پەرلەمانی کوردستان: هیچ پرسێک بەشەڕ و روبەڕوبونەوەی سەربازی چارەسەر ناکرێت

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان رایگه‌یاند هیچ پرسێک بەشەڕ و رووبەڕووبوونەوەی سەربازی چارەسەر ناکرێت و بەردەوامی خوێنڕشتن لە هەر لایەکەوە بێت، ئاشتی زیاتر دوور دەخاتەوەو کۆسپی زیاتر بۆ دیموکراسیەت و چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دروست دەکات.

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ئه‌مرۆ شه‌ممه‌، 20حوزه‌یرانى 2020 راگه‌یاندراوێکى بڵاوکرده‌وه‌ و رایگه‌یاند " بەئەزموون وەرگرتن لە سەرجەم ئۆپەراسیۆن و شەڕ و لەشکرکێشی و پەلامارە چەکدارییەکانی رابردوو، هیچ پرسێک بەشەڕ و رووبەڕووبوونەوەی سەربازی چارەسەر ناکرێت و بەردەوامی خوێنڕشتن لە هەر لایەکەوە بێت، ئاشتی زیاتر دوور دەخاتەوەو کۆسپی زیاتر بۆ دیموکراسیەت و چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دروست دەکات".

لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوەکراوە کە لە چەند رۆژی رابردوودا بە هۆی هێرش و پەلامارەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر هێزەکانی پارتی کرێکاران (پەکەکە)لە ناوچە سنورییەکان، "چەندین هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانی و شەهیدبوون".

هەروەها پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ خەباتی مەدەنی و دیموکراسی و پەرلەمانی بۆ چارەسەری پرسی کورد و کۆتاییهێنان بە شەڕ و کوشتار و لەشكرکێشییەکان دەردەبڕن کە پێیانوایە ئەمانە بوونەتە هۆکاری گیانلەدەستدانی خەڵکی سڤیل و سووتانی رەز و باخ و وێرانبوونی دێهاتەکانی هەرێمی کوردستان.

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان داوادەکات، هیچ وڵات و هێز و لایەنێک خاکی هەرێمی کوردستان و سنوورەکانی بۆ هێرش و پەلامار و لەشکرکێشی و تۆپباران بەکارنەهێنێت کە دەبێتە هۆکاری ئەوە خەڵکی مەدەنی هەرێمی کوردستان ببنە قوربانی.

لە هەمانکاتدا پشتیوانی لەوە دەکەن کە  هەرێمی کوردستان پەیوەندیەکی بەهێزی دۆستانەی لەگەڵ تورکیا و ئێران و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە هەبێت، ئەویش لەسەر بنەمای "رێزگرتن لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانی و کولتوورییەکان.

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان هەروەها پرسەو سەرەخۆشی ئاراستەی "کەسوکاری شەهیدەکانی بۆردوومانی تورکیا" دەکات و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکانیش دەخوازێت.

رۆژی هەینی 19-6-2020  بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا لە سنووری شیلادزێ و کانی ماسێ پێنج هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا.  تورکیاش دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیدا لە ناوچەی زاپ لە باکووری عێراق، چوار گەریلای پەکەکەیان کوشتووە. 

ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا بۆسەر پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بە بەشداریی فڕۆکە ئێف 16ـەیە و لە 15-6-2020ناوچەکانی شنگال، قەرچووخ، قەندیل، زاپ، ئاڤاشین، باسیان، مەخموور و خواکورکیان لە باشووری کوردستان بۆردوومانکرد و تاوەکو ئێستاش بۆردوومانەکان لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان بەردەوامن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار