هه‌په‌گه: له زاخۆ دوو هێلیکۆپته‌رى تورکیامان پێکا و 22 سه‌رباز کوژران

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
هێزه‌کانى پاراستنى گه‌ل کوژرانى 22 سه‌ربازى تورکیاى له ناوچه‌ى حه‌فتانین سه‌ر به شارۆچکه‌ى زاخۆ راگه‌یاند.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 20ى حوزه‌یرانى 2020 هه‌په‌گه راگه‌یه‌ندراوێکى ده‌رباره‌ى ئامارى شه‌ڕوپێکدادانه‌کانیان له‌گه‌ڵ سوپاى تورکیا له حه‌فتانین بڵاوکرده‌وه و تێیدا هاتووه "له رۆژانى 18 و 19ى ئه‌م مانگه‌دا هێزه‌کانمان له گردى شه‌هید ئادار چالاکییان له‌دژى یه‌که‌یه‌کى سوپاى تورکیا ئه‌نجامداوه، له‌و چالاکییانه‌دا ته‌قه‌مه‌نیى و چه‌کى سووک به‌کارهاتووه و له ئه‌نجامدا 11 سه‌ربازى تورک کوژراون".
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه کراوه که له 19ى حوزه‌یراندا هێزه‌کانیان له گردى شه‌هید هه‌مزه یه‌که‌یه‌کى سوپاى تورکیان له نزیکه‌وه کردووه‌ته ئامانج، که هه‌وڵیان داوه به‌ره‌و گردى گه‌سرۆک بچن، له ئه‌نجامداى ئه‌و چالاکییه‌شدا 11 سه‌رباز کوژراون.
هه‌په‌گه ئه‌وه‌شى باسکردووه که له‌و چالاکییه‌یاندا گه‌ریلایه‌کیان به‌ناوى "ئامارا "شه‌هیدبووه، که هه‌تا دوایین فیشه‌ک به‌رخۆدانى کردووه.
هه‌په‌گه، له‌دواى ئه‌و چالاکییه هێلیکۆپته‌ره‌کانى سوپاى تورک ناوچه‌که‌یان بۆردوومان کردووه، به‌ڵام له‌لایه‌ن گه‌ریلاکانه‌وه گورزیان لێدراوه و ناچاربوون له‌ناوچه‌که دووربکه‌ونه‌وه.
له به‌شێکى دیکه‌ى راگه‌یه‌ندراوه‌که‌ى هه‌په‌گه‌دا ئاماژه به‌وه‌شکراوه، که هه‌ر دوێنێ 19ى حوزه‌یران، گه‌ریلاکانیان ژماره‌یه‌ک سه‌ربازى سوپاى تورکیان له گردى شه‌هید بێریڤان گه‌مارۆداوه و چالاکییان له‌دژیان ئه‌نجامداوه، به‌ڵام تا ئێستا ژماره‌ى کوژراو و برینداره‌کانى سوپاى تورک روون نه‌بووه‌ته‌وه.
هاوکات، هه‌په‌گه راشیگه‌یاندووه، که دره‌نگانێکى شه‌وى رابردووش فڕۆکه‌ى جه‌نگیى و هێلیکۆپته‌ره‌کانى سوپاى تورک بۆردوومانى ناوچه‌ى خانتورێ-یان کردووه، گه‌ریلاکانیان گورزیان له هێلیکۆپته‌ره‌کان وه‌شاندووه، هاوکات هه‌لیکۆپته‌رێکى دیکه‌ش پێکراوه، که هه‌وڵى داوه ئه‌و ناوچه‌یه بۆردوومان بکات، هێزه داگیرکه‌ره‌کانیش ناچاربوون له ناوچه‌که بکشێنه‌وه.
