تەندروستی عێراق: پلازمای خوێنی چاكبووەکانی كۆرۆنا ئەنجامی باشی هەبووە

"له‌24 كاتژمێری رابردودا هه‌زار و 463 كه‌س له‌عێراق توشی كۆرۆنا بون و 83 حاڵه‌تی گیانله‌ده‌ستدانیش تۆماركراوه"‌

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

 وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، پلازمای خوێنی چاكبووەکانی كۆرۆنا ئەنجامی باشی هەبووە لە چارەسەركردنی تووشبووانی كۆرۆنا، ژمارەی تووشبووانیش لەژێر كۆنترۆڵدایە و پێویست بە راگەیاندنی باری نائاسایی ناكات لە وڵات.

حازم جومەیلی، بریكاری وەزارەتی تەندروستی راگەیاند "پلازمای خوێنی چاكبووەکانی كۆرۆنا یەكێكە لە رێگەكانی چارەسەركردنی تووشبووانی ڤایرۆسەکە لە عێراق، لە یەكەم رۆژی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە بەكارهێندراوە و ئەنجامی باشی هەبووە، بەپێی نوێترین تەكنیك پلازما لە بنكە تەندروستییەكانی بەغدا و پارێزگاكان بەكاردەهێندرێت".

چارەسەرکردنی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەڕێگەی پلازمای خوێنەوە، بە وتەی جومەیلی، كاریگەریی نەرێنیی لەسەر نەخۆش نییە و دەشڵێ، پلازماکە "دوای دەرهێنانیشی بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی سەرچاوەكە و میكانیزمی پێدانی بە نەخۆش، پشكنینی وردی بۆ دەكرێت، داواش لە چاكبووەکان دەكەین سەردانی دامەزراوە تەندروستییەكان بكەن و بۆ هاوكاریكردنی تووشبووانی دیكە پلازما ببەخشن".

وەکو بریكاری وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماژەی پێدەکات، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لەژێر كۆنترۆڵدایە و پێویست بە راگەیاندنی باری نائاسایی ناكات، دەشڵێ كار لەسەر زیادكردنی شوێنی زیاتر دەکەن بۆ چارەسەركردنی تووشبووان كە رەنگە باڵەخانەكانی دەرەوەی نەخۆشخانەكانیش بگرێتەوە "لەوانە باڵەخانەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، پێشانگای بەغدا، یاریگەی شەعبی نێودەوڵەتی و ژمارەیەك باڵەخانەی دیكە".

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی عێراق رایگه‌یاند كه‌ له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردودا هه‌زار و 463 كه‌س له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عێراق به‌ هه‌رێمی كورستانیشه‌وه‌، توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و 83 حاڵه‌تی گیانله‌ده‌ستدانیش تۆمار كراوه‌.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی عیراق ئاشكراشیكردوه‌ كه‌ چاكبونه‌وه‌ی 563 توشبووش له‌ نه‌خۆشخانه‌كاندا راگه‌یاندراون و له‌و ژماره‌یه‌ش 19 كه‌س له‌ شاری سلێمانی بوون.

سه‌باره‌ت به‌ ئاماری گیانله‌ده‌ستدان، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی عیراق ئاشكرایكردوه‌ كه‌ 83 حاڵه‌تی مردن له‌ به‌غدا و هه‌ولێر و سلێمانی و شاره‌كانی دیكه‌ی عیراق تۆمار كراون.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە عێراق زیادیکردووە. بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 25 هەزار و 717 تووشبوو، لەو ژمارەیە 11 هەزار و 333 تووشبوو چاکبوونەتەوە و 856 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار