نۆڤلێتی ئەو منداڵەکەی کوشت؟ بڵاوکرایەوە

12 كاتژمێر لەمەوپێش
نۆڤلێتی ئەو منداڵەکەی کوشت؟ لە نووسینی نووسەری ناسراوی نەمساوی شتێڤان تسڤایگ، لەلایەن ئەردەڵان عەبدوڵڵاوە لە ئەڵمانییەوە کراوە بە کوردی، لەلایەن ناوەندی رۆمان لە سلێمانی چاپکراوە.. کتێبەکە قەبارە مامناوەندە و خۆی لە دووتوێی 100 لاپەڕە دەبینێتەوە.
شتێڤان تسڤایگ یەکێکە لە نووسەرە ناسراوەکانی نەمسا، لە ساڵی 1881 لەدایکبووە و لە ساڵی 1942 کۆچی دواییکردووە. کەسێکی فرە بەهرە بووە، لەیەککاتدا رۆماننوس، چیرۆکنووس، مێژوونووس، رەخنەگرێکی ئەدەبیش بووە، لە بواری رۆماندا کۆمەڵێک بەرهەمی جوانی هەیە لەوانە (شەترەنج، ئەمۆکلاو، نهێنییە ئاگرینییەکان) ئەم نۆڤلێتەش یەكێكە لە بەرهەمە جوانەکانی نووسەر.
ئەم نۆڤلێتە باسی دوو بنەماڵە دەکات، کە قەدەر دەیانکات بە دراوسێی یەکتر، خێزانی یەکەم ( بێنستی) لە کۆتایی تەمەنیانن، هاتوون بۆئەوەی لە گوندێکدا بژین کە دەکەوێتە نزیک شاری باتی ئینگلتەرا، تاکۆتایی ژیانیان بەسەر بەرن و ژیانێکی ئارامیان هەبێت. گەرچی بنەماڵەی دووەمە( بنەماڵەی لیمپلی) کە ئەوان گەنجترن، ئەوانیش بە دوای ئارامییدا دەگەڕێن و خۆیان لە ژاوەژاوی شار بەدوور دەگرن.
پاش ناسینی هەردوو بنەماڵەکە، خێزانی یەکەم بە رێکەوت سەگێکی بچووکیان پێشکەش دەکەن، تاوەکو کاتی بەتاڵی خۆیانی پێ بەسەر بەرن، بەڵام دواتر ئەم سەگە دەبێتە بەڵایەکی گەورە بۆ بنەماڵەی لیمپلی. سەرەتا لیمپلی زۆر هۆگری سەگە دەبێت و هێندەی گرنگیی و بایەخی پێدەدات، بەشێوەیەک دەبێتە کۆیلەی سەگەکە، بەڵام پاشتر ژنەکەی منداڵێکی جوانی دەبێت، ئەمەش وادەکات کە لیمپلی هەموو ژیانی خۆی بۆ کچە بچووکەکەی تەرخان بکات و سەگەکەی پشتگوێ بخات. ئەمەش دەبێتە هۆی تووڕەبوون و دڕندەبوونی ئەو سەگەکەی کە ماوەیەکی زۆرە بەخێویی کردووە. دواجار سەگەکە تۆڵەی ئەم پشتگوێخستنە لە منداڵەکە دەکاتەوەو دەیکوژێت.
لەم نۆڤلێتەدا نووسەر هەوڵیداوە، جگە لە باسکردنی هەست و سۆزی مرۆڤ، ئاوڕێکیش لە جیهانی ئاژەڵەکان بداتەوە بەتایبەتی سەگ. باسی هەڵسووکەوت، لەهەمانکاتیشدا هەست و سۆزی ئەوانیش دەربخات. ئەم نزیکردنەوەیەی دوو جیهانی دژ بە یەکیش، خۆی لە خۆیدا داهێنانێکی گەورەیە.
