حکومه‌تى هه‌رێم موچه‌ى 16 هه‌زار که‌سى راگرت که له مووچه‌یه‌ک زیاتر وه‌رده‌گرن
"106 هه‌زار و 839 که‌س له یه‌ک مووچه زیاتر وه‌رده‌گرن"

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
لیژنه‌ى باڵاى بایۆمه‌ترى هه‌رێمى کوردستان کۆبووه‌وه و رایگه‌یاند، زیاتر له 16 ھه‌زار که‌س به نایاسایى له مووچه‌یه‌ک زیاتر وه‌رده‌گرن و بڕیارى راگرتنى مووچه‌کانییان دراوه.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 3ى تشرینى دووه‌مى 2020 لیژنه‌ى باڵاى جێبه‌جێکردنى قۆناغى دووه‌مى بایۆمه‌ترى به‌سه‌رپه‌رشتى قوباد تاڵه‌بانی، جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم و ئاماده‌بوونى وه‌زیرى دارایى و ئابووری، کۆبوونه‌وه‌ى ژماره دووى ئه‌نجامدا.
له کۆبوونه‌وه‌که‌دا، فه‌رمانگه‌ى هه‌ماهه‌نگى و به‌دواداچوون و فه‌رمانگه‌ى ته‌کنه‌لۆجیاى زانیاری، پشتبه‌ست به‌ئامار و داتاکانى بایۆمه‌تری، راپۆرتێکیان له‌باره‌ى فره‌مووچه‌یى پێشکه‌ش کرد، به‌پێى ئه‌و راپۆرته "106 هه‌زار و 839 که‌س له یه‌ک مووچه زیاتر وه‌رده‌گرن که زۆربه‌یان به‌پێى یاسا رێکخراون."
لیژنه‌ى باڵاى بایۆمه‌ترى هه‌رێمى کوردستان ئاماژه به‌وه ده‌دات، پاش به‌دواداچوون بۆ دۆسیه‌ى ئه‌و مووچه‌خۆرانه، ده‌رکه‌وت "16 هه‌زار و 505 که‌س، له‌یه‌ک مووچه زیاتر به نایاسایى وه‌رده‌گرن، بۆیه لیژنه‌ى باڵا، له چوارچیوه‌ى یاساى چاکسازیدا، وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى راسپارد بۆ راگرتنى مووچه‌ى داهاتوویان له‌گه‌ڵ پاراستنى مافى ئه‌و که‌سانه بۆ تانه‌دان له‌م بڕیاره، ماوه‌ى مانگێکیش دیاری‌کرا بۆ سه‌رله‌نوێ پێداچوونه‌وه‌ى دۆسییه‌کانیان."

