هاوڵاتی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا لە راپۆرتێکی نوێدا باسی لەوە کردووە، لە 2023دا هێرش بۆ سەر هاوڕەگەزخوازانی فەرەنسا بەراورد بە 2022 بە رێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. ئەمڕۆ 16-5-2024، وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە بە شێوەیەکی گستی لە 2023دا توندوتیژی بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان 13٪ بەراورد بە ساڵی 2022 زیادیکردووە. تاوانە راستەوخۆکانی وەک هەڕەشە، دەستدرێژی و ناوزڕاندن بە رێژەی 19٪ بەرامبەر ئەو کەمینەیە زیادیکردووە. بە گوێرەی حکومەتی فەرەنسا تەنیا لە 2023دا، 2 هەزار و 870 دۆسیەی توندوتیژی، دەستدرێژی و ناوزڕاندنیان بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان تۆمارکردووە. رێکخراوەکانی پاڵپشتیکاری هاوڕەگەزخوازان دەڵێن ئەم ئامارە مەترسیدارە و حکومەتی فەرەنسا دەبێت بە جیددی کاری لەسەر بکات. وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا ئەوەشی باسکردووە، لە 2016ـەوە تاوەکو ئێستا هەموو ساڵێک رێژەی تاوان بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان لەو وڵاتە 16٪ زیادیکردووە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە 70٪ی ئەو هاوڕەگەزخوازانەی توندوتیژیان بەرامبەر کراوە پیاوبوون و 82٪ی تۆمەتبارەکانیش هەر پیاوبوون. ئاماژە بەوەشکراوە، زیاتر لە نیوەی ئەوانەی توندوتیژییان بەرامبەرکراوە تەمەنیان لە خوار 30 ساڵەوەیە و زیاتر لە سێیەکێکیان خوار 19 ساڵ بوون.
هاوڵاتی وهزارهتی پهروهردهی حكومهتی ههرێمی كوردستان ئهنجامی خولی یهكهمی پۆلی نۆیهمی بنهڕهتی راگهیاند. كهمێك پێش ئێستا، وهزارهتی پهروهردهی حكومهتی ههرێمی كوردستان رایگهیاند: "قوتابیان و خوێندکارانی ئازیزی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی ئاگادار دەکەینەوە، لە ئێستاوە دەتوانن ئەنجامەکانی خولی یەکەمی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی( کۆششی ساڵانە و تاقیکردنەوەی نیشتیمانی) بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ وەربگرنەوە". بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامەکان کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە: https://azmwnakan.com/
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ حکومەتی بەریتانیا پێشنیازێکی بڵاوکردووەتەوە کە وانەونتنەوە لەبارەی رەگەزەوە لە خوێندنگەکاندا قەدەخەبکات، ئەوەش دوای ئەو نیگەرانیانەی لەبارەی زۆربوونی ژمارەی ئەو کەسانەوە دروستبوون کە رەگەزیان دەگۆڕن دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-5-2024، جیلیان کیگان، وەزیری پەروەردەی بەریتانیا پێشنیازێکی بڵاوکردەوە و لە بەشێکیدا هاتووە، بابەتی هەستیاری وەک فرەیی لە رەگەزدا نابێت بە خوێندکارانی پۆلی یەکی سەرەتایی هەتا 12ی ئامادەیی بگوترێتەوە. وەزیری پەروەردەی بەریتانیا دەڵێت، پێشنیازەکە بۆ ئەوە کراوە منداڵان بەر ئەو زانیارانە لە تەمەنێکی کەمدا نەکەون، تاوەکو هەستی منداڵی و بێتاوانیان لە منداڵی و مێرمنداڵیدا لەدەستنەدەن. ئاماژە بەوەشدەکات، لە پێشنیازەکەدا رێکارەکانیان بە روونی نوێکردۆتەوە کە نابێت منداڵان تاوەکو تەمەنی 18 ساڵی بابەتی فرەیی رەگەز و گۆڕانی رەگەز فێربکرێن. لە دوای 2020ـەوە خوێندن و بڵاوکردنەوەی رۆشنگەری لەسەر فرەیی رەگەز لە بەریتانیادا لە خوێندنگە ناوەندییەکانەوە کرا بە زۆرەملێ. منداڵان لە تەمەنی 11 ساڵییەوە فێردەکران کە "رەگەز تەنیا نێر و مێ نییە و دەیانی دیکە هەن". ئێستا بابەتەکە لە نێوان ئەوانەی بیرکردنەوەیەکی پارێزگاریان هەیە و ئەوانەی لیبراڵن خەریکە دەبێتە جەنگێکی کۆمەڵایەتی لەو وڵاتە.
هاوڵاتی جینین پلاسخارت نێردەی ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق رایگەیاند، بەپێی پێشبینییەکان بەم زوانە وادەی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکرێت، ئەو پرۆسەیە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە و پێویستە دوا وادەی ئەنجامدانی لە چوار مانگ زیاتر نەخایەنێت. جێنین هێنیس پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 16/5/2024 لە ئەنجوومەنی ئاسایش راپۆرتێکی لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق پێشكەش کرد و رایگەیاند،"هیوادارین لە کاتێکی نزیکدا وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکرێت بە جۆرێک لە ئێستاوە زیاتر لە چوار مانگ نەخایەنێت و هەڵبژاردنێکی گشتگیر، شەفاف و متمانەپێکراو لە هەرێمی کوردستان زۆر پێویستە" جارێكی دیكە جنین پلاسخارت، هۆشداری بەبەرپرسانی هەرێم دایەوە؛ ئەگەر هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ئەنجام نەدرێت، هەرێم روبەڕوی ئایندەیەكی نادریا دەبێتەوە، هیوادارین پڕۆسەكە ئەنجام بدرێت و وادەیەكی نوێ بۆ رۆژی هەڵبژاردن دیاری بكرێت و جارێك دیكە دوانەخرێتەوە. سەبارەت بە دۆخی عێراقیش ڕایگەیاند، ،هەمو شتێكی عێراق نایاب نییە، گەندەڵی و گروپە چەکدارەکان لە دەرەوەی دەسەڵاتی دادوەری عێراق بەردەوامن لە هەژمونیان، ژنانی عێراق لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە کورسییەکانی دەسەڵات، هەندێکیان گەیشتون و هەندێکی دیکەیان لە دروستکردنی بڕیار دوردەخرێنەوە. جێنین هێنیس پلاسخارت باسی لەوەش کرد کە "چەقبەستوویی سیاسی لە دیالە و کەرکووک بەردەوامە." لەبارەی پەرلەمانی عێراقیشەوە قسەی کرد: "لەدوای شەش مانگ پەرلەمان شکستی هێناوە لە دیاریکردنی جێگرەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق."
هاوڵاتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی ئایاری 2024 کۆڵبەرێکی گەنجی خەڵکی ئاوایی "دەرەزیارەتی خواروو" سەر بە سەرشیوی سەقز، لە سنووری بانە لە لایەن هێزە سنوورییەکانەوە تەقەی لێکراو گیانی لە دەستدا. بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست هاوڵاتی کەوتوون، واحید قادرپوور، کوڕی باییز، خەڵکی ئاوایی دەرەزیارەتی خواروو، لە سنووری هەنگەژاڵەی بانە بە تەقەی راستەوخۆ هێزە سنوورییەکان کوژراوە. بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی کۆڵبەر نیوز لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە 12 کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە سنوورییەکان کوژراون و لە سەرەتای مانگی ئایارەوە ٧ کەس لە ناوچە سنوورییەکان بە تەقەی راستەوخۆ کوژراون کە پێنج کەسیان کۆڵبەر بوون و دوو کەسیان کاسبکار بوون.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئەمڕۆ لوتکەی کۆمکاری عەرەب لە بەحرەین دەکرێت و سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی گفتووگۆ بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە غەززە دەکەن. ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-5-2024، فڕۆکەی سەرکردەی 22 وڵاتی عەرەبی لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین نیشتنەوە؛ لوتکەی کۆمکاری عەرەبی بەڕێوەدەبەن کە گوایە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ دۆخی ئێستای غەززە بەڕێوەدەچێت. ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی بەرپرسانی عەرەبییە لە دوای دواین لوتکەی کۆمکارەکە لە تشرینی دووەمی ساڵی 2023 لە ریاز. لەو کۆبوونەوەیەدا وڵاتانی عەرەبی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیلیان بۆ سەر غەززە کرد و بە "بەربەریانە" ناویان برد، بەڵام نەیانتوانی بڕیار لەسەر گرتنەبەری هەنگاوی سیاسی و ئابووری دژ بە ئیسرائیل دەربکەن. وادیارە ئەم جارە ئەو ئاڕاستەیە دەگۆڕێت و توندتر دەبێت بەرامبەر ئیسرائیل، بەتایبەت لەم کاتەدا کە زۆرینەی وڵاتانی جیهان داوای چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ فەڵەستین دەکەن. ئەوە حەوت مانگ زیاترە شەڕی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دەستیپێکردووە؛ لە دوای پەلامارەکەی 7ی تشرینی یەکەمی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، تەلئەڤیڤ دەستی بە ئۆپەراسیۆنەکەی بۆ "لەناوبردنی یەکجاریی حەماس" کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا ئامانجەکەی بەدەستنەهێناوە. بەهۆی شەڕەکەوە تاوەکو ئێستا 35 هەزار و 233 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە 2 ملیۆن و 500 هەزار کەسیش ئاوارەبوون. جگە لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس، بڕیارە سەرکردەکانی عەرەب گفتووگۆی شەڕ لە لیبیا، سوودان، یەمەن و سووریا بکەن. ئەمەش بە بەشداریی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا کە پار دوای بومەلەرزەکەی 12ی شوبات گەڕایەوە ناو کۆمکارەکە.
هاوڵاتی لەسەر سکاڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دهستهی دادوهریی ههڵبژاردنهكانی عێراق بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق رەتدەکاتەوە کە لەبارەی سکاڵاکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە هەڵبژاردن دەریکرد. ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی ئایاری 2024، دەستەی دادوەری ههڵبژاردنهكانی عێراق بڕیاری لهسهر ئهو سكاڵایه دا كه رزگار حاجی حهمه، بهرپرسی مهكتهبی ههڵبژاردنهكانی یهكێتیی لهبارهی بڕیاری كۆمسیۆنی ههڵبژاردنهكانی عێراق بۆ راگرتنی رێوشوێنهكانی سازدانی ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان تۆماریكردبوو. بەپێی بڕیارەکە بێت، دهستهی دادوهریی ههڵبژاردنهكان كۆمسیۆنی ههڵبژاردنهكان پابهند دهكات بهوهی له بڕیارهكانیدا سهبارهت به پرۆسهی ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان پشت به بڕیاری رۆژی 7ی ئهم مانگهی دادگای باڵای فیدراڵی نهبهستێت، بهوپێیهی چارهسهركردنی ئهو ناكۆكییانهی كه لهبهرهنجامی ئامادهكاریی و جێبهجێكردنی پرۆسهی ههڵبژاردنهوه سهرههڵددهدهن پسپۆری ئهنجومهنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی ههڵبژاردنه نهك دادگای فیدراڵی و ههر سكاڵایهكیش ههبێت بهتهنیا دهبێت لهبهردهم دهستهی دادوهریی ههڵبژاردن بخرێتهڕوو. هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە، دهستهی دادوهریی ههڵبژاردن، كۆمسیۆنی ههڵبژاردنهكانی عێراق پابهند دهكات بهوهی دهست به رێوشوێنهكانی بكاتهوه بۆ سازدانی ههڵبژاردنی كوردستان. لە رۆژی 7ی ئەم مانگە لەسەر سکاڵای مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری دادگای فیدراڵی کارەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان راگیران.
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد کاسبکارانی مەیدانی ئاژەڵفرۆشانی سلێمانی گردبوونەوەتەوە و ناڕەزایەتی دەردەبڕن لەوەی ئەو شوێنەی کە لەئێستادا کاری لێدەکەن لەلایەن کۆمپانیاکەوە دەکرێتە پرۆژەی نیشتەجێبوون و بەبێ ئەوەی شوێنە نوێیەکان تەواوبووبێت داوادەکرێت مەیدانە کۆنەکە چۆڵ بکەن. ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی ئایاری 2024، کاوە لەتیف، کاسبکار لە مەیدانی ئاژەڵفرۆشانی سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند، "بەبێ ئەوەی ئەو شوێنە نوێیەی کە بۆمان دابینکراوە تەواو بووبێت، ئەو کۆمپانیایەی کە جێبەجێکاری پرۆژەی نیشتەجێبوونە لە مەیدانی ئاژەڵفرۆشانی ئێستای سلێمانی داوامان لێدەکات شوێنەکە چۆڵبکەین و دەستیان بە کارکردن کردووە لە پرۆژەکە". ئاماژەی بەوەشکرد، "شەش مانگی دیکە مەیدانە نوێیەکە کارەکانی تەواو دەبێت، هەروەها گرفتێکی دیکەش ئەوەیە زەوییەکان بە نرخی گرانتر دەفرۆشرێت بە ئاژەڵفرۆشان کە نرخی 200 مەتر زەوی 10 ملیۆن دینارە، پێشتر لە مەیدانە کۆنەکە بۆ دۆنمێک زەوی تەنها بە 30 وەرەقە دەفرۆشرا". ئەو کاسبکارە وتی، "کێشەیەکی دیکە لە مەیدانە نوێیەکە ئەوەیە بیری ئیرتیوازی تێدا نییە، حکومەت بەنیازە ئاو بفرۆشێتەوە بە کاسبکاران ئەمەش ئەرکی ئێمە زیاتر قورستر دەکات". وتیشی، "لایەنی پەیوەندیدار لە کێشەکان ئاگادارکراونەتەوە، بەڵام هیچ وەڵامان نادرێتەوە و بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانمان ناکرێت".
هاوڵاتی لافاو شاری مەشهەدی ناوەندی پارێزگای خوراسانی رەزەوی لە باکووری رۆژهەڵاتی ئێران گرتەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاولاتی گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش بێسەروشوێنن. بەپێی ئەو ئامارەی میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، بەهۆی ئەو لافاوەی کە ماوەی دوو رۆژە لە شاری مەشهەدی ناوەندی پارێزگای خوراسانی رەزەوی لە باکووری رۆژهەڵاتی ئێران دروستبووە حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە و 12 کەسی دیکەش بێسەروشوێن و زیانێکی مادی زۆریش کەوتووەتەوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی ئایاری 2024، حەمید رەزا کاویانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئۆپەراسیۆنەکانی فریاکەوتن لە مەشهەد رایگەیاند "رەنگە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ژمارەی گیانلەدەستدان و بێسەروشوێنبووان بەرزبێتەوە". ئاماژەی بەوەشکرد "گۆڕەپانی تەورا گرنگترین خاڵی ئۆپەراسیۆن بوو لە رووداوی لافاوەکەدا، تیمەکانیش بە بەلەمی فریاگوزاری لەوێ جێگیرن و بەدوای ئۆتۆمبێلی گیریخواردوودا دەگەڕێن".
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ وەزیری دەرەوەی ئێرلەندا رایگەیاند، پێش کۆتایی ئەم مانگە دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێن. دەڵێت لایان وایە چارەسەری دوو دەوڵەتی لەم دۆخی شەڕەدا باشترین رێگەیە بۆ سەقامگیربوونی ئاشتی لە غەززە. رۆژی چوارشەممە 15-5-2024، مایکڵ مارتن، وەزیری دەرەوەی ئێرلەندا گوتی، "پێش کۆتایی ئەم مانگە دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێین. بەروارەکە هێشتا دیاریکراو نییە، چونکە هێشتا لە گفتووگۆداین لەگەڵ هەندێک وڵاتدا بۆ ئەوەی بە هاوبەشی دانپێدانانەکە بکەین". مەبەستی وەزیری دەرەوەی ئێرلەندا لە دانپێدانانی هاوبەش، ئیسپانیا، سلۆڤینیا و ماڵتایە کە ئەوانیش ئامادەیی خۆیان بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا نیشانداوە. هەریەک لەو وڵاتانە داوای ئەوە دەکەن، دەوڵەتی فەڵەستین دروستبێت و لەو خاکەی ئێستا فەڵەستین و ئیسرائیلی لەسەر دوو دەوڵەتی دراوسێ دروستببن. هەوڵەکان دوای دەستپێکی شەڕی نێوان غەززە و چەکدارانی حەماس دەستیانپێکردووە، کە ئێستا ئیسرائیل دەڵێت ئامانجیانە حەماس بە تەواوی بسڕنەوە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش داوای ئاگربەستی هەمیشەیی و گفتووگۆی ورد بۆ دروستبوونی ئاشتی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا دەکەن. لە ساڵی 1988ـەوە تا ئێستا، 139 دەوڵەتی ئەندام لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە 193 ئەندامی تەواوی ئەو رێکخراوە، دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە. مارتن دەڵێت، هەنگاوەکان لەسەر رێچکەی رێکەوتنی ئاشتیی عەرەب دەکەن کە ئامانج لێی دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستینە و "پەیامێک بۆ خەڵکی فەڵەستین بە گشتی دەنێرین کە پاڵپشتیان دەکەین لە مافی چارەی خۆنووسین".
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری دەرکرد کە خۆراک و چادریان بەشیی دوو ملیۆن فەڵەستینیی ئاوارە نەماوە و ناتوانن چیدیکە دەستەبەریکەن. دەشڵێت، قاتووقڕیی گەورە بەڕێوەیە. رۆژی چوارشەممە 15-5-2024، یەریۆش پێترۆپۆلۆس، سەرۆکی نوسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە غەززە بۆ کارووباری هاریکاریی مرۆیی بە میدیای ئەمریکییان راگەیاندووە، کۆگەکانیان خاڵی بوونەتەوە لە خۆراک و چادر و هیچ ئومێدێکیشیان نییە دووبارە بتوانن کەرەستەی نوێیان بەدەست بگات؛ ئەمە لەبەر هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح و داخرانی رێگەکانی گواستنەوەی هاریکاری. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیدی کات نەماوە بۆ کردنەوەی خاڵە سنوورییەکان بۆ گەیاندنی هاریکاری بۆ غەززە و دەبێت چی زووە بکرێتەوە. رۆژی سێشەممە 54 بارهەڵگر بە دەروازەی ئەرەزدا گەیشتوونەتە غەززە، بەڵام بەرپرسانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێن، بۆ ئەوەی بتوانن خۆراک و پێداویستی بۆ تەواوی 2 ملیۆن و 300 هەزار کەسەکەی غەززە دابینبکەن، پێویستیان بە 500 بارهەڵگر هەیە. لە دوای دەستپێکی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری رەفەحی باشووری غەززە، لانیکەم 600 هەزار کەس ئاوارەبوون و لە ماڵەکانیان هەڵبڕاون. 100 هەزار کەسی دیکەش لە باشووری غەززە بەهۆی هۆشداریی ئیسرائیلەوە لە هێرشکردنە سەر ئەو ناوچانە ماڵەکانیان جێهێشتووە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ سەرۆکی رووسیا لە پێش سەردانەکەیدا بۆ چین بە میدیای چینی راگەیاند، ئامادەیە گفتووگۆ لەبارەی ئاشتییەوە لە ئۆکراینا بکات. رۆژی چوارشەممە 15-5-2024، ڤلادمیر پووتین رایگەیاند، "رووسیا هەرگیز لە دژی گفتووگۆی ئاشتی نەبووە. خواستی وایە رێکەوتنێکی گشتگیر، سەقامگیر و دادوەرانە لەسەر شەڕەکە بکرێت لە رێگەی گفتووگۆی ئاشتییەوە." ساڵی رابردوو، چین پێشنیازێکی 12 خاڵیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا خستە بەردەستی وڵاتانی جیهان. ئەمریکا و ئەوروپا هەرزوو لە دژی وەستانەوە و رووسیا گوتی خاڵەکانی پێشنیازەکەی لەلا رەوایە. بە گوێرەی کرێملن، ڤلادمیر پووتین و شی ژینگ پینگ گفتووگۆیەکی ورد لەبارەی تەواوی کێشەکانی پەیوەست بە هاوبەشییە گشتگیرەکەیان و هاوئاهەنگییە ستراتیجییەکەیانەوە دەکەن. هەروەها رێگەی نوێ بۆ بەرەوپێشبردنی هاوپەیمانێتییەکەیان لە داهاتوودا دەدۆزنەوە. هەروەها بە وردی باسی کێشە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان پێکەوە دەکەن. لە سەروبەندی بوونەوەی پووتین بە سەرۆکی رووسیا و سەردانەکەی بۆ چین، مۆسکۆ هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی خارکیڤ لە ئۆکراینا چڕکردووەتەوە و بەهۆیەوە 8 هەزار هاووڵاتی ئۆکراینی ئاوارەبوون. چین لە رابردوودا باسی ئەوەی کردووە کە لە شەڕی رووسیا و ئۆکراینادا بێ لایەنە، بەڵام لەوکاتەوەی شەڕەکە لە شوباتی 2022 دەستیپێکردووە، پەیوەندیی ئابووری و ستراتیجی لەگەڵ کرێملن زیاترکردووە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ لە پەڕەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا بڵاوکراوەتەوە، دۆخی تەندروستیی ئەو سەرکردەیە ناجێگیرە. ئەمە دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە دوای کۆبوونەوەی کابینەکەی هەوڵی تیرۆرکردنی درا. رۆژی چوارشەممە، 15ی ئایاری 2024، رۆبێرت فیکۆ، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا دوای ئەوەی بۆ مەراسیمێک لەگەڵ پاڵپشتیکارانیدا سەردانی شارۆچکەی هاندلۆڤای کرد، لەلایەن هاووڵاتییەکی رەگەزی نێرەوە تەقەی لێکرا و بریندارکرا. لە لاپەڕەی فەرمیی فەیسبووکەکەیدا بڵاوکراوەتەوە، ئێستا دۆخی تەندروستی ناجێگیرە و لە مان و نەماندایە. هەر دوای تەقەکردنەکە تۆمتبارەکە لەلایەن پاسەوانانی سەرۆکوەزیرانەوە دەستگیرکرا. بە گوێرەی بڵاوکراوەکەی نێو فەیسبووکەکەی، فیکۆ چەند گوللەیەکی بەرکەوتووە. ئەو شارۆچکەیەی فیکۆ تێیدا بریندارکرا دەکەوێتە دووری 150 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی براتیسلاڤای پایتەختی ئەو وڵاتە. هەربۆیە دوای رووداوەکە بە هەلیکۆپتەر گوازراوەتەوە نەخۆشخانەیەکی شاری بانسکا بیستریکا کە 29 کیلۆمەتر لە شوێنی رووداوەکەوە دوورە. لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا دۆخی تەندروستیی فیکۆ یەکلایی دەبێتەوە. فیکۆ بەوە دەناسرێت کە سیاسییەکی دژە ئەمریکایە و لە رووسیاوە نزیکە. لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی مانگی ئادار و نیسانی ئەمساڵدا بۆ جاری سێیەم بردییەوە و بووە سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دهۆک رایگەیاند، دوو بازرگانی مادەی هۆشبەریان لە شاری دهۆک دەستگیر کردووە، دەستیشیان بەسەر 51 کیلۆگرام شەلەمەنیدا گرت، کە مادەی هۆشبەری تێدا حەشاردرابوو. دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 15ـی ئایاری 2024) ئاسایشی دهۆک لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە "لە مانگی 02ـی 2024، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی سێمێل سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک دەست بەسەر 51 کیلۆگرام شلەمەنی گیرا، کە لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا حەشاردرا بوو." ئاسایشی دهۆک دەڵێت، دوای دەستبەسەرداگرتنی مادەکە و ناردنی بۆ پشکنین، دەرکەوت لە شلەمەنییەکەدا مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ هەبووە. ئەوەشی خستە روو، هەردوو تۆمەتبار لە ئیستادا دەستبەسەر کراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوەتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە، چەندین جار لە سنووری دهۆک بازرگانی مادەی هۆشبەر دەسگیر کراوە و چەند جارێکیش رووبەڕووبوونەوە روویداوە، لە یەکێک لەو رووداوانەدا مانگی ئابی ساڵی رابردوودا لە سێمێل باندێکی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان تەقەیان لە هێزێکی ئەمنی کرد و هەڵهاتن و یەکێک لە ئەندامانی ئەو باندە کە دەستگیرکرا و 45 کیلۆ ماددەی هۆشبەری پێبوو بەگوێرەی ئاماری چاکسازییەکان، تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو، لە هەر شەش چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا، لە نزیکەی 5500 سزادراو، 1180 کەسیان بەهۆی بەکارهێنان و بازرگانیی بە مادەی هۆشبەرەوە حوکم دراون.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ بەغدا هاوڕاین لەسەر دانانی میکانیزمێک بۆ رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، یاسای ئیدارەدانی دارایی و یاسای بودجەی گشتیی عێراق. بهپێی راگهیهندراوی وهزارهتی دارایی و ئابوری ههرێم تیایدا هاتووه، ئهمڕۆ چوارشەممە 15ی ئایاری 2024، بەئامادەبونی شاندی هەرێمی کوردستان کۆبونەوەی لیژنەی باڵای پێداچونەوە بە خشتەکانی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2024 لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەڕێوە چوو. ئاماژەبەوەشکراوە، لە کۆبونەوەکەدا ژمارەیەک دۆسیەی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و رێکارەکانی گواستنەوە و ئاڵوگۆڕکردنی تەرخانکراوەکانی پشکی هەرێمی کورستان لە ناو خشتەکانی یاسای گشتیی بودجەی ساڵی 2024 گفتوگۆی لەبارەوە کرا. راگهیهندراوهكه باسی لهوهشكردووه، لەبەشێکی تری کۆبونەوەکەدا هەردولا هاوڕا بوون لەسەر دانانی میکانیزمێک بۆ رادەستکردنی داهاتە نانەوتیەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و یاسای ئیدارەدانی دارایی و یاسای بودجەی گشتی عێراق.
