ترەمپ بریاریدا دامه‌زراندن به‌ پێى لێهاتووى بێت نه‌ک بروانامه‌

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى 

دۆناڵد ترەمپ بریارێکی جێبەجێکاریی واژۆکرد کە شێوازی دامەزراندن بۆ کارمەند و فەرمانبەری نوێ لە سەر بنەمای توانا و لێهاتوویی دابمەزرێنرێن و بەتەنیا رەچاوی بڕوانامەکانیان نەکرێت. ترەمپ دەڵێت، دەیانەوێت دامەزراندن لەسەر بنەمای لێهاتوویی بێت.

هاوکات ئیڤانکای کچ و راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، کاری لەسەر بەرەوپێشبردنی خولەکانی مەشق و پێگەیاندنی فەرمانبەر و کارمەندەکان کردووە بۆ ئەوەی لە ئاستی داواکاری خاوەنکارەکانیان بن.

حکومەتی فیدراڵی ئەمریکا زۆرترین کارمەند و فەرمانبەری هەیە کە ژمارەیان دەکاتە دوو ملیۆن و 100 هەزار کەس، ئەمە جگە لەو کارمەندانەی کە لە فەرمانگەکانی پۆستە و گەیاندن کاردەکەن.

ئیڤانکا ترەمپ پێیوایە، گۆڕینی بنەمای دامەزراندن لە فەرمانگە و دامودەزگاکانی سەر بە حکومەتی فیدراڵی ئەمریکا وا دەکات کە هێزی کار بەتواناتر بێت و داوا لە کەرتی تایبەت دەکات کە هەمان هەنگاو بگرنەبەر. 

کۆشکی سپی مەرجی هەبوونی بڕوانامە بە یەکجاری لە لیستی داواکارییەکانی لانابات، بەڵکو دەیەوێت زیاتر جەخت لەسەر بەهرە و توانای کارخوازەکان بکاتەوە لەکاتی دامەزراندنیان. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەکاتی واژۆکردنی بڕیارەکە وتی، ئەم هەنگاوە "گرنگ" دەنێت بۆ ئەوەی چاکسازی لە هێزی کاری حکومەتی فیدراڵیدا بکات. 

ترەمپ دەڵێت "فەرمانێکی جێبەجێکاری واژۆ دەکەم کە حکومەتی فیدراڵی رادەسپێرێت بەگۆڕینی شێوازی دامەزراندن لەسەر بنەمای بڕوانامە کە بەڕاستی زۆر کۆن و لەکارکەوتووە و شێوازی دامەزراندن لەسەر بنەمای توانا و لێهاتوویی جێبەجیدەکەین. واتە ئێمە دەمانەوێت دامەزراندن لەسەر بنەمای لێهاتوویی بێت". 

بەوتەی سەرۆکی ئەمریکا ، حکومەتی فیدراڵی چی دیکە وەکو جاران چاوی لەسەر ئەوە نابێت (خوازیارانی کار) لە کام قوتابخانە خوێندوویانە، بەڵکو چاوی لەسەر ئەو بەهرە و توانایانە دەبێت کە لە کارەکەدا بەکاری دێنن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار