گومرگی هەرێم: بڕیاری داخستنی دەروازە نافەرمییەکانی عێراق هەرێم ناگرێتەوە

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

حکومەتی عێراق لەکۆبوونەوەیەکدا لە 16ی تشرینی دووەم، فەرمانیکرد بەهێزەکانی عێراق بەداخستنی هەر دەروازەیەکی سنووریی نافەرمی بۆ سنووردارکردنی چالاکییە قاچاخچێتییەکانی میلیشیاکان، بەرپرسانی کوردیش دەڵێن بڕیارەکە هەرێم ناگرێتەوە.

هەرێمی کوردستان چوار دەروازەی نێودەوڵەتی هەیە، کەکاری بازرگانی و گەشتیاری تێدا دەکرێت، هەروەها پێنج دەروازەی دیکە هەن کە دەروازەی لاوەکین، ئەو دەروازانە لەلایەن حکومەتی عێراق دانیان پێدانراوە.

هەنگاوەکەی حکومەتی عیراق بۆ داخستنی دەروازە سنورییەکان دوای چوار مانگ دێت لەبڕیاردانی بۆ هێرشکردنەسەر میلیشیاکان و سنووردارکردنی کاریگەری و بەرژەوەندییەکانیان لەدەروازە سنورییە فەرمییەکاندا.

حکومەتی عێراق رایگەیاند بڕیارەکە وەک هەوڵێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی چالاکییە قاچاخەکانی میلیشیاکانی سەر بەئێران و قاچاخچییەکانی دیکە، هەروەها بۆ بڕینی سەرچاوەکانی داهاتیان.

ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو بڕیارە دەروازە لاوەکییەکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، بەڵکو ئەو دەروازانە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دانیان پێدانراوەو لیژنەیەکی حکومەتی عێراق سەردانی کردوون و بڕیارە ئەو دەروازانە بەفەرمی بکرێن.

بەپێی بەیاننامەیەکی حکومەت، مستەفا کازمی سەرەکوەزیرانی عیراق دووشەممە (16ی تشرینی دووەم) فەرمانی بەسەرکردەکانی سوپاو پاسەوانانی سنوور کرد بەداخستنی سەرجەم دەروازە نافەرمییەکان بۆ رێگریکردن لەچوونە ژوورەوەی کەلوپەلی قاچاخ و پاراستنی بەرهەمە نەوتییەکان.

دوای دوو رۆژ، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایگەیاند کە «پلانێکی پتەو»ی ئامادەکردووە «لەگەڵ ژمارەیەک لەوەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ دەستپێکردنی داخستنی دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان».

کازمی رازی بووە بەبەهێزکردنی ئەمنیەتی دەسەڵاتی دهروازه سنوورییهکان لەڕێی ئاژانسی هەواڵگریی نیشتمانییەوە، دەسەڵاتەکەی لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند.

بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان، وتی «ئەو بڕیارە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، بەڵکو ئەو دەروازانە دەگرێتەوە کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقن، کەدیارە کۆمەڵێک دەروازەی سنووری نایاسایی هەن، سەرۆک وەزیرانی عێراق هێزە هاوبەشەکانی راسپاردووە، ئەو دەروازانە دابخەن، کە ئەو بڕیارە بەشێکە لەو چاکسازییانەی رایگەیاندووە».

ساڵی رابردوو لیژنەی وەزارەتە هاوبەشەکانی حکومەتی عێراق سەردانی دەروازە سنوورییە لاوەکییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردو راپۆرتی خۆیان لەو بارەیەوە داوەتە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق.

لەکاتێکدا هیچ داتایەک نییە دەربارەی ژمارەی دەرەوازە سنوورییە نایاساییەکان لەسەر خاڵە سنوورییەکانی عێراق، بەشێوەیەکی گشتی سەرنج دەخەنەسەر ناوچە سنوورییەکانی وڵاتەکە لەگەڵ ئێران و سوریا.

هەنگاوە نوێکەی حکومەت دوای چوار مانگ دێت لەوەی بڕیاریدا هەڵکوتێتە سەر میلیشیاکان و کاریگەری و بەرژەوەندییەکانیان لەدەروازە سنورییە فەرمییەکان سنووردار بکات.

سوپای عێراق لەدەرەنجامدا توانیویەتی کۆنتڕۆڵی خۆی توندتربکات بەسەر (11) دەروازەی سنووریی وڵاتەکەدا لەگەڵ وڵاتانی درواسێ، بەتایبەتی ئێران، لەگەڵ چوار دەروازەی سنووریی ئاوی.

هاوکات، عێراق و سعودیە چوارشەممە دەروازە سنوورییە زەمینییەکانیان کردەوە بۆ یەکەمین جار دوای (30) ساڵ و ئەم پەیوەندییە نزیکترەی بازرگانیش لەنێوان دوو وڵاتەکەدا هاوپەیمانەکانی تاران لەعێراق بێزاردەکات، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

بەغدا دەروازەی سنووریی عەرعەر وەک بژاردەیەکی جێگرەوەی دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێراندا دەبینێت، کە لەڕێیانەوە عێراق بەشێکی زۆری کەلوپەلە هاوردەکانی دەهێنێتە ناوەوەی وڵاتەکەی.

بڕیارەکەی حکومەت، لەکاتێکدا دواکەوتووە، هەنگاوێکی گرنگە کە یارمەتی کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان دەدات و سەرچاوەکانی داهاتی میلیشاکانی سەر بەئێران و گروپە قاچاخچیەکانی دیکە دەبڕێت کەداهاتێکی زۆر باشیان لەڕێگەیەوە دەستدەکەوت.

 رێوشوێنەکانی حکومەت یارمەتی سنووردارکردنی هێنانە ناوەوەی ماددە هۆشبەرەکان و چەک و کەرەستە قەدەغەکان لەعێراق دەدەن، لەگەڵ ئەو کەلوپەلانەی لەگەڵ ستانداردەکاندا نایانەوەو هەڕەشە لەتەندروستی و سەلامەتیی دانیشتوان دەکەن.

شرۆڤەکارێکی عێراقی پێیوایە چاودێریکردنی سنوورەکان و دەروازە نایاساییەکان هەنگاوێکە دەبێتە هۆی پاراستنی سەرچاوە نیشتمانییەکانی وەک کەلەپوورەکان و بەرهەمەکانی نەوت و مەڕوماڵات لە بەقاچاخبردنیان بۆ دەرەوەی وڵاتەکە.

هەروەها وتی: بەرهەمە نیشتمانییەکانو پیشەسازییەکان دەپارێزێت لەکێبڕکێکردن لەگەڵ ئەو کەلوپەلانەی بەقاچاخ خراونەتەوە بازاڕەوە، هەروەها داهاتی دەوڵەتیش لەدەروازە فەرمییەکان زیاتردەکات، کە بەشێوەیەکی بەرچاو لەلایەن بریکارەکانی ئێرانەوە کۆنتڕۆڵکرابوون پێش دواهەمین هەڵمەتی حکومەت.

«ئەو میلیشیایانە زیانی ملیاران دۆلاریان لەعێراق داوە لەئەنجامی چالاکییە نایاساییەکانیاندا لەناوەوەی ئەو دەروازە سنوورییانەدا، لەنێویاندا نەدانی باج و گومرگ و دەستکاریکردنی پۆلێنکردنی بەرهەمە پیشەسازییەکان و تۆمارکردنیان وەک خۆراک بۆ ئەوەی باج و گومرگ نەیانگرێتەوە»، شرۆڤەکارەکە وا دەڵێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار