تا ئێستا 16 کەس بەهۆی ئاگرەکەی کالیفۆرنیاوە گیانیان لەدەستداوە

گۆڕانی کەشوهەوا گرنگترین هۆکاری ئاگرەکەی کالیفۆرنیایە.

10 كاتژمێر لەمەوپێش



کەوتنەوەی ئاگرەکە چەندین کۆمپانیای زەبەلاحی دڵنیایی دووچاری مایەپوچبوون دەکاتەوە.

  ئامادەکردنی: هاوڵاتی

ئاگرەکەی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا تابێت فراوانتر دەبێت و بەرپرسانی ویلایەتەکەش هۆشداری دەدەن لەوەی کە چاوەڕێ دەکرێت ئاگرەکەی دەوروبەری شاری لۆس ئەنجلۆس لەو ویلایەتەی رۆژئاوای ئەمریکا، بەهۆی خێرایی رەشەباوە فراوانتر ببێت. تا ئێستاش ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ئاگرەکەوە بۆ 16 کەس بەرزبووەتەوە.

لە 7ی ئەم مانگەوە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە رووبەڕووی پێنج ئاگری فراوان لە پێنج ناوچەی جیاوازی دەووروبەری شاری لۆس ئەنجلۆس بوونەتەوە، بەو هۆیەشەوە باری لەناکاو لە ویلایەتی کالیفۆرنیا راگەیەنراوە. پێشبینیش دەکرێت، جارێکی دیکە با لە باشووری کالیفۆرنیا هەڵبکاتەوە و تاوەکو سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەردەوام بێت، ئەمەش رەنگە ئاگرەکەی ئێستا فراوانتر بکات و ببێتە هۆی دروستبوونی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی تریش.

پۆلیسی کالیفۆرنیا رایگەیاندووە، تیمەکانیان لەگەڵ گاردی نیشتمانی سەرقاڵی چاودێریی ئەو ناوچانەن کە ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکراوە، ئەمەش بەهۆی دزی و تاڵانی لەو ناوچانەدا و هەروەها بۆ گەڕان بەدوای ئەو کەسانەدا کە تا ئێستا بێسەروشوێنن.

ئەوەی خەڵکی نایزانێت دەرحەق بە ئاگرەکەی کالیفۆرنیا ئەوەیە کە پێشتر زۆر کەس پێشبینی ئەو ئاگرەیان کردووە، بەوپێیەی بڕێکی زۆری "شێ" لە باکوری ئەو ویلایەتە هەیە، هەر بۆیە لە باشووری  کالیفۆرنیا رێژەی باران زۆر کەمبووەتەوە و دووچاری وشکەساڵی بووە، بە جۆرێک لە هاوینی ساڵی ٢٠٢٤وە، باران بارین بە شێوەیەکی نائاسایی کەمبووەتەوە و ئەوەش بوەتە هۆی وشکبوونی رێژەیەکی زۆری دەرختی دارستانەکانی. لەگەڵ هەڵکردنی  بای " سانتا ئانا" لەو ویلایەتە هەموو ئەگەرەکانی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورەی لەم شێوەیە لە ئارادابووە، بە هۆی گۆڕانی بەردەوامی کەشوهەواشەوە کەوتنەوەی ئاگری لەوجۆرە لە داهاتوودا ئەگەرێکی کراوە دەبێت.

بەرپرسانی ویلایەتی کالیفۆرنیا ئاماژە بەوە دەکەن، بەهۆی ئاگرەکەوە تائێستا 12 هەزار ماڵ و باڵەخانە و ئۆتۆمبێل سووتاون، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە 180 هەزار کەس ماڵەکانیان جێهێشتووە و روویان لە ناوچەکانی دیکەی شاری لۆس ئەنجلۆس کردووە.

ئەو ئاگرەی باشووری ویلایەتی کالیفۆرنیا بە یەکێک لە گەورەترین کارەساتە سروشتییەکانییەکانی ئەو ویلایەتە دادەنرێت و تائێستا زیانی ئاگرەکە بە نزیکەی 150 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

ئەوەی جێگای سەرەنجە ئەوەیە کەوتنەوەی ئەو ئاگرە گەورەیە سەرجەم کۆمپانیاکانی دڵنیایی لەو ویلایەتە دوچاری قەیرانی گەورە کردووە، بە جۆرێک پێدەچێت زۆرینەیان مایەپوچ ببن، چونکە ئەو خانوو و ڤێلایانەی زیانیان بەرکەوتووە زۆرینەیان هی دەوڵەمەند و ئەکتەرە بە ناوبانگەکانی جیهانن کە قەرەبووکردنەوەیان پێویستی بە سەدان ملیار دۆلار دەبێت، لە کاتێکدا سەرمایەی کۆمپانیایەکی وەک  FAIR کە ناسراوترین کۆمپانیای دڵنیاییە لەو ویلایەتە کەمتر لە ٨٠٠ ملیۆن دۆلارە! هەر بۆیە دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە پرسی قەرەبووکردنی زیانلێکەوتوان، گەورەترین قەیران بۆ کۆمپانیاکانی دڵنیایی لە ئەمریکا دروستدەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار