هەندێک لەژنانی داعش لەکەمپەکانی رۆژاڤا لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە هاوسەرگیریی دەکەن‌و بەرەو تورکیا هەڵدێن

هەسەدە خێزانی داعشە بیانییە مەترسیدارەکان‌و پەشیمانبووەکان لەیەکتر جیاکردەوە کاتێک دەرکەوت ھەندێکیان لەپەیوەندیدان لەگەڵ گروپەکە

4 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی

بەرپرسانی رۆژائاوای کوردستان دەستیانکردووە بەگواستنەوەی ژنانی بیانیی و منداڵەکانیان کە پەیوەستبوون بەڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ەوە بۆ دەرەوەی کەمپێکی جەنجاڵ لەباکوری خۆرهەڵاتی سوریا تابخرێنه ژێر چاکسازیی، لەهەمانکاتدا کەسانێکی تریان لەڕێگەی پارەوە هەڵهاتوون.

هەندێک لەژنانی داعش لەڕێگەی ئینتەرنێنەوە هاوسەرگیریی دەکەن و بەرەو تورکیا هەڵدێن. هەسەدە مەترسیدارەکانیان جیادەکاتەوە لەپەشیمانبووەکان، ئەوەش دوای ئەوەی بۆی دەرکەوت هەندێکیان هێشتا لەپەیوەندیدان لەگەڵ بەرپرسانی گروپەکە کەدەکرێت وەکو مەترسی سەیربکرێن.

ئەوانەی کەمتر توندڕەون دەبرێنە شوێنێک بۆ چاکسازیی

شێخموس ئەحمەد بەرپرسێکی رۆژاڤایە، بەئاژانسی فرانس پرێسی وت (76) خێزان لەتەمموزەوە لەکەمپی هۆلەوە بۆ رۆژ گوێزراونەتەوە، دوای داوایەک کەتیایدا پەشیمانییان دەربڕیوە لەپەیوەندییان بەو گروپە تووندڕەوەوە.

بەرپرسەکە باسی لەنەتەوەکانیان نەکرد، بەڵام دەسەڵاتدارانی کورد وتیان بیانیەکانی کەمپی هۆل لە (50) وڵاتی جیاوازەوە هاتوون.

دوای چەندین ساڵ پێشەنگیکردنی شەڕ دژی داعش بەپشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێشەنگیکراو لەلایەن ئەمریکاوە، کوردەکانی سوریا هەزاران گومانلێکراوی بیانییان بەندکردووە کەپشتیوانییان لەو گروپە تیرۆریستییه کردووە.

لەنێو ئەمانەدا چەکدارانی گومانلێکراوی زیندانکراو ههن، بەڵام هەزاران ژن و منداڵی تریش کەپەیوەندییان پێیانەوە هەیە و لەکەمپی ئاوارەکاندان -- زۆرێکیان لەچەندین خێمەی جەنجاڵی شاری هۆلدان.

گروپەکانی کۆمەک بەردەوام سکاڵایان دژی دۆخی ژیان لەو کەمپە کردووە کەتێیدا نزیکەی (70) هەزار کەسن دەبن و زیاد لەنیوەیان لەخوار تەمەنی پێنج ساڵەوەن و بەرپرسانی کوردیش یەکەمین کەیسی ڤایرۆسی کۆرۆنایان لەنێو دانیشتوانەکەیدا راگەیاند لەکۆتایی ئابدا.

شێخموس ئەحمەد وتی «کەمپی رۆژ فراوانکراوە بەهەماهەنگی نەتەوەیەکگرتووەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش بۆ گواستنەوەی چەکدارانی بیانی داعش و ژن و منداڵەکانیان دوای ئەوەی داوای ئهوهیان کردووه که هۆل بهجێبهێڵن.»

وتی «کەمترین رادیکاڵهکانیان ئامادەی چاکسازین و داوای گەڕانەوەیان کردووە بۆ وڵاتەکانیان و تێکەڵبوونەوە بەکۆمەڵگاکانیان، پەشیمانیشیان نیشانداوە.»

بەگشتی چاوەڕواندەکرێت نزیکەی (400) خێزان لەهۆلەوە بۆ رۆژ بگوێزرێنەوە، کە لەوێ لەخێمەی تایبەت بەخۆیاندا دەژین.

وڵاتانی خۆرئاوا بەگشتی دوودڵن لەوەرگرتنەوەی ئەو هاووڵاتیانەیان کەپەیوەندییان بەداعشەوە کردووه لەباکوری خۆرهەڵاتی سوریا، هەرچەندە هەندێکیان ژن و منداڵیان وهرگرتۆتهوه، بەگوێرەی کهیس بهکهیس.

هەوڵی هەڵاتن و هاوسەرگریکردن لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە

بەرپرسانی رۆژاڤا وێڕای ئەوەی کەڕووبەڕووی هەڕەشەی شانە نووستووەکانی داعش دەبنەوە، تووشی چەند کێشەی دیکە دەبنەوە، وەکو هێرشی ناوەناوەی میلیشیاکانی سەر بەتورکیا، ئەمە جگەلەوەی ئەرکی چاودێری (70) هەزار خێزانی زیندانیانی داعشیان لەئەستۆیە کەزۆرێکیان بیانین و وڵاتەکانیان نایانەوێت وەریان بگرنەوە.

پێشنیاری نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی گەڕاندنەوەی زیندانیانی داعش بۆ ئەو وڵاتانەی لێی هاتوون، لەوانە وڵاتانی رۆژئاوا، دەنگی نەهێنا. بەگوێرەی نووسراوێکی نەشناڵ ئینترێست، ئەو پێشنیارە لە 21ی ئاب لەلایەن ئەمریکاوە ڤێتۆ کرا تاچارەنووسی (70) هەزار زیندانی بەناڕوونی بمێنێتەوە.

بەرپرسانی هەسەدە ئەم زیندانیانەیان لەدوو کەمپی هۆل و رۆژدا نیشتەجێکردووە، بەڵام زیندانییەکان لەساڵی 2018وە بەردەوام هەوڵی هەڵاتن دەدەن بەتایبەت ژنان.

دکتۆر ئان سپکهارد، مامۆستای زانکۆی جۆرج تاون و بەڕێوەبەری ناوەندی نێونەتەوەیی تووێژینەوەکان بۆ توندئاژۆیی پێشتر وتی «ئەو ژنانەی داعش کە لەکەمپی ئەلهول لەناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکانی سوریا زیندانی کراون بەخەرجکردنی (10 تا 20) هەزار دۆلار دەتوانن بەشێوەی قاچاخ و بەشاراوەیی هەڵبێن».

زیاتر وتی ژنانی داعش بەخەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە، بەشێوەی قاچاخ لەکەمپی هۆل کە لەژێر کونترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتدایە، هەڵاتوون.

 ژمارەیەکیان چوونەتە ئیدلیبی سوریاو ژمارەیەکیشیان لەڕێگای ناوچە سوریایەکانی ژێر کونترۆڵی تورکیاوە خۆیان گەیاندۆتە تورکیا. ئەم بابەتە هەفتانە درێژەی هەیەو هێزەکانی سووریای دیموکرات پشتڕاستیان کردۆتەوە.

پرسی هەوڵی زیندانیانی داعش بۆ هەڵاتن لەکەمپی ژێر چاودێریی هەسەدە بووەتە دیاردەیەکی جیددی و مەترسیدار.

بۆیە بەرپرسانی رۆژاڤا دەستیان کردووە بەجوداکردنەوەی زیندانییە مەترسییدارەکان لەکەمپی هۆل و ژمارەیەکیان بۆ کەمپی رۆژ گواستووەتەوە.

بۆ نموونە هەفتەی رابردوو ژنان و منداڵانی ئوسترالیایی لەبەشێکی کەمپی هۆلەوە کە بەشەقامی سیدنی ناوی دەرکردووە؛ بۆ کەمپی رۆژ گواسترانەوە.

بەڕێوەبەری سەنتەری نێودەوڵەتیی تووێژینەوەکانی توندوتیژیی لەبارەی هۆکارەکانی یارمەتیدان بەهەڵاتنی ژنە داعشەکان دەڵێت «هۆکاری زۆر هەن بۆ یارمەتیدان بۆ هەڵاتنی ژنانی داعش لەکەمپی ژێر کونترۆڵی کوردەکان.

 بۆ نموونە بەهۆی نالەباربوونی دۆخی کەمپەکە وەڕەز بوون و ئەگەر بتوانن لەڕێگای ئینتەرنێتەوە هاوسەرگیریی لەگەڵ ئەوروپیەک دەکەن و پارەی پێویست بۆ هەڵاتن لەکەمپەکە فەراهەم دەکەن و کەمپەکە بەجێدێڵن.

ژنانی زیندانیکراو لەهۆل لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وەکو ئینستاگرام، تێلێگرام و تۆڕی پێدانی پەی بال داوای یارمەتییان کردووە تا بەشێوەی شاراوە هەڵبێن.

لەلایەکی دیکەوە، کریستۆفر میلر، بەڕێوەبەری سەنتەری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەئەمریکا هۆشداری دەدات کەداعش تەرکیزی کردووە لەسەر ئەندامە زیندانییەکانی لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی کوردانی سوریا.

مامۆستای زانکۆی جۆرج تاون ئاماژەشی دا بەپرسی نەبوونی توانای دارایی بەرپرسانی کوردی سوریا بۆ بەڕێوەبردنی کەمپەکە و هەروەها داواکردن لەوڵاتانی هەناردەکەری داعش بۆ وەرگرتنەوەی داعشەکان.

هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ ئیدارەدانی زیندان و زیندانییەکان و پێدانی مووچەی هێزەکانیان یارمەتیی دارایی لەهاوپەیمانان وەردەگرن، بەڵام دیارترین شتێک کەئێستا ئەو هێزانە دەیانەوێت ئەوەیە وڵاتانی جیهان هاووڵاتیانی داعشی خۆیان کەئێستا لەزیندانەکانیاندان وەربگرنەوە.

گۆڤاری نەشناڵ ئینترێست هۆشداریی داوە ئەگەر وڵاتانی بیانی لەوانە ئەوروپییەکان هەوڵنەدەن بۆ گەڕاندنەوەی داعشە هاووڵاتییەکانی خۆیان لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی کوردانی سوریا، ئەگەری زیاتربوونی هێرشەکانی ئەو گروپە تیرۆریستییە لەئارادایە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار