" ئاماده‌ین داهاتى نه‌وت ته‌سلیمى به‌غدا بکه‌ین نه‌ک نه‌وت"
وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێم: به‌پێى تواناى حکومه‌ت بۆ مانگه‌کانى داهاتوو موچه دابه‌ش ده‌که‌ین

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند بڕیاردراوه، شاندى دانوستاندنکارى هه‌رێم سه‌ردانى به‌غدا بکه‌نه‌وه‌و ئاماده‌ن داهاتى نه‌وت ته‌سلیم بکه‌ن نه‌ک نه‌وت ده‌شڵێت:" دابه‌شکردنى مووچه به‌پێى تواناى حکومه‌ت ده‌بێت".
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 1ى ته‌موزى 2020 یاساى چاکسازى چووه بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه، جووتیار عادل، وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌ڵێت حکومه‌ت به‌رده‌وام ده‌بێت له چاکسازى و ئامانجى ئه‌م پرۆسه‌یه دادپه‌روه‌رییه.
جووتیار عادل راشیگه‌یاند، "له‌سه‌ره‌تاوه که‌مکردنه‌وه‌ى مووچه 34% بوو، به‌ڵام سه‌رۆکوه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان بڕیاریدا پاره قه‌رزبکات بۆ ئه‌وه‌ى 21% بێت. ئه‌م رێژه‌یه‌ى ئێستاش به‌ته‌نها بۆ ئه‌م مانگه‌یه".
وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه که شاندى حکومه‌ت به سه‌رۆکایه‌تیى قوباد تاڵه‌بانی، جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت له کۆبوونه‌وه‌ى هه‌فته‌ى رابردووى له‌گه‌ڵ شاندى حکومه‌تى عێراق باسى له بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان، مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان و نه‌وت کردووه و "له ئایینده‌یه‌کى نزیکدا شانده‌که سه‌ردانى به‌غدا ده‌کاته‌وه".
هه‌روه‌ها به راشکاوى ئه‌وه‌ى خسته‌روو که " حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌یى ده‌ربڕیوه له‌گه‌ڵ به‌غدا رێکبکه‌وێت، ئاماده‌ن داهاتى نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بکه‌ن، نه‌ک نه‌وت زائیده‌ن نیوه‌ى داهاتى ناوخۆش به حکومه‌تى عێراق بدرێت له‌به‌رامبه‌ر دابینکردنى شایسته‌داراییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان".
له‌باره‌ى دابه‌شکردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى کوردستان، جووتیار عادل رایگه‌یاند، "به‌پێى ئه‌و داهاته‌ى له‌به‌رده‌ستمانه و حکومه‌ت هه‌یه‌تى ده‌بێت".
داهاتى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له سێ سه‌رچاوه‌وه‌یه، فرۆشتنى نه‌وت، داهاتى ناوخۆ و ئه‌و بڕه‌پاره‌یه‌ى له به‌غداوه ده‌نێردرێت بۆ هه‌رێمى کوردستان. جووتیار عادل باسى له‌وه‌کرد بۆ دابه‌شکردنى مووچه هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌و بڕه پاره‌یه ده‌که‌ن که له‌و سێ سه‌رچاوه‌یه‌وه ده‌ستیان ده‌که‌وێت.
وته‌بێژى حکومه‌ت جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که"ئیراده‌یه‌کى به‌هێزى سیاسى هه‌یه و حکومه‌ت پاشگه‌زنابێته‌وه له پرۆسه‌ى چاکسازی".
