وەزیری دەرەوەی تورکیا باسى سلێمانى و په‌که‌که ده‌کات

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزیری دەرەوەی تورکیا، رایگه‌یاند، بۆیان دەرکەوتووە سلێمانی کەوتووەتە ژێر کاریگەری پەکەکە و هەندێ وڵات پەکەکە وەک ئامرازێک بۆ فشار خستنە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنن.
مەلوود چاوش‌ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دیدارێکیدا لەگەڵ کەناڵی (سی ئێن ئێن – تورک) روونیکردەوە، "بۆمان دەرکەوتووە سلێمانی کەوتووەتە ژێر کاریگەری پەکەکە و هەندێ وڵات پەکەکە وەک ئامرازێک بۆ فشار خستنە سەر –(حکوومەتی هەرێمی کوردستان)- بەکاردەهێنن".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا لە ناوچەی حەفتەنین، چاوش‌ئۆغڵو جەختیکردەوە، چەندین سیناریۆیان لە ناوچەکە پووچەڵکردووەتەوە و لەسەر ئەو رێچکەیە بەردەوام دەبن.
له‌کاتێکدا مانگى نیسانى ساڵى ڕابردوو مەلوود چاوش‌ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستان و عێراقى کرد و له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ک له نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان و مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە یەکەم رۆژی سەردانەکەشیدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا بەهەمانشێوە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لە بەغدا و بەسرە ئەنجامدابوو.
دوای کۆبوونەوەکانی، چاوش‌ئۆغڵو لە توویتەرەوە رایگەیاند "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تەواوی ناوچە و گرووپەکانی عێراقدا بەرەوپێش دەچن. لەمەودوا لەگەڵ بازرگانان و کەرتی تایبەتمان لە سلێمانیشدا زیاتر دەبیندرێین".
ماوه‌ى چه‌ند رۆژێکه حکوه‌متى تورکیا هێرشى زه‌مینى و فرۆکه‌وانى بۆ سه‌ر ئه‌و ناوچه‌کانى هه‌رێمى کوردستان ده‌ستپێکردووه که په‌که‌که‌ى تێدایه.
