ماکرۆن: سەربڕەکەی ئەمڕۆ تیرۆریستێکی ئیسلامیە
"دەستبەرداری بەها فەرەنسییەکانمان نابین و دەبێت باوەڕدار و بێباوەڕ یەکبگرین"

5 ساڵ لەمەوپێش
سەرۆکی فەڕەنسا رایگەیاند، ئەنجامدەری ئەو هێرشەی بەیانی ئەمڕۆ کرایە سەر کڵێسایەکی شاری نیس و تێیدا سێ کەس کوژران کە یەکێکیان بە چەقۆ ملی لە لاشەی کرایەوە، بریتیە لە "تیرۆریستێکی ئیسلامی".
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا و لە شاری نیسەوە رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر هاوڵاتیانی وڵاتەکەی و هێرشەکەی ئەم بەیانییەی سەر کڵێسایەک لە شاری نیس، بڕیاریداوە هەزاران سەرباز لە سەرانسەری وڵاتدا بخاتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە.
راشیگەیاند، لەمەودوا رێژەی پاسەوانانی قوتابخانە و کڵێساکان بەرزدەکەنەوە و رەنگە تاوەکو حەوت هەزار سەرباز رەوانەی ناو شارەکان بکەن.
ھەروەھا وتی "دەستبەرداری بەها فەرەنسییەکانمان نابین و دەبێت باوەڕدار و بێباوەڕ یەکبگرین"
ئەو هێرشەی ئەمڕۆ لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا، کەسێکی بە رەگەز چیچانی مامۆستای قوتابخانەیەکی پاریسی پایتەختی فەڕەنسای سەربڕی و هۆکارەکەشی بۆ نیشاندانی کاریکاتێری پەیامبەری ئیسلام بە قوتابیەکانی گەڕاندەوە و دواتر لەلایەن پۆلیسەوە کوژرا.
لە پاش ئەو رووداوەش، ئیمانوێل ماکرۆن رایگەیاند، "ئیسلام پێویستی بە چاکسازییە" و دەبێت گۆڕانکاری لە تێگەیشتنەکاندا بکرێت. ئەوەش کاردانەوەی بەشێک لە مسوڵمانانی جیهانی لێکەوتەوە و رەخنەیان لە قسەکانی سەرۆکی فەڕەنسا گرت.

