پەرلەمانتارێک: بەزمانی پێغەمبەر گفتوگۆمان لەگەڵ کونسوڵی فەڕەنسا کرد
ژنە پەرلەمانتارێکی کوردستان پێیوایە ئەگەر پێغەمبەر لە ژیاندا بووایە رازی نەدەبوو سوکایەتی بە خێزانی ماکرۆن بکرێت

5 ساڵ لەمەوپێش
شایان کاکە عەسکەری پەرلەمانتاری گۆڕان رایگەیاند ئەمڕۆ دووشممە لەگەڵ کونسوڵی فەڕەنسا لە ھەولێر کۆبوونەتەوەو "بەزمانی پێغەمبەر" لەگەڵ کونسوڵدا گفتوگۆیان کردوە وەکو نوێنەری موسەڵمانانی کوردستان.
ئەوەش لەکاتێکدایە ماوەی چەند رۆژێکە بەشێک لە ھاوڵاتیان و بانگخوازانی ئاینی بە زمانێکی توند ھێرشژیان کردۆتەوە سەر ژنەکەی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرنساو ھەندێکیان تۆمەی ئەخلاقیان داوتە پاڵ.
شایان کاکە حەسکەری دەڵێت " تەنھا پرسیارێک بۆ ئەو بەرێزانەی کە جنێو دەدەن و بێرێزی و سوکایەتی دەکەن بەرامبەر فەرەنسا و خێزانی سەرۆکی فەرەنسی، ئایا گەر پەیامبەری خۆشەویستمان خۆی ئەو کاریکاتێرانەی خۆی ببینیایە، ھەڵوێستی چی دەبوو؟"
ئاماژەی بەوەدەکات کە پیاوێک یەخەی پێغەمبەری ئیسلامی توند راوەشاندوە بەرامبەر ئەو نەرمو نیان بووە بەرامبەری.
دەقی قسەکانی شایان عەسکەری
ئەمرۆ یاداشتی ٢٦ پەرلەمانتارمان دایە کونسولگەری فەرەنسا
دژ بەو بێرێزیەی بەرامبەر پێشەوامان محمد ( د . خ )کراوە لە لایەن چەند کاریکاتێریستێکی فەرەنسی و پشتگیری کردنی لەلایەن سەرۆکی فەرەنساوە.
کونسوڵی فەرەنسا بە گرنگیەوە لەو یاداشتەی ڕوانی و بەڵێنی دا ڕادەستی وەزارەتی دەرەوەو حکومەتی فەرەنسی بکات.
بە زمانێکی نەرم بەزمانی پێغەمبەر ( د. خ)گفتوگۆمان لەگەڵیان کرد، خوای گەورە دەفەرموێ :ادْعُ إِلَىٰ سَبِيلِ رَبِّكَ بِالْحِكْمَةِ وَالْمَوْعِظَةِ الْحَسَنَةِ ۖ وَجَادِلْهُم بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ ۚ إِنَّ رَبَّكَ هُوَ أَعْلَمُ بِمَن ضَلَّ عَن سَبِيلِهِ ۖ وَهُوَ أَعْلَمُ بِالْمُهْتَدِينَ (١٢٥) سورة النحل. واتا بە باشترین شێوە لەگەڵیان بدوێ.
ئەوەی ئەمرۆ کردمان بە نوێنەرایەتی دەنگدەرە مسوڵمانەکان بوو و جێبەجێکردنی ئەو ئایەتەی قورئانی پیرۆزە کە دەفەرموێ: إِنَّ ٱلَّذِينَ يُبَايِعُونَكَ إِنَّمَا يُبَايِعُونَ ٱللَّهَ يَدُ ٱللَّهِ فَوْقَ أَيْدِيهِمْ ۚ، سورة الفتح (١٠)واتا ئەوانەی کە ھەڵیانبژاردووی، خودایان ھەڵبژاردووە و دەستی خودا لەسەر دەستی ئەوانە.
ئێمەش خوای گەورەمان ھەڵبژاردووە.
تەنھا پرسیارێک بۆ ئەو بەرێزانەی کە جنێو دەدەن و بێرێزی و سوکایەتی دەکەن بەرامبەر فەرەنسا و خێزانی سەرۆکی فەرەنسی، ئایا گەر پەیامبەری خۆشەویستمان خۆی ئەو کاریکاتێرانەی خۆی ببینیایە، ھەڵوێستی چی دەبوو؟
بیرتان بێ بەرامبەر ئەو پیاوەی کە یەخەی گرتوو توند رایوەشاند ھەلوێستی چۆن بوو، ئەوپەڕی نەرم و نیانی نواند

