روسیا: 7 هەزار و 140 سەرباز تووشی کۆرۆنا بوون

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند تائێستا 7 هەزار و 140 کەس لە ریزەکانی سووپادا تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 5 هەزارو 626 کەسیان، چاكبوونەتەوە. بەڵام باسی لە مردنی هیچ سەربازێک بە کۆرۆنا نەکردووە.
رۆژی شەممە وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند ئێستا هەزارو 514 سەرباز لە ریزەكانی هێزە چەكدارەكانی سوپادا ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جەستەیاندا چالاکە.
بەپێی راگەیێندراوەكە "525 سەرباز و خوێندكاری كۆلێژەكانی سەربازی تووشی كۆرۆنا بوونە، سەرەڕای تووشبوونی 243 كادیری مەدەنی لە وەزارەتی بەرگری".
وەزارەتی بەرگریی ئاماژەی بە هیچ کەیسێکی مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ریزەکانی سوپادا نەداوە، بەڵام باسی لەوەکردووە 5 هەزارو 626 ستافی سەربازی کە تووشی ڤایرۆسەکە بوون، چاکبوونەتەوە.
"هێزە چەکدارەکانی رووسیای فیدراڵ" ناوە فەرمییەکەی سوپای رووسیایە. بەپێی ئامارەکان ساڵی رابردوو ژمارەی ئەندامانی سوپا کە لە ئەرکدابوونە 900 هەزار سەرباز بووە، دوو ملیۆن سەربازیش یەدەگ بوونە.
تائێستا 584 هەزارو 680 كەس لە رووسیا تووشی كۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 339 هەزارو 711 تووشبوو چاكبوونەتەوە، 8 هەزارو 111 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
