لەهیندستان بهیهک ڕۆژ دوو هەزار کەس بهکۆرۆنا گیانى لهدهستدا
.jpg)
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ژمارەی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هیندستان بۆ دوو هەزار کەس لە یەک رۆژدا بەرزبووەوە، بەمەش کۆی گشتی ئەوانەی بەو ڤایرۆسە گیانیان لەدەستداوە نزیک بووەوە لە 12 هەزار کەس.
زیادبوونی ئەو ژمارەیە بەشێکی بۆ پێداچوونەوەیە بە ئامارەکانی شاری مۆمبای، کە دوای تێبینیکردنی چەند هەڵەیەک، پێداچوونەوە کرا و 832 حاڵەتی دیکەی گیانلەدەستدان زیادکران، هەروەها رەوشی تەندروستی لە نیودەلهی پایتەختیش خراپتر بووە و لەماوەی تەنیا 24 کاتژمێردا، 400 حاڵەتی دیکەی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە.
هەرچەندە ژمارەی گیانلەدەستان بە کۆرۆنا لە هیندستان نزیک دەبێتەوە لە 12 هەزار کەس، بەڵام بەراورد بە ئاماری وڵاتانی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەو ژمارەیە ئەوەندە بەرز نییە.
بەهۆی رەوشی ئابووری، نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان لە سەرەتای مانگی حوزەیران بڕیاریدا رێکارەکانی قەدەغەی هاتووچۆ کەمبکاتەوە، کە لە کۆتایی مانگی ئازارەوە بۆ رێگری لە تەشەنەسەندی ڤایرۆسەکە سەپێنرابوون.
بەڵام کەمکردنەوەی رێکارەکانی قەدەغەی هاتووچۆ، لە حاڵەتێکدا کرا، کە ڤایرۆسەکە لە بڵاوبوونەوەدا بوو، بەجۆرێک وای لێهاتووە رۆژانە 11 هەزار حاڵەتی نوێی تووشبوون بە کۆرۆنا لە هیندستان تۆماردەکرێت و هەتاوەکو ئێستاش ژمارەی تووشبووان زیاترە لە 350 هەزار کەس.
لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی تووشبوون و گیانلەدەستدان، شارەزایانی تەندروستی لە هیندستان دەڵێن، هێشتا پەتاکە نەگەیشتووەتە لووتکەی چالاکبوونی لە هیندستان و پێشبینی دەکەن رەوشەکە خراپتر بێت.
