هاوڵاتی  پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگدانی تایبەت لە دهۆک کۆتایی هات، پارتی پشکی شێری بەدەستهێنا و بەزیاتر لە سێ هەزار دەنگ لە پێش یەکێتییەوەیە. خالد عەباس، بەرپرسی لقی دهۆکی ئۆفیسی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە هاوڵاتی راگەیاند، "دوێنێ دەستمانکرد بە جیاکرنەوەی دەنگەکان بۆ 28 سندوق کە نزیکەی 10 هەزار دەنگ لەو سندوقانەدا هەبوون، دەوروبەری کاتژمێر 12ی پێش نیوەرۆی ئەمرۆ پرۆسەکە کۆتایی هات." خالد عەباس وتیشی، "پرۆسەکە بەشێوەیەکی زۆر رێک و پێک ئەنجامدراوە و هەموو دەرئەنجامەکان بەشەفافانە ئاشکراکراون و دواتر بۆ بەغدای دەنێرین." دوای جیاکردنەوەی دەنگەگان پارتی، پێنج هەزار و 758 دەنگی بەدەست هێنا و یەکێتی نیشتیمانی دوو هەزار و 424ی دەنگی کۆکردووتەوە.  

هاوڵاتی  جیاکردنەوەی دەنگەکانی دەنگدانی تایبەت بەردەوامە و لە دووەمی رۆژی ژماردنی دەنگەکانی پارێزگای کەرکوک بەدەست، تا ئیستا دەنگی 74 سندوقی دەنگدان جیاکراوەتەوە.  لەو 74 سندوقە دەنگی یەکێتی زۆرترینە و دواتریش، دەنگی پارتی دێت. تا ئێستا دەنگی جیاکراوەی 74 سندوقی دەنگدانی اتیبەت بەمجۆرەیە: یەكێتی: 2846 دەنگ پارتی: 1164 دەنگ هاوپەیمانی عەرەبی: 1100 دەنگ هاوپەیمانی عروبە: 750 دەنگ نەوەی نوێ: 145 دەنگ  

هاوڵاتی  بەرێوبەرایەتی کەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ زۆربەی کاتەکان لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان باران بارین بەردەوام دەبێت و سەبینێش ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت و لە هەندێ ناوچە لێزمە باران دەبارێت.  کەشانسی هەرێم پێشیبینی کەشوهەوای بۆ ٤٨ کاتژمیری داهاتوو بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەمڕۆ هەیینی ئاسمان بە گشتی هەوری تەواو دەبێت و زۆربەی کاتەکان باران دەبارێت، "ەندێک کات لە ناوچەکانی ناوەراست و باشووری هەرێم باران بارین بە شێوەی نمە بارانی پچڕ پچڕ دەبێت. هەروەها لە ناوچە شاخاوییە سنووریەکان پێشبینی بەفر بارین دەکرێت." هاوکات کەشناسی هەرێم پێشبینی خۆی بۆ رۆژی شەممە خستووەتەڕوو و دەڵێت، ئاسمان لە زۆربەی کات هەوای باراناوی دەبێت و هەندێک جار لە سنوری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر لێزمە باران دروست دەبێت، لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکانیش بەفر دەبارێت.

هاوڵاتی  پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) داوای لە لەیلا زانا کردووە خۆی کاندید بکات بۆ سەرۆکشارەوانی ئامەد و ئەستەنبوڵ بۆ ساڵی داهاتوو. میدیای ناوخۆی باکوری کوردستان بڵاویکردووەتەوە کە دەم پارتی پێشنیاری ئەوەی بۆ لەیلا زانا کردووە کە خۆی کاندید بکات بۆ هاوسەرۆکی شاری ئامەد یان سەرۆکشارەوانی ئەستەنبوڵ، بەڵام هێشتا لەیلا زانا وەڵامی داواکارییەکەی نەداوەتەوە.  بەپێی زانیارییەکان، بەرپرسانی دەم پارتی لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ لەیلا زانا کۆدەبنەوە تاکو بزانن بڕیاری چی دەدات لەسەر پێشنیارەکە. بڕیارە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە مانگی ئایاری 2024 بەڕێوەبچێت. لەیلا زانا گەورە سیاسەتمەداری کورد لە باکوری کوردستان لە ئێستادا هیچ پۆستێکی نییە و بەوە ناسراوە کە لە پەرلەمانی تورکیا بەرگری لە نەتەوەی کورد کردووە هەربۆیە لە پەرلەمانتاری دووخراوەتەوە.  لەساڵی 1991 لەللا زانا لەسەر لیستی پارتی سۆسیال دیموکراسی گەلان SHP لە  ئامەد بووە پەرلەمانتار و لەکاتی سوێندخواردندا بە کوردی سڵاوی کرد بۆیە رووبەروی رەخنەی توند بوویەوە. دواتر لە ساڵی 1994 بەهۆی وتارێکییەوە پارێزبەندی لێ سەندرایەوە و بەتۆمەتی ئەندامێتی و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە بە 15 ساڵ زیندانی سزادرا، بەڵام دواتر بەهۆی فشاری دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی یەکێتی ئەوروپا دوای 10 ساڵ زیندانی ئازادکرا. لە ساڵی 2015، لەیلا زانا لەکاتی سوێندخواردنی وەک پەرلەمانتاری ناوچەی ئاگری لە پەرلەمانی تورکیا بە کوردی وتی، "بژی ئاشتی" و بەپێچەوانەی پرۆتۆکۆلی سوێندخواردنی پەرلەمانی تورکیا سوێندی یاسایی خوارد بۆیە لە پەرلەمانتاری دوورخرایەوە.  لەیلا زانا یەکەم ژنە پەرلەمانتاری کورد بوو لە پەرلەمانی تورکیا و دوای زیندانیکردنی لەساڵی 1994، خەڵاتی ساخارۆڤی بۆ ئاشتی پێبەخشرا بەڵام نەیتوانی خەڵاتەکەی وەربگرێت تا کاتی ئازادبوونی لەساڵی 2004.

هاوڵاتی  بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وەڵامی حەماس دەداتەوە و دەڵێت، جەنگ بەردەوام دەبێت هەتا سەردەکەون و چەکدارانی حەماس "یان دەبێت خۆتان بەدەستەوە بدەن یان دەبێت بمرن." رۆژی پێنجشەممە 21ی کانونی یەکەمی 2023 تاهیر ئەلنونۆ، راوێژکاری سەرۆکی حەماس بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، حەماس "ئامادە نییە دانوستان لەسەر ئازادکردنی بارمتەی زیاتر بکات هەتا ئیسرائیل کردە دوژمنکارییەکانی نەوەستێنێت بۆ سەر غەززە و رێ بە هاوکاری زیاتری مرۆیی نەدات." راوێژکارەکەی سەرۆکی حەماس باسی لەوەش کردووە، کە "پرسی بارمتەکان دەبێت دوای ئەو دوو شتە باسیان لێوە بکرێت، ناتوانین دانوستان لەسەر شتانێک بکەین لەکاتێکدا ئیسرائیل لە کردە دوژمنکارییەکانی بەردەوامە، گفتوگۆکان دەبێت دوای راگرتنی شەڕ دەستپێبکەن." لە وەڵامی ئەمەدا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرتە ڤیدیۆیەکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە کە تێیدا دەڵێت، "ئێمە جەنگ دەکەین تا سەرکەوتن، جەنگ ناوەستێنین هەتا هەموو ئامانجەکانی نەپێکێت کە ئەوانیش لەناوبردنی حەماس و گەڕانەوەی هەموو بارمتەکانە." بنامین ناتانیاهۆ وتیشی چەکدارانی حەماس هیچ چارەیەکی تریان نییە جگە لەوەی کە دەبێت "یان خۆتان بەدەستەوە بدەن یان بمرن، چیتر غەززە نابێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل." ئەمە لەکاتێکدایە کە رۆیتەرز بڵاویکردووتەوە کە ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی حەماس، سەردانی میسری کردووە بۆ دانوستان لەگەڵ نێوەندگیرانی میسری تا ئاگربەستێکی تر ئەنجام بدرێت.  هاوکات گۆڤاری پۆڵەتیکۆی ئەمریکی رایگەیاندووە کە ئەمریکا دەڵێت دانوستانی "زۆر جدی" لەسەر ئاگربەستێکی نوێ لە غەززە لەئانوساتدایە.

هاوڵاتی گەنجێکی تەمەن ٢٤ ساڵ لە چیک دوای ئەوەی باوکی خۆی دەکوژێت ١٥ خوێندکاری زانکۆکەشی بەر دەسڕێژی گولەدەدات و دەیان کوژێت. پۆلیسی  چێک، ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢١ی کانوونی یەکەم رایگەیاند،  بە هۆی دەستڕێژەوە لە کۆلێجی فەلسەفەی زانکۆی چالز، لە ناوەندی شاری پراگ، ١٥ کەس کوژراون و دەیان کەس بریندار بوون. بە پێی راپۆرتی میدیاکانی چیک، هێزەکانی پۆلیس لە ناو زانکۆکە و گۆڕەپانی نزیک زانکۆ و سەرجەم ئەو رێگایانەی ئەگەنە زانکۆکە بڵاوەیان پێکراوە. مارتین ڤووندراسک، بەڕیوەبەری پۆلیسی چێک، رایگەیاند زیاتر لە ١٥ کەس لە رووداوەکەدا مردوون و لانیکەم ٢٤ کەس بریندار بوون. بە پێی زانیارییەکانی پۆلیسی ئەو وڵاتە، هێرشبەرەکە خوێندکارێکی تەمەن ٢٤ ساڵی بەشی مێژوو بووە و باری دەروونی ناجێگیر بووە. ناسنامەی تەقەکەرەکە لە لایەن پۆلیسەوە ئاشکرا کراوەو ئەو کەسە ناوی دەیڤید کازاک بووە. ڤیت راکۆسان، وەزیری ناوخۆی کۆماری چێک رایگەیاند ئەم کردەوەیە پەیوەندی بە تیرۆریسمی نیودەوڵەتییەوە نییە و تەنها کاری سەرەڕۆیانەی ئەو گەنجە ٢٤ ساڵە بووە کە باری دەروونی جێگیر نەبووەو تەقەکەرەکە لە رووداوەکەدا لە لایەن پۆلیسەوە کوژراوە هەروەها بە پێی زانیارییەکانی پۆلیس، تەرمی باوکی تەقەکەرەکە پێش رووداوەکە دۆزراوەتەوە.

هاوڵاتی رێکخراوی حەماس لە راگەیاندنێکدا ئەمڕۆ پێنج شەممە ،رایگەیاند تا جەنگ کۆتای نەیەت هیچ گفتوگۆیەک  ناکەن بۆ ئازادی بارمتە ئیسرائیلەکان، لە بەرامبەردا بەرپرسانی ئیسرائیلی ئەڵێن:" حەماس مەرجێکی داناوە بۆ کۆتایی هێنانی جەنگ، کە جێبەجێ ناکرێت". لە ئەنجامی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ تشرینی یەکەم، ٢٤٠ هاوڵاتی ئیسرائیلی و بیانی بە بارمتە گیراون و هێشتا ١٣٣ هاوڵاتی ئیسرائیلی دیلی دەستی حەماسن و حەماس بەو مەرجەی جەنگ کۆتایی پێ بێت، ئامادەیە گفتوگۆ بکات بۆ ئازادکردنیان. لە بەرامبەردا ئیسرائیل لای وایە راگرتنی جەنگ لە ئێستادا و کۆتایی هێنانی جەنگ، دەرفەتدانە بە حەماس بەوەی خۆی رێکبخاتەوەو نێتانیاهۆ سوورە لە سەر بەردەوامی هێرشەکان هاوکات بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەزە تا ئێستا نزیک ٢٠ هەزار کەس کوژراون کە زۆربەیان ژن و مناڵن. رۆژی پێنج شەممە ١٢ی کانوونی یەکەم، کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی عەرەبی ناوچەکەوە ئەوەی بڵاو کردەوە، وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت سعوودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بە ئیسرائیلیان راگەیاندووە ئەگەر تا کۆتایی مانگی ١ی ٢٠٢٤ جەنگ کۆتایی نەیەت، ئەم وڵاتانە یارمەتییە مرۆییەکانی خۆیان بۆ کەرتی غەزە رادەگرن. بە پێی ئەم راپۆرتە، وڵاتانی عەرەبی رایانگەیاندووە ئەگەر ئیسرائیل دەیەوێت بۆ درێژماوە لە کەرتی غەزە بمێنێتەوە، ئەرکی ئیسرائیل و ئەمریکایە یارمەتی مرۆی بگەیەننە ئەو ناوچەیە. ئەم راپۆرتە لە کاتێکدا بڵاوبۆوە کە ژمارەیەک لە بەرپرسان و میدیاکانی ئیسرائیلی لە ماوەی رابردوودا وتوویانە، وڵاتانی کەنداو و ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی، لە دانیشتن و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیلی بە نهێنی بە ئیسرائیلیان وتووە تا کۆتایی بە حەماس نەهێنێت، جەنگ رانەگرێت.      

هاوڵاتی وەزارەتی پەروەردە بڕیار له‌سه‌ر تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەمی په‌روه‌رده‌كانی سلێمانی و هەڵەبجە دەدات. بەڕێوەبەرایەتی گشتی تاقیکردنەوەکان، نوسراوێکی ئاراسته‌ی بەڕێوەبەرایەتییه‌ گشتییه‌كانی پەروەردەی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین کردوە، كه‌ تیایدا شێوازی مامەڵەکردنی تاقیکردنەوە و نمره‌كانی کۆتایی وەرزی یەکەم لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی ئەو پەروەردانە دیاری دەکات. بەپێی نوسراوەکە، ئەو خوێندکارانەی نمرەی ھەڵسەنگاندن و نیوەی وەرز (١٠-٢٠-١٠)یان ھەیە، پێویستە تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز لەسەر ٦٠ نمرە ئەنجام بدەن. دەشڵێت، ئەو خوێندنگایانەش کە تاقیکردنەوەی ٢٠ نمرەیان نەکردووە و تەنیا نمرەی ھەڵسەنگاندنیان ھەیە، پێویستە تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز لەسەر ٨٠ نمرە بکەن. رونكراوه‌ته‌وه‌، ئەو خوێندنگایانه‌ی تاقیکردنەوەی نوسینەکی (20) نمرەییان ئەنجامنەداوە، به‌ڵام نمرەی هەڵسەنگاندنیان  هەیە، پێویستە تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی لەسەر (80) نمره‌ ئەنجام بدەن و بەم جۆره‌ تۆماری بکەن: ‌أ- نمرەی بەدەستهاتو لە (80) نمرە دابەشی (4) بکرێت بۆ دەرهێنانی (20) نمرەت تاقیکردنەوەی نوسینەکی. ب-  نمرەی بەدەستهاتو لە (80) نمرە لێکدانی (0.75) بکرێت بۆ دەرهێنانی (60) نمرەی تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز. ت- نمرەی کۆتایی لە هەردو خاڵی (أ و ب) نزیک بکرێتەوە بۆ نمرەی تەواو ئەگەر نمرەکە بە کەرت دەرچو. خاڵی سێیەمی نوسراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، ئەو خوێندنگایانه‌ی تاقیکردنەوەی کۆتای وەرزی یەکەم ئەنجام دەدەن بۆ وەرزی دوەم لەسەر هەمان ساڵنامەی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە بەردەوام دەبن.

هاوڵاتی بەگشتی لەكەركوك 526 هەزار و 790 كەس دەنگیان داوە، لەو ژمارەیە 219 هەزار و 497 دەنگ بۆ لیستە كوردیەكان بووە، بەڵام تەنها یەكێتی و پارتی كە بەدوو لیستی جیا دابەزیون توانیویانە كورسی بەدەست بهێنن، واتە 186 هەزار و 122 دەنگ بۆ بەدەستهێنانی كورسی بووە، بەدیاریكراوی 33 هەزار و 275 دەنگ كە بەشی كورسییەكی دەكرد فەوتاوە، چونكە بەپێی سیستەمی سانت لیگۆ كورد كەمترین نرخی كورسی لەسەر كەوتووە و بۆ هەر كورسییەك 31 هەزار و 110 دەنگی پێویست بووە، بەشێوەیەك هەر لیستێك لەو ژمارەیە كەمتری هێنابێت دەنگەكانی فەوتاندووە. هەرچەندە كورد ئەگەر بەیەك لیست بەشداری بكردایە هەشت كورسی مسۆگەر دەكرد بەپێی سیستەمی سانت لیگۆ، بەڵام هێشتا بەدەنگ كورد زیاتر لە 13 هەزار و 500 دەنگ لەپێش دەنگی لیستە عەرەبیەكانەوەیە. ئەم ئەنجامە بەپێی بەدواداچونێكی هاوڵاتی دەركەوتووە و بەدەرە لەئەنجامی دەنگدانی تایبەت كە ڕەنگە ئەنجامەكە بەڕادەیەكی كەم بگۆڕێت لیستە عەرەبی و توركمانیەكان لەهەڵبژاردنی 2021 بەهەردوولایان پێنج كورسییان هێنا سێ لیستی عەرەبی سێ كورسی و توركمانەكانیش دوو كورسی، بەڵام لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 2023 عەرەب بەتەنیا شەش كورسی و توركمانیش دوو كورسی واتە دەنگی عەرەب دوو هێندە زیادیكردووە و توركمانەكانیش وەك خۆیەتی. هەرچەندە كورد بەراورد بەهەڵبژاردنی 2021 ی پەرلەمانی عێراق دەنگ و كورسی زیادیكردووە بەڵام ئەوەی زیانی پێگەیاندووە فرە لیستییە كە ئەگەر یەك لیست بوایە بەپێی سیستەمی سانت لیگۆ هەشت كورسی دەهێنا و دەیتوانی بەئاسانی لەگەڵ كۆتای مەسیحیەكانی كەركوك پۆستی پارێزگار یەكلایی بكاتەوە.

سەركۆ جەمال رێكخراوێكی ئەڵمانی- كوردی كار بۆ بەهێزكردنی سیستەمی دادوەری لەهەرێمی كوردستان دەكات، لەدووەم كۆنفرانسیان لەسلێمانی باس لەمەترسییەكانی بەكارهێنانی درۆن و تێكدانی ژینگەی كوردستان كرا لەلایەن هەریەك لەتوركیاو ئێرانەوە. رۆژی 16-12-2023 ناوەندی كوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی، لەسلێمانی دووەم كۆنفرانسی ساڵانەی بۆ یاسای نێودەوڵەتی ئەنجامدا، بەناونیشانی دادپەروەری تاوانی نێودەوڵەتی لەكوردستان و رێكارەكانی چەسپاندنی، لەكۆنفرانسەكەدا پسپۆڕانی یاسای نێودەوڵەتی، دادوەر، ئەكادیمی، چالاكوان، رۆژنامەنوس ئامادەبوون، چەند پانێڵێك بەڕێوەچوو، دواتریش گفتوگۆی كراوە لەنێو ئەندامان بەڕێوەچوو. پانێڵی یەكەم بەناونیشانی بەرەو دادپەروەری تاوانی نێودەوڵەتی لەكوردستان بوو، هەریەك لە د.عیباد روحی، د.سۆران بەرزنجی، دادوەر هاوارد مۆریسن بەشدارییان تێداكرد، سێ ناونیشانی جیاواز گفتوگۆی لەبارەوە كرا، یەكەمیان بەناوخۆییكردنی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی وەك میكانیزمێك بۆ بەهێزكردنی سیستەمی دادوەری لەكوردستان، دووەم هەوڵەكانی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمەڕ پرسی بەناوخۆییكردنی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی لەهەرێم، سێیەم گرنگی بەناوخۆییكردنی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی لەكوردستان. د.عیباد روحی لەپانێڵەكەدا وتی:»هەموو دەوڵەتەكان پشتیان بەستووە بەو یاسایەی كە نەتەوەیەكگرتووەكان ئامادەی كردووە كە دەبێت لەهەموو وڵاتێك رێزی لێبگیرێت، بەڵام كێشەكە ئەوەیە تاوانی نێودەوڵەتی لەو دوو سێ تاوانەدا دەبینینەوە كە دادگای نێودەوڵەتی لەماددەی 50 ئاماژەی پێكردووە جینۆساید و تاوان دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و دەستدرێژی بۆسەر وڵاتان بەڵام كۆمەڵێك تاوانی تر هەن كە دەكرێت زۆر مەترسیدارتر بن، وەك قاچاغچیەتی بەئەندامانی جەستەی مرۆڤەوە، یان قاچاغچێتی رێكخراو و قاچاغبردنی زبڵی ئەتۆمی، یاخود تێكدانی ژینگەیی كە لەكوردستانی گەورە روودەدات بۆیە دەكرێت بەپێی یاسای ناوخۆیی رێكبخرێنەوە». وتیشی:»ئەو تاوانانەی باسمكردن دەكرێت مەترسی زیاتر رووبەڕووی ئێمەو مرۆڤایەتیش بكاتەوە لەكاتێكدا لەیاسای نێودەوڵەتیدا ئاماژەی پێنەكراوە، هەروەها هەزاران تۆمەتبار هەن لەدنیادا بەهۆی بۆشایی لەیاساكان دەستگیرنەكراون یاخود بەهۆی رێككەوتنی ژێر بەژێری وڵاتان رادەست ناكرێن». پانێڵی دووەم بەناونیشانی «ئاڵۆزی پرسی دادپەروەری تاوانی نێودەوڵەتی و سیستەمی دادوەریی كوردستان « بوو هەریەك لە ئازاد وەڵەتبەگی و د.حەسەن مستەفا بەشدارییان تێدا كرد، دوو تەوەری لەخۆگرتبوو، یەكەمیان مۆدێلی دادگای تێكەڵاو بۆ لێپێچینەوە لەچەكدارانی داعش لەكوردستان، دووەمیان بەرپرسیارێتی تاوانی تاكەكەسی لەبەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لەچوارچێوەی یاسای تاوانی نێودەوڵەتیدا. ئازاد وەڵەتبەگی، لەپانێڵی دووەمدا وتی:»دوای تێپەڕبوونی نزیكەی نۆ ساڵ بەسەر تاوانەكانی داعش هێشتا هیچ هەوڵێكی جددی نییە بۆ پەلكێشكردنی تاوانبارانی داعش بۆ بەردەم دادگا نێودەوڵەتیەكان، بۆ دادگایی كردنی تۆمەتبارانی داعش دەبێت پەنا ببەینە بەر دادگای نێودەوڵەتی كە ئەوەش رێكارەكانی قورسەو پێویستی بەبڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشەو كاتی زۆری دەوێت، كەڕەنگە بەهۆیەوە بەشێك لەبەڵگەكان لەناوبچن». وتیشی:»ئەگەر عێراق بیەوێت تۆمەتبارانی داعش دادگایی بكرێت دەبێت داوا لەداواكاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بكات كە لەتاوانەكانی داعش بكۆڵێتەوە، كە ئەمەشیان هەر قورسەو پاڵپشتی نێودەوڵەتی دەوێت، چونكە دەبێت بچێتە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایش، بەڵام ئەگەری نزیك لەواقیع دادگای تێكەڵاوی نێودەوڵەتییە بۆ دادگاییكردنی تۆمەتبارانی داعش، پێویستە هەرێمی كوردستان وەك قوربانییەكی دەستی داعش بەشێوەیەكی كارا رۆڵی هەبێت و هەوڵبدرێت لەڕێگەی پەرلەمانی عێراقیشەوە بكرێت بەپڕۆژەیەك». هەر لەپانێڵی دووەمدا، د.حەسەن مستەفا، لەبارەی بەكارهێنانی درۆن لەجەنگەكاندا وتی:»بەكارهێنانی درۆن لەیاسای نێودەوڵەتیدا هیچ دەقێكی یاسایی نییەو لەكاتی بەكارهێنانیدا جگە لەسەربازان خەڵكی مەدەنی دەكاتە ئامانج، ئەمەش جەنگ دەباتە قۆناغێكی مەترسیدارەوە، وەك ئەوەی توركیاو ئێران بەرامبەر كورد بەكاریدەهێنن». وتیشی:»یەكەمجار ئەمریكا وەكو بەرگری رەوا لەدوای رووداوەكانی 11ی سێپتەمبەر پەنای بردەبەر بەكارهێنانی ئەم جۆرە چەكە، بەڵام ئەم جۆرە چەكە مەترسی یەكجار گەورەی هەیە، قەبارەی بچوكەو ماددەی ژەهراوی و سوتێنەری تێدایە بۆیە توێژەرانی نێودەوڵەتی پێیان وایە دەبێت بخرێتە چوارچێوەی چەكە قەدەغەكراوەكان، بێگومان هیچ رێككەوتنامەیەكی نێودەوڵەتی سەبارەت بەبەكارهێنانی چەكی درۆن نیە، جگە لەوەش درۆن بەزەیی نییە و لەلایەن ئامێر یاخود مرۆڤەوە لەشوێنێكی دیكەی ئاڕاستە دەكرێت و بەوەش زۆركات بەهەڵە ئامانجی دیكە دەپێكێت ئەوەش دوورە لەهەموو بەهایەكی ئەخلاقی». شارۆ شاهۆ _ لێپرسراوی پەیوەندیەكانی ناوەندی كوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی( KCIL) لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ناوەندەكەمان ناوەندێكی كوردستانی ئەڵمانییە، ناحكومی و ناسیاسی و ناحزبییە، لەساڵی 2021 لەشاری نۆرنبێرگ لەئەڵمانیا دامەزراوە، تایبەتە بەلێكۆڵینەوەو بنكۆڵكاری یاسا نێودەوڵەتییەكان لەهەمبەر مافی پێكهاتەكانی كوردستان و دۆزی كوردستان، هەروەها پاراستن و پێشخستن و چەسپاندنی بنەما گشتییەكانی مافەكانی مرۆڤ و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و یاسای تاوانی نێودەوڵەتی لەكوردستان». وتیشی:»ئەمساڵ پڕۆژەیەكمان هەبوو لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەسەر چۆنیەتی بەناوخۆییكردنی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی لەهەرێمی كوردستان، كە یەكێكە لەهەرە بابەتەكان بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە زۆرێك لەتاوانی نێودەوڵەتی لەهەرێمی كوردستان روویانداوە، پێویست دەكات لەڕێگەی یاسای تاوانی نێودەوڵەتییەوە دادگایی تاوانبارانی بكرێت».   شارۆ شاهۆ، دەشڵێت:» ئەمساڵ دووەم كۆنفرانسیان تایبەت بووە بەو پرسەو كۆمەڵێك یاساناس و ئەكادیمی و دادوەریان بانگهێشتكردووە و گفتوگۆی جددی كراوە بۆ لۆبیكردن سەبارەت بەناوخۆییكردنی یاسا نێودەوڵەتیەكان، چونكە لەدادگاكانی عێراق و هەرێم پشت بەیاسا ناوخۆییەكان بەستراوە لەدادگاییكردنی تۆمەتبارانی داعش».   لێپرسراوی پەیوەندیەكانی ناوەندی كوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی، باس لەوەدەكات ناوەندەكە لەڕێگەی وەرگێڕانی چەند پەرتوكێك و لەڕێگەی ماڵپەڕەكەیان دەیانەوێت هەوڵی چڕ بدەن بۆ گرنگیدان بەیاسا نێودەوڵەتیەكان، بەردەوامیش دەبن لەلۆبیكردن بۆ ئەو بابەتە لەڕێگەی كونسوڵی وڵاتان و پەیوەندی لەگەڵ دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان. لەو پەرتوكانەی ناوەندی كوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی وەریگێڕاونەتە سەر زمانی كوردی (پەیماننامەی سێیەمی جنێڤ پەیوەست بەمامەڵەكردن لەگەڵ زیندانیانی جەنگ، بنەڕەتنامەی رۆمای دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، مافی منداڵان لەسیستەمی دادپەروەری منداڵدا، كردە زیانبەخشەكان، مافی یەكسانی بەردەم دادگاكان و دادگاییەكی دادپەروەرانە، دەربارەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی)ن.

هاوڵاتی  دوای ئەوەی عیزەت سابیر بریكاری وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند ڕۆژی پێنجشەممە نەوتە 50 هەزاریەكەی عێراق لەهەرێم دەست بەدابەشكردنی دەكرێت، سەرچاوەیەك لەوەزارەتی سامانە سروشتیەكان رەتیكردەوە دەست بەدابەشكردنی ئەو نەوتە كرابێت. دوێنێ چوارشەممە 20ی کانونی یەکەمی 2023، عیزەت سابیر بریكاری وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پێدانی نەوتی ماڵانی بە هەرێمی کوردستان بۆ چوار مانگ بە بڕی 50 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک پەسەند كردووە. بەڵام بەوتەی سەرچاوەیەك لەوەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان بۆ هاوڵاتی تائێستا دەست بەدابەشكردنی ئەو نەوتەی عێراق لەهەرێم نەكراوە.  سەرچاوەكە وتیشی لەئەمبارەكانی نەوت لەهەرێمی كوردستان تەنها نەوتی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان هەیە پێچەوانەی وتەكانی بریكاری وەزیری نەوتی عێراق كە وتبووی لە ئەمبارەكاندا نەوتی عێراق هەیە و دەتوانرێت بەزوویی دەست بەجێبەجێكردنی بڕیارەكە بكرێت. وتەكانی بریكاری وەزیری نەوتی عێراق دوای ئەوە دێت رۆژی چوارشەممە، 20-12-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی کۆبووەوە و تێیدا ژمارەیەک بڕیار و راسپاردە دەکران. لە راگەیەندراوێكی حکومەتی عێراقدا هاتووە: بۆ پشتیوانیکردنی هاووڵاتیانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان راسپاردەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری ژمارە (230333 ق) پەسەندکرا کە بریتییە لە دابەزاندنی بەهای بەرهەمی نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ببێتە 250 دینار بۆ هەر لیترێک لەبری 500 دینار بۆ هەر لیترێک کە بەهای پێشووی بوو، ئەمەش بۆ ماوەی چوار مانگ بەردەوام دەبێت لە رۆژی 1ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2023ەوە. رۆژی دووشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2023 عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری گاز بە میدیای پارتی وتبوو: لە سێ هەفتەی رابردوو بۆ دابەزاندنی نرخی نەوتی ماڵان لەگەڵ بریکاری وەزیری نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن، لەگەڵ وەزیری نەوت قسەمانکرد و پێشنیازەکەی پەسندکردین و بەرزکرایەوە بۆ ئەنجوومەنی باڵای ئابووری لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق. ئەوەش لەكاتێكدایە رۆژی 04-10-2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دابەشکردنی نەوتی ماڵان لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکردووە، کە هەر ماڵێک بەرمیلێکی 200 لیتری پێدەدرێت، نرخی بەرمیلێک نەوت 104 هەزار دینارە کە چوار هەزاری بۆ کرێی گواستنەوەیە.

هاوڵاتی  سەرچاوەیەک ئەمنی بە هاوڵاتی راگەیاند کچەمۆدێل سانای مام یوسف دەستگیرکراوە و لەئێستادا بەپێی فەرمانی دادوەر لە ئاسایشی سلێمانی راگیراوە بەهۆی فرۆشتنی کاڵای جوانکاری ماوەبەسەرچوو. بەپێی وتەی سەرچاوەکە سانای مام یوسف چوار بۆ پێنج رۆژە لە ئاسایشی سلێمانی راگیراوە لەسەر فرۆشتنی کاڵای جوانکاری ماوەبەسەرچوو و نەپاراستنی مافی کڕیاران لە گەیشتنیان بە کاڵای دروست کە بەپێی ماددەی 10 لە یاسای پاراستنی مافی بەکاربەر لە یاسای سزادانی عێراقی سزادەدرێت. بەپێی ماددەکە هەر بازرگان و بەرهەمهێن و هاوردەکار و فرۆشیارێک "فرت و فیڵ و ساختەکاری و شاردنەوەی راستی دەربارەی ئەو ماددانە بخاتە ڕوو، ئەگەر هێز بەرامبەر لیژنەکانی چاودێری بەکار بهێنێت، یان رێگری بکات لە پشکنین، ئەگەر کەلوپەل و خزمەتگوزاری پێچەوانەی سیستم و ئادابی گشتی بەرهەمبهێنێت یان بفرۆشێت یان نماییشی بکات بۆ فرۆشتن یان رێکلامی بۆ بکات، فرۆشتن و بەرهەمهێنان و خستنەڕوو و رێکلامکردن بۆ هەر کاڵایەک کە لەنێو زەرفێکی بێ زانیاریدان یان مێژووی دروستکردن و بەسەرچوونی لەسەر نەنووسرابێت، ئەگەر مێژووی بەسەرچوون بگۆڕێت یان لاببات یان بیشارێتەوە یان بیشێوێنێت، ئەگەر کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو دووبارە لەنێو بەرگی دیکەدا بفرۆشێت و دووبارە بیخاتەوە نێو بەرگێکی نوێ بە مێژووێکی نوێوە" ئەوا کەسی تۆمەتبار بەندەکرێت کە ماوەکەی لە سێ مانگ کەمتر نەبێت یان پێبژاردن لە 100 هەزار دینارەوە بۆ ملیۆنێک یاخود هەردوو سزاکە دەیگرێتەوە. سانای مام یوسف کچەمۆدێلیکی دیاری شاری سلێمانییەوە و خاوەنی ئارایشتگایەکە لە شارەکە.

هاوڵاتی  مامۆستایەکی خەڵکی شاری پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان بەتۆمەتی پشتگیرکردنی خۆپیشاندانەکانی ساڵی رابردووی ئێران بە سێ ساڵ زیندانی سزادرا.  رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، مامۆستا ئیبراهیم سەلیمی کە پیشنوێژی مزگەوتی جوار یار نەبییە لە شاری پیرانشار لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی لە ورمێ سزاکەی بەسەردا سەپێنراوە.  رێکخراوەکە دەڵێت سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەر ئیبراهیم سەلیمی بەتۆمەتی "پشتیوانی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و راگەیاندنی پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندەرانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ساڵی رابردوو" بووە. پێشتر ئیبراهیم سەلیمی لە سەرەتایی ئەم ساڵەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکرا و دوای مانگێک بە دانانی بارمتەی 500 ملیۆن تمەن ئازادکرا. ئەمە یەکمجار نییە کە مامۆستایی ئایینی لە پیرانشار سزای زیندانی بەسەردا بسەپێنرێت و پێشتریش چوار مامۆستایی ئایینی شارەکە بە 11 ساڵ زیدانی سزادران کە پشتگیری خۆیان بۆ خۆپیشاندانەکانی ساڵی رابردووی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەربڕیبوو و بەتۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" دادگایی کرابوون.

هاوڵاتی  ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا ( سینتکۆم) رایگەیاند بە مووشەک هێرش کراوەتە سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای عێراق و پارێزگای ئەنبار. سێنتکۆم لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، رۆژی چوارشەممە 20ی کانونی یەکەمی 2023 لە کاتژمیر 7:30 خولەکی بەیانی بە موشەکێکی 122 میلیم هێرش کراوەتە سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد، بەڵام هیچ زیانێکی ماددی و گیانی لێ نەکەوتووەتەوە. بە پێی راگەیاندراوەکە، هێزەکانی ئەمریکا زانیارییەکانی تایبەت بە شوێنی هاویشتنی ئەم مووشەکەیان گەیاندووەتە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و سوپای عێراق دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا گرتووە کە مووشەکەی لێوە هاوێژراوە. ئەم هێرشە مووشەکییە لەکاتێکدایە کە لە دوای رووداوی 7ی ئۆکتۆبەر و وەڵامدانەوەی ئیسرائیل، هێرش بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە لایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە لە عێراق و سووریا زیاتر بووە. ماوەیەک لەمەوبەر، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا، کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە عێراق و یەکێکیتر لە گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران بە ناوی "بزووتنەوەی نجبا"ی بەوە تۆمەتبار کردبوو کە لە پشتی زۆربەی ئەو هێرشانەوەن کە کراوەتە سەر هێزە هاوپەیمانەکان بە سەرکردایەتی ئەمریکا لە ناوچەکە. سوپای ئەمریکا تا ئێستا چەندین جار بنکەکانی ئەم گروپە میلیشیایانەی لە عێراق و سووریا کردووەتە ئامانج. بە هۆی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر بنکەکانی کەتائیبی حیزبوڵڵا لە 22ی تشرینی دووەم، هەشت ئەندامی ئەو گرووپە میلیشیایە کوژران.

هاوڵاتی  ژمارەی کوژراوانی جەنگی غەززە 20 هەزار کەسی تێپەڕاند و بەرپەرسانی ئیسرائیل رایدەگەیەنن کە جەنگ بەردەوام دەبێت لەکاتێکدا کە ئەگەری ئاگربەستێکی نوێ هەیە. وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین دواین ئاماری جەنگی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تا ئێستا 20 هەزار کەس کوژراون و کە زیاد لە هەشت هەزاریان منداڵن. لەنێو کوژراوەکاندا، 97 کەسیان رۆژنامەنوسن، 310 کەسیان کارمەندی تەندتروستی و 35 کەسیشیان کارمەندی رێکخراوە مەدەنییەکانن. جەنگی حەماس-ئیسرائیل لە رۆژی 76ەمینی دایە و بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین 52 هەزار و 586 کەس برینداربوون و نزیکەی حەوت هەزار کەسیش ونبوون کە چوار هەزار و 900 کەسیان منداڵن. ئەمە لەکاتێکدایە کە لەنوێترین لێدوانیدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە کە جەنگ بەردەوام دەبێت و ناوەستن تا سەرکەوتن بەدەست دەهێنن.  بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەب سیاسی حەماس سەردانی میسری کردووە بۆ تاووتوێکردنی ئاگربەستێکی نوێ.  لەلایەکی ترەوە بەپێی راپۆرتی میدیا ئیسرائیلی و ئەمریکییەکان، ئەمریکا دەیەوێت ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە چڕەکانی کەمبکاتەوە و قۆناغی ئێستای جەنگ لە سەرەتاکانی ساڵی 2024 کۆتایی پێ بهێنێت.