ئێران وئیسرائیل خۆیان بۆ جەنگ ئامادە کردووە

2 ڕۆژ لەمەوپێش



هاوڵاتی

حەوتووی رابردوو رۆژنامەی " بیڵد"ی ئەڵمانی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئەوەی بڵاو کردەوە کە جەنگی ئیسرائیل دژی حزبوڵڵا لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزدا دەست پێدەکات، ئەم رۆژنامەیە بەئاماژە بەوەی کە ئیسرائیل بە هەموو شێوەیەک خۆی بۆ ئەم جەنگە ئامادە کردووە باسی لەوە کرد، دوای 7ی تشرینی یەکەم و دەستپێکی جەنگی غەزە، حزبوڵڵای لوبنان بە نیشانیە پشتیوانی لە حەماس، بەردەوام بە شێوەی پچڕ پچڕ هێرش ئەکاتە سەر ناوچە سنوورییەکانی ئیسرائیل، لە بەرامبەردا ئیسرائیل بەردەوام بنکە و دامەزراوەکانی حزبوڵڵا لە لوبنان ئەکاتە ئامانج.

هێرشە بەردەوامەکانی حزبوڵڵا بەرپرسانی ئیسرائیلی بەو قەناعەتە گەیاندووە کە پێویستە مەترسی حزبوڵڵا نەهڵێدرێت و حزبوڵڵا لەناو ببرێت.

ئەمەش بە نیشانەی دەستپێکی جەنگێکی گەورە و بەربڵاو دەزانرێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستو ئەگەری ئەوە هەیە جەنگەکەپەرە بستێنێ و ناوچەکە بگرێتەوە.

دوو جەمسەری دیاری جەنگەکە، ئیسرائیل و ئێران هەرکامەیان بە شێوەیەک باس لەوە ئەکەن خۆیان بۆ ئەم جەنگە ئامادە کردووەو ئامادەن بچنە ئەم جەنگەوە.

لێرەدا باس لە ئامادەکارییەکانی لایەنەکان و هەڵوێستەکانیان ئەکرێت لەئەگەری دەستپێکی ئەم جەنگە.

راوێژکاری عەلی خامنەیی: ناچارین شان بە شانی حزبوڵڵا بچینە جەنگەوە کەمال خەڕازی راوێژکاری عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی لە وتووێژ لەگەڵ رۆژنامەی " فایننشاڵ تایمز" کە رۆژی سێ شەممە 2ی تەمووز بڵاو کراوەتەوە وتوویەتی، ئەگەر ئیسرائیل هێرشی بەربڵاو بکاتە سەر حزبوڵڵای لوبنان، مەترسی ئەوە هەیە کە جەنگێکی ناوچەیی دەست پێ بکات و کۆماری ئیسلامی و "بەرەی بەرگری" بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی حزبوڵڵا ئەبن.

راوێژکاری خامنەیی لە وتووێژ لەگەڵ فایننشاڵ تایمز وتوویەتی :" تاران نایهەوێت جەنگێکی گەورە لە ناوچەکە دەست پێ بکات، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە جەنگ هەموو ناوچەکە بگرێتەوە، هەموو وڵاتەکان لەوانە کۆماری ئیسلامیش ئەچبە ئەو جەنگەوە" کەمال خەڕازی دەرباری پشتیوانیکردن لە حزبوڵڵای لوبنان وتوویەتی :" ئێمە ناچارین پشتیوانی لە حزبوڵڵا بکەین و هیچ چارێکمان نییە جگە لە پشتیوانیکردنی " خەڕازی هەروەها وتوویەتی ، جەنگی بەربڵاو لە بەرژەوەندی کەسدا نییە، نە ئێران، نە ئەمریکا".

وەزیری دارایی ئیسرائیل: ئێران پلانی لەناوبردنی ئیسرائیلی هەیە وەزیری دارایی ئیسرائیل رۆژی دووشەممە 1ی تەمووز لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کۆماری ئیسلامی پلانێکی داڕێژراوی هەیە بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل.

بێزالیل سمۆتریچ (Bezalel Smotrich) وەزیری دارایی ئیسرائیل هەروەها باسی لەوە کرد ئێران دەیهەوێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات بۆ ئەوەی بوونی خۆی گەرەنتی بکات.

وەزیری دارایی ئیسرائیل لە کۆنفرانسی رۆژنامەی (مەکۆر ریشۆن) دا وتی، بەرنامەی کۆماری ئیسلامی ئەوەیە بە بێ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی ئیسرائیل لە ناو ببات.

سمۆتریچ باسی لەوە کرد ، کۆماری ئیسلامی بە مووشەکباران کردنی ئیسرائیل لە تاران و ناوچەکانیتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە کە پێگەی هەیە لەو شوێنانە دەیهەوێت ئیسرائیل لە ناو ببات.

بە پێی وتەی وەزیری دارایی ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامی دەیهەوێت لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل، لە چەند بەرەوە هێرشی زەمینی بکاتە سەر ئەو وڵاتە.

وەزیری دارایی ئیسرائیل هەروەها وتی، ئەبێ ئیسرائیل وەڵامی گونجاوی هەبێت بۆ هێرشەکانی ئێران و بەر لە هەرشتێک هەوڵ بدات بۆ لەناوبردنی کۆماری ئیسلامی و هاوکات هەوڵ بدات سەرجەم هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە لە ناو ببات و ئەبێ بە هەردوو شێوازی سەربازی و سیاسی ئەم کارە بکرێت.

وەزیری دارایی ئیسرائیل هەروەها وتی، حەماس و حزبوڵڵای لوبنان دوو هێزی بریکاری کۆماری ئیسلامین، کەوایە سەرەتا ئیسرائیل ئەبێ وەها حەماس تێک بشکێنێت کە بۆ چەند ساڵ نەتوانێت هەستێتەوەو هەڕەشە بێت بۆ سەر ئیسرائیل.

وەزیری دارایی ئیسرائیل هەروەها دەربارەی هێرشەکانی حزبوڵڵا لە باکووری ئیسرائیل وتی، پێویستە حزبوڵڵا لە یارییەکە دوور بخرێتەوە، بە شێوەیەک کە تا چەند ساڵ نەتوانێت هەڕەشە بێت بۆ سەر ئیسرائیل لە چوارچێوەی بەرنامەکانی کۆماری ئیسلامیدا.

ئەمریکا نیگەرانی ئەم جەنگەیە لە حەوتووەکانی رابردوودا ئەگەری دەستپێکی جەنگێکی بەربڵاو بووە بە هۆی نیگەرانی وڵاتانی رۆژئاوایی و بە تایبەت نیگەرانن لەوەی کە ئاخۆ ئێران هەڵوێستی چۆن ئەبێت لە ئەگەری دەستپێکی وەها جەنگێکدا.

لۆئید ئۆستێن، وەزیری بەرگری ئەمریکا، حەوتووی رابردوو لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیسرائیل کە سەردانی ئەمریکا کردبوو کۆبۆوە.

وەزیری بەرگری ئەمریکا نیگەرانی خۆی دەربڕی لە هێرشە بەردەوامەکانی حزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل لەم مانگانەی دواییدا و وتی ئەمە رەنگە ببێت بە هۆی ئەوەی ئیسرائیلی و لوبنانییەکان بچنە جەنگێکی نەخوازراوەوە، جەنگێک کە کارەساتی بۆ لوبنانییەکان لێ ئەکەوێتەوە.

ئەسۆشەیتێدپرێس رۆژی یەکشەممە 30 حوزەیران لە راپۆرتێکدا لەمبارەوە نووسیبووی، لەگەڵ ئەوەی وڵاتانی نێوانگیر هەوڵ دەدەن رێکارێکی سیاسی بۆدزنەوە بۆ ئەوەی حزبوڵڵا لە سنوورەکانی ئیسرائیل دوور بکەنەوە، بەرپرسانی ئەمریکایی و ئەورووپی حزبوڵڵایان ئاگادار کردۆتەوە ئەگەر ئیسرائیل بچێتە ئەم جەنگەوە، نابێ دڵخۆش بن بەوەی واشنگتۆن یان هەر وڵاتێکیتر رێبەرانی ئیسرائیل کۆنتڕۆڵ بکەن.

وەفدی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەڕەشە ئەکات وەفدی نوێنەرایەتی کۆماری ئیسلامی لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک رۆژی 28ی حوزەیران، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X هەڕەشەیان لە ئیسرائیل کرد و باسیان لەوە کرد ئەگەر وەها جەنگێک رووبدات، جەنگێکی وێرانکەر ئەبێت و ئەنجامی خراپی بۆ ئیسرائیل ئەبێت. دەرئەنجام: ئێران و ئیسرائیل هەرکامەیان بە شێوەیەک خۆیان بۆ ئەم جەنگە ئامادە کردووە.

ئێران حزبوڵڵای لوبنان وەک گەورەترین هێزی پرۆکسی خۆی لە ناوچەکە ئەبینێت و تێکشکانی حزبوڵڵا بە تێکشکانی خۆی ئەبینێت.

ئێرانییەکانی دوای جەنگی عێراق- ئێران هەوڵیانداوە جەنگ لە سنوورەکانی خۆیان دوور خەنەوە.

بەڵام ئەمجارە پێدەچێت نەتوانن خۆیان لەم جەنگە دوور بگرن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار