کازمی: چهتهکان دهروازه سنوریهکانیان کۆنتڕۆڵ کردووه

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند لە دەروازە سنوورییەکان چەتە و گرووپ هەن زیانەکان ساڵانە ملیاران دۆلارن.
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند "ئاستەنگێکی دیکەمان لەپێشە، بەردەوام گوێتان لێ دەبێت، کە دەروازەکانە، چەتە و گرووپ هەن، زیانەکان ساڵانە لە دەروازەکان بە ملیاران دۆلارن، ئەوانە گرووپی بچووکن، رێگرن و دەسەڵاتدارن، کە هەندێکجار دەروازەکان کۆنترۆڵ دەکەن، لەسەر حیسابی گەنجینەی دەوڵەت، بەمنزیکانە هەڵمەتێک دەستپێدەکەین بۆ ئەم پرسە سەروەرییە".
نموونەی زەقی ئەو راستییە، دەروازەی شەلامچەیە لە بەسرە و فڕۆکەخانەی نەجەف، کە ناوبەناو لەژێر دەسەڵاتی حکومەت نامێنن.
سەبارەت بە داهاتی دەروازەکانی عێراق، کە بەپێی یاسای بودجە، لە ساڵی 2019 نزیکەی 10 ملیار دۆلار بوو، دکتۆر ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت "لەنێوان 10 تا 20%ی داهاتی دەروازەکانی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت، بەڵام ئەوەی دیکەی دەچێتە گیرفانی گرووپە چەکدارەکان و حیزبەکان و کەسایەتییە دەستڕۆیشتووەکان".
لەگەڵ ورووژاندنی بابەتی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، بابەتی دەروازەکانی هەرێمی کوردستانیش هێنراوەتە نێو ئەم باسە، بەتایبەت کە حکومەتی عێراق ئاشکراکردنی داهاتی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووەتە مەرج بۆ رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر پێدانی بودجە و مووچە.
بەپێی ماددەکانی 110 و 114ی دەستووری عێراق، داڕشتنی سیاسەتی دارایی و گومرگ و رێکخستنی سیاسەتی بازرگانی لەنێوان سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق لە دەسەڵاتی عێراقە، بەڵام دەبێت حکومەتی عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان گومرگ بەڕێوەببات.
