ئەوانەی دووەم جار لەهەرێم تووشی کۆرۆنا بوون چی دەڵێن؟

4 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حهسهن

لهههرێمى کوردستاندا دووباره تووشبوونهوهى هاوڵاتیان بهکۆرۆنا ژمارهى زیاددهکات و لهتۆڕه کۆمهڵایهتییهکان زۆر کهس باس لهسێ جار تووشبونهوهى بهکۆرۆنا دهکات.

دواى زیاتر لە (10) مانگ لهبڵاوبوونهوهى ڤایرۆسى کۆرۆنا لهوڵاتانى جیهانداو ھەشت مانگ لەبڵاوبوونەوەی لەھەرێمی کوردستان ژماەیەک توشبوو بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دووباره تووشبوونەتەوە.

پسپۆرێکى نهخۆشییه گوازراوهکانیش جهخت لهوهدهکاتهوه سێ جار تووشبوون بهڤایرۆسى کۆرۆنا ههر بوونى نیهو ئهو حاڵهتانه بهدووباره تووشبوو ههژمار دهکرێن کهدواى سێ مانگ لهچاکبوونهوهى کهسهکه دووباره تووشى کۆرۆنا ببێتهوهو نیشانەکانیان تێدا دەرکەوێتەوە.

نهورۆز عوسمان، لێپرسراوى کۆنتڕۆڵکردنى نهخۆشییه گوازراوهکان لهبهڕێوهبهرایهتى خۆپاراستنى سلێمانى، لهلێدوانێکدا به ‌‌ھاوڵاتی  وت «ناتوانین بڵێین ئهو کهسانه یهکسهر دووباره تووشبوونهوه، چونکه دووباره تووشبوونهوه بهکهسێک دهوترێت دواى سێ مانگ لهچاکبوونهوهى تهواوى، جارێکى دیکه تووشببێتهوه«.

ههروهها ئهوهشى باسکرد «شتى وا ههر نیه لهههموو دنیادا، سێیهم جار کهسێک تووشبێتهوه، خهڵک ههیه دهڵێت ههر نیه، یان دهڵێن دووجار و سێ جار تووشبووم، کههیچ کامیان راست نیه، بهڕاستى ئهو فهوزایهى تۆڕه کۆمهڵایهتیهکان ناویانهتهوه، سهریان لهههموو خهڵک تێکداوه«.

باسی لەوەشکر کە ئهو حاڵهتانه بهشێوهیهکى فهرمى و لهسهدا سهد لێرە تۆمار نهکراوه، «تهنیا ئهوانه چهند کهسێکن کهزۆربهیان نهگهیشتۆته سێ مانگ. بۆیه ئهمه بهپێى ستانداردى جیهانى و تهندروستى بهدووباره تووشبوونهوه دانانرێت».

لێپرسراوى نهخۆشییه گوازراوهکان ئهوهشى روونکردهوه «مرۆڤ کاتێک ڤایرۆسێک دهچێته لهشیهوه، بهرگرى یهکسهر پهیدادهبێت، ههندێک جار ئهو ڤایرۆسه بهشێوهیهکى ناچالاک دهمێنێتهوه، بهههر هۆکارێک بێت چالاک دهبێتهوه، ئهوهیان کهزیاتر لاى خۆمان تۆمار دهکرێت و بهدووباره تووشبووهوه ناودهبرێت لەلاى خهڵکهوه«.

لهئێستادا لهههرێمى کوردستاندا زۆر کهس ههن باس له دووباره تووشبوونهوه بهڤایرۆسى کۆرۆنا دهکهن.

ههنى محهمهد، (27) ساڵ، دەڵێت ئەوە دووەم جارە تووشى کۆرۆنا دەبێت، ئەوەش دواى سێ مانگ نیشانەکانی تێدا دەرکەوتۆتەوە لهنهخۆشخانهى عهلى ناجی سلێمانی، پزیشکهکان پشتڕاستیان کردۆتهوه که دووباره تووشى ڤایرۆسهکه بووه.

ئهم  ژنه باس لهوهدهکات جارى دووهم ئازارێکى زۆرترى ههبووه، زیاتر نیشانهکانى تێدا دهرکهوتووه و وتى «ئازارى ههموو گیانم و نهمانى تامى خواردن و خهو که وایلێکردم مردنم بینى، ههرگیز ئازارى وا بههیچ نهخۆشییهک نهبووه و نهمبینیوه«.

زیاتر لەھەشت مانگه ڤایرۆسى کۆرۆنا لهههرێمى کوردستاندا بڵاوبۆتهوهو بهپێى ئامارهکانى وهزارهتى تهندروستى تائێستا لهههرێم نزیکەی (70) ھەزار کهس تووشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بوون کهنزیکەی (40) ههزاریان چاکبوونهتهوه و دوو ههزار و (٣١٤) یان گیانیان لهدهستداوهو (27) ههزار توشبوو لهژێر چارهسهردان.

 بهپێى ئامارێکى خهمڵێنراو لهههرێمدا تائێستا دەیان کەس دووباره تووشى ڤایرۆسهکه بوونهتهوهو (6) کهسیان مردوون.

نهبهرد جاسم ، تهمهن (41) ساڵ، کارى ئۆنلاین دهکات، باس لهوهدهکات که سێ جار تووشى کۆرۆنا بووه و وتی «یهکهم جار بههۆى کارهکهمهوه تووشى کۆرۆنا بووم لهگهڵ ئهوهى زۆریش خۆم دهپاراست، که بههۆى پژمینى کهسێکهوه تووش بوم، زۆر بهتوندى گرتم».

وتیشی «جارى دووهم دواى مانگێک له چاکبوونهوهى دووباره توشبۆتهوه و وتى لهجارى یهکهم باشتر بووم، واته زۆر بێتاقهتى نهکردم، و جارى سێیهم کهدواى سێ مانگ زیاتر بوو کهگرتمهوه، هیچ ههستى بۆنکردن و تام کردنم نهما».

کچێکى دیکه که دووجار تووشى ڤایرۆسهکه بووه، باس لهوه دهکات ههردوو جارهکه لهنهخۆشخانه تووشى کۆرۆنا بووه و بۆى گوازراوهتهوه.

کورده ئهنوهر، خانمێکى (31) ساڵهو باس لهوه دهکات کهیهکهم جار تووشبوونى بهڤایرۆسى کۆرۆنا لهدواى لهدایکبونى منداڵهکهیهوه لهنهخۆشخانه تووشبووه و  دووهم جار بۆ کوتانى منداڵه تازه لهدایکبووهکهى دهچێته نهخۆشخانه و تووشبۆتهوه.

ئهم ژنه ئهوهشى روونکردهوه، راسته لهماڵهکهیاندا  کهسى دیکهى خێزانهکهى که لهنهۆمى سهرهوه خۆیان کهرهنتین کردووه تووشى ڤایرۆسهکه بوون.

وتى «من پێش نهشتهرگهرى لهدایکبوونى منداڵهکهم زۆر ئاسایى بووم و تهنیا زۆر خۆم دهپاراست، بهڵام بهسێ رۆژ دواى لهدایکبوونى کۆرپهکهم تووشى ڤایرۆسهکه بووم».

کورده وتی «سهرهتا ههر وام زانى گرانهتامه، چونکه پێشتر زۆرجار تووشببووم، بهڵام دواتر ههستم کرد ئازارهکه زۆر زۆر لهگرانهتا زیاترهو ئێستاش بارودۆخم زۆر خراپهو ئازارێکى زۆر ههموو لاشهمى داگیرکردووه«.

توسبویه‌کى دیکه‌ى کۆرۆنا که‌ دواى دوو مانگ دووباره‌ ڤایرۆسه‌که‌ى گرتۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌ڵێت که‌ جارى یه‌که‌م به‌ توندى توشى ڤایرۆسه‌که‌ بوه‌ و دواى ئه‌وه‌ى توانیویه‌تى به‌سه‌ریدا زاڵ بێت خۆپارێزى نه‌کردووه‌ و بۆیه‌ دووه‌م جار توشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بۆته‌وه‌.

کاروان جه‌زا، ته‌مه‌ن 27سالًَ، وتیشى" دوو مانگ له‌ ڤایرۆسه‌که‌ چاکبومه‌وه‌ و دوباره‌ توشبومه‌وه‌، چونکه‌ وامزانى نایگرمه‌وه‌".

ئه‌م کوڕه‌ ئه‌وه‌شى باسکرد کۆرۆنا ڤایرۆسێکى قورسه‌ ووتى" هیوادارم هه‌موو که‌س خۆى بپارێزێت، چونکه‌ ئازارێکى سه‌خته‌ و هه‌موو جه‌سته‌ت به‌ئازار بوو، قاچه‌کانم ئیشیان نه‌ده‌کرد تامى خواردنم نه‌مابوو، سنگم ئازاێکى توند هه‌بوو، که‌ هیچ کات نه‌خۆشى ئاوا  به‌ئازارم نه‌دیوه‌". 

ئاسۆ حهوێزى، وتهبێژى تهندروستى ههرێم، لهلێدوانێکدا به‌‌‌ھاوڵاتی  وت «حاڵهتى دووباره تووشبوونهوه ههیه، بهڵام کهمه«.

ههروهها وتیشى «نهک لهههرێمدا، بهڵکو لهههموو جیهاندا بهحاڵهت ههیه دووباره کهس تووشى کۆرۆنا ببێتهوه، بهڵام کهمن ئهو حاڵهتانه«.

ماوهى ھەفتەیەکە، ژمارەی تووشبووان زیادیان کردووەو ھەندێ جار زیاتر لهههزار کهس تووشى کۆرۆنا دهبن لەیەک رۆژدا، که بهرپرسانى تهندروستى هۆکارى سهرهکى زیادبوونى تووشبووان بۆ پابهندنهبوونى هاووڵاتیان دهگێڕنهوه.

ئاسۆ حهوێزى، وتهبێژى تهندروستى ههرێم، ئهوهشى روونکردهوه« هۆکارى یهکهم پابهندنهبوونى خهڵکه به رێنماییهکان و ئهو شوێنانهى کهپێشتر داخرابوون، لهدواى کردنهوهیان پابهندى رێنماییهکان نابن و  هۆکارن بۆ قهڕهباڵغى زۆرو بهرکهوتهى زۆرى هاووڵاتیان و تووشبوونیان».

وتهبێژى تهندروستى ههرێم، ئهوهشى دووپاتکردهوه که کێشهى زۆرى تووشبوون و مردن لهئێستادا بهههڵه چارهسهر وهرگرتنه، وتى «بهههڵه دهرمان وهرگرتن لهنۆرینگهکان وادهکات نهخۆش بگهیهنێته دۆخێکى خراپ تا دهگهنه نهخۆشخانهکان و بهئهمهش حاڵهتى مردن زیاد دهکات».

بەپێی قسەی بەرپرسانی تەندروستی لەقهزاى پێنجوێن بههۆى شوێنى جوگرافیهکهیهوه کهدهکهوێته سهر  سنورى ئێران و ههرێم، بههۆیهوه تائێستا نیوەی زیاتری دانیشتوانى قهزاکه تووشى کۆرۆنا بوون و لهگهڵ ئهوهى دواى مانگى تهمموز حاڵهتى مردن لهپێنجوێن تۆمار نهکراوه، بهڵام لهم مانگهدا ژمارهى تووشبوون زۆر زیادى کردووه.

هێرش عهلی، بهرپرسى ئامارو زانیارى تووشبووانى کۆرۆنا لهنهخۆشخانهى گشتى شههیدانى پێنجوێن، لهلێدوانێکدا وتى «دهتوانین بڵێین لهئێستادا له پێنجوێن ههموو ماڵ و خێزانێک تووش بوى کۆرۆناى ههیهو بهپێى شوێنى نیشتهجێبوون پێنجوێن کهدهکهوێته سهر سنورى ئێرانهوه، بۆیه بههۆى هاتوچۆوه، ژمارهکه بهرهوام زیاد دهکات».

لهدواى مانگى پێنجهوه، پێنجوێن بووه هێڵى سوور و ژمارهى زۆرى تۆمارکرد، لهناویشیاندا گیانلهدهستدان زۆر بوو.

ئه‌م به‌رپرسه‌ وتیشى «خۆم تووشى ڤایرۆسه‌که‌ بووم، بینیومه‌ چۆنه‌، به‌ڵام دووباره‌ تووشبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌که‌ که‌مه‌، چونکه‌ بۆ ئامارى وردى ئه‌وه‌ ده‌کرێت سه‌یرى پشکنینى سه‌ره‌تایى بکرێت، چونکه‌ له‌سه‌ره‌تادا به‌هۆى نه‌بوونى که‌ره‌سته‌ى پێویستى پزیشکى و ئامێرو  پشکنینه‌وه‌، پشکنین بۆ چه‌ند نه‌خۆش له‌تیوبێکدا ده‌کرا، واته‌ که‌ که‌سێک له‌و پێنج که‌سه‌ پۆزه‌تیف بوایه‌، هه‌مووى به‌پۆزه‌تیف ده‌گه‌ڕایه‌وه‌«.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار