هاوڵاتی  دوای ئەوەی ئەمریکا وەک تاکە ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڤیتۆی لەسەر پرۆژەیاسایەکدا بۆ ئاگربەست، ئیسرائیل سوپاسی وڵاتەکەی کرد و وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند پاڵپشتی ئەمریکا حەماس لەناو دەبات. رۆژی هەیینی پرۆژەیاساکە لەلایەن ئیماراتەوە بۆ ئەنجامدانی ئاگربەست لە غەززە پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کرا و لە ئەنجومەنەکەدا دەنگی لەسەر درا کە تێیدا 13 دەنگی بەڵێی بەدەستهێنا لەکۆی دەنگی 15 ئەندام، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەمریکا ڤیتۆی بەکارهێنا پرۆژەیاساکە تێنەپەڕی. پێنج ئەندامی هەمیشەیی لە ئەنجومەنەکەدا هەن کە دەتوانن هەر پرۆژەیاسایەک رەتبکەنەوە ئەوانیش، ئەمریکا، بەریتانیا، چین، فەرەنسا و روسیا. لە پرۆسەی دەنگدانەکەدا بەریتانیاش خۆی لە دەنگدان بەدوور گرت. نوێنەری ئەمریکا لە ئەنجومەنەکە هۆکاری رەتکردنەوەی پرۆژەیاساکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە پرۆژەیاساکە "ناهاوسەنگ" و ناواقعییە، هەروەها رەخنەشی لە پرۆژەیاساکە گرت چونکە ئاماژەی بە ئیدانەکردنی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 نەداوە کە لەلایەن حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدرا. دوای ئەوەی ئەمریکا ڤیتۆی لەسەر پرۆژەیاساکەدا، ئیلی کۆهن، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل سوپاسی ئەمریکا کرد بۆ پاڵپشتیکردنی لە بەردەوامیدان بە جەنگ چونکە رێخۆشدەکات بۆ "گەڕانەوەی زیاتری بارمتەکان و لەناوبردنی حەماس." هاوکات دەسەڵاتی فەڵەستین لە کەرتی خۆرئاوا رایگەیاند، ڤیتۆکەی ئەمریکا مایەی "پەشیمانی"یە و "ژیانی ملیۆنەها فەڵەستینی لەسەر پەتێک بەندە، ژیانی هەموویان پیرۆزە و شایەنی رزگارکردنە." بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، زیاتر لە 17 هەزار کەس کوژراون و زیاد لە 40 هەزار کەسی تریش لە کەرتی غەززە برینداربوون لەماوەی دوو مانگی جەنگدا.

هاوڵاتی  لاهور شیخ جەنگی پەیامێکی سەبارەت بە روداوی ئاگرکەوتنەوەکەی سۆران بڵاوکردەوە و دڵگرانی خۆی لەبارەی روداوەکەوە دەربڕی، دەشڵێت "هیوادارم لایەنە پەیوەندیدارەکان رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی رووداوی کارەساتباری لەم شێوەیە."  دوای ئەوەی شەوی رابردوو روداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەک لە ئیدارەی سۆران رویدا و تێیدا 14 کەس گیانیان لەدەستدا و حەوت کەسی تریش برینداربوون، لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "خەمبار و دڵگرانبووم بە روداوی کارەساتباری ئاگرکەوتنەوەکەی باڵەخانەیەک لە شاری سۆران، پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی کەس و کاری قوربانییەکان دەکەم، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم." لاهور شیخ جەنگی وتیشی، "هیوادارم لایەنە پەیوەندیدارەکان رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی رووداوی کارەساتباری لەم شێوەیە."

هاوڵاتی تائێستا ئاوارەكانی دهۆك نەوتیان پێنەدراوە، لەكاتێكدا وەرزی سەرما دەستیپێكردووە، ئەو ئاوارانەی شەنگال كە لە 15 كەمپی پارێزگاكەن چاوەڕێی نەوتن، بەرپرسێكی حكومەتی هەرێمیش دەڵێت نەوتی عێراقیان بۆ هاتووە بەڵام پشكنینیان بۆ كردووە كبریتی تێدابووە. هەرچەندە بڕیاربوو لە 1-10-2023 وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بەشە نەوتی ئاوارەكانی دهۆك ڕەوانە بكات، بەڵام نەوتەكە دواكەوت و پاش پشكنینی دەركەوت كبریتی تێدایە كە ئەوەش مەترسی كارەساتی لێدەكرێت. پیر دیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ وكۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان سەر بەحكومەتی هەرێم  بە هاوڵاتی وت: بەڵێنمان لەوەزارەتی كۆچ وكۆچبەرانی عیراق وەرگرتبوو كە لەسەرەتای مانگی 10نەوت بگاتە دهۆك وبەسەر ئاوارەكاندا دابەشی بكەین، باوەرناكەم هیچ ساڵێك وەكو ئەمساڵ دواكەوتبێت، ئاوارەكان بەناچارییەوە لەسەر حسابی خۆیان نەوت دەكڕن. وتیشی: هەفتەی رابردوو حكومەتی عیراق لەكەركوكەوە چوار تانكەری نەوت كەهەریەكێكیان بڕی 36هەزار لیتری لەخۆگرتبوو هێنایە دهۆك، پێش دابەشكردن رەوانەی تاقیگەی دهۆكمانكرد تاوەكو پشكنینی بۆ بكرێت، دەركەوت بڕێكی زۆر لەكبریت لەناو نەوتەكەدا هەیە، ئێمەش سەرووی خۆمان ئاگاداركردەوە ووتمان ڕازی نین ئەم جۆرە نەوتە بەسەر ئاوارەكاندا دابەش بكرێت، جگە لەوەی كواڵیتیەكەی خراپە هاوكات ماددەی كبریت لەگەڵ نەوتەكەدا زوو دەبێتە هۆكاری سووتان.

هاوڵاتی لەگەڵ نزیكبوونەوەی ساڵڕۆژی جاڕنامەی جیهانی مافەكانی مرۆڤ، بەریتانیا و ئەمریكا و كەنەدا دەیان بەرپرسی پێشێلكاری مافی مرۆڤیان لەجیهان دەخەنە لیستی سزاكانیانەوە، بەشێك لەو بەرپرسانەش ئێرانین. بە پێی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا كە رۆژی هەینی هەشتی كانوونی یەكەم بڵاوكراوەتەوە، پێنج بەرپرسی ئەمنیی و دادوەری ئێران لە لیستی گەمارۆكانی بەریتانیادان. بەریتانیا هەریەك لە ( عەلی ساڵەحی دادوەری گشتی و ئینقلابی تاران، عەلیرەزا ئەدیانی، بەرپرسی رێكخراوی بیروباوەڕی سیاسی هێزەكانی پۆلیس، مەسعوود دروستی، بەڕێوەبەر و ئەندامی بەڕێوەبەری مێترۆی تاران، عەلی ئەكبەر جاویدان فەرماندە پۆلیسی هورموزگان، حەسەن مەفخەمی شارستانی، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای مازەندەرانی خستۆتە لیستی گەمارۆكانەوە). ئەم كەسانە بەوتەی بەریتانیا بەشێوەی بەرچاو پێشێلكاری مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕینیان ئەنجامداوە و دەستیان بووە لە سەركوتی خۆپیشاندەران و هەروەها دژی ژنان و مافەكانیان وەستاونەتەوە. لەگەڵ دەستپێكی شۆڕشی ژینا لە ئەیلوولی ٢٠٢٢ ەوە بۆ ماوەی چەند مانگێك، پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانی ئێران هەزاران كەسیان دەستبەسەر كرد و ژمارەیەكی زۆر خەڵكیان لە سێدارە دا. وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیەندراوەكەیدا هەروەها نووسیویەتی: هەركام لەم كەسانەی كەوتوونەتە لیستی گەمارۆكانەوە، لە ئەگەری بوونی هەر سەرمایەیەك لە بەریتانیا و كەنەدا و ئەمریكا، دەست بەسەر سەرمایەكەیاندا دەگیردرێت و مافی ئەوەیان نییە بۆ هیچكام لەم وڵاتانە سەفەر بكەن.  

هاوڵاتی  ژمارەی قوربانیانی کەرتی غەززە بەهۆی بۆردوومانەکانی سوپای ئیسرائیلەوە، تادێت هەڵدەكشێت، بەپێی نوێترین ئاماری تەندروستیی غەززە، ژمارەی کوژراو و برینداران لە ٦٤ هەزار کەس نزیک دەبێتەوە کە زۆربەیان ژن و منداڵن. ئەشرەف قودرە، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەزە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بەپێی نوێترین ئاماری تۆمارکراو، ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە بەهۆی بۆردوومان و هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلەوە، گەیشتە ١٧ هەزار و ٤٨٧ کەس. وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەزە وتیشی: ژمارەی بریندارانی کەرتی غەززە بۆ ٤٦ هەزار و ٤٨٠ کەس بەرز بووەتەوە، کە بەشی زۆریان برینەکانیان سەختە و بەهۆی نەبوونی شوێن لە نەخۆشخانەکان و کەمیی پێداویستی پزیشکی، لە ڕەوشێکی خراپدان. ئەشرەف قودرە ئاماژەی بەوەش کرد، زۆربەی کوژراو و برینداران ژن و منداڵن، کە ڕێژەی ٧٠٪ی کۆی قوربانییەکان پێکدەهێنن. سوپای ئیسرائیل دوای کۆتایی هاتنی ئاگربەستی مرۆیی نێوانیان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس، هێرش و بۆردوومانەکانی بۆسەر کەرتی غەززە لە باکوور و باشووری ئەو شارە چڕتر و فراوانتر کردووەتەوە، بە تایبەتی شاری خان یوونس کە بە هۆیەوە هەزاران کەس لە دانیشتووانەکەی بەرەو شاری ڕەفەح هەڵاتوون.  

هاوڵاتی لەئامەدی باكوری كوردستان تابلۆیەك بەزمانی كوردی لەیەكێك لەشارۆچكەكان دانرا، بەڵام دەسەڵاتدارانی توركیا ڕێگەیان نەدا و لایانبرد. تابلۆیەك لەگوندێكی دوورە دەستی باكوری كوردستان بەزمانی كوردی لەسەری نوسرابوو "هوون بخێر هاتن" بەڵام سەرۆكی شارەوانی شارۆچكەی بسمیل سەر بە پارێزگای ئامەد كە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە وەك قەیووم دانراوە تابلۆكەی لابرد و لەجێگەی تابلۆیەكی داناوە كە بە توركی لەسەری نوسراوە "بەخێر بێن لە بسمیل بەختەوەرم". هەر ئەو تابلۆیە نییە كە لەلایەن ئۆرهان ئەیاس سەرۆكی شارەوانی شارۆچكەی بسمیل (قەیوم) لابراون  بەڵكو پێشتریش تابلۆی دوو گوندی لابردووە كە بەكوردی لەسەریان نوسراوە و بەزمانی توركی لەشوێنیان تابلۆی داناوە. جێی ئاماژەیە بەر لە یاسای گەورە شارەکان و لە ساڵی 2015دا کە شارەوانی لە دەستی پارتی ئاشتی و دیموکراسی-بەدەپە بوو و ئەم گوندە شارەدێ بوو، تابلۆی کوردی "بەخێر بێیت" دانرابوو، لە دوای دانانی قەیووم لەسەر شارەوانییەکانی باکووری کوردستان لە 2016دا، تائێستا بە سەدان ناوی گوند و شارۆچکە و دامەزراوەکان بە زمانی کوردی لابراون و لە شوێنیان تابلۆ بە زمانی تورکی دانراون. نەك هەر لەسەر ڕێگەی شار و شارۆچكەكان بەڵكو لەسەر دوكان و بازاڕ و شوێنە گشتیەكانی باكوری كوردستان ڕێگە نادرێت بەزمانی كوردی تابلۆ دابنرێت، لەكاتێكدا بەزمانی عەرەبی و ئینگلیزی ڕێگەی پێدەدرێت.  

عەممار عەزیز دوای تێپەڕبوونی ساڵێک هێشتا بەشێک لەزیانلێکەوتوانی تەقینەوەکەی دهۆک کە بەهۆی غازەوە روویدا قەرەبوو نەکراوەنەتەوەو کەیسەکەش لەدادگا یەکلایی نەکراوەتەوە. لە ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لەیەکیک لەباڵەخانەکانی سەنتەری دهۆک بەهۆی تەقینەوەی سیستەمی غازی LPG  حەوت کەس گیانیان لەدەستداو٤٠ کەسی تریش برینداربوون. تەقینەوەکە لەسیستمی غازیی فڕنێکدا بوو کەبەشە ناوخۆییەکیش لەنهۆمی سەرەوەی فڕنەکەدا بوو. فڕن و بەشە ناوخۆییەکە دەکەونە گەڕەکی گرێ باسێ لەدهۆک. مەروان جەواد، کەیەکێکە لەبریندارانی رووداوەکە بەهاوڵاتی راگەیاند، «پێش تەقینەوەی تانکیی غاز بەچەند رۆژێک ئاگاداری کۆمپانیای غازی مزگین-مان کرد کە غاز لەتانکییەکە دەچێت، کۆمپانیاکە هەڵسان کەسێکیان نارد تاوەکو کێشەکە چارەسەر بکات، بەڵام ئەو کەسە هیچ شارەزایی نەبوو ژمێریاری کۆمپانیا بوو، بۆە کێشەکە هەروەکو خۆی مایەوەو رۆژ بەڕۆژ زیاتر غاز لەتانکییەکە دەهات تاگەیشتە ئەوەی تەقییەوە». مەروان جەواد کەدوکانێکی لەو باڵەخانەیە هەبووە کە تەقیوەتەوەو هێشتا قەرەبوو نەکراوەتەوە، دەشڵێت» لەکاتی رووداوەکە من لەدوکان بووم بەهۆی بەهێزی تەقینەوەکە حەوت مەتر منی فڕێدا، چەند رۆژێک لەنەخۆشخانە بووم تا بەتەواوی چاکبوومەوە، راپۆرتی کۆتایی لەدادگا دەرچووە کەهۆکاری رووداوەکە کۆمپانیاکە بوو، سەڕەرای ئەمە ساڵێکە کێشەکەمان لەدادگایە تا قەرەبووی خۆمان وەربگرین بەڵام کۆمپانیاکە ئامادەنیە بمانداتێ». مەروان جەواد لەسەر زیانەکان باسی لەوەکرد کە بەبڕی ٣٧ هەزار دۆلار زیانی بەرکەوتووە، بەڵام کە «دەچینە کۆمپانیا پێمان دەڵێن ئەگەر دەتانەوێت وەک خێر دوو هەزار دولارتان پێدەدەین، ئێمەش قبوڵمان نەکردووە، کەسوکاری قوربانیان و خوێندکاران قەرەبووکراونەتەوە، بەڵام ئێمە کە چوار کەسین لەگەڵ خاوەنی بیناکە تائێستا قەرەبوو نەکراوین، داوای مافی خۆمان دەکەین و بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری دۆسیەکەی خۆمان نابین». دوای رووداوەکە، لیژنەیەکی باڵا پێکهنێرا بۆ لێکوڵینەوەو چۆنیەتی قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەوتووە، کەهەریەک لەبەرگری شارستانی، پولیس، ئیدارەی پارێزگای دهۆک سەرپەرشتی دۆسیەکەیان دەکرد. بێوار عەبدولعەزیز، بەرپرسی راگەیاندنی بەرگری شارستانی دهۆک بەهاوڵاتی وت، «ئێمە لەلیژنەکەدا بووین بەڵام دوای کۆتاییهاتنی کارەکانمان لەئێستادا ماوەتەوە لای دادگا، تاپێش مانگێکیش کەیسەکە هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە، دادگا داوای شارەزای کردووە لەبارەی غازی LPG  تا بەتەواوی بۆیان روون ببێتەوە کەهۆکاری راستەقینەی رووداوەکە کێ بووە، بەپێی ئەو لێکوڵینەوەیەی ئێمە کردوومانە دیاربووە پێش رووداوەکە غاز لەتانکییەکە دەچوو، بەڵام کێ خەتابارە نازانین، ئایا خاوەن فڕنەکە ئاگاداری کۆمپانیاکەی کردبوو پێشتر یان ئاگادارکراوتەوەو کۆمپانیاکە ئیهمالی کردووە، ئەمانە هەمووی پێویستی بە بەڵگەیە ناتوانین شتێک لەسەر خۆمان بکەینە ماڵ و دواتر راست دەرنەچێت». بێوار عەبدولعەزیز دەشڵێت، «چەند کەسێک ئەوانەی لەبیناکە دوکانیان هەبوو و ئیشیان دەکرد، لەدادگا سکاڵایان تۆمارکردووەو هێشتا دەرئەنجامی سکاڵاکە یەکلایی نەبووەتەوە، بۆیە دەبێت چاوەڕێ بکەین تابڕیاری دادگا دەردەچێت». لەبارەی قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەوتووە، بێوار عەبدولعەزیز وتی: ئەوەندەی ئاگادارین چەند کەسێک قەرەبوو کراونەتەوە، بەڵام نازانین هەموویان قەرەبووی خۆیان وەرگرتووە یاخود هێشتا هەندێک کەس ماون، چونکە پارە نەهاتووەتە لامان تائێمە دابەشی بکەین، لەسەر ئاستی باڵا لیژنه پێکهێنراوە بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام ئێمە دڵنیاین کەهەر کەسێک زیانی بەرکەوتووە حکومەت قەرەبووی دەکاتەوە، بەڵام کەی و بڕەکەی چەندە، ئەمە دەمێنێتەوە سەر بڕیاری حکومەت». هۆشیار واحد، خوێندکارە لەپەیمانگای وەرزشی دهۆک، یەکێک بوو لەقوربانیەکانی تەقینەوەکە بەهاوڵاتی وت: بەدوو قوناغ قەرەبوو کراوین، جاری یەکەم بڕی 200 دولارمان وەرگرت و جاری دووەم لەلایەن لیژنەیەک لەوەزارەتی پەروەردە وەک قەرەبوو هەر خوێندکارێک 408 هەزار دینارمان وەرگرتووە، کۆی ئەو پارەیەی لەوەجبەی دووەم دابەشکراوە 20 ملیون دینار بوو، دابەشکرا بەسەر 49 خوێندنکاردا». هۆشیار واحد دەشڵێت:  ئەوەندی زانیاریم وەرگرتووە تەواوی ئەو خوێندکارانەی زیانیان بەرکەوتووە قەرەبوو کراونەتەوە، جار ئەگەر کەسێک وەرینەگربێت یان بەهەر هۆکارێکی تربێت ئەوە شتێکی ترە». کۆمپانیای «غازی مزگین» غاز دەداتە ماڵان و خاوەن فڕنەکان، هاوکات تانکی فڕنی ئەو بینایەی کەتەقینەوەکەی لێ روویداوە هەر لەلایەن ئەو کۆمپانیایەدا بووە، بۆ یەک رۆژیش کۆمپانیاکە سزانەدراوەو هەر لەوکاتەوە تائێستا ئیشی خۆی دەکات. پەیامنێری هاوڵاتی، چەند جارێک پەیوەندی بەئیدارەی کۆمپانیاکەوە دەکات، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەیان نەدایەوە.

هاوڵاتی  بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند هێرشێکی ئیسرائیلیان پووچەڵکردووەتەوە کە هەوڵیانداوە بارمتەیەک رزگار بکەن و لەئەنجامدا بارمتەکە کوژراوە. کەتائیبی قەسام، باڵی سەربازی حەماس، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەیانی ئەمڕۆ هێرشی هێزێکی تایبەتی ئیسرائیلیان پووچەڵ کردووەتەوە کە هەوڵیانداوە بارمتەیەک رزگار بکەن و لەئەنجامی شەڕ و پێکداداندا بارمتەکە کوژراوە. کەتائیبی قەسام باسی لەوە نەکردووە کە شەڕەکە لە چ ناوچەیەکی کەرتی غەززە رویداوە و تا ئیستاش لەسەر روداوەکە ئیسرائیل هیچ راگەیاندراوێکی بڵاونەکردووەتەوە.  ‌هەرچەندە لەماوەی ئاگربەستدا، کە هەفتەیەکە کۆتای هاتووە، 60 بارمتەی ئیسرائیلی لەبەرامبەر 180 زیندانی فەڵەستینی ئازادکران، بەڵام هێشتا بارمتەی ئیسرائیلی تر ماون لە غەززە کە ژمارەیان نزیکەی 200 کەس دەبێت و یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئیسرائیلیش ئازادکردنی ئەو بارمتانەیە.  

هاوڵاتی  سێ زیندانیی کورد کە خەڵکی دەوروبەری شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لەسێدارەدران. ئەمڕۆ هەیینی 8ی کانونی یەکەمی 2023 رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند هەریەک لە عەلی شاهیننژاد، سەولەت تەوسەن و جانعەلی نەدیمی لە بەندیخانەی ناوەندی شاری ورمێ لەسێدارەدران. بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوەکە، لە سێ دۆسیەی جیاوازدا بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە ئەو سێ هاوڵاتییەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون و دواتریش لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە. عەلی شاهیننزادی تەمەن 39 ساڵ خەڵکی گوندی پێسانی سەر بە ناوچەی تەرگەوەر، جانعەلی نەدیمی تەمەنی 40 ساڵ خەڵکی گوندی پیرانجخی سەر بە ناوچەی سۆما و سۆلەت تۆسەنی تەمەن 62 ساڵ خەڵکی گوندی قشلاقی تەرزیلیای ورمێ بوون. جانعەلی نەدیمی چوار ساڵ لەمەوبەر و عەلی شاهیننژاد سێ ساڵ لەمەوبەر دەستگیرکراون، لەکاتێکدا سەولەت تەوسەن ساڵی رابردوو دەستبەسەرکراوە. وێنەی ئەو هاوڵاتییانەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لەسێدارەدران: 

دلێر عەبدوڵڵا حزبە بەشدارەكانی هەڵبژاردنی پارێزگاكان، چاویان لەهەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕانەو تائێستاش بزووتنەوەكە بڕیاری كۆتایی نەداوە دەنگی بۆ كام لیست و قەوارە دەبێت، بەرپرسێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان دڵنیاییدا كە دەنگی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ لیستەكانی پارتی دەبێت و پێی وایە كەپارتی لەڕووی نەتەوەییەوە لەحزبەكانی تر لەپێشترە بۆیە دەنگی گۆڕان بۆ ئەوان دەبێت، یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش دڵنیایە لەوەی دەنگی زۆرینەی كەركوك بەدەستدەهێنن. ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق نزیكبووەتەوەو بانگەشەی حزبە بەشدارەكانی نێو ئەو پرۆسەیەش گەرمتربووە، بەتایبەت لەپارێزگای كەركوك كەبووەتە شوێنی ململانێی نێوان حزبەكان، یەكێتی و پارتی وەك دوو حزبی ركابەری یەكتری، توندترین هەڵمەتی بانگەشە بەڕێوەدەبەن و هەریەكەیان لەهەوڵی ئەوەدایە دەنگی جەماوەری حزب و لایەنە سیاسییەكانی تر كە بەشدارنین لەپرۆسەكە بۆخۆیان ببەن. بۆ ئەم هەڵبژاردنە كەبریارە رۆژی 18ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، بزووتنەوەی گۆڕان و چەند حزبێكی تری سیاسی بایكۆتیان كردووە، تائێستاش ئەو حزبانە هەڵوێستی خۆیان یەكلایی نەكردووەتەوەو بڕیاری كۆتاییان نەداوە لەبارەی ئاراستەكردنی جەماوەرەكانیان بۆ كاتی هەڵبژاردن، لەوبارەیەوە دڵشاد رەشید ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بەهاوڵاتی وت «بزووتنەوەی گۆڕان هەڵوێستی خۆی یەكلایی نەكردووەتەوەو لەبەر هەستیاری كاتەكە تائێستا بڕیاری ئەوە نەدراوە چۆن دەنگدەرانمان ئاراستە بكەین، رای جیاواز هەیەو هەریەكەو بەجۆرێك بۆچونی خۆی دەربڕیوە، بەڵام بڕیاری كۆتایی لەكات و ساتی خۆیدا دەدریت.» لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە لەڕۆژی 10ی مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی 2021 بەڕێوەچوو، بزووتنەوەی گۆڕان توانی لەکەرکوک دوو هەزارو481 دەنگ بەدەستبهێنێت، بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا لایەنە بەشدارەكان چاویان بڕیوەتە ئەو دەنگانەو چاوەڕێی هەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕانن، لەتیف نێروەیی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت «ئێمە وەك یەكێتی پێشبینی دەكەین زۆرینەی دەنگەكان بۆ ئێمە بێت، بەتایبەت لەپارێزگای كەركوك كەئەندام و جەماوەرێكی زۆری یەكێتی تێدایە، تائێستاش داوامان لەهیچ حزب و گروپێك نەكردووە، بەڵام چاوەڕێین كەهەمووان دەنگ بەیەكێتی بدەن.» پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی محەمەدی حاجی مەحمود، لەو هەڵبژاردنە بەشدارەو ئەوانیش وەك حزبێكی كوردی بەنیازی ئەوەن دەنگی هێزو گروپ و لایەنە نابەشدارەكانی هەڵبژاردن بۆ ئەوان بێت، مامۆستا رەفعەت بەرپرسی مەكتەبی ئامارو هەڵبژاردنی ئەو حزبە بەهاوڵاتی وت «بەدڵنیاییەوە دەمانەوێت دەنگی لایەنە نا بەشدارەكان بۆ ئێمە بێت، راستە تائێستا بەفەرمی بەبزووتنەوەی گۆڕانمان نەوتووە، بەڵام لەگەڵ چەندین گروپ و كەسایەتی و سەرۆك هۆزدا كۆبووینەتەوەو بەڵێنمان وەرگرتوون كەدەنگیان بۆ ئێمە دەبێت، بەو پێیەی حزبەكەیان قوربانی داوە بەتایبەت لەكەركوك و ناوچە دابڕاوەكاندا كە رۆڵ و كاریگەریمان دیارو بەرچاو بووە.» لەئێستادا ململانێیەكی زۆر لەنێوان پارتی و یەكێتی هەیە لەكەركوك، بەتایبەت پاش پەیوەندیكردنی دوو كادری دیارو پێشكەوتووی پارتی بە یەكێتییەوە، بۆیە ئەگەری هەیە تەراوزی دەنگەكان لەو پارێزگایە گۆڕانی بەسەردا بێت، لەوبارەیەوە لەتیف نێروەیی بەهاوڵاتی وت «ئەو دوو كادرەی پەیوەندیان بە یەكێتیەوە كردووە، كوڕی بنەماڵەیەكی دیارو تێكۆشەری كەركوكن، بەدڵنیاییەوە پەیوەندیكردنی ئەوان بەیەكێتیەوە، كاریگەری لەسەر دەنگەكانی یەكێتی دەبێت لەكەركوك.» پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لەتەواوی هەڵبژاردنەكانی رابردوودا دەنگی زۆرینەی ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانی بەدەستهێناوە، بۆ ئەم هەڵبژاردنەش دەیەوێت پارێزگاری لەدەنگەكانی بكات، بەرپرسێكی ئەو حزبەش پێی وایە كەدەنگی گۆڕان بۆ ئەوان دەبێت، عیسمەت رەجەب بەرپرسی لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لەنەینەوا بەهاوڵاتی وت «من لەو قەناعەتەم كە پارتی كورسی لەپارێزگای دیالەو كەركوك و نەینەوا بەدەستدەهێنێت، بەتایبەت پاشی گەڕانەوەی بارەگاكانمان بۆ كەركوك، پێموایە كورسی باش دەهێنین لەهەرسێ پارێزگاكە. دڵنیاین كە ئەو حزبانەی بەشدارنین لەهەڵبژاردن دەنگ بەئێمە دەدەن، دڵنیام كە گۆڕان دەنگ بەو حزبە دەدات كەزیاتر لەڕووی نەتەوەییەوە لەپێشن و خاكپارێزن.» بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، بەهۆی هەستیاری دۆخەكەو دروستنەبوونی كاریگەری لەسەر ململانێی نێوان حزبەكان، بزوتنەوەی گۆڕان هیچ بڕیارێكی نەداوە، لەوبارەیەوە سەرچاوەیەك لەبزووتنەوەی گۆڕان بەهاوڵاتی وت «ئاشكراكردنی دەنگی گۆڕان، كاریگەری لەسەر ململانێی نێوان حزبەكان دەبێت، بەتایبەت یەكێتی و پارتی. بۆیە گۆڕان بەباشی نازانێت هەڵوێستی خۆی بخاتەڕوو. رەنگە بەنهێنی و لەڕێی مەكۆكانەوە دەنگدەرانمان ئاراستە بكەین، ئەوەش لەبەر لایەنە نەتەوەییەكە كەپێویستە هەموو كورد بەشداری ئەو هەڵبژاردنە بكات بەتایبەت لەكەركوك.» بزوتنەوەی ئیسلامی كەپێشتر بریاری ئەوەیاندابوو بەپێی رێكەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان دەنگی جەماوەرەكانیان یەكلایی دەكەنەوە، بەڵام تائێستا ئەوانیش بڕیاری كۆتاییان نەداوە، لەوبارەیەوە عەبدوڵڵا وەرتێ وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی بەهاوڵاتی وت «لەئێستادا هیچ بڕیارێكمان نەداوەو یەكلاییمان نەكردووەتەوە كە دەنگمان بۆ كێ دەبێت.» پێشتر مونیرە عەلی عەبدولعەزیز ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی رایگەیاند كە بیر لەبەرژەوەندی حزبەكەیان دەكەنەوەو بۆ هەڵبژاردن دەنگ بەو لیست و قەوارەیە دەدەن كەداواكارییەكانیان بۆ جێبەجێ بكەن. بڕیارە رۆژی 18ی ئەم مانگە لە 15 پارێزگای عێراق هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڕێوەبچێت، كەتێیدا زیاتر لەشەش هەزار كاندیدی حزبی و سەربەخۆ كێبڕكێی بەدەستهێنانی 275 كورسی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكەن، ئەمە جگە لە 10 كورسی پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق. لەم هەڵبژاردنەدا 39 هاوپەیمانی و 29 پارتی سیاسی بەشدارن و كێبڕكێی بەدەستهێنانی دەنگی هاووڵاتیانی عێراقی دەكەن.

هاوڵاتی  دوای ئەوەی هێرش کرایەسەر بالێۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند بەئامانجگرتنی نێردە دیبلۆماسییەکان کارێکی "قبوڵنەکراوە"، دەشڵێت، "فەرمانم بە هێزە ئەمنییەکان کردووە هێرشکەرەکان بدۆزنەوە." دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 8ی کانونی یەکەمی 2023، وتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمریکا رایگەیاند لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە دوو مووشەک هێرش کراوەتەسەر باڵیۆزخانەکە بەبێ ئەوەی هیچ گروپێکی دیارکراو تۆمەتبار بکات، بەڵام باسی لەوە کرد کە ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن هێرشەکە لەلایەن گروپە میلێشیاکانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجام درابێت. لەسەر هێرشەکە محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند کە فەرمانی بە سەرجەم هێزە ئەمنیەکان کردووە بەدوای هێرشبەرانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا بگەڕێن و بیاندەن بە دادگا. سودانی دەشڵێت، "بە ئامانج گرتنی نێردە دیپلۆماسیەکان کارێکی قبوڵ نەکراوە و زیان گەیاندن بە ئارامی و ئاسایشی عێراق کاری تیرۆریستیە." وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند کە لەدوای 17 تشرینی یەکەمی 2023 زیاد لە 75 جار هێرش کراوەتەسەر بنکە و بارەگا سەربازییەکانیان لە عێراق و سوریا.

هاوڵاتی  وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رەخنە لە ئیسرائیل دەگرێت کە قوربانی مرۆیی لە غەززە بەهۆی بۆردومانەکانەوە روو لە زیادبوونە سەرەڕای ئەوەی حکومەتی وڵاتەکە ئەوەی دووپاتکردووەتەوە کە خەڵکی سڤیل دەپارێزێت.  ئەنتۆنی بلینکن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دەیڤد کامیرۆن، هاوتا بەریتانییەکەی، لە واشنتن وتی، "دوای هەفتەیەک لە کەمپینی ئیسرائیل بۆ سەر باشوری غەززە گرنگە کە ئیسرائیل ئەوپەڕی گرنگی بدات بە پارێزگاریکردن لە خەڵکی سڤیل." بلینکن وتیشی، "بۆشاییەکی دیار هەیە لەنێوان نیازی پارێزگاریکردن لە خەڵکی سڤیل و ئەو ئەنجامە راستەقینانەی لە مەیدانی جەنگدا دەیبینین." هاوکات رۆژی پێنجشەممەش جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل قسەی کرد و جەختی لە "پێویستییەکی جدی" کردوە بۆ پارێزگاریکردن لە خەڵکی سڤیل و جیاکردنەوەی دانیشتوانی مەدەنی لە چەکدارانی حەماس. ئەمریکا لە سەرەتای جەنگەوە پشتگیری تەواوەتی بۆ ئیسرائیل دەربڕیووە بەڵام بەهۆی قوربانییەکی زۆری خەڵکی سڤیلەوە لە جەنگەکەدا، بەمدواییانە چەندین جار ئیسرائیلی ئاگادارکردووەتەوە لە پاراستنی خەڵکی سڤیل. بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، زیاتر لە 17 هەزار فەڵەستینی کوژراون و 46 هەزار کەسی تریش برینداربوون بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە.

هاوڵاتی  ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند موشەکێک ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدا کراوە و دەنگی چەند تەقینەوەیەک لەنزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بیستراوە.  ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئەمنییەوە رایگەیاند بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەکاتژمێر 4:00ی بەرەبەیانی هێرشەکە کراوە کە بە چەند مووشەکێک بووە و لەنزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکاش لە بەغدا کە لە ناو ناوچەی سەوزدایە دەنگی تەقینەوە بیستراوە. هێشتا دیار نییە کە سیستەمی بەرگری باڵیۆزخانەکە لەکاتی هێرشەکەدا کارا کرابێت و هیچ گروپێکیش ئەنجامدانی هێرشەکەی لەئەستۆ نەگرتووە.  بەپێی وتەی بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، لەدوای 17ی تشرینی یەکەمی 2023 زیاتر لە 75 جار هێرشکراوەتە سەر بنکە و بارەگا سەرەکییەکانیان لە عێراق و سوریا.  

هاوڵاتی  دوای 48 کاتژمێر ئەو پاسەوانەی دزینی نەوتی لە خوێندنگایەکی دهۆک ئاشکراکرد، ئازاد کرا بەڵام کورەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا. دوای دوو رۆژ لەدەستگیرگردنی سەگڤان یونس سەلیم، ئەو پاسەوانەی دزینی نەوتی لەلایەن بەڕێوبەرێکی خوێندنگایەکی دهۆک ئاشکرا کرد، ئازاد کرا، بەڵام هەر دواتر کوڕەکەی دەستگیرکرا. سەگاڤن یونس پێشتر قسەی بۆ هاوڵاتی کردووە و ئەوەی ئاشکرا کرد رووداوەکە دوو جار رویداوە و لە جارێکیان هەڕەشەی لێکراوە و لە کوڕەکەشی دراوە. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی رووداوی دزییەکە نێوانیان چەند ساڵێکە. سەرچاوەیەکی تایبەت کە ئاگاداری دۆسیەکەیە بەهاوڵاتی راگەیاند، "ئەمڕۆ سەگڤان یونس، ئەو پاسەوانەی دزینی نەوت لەیەکێک لەخوێندنگایەکانی ئاشکرایکرد ئازاد کرا، بەڵام شتی سەیر ئەوەیە هەر لەگەڵ ئازادکردنی کورەکەی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیرکرا.   سەگڤان یونس سەلیم، لەدایکبووی1967 لەساڵی 2002 دامەزراوە. یەکەمجار لەخوێندنگای جگەرخوێن دەست بەکاربووە، دوای ئاشکراکردنی دزییەکە لەخوێندنگای هەڵات دەگۆازریتەوە بۆ خوێندنگای "کەزان"ی کچان. بەوتەی سەرچاوەیەك بۆ هاوڵاتی، رۆژی چوارشەممەی رابردوو سەگڤان یونس لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی دهۆكەوە دەستگیركرا و هۆكاری دەستگیركردنەكەشی پەیوەندی بەو دۆسیەی دزینی نەوتەوە هەیە  لەكاتێكدا پێشتر چووەتە پەروەردەی دهۆك و پێیان ڕاگەیاندبوو دۆسیەكەی چارەسەر بووە. وێنەی کوڕەکەی سەگڤان یونس:

هاوڵاتی  مەسرور بارزانی لە بۆنەیەکی تایبەتدا لەگەڵ باڵیۆز و کونسوڵی گشتی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبوویەوە و داوایکرد "کێشەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستور و رێزگرتن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکرێن." مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، پێشوازی لە باڵیۆز و کونسوڵی گشتی و نێردەی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە لە ئێوارەخوانێکی تایبەت بەبۆنەی جەژنەکانی لەدایکبونی مەسیح و سەری ساڵ. سەرۆکی حکومەت لە وتارێکدا لە ئێوارەخوانەکەدا پیرۆزبایی جەژنەکانی لەدایکبوون و سەری ساڵی لە باڵیۆز و کونسوڵەکان کردووە و هیوای ساڵێکی "پڕ لە شادی و سەرکەوتن"ی بۆ خواستوون. مەسرور بارزانی دەڵێت لە وتارەکەدا "ئاماژەمان بە شەڕو ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و نیگەرانی و خەمگینی خۆمان بۆ گیان لە دەستدانی قوربانییانی سڤیل دەربڕی و جەختمان لە پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکان بە ڕێگەی گفتوگۆ و بە شێوازێکی ئاشتییانە کردەوە، داواشمان کرد کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکرێن."