هاوڵاتی سەرۆكی لیواكانی حزبوڵا لە عێراق رایدەگەیەنێت، هێرشەكانیان بۆ سەر بنكەكانی ئەمەریكا لە وڵاتەكە بەدەوام دەبێت و جەختیش لە دورخستنەوەى سەربازانى ئەمەریکا دەکات لە عێراق. ئەبو عەلی عەسکەری، فەرماندەی باڵای حزبوڵڵای عێراقی رایگەیاند، ئەوەی لەماوەی رابردوودا بەرامبەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا کردوویانە تەنها سەرەتا بووە، لەمەودوا هێرشەکانیان بۆسەر ئەمەریکا فراوانتر و توندتر دەکەن. راشیگەیاند، ئەو کەسانەی بنکەکانی ئەمەریکا بە نێردەی دیپلۆماسی دادەنێن، ئەو کەسانەن دەیانەوێت پارێزگاری لە پۆست و بەرژوەندییەکانیان لە عێراق بکەن. هێرشەکەى سەر باڵیۆزخانەى ئەمەریکا لە ناوچەى سەوزى بەغداد، کاردانەوەى بەرفراوانى لەسەر ئاستى ئەمەریکا و عێراقیش لێکەوتەوە، محەمەد شیاع سودانى، سەرۆک وەزیرانى عێراقیش تەواوى هێزە ئەمنییەکانى بۆ دەستگیرکردن و رادەستکرنى تۆمەتباران راسپارد. ئەمە لەکاتێکدایە لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە غەززە، هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا زیادیکردووە. بەگوێرەی لێدوانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) لە دوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە تا تائێستا زیاتر لە 70 جار هێرش کراوەتە سەر بنکەکانیان لە عێراق و سووریا.
هاوڵاتی تەنها لەماوەی ئەمساڵدا لە عێراق بڕی 8 تۆن مادەی هۆشبەرو 58 ملیۆن حەبی هۆشبەریان لەناوبردراوە و نزیکەی ١٢ هەزار تۆمەتبار دەستگیرکراون. ساڵح مەهدی حەسناوی وەزیری تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، "لەماوەی یەک ساڵدا نزیکەی (8) تۆن مادەی هۆشبەرو (58) ملیۆن حەبی مادەی هۆشبەرو (31) هەزار ئەمپۆلی مادەی هۆشبەرو (9) هەزار کوپ لەناوبراون". وتیشی، پڕۆسەی لەناوبردنەکە لەسوتێنەری پزیشکی دادوەرییدا ئەنجامدراوە، پلەی گەرمیی دەگاتە بەرزترین پلە بۆ سوتانی تەواو، بەجۆرێک گەرما دەیتوێتەوەو دەیشکێنێتو تایبەتمەندییە مادە هۆشبەرەکانی لێ دەسەنێتەوە. هاوکات بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆ ، ژمارەی ئەوکەسانەی لەماوەی ئەمساڵدا لەدۆسیەی ماددە هۆشبەرەکاندا دەستگیرکراونو سزایان بەسەردا سەپێنراوە گەیشتۆته نزیکەی 12 هەزار تۆمەتبار.
هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند "زۆری خواستی هاووڵاتیان سەڕەرای ناردنی گەیشتنی چەند کاروانێکی دۆلار بۆ بانکەکانی عێراق بەشێوەی کاش رێگرە لە جێگیربوونی دۆلار". جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیا عەرەبیەکانی راگەیاند، پاش ئەوەی چەند کاروانێکی دۆلاری کاش لە ئەمریکاوە گوازرایەوە بۆ بانکەکانی عێراق هێشتا بەهای دۆلار جێگیر نەبووە. ئاماژەی بەوەش کرد، زۆری خواستی هاووڵاتییان وایکردووە دۆلار لەو نرخە بەرزەیدا بمێنێتەوە. باسی لەوەشکرد، رێکارەکانی بانکی ناوەندی جدین و هەوڵدەدرێت کێشەی دۆلار و بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی ناوخۆدا بەخێرایی چارەسەر بکرێت. ماوەی زیاتر لە هەشت مانگە دۆلار سەقامگیری بەخۆیەوە نەدیوە و بانکی ناوەندیش زیاتر لە هەشت رێکاری گرتووەتەبەر لەپێناو سەقامگیرکردنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوی نیشتمانی.
هاوڵاتی تا ئێستا وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ وادەیەكی بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی نۆی فەرمانبەران دیارینەكردووە و چاوەڕێی گەیشتنی 700 ملیارەكەی بەغدایە كە دواین گوژمەی ئەمساڵە، ئەوەش لەكاتێكدایە سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە واژۆی لەسەر ناردنی پارەكە كردووە. ساڵی 2023 تەنها 20 ڕۆژی ماوە و تا ئێستاش مووچەی چوار مانگی (9 و 10 و 11 و 12)ی مووچەخۆرانی هەرێم دابەش نەكراوە و ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە بەرپرسانی هەرێم دەڵێن پارەكەی بەغدا دەگات و مووچە دابەش دەكرێت بەڵام تا ئێستا 700 ملیار دینارەكە نەگەیشتووە و مووچەخۆران چاوەڕێی مووچەی مانگی نۆ دەكەن. مانگی ڕابردوو لە پێنجی مانگەوە دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی هەشتی مووچەخۆران كرا، بەڵام ئەم مانگە ئەو وادەیە تێپەڕی و هێشتا هیچ وادەیەك بۆ دابەشكردنی مووچە نییە، بەوەش 35 ڕۆژ بەسەر یەكەم ڕۆژی دابەشكردنی مووچەی مانگی هەشت تێپەڕیوە. فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم هەموو مانگێك بۆ پێدانی مووچە دەبێت چەندین ڕۆژ چاوەڕێ بن و حكومەتی هەرێمیش تەنها كاتێك مووچە دابەش دەكات، كە پارەكەی بەغدا بگات، لەكاتێكدا داهاتی مانگانەی ناوخۆی هەرێم بە وتەی بەرپرسانی هەرێم 340 ملیار دینارە و 120 ملیار دیناری بۆ خەرجی حكومەت و وەزارەت و دامودەزگاكان بەكاردەهێنرێتەوە. بەوتەی سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بۆ هاوڵاتی "تائێستا هەرچەندە سودانی بڕیاری ناردنی 700 ملیارەكەی بۆ هەرێم داوە كاتی گەیشتنی ئەو پارەیە دیار نییە و بەهۆی پشووی یەكشەممەوە ڕەنگە دووشەممەی ئەم هەفتەیە ڕێكارەكانی ناردنی 700 ملیارەكە دەستپێبكات". وەك ئەو سەرچاوەیە بەهاوڵاتی وت:"هەركات بەشی یەكەمی 700 ملیارەكە بگاتە هەرێمی كوردستان وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی مانگی نۆی ئەمساڵ ڕادەگەیەنێت". وتەی ئەو سەرچاوەیە لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ شەممە 09-12-2023، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بەمیدیای پارتی وت: "دوێنێ واژۆم لەسەر ناردنی 700 ملیار دیناری قەرز بۆ مووچەی هەرێمی كوردستان كرد." رۆژی 14ـی ئەیلوولی ئەمساڵ وەفدێكی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بەغدا و هەولێر تایبەت بە بودجە و مووچە سەردانی بەغدای كرد و جگە لە كۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، لەگەڵ بەرپرسانی دیكەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەكان كۆبووەوە. دواتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بە هەرێمی كوردستان بدات بۆ ماوەی سێ مانگ، واتە مانگانە 700 ملیار دینار، ئەوەش بۆ دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان. تاوەكو ئەمڕۆ دوو جار پارەكە نێردراوە و بەگوێرەی رێككەوتنەكە یەك گوژمەی دیكەی 700 ملیاری ماوە. هەرێمی كوردستان مانگانە پێویستی بە 920 بۆ 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، جگە لە خەرجیی بەكاربردن و دامودەزگاكان و بودجەی وەبەرهێنان و تێچووی بەرهەمهێنانی كارەبا، بڕیارە ئەو كورتهێنانەی بۆ مووچە دروست دەبێت، لە داهاتی نێوخۆ پڕبكرێتەوە.
هاوڵاتی هێزە ئەمنیەكانی ئێران لە فڕۆكەخانەی "ئیمام خومەینی" لەتاران ڕێگەیان نەدا خێزانەكەی ژینا ئەمینی گەشتی فەڕەنسا بكەن، مەبەستی سەردانەكە بۆ ئەوەبوو خەڵاتی ساخارۆڤ وەربگرن. بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی كوردستان، سەر لە بەیانیی شەممە، 9-12-2023 هێزە ئەمنیەكانی ئێران بە موژگان ئیفتخاری، دایكی ژینا، ئەمجەد ئەمینی، باوكی ژینا و ئەشكان ئەمینی، برای ژینایان وتووە، گەشتكردن بۆ دەرەوەی وڵاتیان لێ قەدەغە كراوە، جگە لەوەی هەر لەوێش دەست بەسەر پاسپۆرتەكانیاندا گیراوە، بەڵام هێزە ئەمنیەكان تەنیا رێگەیان بە ساڵح نیكبەخت، پارێزەری خێزانی ژینا ئەمینی داوە گەشت بكات و بڕیارە لەبری خێزانی ژینا ئەمینی لە رێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆفدا لەفەڕەنسا بەشدار بێت. پەرلەمانی ئەورووپا خەڵاتی ساڵی 2023ـی ساخارۆفی پێشكەش بە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان و ئازادی كردووە و رێوڕەسمی دابەشكردنی خەڵاتەكە بڕیارە رۆژی 12-12-2023 بەڕێوەبچێت، خێزانی ژینا ئەمینی لەلایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە بە فەرمی بانگهێشت كرابوون و بڕیار بوو لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا خەڵاتی ساخارۆف وەربگرن. خەڵاتی ساخارۆف بەو كەس و گرووپانە دەدرێت، كە ژیانی خۆیان بۆ داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ و ئازادیی رادەربڕین تەرخان دەكەن. پەرلەمانی ئەوروپا لە ساڵی 1988ـدائەم خەڵاتەی بۆ رێزگرتن لە ئاندرە ساخارۆف، هاووڵاتی رووسی راگەیاند. ژینا ئەمینی كچێكی تەمەن 22 ساڵی خەڵكی سەقزی پارێزگای سنەبوو لە رۆژهەڵاتی كوردستان ، رۆژی 13-9-2022 لە وێستگەیەكی شەمەندەفەری تاران بە تۆمەتی پابەند نەبوون بە باڵاپۆشی لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تارانەوە دەستبەسەر كرا ، دواتر لە رووداوێكی جێگەی گوماندا باری تەندروستیی تێكچوو، سێ رۆژ دواتر گیانی لەدەستدا، گیانلەدەستدانەكەشی بووە هۆی ناڕەزایەتییەكی بەرفراوان و ماوەی چەند مانگێك بەردەوام بوو.
هاوڵاتی شەوی ڕابردوو بەهۆی ئاگر كەوتنەوە لە یەكێك لە باڵەخانەكانی نیشتەجێبوون لەقەزای سۆران سەر پارێزگای هەولێر ، 18 كەس بوون بە قوربانی، كە 14 كەسیان گیانیان لەدەستدا و چوار كەسی دیكەشیان برینداربوون، ئەمڕۆ بەشێوەی جیاجیا و لە شوێنی جیاواز بەخاكسپێردران، ناسنامەی قوربانیەكانیش ئاشكرابووە. لەناو قوربانیانی ڕووداوەكەی شەوی ڕابردووی شارۆچكەی سۆران، 10 پیاو و چوار ژنی تێدا بووە كە دوو كەسیان خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و دوو كەسی دیكەشیان هاوسەری یەكتری بوون و خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان بوون لە ڕووداوەكەدا گیانیان لەدەستدا بوو. لە مەراسیمێكدا تەرمی بەشێك لە وانەی كە خەڵكی سنوورەكە بوون و بەمەبەستی خوێندن لە زانكۆی سۆران لەو باڵەخانەیەدا نیشتەجێبوون، لە گۆڕستانەكانی هەریەك لە (دەرگەڵە، ئیسقەڵا، خەلیفان و سۆران) بە خاك سپێردران. بەوتەی پزیشكی دادی سۆران، تەرمی یەكێك لە قوربانییەكان بە ڕەگەز عەرەبە و ڕەوانەی هەولێر كراوە و دوو تەرمیش ڕادەستی كەسوكاریان كراوەتەوە كە خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستانن، پاشان دوو تەرمی تریش كە بەمەبەستی سەردانی كردن هاتبوونە باشووری كوردستان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕادەستی كەسوكاریان دەكرێتەوە بەمەبەستی بردنەوەیان بۆ زێدی خۆیان. ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، هەڵگورد شێخ نەجیب، بەرپرسی یەكەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە پێكهێنراوە و تا ئێستا دوو كەسیش دەستگیركراون، كە یەكێكیان خاوەنی باڵەخانەكەیە و ئەوی تریان خاوەنی مۆبیلیاتێكە كە كاری لە ژێر زەمینی باڵەخانەكە كردووە، ئاگرەكە لەوێوە تەشەنەی كردووەتە ناو بەشەكانی باڵەخانەكە. بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوكراونەتەوە، یەكێك لە قوربانییەكان ناوی محەمەد وەحیدە و خەڵكی دیالەیە و خۆی و دایكی و دوو خوشكی قوربانی ئاگرەكەی ناو باڵەخانەكەن و سەرجەمیان گیانیان لەدەست داوە، هاوكات دوو لەوانەی گیانیان لەدەست داوە مامۆستان و بە ڕەگەز عەرەبن و یەكێكیان ناوی دكتۆر ئیلهامە و مامۆستا بووە لە فاكەڵتی یاسای زانكۆی سۆران، یەكێكی دیكە لە قوربانییەكان ناوی مامۆستا مستەفا ئیسماعیلە و خوێندكاری ماستەر بووە لە بەشی عەرەبی، ماوەی ساڵێكە چووەتە ژیانی هاوسەرییەوە و خۆی و هاوسەرەكەی گیانیان لەدەست داوە. هەر بەپێی زانیارییەكان لە بەشی فریاگوزاریی و بەرگری شارستانی سۆران، ئەوانەی گیانیان لە دەستداوە سەرجەمیان بە دووكەڵ خنكاون و هیچ كام لەوانە جەستەیان نەسووتاوە.
هاوڵاتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا نوێنەرانی ژمارەیەك لە حزبەكانی پێكهاتەی توركمان و مەسیحی لە هەولێر ڕایانگەیاند، ئەگەر بێتو دادگای فیدراڵی شێوازی هەڵبژاردنەكەی كوردستان بكات بە فرەبازنەیی بایکۆتی هەڵبژاردنەکان دەکەن. نوێنەرانی ژمارەیەك لە حزبەكانی پێكهاتەی توركمانو مەسیحی لە هەولێر كۆبونەوە، و ئەم كۆبونەوەیە بۆ گفتوگۆكردن بوو لەبارەی پرسی دابەشكردنی (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن. چوار ساڵە پارتی و یەكێتی و لایەنەكانی هەرێمی كوردستان، لەسەر یاسای هەڵبژاردن و بەتایبەتیش كۆتاكان ناكۆكن، ئێستاش لەچاوەڕوانی بڕیارێكی دادگای فیدراڵی عێراقدان بۆ بڕیاردان، یەكێتی پێی وایە پێكهاتەكان لەلایەن پارتییەوە بەكاردەهێندرێن، بۆیە سكاڵای لەسەر كورسی كۆتاكان ئەنجامداوە، پارتیش قسەكردنی لەوبارەیەوە هەڵگرتووە بۆ دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی، توركمانەكانیش سكاڵاكەی یەكێتی بەهەڕەشە لەسەر ناسنامەی نەتەوەییان لێكدەدەنەوە . لەم پەیوەندەدا، ئەو لایەنە توركمانو مەسیحییانەی ئەمڕۆ لە هەولێر كۆبونەوە، هەڕەشەی بایكۆتكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی كوردستان دەكەن ئەگەر بێتو دادگای فیدراڵی شێوازی هەڵبژاردنەكەی كوردستان بكات بە فرەبازنەییو كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان دابەش بكات بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا. رۆژی 3ی ئەم مانگە، دادگای باڵای فیدراڵی دواین دانیشتنی لەسەر سكاڵاكەی یەكێتیی بەڕێوەبرد، لەم دانیشتنەدا دادگای فیدراڵی داوای لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كرد، بۆچونی خۆی بخاتەڕوو لەبارەی ئەوەی ئەگەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەی فرە بازنەیی بەڕێوەچوو، كورسییەكانی پەرلەمان چۆن بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا دابەشدەبن، لە وڵامی ئەمەدا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق باسی لەوەکردووە، لەسەر بنەمای یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانو ئەنجومەنی پارێزگاكان ژمارەی (12)ی ساڵی 2018ی هەمواركراو، هەرێمی كوردستان دەكرێت بە سێ ناوچەی هەڵبژاردن. كۆمسیۆنی هەڵبژاردن (11) كورسییەكەی "كۆتا"ی پێكهاتەكانیشی بەمشێوەیە دابەشكردووە بەسەر بازنەكاندا: • پارێزگای سلێمانی: (4) كورسی "كۆتا"ی بەردەكەوێت، (2) كورسی توركمانو (2) كورسی مەسیحی • پارێزگای هەولێر: (4) كورسی "كۆتا"ی بەردەكەوێت، (2) كورسی توركمانو (2) كورسی مەسیحی • پارێزگای دهۆك: (3) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانی بەردەكەوێت، (1) كورسی توركمانو (1) كورسی ئەرمەنو (1) كورسی مەسیحی بڕیارە لە 25ـی شوباتی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت كە لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەكرێت. ئەو پێنج ماددەیەی تانەیان لێدراوە: ماددەی یەكەم: پەرلەمانی كوردستان - عێراق لە 111 ئەندام پێكدێت. ماددەی نۆیەم: هەرێمی كوردستانی عێراق بەیەك ناوچەی دەنگدان دادەنرێت. ماددەی 15: بۆ هەرێمی كوردستان، تۆمار بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەكانی هەڵبژاردن ئامادە دەكرێن بەپێی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەكان. ماددەی 22: هەر كیانێكی سیاسی لەهەرێمی كوردستان مافی هەیە لیستێكی تایبەت بەكاندیدەكانی خۆی لەسەر ئاستی كوردستانی عێراق پێشكەش بكات، كە رێژەیەك ژنی تێدابێت لە 30% كەمتر نەبێت. ماددەی 36: بەهۆی ئەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لەبری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم هەڵبژاردن بەڕێوەدەبات سكاڵاكەی سەری كۆتایی هاتووە.
هاوڵاتی دوای ڕوداوی ئاگرکەوتنەوەکەی سۆران ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئامادەی خۆی بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان دەربڕی دوای ئەوەی شەوى رابردو بەهۆى سوتانى باڵەخانەیەکە لە شارى سۆران، 14 گیانیان لەدەستداو و حەوت کەسى دیکەیش بریندار بون وەزارەتی تەندروستی هەرێم بڵاویکردەوە لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا د. وائل حتاحت ،هەڵسوێنەری کاروبارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جێهان WHO لە عێراق پەیوەندی بە وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و ئامادەی ڕێکخراوەکەی بۆ چارەسەری بریندارانی ڕوداوەکە دەربڕیوە. هاوکات بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە د. وائل حتاحت سەرەخۆشی لە ئەندامانی خێزانی قوربانیانی ڕوداوەکە کردووە. ئەوەش لە کاتێکدایە، شەوى رابردو بەهۆى سوتانى باڵەخانەیەکە لە شارى سۆران، 14 گیانیان لەدەستداو و حەوت کەسى دیکەیش بریندار بون و ئێستا لەژێڕ چاودێرى پزیشکیدان ،و لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە دەستی پێکردووە و تا ئێستا دوو کەس دەستگیرکراون. لەم بارەیەشەوە رەوەند هاودیانی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەرگری شارستانی سۆران تایبەت بە هاوڵاتی وتی، "کۆتا ئاماری قوربانیەکانی روداوەکەی شەوی رابردوو بەم شێوەیە، 14هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە، 7 هاوڵاتی سڤیل برینداربوون لەگەڵ 8 کارمەندی بەرگری شارستانی و ئاسایش و پۆلیس کە لەگەڵ ئێمە هاوکاربوون بۆ کۆنتروڵکردنەوەی ئاگرەکە." لەبارەی دۆخی تەندروستی برینداران، رەوەند هاودیانی وتی: سوپاس بۆخۆا دۆخی تەندورستی هەموو بریندارەکان جێگیرە، ئەوەی پێویست بێت بۆ بریندارەکان کراوە،هەروەها هەموو لایەک ئامادەیی خۆیان دەربڕیووە بۆ هاوکاریکردنی بریندارەکان." دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی هەرێم: ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO لە قوربانێەکانی ڕووداوەکەی شاری سۆران دەپرسێتەوە ... شەممە ۲۰۲۳/۱۲/۹ ... بەمەبەستی دەربڕینی ئامادەیی بۆ هاوکاریکردنی چارەسەری برینداران، ئەمڕۆ بەڕێز (د. وائل حتاحت) هەڵسوێنەری کاروبارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جێهان WHO لە عێراق پەیوەندی بە بەڕێز (د.سامان بەرزنجی) وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد. هاوخەمی و سەرەخۆشی بۆ کەسوکاری قوربانیانی سۆران بۆ ڕوداووی سوتانی باڵاخانەی نیشتەجێبوون لەشاری سۆران و ئامادەیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهان WHO بۆ پێداویستی چارەسەری برینداران دەربڕی. بەڕێز (د. سامان بەرزنجی) وەزیری تەندروستی، سوپاسی هەماهەنگی بەڕێزیان و ڕێکخراوی تەندروستی جیهان WHO کرد. هیوایان خواست خوای گەورە کۆچکردووان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و شیفای چاکبوونەوە و سەلامەتی بۆ برینداران ببەخشێت.
هاوڵاتی هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران رایگەیاند خاوەنی باڵەخانە و خاوەنی مۆبیلیاتی باڵەخانەکەی روداوەکەی سۆران دەستگیرکراون، دەشڵێت، هۆکاری زۆری قوربانییەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هاوڵاتییان هۆشییاری تەواوەتییان نییە لەکاتی رودانی ئەو روداوانە. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هەڵگورد سێخ جەنیب لەسەر روداوی ئاگرەکەی سۆران کە 14 کەس تێیدا گیانیان لەدەستدا و حەوت کەسی تریش برینداربوون وتی، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە روداوەکە پێکهێنراوە و خاوەنی بالەخانەکە و خاوەنی مۆبیلیاتی باڵەخانەکە دەستگیرکراون. سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران وتیشی، هۆکاری سەرەکی ئەوەی رێژەی قوربانییەکان زۆر بووە لە روداوەکە ئەوەیە کە خەڵک هەوڵی رزگارکردنی خۆیان نەداوە و بابەتی هۆشیاری خەڵکە لەکاتی ئەو روداوانە کە چۆن بتوانن ئەو باڵەخانەنە چۆڵ بکەن لەکاتی رودانی روداوێکی لەو جۆرە. هەڵگورد سیخ نەجیب باسی لەوەشکرد، "زۆر رێگا هەبووە بۆ خۆ دەربازکردن لەکاتێکدا باڵەخانەنەکە پەیژەی رزگاربوونی لە بەشی دواوە و خۆیان دەرباز نەکردووە یاخود بۆ نەچوونەتە سەربان لەکاتێکدا ئاگرەکە لە نهۆمی یەکەم دروستبووە."
وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران بە هاوڵاتی راگەیاند لیژنەیەکی باڵا بۆ بەدواداچوون لەسەر هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوەی باڵاخانەکەی سۆران پێکهێنراوە، دەشڵێت، بریندارەکان تەندروستییان جێگیرە و ئەوانەیشی گیانیان لەدەستداوە خەڵکی بیانیشی تێدایە کە ئێرانی و عەرەبن. شەوی رابردوو ئاگر باڵەخانەیەک لە ئیدارەی سۆران کەوتەوە و لە باڵەخانەکە ژمارەیەک مامۆستای زانکۆ و خەڵکی تری ئاسایی تێدا دەژیان، روداوەکەش بووە هۆی گیان لەدەستدانی 14 کەس. رەوەند هاودیانی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەرگری شارستانی سۆران تایبەت بە هاوڵاتی وتی، "کۆتا ئاماری قوربانیەکانی روداوەکەی شەوی رابردوو بەم شێوەیە، 14هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە، 7 هاوڵاتی سڤیل برینداربوون لەگەڵ 8 کارمەندی بەرگری شارستانی و ئاسایش و پۆلیس کە لەگەڵ ئێمە هاوکاربوون بۆ کۆنتروڵکردنەوەی ئاگرەکە." لەبارەی دۆخی تەندروستی برینداران، رەوەند هاودیانی وتی: سوپاس بۆخۆا دۆخی تەندورستی هەموو بریندارەکان جێگیرە، ئەوەی پێویست بێت بۆ بریندارەکان کراوە،هەروەها هەموو لایەک ئامادەیی خۆیان دەربڕیووە بۆ هاوکاریکردنی بریندارەکان. لەبارەی ناسنامەی ئەو کەسانەی گیانییان لەدەستداوە، وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران باسی لەوە کرد، "ناسنامەی هەموویان ئاشکرابووە، بەشێکیان خەڵکی سۆرانن، بەشێکی تر خەڵکی ئێرانن هەروەها عەرەبیشی تیادایە، لای ئێمە هەموویان وەکو یەکن هیچ جیاوازییان ناکەین." هاوکات لەسەر لێکۆلینەوە لە هۆکاری روداوەکە رەوەند هاودیانی دەڵێت، "ناتوانین جارێ باس لە هۆکارەکانی روداوەکە بکەین، چونکە نامانەوێت پێش شتەکان بکەوین، لیژنەیەکی باڵا پێکهێنراوە ئەو لیژنەیە بەوردی ئیش لەسەر روداوەکە دەکات، دوای کۆتایی هاتنی کارەی لیژنەکە ئەنجامەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەین."
هاوڵاتی دوای ئەوەی ئەمریکا وەک تاکە ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڤیتۆی لەسەر پرۆژەیاسایەکدا بۆ ئاگربەست، ئیسرائیل سوپاسی وڵاتەکەی کرد و وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند پاڵپشتی ئەمریکا حەماس لەناو دەبات. رۆژی هەیینی پرۆژەیاساکە لەلایەن ئیماراتەوە بۆ ئەنجامدانی ئاگربەست لە غەززە پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کرا و لە ئەنجومەنەکەدا دەنگی لەسەر درا کە تێیدا 13 دەنگی بەڵێی بەدەستهێنا لەکۆی دەنگی 15 ئەندام، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەمریکا ڤیتۆی بەکارهێنا پرۆژەیاساکە تێنەپەڕی. پێنج ئەندامی هەمیشەیی لە ئەنجومەنەکەدا هەن کە دەتوانن هەر پرۆژەیاسایەک رەتبکەنەوە ئەوانیش، ئەمریکا، بەریتانیا، چین، فەرەنسا و روسیا. لە پرۆسەی دەنگدانەکەدا بەریتانیاش خۆی لە دەنگدان بەدوور گرت. نوێنەری ئەمریکا لە ئەنجومەنەکە هۆکاری رەتکردنەوەی پرۆژەیاساکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە پرۆژەیاساکە "ناهاوسەنگ" و ناواقعییە، هەروەها رەخنەشی لە پرۆژەیاساکە گرت چونکە ئاماژەی بە ئیدانەکردنی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 نەداوە کە لەلایەن حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدرا. دوای ئەوەی ئەمریکا ڤیتۆی لەسەر پرۆژەیاساکەدا، ئیلی کۆهن، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل سوپاسی ئەمریکا کرد بۆ پاڵپشتیکردنی لە بەردەوامیدان بە جەنگ چونکە رێخۆشدەکات بۆ "گەڕانەوەی زیاتری بارمتەکان و لەناوبردنی حەماس." هاوکات دەسەڵاتی فەڵەستین لە کەرتی خۆرئاوا رایگەیاند، ڤیتۆکەی ئەمریکا مایەی "پەشیمانی"یە و "ژیانی ملیۆنەها فەڵەستینی لەسەر پەتێک بەندە، ژیانی هەموویان پیرۆزە و شایەنی رزگارکردنە." بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، زیاتر لە 17 هەزار کەس کوژراون و زیاد لە 40 هەزار کەسی تریش لە کەرتی غەززە برینداربوون لەماوەی دوو مانگی جەنگدا.
هاوڵاتی لاهور شیخ جەنگی پەیامێکی سەبارەت بە روداوی ئاگرکەوتنەوەکەی سۆران بڵاوکردەوە و دڵگرانی خۆی لەبارەی روداوەکەوە دەربڕی، دەشڵێت "هیوادارم لایەنە پەیوەندیدارەکان رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی رووداوی کارەساتباری لەم شێوەیە." دوای ئەوەی شەوی رابردوو روداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەک لە ئیدارەی سۆران رویدا و تێیدا 14 کەس گیانیان لەدەستدا و حەوت کەسی تریش برینداربوون، لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "خەمبار و دڵگرانبووم بە روداوی کارەساتباری ئاگرکەوتنەوەکەی باڵەخانەیەک لە شاری سۆران، پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی کەس و کاری قوربانییەکان دەکەم، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم." لاهور شیخ جەنگی وتیشی، "هیوادارم لایەنە پەیوەندیدارەکان رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی رووداوی کارەساتباری لەم شێوەیە."
هاوڵاتی تائێستا ئاوارەكانی دهۆك نەوتیان پێنەدراوە، لەكاتێكدا وەرزی سەرما دەستیپێكردووە، ئەو ئاوارانەی شەنگال كە لە 15 كەمپی پارێزگاكەن چاوەڕێی نەوتن، بەرپرسێكی حكومەتی هەرێمیش دەڵێت نەوتی عێراقیان بۆ هاتووە بەڵام پشكنینیان بۆ كردووە كبریتی تێدابووە. هەرچەندە بڕیاربوو لە 1-10-2023 وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بەشە نەوتی ئاوارەكانی دهۆك ڕەوانە بكات، بەڵام نەوتەكە دواكەوت و پاش پشكنینی دەركەوت كبریتی تێدایە كە ئەوەش مەترسی كارەساتی لێدەكرێت. پیر دیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ وكۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان سەر بەحكومەتی هەرێم بە هاوڵاتی وت: بەڵێنمان لەوەزارەتی كۆچ وكۆچبەرانی عیراق وەرگرتبوو كە لەسەرەتای مانگی 10نەوت بگاتە دهۆك وبەسەر ئاوارەكاندا دابەشی بكەین، باوەرناكەم هیچ ساڵێك وەكو ئەمساڵ دواكەوتبێت، ئاوارەكان بەناچارییەوە لەسەر حسابی خۆیان نەوت دەكڕن. وتیشی: هەفتەی رابردوو حكومەتی عیراق لەكەركوكەوە چوار تانكەری نەوت كەهەریەكێكیان بڕی 36هەزار لیتری لەخۆگرتبوو هێنایە دهۆك، پێش دابەشكردن رەوانەی تاقیگەی دهۆكمانكرد تاوەكو پشكنینی بۆ بكرێت، دەركەوت بڕێكی زۆر لەكبریت لەناو نەوتەكەدا هەیە، ئێمەش سەرووی خۆمان ئاگاداركردەوە ووتمان ڕازی نین ئەم جۆرە نەوتە بەسەر ئاوارەكاندا دابەش بكرێت، جگە لەوەی كواڵیتیەكەی خراپە هاوكات ماددەی كبریت لەگەڵ نەوتەكەدا زوو دەبێتە هۆكاری سووتان.
هاوڵاتی لەگەڵ نزیكبوونەوەی ساڵڕۆژی جاڕنامەی جیهانی مافەكانی مرۆڤ، بەریتانیا و ئەمریكا و كەنەدا دەیان بەرپرسی پێشێلكاری مافی مرۆڤیان لەجیهان دەخەنە لیستی سزاكانیانەوە، بەشێك لەو بەرپرسانەش ئێرانین. بە پێی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا كە رۆژی هەینی هەشتی كانوونی یەكەم بڵاوكراوەتەوە، پێنج بەرپرسی ئەمنیی و دادوەری ئێران لە لیستی گەمارۆكانی بەریتانیادان. بەریتانیا هەریەك لە ( عەلی ساڵەحی دادوەری گشتی و ئینقلابی تاران، عەلیرەزا ئەدیانی، بەرپرسی رێكخراوی بیروباوەڕی سیاسی هێزەكانی پۆلیس، مەسعوود دروستی، بەڕێوەبەر و ئەندامی بەڕێوەبەری مێترۆی تاران، عەلی ئەكبەر جاویدان فەرماندە پۆلیسی هورموزگان، حەسەن مەفخەمی شارستانی، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای مازەندەرانی خستۆتە لیستی گەمارۆكانەوە). ئەم كەسانە بەوتەی بەریتانیا بەشێوەی بەرچاو پێشێلكاری مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕینیان ئەنجامداوە و دەستیان بووە لە سەركوتی خۆپیشاندەران و هەروەها دژی ژنان و مافەكانیان وەستاونەتەوە. لەگەڵ دەستپێكی شۆڕشی ژینا لە ئەیلوولی ٢٠٢٢ ەوە بۆ ماوەی چەند مانگێك، پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانی ئێران هەزاران كەسیان دەستبەسەر كرد و ژمارەیەكی زۆر خەڵكیان لە سێدارە دا. وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیەندراوەكەیدا هەروەها نووسیویەتی: هەركام لەم كەسانەی كەوتوونەتە لیستی گەمارۆكانەوە، لە ئەگەری بوونی هەر سەرمایەیەك لە بەریتانیا و كەنەدا و ئەمریكا، دەست بەسەر سەرمایەكەیاندا دەگیردرێت و مافی ئەوەیان نییە بۆ هیچكام لەم وڵاتانە سەفەر بكەن.
هاوڵاتی ژمارەی قوربانیانی کەرتی غەززە بەهۆی بۆردوومانەکانی سوپای ئیسرائیلەوە، تادێت هەڵدەكشێت، بەپێی نوێترین ئاماری تەندروستیی غەززە، ژمارەی کوژراو و برینداران لە ٦٤ هەزار کەس نزیک دەبێتەوە کە زۆربەیان ژن و منداڵن. ئەشرەف قودرە، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەزە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بەپێی نوێترین ئاماری تۆمارکراو، ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە بەهۆی بۆردوومان و هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلەوە، گەیشتە ١٧ هەزار و ٤٨٧ کەس. وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەزە وتیشی: ژمارەی بریندارانی کەرتی غەززە بۆ ٤٦ هەزار و ٤٨٠ کەس بەرز بووەتەوە، کە بەشی زۆریان برینەکانیان سەختە و بەهۆی نەبوونی شوێن لە نەخۆشخانەکان و کەمیی پێداویستی پزیشکی، لە ڕەوشێکی خراپدان. ئەشرەف قودرە ئاماژەی بەوەش کرد، زۆربەی کوژراو و برینداران ژن و منداڵن، کە ڕێژەی ٧٠٪ی کۆی قوربانییەکان پێکدەهێنن. سوپای ئیسرائیل دوای کۆتایی هاتنی ئاگربەستی مرۆیی نێوانیان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس، هێرش و بۆردوومانەکانی بۆسەر کەرتی غەززە لە باکوور و باشووری ئەو شارە چڕتر و فراوانتر کردووەتەوە، بە تایبەتی شاری خان یوونس کە بە هۆیەوە هەزاران کەس لە دانیشتووانەکەی بەرەو شاری ڕەفەح هەڵاتوون.