حکومه‌تى هه‌رێم: هه‌ر کات پێویست بکات وه‌فد ده‌چنه‌ به‌غدا

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند:" به‌هیچ شێوه‌یه‌ک سازش له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌کان و شایسته‌ داراییه‌کانى خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان ناکه‌ین، ده‌شڵێت، "له‌ هه‌رکاتێک پێویست بێت شاندى هه‌رێم ئاماده‌یه‌ سه‌ردانى به‌غدا بکات."

ده‌قى راگه‌یه‌ندراوى حکومه‌تى هه‌رێم:

ئەمڕۆ دووشەممە 2020/11/23 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە گەڵ شاندی دانوستانکاری ھەرێم لە گەڵ بەغدا کۆبووەوە. 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ستایشی ھەوڵ و ماندووبوونی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە دانوستانەکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی و داکۆکیکردن لە  شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و لە پێش هەموویانەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکە جەخت کرایەوە لەوەی شاندی دانوستانکاری هەرێم لایەنی فەرمی گفتوگۆیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی و بە هیچ شێوەیەک حکومەتی هەرێم سازش لە مافە دەستورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکات. 
هەروەها جەخت لەوە کرایەوە کە شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی و بەردەوام داکۆکی لە مافە ڕەواکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کردووە.

هەر لە کۆبونەوەکەدا، پرۆسەی گفتوگۆی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی تاووتوێ کرا هەروەها شاندی هەرێمی کوردستان لە هەر کاتێک بە پێویستی بزانێت، ئامادەیە سەردانی بەغدا بكات.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار