بهغدا دهروازه سنوریهکان دهخاتهوه ژێر کۆنترۆڵى خۆى
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئابووریناسێکی عێراقی رایگهیاند کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان لەلایەن حکومەتەوە زیاتر لە ملیۆنێک هەلی کار لە کەرتە جیاوازەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی و بەڕێوەبردندا دەڕەخسێنێت دهڵێت " حکومەت سوورە لەسەر ئەوەی بیانخاتەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆی".
حەیدەر فەرەج، ئابووریناسی عێراقی ئهمرۆ چوارشهممه، 1ى تهمموزى 2020 راگەیاند " دەروازە سنوورییەکان شپرزەن و بەهۆی هاتنە ناوەوەی بەرهەمی بیانییەوە لە دەروازە سنوورییەکاندا بەبێ ئەوەی لەو دەروازانە رێکاری پێویست بۆ هاتنە ژوورەوەی بەرهەمە بیانییەکان بگیرێتەبەر، بەرهەمە ناوخۆییەکان ساخنابنەوە".
ئەو ئابووریناسە باس لەوە دەکات کە دەبێت لە ئاستێکی باڵادا فەرمانی کۆنترۆڵکردنی گەندەڵی لە دەروازە سنوورییەکان دەربچێت و بڕیارەکەش لە سەرتاسەری دەروازە سنوورییەکانی عێراق جێبەجێ بکرێت.
حەیدەر فەرەج پێیوایە لە ماوەی ساڵێکدا ئەگەر دەروازەکان بە باشی کۆنترۆڵ بکرێن، ملیۆنێک هەلی کار دەڕەخسێنرێت، بەڵام بە بەردەوامیدان بەو شێوازەی ئێستا هەنگاوێک ناچنە پێش بۆ برەودان بە بەرهەمی خۆماڵی.
هەروەها ئەو ئابووریناسە دەڵێت، بەرهەمە بیانییەکان بە نرخی 60٪ کەمتر لە بەرهەمی ناوخۆ هاوردە دەکرێن، ئەوەش تەنیا بۆ وێرانکردنی ژێرخانی ئابووریی عێراق و جێبەجێکردنی بەرنامە و ئەجێندای هەندێک وڵاتە.
حەیدەر فەرەج ئاماژە بەوە دەدات، 75٪ـی ئەو کاڵا و بەرهەمانەی دێنە نێو عێراق بەشێوەیەکی فەرمی و یاسایی بە دەروازە سنوورییەکاندا تێناپەڕن و باج و پشکنینیان بۆ ناکرێت، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ساخنەبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆ و پەرەسەندنی گەندەڵی.
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چەند رۆژی رابردوودا بەڵێنیدا دەروازە سنوورییەکان رێکبخاتەوە و هەر 13 دەروازە فەرمییەکە بە هەرێمی کوردستانیشەوە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە کۆنترۆڵ بکرێن و داهاتەکانیان بگەڕێنێتەوە گەنجینەی دەوڵەت.
ئەحمەد مەلا تەلال، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا حکومەت رێوشوێنی تووند دەگرێتەبەر بەمەبەستی سەپاندنی شکۆی دەوڵەت بەسەر ئەو دەروازە سنوورییانەی کە بەرژەوەندخواز و مافیاکانی گەندەڵی تێکیانداون.
وتەبێژی حکومەتی عێراق جەختی لەوە کردەوە، ئەو دەروازانە سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتن و حکومەت سوورە لەسەر ئەوەی بیانخاتەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆی.
ئەحمەد مەلا تەلال باسی لەوە کرد، سەرۆکوەزیران دوو هەفتەیە لەبارەی دەروازە سنوورییەکانەوە لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەکان لە کۆبوونەوەی بەردەوامدایە.
