نێچیرڤان بارزانی بۆ کازمی: ئەگەر تۆ سەرۆک وەزیرانی هەموو عێراقی دەبێت موچەی هەرێم دابینبکەیت

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی بە مستەفا  کازمی وت ئەگەر تۆ سەرۆک وەزیرانی هەمو عێراقی، دەبێت موچەی هەرێم دابینبکەن و نابێت ئەو پرسە ببەسترێتەوە بە کێشەی دیکەوە".

فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لە پەرەی خۆی لە فەیسبوک رایگەیاند، "نێچیرڤان بارزانی لە‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ به‌غدا و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییەکان و به‌رپرسانی حكومه‌تی عێراق دوپاتیكردوه‌ته‌وه‌، ده‌بێت تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش هه‌بێت بۆ رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ئاڵنگارییه‌كان و چاره‌سه‌ری سه‌رجه‌م كێشه‌كان به‌تایبه‌ت كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق، به‌ پشت به‌ستن به‌ بنه‌ماكانی ده‌ستور، به‌مه‌به‌ستی دیاریكردنی دوارۆژێكی پرشنگدار بۆ هه‌مو خه‌ڵكی عێراق".

باسی لەوەشکردوە، "نێچیرڤان بارزانی پرسیاری له‌ مسته‌فا كازمی كرد‌، تۆ سه‌رۆك وه‌زیران هه‌مو عێراقی یان نا؟ ئه‌گه‌ر به‌ڵێ، ده‌بێت موچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بنێریت و نابێت بیبه‌ستیته‌وه‌ به‌كێشه‌كانه‌وه‌".

لەبارەی ئامادەیش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نوێنەرەکەی هەرێم لە بەغدا رایگەیاندوە، لە کۆبوونەوەکانیدا سه‌رۆكی هه‌رێم ئاماده‌یی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌مو هاوكاریه‌ك به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان ده‌ربڕیووه‌.

20ی حوزەیران شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی گەیشتە بەغدا و لەگەڵ سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبوەوە، لەو دیدارانەدا جەخت لە بەردەوامبونی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا کراوەتەوە بەمەبەستی روبەڕوبونەوەی ئاڵەنگارییە هاوبەشەکان و هەروەها باس لە کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و چۆنیەتی چارەسەرکردنیان کراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار