گهرمیان هۆشدارى دهداته حکومهت و پهرلهمان

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
رێکخراوەکان و چالاکوانانی کۆمەڵی مەدەمی لە گەرمیان هۆشداری لە تەشەنەسەندنی خێرای کۆرۆنا لە گەرمیان دەدەن و هەشت داواکاری ئاڕاستەی حکومەت و پەرلەمان دەکەن و رایدەگەیەنن، رۆژ دوای رۆژ رێژەی توشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەركەوتەی هاوڵاتیان ڕو لە هەڵكشان و بەرزبونەوە و زیادبونە، خراپی رەوشەكە گەیشتوەتە ئاستێك كە بەری پێ نەگیریت.
رێکخراوەکان و چالاکوانانی کۆمەڵی مەدەنی لە گەرمیان لە بەیاننامەیەکدا باس لەوەدەکەن، لە ماوەی 4 مانگ لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا رۆژ دوای رۆژ رێژەی توشبون بە ڤایرۆسەكە و بەركەوتەی هاوڵاتیان ڕو لە هەڵكشان و بەرزبونەوە و زیادبونە، خراپی رەوشەكە گەیشتوەتە ئاستێك كە بەری پێ نەگێریت كارەساتی گەورەی مرۆیی دەخوڵقێنێت و قوربانی زۆری لێدەكەوێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بەشێكی زۆر لە دامەزراوە پەیوەندیدارەكان بێباكانە مامەڵەی نا تەندروست لەگەڵ هاوڵاتیان دەكەن، ناوەندە تەندروستیەكانیش وەك پێویست رۆڵیان نابینرێت لە پێدانی رێنمایی و چارەسەركردنی هاوڵاتیان، لەگەڵ ئەوەشدا بێ مۆڕاڵی و پابەند نەبون بە ئیتیك لە بەشێكی زۆر لە دامەزراوە میدیاییەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان چەند هێندەی تر رەوشەكەیان خراپتر كردوە.
لە بەیاننامەکەیاندا دەڵێن، هاوڵاتیانی هەرێم بەگشتی و ئیدارەی گەرمیان بە تایبەتی لە بری هۆشیاركردنەوە و پێدانی رێنمایی و پەیامی گرنگ و كاریگەر لە پێناو پاراستنی ژیانیان، ڕۆژانە ژەهر دەكرێت بە قورگیاندا و هێندەی تر ترس و دڵەڕاوكی لە دەرونیان چەكەرە دەكات و لە ڕوی دەرونیەوە زیاتر دەڕوخێنرێن، هەمو ئەمانەش بە پلەی یەك دام و دەزگا تەندروستیەكانی ناوچەكە بەرپرسن و بەپلەی دوەمیش دەزگاكانی راگەیاندن كە نەیان توانیوە ببنە سەكۆیەكی كاریگەر بۆ بڵاوکردنەوەی رێنمایی تەندروست لەپێناو هێوركردنەوەی دەرونی هاوڵاتیان و دوركەوتنەوە لە ترس و دڵەڕاوكێ.
داواکاریەکانی رێکخراوەکان و چالاکانی مەدەنی گەرمیان
یەکەم: لیژنەی کاروباری تەندروستی لە پەرلەمانی کوردستان و لیژنەیەکی تایبەت لەئەنجومەنی وەزیران سەردانی ناوچەکەبکەن و لێکۆڵینەوە لە کۆی کێشەکان بکەن لەکاتی دەرکەوتنی هۆکاری سەرەکی کێشەکان لێپێچینەوە لە تەواوی بەڕێوەبەر و ستافی کارگێڕی تەندروستی گەرمیان بکرێت بەخێرای گۆڕانکاری ئیداری ئەنجام بدرێت.
دوەم: دیاریکردنی بودجەیەکی تایبەت بە بەرەنگاربونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا لەناوچەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان لەداهاتی ناوچەکە، یان سپاردنی سەرپەرشتیکردنی نەخۆشخانەی قەڵا بەدەزگای تەندروستی پێشمەرگە، چونکە لەئێستادا ئەم نەخۆشخانەیە بەهۆی کەمی ستافەوە کەسانی خۆبەخش لە دەرەوەی سێکتەری تەندروستی خزمەتی دەکەن و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گەرمیان لەتوانایدانیە ئیدارەی ئەو نەخۆشخانەیە بدات.
سێیەم: دانان و چالاككردنی هێڵی گەرمی 24 كاتژمێری تەندروستی بۆ ناوچەكە بەمەبەستی رێنمایکردنی توشبووان و هاوکاریکردنیان.
چوارەم: كردنەوەی ناوەند و نەخۆشخانەی زیاتر بە بەركەوتوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
پێنجەم: بەدەنگەوە هاتنی ئەو هاوڵاتیانەی كە گومان یان نیشانەكانیان تیادا دەركەوتوە و هیچ نەخۆشخانەیەك دەرگایان لەسەر واڵا ناكات بۆ چارەسەركردن.
شەشەم: لێپێچینەوە لە هەمو ئەو دەزگا راگەیاندن و کەسانەی بەبێ زانیاری، كە هۆكارن بۆ تۆقاندن و تێكشكاندن و شڵەژانی دەرونی هاوڵاتیان و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست.
حەوتەم: چاودێریکردنی یان سزادانی هەمو ئەو نۆرینگە ئەهلی و لاكۆڵانانەی كە بەبێ زانیاری و بە نەشارەزایی دەرمان دەدەنە هاوڵاتیان و رێنمایەکانی تەندروستی جێبەجێ ناکەن.
هەشتەم: جێبەجێکردنی کەرەنتینە بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو و تا ئەوکاتەی نەخۆشیەکە کۆنتڕۆڵ دەکرێت، رێگە گرتن لە بەڕێوەچونی پرسەو بۆنە تایبەت و گشتیەکان لە قەزا و ناحیە و گوندەكانی سەر بە سنورەكە.
