وەزیری پلاندانان: ده‌مانه‌وێت له‌م کابینه‌یه‌دا به‌شێک له‌پلانە ستراتیژیەکان یۆ هاوڵاتیان بەرجەستە ببێت

 دارا ڕەشید وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

وەزارەتی پلاندانانی هەرێم پڕۆژەی پلانی ستراتیژی و پڕۆژەی هاوبەشیكردنی كەرتی تایبەت و گشتی بۆ پەرەپێدان و بووژانەوەی ئابووری هەرێم دادەڕێژێت  و ده‌ڵێت" لەماوەی (4) ساڵی داهاتووی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێك لەم پلانە ستراتیژیە یۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەرجەستە ببێت و بخرێتە بواری جێ بەجێكردنەوە".

وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی پلانی ستراتیژی و پڕۆژەی هاوبەشیكردنی كەرتی تایبەت و گشتی بۆ پەرەپێدان و بووژانەوەی ئابووری هەرێمی كوردستان دادەڕێژێت و بڕیاریش لەماوەی داهاتوو كار بەجێ بەجێكردنی ئەم پلان و پڕۆژانە بكرێت، هەروەها بڕیاریش وایە  حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەیەكی باش بۆ راهێنان و پەرەپێدانی توانا مرۆییەكان لەفەرمانگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەرخان بكرێت .

 دارا ڕەشید وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەدیدارێكی تایبەتدا سەبارەت بەپڕۆژەی پلانی ستراتیژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبواری ئابووری كە لە ماوەی رابردوو راگەیەندراوە ده‌ڵێت : پڕۆژەی پلانی ستراتیژی ئەم پڕۆژەیە دیدگای حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ ماوەی (10) ساڵی داهاتوو، بەمەش دەمانەوێت لەماوەی (4) ساڵی داهاتووی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێك لەم پلانە ستراتیژیە یۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەرجەستە ببێت و بخرێتە بواری جێ بەجێكردنەوە ، ئەم پڕۆژە پلانە ستراتیژیەش هەموو سێكتەرە جیاوازەكانی بواری پەروەردەو تەندروستی و پەرەپێدان و بووژانەوەی ئابووری هەرێمی كوردستان (كشتوكاڵ – پیشەسازی – گەشتوگوزار – بازرگانی رێگاوبان و گواستنەوە – ئاوەدانكردنەوە – پەروەردە - تەندروستی) دەگرێتەوە، بەمەش دەمانەوێت لەچوارچیوەی ئەم پلانە ستراتیژیەدا بەراووردكاریەك لەنێوان رەوشی ئابوری ئێستای هەرێمی كوردستان و (10) ساڵی داهاتووی ناوچەكەمان بكەین، بەمەش كابینەكانی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەواوكارو درێژەپێدەری ئەم پلانە ستراتیژیە دەبن.

وتیشی : "لەچوارچیوەی جێ بەجێكردنی ئەم پلانە ستراتیژیەدا ئێمە سوود لەئەزموون و شارەزایی پسپۆڕو شارەزایانی وڵاتە پێشكەوتووەكانی جیهان لەسێكتەرە جیاوازەكانەوە وەردەگرێن، چونكە ئێمە دەمانەوێت داهاتی سەرەكی هەرێمی كوردستان تەنیا نەوت و سووتەمەنی نەبێت، بەڵكو دەمانەوێت سوود لەتەواوی دەرامەتە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان وەربگرین بۆ بووژانەوەی هەموو سێكتەرە ئابووریەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی ئەوانیش لەداهاتوو ببن بەسەرچاوەیەك لەسەرچاوەكانی داهاتی ئابووری ناوچەكەمان و لەرووەشەوە زیاتر گرنگی بەكەرتی تایبەت بدرێت بۆ ئەوەی شان بەشانی كەرتی گشتی (حكومەت) بواری ئابووری هەرێمی كوردستان بەرەو پێشەوە بچێت و بەرهەمی خۆماڵی لەهەرێمی كوردستان زیاد بكات و بازاڕی بەرهەمە خۆماڵیەكان لەهەرێمی كوردستان گەرم و گوڕی بەخۆیەوە ببینێت و هەلی كاری زیاتریش بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دەستەبەر بكرێت .

راشیگەیاند : ئێستا سەرقاڵی داڕێشتنی پڕۆژە پەیڕەوێكین بۆ هاوبەشیكردنی كەرتی تایبەت و گشتی بەیەكەوە بۆ ئاوەدانكردنەوەو بووژانەوەی ئابووری هەرێمی كوردستان و واش چاوەڕوان دەكرێت ئەم پەیڕەوە لەناوەڕاستی مانگی (3) ی داهاتوو رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانی لەسەر وەربگیرێت ، مەبەستیش لەم پڕۆژەیە ئەنجامدانی خزمەتگوزاری زیاترە بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان لەگشت سێكتەرە جیاوازەكان، لەچوارچیوەی ئەم پڕۆژەیەش هەموو وەزارەت و سێكتەرە جیاوازەكانی حكومەتی هەرێم دەتوانن گرێبەست لەگەڵ كەرتی تایبەت بكەن بۆ ئەنجامدانی پلان و پڕۆژەكانیان و ئەمەش دەبێتە پاڵپشتیەك بۆ كەرتی تایبەت لەلایەك و زیادكردنی بەرهەم و داهاتی ئابووری ناوخۆیی و هەلی كار بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان، ئەمەش دەتوان بڵێم هەنگاوێكی هەرە گرنگ دەبێت لەهەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم بۆ پەرەپێدان و بووژژانەوەی ئابووری هەرێمی كوردستان .

باسی لەوەشكرد : لەچوارچیوەی ئەم پڕۆژە هاوبەشەی نێوان كەرتی گشتی و تایبەت، حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ بودجەیەك بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە ئابووری و خزمەتگوزاریەكان تەرخان ناكات، بەڵكو كەتی تایبەت لەسەر بودجەی خۆی پڕۆەكان ئەنجام دەدات دواتر كەتی تایبەت بەشێوەی مانگانە یاخود ساڵانە ئەوا باج و رسومات لەسێكتەرە جیاوازەكان ئەگەر سێكتەرە ئابووریەكان بێت یاخود سێكتەرە خزمەتگوزاریەكان لەهاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان وەردەگرێتەوە بەڵام ئەو ئەم بڕ پارەیە بەفیعلی لەپڕۆژە خزمەتگوزاریەكان خەرج دەكرێت .

سەبارەت بەرووبەڕووبوونەوەی قەیرانە ئابووریەكان بەگشتی لەهەرێمی كوردستان،وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند : ئێمە لەهەرێمی كوردستان چەندین ئەنجومەنی باڵای وەكو (ئابووری – دارایی - وەبەرهێنان – نەوت و غاز) مان هەیە ، بۆیە هەر قەیرانێك كە روو لەهەرێمی كوردستان بكات راستەوخۆ ئەنجومەنی باڵای تایبەتمەند كۆدەبێتەوەو پلانی گونجاو بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكە دادەڕێژێت و دەخرێتە بواری جێ بەجێكردنەوە، خۆشبەختانەش حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی چەند ساڵی رابردوو توانیویەتی زاڵ بێت بەسەر هەموو ئەو قەیرانانەوە كەڕوویان لەهەرێمی كوردستان كردووە .

سەبارەت بەرووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆڕۆنا لەهەرێمی كوردستان وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: لەكاتی ئێستاشماندا كەهەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی پەتای ڤایرۆسی كۆۆرۆنا بۆتەوە، هەر لەسەرەتای بڵاوبونەوەی پەتاكە حكومەتی هەرێمی كوردستان رێوشوێنی تایبەتی گرتۆتەبەر بۆ پاراستنی هاوڵاتین و دەربازبوونمان لەم پەتایە بەكەمترین زیان، بۆ ئەم مەبەستەش حكومەتی هەرێم لەسەر ئاستی باڵا لیژنەیەكی تایبەتی لەلایەنە پەیوەندیدارەكان پێكهێناوە بۆ ڕوبەڕوو بوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا كەبەندەش وەك وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێم ئەندامی ئەو لیژنەیە باڵایەم، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەی باڵا چەندین رێوشوێنی توندی گرتەبەر لەوانە، داخستنی دەرگای ناوەندەكانی خوێندن و هەموو زانكۆو پەیمانگاكان و داخستنی سنورەكان و بازاڕو شوێنە خزمەتگوزاری و گەشتیاریەكان و بڕیار دان لەسەر قەدەغە كردنی هاتوچۆ لەنێوان پارێزاكان و هەتا لەناو خودی پارێزگاكان و شاروشارۆچكەكان، بەمەش خۆشبەختانە تاكو ئێستا حكومەتی هەرێم كۆنتڕۆڵێكی باشی ئەم رەوشە نەخوازراوە بكەین، ئێمەش وەكو وەزارەتەكەمان لەكاتی ئێستاشدا وەزارەتەكەمان پلانی كورت خایەن و درێژخایەنمان داڕشتووە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی پەتاكەو كاریگەریە دارایی و ئابووریەكانی ئەم پەتایە لەسەر هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و هەوڵدان بۆ دابینكردنی سەرچاوەی تری داهاتی ئابووری جگە ل(نەوت و كانزاكان)، سوود وەرگرتن لەسەرچاوەكانی تری داهاتی ئابوری لەسێكتەرەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و بازرگانی و گەشتیاری و گواستنەوە، ئەمەش وادەكات كەداهاتی ئابوری هەرێمی كوردستان زیاد بكات و لەكاتی ڕووبەڕوو بونەوەی قەیرانەكاندا بەكاری بهێنین.

سەبارەت بەپەرەپێدان و بوژانەوەی ئابووری هەرێمی كوردستان لەسێكتەرە جیاوازەكانەوە، وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند : جێگەی داخە كەدەیڵێم لەماوەی رابردوو هەردوو حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستان پاڵپشتی تەواوی بوودجەو داهاتیان لەسەر نەوت و سامانە نەوتیەكان بووە، ئەمەش هەڵەیەكی گەورە بووە، بەپێچەوانەی وڵاتێكی وەكو ئێران كە بەشێكی كەمی بودجەو داهاتی وڵات لەسەر نەوت دیاری دەكات و بەشە هەرە زۆرەكەی بودجەو داهاتی ساڵانەی وڵاتەكەی لەسەر داهاتی سێكتەرە ئابووریەكانی وەكو پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتوگوزارو بازرگانی دیاری دەكات، بەڵام لەداهاتوو پلانی حكومەتی هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری بەسەردا دێت و دەبێت داهاتی نەوت وەك بەشێك بێت لەداهاتی هەرێمی كوردستان شان بەشانی داهاتی سێكتەرە ئابووری و خزمەتگوزاریەكانی ترەوە، چونكە هەرێمی كوردستان زۆر دەوڵەمەندە بەهەموو جۆرە دەرامەتە سروشتیەكان، هەر لەڕووی خاكی جۆراوجۆری بەپیت و ئاووهەوای سازگارو زۆری دەرامەتە سروشتی و كانزاییەكان و هێزی كاری مرۆیی شارەزاو چالاك، بەمەش دەتوانرێت بەرهەمی خۆماڵی وڵاتەكەمان لەڕووی چەندایەتی و چۆنایەتیەوە پەرەی پێ بدرێت، چونكە ئەمانە چەندین هەڵومەرجی سروشتی و مرۆیی گونجاون بۆ پەرەپێدان و بووژانەوەی ئابووری لەناوچەكەمان .

وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو: حكومەتی هەرێمی كوردستان لەپلانیدایە لەداهاتوو پاڵپشتیەكی تەواوی وەبەرهێنەرانی ناوخۆو دەرەوە لەسێكتەرە جیاوازەكان بكات بۆ ئەوەی پڕۆژەی ئابووری و وەبەرهێنان لەسێكتەرە جیاوازەكان بەتایبەتیش لەبوارەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی بەرهەم و داهاتی ناوەخۆمان زیاد بكات و پشت بەبەرهەمی خۆماڵی ببەستین و لەهەمان كاتیش دەرفەتی كار كردن بۆ ژمارەیەكی زۆر لەهاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەستەبەر بكەین .

سەبارەت بەبواری راهێنان پەرەپێدانی توانای مرۆییەوە، وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان باسی وە كرد كە ئێمە لە ناو بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەرەپێدانی مرۆییسەربە وەزارەتەكەمان فەرمانگەی (KIPA) مان هەیە كە ئەم فەرمانگەیە حكومەتی هەرێمی كوردستان و رێكخراوی كۆیكای وڵاتی كۆڕیا پاڵپشتیەكی زۆر دەكرێت، ئێمەش وەك وەزارەتەكەمان هەفتانە خولی راهێنان و پەرەپێدان بۆ ژمارەیەكی زۆر لەفەرمانبەران و كارمەندانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبوارە جیاوازەكان دەكەینەوە، هەروەها بڕیاریش وایە لەبودجەی ساڵی (2020) حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەیەكی باش بۆ ئەم بوارە تەرخان بكات .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار