محەمەدی حاجی مەحمود پشتگیریی خۆی بۆ بایدن راگەیاند

5 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی

محەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان پشتگتگیریی جۆبایدننی کرد بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا و رایگەیاند لە چوار ساڵی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ هۆکار بووە کە کورد لە باشور ٥١%ی خاکی لەدەستداوە و لە رۆژئاوای کوردستانیش عەفرین و سەرێکانی و زۆر ناوچەی دیکەشی تەسلیمی تورکیا کردووە. دەشڵێت، "هەر کوردێک لە هەر کوێی جیهان بێت ئەبێت پشتیوانی لە بایدن بکات".

محەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە فەیسبووکی خۆی رایگەیاند، زۆر لە وڵاتان، کەسایەتی، لایەن، حزب و رێکخراوەکان شیکاریی دەکەن، کە کێ باشە بۆ ئەمریکا و جیهان لە نێوان ترەمپ و بایدندا، ئەو پێیوایە هەر کوردێک لە هەرێمی کوردستان ئەو پرسیارە بکات، بە هەڵەدا چووە.

راشیگەیاند، "حزبەکەی ترەمپ لە حزبەکەی بایدن بۆ کورد باشتر بوو، بەڵام ترەمپ لە هەردوو حزبەکە بۆ کورد خراپتر بوو. ترەمپ دەبابە و چەکی دوا مۆدێلی تەکنەلۆژیای دا بە عێراق و دژی کورد وەستایەوە، پێشمەرگە بە چەکی ئەمریکی ترەمپ و ئەمری پەرلەمان و بە جێبەجێکردنی عەبادی، کەرکوک و خانەقین و دوز و داقوق و دبس و مەخمور و عەین زالە و سنجاریان تەسلیم بە عەرەب کردەوە و کورد ٥١%ی خاکی کوردستانی لەدەستدا".

باسی لەوەشکردووە، کە ترەمپ لە خاکی کوردستانی سوریاش (رۆژئاوای کوردستان) عەفرین و سەرێکانی و زۆر ناوچەی دیکەی "بە فەرمی تەسلیمی تورکیا کرد لە رێگای نوێنەری تایبەتی خۆیەوە".

محەمەدی حاجی مەحمود دەشڵێت، "ئێستا بەشێکی زۆری کوردستانی رۆژئاوا تەسلیم بە تورکیا کراوە لەسەر دەستی ترەمپ، بۆیە لەم راستییانە نە کورد خۆی بە گێل بزانێت و نە ئەوانیش بە گێل بزانێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە دەرچوونەوەی ترەمپ "کارەساتی گەورەتری بە دواوەیە" لە هەموو حاڵەتەکاندا.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "هەر چەندە کورد رەنگە ئەو ژمارەیە نەبێت گۆڕانکاری گەورە لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دانێت یان بکات، بەڵام هەموو کورد یا هەر کوردێک لە هەر کوێی جیهان بێت، ئەبێت پشتیوانی لە بایدن بکات".

لە کۆتایدا، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەڵێت، "هیوادارین خەڵکی ئەمریکاش درک بەو راستییانە بکەن هەرچەندە سیاسەتی ئەمریکا دامەزراوەییە و گۆڕانی زۆر تێدا ناکرێت، بەڵام کەسایەتی سەرۆک دەتوانێت راڕەوەکە بگۆڕێت لەوەی ئێستا هەیە. ئومێدی سەرکەوتن بۆ بایدن و کۆشکی سپی ئەخوازم".

وابڕیارە ٣ی مانگی ١١ی داهاتوو، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەبچێت و گەلی ئەمریکا ٤٦ەمین سەرۆکی خۆیان هەڵبژێرن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار