شەنای فاتیح لەسەر رووداوەكەی قەزای سۆران هێشتا لێكۆڵینەوەكانی وەزارەتی ناوخۆ بەردەوامن، وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆرانیش دەڵێت تیمەكانیان لەماوەی سێ خولەك و 40 چركەدا گەیشتوونەتە شوێنەكە، ئەندازیارێكی میكانیكیش دەڵێت بیناكانی كوردستان بەكۆن و نوێوە مەرجی سەلامەتی درۆینەیان تێدایە. شەوی هەشتی كانوونی یەكەمی 2023 بەدیاریكراوی نزیك كاتژمێر هەشت، ئاگر لەباڵەخانەیەكی قەزای سۆران سەر بەپارێزگای هەولێر لەهەرێمی كوردستان كەوتەوە، بەهۆی رووداوەكەوە 14 كەس گیانیان لەدەستدا و 10 كەسی دیكەش برینداربوون. دوای رووداوەكە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پێكهێنا، لەسەر رووداوەكەش پێنج كەس دەستگیركراون كەیەكێكیان خاوەنی باڵەخانەكەیە. باڵەخانەكە لەچوار نهۆم پێكهاتووەو نهۆمی یەكەمیان دوكان و موبیلیات بووەو سێ نهۆمەكەی دیكەیان شوێنی نیشتەجێبوون بووە، باڵەخانەكە ژمارەیەك لەخوێندكارانی باڵاو مامۆستای زانكۆی سۆران، لەگەڵ ژمارەیەكی دیكەی هاووڵاتی رۆژهەڵاتی كوردستان و رۆژئاوا و خەڵكی خانەخوێی سۆران تێدا دەژیان ئەوەی جێگەی سەرنجە بەشێكی زۆریان نەیانتوانیوە خۆیان رزگار بكەن. ماوەی سێ ساڵە حكومەت لیژنەیەكی پێكهێناوە بەمەبەستی سەلامەتی باڵەخانەكان، مەرجی دروستكردنی داناوە و دەبێت تەواویان پێیەوە پابەند بن. رەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: «لیژنەکە بەشێوەیەکی مەیدانی سەردانی شوێنی رووداوەکەی کردووەو لەگەڵ هەموو ئەو لایەنە پەیوەندیدارانەی پەیوەندیان بەڕووداوەکەوە هەیە لێکۆڵینەوەی کردووە، هۆکاری رووداوەکەو کەموکورییەکانی باڵەخانەکە دەستنیشان دەکرێن و کەموکوڕی لەهەر لایەنێکی پەیوەندیدار بەڕووداوەکە هەبێت لیژنەکە دەستنیشانی دەکات و دەیخاتە بەردەم وەزیری ناوخۆ، پاشان بۆ رایگشتی ئاشکرادەکرێت. وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران وتیشی: «لەئێستادا لێکۆڵێنەوە بەردەوامەو ناتوانم زانیاری لەسەر بابەتەکە بدەم تاڕێرەوی لێکۆڵینەوە سەلامەت بێت، بەپێی سەرجەم تۆمارە ڤیدیۆییەکان و کامێراکانی چاودێری ئەو ناوچەیەو بەپێی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی کە بۆ ژووری کۆنترۆڵی بەرگری شارستانی سۆران کراوە کاتژمێر هەشت و 12 خولەک پەیوەندیمان پێوەکراوە کەنزیکەی 10 خولەکێک پاش رووداوەکە بووە لەماوەی سێ خولەک و 40 چرکە تیمەکانمان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە». «ئاگرەکە لەنهۆمی یەکەمی بیناکەدا بووە، بەڵام ئاگرەكە لەدیوی دواوە بووە زۆربەی میدیاکان ڤیدیۆی دیوی پێشەوەیان تۆماركردووە کارمەندانی ئێمە گەیشتنە شوێنی رووداوەکەو کاری خۆیان کردووەو ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە، بەهۆی ئەوەی کارگەی قەنەفە بووەو قوماش و ئەو بابەتانەی لێبووە دوکەڵێکی ژەهراوی بڵاوبووەتەوە، پەیژەش هەبووە لەبیناکەدا بەڵام نازانین بەپێی ستاندارد بووە یان نا، ئەوەش لیژنەکە دیاریدەکات» رەوەند هاودیانی وای وت. هەر لەبارەی رووداوەكە، شەمال سورچی وتەبێژی پۆلیسی سۆران، جگە لەپشتڕاستكردنەوەی دەستگیركردنی پێنج كەس، بەهاوڵاتی وت:» تاوەكو ئەو لیژنەیەی بۆ لێكۆڵینەوە پێكهێندراوەو لایەنی خەتابار دەستنیشان دەكات هیچ لێدوانێكی نوێ لەوبارەیەوە نادەین». ئەندازیارێكی میكانیك دەڵێت بیناكانی كوردستان بەكۆن و نوێوە مەرجی سەلامەتی درۆینەیان تێدایە کامەران محەمەد، ئەندازیاری میکانیکی لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت:» بیناکانی کوردستان بەکۆن و نوێوە مەرجی سەلامەتی درۆینەیان تێدایە، تەنها بۆ رازیکردنی رێنماییەکانی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەک شارەوانی و بەرگری شارستانییە، دانانی خراپترین و هەرزانترین جۆری ئامێرو ئامرازەکانی بواری سەلامەتی یەكێكی دیكەیە لەهۆكارەكانی دووبارەبوونەوەی ئەو رووداوانە». ئەو ئەندازیارە وتیشی: «بەشێوەیەکی گشتی بیناکانی جاران مەرجی سەلامەتیان باشتربوو بەراورد بەنەبوونی پێداویستی پێشکەوتوو لەو کاتەدا، هەروەها لەهەموو شوێنێک ستوون  دادەنرا چوار سەتڵی پێوە بوو پڕ بوون لەلم و ئاوو لەشوێنێکی بەرچاو دادەنرا، هیچ بینایەک لەسێ نهۆم بەرزتر نەبوو و بینا لەناوەندی زەویەکدا دروستدەکرا چواردەوری حەوشە بوو بواری تەواو هەبوو، وایەرو گڵۆپ و پلاک و سوویچ جۆری کوالیتی بەهیچ شێوەیەک لەخۆیەوە نەدەسوتا». « بیناکانی ئێستا ناتوانین بڵێین سیستمی سەلامەتی تێدانییە، کە لەدوورەوە سەیری دەکەیت  فایەر ئەلەرم هەڵواسراوە بەڵام یەک هەفتە كاردەکات، نرخەکەی هەرزانە، بیناکان قادرمەی رزگاربوونیان تێدایە بەڵام لەشوێنیکدا دادەنرێت کەس نایبینێت چونکە مەودای دەوێت و وا بچووک دروستدەکرێن تەنها پشیلە دەتوانێت پێیدا بڕوات، جگە لەوە دەرگایەکی بۆ دادەنرێت کەس نازانێت کلیلەکەی  لەکوێیە». کامەران محەمەد وای وت. سەبارەت بەوەی کەمەرجەکانی سەلامەتی بینایەک چین؟ ئەو ئەندازیارە باسی لەوەکرد «نابێت بینای نیشتەجێبوون ژێرەکەی نانەواخانە یاچێشتخانە یاکارگە بێت وەک ئەوەی لەسۆران روویدا ژێرەکەی کارگەی قەنەفە بوو، سیستمی غاز نابێت لەناو بینابێت، قادرمەی رزگاربوونی راستی هەبێت بۆ مرۆڤ نەک بۆ چاوبەست و بەگەورەیی لەسەری نووسرابێت و دەرگاکەشی دانەخرابێت بەبیانووی رێگرتن لەدزی». ئەو ئەندازیارەی میكانیك دەشڵێت: «هەڵواسینی تابلۆ لەهەموو نهۆمێك بۆ پیشاندانی ژمارە تەلەفۆنی ئاگرکوژاندنەوە، ئەمبوڵانس و پۆلیس، دانانی سیستمی فایەر ئەلەرمی ناوەندی پێویستە، هەروەها دانانی کامێرای چاودێری لەڕاڕەوەکان و حەوشەو سەربان، دانانی ئاگرکوژێنەوەی دەستی دوو کیلۆیی لەڕاڕەوەکان، لەبینا گەورەکان دەبێت سیستمی هوس واتە سۆندەی ئاو لەهەر نهۆمێك، لایتی رووناككەرەوە لەڕاڕەوەکان هەبێت، چونكە لەکاتی کارەساتدا کارەبا نامێنێت و بەتاریکی رێگا نادۆزیتەوە».  

هاوڵاتی لە دەستپێکی شەڕی زەمینی ئیسرائیل و غەززەدا سوپای ئیسرائیل تا ئێستا چەندین سەربازی خۆی بە هەڵە کوشتوە، کە بە یەک لەسەر پێنجی سەربازە کوژراوەکانی ئەو وڵاتە دادەنرێت کە تا ئێستا کوژراون. سه‌رچاوه‌یه‌كى باڵاى سوپاى ئیسرائیل ئاشكرایكردوه‌، "دوو لەو سەربازانە کەوتونەتە ژێر زرێپۆشەکان، دوی دیکەشیان بەهۆی بۆردومانی تانکەکان، هەروەها دوی تر بەهۆی بەرکەوتنی پارچەی تۆپ‌و یەکێکیشیان بەهۆی گولەی وێڵی هێزەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون". ئاماژ بەوەشكراوە، ئەو سەربازە کوژراوانەی ئیسرائیل كە سوپای وڵاتەكە بە فەڵەستینی زانیون و بە هەڵە كوشتونی، ژمارەیان 13 سەربازە. ئەمە لە کاتێکدایە کە سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردبوەوە کە ژمارەی ئەو سەربازانەی لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا کوژراون بەرزبووەتەوە بۆ 434 سەرباز، لەوانەیش 105یان لە شەڕ و پێکدادانەکانی ناو کەرتی غەززەدا کوژراون. ڕۆژی 7ی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزوتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردەسەر ئیسرائیل، لەهێرشەکەدا زیاتر لەهەزارو 400 ئیسرائیلی کوژران‌و سەدانی دیکەش برینداربون، هاوکات 240 هاوڵاتیی ئیسرائیلى وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ركران.

هاوڵاتی لە کۆبونەوەى گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکاندا بە زۆرینە دەنگ بڕیارى ئاگربەستى مرۆیی لە غەزە پەسەندکرا. کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١٩٣ وڵات پێکھاتووە و ١٥٣ وڵاتیان دەنگیاندا بە راگرتنی شەڕ لە غەززە، بڕیارنامەکە فشارەکان لەسەر ئیسرائیل و واشنتۆن زیاد دەکات، بەڵام نابێتە بڕیاری یەکلاکەرەوە و دەنێردرێت بۆ ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ئەوەی بڕیاری رەسمی لەبارە بدات.  ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویكردەوە؛ لە کۆبونەوەکەى نەتەوەیەکگرتووەکانی تایبەت لە ئاگربەستی مرۆیی لە غەززە 153 وڵات بە بەڵێ دەنگیاندا، 10 وڵات بە نەخێر كە ئەمەریكا و ئیسرائیل دو دیارترین وڵات بون و 23 وڵاتیش دەنگیان نەدا. لە بڕیارەکەى درەنگانى شەوى رابردوى نەتەوەیەکگرتووەکاندا داواى ئاگربەست و پابەندبونى هەمو لایەنەکان دەکات بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و دەستڕاگەیشتن بە بارمتەکان و ئازادکردنیان بەبێ مەرج. لەم پەیوەندەدا عیزەت رشق، بەرپرسی باڵای بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، حەماس پێشوازی لە بڕیارنامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بۆ ئاگربەستی مرۆیی لە غەززە. داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات فشاری زیاتر بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ پابەندبوون بەو بڕیارنامەیە. نەتەوەیەكگرتوەكان دۆخی ئێستای غەززە بە "دۆزەخی سەر زەوی" ناودەبات و داواش دەكات چی زوە ئاگربەستی مرۆیی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.  

هاوڵاتی ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە سوپای ئیسرائیل ژێرئاوخستنی تونێلەكانی غەززەی دەستپێكردووە تا چەكدارەكانی حەماس ناچاربكات تونێلەكان چۆڵ بكەن. رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵی ئەمریكی لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکاوە  بڵاویكردەوە،سوپای ئیسرائیل لەرێگای راكێشانی ئاوی دەریاوە هەوڵدەدات تونێلی چەكدارەكانی غەززە ژێرئاو بخات، ئەوەش بەلایەنی كەمەوە هەفتەیەكی پێویست دەبێت. دەشڵێت، وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند لەسەر ئەو بابەتە هیچ لێدوانێك نادات و ئەوە پرۆسەیەكی تەواو نهێنییە. هاوکات هەندێک لە بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن دەڵێن ئەم پرۆسەیە لەوانەیە یارمەتیدەر بێت لە وێرانکردنی تونێلەکان، کە ئیسرائیل پێی وایە حەماس بەکاریدەهێنێت بۆ شاردنەوەی بارمتە و چەکدار و تەقەمەنی، لەهەمانکاتدا کاربەدەستانی دیکە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەوەی بە کارهێنانی ئاوی دەریا  مەترسی لەسەر سەرچاوەی ئاوی شیرینی غەزە دروست بکات. هەرلەوبارەیەوە جۆبایدن سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند بەهۆی بۆردومانی هەڕەمەكی غەززە پشتیوانیەكان بۆ ئیسرائیل روو لە كەمبوونەوەن و داوای لە بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل كردووە حكومەتەكەی بگۆڕێت.  

هاوڵاتی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند  سەکۆی هەڵدانی ئەو مووشەکانەیان دۆزیوەتەوە کە بۆردومانی بنکەیەکی هاوپەیمانانی کردبوو. هەسەدە دەڵێت کە سەکۆی هەڵدانی گولـلە هاوەنەکانیان لە گوندەواری شارۆچکەی شەدادی باشووری حەسەکە لە رۆژئاوای كوردستان دۆزیوەتەوە. لە راگەیەندراوەکەدا ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ئاماژەی بەوەکردووە، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانیاندا توانیویانە سەکۆی هەڵدانی گولـلە هاوەنەکان لە نزیک گوندی عەدلە لە باشووری شارۆچکەی شەدادی بدۆزنەوە دوای ئەوەی دوێنێ ، پێنج گولـلە هاوەن لە شارۆچکەی شەدادی لە باشووری گوندەواری حەسەکە و دەوروبەری بنکەیەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کەوتە خوارەوە.

هاوڵاتی بەپێی بڕیارەكانی كۆبوونەوەی ئەمرۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاردراوە بڕی زیاتر لە 69 ملیار دینار لەبودجەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ هەڵبژاردنەكانی شوباتی داهاتووی هەرێمی كوردستان خەرج بكات. بەپێی بڕیارەكە بڕی 43 ملیار و 769 ملیۆن دینار لەچوارچێوەی بودجەی عێراق بۆ كۆمسیۆن خەرج كراوە كە لەبنەڕەتدا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بووەو دەخرێتە خزمەتی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانەوە، هەروەها 25 ملیار و 460 ملیۆن دیناریش وەك پارەی یەدەگ بۆ خەرجیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئەو پارەیەش لەپشكی 2023 ی هەرێمی كوردستان لەبودجەی گشتی عێراق دەبڕدرێت.

هاوڵاتی دوای سێ ساڵ لە گفتوگۆ و راگۆڕینەوە لەگەڵ سەرجەم چین و توێژەكان، ئەنجومەنی یاسادانانی رۆژئاوای كوردستان پڕۆژەی دەستووری پەسەندكرد. ئەنجومەنی یاسادانانی رۆژئاوای كوردستان لە رەققە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر رەشنوسی دەستوور كۆبووەوە، دوای گفتوگۆكردنیش لەسەر سەرجەم برگە و ماددەكانی، بەكۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی یاسادانان پڕۆژەی دەستوورەكە پەسەندكرا. بەگوێرەی دەستورەكە ھەرێمێك بەناوی "ھەرێمی باكور و رۆژھەڵاتی سوریا" پێكدەھێندرێت، ئەو ھەرێمەش ئەنجومەنی نوێنەران و حكومەت و دەسەڵاتی دادوەری دەبێت. رۆژی هەشتی ئەم مانگەش لیژنەی نوسینەوەی دەستوور كە لە ١٥٨ ئەندام پێكھاتبوو، پێشنیازی چین و توێژەكانی لە چوارچێوەی رەشنوسی دەستووردا پەسەندكرد و رەوانەی ئەنجومەنی یاسادانانی كرد بۆ پەسەندكردنی كۆتایی.

هاوڵاتی  دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سوپای تورکیا دەوروبەری گوندی بڵاڤە و گوهەرزێی لە سنوری ئامێدی بە خەستی بوردومانکرد. ئەمڕۆ سێشەممە 12ی کانونی یەکەمی 2023 لە دەوروبەری کاتژمێر 1:00ی دوانیوەرۆ فرۆکەکانی تورکیا بەدووری چەند سەد مەترێک گوندی بڵاڤەیان لە سنوری قەزای ئامێدی بوردومانکرد. بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست هاوڵاتی کەوتووە، بۆردومانەکە زۆر نزیکی گوندەکە بووە و یەکەمجارە نزیک خانووەکانی گوندەکە بوردومان دەکرێت. تا ئێستا زیانەکان دیارنین چونکە لەترسی دووبارە بۆردومانکردن هیچ کەسێک ناتوانێت بچێتە ئەو شوێنەی بۆردومانکراوە. هەر بەیانی ئەمڕۆ سوپای تورکیا سنوری گوندی گوهەرزێیان لە ئامێدی بۆردومان کرد. هاوکات بەپێی گرتە ڤیدیۆیەك كە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، ئۆتۆمبێلی سەربازی سوپای توركیا چووەتە ناو گوندی هێشمە لە ناوچەی بەرمیزە لە سنوری برادۆست و سەربازەكان دانیشتووانی گوندەكەیان راگرتووە و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكەن.

هاوڵاتی  دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیاریدا سکاڵایەک لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رەتبکاتەوە و هەڵبژاردنەکە لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت. سکاڵاکە لەلایەن نەجات حەسەن، کاندیدی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکەوە تۆمار کرابوو، بەڵام ئەمڕۆ سێشەممە دادگای فیدڕاڵیی بڕیاریدا کە ئەو سکاڵایە رەتبکاتەوە و هەڵبژاردنەکە لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت. لە سکاڵاکەدا هاتبوو کە دادگای فیدراڵی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دوابخات کە بڕیارە رۆژی 18ی مانگ بەرێوەبچێت.  

هاوڵاتی بزوتنەوەی گۆران رایگەیاند، دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ خولی سێیەمی هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەکە دەكرێتەوە. ئەمڕۆ سێشەممە 12ی کانونی یەکەمی 2023 ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، بە پشت بەستن بە دوایین کۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی کە لە ناوەراستی مانگی رابردوو ئەنجامدرا سەبارەت بە خولی سێیەمی رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەراندن وەک یەکەم هەنگاو لە دەستپێکی پرۆسەکە "رادەگەیەنین ئەمڕۆ سێشەممە دەرگای خۆپاڵاوتن دەکرێتەوە." تا ئێستا فەرمی هیچ کەسێک خۆی بۆ رێکخەری گشتی نەپاڵاوتووە، بەڵام سەرچاوە نافەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەریەک لە شەماڵ عەبدولوەفا، دانا ئەحمەد مەجید، ئاوات شێخ جەناب، جەلال جەوهەر و مستەفای سەید قادر خۆیان وەک کاندید دەپاڵێون.

هاوڵاتی  ساڵەح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، بە نوێنەرایەتی بنەماڵەکە خەڵاتی ساخارۆف لە شاری لە ستراسبۆرگی فەرەنسا وەردەگرێت. بڕیارە ئەمڕۆ لە پەرلەمانی یەکیێتی ئەوروپا خەڵاتی ساخارۆف ببەخشرێت بە ژینا ئەمینی و وا بڕیارە ساڵەح نیکبەخت پارێزری بنەماڵەی  ژینا ئەمینی، لە بری دایک و باوکی ژینا، خەڵاتەکە وەربگرێت. دوای ئەوەی رۆژی شەممە 9ی کانوونی یەکەمی 2023، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی تاران، بە موژگان ئیفتخاری دایکی ژینا ئەمینی و ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا  و ئەشکان ئەمینی برای ژینایان راگەیاند بۆیان نییە گەشت بکەن و دەستیان بەسەر پاسپۆرتەکانیاندا گرت، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 12ی کانونی یەکەمی 2023 ساڵەح نیکبەخت پارێزری بنەماڵەی ئەمینی، لە بری بنەماڵەکە خەڵاتی ساخارۆف وەربگرێت. ساڵح نیکبەخت لە ئەیلولی ئەمساڵ لەسەر نوێنەرایەتیکردنی بنەماڵەی ژینا ئەمینی وەک پارێزەر لە ئێران دادگایی کرا و سزای ساڵێک زیندانی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام هێشتا سزاکەی نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. ساڵەح نیکبەخت، پارێزەری ناسراوی کوردی رۆژهەڵات و خەڵکی شاری سەقز، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی ژینا ئەمینی لە رۆژی 16 ئەیلوولی 2022 و سکاڵای بنەماڵە، بە شێوەی خۆبەخشانە پارێزەری ئەم بنەماڵەیەی لەئەستۆ گرتووە. نیکبەخت لە چەند ساڵی رابردوودا بە شێوەی خۆبەخشانە پارێزەری چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردی کردووە و لە بەشێکی بەرچاو لە دۆسییەکانیشدا توانیویەتی سەرکەوتوو بێت. خەڵاتی ساخارۆف بەو کەس و گرووپانە دەدرێت کە ژیانی خۆیان بۆ بەرگریکردن لە ئازادی رادەربڕین تەرخان دەکەن.  ئەم خەڵاتە لە ساڵی 1988ەوە و بۆ رێزگرتن لە ئاندرێ ساخارۆف هاوڵاتییەکی رووسی، کە وەک پاڵەوانی دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ لە رووسیا دەناسرێت، بەو کەسایەتی و لایەنانە دەبەخشرێت کە هەموو هەوڵی خۆیان ئەدەن بۆ خزمەت بە ئازادی. ساڵی 1988 بۆ یەکەمجارئەم خەڵاتە بە هاوبەشی بەخشرا بە نیلسۆن ماندێلا و ئانتۆلی مارچنکۆ، نووسەر و چالاکی مافی مرۆڤ کە دژ بە حکوومەتی ستالینی یەکیێتی سۆڤییەت چالاکی ئەکرد.

هاوڵاتی  وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند 250 ملیار دینار گەیشتە سەر هەژماری بانکی وەزارەت. وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم دەڵیت، "کەمێک لەمەوبەر بڕی 250 ملیار دینار لە ڕێگای بانکی ڕافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق."  ئەم بڕە بەشێکە لە 700 ملیار دیناری گوژمەی سێیەمی قەرزی بەغدا بۆ حکومەتی هەرێم کە بۆ مووچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج دەکرێت.

هاوڵاتی ھەردو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو کاروباری کۆمەڵایەتی یاداشتێکی ھاوبەش واژۆ دەکەن و 270 یەکەی نیشتەجێبون بەبێ بەرامبەر دەدەن بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان. ئەمڕۆ دووشەممە (11ـی کانوونی یەکەمی 2023) دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە کوێستان محەممەد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی کرد و یاداشتێکی هاوبەشیان واژۆکرد. لە کۆبونەوەکەدا یاداشتێکی ھاوبەش ئیمزا کراو تیایدا بڕیاردرا لەسەر؛ دیاریکردنی رێژەی لە ٣٪ ی ئەو یەکانەی دروست دەکرێن بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت کە دەکاتە نزیکەی 270 یەکەی نیشتەجێبون. یەکەکان زیاتر لە نۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبونەو لەچوارچێوەی یاسای نیشتەجێبوندا دروستکراون، کە بەشێکیان تەواوبون و بەشێکیان کارکردن تیایاندا بەردەوامە.

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ دوشەممە وەزیری دارایی هەرێم لە شاری بەغدا گرێبەستی وەرگرتنی 200 ملیار دیناری لە بانکی رەشید واژۆ کرد. وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دوشەممە، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری لە شاری بەغداد گرێبەستی وەرگرتنی ٢٠٠ ملیار دیناری وەک قەرز لە ڕێگای بانکی ڕەشیدەوە واژۆ کرد. وەزارەتی دارایی لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "لەچەند رۆژی رابردووشدا بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا سەرجەم رێکارەکان و گرێبەستی وەرگرتنی 500 ملیار دیناری لە رێگەی بانکەکانی رافیدەین و بانکی بازرگانی عێراقییەوە واژۆکردووە و چاوەڕوانین لە نزیکترین کاتدا پارەکە بگاتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق." هاوکات لە ماوەی رابردو پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە دوای گەیشتنی ئەو بڕە پارەیەی لەلایەن حکومەتی بەغداوە بە شێوەی قەرز بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت، راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی موچە دەکرێت.    

هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزیرەکانی ناوخۆ و دارایی هەرێمی کوردستان کۆبونەوە و گفوتگۆیان لە بارەی دۆسیەکانی، ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن و خاڵە سنورییەکان و یەکخستنەوەی سیاسەتی گومرگی کرد. نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە؛ ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، محەمەد شەیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ شاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ پێكهاتبون كۆبوەتەوە. ئەوەشی خستوەتەڕو، لەكۆبونەوەكەدا باسی دۆخی هەرێمی كوردستان بەشێویەكی گشتی كراوە، بەتایبەتیش لەڕوی دارایی و ئابورییەوە، سەرەڕای گفتۆگۆی ئامادەكارییەكان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق  زیادکردنی هەماهەنگییەکانی نێوان بەغدا و هەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دوپاتکرایەوە، بە تایبەتی کێشەی خاڵە سنورییەکان و یەکخستنەوەی سیاسەتە گومرگییەکان، هەروەها یاسای پاراستنی بەرهەم. ئێوارەی رۆژی یەکشەممە (10ـی کانوونی یەکەمی 2023) شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری و شاندی یاوەریان گەیشتنە شاری بەغداد. وەزارەتی دارایی بڵاویکردەوە، ئامانج لە سەردانەکە گفتوگۆکردنە لەسەر سیاسەتی گومرگی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەموارکردنەوەی یاسای دەروازە سنووریەکان.