هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رەوشی کەشوهەوای ناوچەکانی بڵاوکردەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ ئاسمان بەگشتى نیمچە هەور دەبێت و خێرایی با مامناوەند دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرما کەمێک نزم دەبێتەوە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ". لەبارەی کەشوهەوای سبەینێ دووشەممە 20ی ئایاری 2024، ئاماژە بەوەکراوە، "ئاسمان نیمچە هەور دەبێت لە کاتەکانی دوانیوەڕۆ ئەگەرى تاوە باران و هەورە تریشقە هەیە لە هەندێک ناوچە بە تایبەتى (سنوورى پارێزگاى هەولێر و سەنتەرى پارێزگا)، هەروەها لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان و بەشێک لە ئیدارەى راپەڕین، پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە  لەتۆمارکراوەکانی ئەمرۆ". بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی دووشەممە: هەولێر: 28 سلێمانى: 28 دهۆک: 27   زاخۆ : 28 هەڵەبجە : 30 کەرکوک: 32 سۆران : 25 حاجی ئۆمەران: 17 گەرمیان : 33  

هاوڵاتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 19ی ئایاری 2024، ئاگر لە قەیسەری خانقینی کەرکوک کەوتەوە و زۆربەی دوکان و کۆگاکانی سووتان. وەک دوکانداران ئاماژەیان پێداوە، كه‌ قەیسەرییەکە نزیکەی 150 دوکانى تێدایە و زیانێکی ماددی گەورەیان بەرکەوتووە. ئه‌وه‌شیان باسكرد، بەرگری شارستانی پێی راگەیاندوون، کە ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی، کە چەند دوکانێک لەوبەری بازاڕەکەیانەوە سووتاوە ئەوان گومانیان لەو قسەیە هەیە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ بەرپرسانی تونس دەڵێن، لانیکەم 23 کۆچبەر دوای ئەوەی بە دەریای ناوەڕاستدا بۆ گەیشتنە ئەوروپا پەڕیونەتەوە، بێسەرووشوێنبوون. گەڕان بەدوایاندا دەستیپێکردووە. رۆژی شەممە 18-5-2024، دەزگای پاسەوانیی نیشتمانیی تونس رایگەیاند، ئاگادارکراونەتەوە کە ژمارەیەک بەلەمی نەناسراو لە کەناراوەکانیانەوە چوونەتە ناو دەریاوە. دوای گەشتنیان بە شوێنەکە 5 گومانلێکراویان دەستگیرکردووە کە گوایە قاچاخچی بوون. بە گوێرەی گوتەی بەرپرسان، خێزانی ئەو کەسانەی دیار نەماون ئاگاداریانکردوونەتەوە؛ ئەوەش دوای ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ ئەوانەدا نەماوە کە سواری بەلەمەکان بوون.  تونس و لیبیا کە دوو وڵاتی دراوسێی باکووری ئەفریقان، رێگەیەکی سەرەکیی ئەو کۆچبەرانەن کە دەیانەوێت بە بەلەمی بچووک بپەڕنەوە بۆ ئەوروپا. جگە لەو خەڵکانەی لە وڵاتەکانی دیکەی ئەفریقاوە بۆ گەیشتن بە ئەوروپا خۆیان دەگەیێننە تونس، خەڵکی تونسیش هەوڵ بۆ گەیشتن بە ئەوروپا لە رێگەی کەناراوەکانی خۆیانەوە دەدەن، ئەوەش بۆ گەیشتن بە ژیانێکی شایستەتر. سندووقی دراوی نێودەوڵەتی دەڵێت، لە 2023دا رێژەی بێکاری لە تونس لانیکەم 16٪ بووە. تەنیا لە 2023دا نزیکەی 17 هەزار کەس بە بەلەم لە تونسەوە خۆیان گەیاندووەتە ئیتاڵیا. هەروەها لە 11 مانگی ئەو ساڵەدا پاسەوانی کەناراوەکانی تونس رێگەیان لە 70 هەزار کەس گرتووە رێگەی ئاوی بۆ گەیشتن بە ئەوروپا بەکاربێنن؛ لەو ژمارەیە 77.5٪یان لە وڵاتەکانی دیکەی ئەفریقاوە چوونەتە تونس.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ "بەوپەڕی رازیبوونی فاکەڵتییەکە و بۆردی بڕواپێکراوان، زانکۆی ڤێرمۆنت ستەیت بڕوانامەی دکتۆرا دەداتە ماکس دۆ.. پیرۆزە دکتۆر دۆ". ئەمە لەسەر نامەی دکتۆرای پشیلەیەک نوسراوە کە زانکۆی ڤێرمۆنت ستەیت لە ئەمریکا پێشکێشی کردووە. ماکس دۆ، پشیلەیەکی ئەمریکییە و لە ویلایەتی ڤێرمۆنتی ئەمریکا دەژی و دانیشتووی زانکۆی ڤێرمۆنتە. رۆژی شەممە، 18ی ئایاری 2024، زانکۆکە بە فەرمی بڕوانامەی دکتۆرای فەخرییان پێبەخشی. بەرپرسانی زانکۆکە دەڵێن، هۆکاری پێدانی بڕوانامەکە بە ماکس ئەوەیە، سەرخەوکەرێکی بە ئەزموونە و مشکگرێکی بەتوانایە، هەروەها  چەندین ساڵە لە زانکۆکە کاردەکات بەبێ دابڕان. هەرچەندە بڕوانامەی دکتۆراکەی وەرگرتووە، بەڵام ماکس بەشداری لە مەراسیمی ئەمساڵی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی ڤێرمۆنت ستەیت ناکات. زانکۆکە دەڵێت، بڕیارە بڕوانامەکەی بۆ خاوەنەکەی بنێرن. خاوەنەکەی ماکس ناوی ئاشڵی دۆیە و لە زانکۆکە کاردەکات، ئەوە پێنج ساڵە بەردەوام لەناو زانکۆکەدا لەگەڵیدایە و دانەبڕاوە لێی. خوێندکارانی زانکۆی ڤێرمۆنت ستەیت ماکس دەناسن و بەردەوام خواردنی دەدەنێ و لەگەڵ خۆیاندا دەیبەن بەملاولادا؛ وێنەی لەگەڵ دەگرن و هەندێک جاریش لەگەڵ خۆیاندا دەیبەنەوە بۆ ماڵەوە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ لە یەک کاتدا لە ئێران حەوت کەس لەسێدارەدران کە دووانیان ژن بوون و یەکێکیشیان جوو. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن، ئێران دەستی بە سەرکوتکاری زیاتر کردووە. رۆژی شەممە 18-5-2024، رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە بنکەی سەرەکی لە نەرویجە رایگەیاند، حەوت هاووڵاتی ئێرانی بە تۆمەتی جۆراوجۆر بەیەکەوە لە سێدارەدراون. یەکێک لەوانە، ژنێکی تەمەن 53 ساڵ بوو کە دایکی دوو منداڵە؛ لە بەندینخانەی ئورمیە لەسێدارەدراوە. لەگەڵ ئەویشدا 5 پیاوی دیکە لەسێدارەدراون کە تۆمەتی جیا جیای پەیوەست بە مادەی هۆشبەریان دراوەتە پاڵ. لە شاری نیشاپوور لە رۆژئاوای ئێران ژنێکی تەمەن 27 ساڵ بە تۆمەتی کوشتنی هاوژینەکەی کە ئامۆزاشیێتی، لەسێدارەدراوە. رێکخراوەکە دەڵێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 233 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون و 50 لەوانە تەنیا لە مانگی ئایاردا بوون. لە دوای جەژنی رەمەزانیشەوە 115 کەس لەسێدارەدراون کە شەشیان ژن بوون. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن، لەسێدارەدانی ژنان لە ئێران لە هەموو وڵاتانی جیهان زیاترە. ئەوانەش کە لە سێدارەدەدرێن بە تۆمەتی کوشتنی هاوژینەکانیان، زۆرینەیان قوربانی هاوسەرگیری زۆرەملێن. مەحموود ئەمیری، سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بە میدیای فەرەنسی گوتووە، "بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جێگەی قبوڵکردن نییە"، چونکە "ئەو لەسێدارەدانانە ئەو گرووپ و کۆمەڵانە دەگرێتەوە کە بە کەمینە سەیردەکرێن و دادگاییکردنەکانیان دادپەروەرانە نەکراوە".

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ پۆلیس لە ویلایەتی نیو هامسفێری ئەمریکا چوار چاودێریکاری منداڵانی دەستگیرکرد کە کەپسوولی خەوتنیان داوەتە منداڵان تاوەکو خەویان لێبکەوێت. پۆلیس دەڵێت، لە تشرینی دووەمی پارەوە دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە کردووە؛ ئەمە دوای ئەوەی ئاگادارکراونەتەوە کە گومانی پێدانی میلاتۆنین بە منداڵان هەیە. میلاتۆنین هۆرمۆنێکە کە مێشکی مرۆڤ لەکاتی تاریکیدا دەریدەدات و وای لێدەکات خواستی خەوتنی هەبێت. ئەو هۆرمۆنە بە شێوەی دەرمانیش لەلایەن ئەو کەسانەوە بەکاردەهێنرێت کە خەویان ناڕێکە و وایان لێدەکات خەویان لێبکەوێت. دوای شەش مانگ لە لێکۆڵینەوە پۆلیسی نیو هامسفێر بۆیان یەکلا بۆتەوە، کە منداڵانی یەکێک لە دایەنگەکانی ئەو ویلایەتە بڕێکی زۆر میلاتۆنینیان دراوەتێ تاوەکو خەویان لێبکەوێ و ئەرکی چاودێرەکان کەمبێتەوە. پۆلیس دەڵێت، خواردنی ئەو منداڵانە بە میلاتۆنین پڕ کراوە بەبێ ئەوەی دایبابیان ئاگاداربکرێنەوە. هێشتاش روون نییە ماوەی چەنێکە منداڵەکان ئەو دەرمانەیان دەدرێتێ. ساڵی درێکمان، خاوەنی ئەو دایەنگەیە و چوار لە کارمەندەکانی بە تۆمەتی خەواندنی منداڵەکان دەستگیرکراون. پێدانی میلاتۆنین بە منداڵان لە دایەنگەکانی ئەمریکا بابەتێکی نوێ نییە. ناوەندی رێگری و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان لە ئەمریکا دەڵێت، لە 2012 بۆ 2021، 7٪ی چالاکی لیژنەکانیان بۆ ئەو دەنگۆیانە بوون کە منداڵان لە دایەنگەکاندا گومانی وەرگرتنی میلاتۆنینیان لێدەکرێت.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ لە ئەفغانستان تەقەکەرێک سێ هاووڵاتی ئیسپانی کە گەشتیار بوون دەکوژێت و یەکێکیش بریندار دەکات. هاووڵاتییەکان گەشتیاربوون و سەردانی ناوچەیەکی شاخاویان لە ئەفغانستان کردووە کە پەیکەرێکی بودای لێیە. رۆژی هەینی 17-5-2024، عەبدول مەتین قانعی، وەزیری ناوخۆی ئەفغانستان رایگەیاند، لە رووداوێکی تەقەکردندا 3 هاووڵاتی بیانی و هاووڵاتییەکی ئەفغانی کوژراون. باسی لەوەشکردووە، هەر لەو رووداوەدا 4 هاووڵاتی دیکەی بیانی و 3 ئەفغانی برینداربوون. هەروەها چوار کەسیان بە تۆمەتی دەستهەبوون لە تاوانەکەدا دەستگیرکردووە. پێدرۆ سانچێز، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیاش لەسەر رووداوەکە هاتە دەنگ و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، "شۆکبووم بە هەواڵی کوشتنی گەشتیاری ئیسپانی لە ئەفغانستان". ئاماژەی بەوەشکردووە، کونسوڵی ئیسپانیا لەو وڵاتە خراوەتە دۆخی ئامادەباشییەوە و لە ئیسپانیاش کەسوکاری قوربانییەکان ئاگادارکراونەتەوە. شاخەکانی بامیان کە گەشتیارە ئیسپانیەکان سەردانیان کردووە یەکێکە لەو ناوچە دێرینانەی لە رێکخراوی یونسکۆدا تۆمارکراون. لە شوێنەوارەکەدا دوو پەیکەری گەورەی بودای لێیە کە لە 2001، سەردەمی حکومڕانی پێشووی تاڵیبان تەقێنرابوونەوە. لە دوای هاتنەوە دەسەڵاتی بزوتنەوەی تاڵیبان لە ئابی 2021، لە هەوڵی ئەوەدایە دۆخی ئاسایشی وڵاتەکە ئاسایی بکاتەوە و وابکات گەشتیاری زیاتر بۆ بینینی ناوچە مێژوویی و گەشتیارییەکان رووبکەنە ئەو وڵاتە. ئەمە جاری یەکەم نییە گەشتیار و کەسایەتی بیانی لە ئەفغانستان دەکرێنە ئامانج؛ ئەمە لە دوای گرتنەوە دەستی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە. لە 2022 تەقەکەرێک لە هۆتێلێکی کابوولی پایتەخت هاووڵاتییەکی چینی بریندارکرد.

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، یەکەم لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانەی بانکی تی بی ئای کردووە تا تەوتین بکرێن. بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار رۆژی پێنجشەممە 16ی ئایاری 2024 رابردوو ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی یەکەم لیستی ئەو فەرمانبەرانەی رەوانەی بانکی تی بی ئای کردووە کە لەکاتی پڕکردنەوەی فۆڕمی هەژماری من ئەو بانکەیان هەڵبژاردووە. بەپێی زانیارییەکان ژمارەی فەرمانبەرەکان 368 فەرمانبەرن و زانیارییەکانیان بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی رەوانەی تی بی ئای کراوە. پێشتر وەزارەتەکە رایگەیاندبوو بانکی تی بی ئای هاتووەتە ناو پرۆژەی هەژماری منەوە و ناوەکەی بۆ فۆڕمی تایبەت بە پرۆژەکە زیادکراوە.

هاوڵاتی بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبێتەوە و بڕیار لەسەر سێ تەوەری گرنگ بدات. ئەمڕۆ شەممە 18ی ئایاری 2024، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر چەند پرۆژە یاسایەک کۆدەبێتەوە و یەکێک لە تەوەرەکان هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانە کە پشکی لایەنە سوننەکانە.  بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە بێت تەوەرێکی دیکە بڕیاردان دەبێت لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەروەها تەوەرێکی دیکە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگدانە لەسەر ئەوەی رۆژی جەژنی غەدیر بکرێتە پشووی فەرمی لە عێراق.

هاوڵاتی رۆژی هەینی 17ی ئایاری 2024، بڵاوکراوەی ئاکسیۆس لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە باسی لەوەکردووە، برێت مەک گۆرک، راوێژکاری باڵای ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئابراهام پیلی، نوێنەری کاتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، هەفتەی داهاتوو بەشێوەی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەربارەی چۆنییەتی بەرگرتن بە پەرەسەندنی ناکۆکییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گفتوگۆ دەکەن. بەپێی ئەم راپۆرتە، مەک گۆرک و پیلی، سێشەممە گەیشتوونەتە عوممان و لەگەڵ نێوانیگرە عوممانییەکان کۆبوونەتەوە، بەڵام دیار نییە کامە بەرپرس لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەم گفتوگۆیانەدا بەشداری دەکات. سەرچاوە ئاگادارەکان بە ئاکسیۆسیان راگەیاندووە، مەبەست لەم گفتوگۆیانە روونکردنەوەیە دەربارەی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی و هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە و هەروەها نیگەرانییەکانی ئەمریکا دەربارەی بەرنامەی ناوەکی ئێران گفتوگۆی لێدەکرێت.  لە چەند هەفتەی رابردوودا و دوای ئەوەی ژمارەیەک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی باسیان لەوە کرد ئێران توانای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی هەیە، نیگەرانییەکان دەربارەی بەرنامە ناوەکییەکانی ئێران زیاتر بووە. ئەمە دووەم گەڕی گفتووگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکایە لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە، بەپێی راپۆرتی فایننشیاڵ تایمز، یەکەم گەڕی گفتوگۆکان سەرەتای مانگی ئازار لە عوممان بەڕێوەچوو.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئەمڕۆ زیاتر لە 150 بارهەڵگر هاریکاریی مرۆیی لە رێگەی بەندەرەکەی ئەمریکاوە کە لە کەناراوەکانی غەززە دروستیکرد، گەیشتە غەززە. ئەمڕۆ هەینی 17-5-2024، بۆ جاری یەکەم ئەو بەندەرەی سەرەتای ئەم مانگە ئەمریکا دروستیکرد، دەستی بەکار کرد و لە لە رێیەوە 150 بارهەڵگر خۆراک و پێداویستی دیکە گەیشتنە دەست خەڵکی غەززە. گەیشتنی ئەو پێداویستیانە لەکاتێکدایە، دۆخی نزیکەی 3 ملیۆن فەڵەستینی لەوپەڕی خراپیدایە و دووچاری برسێتی بوونەتەوە، ئەمە بە گوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان. دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشی زەمینی و ئاسمانی بۆ سەر باشووری شاری رەفەح کە هاوسنووری میسرە دەستپێکرد، دوو دەروازەی سنووری سەرەکی کە لە رێگەیەوە خۆراک و پێداویستی دەگەیشتە دەست غەززەییەکان داخران. هەربۆیە دۆخی خەڵک رووی لەوپەڕی خراپی کردووە و نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، خۆراک، کەلوپەلی پێویست و دەرمان وەک پێویست ناگاتە دەست خەڵکەکە. هەرچەندە ئەوە بەندەرە کاتییەی ئەمریکا هیوایەکی بۆ خەڵکی غەززە گەڕاندووەتەوە، بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن بەندەرەکە ناتوانێت گواستنەوەی تەواوی ئەو هاریکارییانەی بۆ خەڵکی غەززە پێویستن بەڕێبکات. چونکە لە پێشووتردا رۆژانە لانیکەم 500 بارهەڵگر خۆراک و هاریکاری دەگەیشتنە خەڵکی غەزە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ حکومەتی رووسیا بڵاویکردووەتەوە، هەرچەندە ئەوە دوو ساڵە لەگەڵ ئۆکراینادا لە جەنگدان، بەڵام ئابووریەکەیان گەشەیکردووە. رۆژی هەینی 17-5-2024، ئاژانسی فیدراڵیی زانیاری حکومەتی رووسیا بڵاویکردەوە، گەشەسەندنی ئابووری وڵاتەکە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا 5.4٪ بووە، ئەمە لەکاتێکدایە، لە چارەکی کۆتایی ساڵی رابردوو 4.5٪ بووە. هەرچەندە لە دوای دەستپێکی شەڕی ئۆکرایناوە رووسیا خەرجییە سەربازییەکانی زیادکردووە، بەڵام ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە سەردانەکەی ئەم هەفتەیەیدا بۆ چین باسی لەوەکرد، هێشتا خەرجییەکان نەگەیشتووەتە دۆخی نائاسایی. بە گوتەی پووتین، ئێستا خەرجیی سەربازی رووسیا 8٪ی داهاتی ناوخۆی ئەو وڵاتەیە، بەڵام لە کاتی یەکێتی سۆڤیەتدا 13٪ی داهاتی یەکێتییەکە بۆ کەرتی سەربازی بووە. هەرچەندە تاوی گەشەسەندنی ئابووری رووسیا زیادیکردووە، هەڵاوسان لە رووسیا بۆ 7.8٪ لە مانگی ئایاردا بەرزبووەتەوە کە لە مانگی نیساندا 7.7٪ بوو. لە 24ی شووباتی 2022، رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکراینا و وەک خۆی گوتی ئامانجی هێرشەکەی "ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتە"، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوا بە داگیرکاریی تەواوەتی ناوی دەبەن. لەو کاتەوە چەندین وڵاتی رۆژئاوا و هاوپەیمانەکانیان سزای هەمەجۆری دیپلۆماسی و ئابوورییان بەسەر رووسیادا سەپاندووە. رۆژئاوا دەڵێت ئەو سزایانە کاریگەریی نەرێنی گەورەیان کردووەتە سەر ئابووری رووسیا و بەهۆیەوە هەڵاوسان و باری ژیانی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە سەختبووە؛ کرێملن ئەو قسانە رەتدەکاتەوە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ لە نێو تەواوی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا 4 میدیا و رۆژنامە قەدەخەکران کە گوایە پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندی کرێملن بڵاودەکەنەوە و هەوڵی ناسەقامگیرکردنی وڵاتانی دراوسێی ئۆکرایناش دەدەن. رۆژی هەینی 17-5-2024، ئەنجوومەنی ئەوروپا رایگەیاند، چوار میدیا و رۆژنامەمان خستووەتە لیستی رەشەوە کە پێکدێن لە دەنگی ئەوروپا، نۆڤۆستی RIA، ئیزڤێستیا و رۆسیسکایا گازێتا. ئەوەش بە تۆمەتی ئەوەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن کرێملنەوە بەڕێوەدەبرێن. لە راگەیێنراوەکەی ئەنجوومەنی ئەوروپادا ئەوەش باسکراوە، "رووسیا سەرقاڵی کامپەینێکی نێودەوڵەتی و سیستماتیکە بۆ بەلاڕێدابردنی میدیا، ئەوەش بۆ پاڵپشتیکردن لە هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکراینا و بەروپێشبردنی ستراتیجیی ناسەقامگیرکردنی وڵاتانی دراوسێی و یەکێتی ئەوروپا و ئەندامانی". رۆژی چوارشەممە ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا هۆشداری دابوو کە ئەگەر کارێکی لەو جۆرە بکرێت، ئەوانیش لە مۆسکۆ میدیاکانی رۆژئاوا لەکاردەخەن. ئەنجوومەنەکە باسی لەوەشکردووە، ئەوروپا لەبەردەم گەورەترین هێرشی میدایی و ئەلیکترۆنی رووسیایە و نابێت چیدیکە رێگە بەوە بدات.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ پۆلیسی ئێران بڵاویکردەوە، بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی شەیتانپەرستی لانیکەم 261 کەسیان لە تاران دەستگیرکردووە. بە گوێرەی راگەیێنراوەکە 3 کەس لەوانە هاوڵاتی ئەوروپین. رۆژی هەینی 17-5-2024، میدیای نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، "ناوەندی زانیاریی پۆلیس دیاریکردن، تێکشکاندن و دواتر دەستگیرکردنی ژمارەیەک ئەندامی تۆڕێکی شەیتانپەرستیان راگەیاندووە". راگەیێنراوەکە دەڵێت، پۆلیسی ئێران 251 ئەندامی تۆڕێکی شەیتانپەرستیان دەستگیرکردووە و 146 پیاو و 115یان ژن بوون. پۆلیس دەڵێت، ئەوانەی دەستگیرکراون "لە دۆخێکی ناجۆر و قێزەوندابوون و نیشانەی شەیتانپەرستی لەسەر جلوبەرگ، سەر، دەموچاو و قژیان هەبووە". ئەوەش باسکراوە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کە شەوی پێنجشەممە لە شاری شەهریاری رۆژئاوای تارانی پایتەختی ئێران کراوە، سێ هاووڵاتی ئەوروپاییش دەستگیرکراون. پۆلیس دەڵێت، نیشانە و کەرەستەی پەیوەست بە شەیتانپەرستییەوە، خواردنەوەی کحولی و مادەی هۆشبەر و 73 ئۆتۆمبێلیش دەستیان بەسەردا گیراوە. ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانەی پۆلیس وەک "شەیتانپەرستی" ناویان دەهێنێت، ئەو کۆبوونەوە و ئاهەنگانەی وەک کۆنسێرت دەگرێتەوە لە ئێران کە خواردنەوەی کحولییان تێدایە. یەکێکی دیکە لەو شتانەی لە ئێران لەلایەن حکومەتە شیعەکەی ئێرانەوە بە شەیتانپەرستی دەناسرێت، ئامێری مۆسیقای رۆک و کارەباییە.

دەیان پارێزەر: تاران بەرتیلی بە ئەفریقای باشوور داوە بۆ ئەوەی سکاڵا لە سەر ئیسرائیل تۆمار بکات ژمارەیەک پارێزەر کە 160 پارێزەرن لە نامەیەکدا بۆ وەزیری دەرەوە، وەزارەتی داد و ئەنجومەنی نوێنەرانی باڵای کۆنگرەی ئەمەریکا، نووسیویانە کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بەرتیلی داوە بە حزبی دەسەڵاتداری ئەفریقای باشوور، بۆ ئەوەی لە دادگای لاها، ئیسرائیل بە جینۆساید تۆمەتبار بکات. ئەم 160 پارێزەرە خوازیاری ئەوە بوون لێکۆڵینەوە بکرێت لە گەندەڵی ماڵی ئەم حزبە. بەپێی راپۆرتێك کە لە میدیاکان بڵاوکراوەتەوە، ١٦٠ پارێزەر بە رێبەری ناوەندی یاسایی ئیسرائیل شۆرات هادین (ShuratHaDin) داوایان لە بەرپرسانی سیاسی و دادوەری ئەمەریکا کردووە بۆ ئەوەی لێکۆڵێنەوە بکەن دەربارەی رێبەرانی ئەفریقای باشوور و ئەندامانی حزبی کۆنگرەی نەتەوەیی لەو وڵاتە کە دەسەڵاتیان بە دەستە و زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی ئەفریقای باشوور سەر بەم حزبەن. ئەم پارێزەرانە داوایان کردووە بە پێی یاسایی ماگنێتسکی (Magnitsky Act) لێکۆڵینەوە لە گەندەڵی بەربڵاو و بەتایبەت بەرتیل بکرێت لەمبارەوە. ماگنیتسکی یاسایە کە ساڵی 2012 پەسەندکراوەو بە پێی ئەم یاساییە، دەوڵەتی ئەمەریکا بۆی هەیە گەمارۆ بخاتە سەر ئەو وڵات و لایەنە بیانیانەی کە پێشێلکاری مافی مرۆڤن یان لە گەندەڵی مادییەوە گلاون و هەروەها دەست بەسەر داراییەکانیاندا بگرێت. لە نامەی ئەم 160 پارێزەرەدا ئەوە هاتووە کە بەرپرسانی باڵای حیزبی کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقای باشوور بۆ ئەوەی بتوانین قەرزەکانی حیزبەکەیان بدەنەوە بەرتیلیان لە کۆماری ئیسلامی وەرگرتووە بۆ ئەوەی لە دادگای نێونەتەوەیی لاها، ئیسرائیل بە جینۆساید لە غەززە تۆمەتبار بکەن. ئەمڕۆ هەینی 17ی ئایاری 2024، دانیشتنی دادگای لاها لەسەر سکاڵای ئەفریقای باشوور دژی ئیسرائیل بەڕێوەچوو و ئەفریقای باشوور لە بەردەم 15 دادوەری نێونەتەوەیی، لەوانە دادوەرێکی باڵای ئیسرائیلی، داوای کردووە بەر بە " جینۆساید" و " تاوانی جەنگی" بگیردرێت لە غەزە لە لایەن ئیسرائیلەوە. لە بەرامبەردا پارێزەرەکانی ئیسرائیل بەرگریان لە سوپای ئیسرائیل کرد و سکاڵای ئەفریقای باشووریان بە نادروست ناوبرد.