هاوڵاتی ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا تادێت فشارەکانیان زیاددەکەن بۆ سەر ئیسرائیل کە کۆتایی بەبۆردومانە فراوانەکانی بهێنێت و قۆناغی جەنگ تەواو ببێت، ئیدارەی بایدن پەیامێکی بەگوێی بەرپرسانی ئسیرائیلدا داوە کە «دەبێت لەسەرەتاکانی ٢٠٢٤ کۆتایی بەجەنگ بێت». رۆژنامەی هائارتزی ئیسرائیلی رایگەیاندووە، ئیدارەی بایدن و چەند وڵاتێکی ئەوروپی دەستیان کردووە بەفشار خستنەسەر ئیسرائیل کە لەچەند هەفتەی داهاتوودا ئیسرائیل پێگەی خۆی لە «ئۆپراسیۆنی سەربازی چڕ»ەوە بگۆڕێت بۆ هێرشی دیاریکراوو بۆردومانی وردو کوشتنی سەرکردەکانی حەماس. بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەکە، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا کە رۆژی دووشەممە گەیشتە ئیسرائیل و جەیک سەڵیڤان، وتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی کەهەفتەی رابردوو سەردانی ئیسرائیلی کرد، هەردووکیان پەیامێکی روونیان بە بەرپرسانی ئیسرائیل داوە لەسەر ئەو بابەتە. بەشێوەیەکی ئاشکرا، واشنتن بەردەوامە لەپشتگیریکردنی ئامانجەکانی ئیسرائیل. دوای سەردانەکەی سەڵیڤان، جۆن کیربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا رایگەیاند ئیدارەی بایدن پێیوایە «ئەم ململانێیە رەنگە چەندین مانگ بخایەنێت.» کێربی باسی لەوەشکرد ئیسرائیل و ئەمریکا تاووتوێی گۆڕانکاری جەنگیان کردووە لەئۆپەراسیۆنی چڕەوە بۆ ئۆپراسیۆنی ناچڕ. دوای کۆبونەوەی لەگەڵ یۆڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ئۆستن وتەیەکی کورتی لەسەر کۆبونەوەکەیان بڵاوکردەوەو وتی کە باسیان لەئامانجەکانی جەنگ، قۆناغەکانی داهاتوو و هەروەها پارێزگاریکردن لەخەڵکانی مەدەنی کردووە. رۆژنامەی هائارتز لەزاری سەرچاوەیەکی ئیسرائیل کە لەسەر کۆبوونەوەکە زانیاری پێدراوە دەڵێت کەوەزیری بەرگری ئەمریکا ئەوەی بەڕاشکاوی گەیاندووە کە قۆناغی ئێستای جەنگ، کەتێیدا هێزەکانی ئیسرائیل لەقوڵایی غەززە خەریکی ئۆپەراسیۆنی چڕن و زیانێکی زۆریان گەیاندووە، دەبێت تاسەرەتاکانی ٢٠٢٤ کۆتایی بێت. پێش ئەوەی بگاتە ئیسرائیل، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوایدا وتی لەئەزمونی وەزیری بەرگری لەئەفغانستان و عێراق پەیوەندیدارە بەو گرێکوێرەیەی ئێستا ئیسرائیل تێیکەوتووە. پێشتر لۆید ئۆستن فەرماندەی جەنگ بووە. «ئەو دەتوانیت روانگەی گرنگ لەسەر ئەو پرسانە بخاتەڕوو و هەر ئەوەش دەکات. ئەو دەیەوێت قسە لەگەڵ ئیسرائیلییەکان بکات سەربارەت بە رێگەشێوازی گۆڕینی قۆناغە جیاوازەکانی جەنگ»، بەرپرسەکەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا وای وت. هاوکات بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵی ئەمریکی، بەرپرسانی ئەمریکا بەنهێنی ئەوەیان راگەیاندووە کەدەیانەوێت قەبارەی جەنگ لەماوەی چەند هەفتەیەکدا کەم ببێتەوە. چەند بەرپرسێکی ئەمریکی ئەوەیان بۆ رۆژنامەکە ئاشکرا کردووە کە جەیک سەڵیڤان فشاری لەسەرکردەکانی ئیسرائیل کردووە کەئیسرائیل هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی کەمبکاتەوەو لەغەززەو بەرەو ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئامانج بۆدانراو هەنگاو بنێت. بەپێی قسەی ئەو سەرچاوانە، سەڵیڤان هۆشداری ئەوەشیداوە کە جەنگی درێژخایەن دەبێتە هۆی ئەوەی لەداهاتوودا بەڕێوەبردنی ناوچەکانی فەڵەستین قورس بێت. بەرپرسێکی ئەمریکی کە لەدانیشتەنەکاندا ئامادەیی هەبووە ئەوەی بە رۆژنامەکە وتووە کەئیسرائیل بێچەندوچوون ئەوەی خستووەتەڕوو کە دەیەوێت لە «ئامانجەکەی» سەرکەوتن بەدەستبهێنێت کەگرتنی غەززەو لەناوبردنی حەماسە. تەنها ئیدارەی بایدن نییە کە ئەم پەیامەی بەئیسرائیل گەیاندووە لە چەندرۆژی رابردوودا بەریتانیاو ئەڵمانیا، کە بەدوو وڵاتی بەرگریکاری سەرسەختی ئیسرائیل دادەنرێن، داوای «ئاگربەستێکی جێگر»یان کرد، بەڵام ئیسرائیل وەڵامی داواکاری ئەو دوو وڵاتەی نەداوەتەوە. هاوکات واشنتن تاکە وڵاتەکە کەدژی ئاگربەستەو ئەمەش لەدەنگدانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان دەرکەوت کە لەهەفتەی رابردوودا ئەنجامدراو ئەمریکا ڤیتۆی لەسەر ئاگربەست دا. بەپێی وتەی ئەو سەرچاوە ئیسرائیلییەی کەقسەی بۆ رۆژنامەی هائارتز کردووە، داوای ئاگربەست لەلایەن وڵاتە ئەوروپییەکان و رەخنە زۆرەکانی ناو کۆنگرێس لەسەر ئیسرائیل بەئاگاداری ئیدارەی بایدنە. «بایدن بیر لەم شتانە دەکاتەوەو جارێ بەڕاستەوخۆ نایانڵێت، بەڵام قسە بۆ خەڵکانی تر دەکات و ئەوانیش بەدڵنیاییەوە پەیامەکە دەگەیەنن»، سەرچاوە ئیسرائیلییەکە کە ناوی نەهاتووە وای وت. هاوکات سیناتۆر کریس کوونس، کەیەکێک لەنزیکترین هاوپەیمانی بایدن لەکۆنگرێس، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرکوەزیرانی ئیسرائیلی بە «هاوبشیکی سەخت» ناوزەند کرد بەهۆی ئەوەی ناتانیاهۆ دژایەتی کۆنترۆڵکردنی غەززە دەکات لەلایەن دەسەڵاتی فەڵەستینەوەو روانگەی بایدن لەسەر چارەسەر دوو دەوڵەتە. لەهەفتەی رابردوو، کریس کوونس بەکەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکی راگەیاند، ناتانیاهۆ «هەموو شتێک دەکات کە لەدەسەڵاتیدا بێت بۆ لەباربردنی روانگەیەکی ئەرێنی سەبارەت بەپرسی ئاشتی بۆ ئیسرائیل». کریس کوونس کەسیناتۆرێکی دیموکراتی جولەکەیە باسی لەوەکرد کە بایدن «بێزاربووە لەجەنگە بێسنورەکەی بیبی [ناتانیاهۆ]» و هۆشداری ئەوەیدا کەدەبێت «بۆردومانەکان بەشێوەیەکی فراوان سنورداربکرێن ئەگەر نا ئیسرائیل هاوڕێ راستەقینەکەی لەدەستدەدات». شیکەرەوان گومانیان هەیە لەوەی ئیسرائیل بتوانێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لەوکاتەی ئەمریکا بۆی دیاریکردووە، بەتایبەتی ئەگەر ناچاربکرێت ئۆپەراسیۆنەکەی تاکۆتایی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو سنوردار بکات. «ئەگەر ئێستا جەنگ کۆتایی پێ بهێنین، ئەوا دەبێتە شکستێکی خراپ بۆ ئیسرائیل»، جیۆرا ئیلاند، جەنەڕاڵێکی پێشووی سوپای ئیسرائیل ئەمەی بە رۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵ وتووە. ئیلاند دەشڵێت کەپێیوانییە کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل و پشتبەستن بەهێرشە ئاسمانی و پەلاماری کۆماندۆیی سەرکەوتوو بێت لەڕیشەکێشکردنی حەماس. رۆژی سێشەممە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند «هێرشی بەئامانجگیراو»ی لە خان یونس ئەنجامداوەو بنکەیەکی عەمبارکردنی چەک و تەقەمەنی حەماسی دۆزیوەتەوە. حاتم سالم، کە لەگەڕەکی ئەلدەراج لەغەززە دەژی بەرۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵی راگەیاندووە کە چەندرۆژی رابردوو زۆر سەخت بووە بۆ ئەو دانیشتوانانەی غەززە کە ماونەتەوەو نەڕۆیشتوون. «گولـلەتۆپی تانکەکان نە بەڕۆژ نە بەشەو نەوەستاون، ئێمە لیرە دەژین بچین بۆ کوێ؟ سوپای ئیسرائیل پەیام دەنێرێت بۆ خەڵک کە بچن بۆ پەناگەکان، کام پەناگانە؟»، سالم وای وت. بەپێچەوانەی ئەوکاتەی ئەمریکا بۆ ئیسرائیلی داناوە بۆ کۆتایهێنان بەجەنگ، جەنەڕاڵەکەی پێشووی سوپای ئیسرائیل پێیوایە جەنگ درێژە دەخایەنێت. «لەئێستادا، پێموانییە نزیک بین لەسەرکەوتن لە خان یونس، رەنگە چەند هەفتە یان زیاتری پێبچێت»، جیۆرا ئیلاند وای وت.

هاوڵاتی بەرەبەیانی رۆژی هەینی ١٥ی کانوونی یەکەم، لەلایەن گروپێکی چەکدارەوە هێرش کرایەسەر بنکەی هێزە سەربازییەکان لەشاری (راسک) لەپارێزگای سیستان و بەلووچستان، بەپێی ئەو هەواڵانەی لەمیدیاکانەوە بڵاوکرایەوە، بەهۆی ئەم هێرشەوە لانیکەم ١١ کەس کوژران و حەوت کەس برینداربوون. عەلیڕەزا مەرحەمەتی، جێگری پارێزگاری سیستان و بەلووچستان لەلێدوانێکیدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند لانیکەم ١١ کەس لەهێزەکانی پۆلیس و پۆلیسی سەر سنوور کوژراون. هەر لەم پەیوەندەدا ئاژانسی هەواڵی فارس سەر بەسوپای پاسداران ژمارەی کوژراوەکانی بە ١٢ کەس راگەیاندو هەروەها رایگەیاند حەوت کەس برینداربوون کەباری تەندروستی هەندێکیان ناجێگیرە. ژمارەیەک لەسەرچاوە ناوخۆییەکان لەسیستان و بەلووچستان ئاماژەیان بەوەدا کەژمارەی کوژراوەکان زیاترە لەوەی کە لەمیدیاکانەوە راگەیەندراوە. بۆ وێنە (خلیل اللە بلوچی) چالاکی کۆمەڵایەتی، کە دانیشتووی زاهیدانە لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوە داوە کە ١٥ کەس کوژراون و ژمارەیەکیش بریندارن. مەجید میرئەحمەدی، جێگری ئەمنیەتی و سەربازی وەزارەتی ناوخۆی ئێران، رایگەیاند دوو کەس لەهێرشبەرەکان لەشەڕەکەدا کوژراون و یەک کەس بەبرینداری گیراوەو ئەوانیتر هەڵاتوون. ماڵپەڕی حال وش و کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، کەهەواڵەکانی سیستان و بەلووچستان بڵاودەکەنەوە رایانگەیاند «جیش العدل – سوپای دادپەروەری» بەرپرسیاریەتی ئەم هێرشەی گرتووەتە ئەستۆو ئێران ئەم رەوتەی وەک بکەری ئەم هێرشە ناوبرد. ماڵپەڕی (شبکە عدل) کەماڵپەڕی فەرمی جیش العدلە، ئەم هێرشەی وەک تۆڵە ناوبردو بە فەرمی ئەم هێرشەی گرتە ئەستۆ. لەم راپۆرتەدا ئەمانەوێ باس لەمێژووی دامەزران و ئایدیاو بۆچوونەکانی ئەم گرووپە چەکدارە بەلووچە بکەین لەئێران. جەیش العدل – سوپای دادپەروەری رێکخراوی « جەیش العدلی ئێران» رێکخراوێکی ئیسلامەگەرای چەکداری دژەبەری ئێران کە خۆی وەک «سوپای عەدالەت و یەکسانی» و سوننە دەناسێنێت. ئەم گروپە خۆی بەداکۆکیکاری مافی سوننەکان بەتایبەت لەپارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران دەناسێنێت. لەساڵەکانی یەکەمی دامەزرانیدا وەک دژبەری دەستتێوەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسووریا دەناسراو وەک بەشێک لەسیاسەتەکانی ئەم حزبە ناوی لێ دەبرا. ئەم گروپە هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوەو زۆرجاران هێرشی چەکداری کردووەتە سەر هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران و بەرپرسیارییەتی چەند هێرشی چەکداری لەسنوورەکانی باشوری رۆژهەڵاتی ئێران گرتووەتە ئەستۆ. تیرۆری بەرپرسان و رفاندنی هێزەکانی سەرسنوور و چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، بەشێکی تر بووە لە چالاکییەکانی ئەم گرووپە. رێکخراوی جیش العدل، دوای ئەوەی لەساڵی ٢٠١٠ عەبدولمالک ریگی، رێبەری گرووپی «جوندوڵڵا» لەسێدارەدراو ئەم گرووپە هەڵوەشایەوە، لەلایەن بەشێک لەئەندامانی جوندوڵڵاو ژمارەیەک لەلاوانی بەلووچەوە دامەزراو ساڵی ٢٠١٢ سەڵاحەدین فارۆقی وەک کەسی یەکەمی ئەم رێکخراوە دیاری کرا. جەیش العدل، سەڵاحەدین فاروقی وەک ئەمیر و رێبەری جەهادی بەلووچستان ناو دەبات.   تیرۆر یان بەرگری رەوا کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم رێکخراوە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناودەبات کە سەر بەئەمریکایەو ئێران وەک «جەیش الڤلم – سوپای ستەم» ناوی دەبات. ئەمریکا هاوشانی یابان و نیوزلەندا ئەم گرووپە وەک گروپێکی تیرۆریستی ناو دەبات. جەیش العدل و بەتایبەت باڵی سەربازی ئەم رێکخراوە رێکاری جیاوازی سەربازی دەگرنەبەر بۆ وەستانەوە دژی ئێران. ئەو رێکارانە رەنگە هەندێکیان لەلای کۆمەڵگای جیهانی پەسەندکراو نەبن، بەڵام لای بەشێک لەخەڵکی بەلووچستان کەخۆیان نزیک بەم رێکخراوە دەزانن پەسەندکراون. یەکێک لەو رێکارانەی ئەم گرووپە گرتوویەتە بەر، بەبارمتەگرتنی هێزە سەربازییە سنوورییەکانە لەسیستان و بەلووچستان. هێزە سنوورییەکان زۆرجار تەقەی راستەوخۆ  لەکاسبکارانی بەلووچ دەکەن لەسەر سنوور. لەبەرئەوەی بەلووچستان هاوشێوەی کوردستان بێبەشە لەخزمەتگوزاری پیشەسازی، خەڵک بۆ بژێوی ژیانیان ناچارن کۆڵبەری بکەن و هێزە سنوورییەکان تەقەیان لێدەکەن. جەیش العدل زۆرجار وەک تۆڵەکردنەوە هێزە سنوورییەکان بەبارمتە دەگرێت یان هێرش دەکاتە سەر بنکەکانیان. ئەوەی لای ئەم هێزە رەوایی بەم کارانە دەدات ئەوەیە وەک بەرگری رەوا ناوی دەبەن. جەیش العدل خۆی وەک لایەنگرو بەرگریکاری سوننەکانی بەلووچستان ناساندووە. پارێزگای بەلووچستان لەئێران کە هاوسنوورە لەگەڵ بەلووچستانی پاکستان، ناوچەیەکی سوننە نشینن و زۆربەی دانیشتوانی سەر بەسوننەن و شوێنکەوتەی ئیمامی حەنەفین. جەیش العدل خۆی وەک هێزێکی نەتەوەیی- ئیسلامی پێناسەدەکات. هەربۆیە هەر چەشنە دەستدرێژییەک و توندووتیژییەک لەلایەن ئێرانەوە دژ بەخەڵکی بەلووچستان، بەهێرش بۆسەر ئەو خەڵکە دەزانێت کە خۆی بەبەرگریکاریان ئەزانێ و بەمافی خۆیان دەزانن پەنا بۆهەر رێکارێک ببەن دژی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران لەناوچەکە.   جیابوونەوەی جەیش النصر – سوپای سەرکەوتن هاوینی ٢٠١٤، عەبدولڕەئوف ریگی، برای عەبدولمالک ریگی، رێبەری جوندوڵڵا کە ساڵی ٢٠١٠ لەئێران لەسێدارەدرا، جیابوونەوەی خۆی لە جەیش العدل راگەیاندو حزبی جەیش النصری دامەزراندو چالاکییە سەربازییەکانی خۆی دژ بەئێران درێژە پێدا. دەوترێت عەبدولڕەئووف ریگی، بەناڕەزایەتی بەکوشتنی بارمتەیەکی ئێرانی لەلایەن جەیش العدلەوە لەو گرووپە جیابۆتەوە. ماوەیەکی کورت دوای جیابوونەوە، لەکۆتاییەکانی سێپتەمبەری ٢٠١٤ عەبدولڕەئووف ریگی لەگەڵ خوشکەزاکەی بەناو ئەبووبەکر ریگی، لە پاکستان تیرۆر کرا. ئێران تیرۆرکردنی عەبدولڕەئووف ریگی و ئەبووبەکر ریگی دایەپاڵ جەیش العدل و رایگەیاند ئەم خاڵ و خوشکەزایە لە شاری (ئەلبەندین)ی پاکستان لەلایەن جەیش العدلەوە کوژراون. بەڵام رێبەران و ئەندامانی جەیش النصر ئەوەیان رەتکردەوە کە ریگی بەدەستی جەیش العدل کوژرابێت و کۆماری ئیسلامیان وەک تۆمەتباری ئەم کردەوە تیرۆریستییە ناوبردو رایانگەیاند رێبەری جەیش النصر لەلایەن ئێرانەوەو لەشاری کوەیتەی پاکستان تیرۆر کراوە. چەند مانگ دواتر مەحموود عەلەوی، وەزیری موخابەراتی ئێران ئاماژەی بەکوشتنی ئەم دوو کەسە داو وتی :» کرانە ئامانجی تیری غەیب». جەیش العدل مانگی شوباتی ٢٠١٤ هێرشی کردەسەر بنکەیەکی سەربازی ئێران لەسنووری پاکستان و پێنج کەس لەهێزە سەربازییەکانی ئەو بنکەیەی بە بارمتە گرت. دواتر یەکێک لەبارمتەکان بەناوی ( جەمشید دانایی فەڕ) لەلایەن ئەم گرووپەوە لەسێدارەدراو چوار کەسی تریان کە سەربازبوون بەنێوانگیری کەسانی ناسراوی ناوچەکە ئازادکران. عەبدولڕەئووف ریگی لەکۆمەڵێک وتووێژدا کە ڤیدیۆکانیان ئێستاش لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بە تایبەت لەیوتیوب بەردەستە، دژی لەسێدارەدانی ئەم پلەدارە سەربازییە بووە، هەربۆیە بەدامەزراندنی جەیش النصر رێگای خۆی لە جەیش العدل جیاکردەوە. ساڵی ٢٠١٦ جەیش العدل، لەڕاگەیاندنێکدا رایگەیاند کەهێزەکانی «جەیش النصر» جارێکی تر پەیوەست بووەنەتەوە بە «جەیش العدل» و جەیش النصر هەڵوەشاوەتەوە.   درێژەدەری رێبازی جنداللە زۆربەی چالاکانی بەلووچ و تەنانەت خودی جەیش العدل، خۆیان بەدرێژەدەری رێبازی جنداللە دەزانن. گرووپی «جنداللە» بەر لەدەستگیرکردنی رێبەرەکەیان (عەبدولمالک ریگی) و ئیعدامکردنی لەلایەن ئێرانەوە، بۆ ماوەی چەند ساڵ هاوشیوەی جەیش العدل، چالاکی سەربازی دەکردو هێرشی دەکردە سەر بنکەو بارەگاکانی سەرسنوور و هەڵدەهاتنەوە بۆ پاکستان. ئەم چالاکیانە بەردەوام بوو تا ئەوەی رۆژی ٢٣ی شوباتی ٢٠١٠، وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی رایگەیاند عەبدولمالک ریگی لەفڕۆکەیەکدا کە لەدوبەیەوە بەرەو قەرقیزستان دەڕۆشت، ناسراوەتەوەو دوای ئەوەی فڕۆکەکە هاتۆتە خاکی ئێران، ناچاریان کردووە بنیشێتەوەو دەستگیریان کردووە. دەستگیرکردنی رێبەری جنداللە و دواتر ئێعدامکردنی لەمانگی ٦ی ٢٠١٠ بوو بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەم رەوتە. جوندوڵڵا خۆیان وەک رەوتێک دەناسی کە بەرگریان لەخەڵکی بەلووچستان دەکرد. بەڵام کۆماری ئیسلامی ئەوانی وەک گرووپێکی تیرۆریستی وەهابی و سەلەفی ناودەبرد کە لەلایەن ئەمریکاو بەریتانیاوە پشتیوانی دەکرێن. بەڵام ئەمریکاو بەریتانیا هەرچەشنە پشتیوانییەک لەم گرووپەیان رەتدەکردەوە. جنداللە وەک گرووپێکی پشتیوانی سوننەکانی بەلووچستان لەساڵی ٢٠٠٣ دامەزراو چالاکی سەربازی خۆی دەستپێکرد. زۆرجار هێرشی دەکردە سەر بنکە سەربازی و کۆبوونەوە گشتییەکان. ساڵی ٢٠٠٩ و لەکاتی هەڵبژاردنی سەرکۆماری، بۆمبێک لەیەکێک لەمزگەوتە شیعەکانی زاهیدان تەقییەوە، ٢٥ کەس کوژران و ١٢٠ کەس برینداربوون. جنداللە بەرپرسایەتی ئەم هێرشەی گرتەئەستۆ . نەتەوەیەکگرتووەکان ئەم هێرشەی وەک هێرشێکی تیرۆریستی ناوبردو سەرکۆنەی کرد. جەیش العدل خۆیان بەدرێژەدەری ئەم رەوتە دەزانن. لەماڵپەڕی فەرمی خۆیان بەناوی (شبکە عدل) بەئاشكرا خۆیان بەدرێژەدەری رێگای عەبدولمالک ریگی ناودەبەن. دروشمی سەرەکی ئەم رێکخراوە پشتیوانیکردنە لەعەداڵەت و بزووتنەوەکەیان وەک هەوڵێک بۆ جێگیرکردنی عەداڵەت ناودەبەن. ئەوان باس لەوەدەکەن دەیانەوێ خۆیان مێژوو بنووسنەوە. مێژوو بەو شێوەیەی بوونی هەیە نەک بەو شێوەیەی زاڵمەکان دەیانەوێت.   جەیش العدل و جەنگی غەززە جەیش العدل، لەماڵپەڕی فەرمی خۆیان بەئاشکرا پشتیوانی لەخەڵکی غەززە ئەکەن. بەڵام جەنگی غەززە بەئاگرێک دەزانن کەئێران کردوویەتیەوەو دژی حەماس هەڵوێستیان گرتووە. لەراگەیاندنێکی فەرمیدا نووسیویانە:» ئێمە بەدڵ لەگەڵ خەڵکی هەژارو بێ پەنای غەززەین. خەڵکی فەلەستین و ئوممەی ئیسلامی دەبێ هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر بەوەی کە کۆماری ئیسلامی (رژێمی ویلایەتی فەقیە) بازرگانی سیاسی و ئایدیۆلۆژیایی بکات بەخوێنی خەڵکی هەژاری فەلەستینەوە». لەو راگەیاندنەدا لەگەڵ ئەوەی دژی کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە هەڵوێستیان هەیە، بەڵام ئەم جەنگە بەئاگرێک دەزانن کەهەڵگیرسێنەرەکەی کۆماری ئیسلامیە و لەڕێگای حەماسەوە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی دەکرێت ئەم جەنگە بەمەبەست هەڵگیرسێندراوە. جەیش العدل دژی دەستتێوەردانی کۆماری ئیسلامییە لەکاروباری خەڵکی فەلەستین و لوبنان و لایان وایە کۆماری ئیسلامی بەم شێوەیە ئاگری جەنگ لەخۆی دووردەخاتەوە. ئەم رەوتە لای وایە ئێران دژی ئەوەیە کێشەی فەلەستین بەشێوەی ئاشتیخوازانە چارەسەربکرێت و بەم شێوەیە خەڵکی غەزەی کردووە بە قوربانی.

هاوڵاتی تورکمانەکان لەسەر کورسی کۆتاکان هاتنە دەنگ و دەڵێن، پێشتر یەکێتی  خۆی رەتیکردووەتەوە، کە کورسی کۆتا بۆ تورکمانەکانی سلێمانی دیاری بکرێت. ئەحمەد یەعقوب وتەبێژی پارتی ئیرادەی نیشتمانی تورکمان، ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "پێویستە سیستەمێکی رێک و پێک بۆ کورسی کۆتای پێکهاتەکان دابنرێت، ئێمە دڵنیاین هیچ حزب و لایەنێک لەگەڵ نەمانی کورسی کۆتاکان یان دابەشکاری سیاسیی نین". وتیشی، "کاتێک لەساڵی 2013  کە کورسی کۆتا دیاریدەکرا، نوێنەری لیستی تورکمان لەهەولێر داوای کورسی کۆتای بۆ تورکمانەکانی سلێمانی کرد، ئەوکات پەرلەمانتارانی یەکێتی وتیان: ئێمە کورسی کۆتامان بۆ تورکمانەکانی سلێمانی ناوێت، چونکە تەنها چەند فەرمانبەرێکی تورکمان لەسلێمانی هەن كه‌ لەشارۆچکەی کفرین، بۆیە لەو سنورە پێویستمان بەکورسی کۆتا نییە، ئێمە دڵنیایین یەکێتی ئەمڕۆش لەگەڵ دابەشکردنی کورسی کۆتای تورکمان نییە لەسەر پارێزگاکانی هەرێم، چونکە یەکێتی‌و لایەنەکانی دیکەش دەزانن تورکمان لەسلێمانی‌و دهۆک ژمارەیان وەک هەولێر نییە". قسەکانی وتەبێژی پارتی ئیرادەی نیشتیمانی تورکمان لە کاتێکدایە لە ئێستادا دوو سکاڵ لەسەر کورسی کۆتاکان و هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لەلە دادگای فیدڕاڵی عێراق تۆمارکراوە. سکاڵاکان لەلایەن زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان‌و ئامانج نەجیب شەمعون ئەندامى کریستیانەکان لەئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون کە لەدژی پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە کە تایبەتن بەژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی‌و فرە بازنەیی هەڵبژاردن‌و ژمارەی کورسی کۆتاکان لەپەرلەمانى کوردستان‌. بەگوێرەى مادەى 36ـی یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، پێنج کورسیی کۆتا لە پەرلەمانى کوردستان بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخان دەکرێن، لەگەڵ یەک کورسی بۆ پێکهاتەى ئەرمەن، هەروەها پێنج کورسی بۆ تورکمانەکان.  

شەنای فاتیح زیاتر لەسێ مانگ و بەدیاریکراوی ٩٧ رۆژ بەسەر وادەی دەستپێکردنەوەی وەرزی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ تێپەڕدەبێت، بەڵام تائێستا لەپارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان دەرگای ناوەندەکانی خوێندن نەکراونەتەوەو مامۆستایان ئامادەنین بایکۆت بشکێنن، وەزیری پەروەردەش دەڵێت هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە خوێندنی ئەمساڵ لەسلێمانی و هەڵەبجە نەفەوتێت. بەپێی ساڵنامەی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٣ بەیەکەم رۆژی دەسپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن دیاریکرا، بەڵام بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیانەوە مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردو تائێستاش چارەنووسی پڕۆسەکە نادیارە، ئەمە لەکاتێکدا کە لەسنووری پارێزگای هەولێرو دهۆک پڕۆسەی خوێندن ئاساییەو مامۆستایان و خوێندکاران لە١٣ی ئەیلولەوە دەوام دەکەن و تەنها ١٠ رۆژیان ماوە تاوەزرێکی خوێندن تەواوبکەن. بەهۆی چارەسەرنەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغدا دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دواکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە بەجۆرێک، تائێستاش چارەنووسی موچەی مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم نادیارە، بەهۆی ئەم دواکەوتنەشەوە مامۆستایان نەچوونەوە هۆڵەکانی خوێندن و بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی بەنیازن وەزری دووەمیش درێژە بەبایکۆت دەدەن، بەو هۆیەشەوە لەسنووری سلێمانیدا خوێندن لەهەزارو ٣٩٠ ناوەندی خوێندندا پەکیکەوتووە بەم شێوەیە دابەشبوون: ١٠٦ باخچەو هەزار قوتابخانەی بنەڕەتی و ٢١ دواناوەندی و ٢١٧ ئامادەیی و ٢٣ ناوەندی فێرکردنی خێراو ١٦ ناوەندی پیشەیی و دوو کۆمەڵگەو پێنج ناوەندی نەهێشتنی نەخوێندەواری. رۆژی ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەقوتابخانەی «نالی بنەڕەتی تێکەڵاو» لەهەولێر بەبۆنەی رۆی ئاڵاوە وتەیەكی پێشكەشكردو وتی: هەموو هەوڵێکی ئێمە ئەوەیە کە خوێندنی ئەمساڵی ئەو ناوچانە نەفەوتێت، ئەوەی پێویست بێت لەسەر شانی ئێمە وەک وەزارەتی پەروەردە لەڕووی تەکنیکییەوە ئامادەین بۆ ئەوەی بتوانین هاوکاری بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکانی سلێمانی  و هەڵەبجەو راپەڕین و گەرمیان بین. وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم وتیشی: ئومێدەوارین مامۆستایان بگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن و دەستبکەنەوە بەپڕۆسەکە، چونکە کاتێکی زۆر رۆیشتووە، دەستپێنەکردنی دەوام کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی خوێندنی ئەو ناوچانە هەبووە کەدەوامیان تێدا نەکراوە، بەڵام ساڵی خوێندن دواناخرێت. مامۆستایانی ناڕازیی هێشتا سورن لەسەر هەڵوێستەكەیان  محەمەد کەمال، مامۆستا لەنوێنەرایەتی مامۆستایانی وانەبێژ لەسلێمانی لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: وەرزی دووەمیش بایکۆتکردن بەردەوام دەبێت، دەرگای ناوەندەکانی خوێندنیش ئەو کاتە دەکرێتەوە کەهەر چوار داواکاری مامۆستایان جێبەجێبکرێت. وتیشی: ئێمەی وانەبێژانیش شایستەی دارایی مانگی ئەیلولمان وەرگرتووە ئەویش پاش موچەی مامۆستایان دابەشکرا. سەبارەت بەخۆپیشاندانی مامۆستایانی وانەبێژ، محەمەد کەمال وتی: ئێمەی وانەبێژان خۆپیشاندانمان نییەو  تاسەرەتای وەرزی دووەم تەنها بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندن دەکەین. بەهۆی داخستنی ناوەندەکانی خوێندنەوە، ٣٧٩ هەزارو ٨٠٧ قوتابی لەناوەندەکانی سنووری پەروەردەی سلێمانیدا لەخوێندن دابڕاون کە بەم شێوەیە دابەشبوون: ١٦ هەزارو ٤٠٦ قوتابی باخچە، ٢٨٤ هەزارو ١٥٤ قوتابی بنەڕەتی، چوار هەزارو ٨٦٦ قوتابی دواناوەندی، ٦٨ هەزارو ٨٦٧ قوتابی ئامادەیی، ٩٥١ قوتابی فێرکردنی خێرا، سێ هەزارو ٦٣١ قوتابی پیشەیی، ٥٤٥ قوتابی کۆمەڵگەکان و ٣٨٧ قوتابی نەهێشتنی نەخوێندەواری. پێشتر عەتا ئەحمەد جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: حكومەت هیچ هەنگاوێكی نەناوە و ئامادەش نییە لەگەڵ مامۆستایان کۆببێتەوە بەو هۆیەشەوە بایكۆت لەسنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و راپەڕین بەردەوامە. وتیشی:  ئەوەی جێگەی مەترسییە پۆلی ١٢یە چونكە لەبەشێك لەشوێنەكان ئەوانیش دەوام ناكەن كەئەوەش كێشەیەكی گەورەیەو دواتر تاقیكردنەوەی وزاری قەرەبوو ناكرێتەوە، پرۆسەكە لەتونێلێكی تاریكدایەو ئەوسەری دیار نییە. «حكومەت ئەگەر ناشتوانێت چارەسەری مووچەی مامۆستایان بكات دەبێت رازی بێت مووچەی مامۆستایان بچێتە سەر بەغداو حكومەتی عێراقیش ئامادەیی تێدایە بۆیە دەبێت ئەم كێشەیە چارەسەربكرێت و دواتریش رێگەچارەیەك دابنرێت بۆ قەرەبووكردنەوەی خوێندن تا ئەو زیانەی بەر خوێندن كەوتووە ئەگەر هەمووشی قەرەبوو نەكرێتەوە بەشێكی قەرەبوو بكرێتەوە.» عەتا ئەحمەد وای وت. ئانا عەبدوڵا، خوێندکارێکی پۆلی ١٠ی ئامادەییە لەشاری سلێمانی و لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: زۆرم پێناخۆشە ئەمساڵ دەرگای قوتابخانەکان داخراون و تەنها پۆلی ١٢ دەوام دەکەن و پۆلەکانی دیکە دەوامیان نییە، لەپۆلی نۆ هەندێک بابەتمان دەخوێند مامۆستا پێی دەوتین لەپۆلی ١٠ باشتر دەیخوێنن، بەڵام هاتینە پۆلی ١٠و دەرگای قوتابخانە داخرا، قوتابخانەش بکرێتەوە بابەتەکان بەخێرایی دەخوێنین و سودێکی ئەوتۆی نابێت بۆمان. ئەو خوێندكارە وتیشی: کاتەکانم بەکتێب خوێندنەوە بەسەردەبەم، جاروباریش کتێبەکانی قوتابخانە دەخوێنمەوەو تەماشای بابەتەکان دەکەم بەڵام بەشێوەیەکی گشتی لەکتێبەکانی قوتابخانە ساردبوومەتەوە.  

هاوڵاتی وته‌بێژی یه‌كێتی خانه‌نشینانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ دوای 13 مانگ له‌ جێبه‌جێنه‌كردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق په‌یوه‌ست به‌ جێبه‌جێنه‌كردنی یاسای یه‌كگرتوی خانه‌نشینی له‌ هه‌رێم، جارێكی دیكه‌ په‌نا بۆ به‌غدا ده‌به‌نه‌وه‌. سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، دوای تێپه‌ڕبونی 13 مانگ به‌سه‌ر بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ هاوتاكردنی موچه‌ی خانه‌نشینیانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا و جێبه‌جێكردنی یاسای خانه‌نشینی یه‌كگرتو، "ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كمان داوه‌ته‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌ڵام ئه‌و هه‌فته‌یه‌ش ته‌واوبوه‌ و وه‌ڵامیان نه‌بوه‌، ناچارین جارێكی دیكه‌ روبكه‌ینه‌وه‌ به‌غدا و ئێمه‌ به‌شێكین له‌ عێراق و مافمان هه‌یه‌ به‌سه‌ر عێراقدا وه‌ك چۆن مافمان هه‌یه‌ به‌سه‌ر هه‌رێمه‌وه‌". لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی کوردستان باسی لە هەوڵەکانیان کرد و وتی: مانگێک  پێش ئێستا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیمان سەبارەت بە تێپەڕبوونی یەک ساڵ بەسەر بڕیاری دادگای باڵای فێدڕاڵی عێراق بۆ پابەندکردنی حکومەتی هەرێم بە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ عێراقدا، پاش ئەوەی کە حەفتەیەک مۆڵەتمان بە حکومەتدا، بەڵام هیچ دەستپێشخەرییەکیان نەبوو، بۆیە دوو جار سەردانی بەغدامان کرد. باسی لە سەردانی یەکەمیان کرد و وتی: لەگەڵ سەرۆکی یەکەی خانەنشینانی عێراق کۆبووینەوە، باسمان لە بارودۆخی یاسایی خانەنشینان و مووچەخۆرانی دیکەی هەرێممان کرد، پێی ڕاگەیاندین کە دەتوانن شایستە داراییەکانی خانەنشنانی هەرێم بخەنە سەر یەکەکەی خۆیان و لە هەمواری بودجەی ساڵی نوێدا ئەو پێشنیارە دەکەن. وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی هه‌رێم باسی له‌وه‌شكرد، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ زێدان فایه‌ق، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری عێراق كۆبونه‌ته‌وه‌ و داخوازیه‌كانی ئێمه‌ی یاداشت كرد و له‌ هه‌ندێك شتیش بێئاگابو، له‌ راپۆرتێكدا هه‌مو ورده‌كاریه‌كانمان داوه‌ته‌ ده‌ستیان و واژۆی نزیكه‌ی 13 هه‌زار خانه‌نشینمان راده‌ستكرد و وتی، هیچ لایه‌نێك له‌ عێراقدا بۆی نییه‌ كه‌ بڕیاری دادگای فیدڕاڵی جێبه‌جێ نه‌كات و ئێمه‌ پشتگیریتان ده‌كه‌ین، ئومێدی زیاتری پێبه‌خشین". لە ٢٢ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢، دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراقی، بڕیاری ژمارە ٢١٢ی تایبەت بە خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دەرکرد، ئەم بڕیارە حکومەتی هەرێم پابەند دەکات بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووەی عێراقی ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤، وەک سەرجەم ناوچەکانی دیکەی عێراق، بەڵام تا ئێستا ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکراوە.  

سەركۆ جەمال لەسەر ئاستی پارێزگای كەركوك، كورد زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا، بەرپرسێكی یەكێتی دەڵێت هەر پارێزگارێك دابنێن دەبێتە پارێزگار بۆ هەموو لایەنەكان بەپارتی و نەوەی نوێشەوە، شارەزایەكی هەڵبژاردنیش پێی وایە ئەمجارە كورد بەتاك لایەنە ناتوانێت پارێزگاری كەركوك دابنێت، پەرلەمانتارێكی پێشووش دەڵێت حزبەكان لەكەركوك وایانكردووە متمانە لەنێوان پێكهاتەكان نەمێنێت و ترسیان هەبێت لایەنی بەرامبەر بیانسڕێتەوە بۆیە هیچ لایەنێك نییە گوتاری بۆ هەموو پێكهاتەكان بێت. رۆژی 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوەچوو، تێكڕای ژمارەی كورسییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لەو 15 پارێزگایەی هەڵبژاردنی تێدا كرا 285 كورسییە؛ 75 كورسی كۆتای ژنن، 10 كۆتای پێكهاتەكانی كریستیان، كوردی شەبەك، كوردی ئێزدی، كوردی فەیلی و سائیبەی مەندایین.  206 هەزارو 429 فەرمانبەر سەرپەرشتیی پڕۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانیان كردو 111 هەزارو 714 كامێرای چاودێریش لە بنكەو ناوەندەكانی دەنگدان دانرابوون بۆ چاودێریكردنی پڕۆسەی دەنگدان.   كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لەدوای 24 كاتژمێر ئەنجامی بەرایی راگەیاند كە بەمشێوەیەیە لیستی یەكێتی و شیوعی بەناوی كەركوك هێزو ئیرادەمانە 139 هەزارو 373 دەنگی هێناوەو لیستی یەكەمە لەسەر ئاستی پارێزگاكە، هاوپەیمانی عەرەبی كەركوك كەعەرەبە سوننەكانن، 98 هەزار و 174 دەنگیان هێناوەو هێزی دووەمن، بەرەی توركمانی بە 72 هەزارو 281 دەنگ بووە لیستی سێیەمی پارێزگای كەركوك، لیستی قیادەی عەرەبی 59 هەزارو 430 دەنگی هێناوەو پلەی چوارەمی هەیە، پارتی دیموكراتی كوردستان 46 هەزارو 749 دەنگی هێناوەو پێنجەم لیستە، هاوپەیمانی عەرەبی شەشەم لیستەو 46 هەزارو 65 دەنگی هێناوە، نەوەی نوێ حەوتەم لیستە و 24 هەزارو 620 دەنگی هێناوە، لیستی كەركوكنا پلەی هەشتەمی هەیەو 21 هەزارو 114 دەنگی هێناوە، چەند كاندیدو لیستێكی دیكەش هەرچەندە دەنگیان هێناوە بەڵام نەیانتوانیوە كورسی بەدەستبهێنن، جگە لەكورسی كۆتای مەسیحیەكان كە لەنێوان زۆرترین دەنگدا كاندیدەكانیان هەڵدەبژێردرێت. بەپێی ئەنجامی بەرایی 94% دەنگە جیاكراوەكان، لەپارێزگای كەركووك هاوپەیمانیی كەركووك هێزو ئیرادەمانە زۆرترینی دەنگەكانی بەدەستهێناوەو پێنج كورسی مسۆگەر كردووە، پارتی دیموكراتی كوردستانیش دوو كورسیی بەدەستهێناوە، بەڵام نەوەی نوێ هیچ كورسییەكی بەدەستنەهێناوە. بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی گشتی و تایبەت بڵاوکردەوە و رایگەیاند %41 بووە. ژمارەی دەنگدەرانی ئەو ١٥ پارێزگایە زیاتر بوون لە ١٥ ملیۆن کەس، بەمەش کەمتر لەنیوەی ژمارەی دەنگدەران بەشدارییان لە هەڵبژاردن کردووە. بەپێی ئەو ئامارەی کۆمسیۆنی عێراق بڵایوکردووەتەوە زۆرترین رێژەی بەشداری دەنگدان لەسەر ئاستی پارێزگاکان، لە پارێزگای کەرکوک بووە بە رێژەی %66. لەكەركوك تادرەنگانی 18-12-2023 رێژەی بەشداری كورد لەدەنگدان كەم بوو، بەڵام دواتر رێژەكە بەرزبووەوە، بەوتەی نێردراوی هاوڵاتی بۆ شارەكە، لەبنكەی 11ی ئازار لەكۆی سێ هەزارو 351 كەس تەنها دوو هەزارو 35 كەس تاكاتژمێر پێنج و نیوی ئێوارە دەنگیان داوە، بەوەش دەردەكەوێت رێژەی بەشداری لەئێوارەدا زیاتر بووە لەكاتێكدا تاكاتژمێر 12ی نیوەڕۆ 30٪ی تێپەڕاندبوو، بەڵام لەسەرلەئێوارەدا لەو بنكەیە ئەگەر بەنموونە وەربگیرێت گەیشتووەتە نزیكەی   70٪ هەرچەندە زیاتر لە 50 كەسیش نەیانتوانیوە دەنگ بدەن، لەكۆی ئەو دەنگانەی كەدراون هەزارو 150ی بۆ یەكێتی و 343ی بۆ پارتی و 264 ی بۆ نەوەی نوێ بووە.   سەرەكیترین كێشەی دەنگدەرانی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان  بەپێی بەدواداچوونی نێردراوی هاوڵاتی، لەكەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان سەرەكیترین كێشەی بەردەم دەنگدەران نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر بووە كە بەهۆیەوە سەدان دەنگدەر لەناوچە جیاوازەكان لەدەنگدان بێبەشبوون. یەكێك لەدەنگدەرانی كەركوك كە نەیتوانیبوو دەنگ بدات، بەتوڕەییەوە قسەی كردو بەهاوڵاتی وت:»لەهەر بنكەیەك 40 بۆ 50 كورد نەیتوانیوە دەنگ بدات ئەگەرنا كورد بەگەرم و گوڕییەوە چووە بۆ دەنگدان، ئەمە بەبەرنامە كراوەو تەنها لەگەڕەكە كوردیەكان روویداوە». ژنێكی كورد كە ئەویش بۆ دەنگدان چوبووە یەكێك لەبنكەكانی دەنگدان لەكەركوك، بەنێردراوی هاوڵاتی وت:»پێیان وتم پەنجەمۆرت دەرناچێت چەند جارێك هەوڵیاندا، لەكاتێكدا پێشتر لەهیچ دامودەزگایەك نەبووە كە پەنجەمۆرم نەخوێنرێتەوە جگە لەوەش كە ئامێرەكە نایخوێنێتەوە». ژنێكی دیكە بەتوڕەییەوە بۆ میدیاكان قسەیكرد كەنێردراوی هاوڵاتیش ئامادەیبوو، ئەو وتی:»لەهەر بنكەیەك نزیكەی 40 كەس ئەو كێشەیە هەبووەو كارتەكەم نەیخوێندەوە ئەمەش بەپلان كراوە لەگەڕەكە كوردیەكان بۆ ئەوەی دەنگی كورد كەم ببێتەوە». سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەبارەی هەڵبژاردنەكەوە وتی:»هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگاكان جیاوازبوو، پێموایە لەكەركوك مەسەلە تەنها ركابەرییەكی سیاسی نەبوو، بەڵكو مەسەلە خاك بوو». وتیشی:»دانیشتوانی كەركوك بەهەموو ئەو كەسانەیان وت كە لەدەرەوە فەرمان وەردەگرن كە خۆیان بڕیاردەدەن لەبارەی چارەنووسی شارەكەیان، پێموایە كورد شایەنی ئەوەیە لەناوچە جێناكۆكەكان پێگەی خۆیان بەدەستبهێننەوە». لەلایەن خۆشیەوە كەمال كەركوكی، بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی كەركوك – گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەمیدیای حزبەكەی راگەیاند: هەندێك گیروگرفت هەبوو لەكارەكانی كۆمسیۆن هیوادارین بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان چارەسەر بكرێن. وتیشی: بەداخەوە كە ئەنجامی دەنگدانی تایبەت دواخران دەبوو هەر ئەو رۆژە ئاشكرابكرێن، ئومێدەوارین گومانەكان بڕەوێنرێنەوەو ئومێدەواریشین كۆمسیۆن سەربەرز لەپڕۆسەكە دەربچێت و نەكەوێتە ژێر گلەیی و گازندەوە.   پێكهاتەكانی كەركوك سەرجەمیان بەفرەلیستی چوونە هەڵبژاردنەوە یەكەمجارە لەدوای ساڵی 2013، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە 14 پارێزگای عێراق بكرێت، یەكەمجاریشە لەدوای ساڵی 2005 هەمان هەڵبژاردن لەكەركووك دەكرێت. ململانێی پێكهاتەكان لەكەركوك لەسەر بەدەستهێنانی زۆرترین كورسییە لەكۆی 16 كورسی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ئەویش بەمەبەستی بەهێزكردنی پێگەكانیان لەئیدارەی داهاتووی شارەكە. لەم هەڵبژاردنەدا حزبە كوردیەكان بەچوار لیست بەشدارییان كرد، سێ لیستیان هاوپەیمانین و لیستێكیشیان بەتەنها لەلایەن حزبێكەوە، یەكێتی و حزبی شیوعی پێكەوە لەژێر ناوی «هاوپەیمانی كەركوك هێزو ئیرادەمانە» ، یەكێتی لەهەڵبژاردنی ساڵی 2022 نزیكەی 85 هەزار دەنگی بەدەستهێنابوو، واتە خاوەنی سێ كورسی بوو. پارتی كە نزیكەی مانگێك دەبێت بارەگاكانی لەكەركوك كردووەتەوە، لەگەڵ پارتی گەلی توركمانی یەك لیستیان هەبوو، پارتی لەهەڵبژاردنی 2021 لەو شارە نزیكەی 50 هەزار دەنگی هێناو دوو كەسی لەكەركوكەوە ناردە پەرلەمانی عێراق. هەریەك لەیەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری لیستی «هاوپەیمانێتی مەشخەڵی كەركوك» یان پێكهێنا، نەوەی نوێش بەجیا بەشداری هەڵبژاردنەكەی كرد،  بانگەشەی ئەوەی دەكرد ركابەری پارتی و یەكێتی دەكات لەشارەكە لەكاتێكدا لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەو شارەوە تەنها یەك كاندیدی چووە پەرلەمانی عێراق. ململانێی نێوان حزبە كوردیەكان لەكەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان لەكاتێكدایە، لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 ەوە كورد پێگەی لەوشارە لاواز بووەو زیاتر لە 100 پۆستی ئیداری و ئەمنیی لەدەستداوە. هەر كورد نییە كە یەك لیست نیە لەكەركوك، بەڵكو عەرەبی سوننەش بەسێ هاوپەیمانێتی و چەند كاندیدێكی سەربەخۆ چوونە ناو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان،  كە دیارترینیان لیستی هاوپەیمانێتی عەرەبییە كە راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك سەرۆكایەتی دەكات، لیستەكانی دیكەش هاوپەیمانێتی قیادەو لیستی عروبەیە، ئەوانیش لەهەڵبژاردنی مانگی 10ی 2021ی پەرلەمانی عێراق بەهەرسێ لیستەكە سێ كورسییان هێنا. لایەنە توركمانیەكانی كەركوك دابەشبوون بۆ دوو لیست، لیستی بەرەی توركمانی كە لە نۆ لایەنی سیاسی پێكهاتووە، هەروەها لیستی «كركوكنا» كە لیستی هێزە شیعە توركمانەكانە، توركمانەكان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەساڵی 2021 دا دوو كورسییان بەدەستهێنا. ئەوەی دەمێنێتەوە كورسی كۆتاكانە، كە بۆ مەسیحیەكان دانراوەو دوو هاوپەیمانێـی و سێ كاندید ركابەرایەتییان لەسەركرد.   هەستی نەتەوەیی وەك كارتێكی فشار بۆ دەنگدان ئەوەی جێگەی سەرنجە لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، بەدیاریكراوی لەكەركوك، سەرجەم لایەنەكان بەكوردو عەرەب و توركمانەوە، بانگەشەكانیان لەسەر ئاستی پێكهاتەیەكی دیاریكراو بوو،  هەر حزبێك لەپێكهاتەیەك پێكهاتەیەكی دیكەی وەك كارتی فشار بۆسەر دەنگدەرانی بەكاردەهێنا، واتە هەستی نەتەوەیی وەك كارتێك بەكارهێندرا تا لایەنگرانیان بەگەرموگوڕییەوە بەشداری هەڵبژاردن بكەن، لەكاتێكدا هیچ لیستێك نەبوو بەگشتی و بەبێ جیاكاری بانگەشە لەسەر ئاستی هەموو پێكهاتەكان بكات. پەرلەمانتارێكی پێشووی عێراق پێی وایە حزبەكان وایانكردووە متمانە لەنێوان پێكهاتەكان نەمێنێت شوان داودی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لەنێوان پێكهاتە جیاوازەكانی كەركوكدا تائێستا ململانێكە سیاسی و ئیداری و حزبی نیە ململانێكە زیاتر نەتەوەییە ، ململانێی حزبی لەناو یەك پێكهاتەدا بوونی هەیە». وتیشی: «تائێستا دەنگدان لەكەركوك نەتەوەییە حزبی نیە، یەكەم جار هەموو كەسێك دەنگی بۆ پێكهاتەكەی خۆیەتی ئەوە بڕاوەتەوەو گفتوگۆی لەسەر نیە، لەناو خودی هەر پێكهاتەیەكدا ململانێی حزبی دەكرێت». ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق ئەوەشی خستەڕوو: «ئەمە یەكێكە لەگرفتە سیاسیە جەوهەرییەكان بۆ پێكەوە ژیان كەنەتوانراوە گوتارێكی نیشتمانی لەئاستی شارەكەدا بێتە كایەوە  هیچ حزبێك هاوپەیمانیەك كەسێك ناتوانێت ئەوە بكات چونكە تەخوین دەكرێت». « هیچ كەسێكیش لەهەر نەتەوەیەك ناتوانێ بەئاشكرا پشتوانی لایەنێك یان كەسێك لەپێكهاتەیەكی جیاواز لەپێكهاتەكەی خۆی بكات ئەویش هەر تەخوین دەكرێت، هۆكارەكەش ئەو سیاسەتە ناجۆرانەی دەسەڵاتەكانە كە پەیڕەو كراوە، هەمووی ترسی لەوی تر هەیە كەبیسڕێتەوەو متمانەش بەیەكتر  لەنێوان پێكهاتەكاندا بوونی نیە». شوان داودی وادەڵێت. لەساڵی 2005ەوە تا 2017 پۆستی پارێزگاری كەركوك لای كورد بوو، ئەمجارەش بۆ بەدەستهێنانی پارێزگاری ئەو شارە پێویستی بەڕێككەوتن هەیە هەرچەندە دەنگی زۆرینەی بەدەستهێناوە لەئەنجومەنی پارێزگا. سەعید كاكەیی، شارەزای هەڵبژاردن و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لەماددەی 13 ی هەمواری سێیەمی یاسای ژمارە 12 ی ساڵی 2008 لەبڕگەی دووەمدا دەڵێت ئەنجامی هەڵبژاردنەكان نابنە بناغەیەك بۆ هەر دۆخێكی یاسایی یاخود ئیداری لەدەستنیشان كردنی داهاتووی پارێزگای كەركوك، لەبڕگەی سێیەمدا دەڵێـت بنەماكانی ئەم ماددەیە بۆ خولی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران و خولی ئەنجومەنی پارێزگا بەرقەرارە». وتیشی:»لەبڕگەی چوارەمدا دەڵێت دابەشكردنی دەسەڵات بەشێوەیەكی دادپەروەرانە لەنێوان پێكهاتەكانی پارێزگاكەدا بەكاردەهێنرێت بەدەر لەئەنجامی هەڵبژاردن، بەڵام لەئەگەری بەدەستهێنانی زۆرینەی كورسیەكان لەلایەن كوردەوە لەكاتی بڕیارداندا لەناو ئەنجومەن زۆرینە رۆڵی خۆی دەبینێت بەو مەرجەی كە بناغەی پێكهاتەكان نەشێوێندرێت، مەبەست ئەوەیە پشك پشكێنەی پێكهاتەكان تێكنەدات». ئەو شارەزایەی هەڵبژاردن دەشڵێت:»پێشتر هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك بەشێوەی پەنجا كۆیەك بووە، كورد ئەمجارە بەتاك لایەنە ناتوانێت پارێزگاری كەركوك دابنێت، پێشبینی من ئەوەیە بە كورسی مەسیحیەكانەوە كورد زۆرینەیە بەڵام بۆ دابەشكردنی پۆستەكان دەبێت بەڕێككەوتن بكرێت، دەبێت كوردیش لەناوخۆیدا رێكبكەوێت و یەكدەنگ بێت پاش ئەوە لەگەڵ عەرەب و توركمان رێككەوتن بكەن ئەگەرنا ناتوانن پارێزگارو پۆستەكانی دیكە دەستنیشان بكەن».   یەكێتی سەرەڕای ئەوەی زۆرترین دەنگی لەسەر ئاستی پارێزگاكە هێناوە بەڵام پێی وایە دەبێت بەڕێككەوتن پۆستی پارێزگار یەكلایی بكرێتەوە رزگار حاجی حەمە، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»لەهەموو عێراق وایە دەبێت پۆستەكان بەڕێككەوتن یەكلایی بكرێنەوە، بەڵام بەپێی دەنگەكانی هەڵبژاردنیش پۆستی یەكەم بۆ ئەو قەوارەیە دەبێت كەزۆرترین دەنگی هێناوە، ئەویش بۆ ئەوەیە پۆستەكانی دیكە دابنرێن، ئیتر لەعێراق وایەو لەبەسرەو كەربەلاش هەروایە». بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی وتیشی:»پێشتر زۆرینەش بووین كورد 26 كورسی هەبوو بەڵام بەڕێككەوتن پۆستەكان دابەشكران، بەڵام لایەنی زۆرینە واتە دەنگی یەكەمی هەیە پۆستی باڵا وەردەگرێت، بەڵام كەركوك لەبەرئەوەی پێكهاتەی جیاوازی تێدایە نابێت هیچ لایەنێك فەرامۆش بكرێت». سەبارەت بەدیاریكردنی كەسێك لەلایەن یەكێتییەوە بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، رزگار حاجی حەمە وتی:»دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی دەنگدانی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەوە لەلایەن یەكێتییەوە یەكلایی دەكرێـتەوە، دواتریش چاوەڕێی یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا دەكرێت تا ئەو پرسە یەكلایی بكرێتەوە». «تائێستا یەكێتی پێنج كورسی بۆ یەكلایی بووەتەوەو رەنگە بچێتە شەش كورسی و پارتیش كورسییەك دەهێنێت و نەوەی نوێش هێشتا یەكلایی نەبووەتەوە، هەر پارێزگارێك دابنێین لەكەركوك دەبێتە پارێزگار بۆ هەموو لایەنەكان بەنەوەی نوێ و پارتیشەوە». رزگار حاجی حەمە وادەڵێت.

هاوڵاتی به‌ تۆمه‌تی یاخیبوون و هه‌وڵدان بۆ هه‌ڵگه‌ڕاندنه‌وه‌ی له‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن، دادگای باڵای فیدراڵی ویلایه‌تی كۆلۆرادۆی‌ ئه‌مریكا بڕیاری‌ كه‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا، شایسته‌ی‌ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ خۆی‌ بۆ پۆستی‌ سه‌رۆكایه‌ت ئه‌مریكا كاندید بكات و له‌ مافی‌ خۆكاندیدكردن بێبه‌شی‌ كرد. ستیڤن چونگ وته‌بێژی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانی تره‌مپ ڕایگه‌یاند، "ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دادگای باڵای ویلایه‌تی كۆلۆرادۆ بڕیارێكی ته‌واو كه‌موكوڕی ده‌ركرد، ئێمه‌ش به‌ خێرایی ڕو له‌ دادگای باڵای ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كه‌ین بۆئه‌وه‌ی داوای ڕاگرتنی ته‌واوه‌تی ئه‌م بڕیاره‌ دژه‌ دیموكراسییه‌ بكه‌ین". دادوه‌رانی‌ دادگای باڵای كۆلۆرادۆ پشتیان به‌ هه‌مواری 13ـه‌مینی ده‌ستوور به‌ستووه‌، كه‌ ئاماژه‌وه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌سێك هه‌وڵی یاخیبوون و ئاژاوه‌نانه‌وه‌ بدات به‌ واتای ناپاكی به‌رامبه‌ر وڵات دێت، هه‌مواره‌كه‌ مافی ئازادی راده‌ربڕینیش گه‌ره‌نتی ده‌كات، له‌كاتێكدا دادگاكه‌ پێیوایه‌ دۆناڵد تره‌مپ له‌ رووداوی 6ی كانوونی دووه‌می ساڵی 2021 و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر بینای‌ كاپیتۆڵ‌ "كۆنگرێس" له‌ واشنتن دی سی هه‌وڵی گۆڕینی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی داوه‌. جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ی دادگاكه‌ تا 4ی مانگی‌ داهاتوو، كه‌ واده‌ی كۆتاییهاتنی واده‌ی تانه‌دانه‌ لێی له‌به‌رده‌م دادگای باڵای ئه‌مریكا، ڕاده‌گیرێت. هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا بڕیاره‌ له‌ مانگی (تشرینی دوه‌م/11)ی 2024 به‌ڕێوه‌ده‌چێت و تره‌مپ و بایدن و ژماره‌یه‌ك كاندیدی دیكه‌ له‌ كێبڕكێدان و له‌ئێستاشه‌وه‌ به‌نافه‌رمی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنیان ده‌ستپێكرده‌وه‌.

هاوڵاتی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئه‌نجامی فه‌رمی و به‌رایی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی بڵاوكرده‌وه‌ و له‌ كه‌ركوك كۆی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان 217 هه‌زار و 774 ده‌نگیان به‌ده‌ستهێنا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، لە شاری كەركوك رێژەی بەشداریكردنی هاوڵاتیان لە (66%) بوە.  بە گوێرەی ئەنجامەکان؛ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە نەینەوا 45939 دەنگ، لە کەرکووک 139373 و لە دیالە 23715 دەنگی بەدەستهێناوە. نەوەی نوێش لە کەرکووک 24620 دەنگی بەدەستهێناوە و پارتی لە نەینەوا 127938 دەنگ، لە کەرکووک 46749 دەنگ و لە دیالە 6804 دەنگی بەدەستهێناوە. كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگه‌یاند، لایه‌نه‌كانی كورد لە کەرکوک  7 كورسیان مسۆگه‌ر كردوه‌ كه‌ 5 كورسی بۆ یه‌كێتی و 2 كورسی بۆ پارتی، لایه‌نه‌كانی عه‌ره‌بیش 6 كورسی و لایه‌نه‌كانی توركمانیش 2 كورسیان مسۆگه‌ر كردوه‌. هاوکات لە پارێزگای نەینەوا پارتی: چوار کورسی و ئەهلی نەینەوا +یەکێتی  5 کورسییان مسۆگەر کردووە سەبارەت بە پارێزگای دیالەش، یەکێتی یەک کورسی بەدەستهێناوە. بە شێوەیەکی گشتی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەمشێوەیەیە: لە پارێزگای کەرکوک:  یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: پێنج کورسی هاوپەیمانیی عەرەبی: سێ کورسی بەرەی تورکمانی: دوو کورسی پارتی دیموکراتی کوردستان: دوو کورسی عروبە: یەک کورسی قیادە: دوو کورسی    لە پارێزگای نەینەوا : نەینەوا لیئەهلیها: پێنج کورسی پارتی: چوار کورسی ئەهلی نەینەوا +یەکێتی : 5 کورسی تەقەدووم: دوو کورسی سیادە: دوو کورسی حەدبا: دوو کورسی عەقدی وەتەنی: سێ کورسی هەویە وەتەنی: دوو کورسی وەتەنی لیتەجدید: یەک کورسی حەسم: دوو کورسی عەزم: یەک کورسی    لە پارێزگای دیالە: دیالەتونا: چوار کورسی تەقەدووم: سێ کورسی سیادە: سێ کورسی عەزم: دوو کورسی ئیستحقاق: یەک کورسی ئەساس: یەک کورسی یەکێتی: یەک کورسی    لە پارێزگای سەلاحەدین: عەزمی مەدەنی: دوو کورسی ئیتاری وەتەنی: دوو کورسی سیادە: دوو کورسی حەسم +یەکێتی: دوو کورسی  جەماهیر: پێنج کورسی  تەقەدوم: دوو کورسی

هاوڵاتی لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند "كەركوكییە خۆشەویستەكان، جەماوەری خۆڕاگری كەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان لە ناخی دڵمەوە پیرۆزباییەكی گەرمتان ئاراستە دەكەم بۆ ئەو سەركەوتنە مەزنەی بۆ كورد و دیاریكردنی شوناس و سەنگ و پێگەی خۆتان تۆمارتان كرد". لاهور شێخ جەنگی لە پەیامێكدا تایبەت بە هەڵبژاردنەكانی كەركوك دەڵێت "سوپاسی یەكە بە یەكەتان دەكەم كە زۆر لە خۆبوردووانە و بە جۆشوخرۆشی كوردانەوە بەشداریی فراوان و كاراتان كرد لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا، سەرباری ئەو فەرامۆشكردنەی لەلایەن دەسەڵاتی سیاسیی كوردەوە بەرامبەرتان كرا لە ڕابردوودا، بەڵام هەستتان بە بەرپرسیارێتی كرد و بە دەنگەكانتان مێژوویەكی پڕ لە شكۆ و شانازیتان بۆ خۆتان و شاری كەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان تۆمار كرد". ئاماژە بەوەش دەكات "پیرۆزبایی لە كاندیدە سەركەوتووەكانی كورد دەكەم، هیوادارم لەجیاتی حیزبایەتی كوردایەتی بكەنە ئەركی لەپێشینەیان و لایەنە سیاسییەكانیش بەخۆیاندابچنەوە و لە گرنگی ئەو دەنگانە تێبگەن، كە بە پەنجەی كەركوكییەكان و تەواوی دەنگدەرانی كوردی ناوچە كێشەلەسەرەكان بەدەستیانهێناوە، پێكەوە بە هاوبەشی بێ گوێدانە بەرژەوەندیی كەسی و حیزبی كاربكەن و یەكە یەكەی ئەو دەنگانە بكەنە خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی بۆ ئەو خەڵكە دڵسۆز و تێكۆشەرە. لەگەڵ كاندیدە براوەكانی سەرجەم پێكهاتە و نەتەوەكاندا رۆحی ئاشتی و پێكەوەژیان قووڵبكەنەوە و لە ئەنجوومەنێكی بەهێز و كارادا خزمەتی پارێزگای كەركوك بكەن". هەروەها دەڵێت "هەمووتان ئاگاداربوون كە ئێمە پرۆژەیەكی سیاسیی ستراتیژیمان هەبوو بۆ ئەوەی هەموو حیزب و لایەنە كوردستانییەكان بە یەك لیستی بەهێزی نیشتمانییەوە بەشداربین لەو هەڵبژاردنە گرنگە، بەڵام بەشێك لە لایەنە كوردستانییەكان لەبەر بەرژەوەندیی حیزبی ئامادەنەبوون بۆ پێكهێنانی یەك لیستی كوردی، ئێمەش لە پێناو پەرتنەبوونی دەنگی كورد بڕیارماندا بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا نەكەین، هەوڵماندا لە جیاتی درووشمبازی و ململانێی سیاسی، خەڵكە خۆشەویستەكەمان لە كەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان هانبدەین بۆ ئەوەی بە فراوانی بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان، هەر ئەوەشمان لێ چاوەڕوان كردن كە ئەنجامیاندا".

هاوڵاتی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئه‌نجامی فه‌رمی به‌رایی ده‌نگدانی گشتی له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان بڵاودەکاتەوە و رێژه‌ی به‌شداری گشتی له‌ ته‌واوی پارێزگاكان 41% بوه‌، لە کەرکوکیش رێژەی بەشداری 66% بوە، تائێستاش توانراوه‌ 94.4%ی ئه‌نجامه‌كان جیابكرێنه‌وه‌. كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند،ئەنجامی ٪94ـی دەنگەکان بڵاودەکەنەوە و لە هەڵبژاردنەکەدا 143 حزب و هاوپەیمانی بەشدارییان کردووە. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، 16 ملیۆن و 887 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌بوه‌ و كارتی بایۆمه‌تریان ته‌واوكردوه‌ و رێژه‌ی به‌شداریش 41% بوه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری عێراقدا، ده‌نگده‌رانیش به‌سه‌ر 38 هه‌زار و زیاتر له‌ 500 وێستگه‌دا دابه‌شكراون و تا ئێستا ئه‌نجامی 36 هه‌زار وێستگه‌ گه‌یشتوه‌ته‌ كۆمسیۆن و ئه‌نجامه‌كانی ده‌ستی و ئه‌لیكترۆنی به‌راورد كراون و هاوتابون.    ئەنجامی دەنگەکان لە کەرکووک  بەمشێوەیەن:  پارتی: 46 هەزار و 749 دەنگ یەکێتی: 139 هەزار و 373 دەنگ مەشخەڵی کەرکووک: 6655 دەنگ نەوەی نوێ: 24 هەزار و 620 دەنگ بەرەی تورکمانی: 72 هەزار و 281 دەنگ قیادە: 59 هەزار و 430 دەنگ عروبە: 46 هەزار و 65 دەنگ کەرکووکنا: 21 هەزار و 114 دەنگ   ئەنجامی دەنگەکان لە پارێزگای واست: - واست ئەجمەل: 93 هەزار و 837 دەنگ - هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا:  - هاوپەیمانێتیی نەبنی: 31 هەزار و 124 دەنگ بووە - هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی: 29 هەزار و 250 دەنگ   ئەنجامی دەنگەکان لە دیالە: یەکێتی: 23715 پارتی: 6804 دیالەی نیشتمانی: 97185 هاوپەیمانیی تەقەدووم: 75928 سەروەریی: 70690 هاوپەیمانیی عەزم: 41807 ئیستیحقاق دیالە: 41190 سابیتوون: 14187 ئیشراقەی کانوون: 3897 سۆسیالیست: 397   ئەنجامی دەنگی لایەنەکان لە سەلاحەدین:  هاوپەیمانیی جەماهیری وەتەنی (بەربژێرەکەی یەکێتیی لەنێودایە) 122305 دەنگ حەسمی وەتەنی (بەربژێرەکەی پارتی لەنێودایە) 40187 دەنگ  هاوپەیمانیی سیادە 47136 دەنگ   هاوپەیمانیی تەقەدوومی وەتەنی 48875 دەنگ  هاوپەیمانی ئیتاڕی وەتەنی: 65210  هاوپەیمانی عەزمی مەدەنی: 61561   حیزبی سیقە: 4192   هاوپەیمانی ریئاسە: 3730   هاوپەیمانی زەمیری عێراقی: 1496 لە نەجەف هاوپەیمانی (نبنی) پلەی یەكەم و، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا (نوری مالكی) دووەمی دەنگەكانیان بەدەستهێناوە.   لە قادسیە هاوپەیمانی (نبنی) پلەی یەكەم و، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا (نوری مالكی) دووەمی دەنگەكانیان بەدەستهێناوە.

هاوڵاتی باڵێۆزی ئەمریکا لە بەغدا لە پەیامێکدا دوای پیرۆزبای کردن لە عێراق و هاوڵاتیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ڕایگەیاند، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ تیشكده‌خاته‌ سه‌ر پابه‌ندبونی عێراقییه‌كان به‌ دیموكراسی". ئالینا ڕۆمانسكی باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا له‌ پۆستێكدا له‌سه‌ر پلاتفۆرمی ئێكس (تویته‌ری پێشو) نوسیویه‌تی، "پیرۆزبایی و ده‌ستخۆشی له‌ گه‌لی عێراق و حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین كه‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌لامه‌ت و هێمنانه‌ و پارێزراویان ئه‌نجامدا". باڵیۆزی ئه‌مریكا پێی وایه‌، هه‌ڵبژاردنی ئازاد و بێگه‌رد، بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی پێویسته‌ تا داهاتووی خۆی پێ دیاری بكات، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانیش ده‌ریخست كه‌ عێراقییه‌كان پابه‌ندن به‌ دیموكراسیه‌ته‌وه‌. رۆمانۆسكی وتیشی: چاوه‌ڕوانی كاركردنین له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ هه‌ڵبژێردراوه‌ خۆجێییه‌كان بۆپته‌وكردنی شه‌راكه‌تی سه‌رتاسه‌رییی ئه‌مریكا و عێراق له‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی وڵاتدا. رۆژی شەممە (16ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان و ئاوارەکان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان بەڕێوەچوو، کە ملیۆنێک و 50 هەزار و 653 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو و 600 بنکەی دەنگدانیان بۆ ئامادەکرابوو کە دوو هەزار و 477 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت. دوێنێ دووشەممە (18ـی کانوونی یەکەمی 2023) كاتژمێر حه‌وتی به‌یانی پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو و کورد لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، دیالە، سەڵاحەددین و بەغدا بەشدارە و 15 ملیۆن و 150 هەزار دەنگدەر مافی ده‌نگدانی هه‌بوو‌.

هاوڵاتی  کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رێژەی بەشداریکردنی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقی بڵاوکردەوە و زۆرترین رێژەی بەشداریش لە پارێزگای کەرکوک بووە.  ئەمڕۆ سێشەممە 19ی کانونی یەکەمی 2023 کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دواین ئاماری رێژەی بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی گشتی و تایبەت بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە رێژەی بەشداریکردن گەیشتووەتە %41.  بەپێی ئەو ئامارەی کۆمسیۆنی عێراق بڵایوکردووەتەوە زۆرترین رێژەی بەشداری دەنگدان لەسەر ئاستی پارێزگاکان، لە پارێزگای کەرکوک بووە بە رێژەی %66.  بەشداری لە دەنگداندا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی عێراق: کەرکوک: 66% سەڵاحەددین: 59% ئەنبار: 57% نەینەوا: 53% موسەننا: 45% دیالە: 43% بەسرە: 43% کەربەلا: 40% بابل: 40% قادسییە: 38% واست: 37% نەجەف: 32% زیقار: 31% میسان: 29% بەغدا-کەرخ: 32% بەغدا-رەسافە: 21%

هاوڵاتی  وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم رایگەیاند لە کۆبونەوەی وەزارەت بڕیار لەسەر جیبەجێکردنی دابەشکردنی کارەبا بە یەکسانی لەنێوان پارێزگاکان درا و توانای بەرهەمهێنانی کارەبا بەرزکراوەتەوە بەڵام خواستی هاوڵاتییان لەسەر کارەبا زیاترە. وەزارەتی کارەبا لە راگەیاندراوێکدا باس لەوە دەکات، بە سەرپەرشتی کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێم، کۆبونەوەی ئاسایی ئەنجامدرا کە تێیدا بریکار و راوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی کارەبای پارێزگاکان ئامادەبوون و  "بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی یەکسانی لەدابەشکردنی کارەبا لەنێوان پارێزگاکان درا." وەزارەتی کارەبا دەشڵێت، توانای بەرهەمهێنانی کارەبایان بۆ سێ هەزار و 400 مێگاوات بەرزکردووەتەوە، بەڵام خواست لەسەر کارەبا لەسەروو شەش هەزار مێگاواتەوەیە. هاوکات ئەوەش هاتووە کە "تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە لێژنەی پێوەری زیرەک و چاودێری و بەدواداچوونی سەرپێچییەکان و بڕیار درا هەڵمەتێکی فراوان بۆ نەهێشتنی سەرپێچییەکان و سزادانی ئەو کەسانە بکرێت کە لە دەرەوەی پێوەری زیرەک کارەبای ڕاکێشاوە و شوێنەکانیان ئاشکرایە." ئەمە لەکاتێکدایە کە لەئێستادا و لە وەرزی سەرمادا کاتەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان دابەزیوون و رۆژانە تەنها حەوت بۆ هەشت کاتژمێر هاوڵاتییان کارەبای نیشتمانییان پێدەدرێت.  دوای 32 ساڵ هێشتا حکومەتی هەرێم نەیتواییوە کێشەی کارەبا چارەسەر بکات و هەموو ساڵێک کیشەی لە پیدانی کارەبا بۆ دروست دەبێت، بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا.

هاوڵاتی  بەپێی جیاکردنەوەی دەنگی نزیکەی 400 هەزار دەنگدەر لە کەرکوک، یەکێتی پلەی یەکەمی گرتووە و پلەی دووەمیش هەوپەیمانی عەرەبییە بە کۆکردنەوەی 80 هەزار دەنگ، پاشانیش پارتی دێت کە 49 هەزار دەنگی بەدەست هێناوە.  بەپێی ئەنجامە نافەرمییەکان کە بڵاوبووەتەوە لە کۆی 391 هەزار و 693 دەنگی جیاکراوە، یەکێتی لە کەرکوک توانیویەتی 155 هەزار دەنگ بەدەست بهێنێت، بەڵام حزبەکە خۆی دەڵێت 160 هەزار دەنگیان هێناوە.  هاوکات پارتی دیموکراتی کوردستان 49 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە و نەوەی نوێش توانیویەتی 25 هەزار دەنگ کۆبکاتەوە. لە پلەی دووەمی لە پارێزگای کەرکوک هاوپەیمانی عەرەبی دێت کە 80 هەزار دەنگی هێناوە و دواتر عروبە و قایدە دەێت کە هەردوکیان 82 هەزار دەنگیان بەدەست هێناوە.

هاوڵاتی  ئەمریکا دەیەوێت بەرەیەک بەرەیەک بە بەشداری 10 وڵات پێکبهێنیت بۆ وەستانەوە دژی هێرشی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییە بازرگانی و سەربازییەکان لە دەریای سوور. ئەم بەرەیە کە بەریتانیا، فەرەنسا، بەحرین، ئیتالیا و ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی تر دەگرێتەوە، ئامادەییان هەیە بۆ وەستانەوە دژ بە هێرشەکانی حووسییەکان لەدەریای سوور.  لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا لە لێدوانێکدا وتی، "ئەو وڵاتانەی خوازیاری بەرگری لە ئازادی بازرگانی دەریایین، پێویستە هاوئاهەنگ بن بۆ وەستانەوە دژ بەو هەڕەشانەی کە رێ لە ئازادی بازرگانی ئەگرێت لە دەریاکاندا." چەکدارە حووسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، بەردەوامن لە هێرشەکانی خۆیان بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگر و بازرگانییەکان لە دەریای سوور و ئاسایشی ئەم رێڕەوە بازرگانییەیان تێکداوە کە %12 بازرگانی جیهان لەم رێگایەوەیە. وەزیری بەرگری ئەمریکا، ئامانجی ئەم بەرەیەی بە پاراستنی ئازادی دەریاوانی بۆ هەموو وڵاتەکان و بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە ناوبرد و باسی لەوە کرد، ئەمریکا، بەریتانیا، بەحرەین، کەنەدا، فەرەنسا، ئیتالیا، هۆڵەندا، نەرویج و ئیسپانیا بەشدارن لەو بەرەیەدا. میلیشیا حووسییەکان چەند کاتژمێر پێش بڵاوبوونەوەی ئەم راگەیاندراوە، رۆژی دووشەممە ١٨ی کانوونی یەکەمی 2023 رایگەیاند، بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەک هێرشیان کردۆتە سەر دوو کەشی بارهەڵگر. حووسیەکان بانگەشەی ئەوە ئەکەن ئەم کەشتیانە پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، بەڵام خاوەنی نەرویجی یەکێک لەو کەشتیانە ئەوە رەت ئەکاتەوە پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت، بەڵکو کۆمپانیایەکی سەنگافووری سەرپەرشتی ئەو کەشتیانە دەکات و هەڵگری سووتەمەنی بوون لە فەرەنساوە بەرەو دوورگەی رێئۆنیۆن. کەشتی دووەم ئاڵای پانامای لەسەر بووە.