فەرماندەیەکی سوپای پاسداران لە هێرشێکی ئاسمانی لە عێراق کوژرا

5 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی
فەرماندەیەکی سوپای پاسداران لەسەر سنوری نێوان عێراق و سوریا لەگەڵ سێ کەسی دیکە و لەکاتی گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی بە ئۆتۆمبێل بە فرۆکە کرانە ئامانج.
ماڵپەڕی روسیا تودەی لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمنی عێراقەوە رایگەیاندووە، فەرماندەکەی سوپای پاسداران ئۆتۆمبێلێک، کە چەک و تەقەمەنی بارکردووە، گەیاندووەتە سنوری سوریا، دواتر لە رێگەی فرۆکەیەکی جەنگی ئۆتۆمبێلەکە کراوەتە ئامانج و لەگەڵ سێ کەسی دیکە کوژراون.
بە وتەی دوو سەرچاوەی ئەمنی دواتر، تەرمەکانیان لەلایەن گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران گەڕێندراونەتەوە بۆ ئێران.
تا ئێستا ناسنامەی ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران ئاشکرا نەبووە، بەڵام ئەم رووداوە دوای کوژرانی زانای ئەتۆمی ئێران موحسین فەخریزادە دێت، کە لە دەرەوەی تاران لە شارۆچکەی ئەبسارد لە هێرشێکدا کوژرا، بەرپرسانی ئێرانیش ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن بە کوشتنی زاناکە و بەڵێنی تۆڵەیانداوە لەبەرامبەر لەدەستدانی فەخریزادە.

