چوار لایەنی ڕۆژهەڵاتی كوردستان هاوپەیمانێتیەكیان پێكهێنا

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هاوپەیمانێتیەكی نوێ لەنێوان حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان پێكهێندرا، وەك خۆیان دەڵێن "هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی كوردستان وەك زەروورەت و پێویستیەكی سیاسی و مێژوویی پێكهاتووە".

لەبڵاوكراوەی پێكهێنانی هاوپەیمانێتیەكەدا هاتووە: "سەرەنجام پاش دوو مانگ كۆبوونەوەی هێز و لایەنە سەربەخۆییخوازەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و نووسینەوە و داڕشتنی دەستوور و بەرنامە و پێڕەوی هاوپەیمانی، توانرا هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی كوردستان HSK پێك بێ و بڕیارە لە ڕێكەوتی ٩ی ژانویەی ٢٠٢٢ی زایینی كاتژمێر ١٧ بە كاتی ئورووپای ناوەندی بە شێوەی ئانلاین بە ڕەسمی و بە بەشداریی حیزب و لایەنە سیاسیەكانی كورد و بیانی و هەروەها بە بەشداریی میدیاكار و ڕۆژنامە نووسان كۆنفڕانسی ڕۆژنامەنووسی و راگەیاندنی هاوپەیمانی بەڕێوە بچێت.

هەر بەپێی ئەو بڵاوكراوەیە "لەو هاوپەیمانییە دا بڕیار دراوە كاری هاوبەش(( سیاسی،نیزامی، ئەمنیەتی، میدیایی)) ، بەیان و گوتاری هاوبەش ، پێوەندی و لۆبیگەریی هاوبەش و كار بۆ پڕۆژەی هاوبەش بكرێت" .

پێكهێنەرانی هاوپەیمانێتیەكە وەك خۆیان دەڵێن " لەو باوەڕە دان كە بەم چەشنە دەتوانن ببین بە ئادرەسێكی بە هێزی سەربەخۆییخوازی چ لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات و كوردستان ، چ لە ئاستی دەرەوە بۆ دیالۆگ و لۆبیگەری و تەنانەت دانیشتن لە گەڵ دژبەرانی ڕژیمی ئێرانی و هەروەها هەوڵدان بۆ پێكهێنانی بەرە لە گەڵ سەرجەم هێز و لایەنەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان".

لە بڵاوكراوەكەدا ناوی حیزب و لایەنەكانی پێكهێنەری ئەو هاوپەیمانێتیە بەمشێوەیە هاتووە:

1- ڕێكخراوی یارسانیی یاری كورد.

2- یەكێتیی شۆڕشگێڕانی كوردستان.

3- تەڤگەری ڕزگاریخوازانەی دێموكراتیكی كوردستان.

4- بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی كوردستان. پاش پێكهێنانی هاوپەیمانی لە لایەن ئەندامانی ئەو چوار لایەنە لە ڕێگەی دەنگدان و هەڵبژاردنەوە ١٧ كەس وەك ئەندامی ڕێبەریی گشتی هەڵبژێردران .

دواتر لە كۆبوونەوەی ڕێبەریی گشتی دا پێنج كەس وەك دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێردران كە بریتین لەو كەسانە: ڕۆستەم ئەڵماسی مێهران میرزایی عەلی فەزڵی جەماڵ پووركەریم سەردار وەلەدبەیگی پاشان لە لایەن دەستەی سەرۆكایەتییەوە بە كۆی دەنگ جەماڵ پووركەریم وەك سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ ماوەی یەك ساڵ هەڵبژێردرا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار