راگه‌یاندنی راپۆرتی پێشێلکارییه‌کانی ئازادی راده‌ربڕین له‌هه‌رێمی کوردستان

5 ساڵ لەمەوپێش



 

رێکخراوی ئاشتی و ئازادی به‌ هاوکاری فریاگوزاری میلله‌تی نه‌رویجی رۆژی 11ی کانوونی دووه‌م 2019 له‌شاری هه‌ولێر له‌ کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌نووسیدا راپۆرتی ساڵی 2019ی پێشێلکردنی ئازادییه‌کانی راده‌ربڕینی له‌هه‌رێمی کوردستان راگه‌یاند.

راپۆرتی ره‌وشی ئازادی راده‌ربڕین وگردبوونه‌وه‌ له‌هه‌رێمی کوردستان- ساڵی 2019


له‌ بری پێشه‌کی

ئازادى راده‌ربڕین له‌ هه‌رێمى کوردستان رووبه‌ڕووى پێشێلکارى جۆراوجۆر ده‌بێـته‌وه‌، به‌ یاسا و رێنمایی ناوخۆیى رێگرى له‌ ئازادى راده‌ربڕین و کاری رێکخراوه‌یی له‌بواره‌کانى مافى خۆپیشاندان و ئازادى کارى سه‌ندیکایى و یه‌کێتی و کۆمه‌ڵه‌ و سه‌نته‌ره‌کان ده‌کرێت و پێشێلکارى روون و زه‌ق به‌هۆى جێبه‌جێ نه‌کردنى یاساکانى په‌یوه‌ست به‌ ئازادى راده‌ربڕین و کاریی رێکخراوه‌یی تۆمار کراوه‌.

جگه‌ له‌ پێشێلکارى و رێگرى یاسایى و جێبه‌جێ نه‌کردنى یاساکان وه‌کو خۆیان، له‌ واقیع و کارى رۆژنه‌دا ، رۆژنامه‌نوسانی کوردستان هێشتا رووبه‌ڕووی پێشێلکاری زۆر و زه‌ق ده‌بنه‌وه‌و مافه‌کانیان پێشێل ده‌کرێت.  دۆسیه‌ی جێبه‌جێنه‌کردنی یاسای کاری رۆژنامه‌وانی و به‌کارهێنانی یاسای به‌کارهێنانی خراپی ئامرازه‌کانی په‌یوه‌ندی بۆ دادگاییکردنی رۆژنامه‌نووسان یه‌کێک بوو له‌ زه‌قترین ئه‌و ئامرازانه‌ی بۆ پێشێلکردنی ئازادی راده‌ربڕین له‌ ساڵی 2019 دا له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌کارهێنراوه‌. هه‌ر له‌ ئه‌مساڵدا هه‌وڵی دامه‌زراندنی ئه‌نجوومه‌نی باڵای میدیا بۆته‌ مه‌ترسییه‌ک له‌لای رۆژنامه‌نوسانی ئازاد و چالاکوانانی بواری ئازادی راده‌ربڕین که‌ حکوومه‌ت له‌رێگای ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌وه‌ کارده‌کات بۆ نه‌هێشتنی ئازادی کاری رۆژنامه‌وانی.

له‌ ساڵی 2019 دا له‌ بواری کاری رێکخراوه‌یی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پاشه‌کشه‌ی له‌ تۆماری ئه‌لیکترۆنی رێکخراوه‌کان کرد،به‌وه‌ش یه‌کێک له‌و ده‌ستکه‌وتانه‌ی له‌ده‌ستدا که‌ گه‌لێک جار به‌نموونه‌ی کرانه‌وه‌ داده‌نرا له‌ هه‌رێمی کوردستان و به‌ ئه‌زموونێکی سه‌رکه‌توو داده‌نرا له‌لایه‌ن رێکخراوه‌ جیهانییه‌کانی مافی مرۆڤه‌وه‌.جگه‌ له‌وه‌ش بارقورسی زیاتری خستۆته‌ سه‌ر رێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ هه‌رێم و به‌سه‌دان رێکخرای ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و بارقورسیانه‌ زیانیان پێده‌گات و ده‌بێته‌ هَی پاشه‌کشه‌ی کاری رێکخراوه‌یی له‌ هه‌رێمی کوردستان.

له‌بواری یاساییدا و به‌تایبه‌ت له‌پرسی یاسای خۆپیشاندان هیچ پێشکه‌وتنێک نیه‌،له‌ مه‌یداندا رێگری به‌رده‌وام له‌ خَپیشاندانه‌کان هه‌بووه‌ له‌ ناوچه‌ جیاجیاکانی کوردستان پێشێلکارییه‌کانی ئه‌و بواره‌ش تۆمارکراون له‌م راپۆرته‌دا.یاسای مافی گه‌یشتن به‌زانیاریش نه‌ رێنماییه‌کانی جێبه‌ جێکراون،نه‌ هیچ تیشکێک خراوه‌ته‌ سه‌ری وێڕای ئه‌وه‌ی کابینه‌ی نوێی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان راشکاوانه‌ ده‌ڵێت به‌ پێی یاسا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پرسی مافی گه‌یشتن به‌ زانیاری ده‌که‌ن.

ئه‌م راپۆرته‌ پوخته‌ی  دۆخى ئازادى راده‌ربڕین و کاری رێکخراوه‌ییه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان له‌ساڵى 2019دا، له‌چوارچێوه‌ى پابه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانى ئازادى راده‌ربڕین و یاسا و رێنماییه‌ نێوخۆییه‌کاندا، که‌ تیایدا تیشک خراوه‌ته‌ سه‌ر ره‌وشى ئازادى کارى رۆژنامه‌وانى و مافى خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تى شه‌قام و مافى به‌ده‌ستهێناى زانیارى و ئازادى کارى رێکخراو و کۆمه‌ڵه‌کان.له‌گه‌ڵ خستنه‌ڕووى چه‌ندین پێشنیاز و بیروڕا بۆ پاڵپشتى له‌ ئازادى راده‌ربڕین و کاری رێکخراوه‌یی له‌ کوردستاندا.

کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری و داتاکان له‌رێگه‌ی تیمی چاودێری رێکخراو،هه‌روه‌ها چاودێریکردنی که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندن و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان بووه‌.شایه‌نی باسه‌ ئه‌م راپۆرته‌ به‌شێکه‌ له‌چالاکییه‌کانی پڕۆژه‌ی فراوانکردنی رووبه‌ری کاری رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی که‌ رێکخراوی ئاشتی و ئازادی له‌گه‌ڵ رێکخراوی فریاگوزاری میلله‌تی نه‌رویجی ئه‌نجامی ده‌ده‌ن به‌ پاڵپشتی ئاژانی په‌ره‌پێدانی سویدی.

ناوه‌ڕۆکی راپۆرت

راپۆرته‌که‌ له‌ سێ به‌ش پێکدێت:

به‌شی یه‌که‌م: کۆی پێشێلکارییه‌کانی ئازادی راده‌ربڕین له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ ساڵی 2019 که‌ له‌م ورده‌کارییانه‌ پێکدێت:

1-            کۆی گشتی پێشێڵکاریه‌کان.

2-            شوێنی پێشێڵکاریه‌کان.

3-            دابه‌شکردنی پێشێڵکاریه‌کان به‌پێی کات (مانگانه‌).

4-            جۆری پێشێڵکاریه‌کان.

5-            ئه‌و لایه‌ن و که‌سانه‌ی پێشێڵکاری دژیان ئه‌نجام دراوه‌.

6-            ره‌گه‌ز و ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی پێشێڵکاری دژیان ئه‌نجام دراوه‌.

7-            ئه‌و لایه‌نه‌ی پێشێڵکاری ئه‌نجام داوه‌.

به‌شی دووه‌م:ره‌وشی رێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ کوردستان و روانینی رێکخراوی ئاشتی و ئازادی بۆ چاره‌کردنی گرفته‌کانیان

به‌شی سێیه‌م: راسپارده‌ وپێشنیاره‌کان

 

به‌شی یه‌که‌م: کۆی پێشێلکارییه‌کانی ئازادی راده‌ربڕین له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ ساڵی 2019

 

1-کۆی گشتی پێشێڵکاریه‌کان

له‌ رێکه‌وتی 01\01\2019 تاکو 30\11\2019 کۆی کشتی پێشێڵکاریه‌کان (83) پێشێڵکاری رویداوه‌ که‌ به‌رانبه‌ر به‌ (151) که‌س و ده‌زگای راگه‌یاندن و رێکخراوانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و خۆپیشانده‌ر و  قوتابیان و چاڵاکوانان و ئه‌ندامانی حزبی سیاسی. که‌ له‌لای ئێمه‌ وه‌ک رێکخراوی ئاشتی و ئازادی تۆمارکراون،به‌ڵام بۆی هه‌یه‌ ژماره‌کان زۆر زیاتر بن له‌وه‌و ئێمه‌ ده‌ستمان به‌ زانیارییه‌کانی نه‌گه‌یشتبێ.ورده‌کاری زانیاری  هه‌موو ئه‌و که‌یسانه‌ له‌لای رێکخراوی ئاشتی و ئازادی پارێزراون .

 

2- شوێنی رودانی پێشێڵکاریه‌کان به‌ پێ ی سنوری پارێزگاکان

پێشێلکاریه‌کان پۆلێن کراون به‌ پێ ی سنوری پارێزگاکانی ( دهۆک , هه‌ولێر , سلێمانی و که‌رکوک), له‌ سنوری پارێزگای دهۆک 16 پێشێڵکار ی رویداوه‌ که‌ ده‌کاته‌ ( 19.3 %), وه‌ له‌ پارێزگای هه‌ولێر 22 پێشێڵکاری رویداوه‌ که‌ ده‌کاته‌ (26.5 %) , له‌ پارێزگای سڵێمانی 40 پێشێڵکاری رویداوه‌ که‌ ده‌کاته‌ (48.2 %) وه‌ له‌ که‌رکوک 5 پێشێڵکاری رویداوه‌ که‌ ده‌کاته‌ (6 % ) .کو کۆی گشتی پێشێلکاریه‌کان ده‌کاته‌ 83 .

 3-دابه‌شکردنی پێشێڵکاریه‌کان به‌پێی کات (مانگانه‌)

له‌ کۆی 83 پێشێڵکاری که‌مترین پێشێڵکاری له‌ مانگی یه‌ک دا (3) پێشێڵکاری بووه‌ به‌ رێژه‌ی (3.6 %) وه‌ زۆرترین پێشێڵکاری له‌ مانگی هه‌شت دا (15) پێشێڵکاری بووه‌ به‌ رێژه‌ی (18,1).

                 

 

4- جۆری پێشێڵکاریه‌کان

جۆری پێشێڵکاریه‌کان جیاوازن, وه‌ک له‌ خواره‌وه‌ دیاری کراوه‌ (1) جۆری کوشتن هه‌یه‌ که‌ ده‌کاته‌ (1.2 % ), وه‌ 24 حاڵه‌تی ده‌ستگیرکردن هه‌یه‌ که‌ ده‌کاته‌ (28.9%), وه‌ (5) حاله‌تی داخستنی که‌ناڵی راگه‌یاندن هه‌یه‌ که‌ ده‌کاته‌ ( 6 %) , وه‌ 18 حاڵه‌تی رێگرکردن له‌ کاری رۆژنامه‌وانی هه‌بووه‌ که‌ ده‌کاته‌ (21,7%) , وه‌ 3 حاله‌تی ریگریکرن هه‌بووه‌ له‌ خۆپیشاندانی ئاشتیانه‌ که‌ ده‌کاته‌ (3.6 %), وه‌ 2 حاڵه‌تی ده‌ستگیرکردنی خۆپیشانده‌ران هه‌بووه‌ که‌ ده‌کاته‌ (2.4 %), وه‌ (5) حاڵه‌تی هێرشکردنه‌ سه‌ر رۆژنامه‌نووسان و سوکایه‌تی پێکردن هه‌بووه‌ که‌ ده‌کاته‌ (6%) , وه‌ 25 حاڵه‌تی جیاجیا و هه‌ڕه‌شه‌کردن و دورخستنه‌وه‌ی رۆژامه‌نوسان هه‌بووه‌ که‌ ده‌کاته‌ (30.1%).

 

 

5-ئه‌و لایه‌ن و که‌سانه‌ی پێشێڵکاری به‌رانبه‌ریان ئه‌نجام دراوه‌

(59) پێشێڵکاری به‌رانبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نوسان رویداوه‌ که‌ ده‌کاته‌ (71.1%), وه‌ (7) پێشێڵکاری به‌رانبه‌ر به‌ (ده‌زگای راگه‌یاندن و رێکخراوه‌کان) رویداوه‌ که‌ ده‌کاته‌ (8.4%), وه‌ (4) پێشێڵکاری به‌رانبه‌ر به‌ خۆپیشاندانه‌کان رویداوه‌ که‌ ده‌کاته‌ ( 4,8%), وه‌ 2 پێشێڵکاری به‌رانبه‌ر به‌ قوتابیان رویداوه‌ که‌ ده‌کاته‌ (2,4%), وه‌ (11) پێشێڵکاری به‌رانبه‌ر به‌ چاڵاکوانانی مه‌ده‌نی و ئه‌ندامانی حزبی سیاسی و نوسه‌ران و ..... رویداوه‌ که‌ ده‌کاته‌ (13,3%).

 

6- ره‌گه‌ز و ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی پێشێڵکاری دژیان ئه‌نجام دراوه‌

کۆی گشتی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ پێشێڵکاری دژیان ئه‌نجام دراوه‌ ( 151 ) که‌سن به‌بێ ده‌زگا و رێکخراو و که‌ناڵ و گروپ. ره‌گه‌زی ئه‌و که‌سانه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌یه‌:

•             نێر: (140) رێژه‌ی (92,72)

•             مێ : (11)  رێژه‌ی (7,28)

له‌ کۆی (151) که‌س که‌ پێشێڵکاری دژیان ئه‌نجامدراوه‌ (110) که‌سیان رۆژنامه‌نووس و راگه‌یاندکار بوونه‌.

7- ئه‌و لایه‌نانه‌ی پێشێڵکاریان ئه‌نجام داوه‌

ئه‌و پێشێڵکاریانه‌ی که‌ له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ ئه‌نجام دراوه‌ (57) حاڵه‌ته‌ که‌ ده‌کاته‌ (68,7%) له‌ کۆی (83) پێشێڵکاری وه‌ک (هێزه‌ ئه‌منیکان و دام و ده‌زگا حکومیه‌کان.....). وه‌ (6) پێشێڵکاری ئه‌و لایه‌نانه‌ی له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی حکومه‌ت دان ئه‌نجامیان داوه‌ که‌ ده‌کاته‌ (7,2%) وه‌ک (ئه‌ندامان و هێزه‌ پاسه‌وانه‌کانی حزبه‌ سیاسیه‌کان, کۆمپانیا ئه‌منیه‌کان......), وه‌ (20) پێشێڵکاری لایه‌نه‌ ناحکومیه‌کان ئه‌نجامیان داوه‌ که‌ ده‌کاته‌ (24.1%) وه‌ک (لایه‌نه‌ شاراوه‌کان , که‌سایه‌تیه‌ دیاره‌کان , ئاغاکان ......)

 

به‌شی دووه‌م:ره‌وشی رێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ کوردستان و روانینی رێکخراوی ئاشتی و ئازادی بۆ چاره‌کردنی گرفته‌کانیان

باکگراوندێکی  مێژوویی کورت له‌باره‌ی رێکخراوی

 ناحکوومی نێوده‌وڵه‌تی له‌ هه‌رێمی کوردستان

هه‌رێمی کوردستان له‌وه‌ته‌ی ساڵی 1992 ه‌وه‌ گرنگییه‌کی تایبه‌تی دابوو به‌  هه‌بوونی رێکخراوی نێوده‌وڵه‌تی و لقی رێکخراوی ناحکومی نێوده‌وڵه‌تی له‌ هه‌رێمی کوردستان.ئه‌و گرنگییه‌شی له‌ چه‌ند بوارێکدا جێگه‌کردبۆوه‌،به‌نموونه‌ شه‌شه‌م یاسا که‌ له‌ مێژوی حومکمڕانی هه‌رێمی کوردستان ده‌رچووبێت تایبه‌ته‌ به‌ پارێزگاریکردن و پاراستنی کارمه‌ندانی رێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تی و رێکخراوه‌ مرۆڤایه‌تییه‌کان که‌ ئه‌ویش یاسای ژماره‌ 6ی ساڵی 1992 ی په‌رله‌مانی کوردستانه‌ که‌ تایبه‌ته‌ به‌ پاراستنی که‌سانی بیانی که‌ له‌ رێکخراوه‌کانی سه‌ربه‌نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان یاخود رێکخراوه‌ مرۆڤایه‌تییه‌کانی له‌ هه‌رێم کارده‌که‌ن.به‌پێی بڕگه‌ی (ا)ی مادده‌ی دووه‌می ئه‌و یاسایه‌ هه‌ر که‌سێک کارمه‌ندێکی ئه‌و رێکخراوانه‌ بکوژێت سزای ئیعدامی به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ده‌کرێت.ئه‌وه‌ش به‌مه‌به‌ستی پاراستنی که‌سانی بیانی و مانه‌وه‌یان له‌هه‌رێم و گرنگی دان به‌ کاره‌کانیان له‌ 27 ساڵ به‌رله‌ئێستا.

هه‌ر به‌مه‌به‌ستی زیاتر گرنگیدان به‌ کاروباری رێکخراوی نێوده‌وڵه‌تی له‌هه‌رێمی کوردستاندا.له‌ کابینه‌ی یه‌که‌می حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ وه‌زاره‌تێکی تایبه‌ت به‌ناوی (وه‌زاره‌تی یارمه‌تی مرۆڤایه‌تی و هاوکاری )بوونی هه‌بوو به‌ پێی یاسای ژماره‌ 20ی ساڵی 1993  و به‌تایبه‌تی له‌ مادده‌ی 4ی یاساکه‌دا به‌روونی ده‌رده‌که‌وێت که‌ ئه‌رکی بنچینه‌یی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ بریتی یه‌ له‌ رێگه‌خۆشکردن بۆ هاتنی رێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تی و رێکخراوه‌ ناحکومییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و دروستکردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵیان و ئاسانکاری بۆ کاره‌کانیان.

کاتێک ساڵی 2011 یاسای ژماره‌ی 1ی رێکخراوه‌ ناحکوومییه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌رچوو ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌رگایه‌کی باش و گرنگی به‌ڕووی کاری رێکخراوه‌ ناوخۆییه‌کانی کوردستا کرده‌وه‌ له‌هه‌مان کاتدا هه‌نگاوێکی دیکه‌ش کاری رێکخراوه‌ ناحکومییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی برده‌ پێشه‌وه‌ به‌وه‌ی ئاسانکاری باش و روونی زیاتر له‌ تۆمارکردن هاته‌ ئاراوه‌.هه‌ر به‌وه‌ش ژماره‌یه‌کی ئێجگار زۆری رێکخراوی ناحکومی نێوده‌وڵه‌تی له‌ هه‌رێمی کوردستان تۆمارکران ،به‌به‌راورد به‌ ناوچه‌کانی دیکه‌ی عێراق رێکخراوه‌ ناحکوومییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ئاسانکاری زیاتریان پێشکه‌ش ده‌کرا.ته‌نانه‌ت له‌ به‌غدا ئه‌و ئاسانکاریانه‌ پێشکه‌ش نه‌ده‌کران.به‌ڵام چه‌ند ساڵێکه‌ ئه‌و رێکخراوانه‌ هه‌ندێک به‌ربه‌ست ده‌خرێته‌ به‌رده‌میان که‌ وایکردووه‌ رێکخراوه‌ ناحکوومییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ناڕه‌زایی ده‌رببڕن و کاره‌کانیان سست ببێت له‌ هه‌رێمی کوردستان .دیاره‌ پاشه‌کشه‌کردن و سستبوونی کاری رێکخراوه‌ ناحکوومییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان.

 

گرفته‌کانی به‌رده‌م رێکخراوه‌ ناحکوومییه‌

 نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌هه‌رێمی کوردستان

یه‌که‌م: هۆکاره‌ خوودییه‌کان

1-ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی که‌ له‌ فه‌رمانگه‌ی رێکخراوه‌ ناحکوومییه‌کانی کوردستانه‌وه‌ ده‌خرێنه‌ به‌رده‌م کاری رێکخراوه‌ ناحکوومییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان به‌تایبه‌تی و رێکخراوه‌کانی کوردستان به‌گشتی ئه‌وه‌ی که‌ تایبه‌ته‌ به‌ (نوێکردنه‌وه‌ی فه‌رمانی کارگێڕی)که‌ کراوه‌ته‌ ساڵانه‌ و په‌یوه‌ست کراوه‌ به‌ لایه‌نی باجی داهات و پێشکه‌شکردنی راپۆرته‌کانی چالاکی و دارایی ،له‌کاتێکدا که‌ ئه‌م رێکاره‌ له‌هیچ شوێنێکی یاسای ژماره‌ی 1ی ساڵی 2011 ی رێکخراوه‌ ناحکوومییه‌کان باس نه‌کراوه‌و،ته‌نانه‌ت له‌ په‌یڕه‌وی فه‌رمانگه‌ی رێکخراوه‌ ناحکووییه‌کانیشدا ئه‌وه‌ی که‌ له‌ رۆژنامه‌ی وه‌قائعی کوردستان ژماره‌ 135ی ساڵی 2011 دا بڵاوبۆته‌وه‌ هیچ ئاماژه‌یه‌ک به‌ نوێکردنه‌وه‌ی ساڵانه‌ی فه‌رمانی کارگێڕی ناکات.ته‌نانه‌ت وه‌ک نه‌ریتیش له‌ ساڵانی 2011 تاوه‌کو ساڵی 2016 ئه‌و نوێکردنه‌وه‌یه‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌وه‌ بوونی نه‌بووه‌و،له‌عێراقیشدا فه‌رمانگه‌ی رێکخراوه‌ ناحکوومییه‌کانی عێراق کار به‌و رێکاره‌ ناکه‌ن.

2-ئه‌و بڕیاره‌ی که‌ رۆژی 16ی ئوکتۆبه‌ری 2019 فه‌رمانگه‌ی رێکخراوه‌ ناحکومییه‌کانی کوردستان ده‌ری کردووه‌ ،جارێکی دیکه‌ بارقورسی زیاتر ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی رێکخراوه‌ ناحکوومییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان به‌وه‌ی که‌ ده‌بێت تۆماره‌کانی (بڕیاره‌کان،ئه‌ندامان،ژمێریای،بنه‌ڕه‌ت)دابنێن و،کرده‌ داراییه‌کانیان به‌پێی سیسته‌می عێراقی و له‌ تۆماری ژمێریاری رۆژانه‌ دابنێن.ئه‌و بڕیاره‌ش کۆمه‌ڵێک گرفتی تێدایه‌:

أ-له‌وه‌ته‌ی ده‌رچوونی یاسای رێکخراوه‌ ناحکومییه‌کان له‌ساڵی 2011 تاوه‌کو 16ی ئوکتوبه‌ری 2019 واته‌ زیاتر له‌ 8 ساڵه‌ ئه‌و داوایه‌ له‌ رێکخراوه‌ ناحکومییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان نه‌کراوه‌ ئه‌و تۆماره‌یان هه‌بێت.

ب- ئه‌و بریاره‌ هیچ ماوه‌یه‌کی نه‌داوه‌ به‌ رێکخراوه‌ ناحکوومییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان تاوه‌کو  جێبه‌جێ بکه‌ن،به‌ڵکو به‌پێی به‌دواداچوونی ئێمه‌ بۆمان ده‌رکه‌وت یه‌کسه‌ر ده‌ستیان به‌جێبه‌جێکردن کردووه‌و،فه‌رمانی کارگێڕی ئه‌و رێکخراوانه‌ نوێ ناکه‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر کۆپی ئه‌و تۆمارانه‌ نه‌به‌ن.

ج- له‌ڕووی کرده‌ییه‌وه‌ جێبه‌جێکردنی ئه‌و بڕیاره‌ له‌لای رێکخراوه‌ ناحکوومییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ئاسان نه‌بێت،به‌نموونه‌ :

ج-1:تۆماری بڕیاره‌کان:کۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی ئه‌و رێکخراوانه‌ له‌رێگای ئامرازه‌ ئه‌لیکترۆنییه‌کانه‌ و به‌ زمانی وڵاته‌کانی خۆیانه‌،ئاسان نیه‌ که‌ بتوانن به‌ زمانی کوردی ئه‌وه‌ بخه‌نه‌ سه‌ر تۆماری بڕیاره‌کان.

ج-2:تۆماری ژمێریاری:رێکخراوه‌ ناحکومییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان کاروباری داراییان له‌رێگای پرۆگرامی ئه‌لیکترۆنی داراییه‌وه‌ ریچکده‌خه‌ن به‌ سیسته‌می وڵاته‌کانی خۆیان که‌ پێشکه‌وتووتره‌ له‌وه‌ی له‌ هه‌رێمی کوردستان و عێراقدا هه‌یه‌.هه‌روه‌ها به‌شێک له‌و رێکخراوانه‌ به‌ پێی گرێبه‌ستی کارکردنییان له‌گه‌ڵ پاره‌به‌خشه‌کانیان ناتوانن زانیاری ورده‌کاری لایه‌نه‌ داراییه‌کانیان بخه‌نه‌ به‌رده‌ستی لایه‌نی سێیه‌م ،جگه‌ له‌وه‌ی که‌ ئه‌وان به‌ زمانی ئینگلیزی داراریی خۆیان رێکده‌خه‌ن ئاسان نیه‌ که‌ بیکه‌نه‌ کوردی و بیخه‌نه‌ سه‌رتۆماری ژمێریاری که‌ فه‌رمانگه‌ی رێکخراوه‌ ناحکوومییه‌کان داوای ده‌که‌ن.

ج-3: تۆماری ئه‌ندامان: به‌شێکی زۆری ئه‌و رێکخراوه‌ ناحکوومییه‌ نێوده‌وڵه‌تییانه‌ رێکخراوی پسپۆڕین و ئه‌ندامیان نیه‌.هه‌روه‌ها به‌شێکیان که‌ ئه‌ندامیان هه‌یه‌ له‌ وڵاته‌که‌ی خۆیانن نه‌ک له‌ هه‌رێمی کوردستان.هه‌ر بۆیه‌ نووسینی ناوی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ له‌وکاته‌ی که‌ هیچ سوودێکی نیه‌ بنووسرێت له‌ تۆماره‌که‌ یاخود نه‌ له‌هه‌مان کاتدا به‌شێکی زۆریشیان ناتوانن ئه‌و زانیاریانه‌ هاوبه‌شی بکه‌ن له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نه‌ێکدا به‌ڵکو ئه‌وه‌ ته‌نها کارێکی ناوخۆیی خۆیانه‌ له‌ وڵاته‌کانی خۆیاندا.

د-له‌دوای ساڵی 2014 وه‌ به‌تایبه‌تی که‌ قه‌یرانی دارایی له‌هه‌رێمی کوردستان په‌یدا بوو،به‌مه‌به‌ستی دامه‌زراندنی ئه‌م که‌س و ئه‌وی دیکه‌ فشارخراوه‌ته‌ سه‌ر چه‌ندین رێکخراوی نێوده‌وڵه‌تی له‌لایه‌ن که‌سانی ده‌ستڕۆشتوو بۆ دامه‌زرادنی که‌سه‌ نزیکه‌کانیان له‌کاتێکدا مه‌رجه‌کانی کارکردنی تێدانه‌بووه‌،یاخود کاتێک گرێبه‌ستی ستافیکی ناوخۆیی له‌ گه‌ڵ رێکخراوێک ته‌واو بووه‌ په‌نای بردۆته‌ به‌ر که‌سانێکی (حزبی-حکومی)بۆ مانه‌وه‌و درێژکدنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌که‌ی.له‌و بواره‌دا چه‌ندین نموونه‌ به‌رده‌ستن و ده‌ستێوه‌ردان له‌ کاروباری رێکخراوه‌ ناحکووییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان کراوه‌.

دووم: هۆکاره‌ بابه‌تییه‌کان

1-له‌دوای پڕَسه‌ی ریفراندۆمی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ له‌ 25ی ئه‌یلوولی 2017 دا ،حکوومه‌تی عێراق له‌ رێگه‌ی فه‌رمانگه‌ی رێکخراوه‌ ناحکوومییه‌کانی عێراقه‌وه‌ فشاری خسته‌ سه‌ر رێکخراوه‌ ناحکوومییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی باره‌گای سه‌ره‌کییان ببه‌نه‌ به‌غدا یان ئه‌و ناوچانه‌ی که‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکوومه‌تی فیدراڵی دایه‌.

2-که‌م بوونه‌وه‌ی توانادارکردن و پاره‌ به‌خشین بۆ هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن پاره‌به‌خشه‌کان ،به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئێستا پاره‌ به‌خشه‌کان زیاتر جه‌خت ده‌که‌نه‌ سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌واو ئه‌نبار و سه‌لاحه‌ددین و دیاله‌ و هه‌ندێک ناوچه‌ له‌ که‌رکووک.

 

سووده‌کانی هه‌بوونی رێکخراوی ناحکوومی

 نێوده‌وڵه‌تی له‌ هه‌رێمی کوردستان

1-سوودی سیاسی: هه‌بوونی رێکخراوه‌ ناحکوومییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستاندا،بۆ خۆی نیشاندانی کراوه‌یی و پابه‌ندبوونی سیاسی هه‌رێم ده‌گه‌یه‌نێت به‌بنه‌ما جیهانییه‌کانی کاری رێکخراوه‌یی  وکاریی مرۆیی و رێزگرتن له‌مافه‌کانی مرۆڤ .

2-سوودی ئابووری: له‌رێگه‌ی ئه‌و رێکخراوانه‌وه‌ ساڵانه‌ ملیاره‌ها دۆلار دێته‌ ناو هه‌رێمی کوردستان بۆ بواری جیاجیا.ئێیستا سه‌دان کچ و کوڕی هه‌رێم کارمه‌ندی ئه‌و رێکخراوانه‌ن و مووچه‌ وه‌رده‌گرن،سه‌دان خانوو سه‌یاره‌ و که‌ل و په‌ل به‌کرێگیاون له‌لایه‌ن ئه‌و رێکخراوانه‌وه‌.ملیۆنه‌ها دۆلار له‌ بازاڕو هوتێل و چێشتخانه‌ و...تد خه‌رج ده‌که‌ن که‌ دواجار ئه‌و پاره‌یه‌ دێته‌ کوردستانه‌وه‌.جگه‌ له‌وه‌ی که‌ سه‌دان پڕۆژه‌ی بچووک و هاوکاری دارایی راسته‌وخۆ و...تد پێشکه‌ش به‌ خه‌ڵکی کوردستان ده‌که‌ن.

3-سوودی مرۆیی: له‌کاتی لێقه‌وماندا به‌تایبه‌تی له‌م دواییانه‌ که‌ لێشاویی ئاواره‌یی رووی کرده‌ هه‌رێمی کوردستان،ئه‌و رێکخراوانه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ هاوکارییه‌کی مرۆیی زۆریان هێنایه‌ هه‌رێمه‌وه‌و شان به‌شانی حکوومه‌تی هه‌رێم و خه‌ڵکی کوردستان کاریان ده‌کرد وبگره‌ زیاتریش،نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ به‌ڵکو به‌و پێیه‌ی که‌ ئه‌وان ئه‌زموونی زۆیان له‌وبوارانه‌دا هه‌یه‌ باشتر و خێراتر کاره‌کان ده‌که‌ن،سه‌دان کوڕو کچی هه‌رێمیش له‌وانه‌وه‌ فێربوون.

4-تواناسازیی: رێکخراوه‌ ناحکوومییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان توانیویانه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ندین ساڵدا به‌سه‌دان که‌سی ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌ بواری جیاجیا و له‌ کوردستان یان له‌وڵاته‌کانی ده‌ره‌وه‌ رابهێنن و تواناسازیان بۆ ئه‌نجام بده‌ن و وه‌ک سامانێکی مرۆیی له‌م وڵاته‌دا به‌جێیان هێشتوون و له‌بواری جیاجیادا خزمه‌ت ده‌که‌ن.

5-په‌ره‌پێدان به‌ کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی کوردستانی: به‌شێکی زۆری رێکخراوه‌ ناحکوومییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ماوه‌ی کارکردنیاندا توانیویانه‌ له‌ رێگای خوول و راهێنانه‌وه‌ کاریگه‌ری بخه‌نه‌ سه‌ر ره‌وتی گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی وده‌یان سه‌رچاه‌ی زانستیان له‌باره‌ی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه‌وه‌ خستۆته‌ به‌رده‌ستیان.هه‌روه‌ها به‌شێکی ئه‌و رێکخراوانه‌ش له‌رێگه‌ی هاوبه‌شیکردنی رێکخراوه‌ ناوخۆییه‌کانه‌وه‌ کاریگه‌ری زیاتریان له‌و توانسازییه‌دا هه‌بووه‌.

جگه‌ له‌وانه‌ش ده‌یان سوودی دیکه‌یان گه‌یاندووه‌ به‌ هه‌رێمی کوردستان.

 

رێگاچاره‌کانی کاراکردنی رۆڵی رێکخراوه‌

 ناحکوومییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌هه‌رێمی کوردستان

 

1-راگرتنی بڕیاره‌که‌ی فه‌رمانگه‌ی رێکخراوه‌ ناحکوومییه‌کانی کوردستان که‌ له‌ رۆژی 16ی ئوکتۆبه‌ری 2019ده‌رچووه‌ به‌وه‌ی که‌ تۆماره‌کان دابنێن.

2-فه‌رمانگه‌ی رێکخراوه‌ ناحکوومییه‌کانی کوردستان هه‌وڵبدات به‌ زووترین کات رێنماییه‌کی تایبه‌ت ده‌ربکات له‌به‌ر رۆشنایی یاسای ژماره‌ 1ی ساڵی 2011 که‌ تایبه‌ت بێت به‌ تۆماری رێکخراوه‌ ناحکوومییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و له‌وێدا به‌ڕوونی رێکاره‌کانی تۆماری ئه‌وان روون بکاته‌وه‌و،پرسی 4 تۆماره‌که‌ی تێدا لابدات.تا ئه‌و کاته‌ی که‌ یاسایه‌که‌ هه‌موارده‌کرێته‌وه‌.

3-نه‌هێشتنی نوێکردنه‌وه‌ی ساڵانه‌ی فه‌رمانی کارگێڕی بۆ سه‌رجه‌م رێکخراوه‌ ناحکومییه‌ ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌کان،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێچه‌وانه‌ی خوودی یاسای رێکخراوه‌ ناحکوومییه‌کانی کوردستانه‌.

4-سه‌رله‌نوێ کردنه‌وه‌ی رێکاری تۆماری ئه‌لیکترۆنی که‌ یه‌کێک بوو له‌ ده‌ستکه‌وته‌کانی ره‌وتی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی کوردستان.

5-رێگه‌گرتن له‌ ده‌ستێوه‌ردان له‌کاروباری رێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان وسزادانی سه‌رپێچیکاران.

 

 

 

به‌شی سێیه‌م: راسپارده‌ وپێشنیاره‌کان

1-جێبه‌جێکردنی یاسای کاری رۆژنامه‌وانی یاسای ژماره‌ 35ی ساڵی 2007 وه‌کو خۆی.

2-تێکه‌ڵنه‌کردنی پرسی دادگاییکردنی رۆژنامه‌نووسان به‌ یاسای سزادانی عێراقی و یاسای به‌کارهێنانی خراپی ئامرازه‌کانی په‌یوه‌ندی و کارکردنی به‌سای کاری رۆژنامه‌وانی.

3-راگرتنی کارکردن به‌ ره‌شنووسی ئه‌نجوومه‌نی باڵای میدیا له‌هه‌رێمی کوردستان.

4-سزادانی هه‌موو ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ی که‌ تۆمه‌تبارن به‌ پێشێلکاری به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نووسان و که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندن.

5-بڵاوکردنه‌وه‌ی رێنماییه‌کانی یاسای مافی گه‌یشتن به‌زانیاری و په‌له‌کردن له‌ جێبه‌جێکردنی.

6-هه‌ڵگرتنی به‌ربه‌سته‌کانی به‌رده‌م تۆمارکردنی رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه‌کان و دانانی یاسایه‌کی هاوچه‌رخ له‌بری ئه‌و رێنماییانه‌ی که‌ له‌و بواره‌دا هه‌یه‌ و رێگری له‌ ئازادی راده‌ربڕین ده‌کات.

7-لابردنی به‌ربه‌سته‌ یاساییه‌کانی به‌رده‌م ئازادی خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان.

8-گه‌ڕاندنه‌وه‌ی تۆماری ئه‌لیکترونی رێکخراوه‌ ناحکوومییه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان.

9-لابردنی فشارکانی سه‌ر رێکخراوه‌ى بیانی و ناوخۆییه‌کان.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار