی خۆی کردبوو بەنیوە یان کەمتر». دوای چەند ساڵێك کەجەنگی ناوخۆیی سووریا کەمتر بووەوە، داعش و گرووپە توندڕەوەکانی تر پاشەکشەیان پێکراو ئەسەد توانی بەسەر بەشێکی زۆر لەنەیارەکانی خۆیدا زاڵ بێت، جارێکی تر پەیوەندی نێوان کۆماری ئیسلامی و حەماس پتەوتر بووەوە. لەمانگی ١ی 2019 ئیسماعیل هەنییە، کەسی یەکەمی حەماس لەوتووێژێکی تەلەفیزیۆنیدا وتی:» کۆماری ئیسلامی ٧٠ ملیۆن دۆلاری داوە بەبزووتنەوەی فەلەستین بۆ ئەوەی هێزی بەرگری خۆیان لەبەرامبەر ئیسرائیل پتەوبکەن و ئەو مووشەکانەی کەحەماس لەکەرتی غەزە دروستی دەکەن، بەشێکە لەم توانا ستراتیژییە بۆ بەرگریکردن . ئاژانسی رۆیتەرز لەوبارەیەوە، لەم چەندساڵەی دواییدا یارمەتییە ماددییەکانی ئێران بۆ حەماس زیاتر بووە. بەوتەی سەرچاوەیەكی ئیسرائیلی، ساڵی 2022 یارمەتی ماددی حەماس لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە ١٠٠ ملیۆن دۆلارەوە گەیشتە نزیکەی ٣٥٠ ملیۆن دۆلار، واتە هەموو مانگێک نزیکەی ٢٩ ملیۆن دۆلار دراوە بەم گرووپەو لەساڵی ٢٠٢٣شدا بەردەوام بووە. پێگەی ئەی بی سی نیوز، لەڕۆژەکانی سەرەتای جەنگی حەماس- ئیسرائیل نووسیبووی:» کۆماری ئیسلامی چەندین ساڵە پشتیوانی حەماسەو پەیوەندییان پێکەوە هەیە، بەپێی راپۆرتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەساڵی ٢٠٢٠ەوە ئێران هەموو ساڵێک تەکنۆلۆژیای سەربازی و زانستی سەربازییان پێدەگەیەنێت بۆ ئەوەی بتوانن مووشەک دروستبکەن «. بەڵگەش بۆ ئەوە رۆژنامەی خۆراسان كەیەکێکە لەڕۆژنامەکانی ناوخۆی ئێران ، مانگی ١٢ی ٢٠١٢ لەزمانی جەواد کەریمی قودوسی، یەکێک لەفەرماندە باڵاکانی سوپاو نوێنەری ئەوکاتی پەرلەمانی ئێران نووسیویەتی:» ٥٠ هەزار مووشەک و هەزاران مووشەکی دژە تانکمان ناردووە بۆ غەزە».

هاوڵاتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس بەندی 99ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی چالاک کردەوە و داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کار لەسەر شەڕی غەزە بکات. ئەم هەنگاوە دوای ئەوەدێت کە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە لە 15 ئەندام پێکدێت هێستا نەگەیشتونەتە ڕێککەوتنێک کە تیایدا داوای ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس و هاوپەیمانەکانیان دەکات. گۆتێرێس لە نامەکەیدا بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەو بەرپرسیارێتییە کردووە و دەڵێت پێی وایە بارودۆخی ئیسرائیل و ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین " لەوانەیە هەڕەشەکانی ئێستا بۆ سەر پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی خراپتر بکات." هاوکات دەشڵێت دۆخی غەزە تا دێ بە خێراییەکی سەیر خراپتر ئەبێت و ئەگەری ئەوە هەیە دەرئەنجامی ئەم دۆخە ، بۆ فەلەستینییەکان و هەروەها بۆ ئاسایشی ناوچەکە ببێت بە قەیرانی گەورەو قەرەبوو نەکرێتەوە. ئەم ماددەیە لە مێژووی نەتەوە یەکگرتووەکاندا تەنها ٩ جار بەکار هاتووە، ماددەی 99 هێزێکی تایبەتە و تاکە ئامرازێکی سیاسی سەربەخۆیە کە لە بەیاننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دراوە، کە ڕێگەی پێدەدات کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر دەستپێشخەری خۆی ئەنجام بدات بۆ دەرکردنی ئاگادارکردنەوە دەربارەی هەڕەشە نوێیەکان بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەو بابەتانەی کە هێشتا لە ئەجێندای ئەنجومەنەکەدا نین. هەروەها دوێنێ چوارشەممە ٦ی کانوونی یەکەم، ئەنتۆنیۆ گۆترێس، لە هەژمارەی تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسی :" بە لەبەرچاوگرتنی مەترسی لە کار کەوتنی سیستەمی گەیاندنی یارمەتی مرۆیی لە غەزە، داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش ئەکەم بەر بەوە بگرێت قەیرانی مرۆیی روو بدات و تکایان لێ دەکەن، دەستبەجێ ئاگربڕێکی مرۆیی رابگەیەنن". سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان نووسیویەتی:" ئەمە یەکەمجارە لەو کاتەوەی وەک سکرتێر دیاری کراوە لە ساڵی ٢٠١٧ەوە، ماددەی ٩٩ی جاڕنامە بەکار ئەهێنێت". جێگەیباسە، زۆربەی زۆری ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هاودەنگن لەسەر ئەوەی دەستبەجێ جەنگ رابگیردرێت، بەڵام ئەمریکا کە دیارترین و سەرەکیتری هاوپەیمانی ئیسرائیلە، مافی ڤۆتۆی هەیە لەم ئەنجومەنەدا و تا ئێستە پەیوەست نەبووە بەو کۆدەنگییەوە.      

هاوڵات وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی نزیكبوونەوەی كۆتایی ساڵی دارایی 2023، بڕیاردەدات بە ڕاگرتنی هەموو خەرجیەكان جگە لە مووچە. وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا ، بەپێی ڕێنمایی ژمارە (13)ی ساڵی 2023، بڕیاریدا بە ڕاگرتنی هەموو خەرجیەكان بەهۆی نزیكبوونی كۆتایی ساڵی دارایی 2023، بە گوێرەی ڕێنماییەكەش جگە لە مووچە و پێشینەی مانگانە و هەندێك خەرجی پێویست، لە هەفتەی داهاتوودا هەموو خەرجییەكان رادەگیرێن. هەر لە ڕێنماییەكەی وەزارەتی داراییدا هاتووە كە لە 10ی ئەم مانگەوە، هەموو خەرجییەكان ڕادەگیرێن، بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی ژمێرەكان، جگە لە خەرجییەكانی مووچە و پێشبینی خەرجكراوی مانگانە و كرێی مانگانە و خاوێنكردنەوە و خواردن.  

هاوڵاتی قوباد تاڵەبانی لە میانی بەشداری کردنی کۆنفرانسێکی تایبەت بە ژناندا لە زانکۆی سلێمانی ڕایگەیاند ، پێویستە ئەو پۆستانەی دەدرێت بە ژنان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت و زیادبونی ژن له‌ پۆسته‌ جێبه‌جێكاره‌كان پێویسته‌ ، داواشدەکات یەکسانی لە نێوان ژنان و پیاواندا پەیڕەوبکرێت. قوباد تاڵه‌بانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌میانی به‌شداریكردن له‌ "كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ژن لە ئاوێنەی کۆمەڵگە و مێژودا" كه‌ له‌ زانكۆی سلێمانی به‌ڕێوه‌چو، رایگه‌یاند، "راسته‌ ژنێكی زۆر له‌ناو حكومه‌تدا هه‌ن و ژماره‌كه‌ ره‌نگه‌ كه‌م نه‌بێت به‌ڵام بزانن چ جۆره‌ كارێكیان پێسێردراوه‌، ره‌نگه‌ زیاتر كاری ئیداریان هه‌بێت و كه‌متر له‌ پۆسته‌ جێبه‌جێ كاره‌كان بن. وتیشی، پێویستە ژنان پۆستیان پێبدرێت" له‌ ئاستی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی، قائیمقام و پارێزگار و جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان  و، ده‌بێت ئه‌و كلتوره‌ ئیتر بشكێنین". ئاماژەی بەوەشکرد،  هه‌مو راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئاشكرایان كردوه‌ كه‌ "پیاو له‌ ژن گه‌نده‌ڵتره‌، ژن له‌ پیاو ئازاتره‌، ئه‌مه‌ قسه‌ی من نییه‌، با تاقی بكه‌ینه‌وه‌ و پیاوه‌كان كابینه‌یه‌ك بچنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌، دڵنیام باشتر ده‌بن". قوباد تاڵەبانی دوا دەکات لە یەکسانی ژن و پیاودا  "بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ نه‌ریتی كورده‌واری" لەو بارەیەوە دەڵێت، "ئه‌گه‌ر سه‌یری وشه‌ی هاوسه‌ر بكه‌ین جوانترین نمونه‌یه‌ بۆ یه‌كسانی، ته‌نانه‌ت له‌ ئینگلیزیدا جیاوازی هه‌یه‌ له‌ نێوان وشه‌ی پیاو و ژن به‌ڵام له‌ كوردیدا وانییه‌، ده‌بێت ئه‌و باوه‌ڕه‌ دروستبكه‌ینه‌وه‌ كه‌ پێشتر هه‌بوه‌ و ژن و پیاو ده‌بێت به‌ یه‌كچاو سه‌یر بكرێن و هه‌مان چاوه‌ڕوانیشیان لێبكرێت".    

هاوڵاتی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، رێکارەکانی ناردنی 700 ملیار دینارەکە تەواو بون و بەمنزیکانە دەست بە دابەشکردنی موچە دەکرێت. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانى هه‌رێم لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا لەشاری كەركوك رایگەیاند، رێکارەکانی ناردنی 700 ملیار دینارەکە تەواوبوون و بەمنزیکانە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت. دەشڵێت، لەبارەی سێ مووچەی فەرمانبەران، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نامەیەکی فەرمی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق ناردووە.  ئاماژەی بەوەشكرد، گفتوگۆكان بەرەو ئاراستەیەكی باش دەڕۆن‌و هەستدەكەن لەگەڵ حكومەتی ئێستای عێراق دەرگای باش كراونەتەوە بۆ گفتوگۆكردن. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "هەمو كات بژاردەی گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عێراق بژاردەی یەكەم بوە و بەمزوانەش دوبارە سەردانی بەغدا دەكەینەوە بۆ گفتوگۆكردنی ئەو بابەتەكانی نەوت، موچە، بودجە و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكومەتی هەرێم". په‌یوه‌ست به‌ ناردنی 700 ملیار دیناره‌كه‌، ئومێد سه‌باح وتی، "رێكارەكانی ناردنی ئەو بڕە پارەیە تەواو بوە و بڕیارە بەم نزیكانە بگات". تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی 9، 10، 11ی فەرمانبەران دابەشنەکراوە و بڕیارە بەغدا تەنیا گوژمەیەکی دیکەی 700 ملیار دینار بنێرێت و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش مووچەی مانگی ئەیلوولی پێ بدات.  لەبارەی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵیش، ئومێد سەباح گوتی، "مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نامەیەکی فەرمی بۆ محەممەد شیاع سوودانی ناردووە و ئەو بابەتەش ئێستا بووەتە بابەتێکی ستراتیژی و گرنگ و خاڵی یەکەمی گفتوگۆکانمانە".  

هاوڵاتی رۆبەرت جەنریک، وەزیری کاروباری کۆچبەرانی بەریتانیا دەستی لە کار کێشایەوە، لە دوای ئەوەی بۆچوونی جیاوازی لەگەڵ ریشی سوناکی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هەبوو، لەبارەی کاراکردنەوەی بەرنامەی رەوانەکردنی پەنابەران بۆ رواندا. بەپێی هەواڵی میدیا جیهانییەکان، دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی به‌ریتانیا یاسایه‌كی به‌په‌له‌ی په‌یوه‌ست به‌ رێككه‌وتنی به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ رواندا سه‌باره‌ت به‌ گواستنه‌وه‌ی كۆچبه‌ران بۆ ئه‌و وڵاته‌ واژۆ كرد، رۆبه‌رت جێنریک، وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی به‌ریتانیا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی پێشكه‌ش كرد.  ئەو وەزیرە بەریتانییە رایگەیاندووە، پێویست بوو ئەو پلانە هەنگاوی زیاتری بهاویشتایە لە جێبەجێکردنی بەرنامەکە، هەروەها دەرفەتیش نەبەخشێتە دادگە ناوخۆ و نێودەوڵەتییەکان تاوەکو تانە لە بەرنامەکە بگرن. جەنریک لە درێژەی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا ، کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە رایگەیاند، "حکومەت بەرپرسیارێتی پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییە گرنگەکانمانی لەسەر شانە پێویستە لە سەرووی لێکدانەوە و یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە دایبنێت". دەشڵێت ،"بۆیە ناتوانم ئەو پرۆژە پێشنیازکراوە رەوانەی پەرلەمان بکەم و بڕواموایە ئەو پرۆژە یاسایە، هەلێکی باشمان دەداتێ کە لەو پلانەدا سەرکەوتوو بین". هاوكات جەیمس کلیڤەرلی وەزیری ناوخۆی بەریتانیا له‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانتارانی وڵاته‌كه‌ی ئەوەی خستە روو، رۆبه‌رت جه‌نریك بە مەبەستی فشار خستنەسەر ریشی سۆناک سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ده‌ستی له‌كار كێشاوه‌ته‌وه‌. هه‌ر لەو بارەیەوە ریشی سوناک سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کرد، کابینەکەی پابەندە بە رێگریکردن و وەستاندنی بەلەمی کۆچبەرانی نایاسایی و ئاشكرای كرد بۆ ئەو مەبەستە رێککەوتنێکی یاسایی نوێیان لەگەڵ رواندا واژوو کردووە. باسی لەوەش کرد، هەوڵەکانیان چر دەکەنەوە بۆ وەستاندنی بەلەمی کۆچبەرانی نایاسایی، بەگوێرەی ئاماری حکومەتی بەریتانیا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تا 13ی مانگی رابردوو، 27 هەزار و 284 کۆچبەر بە بەلەم خۆیان گەیاندووەتە نێو خاکی بەریتانیا، ئەمەش لەکاتێکدایە، ساڵی رابردوو، زیاتر لە 45 هەزار کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزەوە چووبوونە بەریتانیاوە.  

هاوڵاتی پۆلیسى سلێمانى دەستگیرکردنى ئەو پیاوەى راگەیاند کە شەوى رابردو بە چەقۆ هاوسەرە 23 ساڵەکەى کوشت، بەهۆى تایبەتمەندى دۆسیەکەیشەوە تۆمەتبار رادەستى بەڕێوەبەرایەتى بەرەنگاربونەوەى توندوتیژى دژى ئافرەتان کراوە. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، "دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ شه‌وی‌ ڕابردو له‌ڕوداوێكدا پیاوێك به‌چه‌قۆ هێرشیكرده‌ سه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ی‌‌و به‌سه‌ختی‌ برینداری‌ كرد، ده‌ستبه‌جێ مەفرەزەكانی به‌شی‌ پۆلیسی فریاكه‌وتن گه‌یشتنه‌ شوێنی ڕوداوه‌كه‌ و تۆمه‌تباره‌كه‌یان ده‌ستگیركردو ژنه‌كه‌شیان ڕه‌وانه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌ كرد، به‌ڵام به‌هۆی‌ سه‌ختی‌ برینه‌كه‌یه‌وه‌ ژنه‌كه‌ گیانی له‌ده‌ستدا". بەپێى زانیارییەکانى پۆلیسى سلێمانى، تۆمەتبارەکە تەمەنى 27 ساڵە و لە ئێستادا بەپێى بڕیارى دادوەر و بە ماددەى 406 لە یاساى سزادانى عێراقى راگیراوە و لێکۆڵینەوەى لەگەڵدا دەکرێت. شه‌وی رابردو سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند، بەهۆی دەمەقاڵێوە لە گەڕەکی بەکرەجۆی شاری سلێمانی، پیاوێک هاوسەرەکەی خۆی بە چەقۆ بریندار دەکات، دوای ئەوەی ژنەکە رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیان لەدەستدەدات.   

هاوڵاتی لەکاتێکدا ئیسرائیل قۆناغی دووەمی جەنگی دەستپێکردووە بە بۆردومانکردنی چڕتری کەرتی غەززە بەتایبەتی بەشی باشوری کەرتەکە، سوپای وڵاتەکە دەیەوێت بەئاو تونێلەکانی غەززە پڕبکات و حەماس ناچاربکات لەتونێلەکانیان بێنە دەرەوە. بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵی ئەمریکی، ئیسرائیل سیستەمێکی گەورەی پەمپی ئاوی ئامادەکردووە تابەکاریبهێنێت بۆ لافاو دروستکردن لەنێو تونێلەکانی حەماس، ئەمەش بۆ ئەوەی چەکدارانی حەماس ناچاربکات لەتونێلەکان بێنە دەرەوە، بەڵام رەنگە ئەم پلانە ببێتە هەڕەشە بۆ سەرچاوی ئاوی غەززەو دروستکردنی قەیرانێکی تری مرۆیی و ژینگەیی. بەپێی رۆژنامەکە، سوپای ئیسرائیل لەپێکەوەبەستی سیستەمێکی پەمپی ئاو تەواو بووە کەزیاتر لەکیلۆمترێکی لەکەمپی ئاوارەکانی شاتی لەغەززەوە دوورە. ئەم سیستەمە ئاوی دەریای سپی ناوەڕاست رادەکێشیت و لەکاتژمیرێکدا دەتوانێت هەزارە مەتر چوارگۆشە بەرەو غەززە بنێرێت. هاوکات چەند بەرپرسێکی ئەمریکی کەناویان نەهاتووە باس لەوەدەکەن کەئیسرائیل مانگی رابردوو واشنتنی لەم پلانە ئاگادارکردووەتەوەو ئەمەش بووەتە جێی مشتومڕی بەرپرسانی وڵاتەکە لەسەر کاریگەری و گونجانی پلانەکەو سوودی سەربازی پلانەکە لەبەرامبەر ئەو زیانە ژینگەییەی کە دروستی دەکات. رۆژنامەکە دەڵێت، بەرپرسانی ئەمریکی نازانن کەحکومەتی ئیسرائیل چەنێک نزیکە لەئەنجامدانی پلانەکەو بڕیاری کۆتایشی لەسەر نەدراوە. سوپای ئیسرائیل تائێستا ٨٠٠ تونێلی دۆزیوەتەوەو دەشڵێت کە ٥٠٠ دانەی لەناوبردووە. تونێلەکان بەقوڵایی ٣٠ مەتر دروستکراون و زیاتر لە ٣٠٠ کیلۆمتر دەبن لەڕووی درێژییەوە. واڵ ستریت جێرناڵ ئاماژەی بەوە کردووە کەبەرپرسانی ئەمریکا رایان جیاوازە لەسەر پلانەکە، بەشێکیان بەنهێنی نیگەرانی خۆیان لەسەر پلانەکە دەربڕیوە، بەڵام هەندێکی تر پشتگیری لەناوبردنی تونێلەکانیان کردووەو وتوویانە کەهیچ لارییەک لەلایەن ئەمریکاوە نییە لەسەر پلانەکە. بەرپرسێک کە ناوی نەهاتووەو ئاگای لەپلانەکەیە وتوویەتی، ئەو پرۆسەیە چەند هەفتەیەکی پیدەچێت و وادەکات کەچەکدارانی حەماس ناچاربن لەتونێلەکان بێنە دەرەوە کەدەشوترێت ئەو بارمتانەی ماون لەهەمان ئەو تونێلانەدان. تائێستا نزیکەی ٦٠ بارمتەی ئیسرائیلی لەبەرامبەر ١٨٠ زیندانی فەڵەستینی ئازادکراون لەئاگربەستێکدا کەهەفتەی پێشوو کۆتای هاتوو و ماوەی هەفتەیەکی خایاند. سوپای ئسیرائیل رایگەیاندووە کە تائێستا نزیکەی ٢٠٠ بارمتە لات حەماس ماون. هێشتا دیار نییە کەئیسرائیل پێش ئەوەی هەموو بارمتەکان ئازادبکرێن ئەم پلانە جێبەجێدەکات یاخود دواتر. ئەو بەرپرسەی کەئاگاداری پلانەکەیە باسی لەوە کردووە کە «نازانین چەنێک هەڵدانی ئاو بۆ نیو تونێلەکان سەرکەوتوو دەبێت چونکە کەس وردەکاری تونێلەکان و دەوروبەری نازانێت، مەحاڵە بزانرێت کەپلانەکە کاریگەر