ئه‌مریکا له‌ رۆژێکدا زۆرترین ژماره‌ى توشبونى به‌ کۆرۆنا تۆمارکرد

5 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

لە 24 کاژێری رابردوودا لە ئەمریکا 57 هەزار و 683 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکران کە زۆرترین ژمارەیە لەسەر ئاستی جیهان لە رۆژێکدا تۆمارکرابێت. 

ئەنتۆنی فاوچی، بەڕێوەبەری پەیمانگەی نیشتیمانی نەخۆشییە هەستیاری و گوازراوەکان لە ئەمریکا هۆشداریدەدات کە زیادبوونی ئەمجارەی تووشبووانی کۆرۆنا "هەموو وڵاتەکەی خستووەتە مەترسییەوە". 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە 2-7-2020 لە توویتێکدا ئاماژەی بەوە کرد، زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە وڵاتەکەی بەهۆی زیادبوونی ژمارەی پشکنینەکانی کۆرۆناوەیە ئەوەشی بە "هەواڵێکی باش" ناوبرد. 

لە 24 کاژێری رابردوو 616 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە ئەمریکا گیانیان لەدەستداوە، بەوەش کۆی گیانلەدەستدان بۆ 132 هەزار و 101 کەس بەرزبووەوە ئێستا کۆی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئەمریکا دوو ملیۆن و 890 هەزار و 588 کەسن.

دوێنێ هەینیش میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، Kimberly Guilfoyle کیمبێرلی گویڵفۆیل، هاوڕێ کچەکەی کوڕە گەورەکەی دۆناڵد ترەمپ تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، ئەوەش سێیەم کەسە لە کەسە نزیکەکانی ترەمپ تووشی کۆرۆنا بووبێت.

ئەمڕۆ رۆژی سەربەخۆیی ئەمریکایە، بەهۆی ئەوەشەوە بەرپرسانی تەندروستیی ئەو وڵاتە هۆشداری دەدەن لە کۆبوونەوەی خەڵک و ئاهەنگگێڕان.

باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکدا بۆ هاووڵاتیانی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کرد، "با ئەم پشووە پێکەوە رووبەڕووی کۆرۆنا ببینەوە، خۆمان بپارێزین، ماسک ببەستین، دەستەکانمان بشۆرین و بە گوێی شارەزایانی تەندروستی بکەین". 

ئێستا کۆی گشتی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە جیهان گەیشتووەتە سەرووی 11 ملیۆن و 197 هەزار کەس و لەو ژمارەیەش 529 هەزار و 197 کەس گیانیان لەدەستداوە. هاوکات شەش ملیۆن و 345 هەزار و 230 کەس چاکبوونەتەوە. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار