هاوڵاتی بهڕێوهبهری گشتی حهج و عومرهی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، ئهمڕۆ شهممه تیروپشک بۆ ناوی حاجیانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ناوی زیاتر چوار هەزار حاجی بۆ فەریزەی حەجی ئەمساڵ رادەگەیەندرێت. شێخ نیاز نهقشبهندی، بهڕێوهبهری گشتی حهج و عومرهی ههرێمی كوردستان له كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا رایگهیاند، ئەمساڵ 121 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ حەج داواکارییان پێشکەش کردوە و ئهمڕۆ تیروپشك بۆ ناوهكانیان دهكرێت و ناوی زیاتر له چوار ههزار كهس بۆ حهجی ئهمساڵ رادهگهیهنرێت. وتیشی: "ئەو کەسانەی ئەمساڵ ناویان دەردەچێت تەنیا بۆ یەک ساڵە و وەک یەدەگ نامێننەوە بۆ ساڵی داهاتوو، چونکە لە ساڵی داهاتوو پێشکەشکردنی ناوی حاجیان بۆ ساڵی داهاتوو دەبێتە ئۆنلاین". جگە لەو کەسانەی ئەمساڵ داواکارییان پێشکەشکردووە، پێشتر ژمارەیەکی دیکە لە ساڵانی پێشتر ناوی خۆیان تۆمار کردبوو، کە بەهۆی کۆرۆناوە لە ساڵی 2019 نەیانتوانی حەج بکەن، ئێستا کۆی گشتی پێشکەشکارانی پرۆسەی حەج لە هەرێمی کوردستان 121 هەزار کەسە. لە رێوڕەسمێکدا بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، لەسەر شاشە ناوی ئەو کەسانەی ئاشکرا کرد، کە لە تیروپشک بۆ فەریزەی حەجی ئەمساڵ ناویان دەرچووە.
هاوڵاتی لهگهڵ دهستپێكردنی پرۆسهی دهنگدانی تایبهت بۆ ههڵبژاردنی ئهنجومهنی پارێزگاكانی عێراق، له ناوچهی سهدر به نارنجۆكی دهنگی هێرشكرایهسهر بنكهیهكی دهنگدان. بهپێی ههواڵێكی میدیا ناوخۆییەکان، بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 16-12-2023، لەکاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، لە ناوچەی سەدری بەغدا، شۆفێرێکی توکتوک بە نارنجۆکی دەنگی هێرشیکردوەتە سەر بنکەی "کادحین". سهرچاوهیهكى هێزه ئهمنیهكان لهبارهى ئهو هێرشه نارنجۆكیهوه ڕونكردنهوهیداوهو وتویهتى، "نارنجۆكهكه دهنگى بوهو هیچ زیانێكى لێنهكهوتۆتهوه". ئهوهش لهكاتێكدایه كه شهوی رابردوو لایهنگرانی رهوتی سهدر رژانه سهر شهقامهكان و دژی ههڵبژاردنی ئهنجومهنی پارێزگاكان خۆپیشاندانیان كرد و بایكۆتی پرۆسهكهیان راگهیاند. 18ى ئهم مانگه ههڵبژاردنى ئهنجومهنى پارێزگاكانى عێراق بهڕێوهدهچێت، بهڵام ئەمڕۆ 18ى 12ى 2023 دەنگدانی تایبەت لهكاتژمێر 7ى بهیانیهوه دهستى پێكردوهو بڕیاروایه تاوهكو کاتژمێر 6ی ئێوارە بەردەوامبێت.
هاوڵاتی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند سێ بارمتەیان بە "هەڵە" لە غەززە کوشتووە و بەرپرسیارییەتی تەواو هەڵدەگرن، لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە دەکرێت. دانیاڵ هەگاری، وتەبێژی سوپای ئسیرائیل رایگەیاند، سەربازانی ئیسرائیل لە باکوری شارۆچکەی شیجایە لە غەززە سێ بارمتەی ئیسرائیلییان کوشتووە دوای ئەوەی کە بە هەڵە وەك "هەڕەشە" لێیان تێگەشتوون. هەگاری باسی لەوەشکرد کە سوپای وڵاتەکە بەرپرسیارییەتی تەواوەتی روداوەکە هەڵدەگرێت و لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەستیپێکردووە. سوپای ئیسرائیل دەڵێت روداوەکە لەکاتێکدا بووە کە چەند سەربازێکی ئیسرائیلی لەکاتی گەڕان و پشکنیندا "گومانیان بۆ دروستبووە لەسەر ناسنامەی" ئەو بارمتانەی و بە "هەڕەشە" هەژمار کراون. ئەمە لەکاتێکدایە کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئیسرائیل لە جەنگی غەززە ئازادکردنی تەواوی بارمتەکانی دەست حەماسە. تا ئێستا بەهۆی رێککەوتنی هەردوولاوە، 110 بارمتە ئازادکراون لەبەرامبەر ئازادکردنی 180 زیندانی فەڵەستینی.
هاوڵاتی لە سێ روداوی جیای هاتوچۆدا لە سنوری پارێزگای دهۆک، کە دوانیان لە قەزای سێمێل و ئەوی تریش لە قەزای ئامێدی رویدا، 10 کەس برینداربوون. دەوروبەری کاتژمێر 9:00ی ئەمشەو هەیینی لەسەر رێگای گشتی ئامێدی لە روداوێکی هاتووچۆدا چوار کەس برینداربوون. لەبارەی روداوەکەوە نەقیب کاوە محەمەد، لە راگەیاندنی هاتۆچووی ئامێدی بە هاوڵاتی راگەیاند، "روداوەکە لە جۆری پێکدادان بووە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێل و بەهۆی روداوەکەوە چوار کەس برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانه کراون." هاوکات لەسەر شەقامی سەرەکی لە کۆمەڵگای شاریای سەر بەقەزای سێمێل بەهۆی روداوێکی هاتۆچوۆوە لەنیوان دوو ئۆتۆمبێل پێنج کەس برینداربوون. هەر لە قەزای سێمیل لەسەر رێگای جەمبور بارهەڵگرێکی پڕ لە گەنم وەرگەڕا و بەوهۆیەوە کەسێک برینداربوو.
هاوڵاتی ئەحمەد هۆشیار، بەرێوبەری فڕۆکەخانەی هەولێر رایگەیاند گەشتەکانی فرۆکەخانەکە بەهۆی کەمی ئاستی بینین لەئەنجامی دروستبوونی تەمێکی زۆر راگیراون و کاتی دەستپێکردنەوەشیان نادیارە. ئەحمەد هۆشیار دەڵێت، لە کاتژمێر 6:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ هەیینی سەرجەم گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر راگیراون بەهۆی ئەو کەشە ناسەقامگیرەی دروستبووە و تەم ئاسمانی شاری هەولێری داپۆشیووە. بەرێوبەری فڕۆکەخانەی هەولێر باس لەوەش دەکات، کاتی دەستپیکردنەوەی گەشتەکان دیار نییە و هیچ وادەیەکی بۆ دیارینەکراوە، بەڵام لە حاڵەتی کەمبوونەوەی تەمەکە و ئاساییبوونەوەی مەودای بینین گەشتەکان دەستپێدەکەنەوە. راگرنتی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر دوای ئەوە دێت کە تەمێکی زۆر لە چەند ناوچەیەکی هەرێم دروستبووە و کەشناسی هەرێم رایگەیاند، لە هەندێک ناوچە ئاستی بینین بۆ 200 مەتر کەمبووەتەوە.
هاوڵاتی لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی کەرکوک کرد و داوایان لیدەکات لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەشداربن، دەشڵێت، "بەشداریکردنی فراوانی ئێوەی ئازیز ئێجگار گرنگ و پڕ بایەخە، تکایە با ململانێی ناپەسەندی سیاسی و قۆڵبادانی حیزبی ساردتان نەکاتەوە لەوەی بڕۆن بەشداری بکەن." لاهور شێخ جەنگی لە پەیامەکەیدا کە ئاراستەی کوردانی کەرکوکی کردووە دەڵێت، "ململانێ لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان تەنها ڕەهەندی حیزبی و سیاسی نییە، بەڵکو ڕەهەندێکی گرنگی نەتەوەیی و نیشتمانیشی هەیە، بۆیە بەشداریکردنی فراوانی ئێوەی ئازیز ئێجگار گرنگ و پڕ بایەخە، تکایە با ململانێی ناپەسەندی سیاسی و قۆڵبادانی حیزبی ساردتان نەکاتەوە لەوەی بڕۆن بەشداری بکەن، بەشداریکردنی هەموو دەنگێکی کورد گرنگ و پڕ بایەخە بۆ پاراستنی سەنگ و پێگەی کورد لەو شارەدا." لاهور شێخ جەنگی دەشڵێت، گرنگ نییە دەنگ بە چ کاندیدێکی کورد دەدەن، بەڵکو گرنگ ئەوەیە "بە فراوانی بەشداری بکەن، جا دەنگ دەدەن بەکێ ئازادن و دەرفەتتان هەیە لە نێوان کاندیدە کوردەکاندا هەرە باش و دڵسۆزەکان جیابکەنەوە و سەریانبخەن." دەقی پەیامەکەی لاهور شێخ جەنگی: کەرکوکییە ئازا و بەهەڵوێستەکان، خەڵکی خۆڕاگری شاری کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکانی شەنگال و شێخان و مەخموور و دووزخورماتوو و خانەقین و مەندەلی. چەند ڕۆژێکی کەممان ماوە بۆ ئەوەی ئێوەی خۆشەویست، ئێوەی قوربانی و ماندوو و برینداری دەیان ساڵەی سیاسەتە نامرۆڤانەکانی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق و سیاسەتە هەڵە و نابەرپرسیارەکانی دەسەڵاتەکانی دوای ڕژێمی دیکتاتۆری عێراق، بڕۆنە بەردەم سندووقەکانی دەنگدان و نوێنەرەکانتان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای شارەکەتان دیاری بکەن. بەم بۆنەیەوە دەمەوێت وەک بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانیی سەرشانم بە تکایەکی برایانە پێتان بڵێم؛ کە ململانێ لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان تەنها ڕەهەندی حیزبی و سیاسی نییە، بەڵکو ڕەهەندێکی گرنگی نەتەوەیی و نیشتمانیشی هەیە، بۆیە بەشداریکردنی فراوانی ئێوەی ئازیز ئێجگار گرنگ و پڕ بایەخە، تکایە با ململانێی ناپەسەندی سیاسی و قۆڵبادانی حیزبی ساردتان نەکاتەوە لەوەی بڕۆن بەشداری بکەن، بەشداریکردنی هەموو دەنگێکی کورد گرنگ و پڕ بایەخە بۆ پاراستنی سەنگ و پێگەی کورد لەو شارەدا. لە کاتێکدا جارێکیتر جەخت لەوە دەکەمەوە کە هەنگاوی هەرە گرنگ بەشداری ئێوەی ئازیزە لە هەڵبژاردنەکاندا، تکا لە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان و تەواوی دەنگدەران دەکەم کە بۆ دەنگدان بە کاندید ئێوە دەتوانن بە هۆشیاریی و ئاگاییەکی باڵاوە دەنگ بەو کاندیدە کوردانە بدەن کە پێتان وایە دەتوانن دڵسۆزانە خزمەتی خۆتان و شارەکەتان بکەن، گرنگ ئەوەیە بە فراوانی بەشداری بکەن، جا دەنگ دەدەن بەکێ ئازادن و دەرفەتتان هەیە لە نێوان کاندیدە کوردەکاندا هەرە باش و دڵسۆزەکان جیابکەنەوە و سەریانبخەن کە شایستەی ئەوە بن لە ئەنجوومەنێکى خزمەتگوزاریی و بە هاوبەشى لەگەڵ ئەندامانى دیکەى ئەنجوومەن لە نەتەوە و ئایین و ئایینزا جیاوازەکان و پاڵپشت بە بنەماکانى ئاشتی و پێکەوەژیان ئەنجوومەنى پارێزگا کارا بکرێتەوە . لە کۆتاییدا جەخت لەوە دەکەمەوە کە ئێوە بەرپرسیارانەتر لەو حیزب و کەسانە مامەڵە بکەن کە هیچ ڕێزیک بۆ پێگەی کەرکوک و قوربانییەکانی ئێوە دانانێن، ئێوە ببنە پارێزەری سەنگ و پێگەی خۆتان لە ئێستا و ئایندەی شارەکەتاندا. برا و دڵسۆزتان لاهور شێخ جەنگی
هاوڵاتی ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی ئێزیدی دانیشتووی ئەمریکا بە سەرکردایەتی نادیا موراد، کچە کوردی ئێزیدی براوەی نۆبڵی ئاشتی، سکاڵایەکیان دژی کۆمپانیای لافارجی فەرەنسی تۆمارکرد بەتۆمەتی "هاوکاریکردن"ی داعش لە کردەوە توندوتیژییەکانیدا لە عێراق و سوریا. ئێمێل کلۆنی، پارێزەری مافی مرۆڤ، لی ڤلۆسکی، دیپلۆماتێکی پێشتری ئەمریکا، پارێزەری ئەم دۆسیەیان گرتووەتە دەست. سکاڵاکەرەکان و بنەماڵەکانیان، لەو کەسانەن کە لە دەست داعش رزگاریان بووە. لە سکاڵاکەدا کە ئێزیدییەکان پێشکەش بە دادگای فێدراڵی نیۆیۆرکیان کردووە هاتووە، "لافارج یارمەتی کردەوە تیرۆریستیەکانی داعشی کردووە و بەشداربووە لە پیلانگێڕییەکانی داعش و پێویستە ئەم کۆمپانیایە قەرەبووی ئەو کەسانە بکاتەوە کە لە دەست داعش رزگاریان بووە." لەدوای سکاڵاکە، نادیە موراد لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "کاتێک داعش هێرشی کردە سەر شەنگال، خانەوادەکەم کوژران و منیش وەک کۆیلە گیرام. هەتا ئەو رۆژەی رزگارم بوو، هەموو رۆژێک ئیستیفزاز دەرکرام و هێرش دەکرایە سەرم." نادیە موراد کە ساڵی 2018 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستهێنا دەشڵێت، "بەداخەوە لەنێو ئێزیدییەکاندا چیرۆکی من تاک نییە بەڵکو واقعی هەزارەها ژنە ئێزیدییە و لەوەش دڵتەزێنتر ئەوەیە ئەو کارەساتەی بەسەرماندا هات بە ئاگایی و پاڵپشتی کۆمپانیای بەهێزی وەک لافارج روویدا." لە مانگی ئابی 2014 رێکخراوی داعش چووە نێو شەنگالەوە و لە ئەنجامدا توندوتیژییەکی گەورەی بەرامبەر ئێزیدییەکان کرد و تێیدا پێنج هەزار کەس کوژران، ئەمە جگە لەوەی کە داعش زیاتر لە شەش هەزار ئێزیدی رفاند کە زیاتر لە نیوەیان ژنان و کچانی ئێزیدی بوون. تا ئیستا لەو شەش هەزار کەسە، زیاتر لە سێ هەزار و 500 کەسیان رزگارکراون. کۆمپانیای چیمەنتۆی لافارج، لە تشرینی یەکەمی 2022 لە دادگایەکی فێدراڵی ئەمریکا دانی بەوەدا نا کە هاوکاری داعش و گروپە هاوشێوەکانی کردووە بۆ ئەوەی بتوانێت لە سوریا درێژە بە کارەکانی بدات. وەک بەشێک لەو سکاڵایە، کۆمپانیاکە رازیبوو بەوەی 778 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بداتە زیانلێکەوتووەکان. لافارج یەکەم کۆمپانیا بوو کە لەلایەن دادگای فێدراڵی ئەمریکاوە بەوە تاوانبار کرا کە پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستییەکان کردووە لە سوریا.
هاوڵاتی بەرپرسێكی باڵای ئەمریكا نیازی وڵاتەكەی بۆ وەستاندنی شەڕ لەكەرتی غەززە لەفەلەستین لەنێوان حەماس و سوپای ئیسرائیل دەربڕی. له كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەنووسیدا جۆن كێربی بەرپرسی ئهنجوومهنی ئاسایشی نیشتمانی ئهمریكا ڕایگەیاند: ئەمریکا دەیەوێت لە نزیکترین کاتدا شەڕی ئیسرائیل و حەماس کۆتایی بێت و سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە. کێربی سێ مەرجی ئیدارەی بایدنی بۆ وەستاندنی شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس ئاشکرا کردووە، ئەوانیش بریتین لە دانانی چهك، ڕادهستكردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکەی حەوتی تشرینی یهكهمی سهر ئیسرائیل، سێیەمیشیان ئازادكردنی سهرجهم بارمتهكان کە لای حەماسن. هاوکات میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردووەتەوە ئیدارەی جۆ بادین لە ئێستادا هانی ئیسرائیل دەدات هێرشەکانی بوەستێنێت بۆ ئەوەی ئاگربەستێک ڕابگەیەنرێت و لە هەنگاوەکانی داهاتوودا ئەو ئاگربەستە درێژ بکرێتەوە. وەك میدیاكانی ئەمریكا دەڵێن، ئەمریکا لەگفتوگۆی بەردەوامدایە لەگەڵ ئیسرائیل بۆ ئەوەی ئاستی هێرشەکانی سنووردار و کەم بکاتەوە، بۆ ئەوەی دەرفەت بە گەیاندنی هاوکارییەکان و ئازادکردنی بارمتەکان بدرێت. هەڵوێستەكەی كێربی کاتێکدایە کە سەرەتای ئەم مانگە، ئەمریکا ڤیتۆی لە دژی پڕۆژە بڕیارێک بەکارهێنا کە داواکرابوو بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس کە ١٣ وڵاتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشکەش بە ئەنجوومەنەکەیان کردبوو.
هاوڵاتی بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێم رایدەگەیەنێت، لە ساڵی 2021 بەدواوە پێنج هەزار و 400 تۆمەتبار دەستگیركراون و 1422 تۆمەتبار دەستگیر نەكراون. تاریق ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ژوری ئۆپەراسیۆنی باڵای هاوبەش لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكومەت لە ساڵی 2021 دامەزراوە لەنێوان وەزارەتەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە، ئاسایش و لایەنە پەیوەندیدارەكان. بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێم وتیشی: تا كاتی دانەمەزراندنی ئەم ژوورە پێنج هەزار و 920 تۆمەتبار چەندین ساڵ فەرمانی گرتنیان هەبوو نەگیرابوون، لەو ژمارەیە تەنها 1422 تۆمەتبار ماوە دەستگیر بكرێن، پۆلیسی هەولێر تەنها 582 تۆمەتباری ماوە دەستگیری بكات. بەوتەی تاریق ئەحمەد "لە سلێمانی 681 تۆمەتبار ماون، لە دهۆك 13 تۆمەتبار ماون، لە هەڵەبجە 13 تۆمەتبار ماون، لە سۆران 50 تۆمەتبار ماون، لە گەرمیان 43 تۆمەتبار ماون، لە زاخۆ 9 تۆمەتبار ماون، لە ئاكرێ 4 تۆمەتبار ماون".
هاوڵاتی بەپێی بەدواداچوونێكی هاوڵاتی كە پشتی بە ئامارەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان و فەرمانگەی میدیا و زانیاری بەستووە، داهاتی باج لەهەرێمی كوردستان لەساڵی 2012 تا 2022 لە %600 زیادیكردووە، ئەوەش لەكاتێكدایە وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم و وەزارەتەكەی سكاڵایان لەسەر بەڕێوەبەری پێشووی باجی هەرێم تۆماركردووە كە وتبووی تا ئەو لەپۆستەكەدا بووە داهاتی باج گەیشتوەتە نزیكەی 800 ملیار دیناری ساڵانە. بەپێی بەدواداچوونەكەی هاوڵاتی، لەساڵی 2012 دا داهاتی باج لەهەرێمی كوردستان 128 ملیار و 796 ملیۆن و 730 هەزار و 635 دینار بووە، لەساڵی 2013 بەرزبووەتەوە بۆ 161 ملیار و 551 ملیۆن و 782 هەزار و 596 دینار، لەساڵی 2014 بووەتە 212 ملیار و 700 ملیۆن و 452 هەزار و 17 دینار، لەساڵی 2015 ش داهاتی باج لەهەرێم 190 ملیار و 164 ملیۆن و 472 هەزار و 407 دینار بووە. هەربەپێی داتاكانی وەزارەتی دارایی و فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم، لەساڵی 2016 داهاتی باج لەهەرێم 179 ملیار و 14 ملیۆن و 265 هەزار و 28 دینار بووە، لە 2017 ش داهاتی باج جارێكی دیكە بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 206 ملیار و 697 ملیۆن و 763 هەزار و 96 دینار، لە2018 شدا زیاتر بەرزبوەتەوە و گەیشتووەتە 308 ملیار و 535 ملیۆن و 562 هەزار و 258 دینار، هاوكات لە 2019 داهاتی باج گەیشتووەتە 627 ملیار و 424 ملیۆن و 94 هەزار و 321 دینار، لە 2020 بەهۆی سەرهەڵدانی كۆرۆنا داهاتی باج لەهەرێم كەمتر بووەتەوە و بووەتە 578 ملیار و 87 ملیۆن و 38 هەزار و 165 دینار، لە2021 یشدا داهاتی باج گەیشتووەتە 796 ملیار و 287 ملیۆن و 671 هەزار و 746 دینار، لە2022 داهاتی باجی ساڵانەی هەرێم بەشێوەیەك بەرزبووەتەوە گەیشتووەتە 912 ملیار و 588 ملیۆن و 802 هەزار و 373 دینار. لەئامارەكەدا دەردەكەوێت، لەگەڵ دەستپێكردنی قەیرانی دارایی لەهەرێم بەهۆی بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە و شەڕی داعش لەساڵی 2014 حكومەتی هەرێم داهاتی باجی زیاتر بووە. ئەو داتایە لەكاتێكدایە زانیار محەمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتی پێشوی باجی هەرێم لە پاش ڕونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی كە تێیدا لێدوانێكی ناوبراوی لەبارەی داهاتی باج بە "درۆی شاخدار" ناوبردبوو، ڕایگەیاندووە:"من بەرپرسم و باسی هەتا مانگی چواری ساڵی 2016م كردوە، ئەو ماوەی چوار ساڵەی كە من كارمكردوە بە نزیكەی داهاتی باج دەگەیشتینە 800 ملیار لەگەڵ لە 3%ی باجی گومرگی لەگەڵ (استقتاع مباشر-لێبڕنی ڕاستەوخۆ) ئەمانە لای ئێمە تۆمار نەدەكرا لە باج چونكە لە 3% لە گومرگ تۆمار كرابو، (استقتاع مباشر-لێبڕنی ڕاستەوخۆ) لە خەزێنە تۆمار دەكرا، ئەگەر تۆمارمان بكردنایە سەر لەنوێ لەبەغداد (مەقاسە)یان دەكرد، چونكە عێراق وەك دوژمنێك سەیری ئێمەی دەكرد." وتوشیەتی"لە 2012 نزیكەی 130 ملیار، لە 2013، 160 ملیار، لە ساڵی 2014، 212 ملیار، لە ساڵی 2015، 190 ملیار، ئەو چوار مانگەی ساڵی 2016 نزیكەی 40 ملیار دینار داهات بوو، واتە ئاوەها كە لێكیدەدەینەوە نزیكەی 700 ملیارێك دەكات لە چوار ساڵ و چوار مانگە لەگەڵ 3% كۆی دەكەیتەوە دەكاتە نزیكەی 800 ملیار، من وەهاموت نەك ساڵانە، نەموت بە ڕەسمی، ئیتر نازانم وەزارەتی دارایی بۆ بەوە مشەوەش بوون." جگە لە ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم، خودی وەزیری دارایی لە لێدوانێكیدا ڕایگەیاندبوو: "دەبێت بەڕێوەبەری پێشوی باج بۆمان بسەلمێنێت ئەو داهاتی باجەی باسی دەكات چی لێهاتوە و بۆمان بهێنێتەوە." بەڵام بەڕێوەبەری پێشوی باجی هەرێم دەڵێت:" جەنابی وەزیری دارایی ڕێزی هەیە، ناهەقی نییە، ئەویش ڕەنگە وەها بیستبێتی، ناهەقی ناگرم كە لە چەند كەناڵێكی تەلەفزیۆنی بەگەورەیی نوسیویانە ئێمە پارە لە بەغدا دەشارینەوە، دوای ئەوە من باسی 2012 هەتا 2016 دەكەم، دوای ئەوە وەزارەتی دارایی نەدەكرا بەو شێوازە توندە وەڵام بداتەوە." لە ڕونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی كە هەر ڕۆژی پێنجشەممە لەسەر قسەكانی بەڕێوەبەری گشتی پێشوی باجی هەرێم بڵاویكردبوەوە ڕایگەیاندبوو: "خۆی كێشەی یاسایی هەبوە و لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە كەیسەكەی ڕەوانەی دادگای لێكۆڵینەوەی دەستپاكیی هەولێر بۆ گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی كراوە." لە بەرامبەردا زانیار محەمەد قادر وتویەتی"بەڵێ من كەیسم لە دەستەی دەستپاكی، زۆر كەسی تریش كەیسی هەبوە و كەیسەكەش چۆتە دەستەی دەستپاكی، دواتر چۆتە دادگای لێكۆڵینەوە و لە دادگاش (بەرائە)م بۆ هاتەوە هیچم بەسەردا ساغ نەبوەوە و بڕیاری كۆتایی درا بە بێتاوان دەرچونی من لە ساڵی 2019، دواتر بە هەمان پلە گەڕامەوە سەر پلەكەی خۆم بە موچەی خۆم و دەوامی خۆم هەتا ساڵی 2022 لەو پۆستەدا بوم و دواتر داوای خانەنشین بونم كرد، خۆ ئەوە شاراوە نییە."
هاوڵاتی كونسوڵی توركیا لەهەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە هیچ گۆڕانكارییەك لەهەڵوێستی وڵاتەكەی بەرامبەر كردنەوەی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی بەڕووی توركیادا نییە. مەمەد مەولوود یاقوت كونسوڵی توركیا لە هەرێمی كوردستان بەمیدیای پارتی ڕاگەیاندووە: پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرە و هەولێر لە ئاستێكی زۆر باشدایە و بەردەوامن دەشڵێت "دەیانەوێت پەیوەندییەكانیان لە هەموو بوارەكاندا پەرە پێبدەن". لەبارەی پرسی فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە كونسوڵی توركیا لەهەرێم ئەوەی خستووەتەڕوو" هیچ گۆڕانكارییەك لە هەڵوێستی توركیادا لەمبارەیەوە نییە". مەمەد مەولود دەڵێت "ئێمە ئێستا پەیوەندییەكی مرۆیی زۆر باشمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە". توركیا لە سێی نیسانی 2023 بەپاساوی هاتوچۆی بەرپرسانی پەكەكە لە فڕۆكەخانەكەوە، گەشتەكانی بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ ماوەی سێ مانگ راگرت و دواتریش وادەكەی هەتا سێی كانوونی دووەمی 2024 درێژكردەوە.
هاوڵاتی سەرەڕای هۆشدارییەكانی ئەمریكا و دڵنیاییەكانی عێراق بەوەی هێرشی سەر هێزەكانی ئەمریكا دووبارە نابێتەوە، گروپە چەكدارەكانی عێراق ڕایانگەیاند درەنگانی شەوی ڕابردوو هێرشیانكردووەتەوە سەر بنكەی سەربازی عەین ئەسەد لەڕۆژئاوای عێراق و هێرشەكەش لەڕێگەی درۆنەوە بووە. ئەو گروپە كە خۆیان ناوناوە بەرگری ئیسلامی لەعێراق ئەوەیان ڕاگەیاندووە "هێرشەكە وەك وەڵامێك بووە بۆ ئەو تاوانكاریانەی ئەمریكا بەرامبەر خەڵكی غەززە ئەنجامیان دەدات"، باس لەوەشدەكەن درۆنەكانیان بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ ئامانجەكەی پێكاوە". لەحەوتی مانگی ڕابردوو چەند گروپێكی چەكداری عێراقی بە ئامانجگرتنی چەند بنكەیەكی سەربازی ئەمریكایان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگەیاند، ئەویش بەوتەی خۆیان وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ هێرشەكانی ئیسرائیل كە دەیانكاتە سەر كەرتی غەززە لە فەلەستین، ئەو گروپانە ئەمریكاشیان بەوە تۆمەتبار كرد كە پشتیوانی هێرشەكانی ئیسرائیل دەكات. هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق و سوریا تا ناوەڕاستی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ، لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە 80 جار هێرشیان كراوەتەسەر، ئەویش بەوتەی بەرپرسانی سەربازی ئەو وڵاتە، زۆربەی ئەو هێرشانەش گروپە عێراقیەكان كە نزیكن لەئێران ئەنجامیدەدەن. لەحەوتی ئۆكتۆبەری ڕابردوەوە كە حەماس هێرشیكردە سەر ئیسرائیل لەڕێگەی درۆن و سەدان چەكدارەوە، دواتریش ئیسرائیل هێرشی بەرفراوانی كردە سەر فەلەستین، دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزتر بووە و ناوبەناو گروپە چەكدارەكان لەعێراق و سوریا هێرش دەكەنە سەر هێزەكانی ئەمریكا و ئەمریكا و ئیسرائیلیش هێرش دەكەنە سەر ئەو گروپانە لەعێراق و سوریا. تائێستا زیاتر لە دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریكی لەعێراق دا هەن و لەسوریاش ژمارەی سەربازە ئەمریكیەكان 900 كەسە، ئەو هێزانەش لەچوارچێوەی شەڕ دژ بەداعش و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش لەعێراق و سوریا ماونەتەوە.
هاوڵاتی كاتژمێر شەشی بەیانی ئەمڕۆ، ھەڵمەتی بانگەشە بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کۆتاییھات، سبەینێ شەممە دەنگدانی تایبەت دەستپێدەکات. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردەوە: لە كاتژمێر شەشی بەیانی رۆژی ھەینییەوە بانگەشە بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کۆتایی ھاتووە و ھەر کاندیدێک یاخو لایەنێک لە بانگەشە بەردەوام بێت، روبەڕووی سزا و رێکاری یاسایی دەبێتەوە. هاوكات بڕیارە سبەینێ لە كاتژمێر حەوتی بەیانییەوە تا شەشی ئێوارە دەنگدانی تایبەت بۆ ئاوارە و ھێزە ئەمنییەکان دەستپێبکات. لەلایەن خۆشیەوە ئۆفیسی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراقیش رایگەیاند: رۆژی شەممە نزیکەی ٢٧ ھەزار ئاوارە و ھێزی تایبەت لە سنوری سلێمانی دەنگدەدەن و تەواوی ئامادەکارییەکانیان کردووە. وتیشی ٢٠ بنکەیان لە سلێمانی و چەمچەماڵ و گەرمیان ئامادەکردووە.
هاوڵاتی لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر بارەگایەکی هێزەکانی پۆلیس لە پارێزگای سیستان و بەلوجستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران، 12 پۆلیس کوژران، میدیاکانی ئێران "جەیشولعەدل" بە هێرشەكە تۆمەتبار دەكەن. ئەمڕۆ هەینی، 15-12-2023، عەلیرەزا مەرحەمەتی، جێگری پارێزگاری سیستان و بەلوجستان بۆ کاروباری ئەمنی بە میدیای فەرمیی ئێرانی راگەیاند:" بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرش کراوەتە سەر بارەگای هێزەکانی پۆلیسی راسک و بە هۆیەوە 12 کەس لە هێزەکانی پۆلیس کوژراون." هاوكات ناوەندی راگەیاندنی پۆلیسی سیستان و بەلوجستان لە راگەیەندراوێکدا هێرشەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "نیوەشەوی رابردوو لەلایەن تیرۆریستەکانەوە بەشێوەیەکی ناجوامێرانە هێرشکراوەتەوە سەر بارەگای هێزەکانی پۆلیس لە قەزای راسک." بەگوێرەی میدیای ئێران، گرووپی جەیشولعەدل، کە گرووپێکی چەکداری بەلوجەکانە، بەرپرسیاریێتی هێرشەکەیان لە ئەستۆ گرتووە.
هاوڵاتی چوار مامۆستای ئایینی لەئێران بەهۆی پاڵپشتیكردنی خۆپیشاندانەكانی ئێران كە بەشۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" ناسراوە سزای زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندرا. چوار مامۆستای ئایینیی خەڵكی شاری پیرانشار بە ناوەكانی شەریف مەحموود پوور، سەید سولەیمان ئەحمەدی، سەید جەمال واژی و یوونس نەوخا لەلایەن دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینییەوە سەرجەمیان سزای ١١ ساڵ بەندكردنیان بەسەردا سەپێنرا، ئەم چوار مامۆستا ئایینییە ساڵی ڕابردوو لە كاتی خۆپیشاندانەكانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەستبەسەر كرابوون. بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤی ئێران، هەریەك لە مامۆستا شەریف مەحموود پوور و مامۆستا سەید جەمال واژی، پێشنوێژی مزگەوتی گوندی “پەسوێ”ی سەر بە شاری پیرانشار، هەر یەكەیان سزای دوو ساڵ بەندكردنیان بەسەردا سەپاوە. هەروەها مامۆستا سەید سولەیمان ئەحمەدی و مامۆستا یوونس نەوخا، مامۆستای قوتابخانەی زانستە ئایینییەكانی سەڵاحەدینی ئەیووبی لە پیرانشار، سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە. وەك ئەو ڕێكخراوە دەڵێت ئەو مامۆستا ئایینییانە بە تۆمەتی “واژۆی بەیاننامەی مامۆستایانی كوردستان بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و بەشداریكردن لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان” وە “هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی نەتەوەیی” و “هەوڵی بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی”، لەلایەن دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئورمیە، سزای بەندكردنیان بەسەردا سەپێندراوە.