دەبێت بەهۆی ئەوەی نازانین ئەو ئاوەی دەریا چۆن لەناو تونێلەکان کۆتاییان دێت و بەرەو کوێ دەچن». بەرپرسێکی سوپای ئیسرائیل کەنەیویستووە ناوی بهێنرێت و رەتیکردووەتەوە قسە لەسەر پلانەکە بکات، وتوویەتی، «سوپای ئیسرائیل کاردەکات بۆ لەناوبردنی توانستە تیرۆرییەکانی حەماس بەشێوازی جیاواز بەبەکارهێنانی ئامرازی سەربازی تەکنەلۆجی». حەماس ئەو تونێلانە بۆ خۆحەشاردانی، جوڵەی شاراوە و شاردنەوەی بارمتەکان بەکاردەهێنێت، ئەمە جگە لەوەی کەتێیدا چەک بەرهەمدەهێننێت و سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، بەشێکیان ناوەندی فەرماندەیی تێدایە کەبەرپرسە باڵاکانی تێدان. بەشێکیان بەشێوەیەکی ورد دروستکراون بەبەکارهێنانی کۆنکرێتی بەهێز، هەروەها هێڵی پەیوەندیش لەخۆدەگرێت. لەئێستادا بەهۆی گەمارۆی ئیسرائیلەوە، بەشێکی زۆری خەڵکی غەززە دەستیان ناگات بەئاوی سازگار بۆ خواردنەوە. پێش ٧ی ئۆکتۆبەر، چوار هێڵی بۆری لەئیسرائیلەوە راکێشراوبوون بۆ نیو غەززە، بەڵام دوای جەنگ یەکێکیان بەتەواوی گیراوەتەوەو دوانەکەی تریش زۆر کەم ئاویان پێدا دەڕوات. بەپێی ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان پیشتر ٨٣ لیتر بۆ هەر کەسێک لەغەززە دەنێردرا بەڵام ئێستا هەر فەڵەستینییەک رۆژانە سێ لیتر ئاوی پێدەگات. جۆن ئاڵترمان، جێگری بەرپرسی ناوەندی ستراتیجی و نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە دەڵێت، لەبەرئەوەی نازانرێت تونێلەکان چۆنن و چەنێک ئاو دزە دەکاتە ناو خاکی غەززەو کاریگەری چی دەبێت، قورسە کاریگەری ئەو هەموو ئاوە هەڵبسەنگێرێت کەزیانی چی دەبێت، بەتایبەتی «بۆ ژێرخانی ئاوو سیستەمی زێراب و ئاوی خەزانەکان، تەنانەت کارخستنەسەر جێگیریی باڵەخانەکانی نزیکی تونێلەکان». چەند بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکا ئەوەیان بە واڵ ستریت جێرناڵ وتووە کەپلانێکی لەوجۆرە ئیدارەی بایدن دەخاتە پێگەیەکی سەختەوەو رەنگە رووبەڕووی ئیدانەی جیهانی ببنەوە، بەڵام ئەوەشیان نەشاردووەتەوە کەئەو پلانە یەکێکە لەو رێگەشێوازە کەمانەی کە کاریگەری دروستدەکەن بۆ لەناوبردنی تونێلەکان. لەسەر کاریگەری پلانەکەو سەرکەوتنی، پرۆفیسۆر مایکڵ کلارک، کە شیکەرەوەیەکی سەربازییە، بەکەناڵی سکای نیوزی راگەیاندووە کە «بەڵێ دەتوانرێت ئەنجامبدرێت و سەردەگرێت». بەڵام ئەو پرۆفیسۆرە باسی لەوەش کردووە کەپلانە دوو مەترسی دروستدەکات کە یەکێکیان ئەوەیە «ئیسرائیل نازانێت ئاخۆ بارمتەکان لەناو تونێلەکاندان یان نا». یەکێتی تر لەمەترسییەکان ئەوەیە کە بەناردنی ئاو بۆ نیو تونێلەکان رەنگە سوپای ئیسرائیل خۆی لەحاڵەتێکدا ببینێتەوە کەسەرچاوی ئاوی غەززەش پیس بکات کەئەوەش دەبێتە «خراپەکارییەکی ژینگەیی کەتەواوی جیهان لەئیسرائیل خۆشنابن بۆ ئەو کارە». ئەم پلانەی ئیسرائیل لەکاتێکدایە کەوڵاتەکە دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەست چووەتە قۆناغی دووەمی جەنگەوەو بۆردومانەکانی چڕتر کردووەتەوە بەتایبەتی لەدووەمین گەورەترین شاری غەززە کەئەویش خان یونسە. لەژێر فشاری ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی قوربانی مەدەنی، ئیسرائیل دەڵێت لەهێرشەکانیدا وردتر بووەو قوربانی کەمکردووەتەوە، بەڵام خەڵکی فەڵەستین دەڵێن لەغەززە هیچ شوێنێک بەئارامی نەماوەو بەشێکی زۆریان لەوە دەترسن کەئەگەر ماڵەکانیان بەجێبهێڵن هەرگیز نەتوانن بگەڕێنەوە. تائێستا بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیل سێ بەشی دانیشتوانی غەززە کەژمارەیان دوو ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەسە بەناجاری ناوچەکانی خۆیان بەجێهێشتووە. حەمزە ئەلبورش، کەدانیشتوویەکی شاری خان یونەسە بەئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی راگەیاندووە «ئەوەی روودەدات باوەڕپێنەکراوە، ئەوانە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی بۆردومان دەکەن». وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاندووە کە تائێستا نزیکەی ١٦ هەزار کەس لەغەززە بەهۆی بۆردومانەکانی ئسیرائیلەوە کوژراون کە ٧٠%یان منداڵ و ژنن. بەپێی ئاماری وەزارەتەکە، لەڕۆژی هەینییەوە کەئاگربەست کۆتایی هاتووە نزیکەی 900 کەس لەهێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراون و چەندین جار بەرپرسانی ئەمریکا داوایان لەئیسرائیل کردووە کەقوربانی مەدەنی لەهێرشەکانیدا کەمبکاتەوە. لەدوای چڕکردنەوەی بۆردومانەکان و نزیکەی دوو مانگ جەنگ، ئەمریکا دەڵێت هێشتا بەڵگەیان لانییە کەئیسرائیل بەئەنقەست خەڵکی مەدەنی لەغەززە بکاتە ئامانج. ماتیو میڵەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەسەر هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ کەمکردنەوەی قوربانی مەدەنی لەهێرشەکانیدا رایگەیاند، «هێشتا زۆر زووە کەهەڵسەنگاندنێکی یەکلاکەرەوە بکەین، ئیسرائیل داوای لەملیۆنەها خەڵک کردووە کەناوچەیەکی تایبەتی چۆڵ بکەن و رێنمایی تایبەتی دەرکردووە بۆ خەڵکی مەدەنی کەبگوازنەوە نەک تەواوی شارێک چۆڵی بکەن، بۆیە ئەمەش بەرەوپێشچوونەو لەپێش ئەوەی روویداوە باشترە.» میڵەر لەدرێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد، واشنتن هیچ بەڵگەیەکی بەردەست نەکەوتووە کەبیسەلمێنێت ئیسرائیل بەئەنقەست مەدەنی دەکوژێت، بەڵام وتیشی کەئەوان چاوەڕێی مردنی خەڵکی مەدەنیش دەکەن چونکە «بەداخەوە ئەوە بۆ هەموو جەنگێک راستە.»

هاوڵاتی  بەرێوبەری پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، ئەو پیاوەی ئەمشەو هاوسەرەکەی خۆی بە چەقۆ کوشت لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکراوە. عەمید ئاسۆ تەها، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە میدیای یەکێتی راگەیاندووە ئەو هاوڵاتییەی هاوسەرەکەی خۆی بە چەقۆ کوشت لە سلێمانی، لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکرا و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە. ئەمشەو لە گەڕەکی بەکرەجۆی شاری سلێمانی دوو هاوسەر بووە دەمەقاڵییان و پیاوەکە هاوسەرەکەی بریندار کردووە دوای ئەوەی چەند جارێک چەقۆی لیدەدات. سەرەتا ژنەکە بریندار دەبێت، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانەی شار گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی کراوە. بەپێی زانیارییەکان، ئەو ژنەی کوژراوە تەمەنی 24 ساڵە

هاوڵاتی  رەجەب تەیب ئەرۆدغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە وتارێکیدا هەڕەشەی توندی لە ئیسرائیل کرد و رایگەیاند سوپای وڵاتەکە پێویستە "بەهۆش خۆی بێتەوە" پێش ئەوەی سوپایەکی بەهێز رووبەرووی بێتەوە.  لە نوێترین وتاریدا دژی ئیسرائیل، سەرۆککۆماری تورکیا وتی، "ئیسرائیل، کە دڵ و قاچی هاتوونەتە لەرزە لەبەرامبەر کۆمەڵێک مەدەنی غەززە، ئەگەر رووبەرووی سوپایەکی راستەقینەوە و بەهێز ببێتەوە ئەوا پارچە پارچە دەبێت." ئەردۆغان لەدرێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد، "ئێمە هیوادارین ئیسرائیل بەهۆش خۆی بێتەوە پێش ئەوەی دەرئەنجامێکی ئاوا بەئازار رووبدات." لەسەرەتایی دەستپێکی جەنگەوە لەنێوان حەماس و ئیسرائیل، سەرۆککۆماری تورکیا هەڵوێستی توند دەنوێنیت بەرامبەر ئیسرائیل و زۆرجار بەراستەوخۆ ناوی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەهێنێت و هەڕەشەی لێدەکات، لەدواین هێرشیشیدا وتی کە ناتانیاهۆ "قەسابی غەززە"یە و لەسەر ئەوە دادگایی دەکرێت.  ئەم هەڵوێستەی سەرۆککۆماری تورکیا لای زۆرێک بە هەڕەشەی راستەقینە لێکنادرێتەوە و دەڵێن کە ئەمە تەنها بۆ نمایشە ئەگەرنا تورکیا و وڵاتانی عەرەبی ناتوانن بەرامبەر ئیسرائیل بوەستنەوە.  ئیسرائیل چەندین جار وەڵامی ئەردۆغانی داوەتەوە و دواین وەڵامی توندیش لەلایەن ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە بووە کە مانگی رابردوو وتی، "ئێمە گوێت لێناگرین تۆ گوندەکانی سنوری تورکیا بۆردومان دەکەیت."  نزیکەی دوو مانگە جەنگی حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە و بەپێی ئاماری سوپای ئیسرائیل تا ئێستا 401 سەربازی وڵاتەکە کوژراوە، ئەمە جگە لەو هەزار و 200 کەسەی تر کە کوژراون. هاوکات بەهۆی بۆردومانە چڕەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە، نزیکەی 16 هەزار کەس کوژراون کە ئاماری کوژرانی مەدەنی و چەکداری حەماس پێکەوە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینەوە هەژمارکراون.

هاوڵاتی  پزیشکێکی هەرێمی کوردستان خەڵاتی باشترین پزیشکی ڤێتەرنەری و ئاژەڵدۆستی بەدەستهێنا کە ساڵانە پێنج هەزار پزیشکی فێتەرنەری پێشبرکێ لەسەر خەڵاتەکە دەکەن. دکتور سلێمان تەمەر، کە خەڵکی شاری دهۆکە، خەڵاتی باشترین پزیشکی ڤێتێرنەری و ئاژەڵدۆستی GOLDEN STAR AWARD بەدەستهێنا کە ساڵانە لەلایەن ناوەندی نێودەوڵەتی رێکخراوی جیهانی ئاژەڵان ئەنجام دەدرێت. ئەم خەڵاتە ساڵانە رێکدەخرێت بۆ ئەو پزیشک و ئەکادیمیستانەی کە ژیانیان دەخەنە مەترسی و بەخۆبەخشی کاردەکەن و تێدەکۆشن لەپێناو رزگارکردنی گیانی ئاژەڵان و سەرکێشی دەکەن. ئەمساڵ پێنج هەزار پزیشکی جیهانی لە کێبڕکێکی خەڵاتەکەدا بەشداریانکردبوو.  لەبارەی وەرگرتنی خەڵاتەکەوە دکتۆر سلێمان، سەرۆکی رێکخراوی کوردستان بۆ پاراستنی مافی ئاژەڵان و بەرپرسی بەشی پلاندانانی فێتەرنەری دهۆک بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئەم خەڵاتە بە موڵکی خۆم نازانم بەڵکو پێشکەشە بە هەموو ئەو کەسانەی کەخزمەت بە ئاژەڵان دەکەن و  ئاژەڵاندەپارێزن و چارەسەری پێویستیان بۆ دەکەن. دکتۆر سلێمانی وتیشی، "دەیان پرۆژەم ئەنجامداوە لەبواری ئاژەڵدۆستی، دواین پرۆژەش دروستکردنی شێڵتەرێک بوو بۆ سەگی بێ خاوەن لە دهۆک، بیرۆکەی ئەم پرۆژەیە هی خۆم بوو، بەخۆشحاڵیەوە ئێستا %60ی پرۆژەکە تەواو بووە."

سەركۆ جەمال هاوڵاتی بەدواداچوون بۆ دەنگۆی هاككردنی سیستەمی كارەبای هەرێم دەكات دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو كوژانەوەی گشتی لەكارەبای هەرێم روویدا، بەرپرسێكی وەزارەتی كارەبا دەڵێت سیستەمی كارەبا هێندە پێشكەوتوو نییە پەیوەست بێت بە ئینتەرنێتەوە (سكادا) بێت و هاك بكرێت، بەپێی بەدواداچوونەكەی هاوڵاتی ساڵ بەساڵ پێدانی کارەبای نیشتیمانی لەهەرێم كەمدەبێـتەوەو لەبەرامبەردا فرۆشتنی كارەبا بەناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە زیاتر دەبێت. ئێوارەی پێنجشەممەی رابردوو كوژانەوەی گشتی كارەبا لەهەرێم روویدا، رۆژی دواتر واتە رۆژی هەینی یەكی كانوونی یەكەمی 2023، وەزارەتی كارەبا روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: بەهۆی گرفتێكی تەكنیكییەوە، كوژانەوەی گشتی لەسیستەمی كارەبای هەرێم روویداو تیمەكانی وەزارەتی كارەبا سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشەكەو گەڕانەوەی كارەبای گشتیین، دواتریش هەواڵی هاككردنی سیستەمەكە بڵاوبووەوە. لەڕوونكردنەوەكەی وەزارەتی كارەبادا هاتبوو: ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، بەهۆی گرفتێكی تەكنیكییەوە، تەواوی یەكەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێم كوژانەوەو تیمەكانی وەزارەتی كارەبا دەمودەست كێشەكەیان چارەسەر كردووە، بەڵام كاتژمێر (1:00)ی شەو بۆ جاری دووەم كوژانەوەی گشتی روویداوەو ئێستا تیمەكانی كارەبای هەرێم سەرقاڵی ئاساییكردنەوەی دۆخی سیستەمی كارەبای هەرێمی كوردستانن». دوای روونكردنەوەكەی وەزارەتی كارەبا، چەند میدیایەك و پەیجێكی سۆشیال میدیا هەواڵی هاككردنی سیستەمی كارەبای هەرێمیان بڵاوكردەوە، دواتریش وەزارەتی کارەبای حكومەتی هەرێمی کوردستان لەڕوونکردنەوەیەکدا رایگەیاند:» لەچەند پەیجێكی سۆشیال میدیا هەواڵێكی چەواشەكارانە بڵاوكراوەتەوە کەگوایە ماڵپەڕی فەرمیی پرۆژەی تۆڕی زیرەك هاككراوە، ئەم هەواڵە دوورە لەڕاستییەوەو هیچ بنەمایەکی نییەو تەنها بەمەبەستی بەلاڕێدابردنی رای گشتی بڵاوکراوەتەوە، ئەوە چەندین جارە هەواڵی بێ بنەماو دوور لەڕاستی سەبارەت بەم خزتگوزارییە گرنگەی کەرتی کارەبا بڵاودەکرێتەوە». سەبارەت بەهاككردنی سیستەمەكە هاوڵاتی پەیوەندیكرد بەئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم و وتەبێژی وەزارەتەكە، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكان و پرسیارەكانی هاوڵاتی نەدایەوە، هاوكات سەرچاوەیەك لەوەزارەتی كارەبای هەرێم رەتیكردەوە سیستەمی كارەبای هەرێم هاككرابێت و راشیگەیاند ئەوە یەكەمجار نییە ئەوە روودەدات. لەلایەن خۆشیەوە سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەهیچ شێوەیەك هەواڵی هاككردنی سیستەمی كارەبای هەرێم راست نییە، چونكە ئەوەندە پێشكەوتوو نییە تا هاك بكرێت، بەهۆی ئەوەی هیچ پەیوەست نییە بەئینتەرنێـتەوە». وتیشی:» سیستەمی كارەبای هەرێم (سكادا) نییە تا هاك بكرێت و پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوەش شتێكی ئاساییە بۆ ئەوەی بزانرێت هۆكاری كوژاندنەوەی گشتی كارەبا چییەو زیانەكانی چین چونكە جگە لەوەزارەتی كارەبا زیان بەهاووڵاتیانیش دەگەیەنێت». (سكادا) بریتییە لە پڕۆگرامێكی ئەپڵیكەیشنی سۆفتوێر بۆ پەیداكردنی زانیاری لەسەر سیستمەكە لەسەر بنچینەی هەموو ئەو ئامێرانەی كە لەناو سیستمەكەدا هەن كەئایا لەحاڵەتی ئاساییدان یاخود نائاسایی (ئایا هیچ فۆڵتێك دروستبووە یاخود نا) ئەم زانیاریانە دەگوازێتەوە بۆ ناوەندی كۆنتڕۆڵ (كۆنتڕۆڵ سەنتەر) تاكو بەئاسانی شوێنی فۆڵت دیاری بكرێ و بەشێوەی دورەدەست كاری كۆنتڕۆڵكردنی بۆ بكرێت (زۆرجار بتوانرێت سویچینگ بكرێت بۆ هەر فۆڵتێك یاخود حاڵەتی نائاسایی) بەم شێوەیە كاری چاودێریكردن و كۆنتڕۆڵكردنی سیستم ئاسانترو زۆر خێراتریش دەبێت، بەڵام لەهەرێمی كوردستان هێشتا سیستەمی گواستنەوەی ئاسایی كارەبا بەكاردەهێنرێت، هەرچەندە لە 15ی ئەیلولی 2021 كەمال محەمەد وەزیری كارەبای هەرێمی كوردستان گرێبەستێكی بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای ستێرو كۆنترۆڵ ماتیك واژۆكرد. پڕۆژەی سكادا تێچووەكەی بەپێی گرێبەستەكە 37 ملیارو 982 ملیۆن دینار بووەو بڕیارە لەماوەی 900 رۆژدا تەواو ببێت واتە تائێستا وادەی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە كۆتایی نەهاتووە. تەنها لەهەرێم كوژاندنەوەی گشتی كارەبا رووینەداوە، لەعێراقیش كۆتایی مانگی حەوتی ئەمساڵ روویدا، هەر ئەوكات زیاد عەلی فازڵ وەزیری كارەبای عێراق رێنمایییەكی بەپەلەی سەبارەت بەكوژانەوەی گشتی كارەبا لەژمارەیەك لەپارێزگاكانی عێراق دەركردو بەگوێرەی رێنماییەكانیش، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكدەهێنرا بەمەبەستی بەدواداچون و روونكردنەوەی هۆكارەكانی ئاگركەوتنەوەكە كە لەوێستگەی لاوەكی بەكر روویدا، كە بووەهۆی پچڕانی هێڵەكانی گواستنەوە بۆ دەڤەری باشورو بووەهۆی كوژانەوەی تەواوەتی سیستەمەكە، ئەوەش لەكاتێكدایە ئەمڕۆ شەممە سیستمی كارەبا لە ژمارەیەك لە پارێزگاكانی عێراق كوژایەوەو بەتەواوی كارەبا پچڕا، ئەمەش كاردانەوەی زۆری هاووڵاتیانی لێكەوتەوە. ساڵانە لەگەڵ هاتنی یەكەم شەپۆلی سەرمادا كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا كەمدەبنەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە وەزارەتی كارەبا پێوەری زیرەك و سیستەمی پریپەیدی كارەبای خستووەتەكار، بەڵام ئەم سیستەمانە نەبووەتەهۆی زیادبوونی كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتیمانی بەهاووڵاتیان. بەگوێرەی بەدواداچوونی رۆژنامەی هاوڵاتی، لە 24 كاژێردا تەنیا سێ بۆ چوار كاتژمێر كارەبای نیشتمانی لەهەندێك ناوچەی هەولێر هەیە، هەروەها لەسلێمانی كەمتر لەحەوت كاتژمێرو لەدهۆك شەش بۆ حەوت كاتژمێر كارەبا هەیە، ئەوەش لەكاتێكدایە وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان سێ هەزارو 800 مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنێت، بەڵام لەوەرزە ساردو گەرمەكاندا خواست لەسەر كارەبا بۆ دوو هێندە بەرزدەبێتەوەو كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی كەمتر دەبنەوە، ئەوەی پێویستیی هاووڵاتیان پڕدەكاتەوە موەلیدە ئەهلییەكانن، كەئەوەش تێچوویەكی زۆری بۆ هاووڵاتیان هەیەو هەر ئەمپێرێكی مانگانەی زیاتر لە 10 هەزار دینار لەسەر هاووڵاتیان دەكەوێت، جگە لەوەی دەبێتە هۆی پیسكردنی ژینگەی هەرێم كەزیاتر لەپێنج هەزارو 500 موەلیدەی ئەهلی لەهەرێمی كوردستاندا هەن. هەر بەپێی بەدواداچوونی هاوڵاتی، پاڵپشت بەڕاپۆرتەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كۆنترۆڵ و گەیاندنی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان، ساڵ بەساڵ بڕی ئەو كارەبایەی هەرێمی كوردستان بەعێراقی دەفرۆشێت زیاتر دەبێت. بۆ نموونە لەساڵی 2020دا بەتێكڕا ئاستی بەرهەمی وزەی كارەبا بریتی بووە لەسێ هەزارو 68 مێگاوات، لەو بڕەش 268 مێگاواتی كەدەكاتە رێژەی 9٪ هەناردەی عێراق كراوەو بڕی دوو هەزارو 800 مێگاواتی كەدەكاتە 91٪ خراوەتە ناو تۆڕی كارەبای نیشتیمانی هەرێمی كوردستانەوە. لەساڵی 2021یشدا بەتێكڕا ئاستی بەرهەمی وزەی كارەبا بریتی بووە لەسێ هەزارو 373 مێگاوات، لەو بڕەش 498 مێگاواتی بەڕێژەی 15٪ هەناردەی عێراق كراوەو بڕی دوو هەزارو 875 مێگاواتیشی بەڕێژەی 85٪ خراوەتە ناو تۆڕی كارەبای نیشتیمانی هەرێمی كوردستانەوە. هەر بەپێی راپۆرتەكە لەساڵی 2022دا بەتێكڕا ئاستی بەرهەمی وزەی كارەبا بریتی بووە لەسێ هەزارو 304 مێگاوات، لەو بڕەش 630 مێگاواتی بەڕێژەی 19٪ هەناردەی عێراق كراوەو بڕی دوو هەزارو 674 مێگاواتیشی بەڕێژەی 81٪ خراوەتە ناو تۆڕی كارەبای نیشتیمانی هەرێمی كوردستانەوە. لەكارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە:»كاردەكەین بۆ چارەسەرییەكی بنەڕەتی بۆ كێشەی كارەبا، لەزیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنان و كەمكردنی بەهەدەردان و دابەشكردنێكی پێشكەتوو و گونجاوی كارەبا. هەروەها كاردەكەین بۆ رێكخستنەوەیەكی گونجاوی نرخی كارەباو دامەزراندنی میكانیزمێكی كاریگەرو سەردەمیانە بۆ كۆكردنەوەی پارەی كارەبا لەبەكاربەران». سەرەڕای ئەوەی تەمەنی راستەقینەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆتایی هاتووە، لەئێستادا لەقۆناغی كاربەڕێكردندایە، بەڵام كێشەی كارەبا هاوشێوەی كابینەكانی پێشوو بەردەوامەو نەتوانراوە چارەسەرێكی ئەوتۆ بۆ ئەو پرسە بدۆزرێتەوە. بەپێی زانیارییە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەئێستادا زیاتر لە(ملیۆنێك و 850 هەزار) هاوبەشی كارەبا هەیە لەهەرێمی كوردستان و پێویستیان بەحەوت هەزار مێگاوات كارەبا هەیە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان نیوەی بڕی پێویست بەرهەمدەهێنێت و لەوە بڕەش كەبەرهەمی دەهێنێت بەشێكی هەناردەی عێراق دەكات.  

هاوڵاتی  پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند لە چەند رۆژی داهاتوودا 700 ملیار دینارەکە دەگات و داوای قەرزی تریان لە حکومەتی عێراق کردووە بۆ سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ.  پێشەوا هەورامانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "نیه‌تێكی باش له‌لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان دەبینین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و په‌یوه‌ندییه‌كی باش له‌نێوان مه‌سرور بارزانی و سودانی هه‌یه‌." بەڵام هەر ئەمڕۆ چوارشەممە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە لەدوا سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا "چارەسەری بنەڕەتی" بۆ مووچە نەخراوەتەڕوو لەلایەن حکومەتی عێراقەوە و "ئەوەی بەغدا دەیکات، پێشێلکردنێکی ئاشکرا و بێ پاساوی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانە." لەسەر گەشتنی گوژمەی سێیەمی 700 ملیار دینارەکەی بەغدا بۆ هەرێم و رێککەوتنی تر بۆ ناردنی مووچەی مانگی 10 و 11 و 12، پێشەوا هەورامانی وتی، "لەم چەند رۆژەدا 700 ملیار دینارەکە دەگاتە هەرێمی کوردستان و داوای قەرزێکی دیکەمان کردووە بۆ پێدانی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ." حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە"هەموو ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر حکومەتی فیدڕاڵ جێبەجێکردووە و دەستەی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و هەرێم ، وردبینی و پێداچوونەوەیان بۆ سەرجەم داهات وخەرجیەکان و میلاکی وەزیفیی هەرێم كردووە بۆیە هیچ بەهانەیەک بۆ حکومەتی فیدڕاڵ نەماوە کە شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج نەکات و ئێمە حکومەتی فیدراڵ بە تاکە بەرپرسی دواخستنی مووچەکان دەزانین و داوا دەکەین چیتر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دوا نەخەن." وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەیدا دووپاتی ئەوەی کردەوە کە "ئەوەی پێویست بوو لەسەر ئێمە کردمان و هەموو داتاکانمان رادەستی بەغداد کرد لەگەڵ داهات و لە بابەتی نەوت هیچ شتێک لەسەر شانی هەرێم نەماوە."

هاوڵاتی  سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی لەسەر کۆبووونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران بڵاوکردەوە و رایگەیاند، حکومەتی عێراق چارەسەری بنەڕەتی بۆ مووچە نەخستووەتە بەردەم شاندی هەرێم و ئەوەی بەغدا دەیکات "پێشێلکردنی ئاشکرای مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانە." مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە بڕگەی یەکەمدا لەگەڵ ئامادەبوانی کۆبووەنەکە کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتیش بەشداربوو، باسی لە پشکی بودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە.  بەپێی راگەیاندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئەنجامی دوا سەردانی شاندی هەرێم کراوە کە هەفتەی پێشوو گەڕانەوە و مەسرور بارزانی دەڵێت، شاندەکەی هەرێم ئاماژەیان بەوەداوە کە لەیەکترگەیشتنێکی هاوبەش لە بەغدا دروستبووە سەبارەت بەوەی کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تێکەڵی ناکۆکی سیاسی نەکرێت، بەڵام "ئەوەی بۆ شاندی هەرێم خراوەتەڕوو، چارەسەری بنەڕەتی ئەم بابەتە و کێشەی مووچەی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناکات کە مانگانە 944 ملیار دینارە و بۆ ساڵێکی دارایی زیاتر لە 11 ترلیۆن دینارە، بۆیە ئەوەی بەغدا دەیکات، پێشێلکردنێکی ئاشکرا و بێ پاساوی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانە." هاوکات باس لەوەش کراوە کە "ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدرال دەکات کە لە نزیکترین دەرفەتدا، پڕۆژە یاسای هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵیی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند بکات و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بکات بە ئاراستەی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وەک لە خشتەکانی یاسای بودجە هاتووە دوور لە پێوەری خەرجی فیعلیی و ناکۆکیی نەوتی و داهاتی نانەوتی." سەرۆکی حکومەتی هەرێم داواش دەکات هەموو ئەو لایەنە سیاسییانەی بەشدارن لە حکومەتی عێڕاق پشتگیری هەموارکردنەوەی یاسای بودجە بکەن تا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وەک پارێگاکانی تر لەکاتی خۆیدا بنێردرێت بۆ ئەوەی "چیتر ناعەدالەتی بەرامبەر مووچەخۆرانی هەرێم نەکرێت و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکان و یاسای بوجەدا، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە مووچەکان بدرێن." هاوکات مەسرور بارزانی دەشڵێت، "هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر حکومەتی فیدڕاڵ جێبەجێکردووە و دەستەی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و هەرێم ، وردبینی و پێداچوونەوەیان بۆ سەرجەم داهات وخەرجیەکان و میلاکی وەزیفیی هەرێم كردووە ، جیا لەوەش، هەرێم پابەندیی نەوتی خۆی بەرامبەر وەزارەتی نەوتی فیدراڵ جێبەجێ کردووە لە ڕێگەی ڕادەستکردنی نەوت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی، بەڵام حکومەتی فیدراڵ، هیچ بڕە پارەیەکی بۆ کۆمپانیا نەوتیەکان خەرج نەکردووە، بۆیە هیچ بەهانەیەک بۆ حکومەتی فیدڕاڵ نەماوە کە شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج نەکات و ئێمە حکومەتی فیدراڵ بە تاکە بەرپرسی دواخستنی مووچەکان دەزانین و داوا دەکەین چیتر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دوا نەخەن."

هاوڵاتی  بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا کۆبوویەوە و رایگەیاند، ژیان و گوزەرانی خەڵک دەبێت کاری لەپێشینەی حکومەت بێت، دەشڵێت، "ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، ئەرکی هەموولایەکە  وڵات لە هەموو ئەگەرێکی نەخوازراو بپارێزن." ئۆفیسی سەرۆکی یەکێتی بڵاویکردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئەگەری رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و عێراق کراوە لەسەر مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و بافڵ تالەبانی ئاماژەی بەوە کردووە، "گەڕانەوە بۆ دەستوور و هاوبەشیی راستەقینە، فاکتەری سەرەکیی چارەسەرکردنی کێشەکانە، ژیان و گوزەرانی خەڵک دەبێت کاری لەپێشینەی حکومەت بێت و هەموولایەکیش هاوکار و هەماهەنگبن لەو پێناوەدا." هاوکات بافڵ تاڵەبانی لەسەر دۆخی ناوچەکە باسی لەوە کردووە، "ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، ئەرکی هەموولایەکە بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و وڵات لە هەموو ئەگەرێکی نەخوازراو بپارێزن."