کەسێکی تر لە فەڕەنسا سەربڕدرا

5 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی
سێ کەس بەھێرشی چەقۆ لە فەڕەنسا کوژراون و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون ئەنجامدەرەکەش بە برینداری دەستگیرکراوە و گوماندەکرێت کارەکە "تیرۆریستی" بێت و بۆمبیشیان دانابێت.
کریستیان ئیسترۆسی، سەرۆکی شارەوانیی نیس رایگەیاند، هێرشکارەکەیان دەستگیرکردووە، هەروەها هێزێکی ئەمنیی زۆر دەوروبەری کەنیسەی نۆتردامیان لە شاری نیس گرتووە.
سەرۆک شارەوانیی نیس ئاماژەی بەوەشکرد، کە بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەکان، هێرشەکە "تیرۆریستی" بووە. هەر لە شوێنی رووداوەکە تیمێکی پووچەڵکردنەوەی مین جێگیرکراون، گومانیان هەیە بۆمب دانرابێت.
هاوکات کەسێک لە شاری ئەڤینیۆن لە فەرەنسا، هەوڵیداوە بە چەقۆ هێرش بکاتە سەر پۆلیس، بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە.
لەو بارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا هۆشداری دایە هاووڵاتیانی لە ئەندەنووسیا، تورکیا، بەنگلادیش، عێراق و مۆریتانیا کە "زیاتر ئاگاداری خۆیان بن و لە خۆپێشاندان و شوێنە قەرەباڵخەکان دووربکەونەوە".
لە لایەکی دیکەوە رۆژی چوارشەممە 28-10-2020 بەگومانی هەبوونی بۆمبێک، چواردەوری تاوەری ئیڤل و تاوەری کەوانەی سەرکەوتن لە پاریس چۆڵکران و هێزێکی ئەمنی لەوێ بڵاوەیان پێکرا.
لەبارەی چۆڵکردنی تاوەری ئیڤل، هێزە ئەمنییەکانی پاریس دەڵێن، جانتایەکیان دۆزیوەتەوە، پڕبووە لە چەک و تەقەمەنی کە لە نزیک تاوەری ئیڤل بەجێمابوو. دوای ئەوەی زەنگی هۆشیارکردنەوە لە بەرامبەر بوونی بۆمب لێدرا تاوەری کەوانەی سەرکەوتنیش چۆڵکرا، هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و میترۆ بۆ ماوەیەک لەو ناوچەیە راگیرا.
گێرالد دارمانیان، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا دەڵێت: هێزێکی ئەمنی زۆر لە نیس بڵاوکراونەتەوە، بە زووترین کاتیش سەرپەرشی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی دەربارەی ئەو هێرشە دەکات.

