دادگای توركیا: زیندانیكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش نایاساییەو مافەكانی پێشێلكراون
"دادگاکه وەزارەتی دادی بەپێدانی 50 هەزار لیرە بە دەمیرتاش وەك قەرەبوو سزادا"

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
دادگای دەستوری بنەڕەتی توركیا رایگەیاند زیندانیكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش نایاساییەو مافەكانی پێشێلكراون و وەزارەتی دادیشی بەپێدانی 50 هەزار لیرە بە دەمیرتاش وەك قەرەبوو سزاداو ، بەڵام دەوڵەتی توركیا ئامادە نییە دەمیرتاش ئازاد بكات.
دادگای دەستووری بنەڕەتی دەوڵەتی توركیا لەسەر سكاڵای سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشوتری هەدەپە بڕیاریداو پارێزەرانی دەمیرتاش رایانگەیاند: بەهۆی ئەوەی مافی كەسایەتی و ئازادیی دەمیرتاش پێشێلكراوە لەدادگای دەستووری بنەڕەتی سكاڵایان تۆمار كردبوو.
دادگای دەستوری بنەڕەتی توركیا بەگشتی لەبارەی سكاڵاكانی دەمیرتاش و پارێززەرانی لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ و ٢٩ی ئایاری ٢٠١٨ و ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ و ١١ كانونی یەكەمی ٢٠١٨ بڕیاریدا.
دادگاكە بڕیاری لەبارەی بڕیارەكانی قۆناغەكانی دادگایكردن و زیندانیكردنی دەمیرتاش و تێكەڵكردنی دۆسیەكان و بڕیارەكەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاداوە.
دادگاكە رایگەیاند: زیندانیكردنی دەمیرتاش بەپێی خاڵی ١٩ی دەستووری بنەڕەتی توركیا پێشێلكارییەو بڕیاریدا وەزارەتی دادی توركیا بە بڕی ٥٠ هەزار لیرە سزا بدات، كە ئەو بڕە وەك قەرەبوو بە دەمیرتاش بدرێت، ئەو بڕیارەش بۆ ١٩هەمین لقی دادگای سزا قورسەكان و وەزارەتی داد دەنێردرێت.
سەرباری ئەوەی بەپێی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاو بەپێی بڕیاری دادگای دەستووری بنەڕەتی توركیا مافەكانی دەمیرتاش پێشێلكراون و زیندانیكردنەكەی نایاسایی و دەوڵەتی توركیا بەو هۆیەوە سزا دراوە، بەڵام دەوڵەتی توركیا ئامادە نییە دەمیرتاش ئازاد بكات.
