قایمقامی سەیدسادق: کەس لەخۆم بەدڵسۆزتر نازانم

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى، مژدە بەکر
قایمقامی سەیدسادق رایدەگەیەنێت کەس لەخۆی بە «دڵسۆزتر» نازانێت بۆ شارەکە، سەرەڕای ئەوەی هاووڵاتیانی شارەکە دووشەممەی رابردوو رژانە سەرشەقام و داوای دابینکردنی خزمەتگوزارییان کرد.
دیاری رەفیق بەهاوڵاتى وت «داواکاری خۆپیشاندەران بەگشتی لەئێستادا خزمەتگوزاری و نەوت و کارەبایەو لەسبەینێوە دابەشکردنی نەوت دەستپێدەکات... خزمەتگوزارییەکان چەند ساڵێکە لەهەموو کوردستان راوەستاوە بەهۆی ئەو بارودۆخەی داراییەوە کەهەرێم تێیکەوتووە»
وتیشی «من پێم وایە لەئێستادا خزمەت دەکرێت، لەم قۆناغەدا کەس لەخۆم بەدڵسۆزتر نازانم، ھەرکەسێک بێت لەم دۆخە داراییەدا بەم جۆرە کاردەکات».
دووشەمەی رابردوو، بەشێک لەدانیشتوانی قەزای سەیدسادق لەسنووری پارێزگای سلیمانی بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆپیشاندانێکیان رێکخست. خۆپیشاندەران داوای نەوت و کارەباو خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانیان کرد.
دیاری رەفیق کەئەو هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونیەوە بەڵێنی ئەوەی داوە ئەگەر ئەوەی لەبەرنامەیدا ھەیە بۆ قەزاکە جێبەجێ نەکرێت دەست لەکاردەکێشێتەوە.
دیاری رەفیق لەسەر پشکی یەکێتی پۆستی قایمقامی وەرگرتووە، وتی «حزبایەتی لای ئێمە وەسیلەی خزمەتکردن بووە ئەگەر نەتوانین جێبەجێیان بکەین بەھۆی خراپی دۆخی ھەرێمەوە بەدڵنیاییەوە دەستلەکار دەکێشمەوە».
قایمقامی سەیدسادق باسی لەوەکرد کە لەئێستادا «بەشێکی زۆری» پڕۆژەکان بەگەڕخراون و بەرنامەی نوێیان ھەیە بۆ ئەو پڕۆژانەی کەماونەتەوە بۆ جێبەجێکردنیان.
ئاماژەی بەوەش کرد «پڕۆژەی زۆر گەورەو ستراتیژی» لەسنورەکە ئەنجامدراوە جیاواز لەشارو شارۆچکەکانی دیکە کەپڕۆژە خزمەتگوزاریەکان تیایاندا وەستاوە، وتی لەقەزای سەیدسادق لە شەش ساڵی رابردوودا ئیش و خزمەتگوزاریەکان بەردەوامەو لەداھاتودا «پڕۆژەی باشتر» ئەنجامدەدرێت.
باسی لەوەشکرد کە لەئێستادا بۆ بەشێک لەپڕۆژەکان موافەقە وەرگیراوە بۆ ئەوەی سەرپێ بخرێت و بەشێوەیەکی گشتی پڕۆژەکان خۆیان لەئاوو ئاوەڕۆو رێگاوبان دەبیننەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد لەئێستادا چاوەڕێی بەڵێنی حکومەت و لایەنی پەیوەندیدارو پارێزگای سلێمانین بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژانەی کە «گرنگ و پێویست و سەرەکین» لەقەزاکە بخرێنە کار، وتیشی «ئێمە لەئەنجامی خۆپیشاندان بۆ خزمەتی خەڵک ھاتووین و خۆمان دانەبڕیوە لەمیللەت، مەبدەئی کاری سەرەکی ئێمە خزمەتی ھاووڵاتیان و بەدەمەوەچوونی کێشەکانیانە«.
هەروەها وتی «لەپێشتریشدا کەمتەرخەمییان نەبووە لەو بوارە، ئێستاش و لەداھاتوودا ھەر پۆست و پلەوپایەیەک نەبێتە ھۆی خزمەتکردن بەمیللەت بەدڵنیاییەوە جێھێشتنی لەھەموو ئەرکێک لەپێشترە«.
زیاتر وتی «ئێمە نوێنەری راستەقینەی خەڵکی شارەکەین چ خەڵکی ئاسایی یان خۆپشاندەر یان میدیاکارو مامۆستای ئاینی، چینی خوێندەوارو نەخوێندەوارو کۆمەڵگا بەھەموو چین و تووێژەکانەوە، ئێمە نوێنەر و پشت و پەناو گەیەنەری داواکاریەکانیانین، شەڕی ماف و ئیمتیازاتەکانیان دەکەین».
گەنجانی سەیدسادق لەخۆپیشاندانەکەی دووشەممەی رابردوودا داوای خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەکو ئاوو کارەباو ریگەوبان و دامەزراندنی دەرچوانی زانکۆکانیان کرد کەدانیشووی شارەکەن و بێکارن و راشیانگەیاند شارەکە پشتگوێ خراوە.
دیاری رەفیق وتی «لەم قۆناغەدا سەیدسادق پێویستی بەڕێگاسازی ناو گەڕەکەکان ھەیە، دەست بەکارەکان کراوەو لەبودجەی ٢٠١٩ی عێراق بڕی ملیارێک دینار بۆ قەزاکە خەرجکراوەو بڕیاری لێدراوەو چاوەڕوانی حکومەتی عێراق و وەزارەتی دارایین پارەکە بخاتە سەر حسابی قایمقامیەت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی رێگاسازی بۆ یەکێک لەگەڕەکەکان».
باسی لەوەشکرد کەیەکێک لەو پڕۆژانەی گلەیی ھاووڵاتیانی لەسەرە دووسایدی گەڕەکی شێخانە ئەگەر بێت و لەمساڵدا ئەو پڕۆژانە جێبەجێ بکرێت کێشەی ھاووڵاتیان چارەسەر دەکرێت.
ئاماژەی بەکێشەی کارەبادا لەقەزاکەو وتی لەئێستادا (١٤ بۆ ١٥) کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی دەدرێتە ھاووڵاتیان، ئەم رێژەیەش لەھەموو شارەکانی تر زیاترەو تەنھا لەقەزای پێنجوێن کەمترە.
ئەمە یەکەمجار نییە کەگەنجانی سەیدسادق خۆپیشاندان دەکەن دژی نەبوونی خزمەتگوزاریی و پێداویستییە سەرەتاییەکانیان. بەڵکو لەو پێناوەشدا قوربانییان داوە.
گەنجانی شارەکە لەڕێکەوتی 2/1/2014 خۆپیشادانیکی فراوانیان ریکخست و گەنجێک بەناوی بڕیار حەسەن کوژرا کە لەنێو ریزی خۆپیشاندەراندا بوو، کە داوای خزمەتگوزارییان بۆ سەیدسادق دەکرد، بەڵام دواتر خۆپیشاندانەکە گرژی تێکەوت، بەوهۆیەوە بڕیار حەسەن بەفیشەکی هیزە ئەمنیەکان پیکرا، هاوکات بەسەدانی دیکەش بەهۆی فیشەک و بەردو غازی فرمێسک رژێنەوە لەهەمان رۆژدا برینداربوون.
