له‌سه‌دا 5.7% ى دانیشتووانى هه‌رێم وه‌ک تووشبووى کۆرۆنا تۆمارکراون

5 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حه‌سه‌ن
به‌پێى نوێترین ئامارى رێژه‌ى تووشبوون به‌کۆرۆنا له‌هه‌رێم له‌سه‌دا 5.7% ى هاوڵاتیانى هه‌رێم له پارێزگاکانى (هه‌ولێر، سلێمانى، دهۆک، هه‌ڵه‌بجه) وه‌ک تووش بووى کۆرۆنا تۆمارکراون، نزیکه‌ى له‌سه‌دا 2% تووشبووەکان گیانیان له‌ده‌ستداوه.
له‌هه‌رێمى کوردستاندا تائێستا زیاتر له (98)هه‌زار که‌س له‌هه‌رێمى کوردستان تووشى کۆرۆنابوون، (62) هه‌زارو (288) که‌س چاکبوونه‌ته‌وه‌و (22) هه‌زارو (976) که‌سیش له‌ژێرچاره‌سه‌ردان و سێ هه‌زارو (222) که‌سیان گیانیان له‌ده‌ستداوه.
ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند که ژماره‌ى دانیشتووانى هه‌رێم شه‌ش ملیۆن و (171) هه‌زارو (83) که‌س پێکهاتووه.
هاوڵاتى له‌م راپۆرته‌دا به‌راوردى ژماره‌ى دانیشتوانى هه‌رێمى کوردستانى کردووه له‌گه‌ڵ ژماره‌ى تووشبوانى کۆرۆنا له‌هه‌ر چوارپارێزگاکه‌ى هه‌رێم که به‌م شێوه‌یه‌یه
دانیشتوانى پارێزگاى هه‌ولێر دوو ملیۆن و (254) هه‌زارو (422) که‌سدان، له‌م ژماره‌یه (35) هه‌زارو (279) که‌س تووشى کۆرۆنا بوون و(875) که‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه که تائێستا رێژه‌ى 6.4%ى دانیشتوانى هه‌ولێر تووشى کۆرۆنا بوون و له 2%ى دانیشتوانه‌که گیانیان له‌ده‌ستداوه.
هه‌روه‌ها پارێزگاى سلێمانى ژماره‌ى دانیشتوانه‌که‌ى دوو ملیۆن و (152) هه‌زارو (595) که‌سه، (28) هه‌زارو (688) که‌س تووشى کۆرۆنا بوون و هه‌زارو (570) که‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه، واتا له‌سه‌دا 7.6% ى کۆى ژماره‌ى دانیشتوان و له‌سه‌دا2%یان گیانیان له‌ده‌ستداوه.
هاوکات، دانیشتوانى پارێزگاى دهۆک یه‌ک ملیۆن و (648) هه‌زارو (611) که‌س پێکهاتووه، (31) هه‌زارو (472) که‌س تووشى کۆرۆنا بوون و(638) که‌سیان گیانیان له‌ده‌ستداوه، که ده‌کاته له‌سه‌دا 5.2%ى ژماره‌ى دانیشتوانه‌که‌ى له3%یان گیانیان له‌ده‌ستداوه.
پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه ژماره‌ى دانیشتوانه‌که‌ى له(115) هه‌زارو (455) که‌س پێکهاتووه‌و له‌و ژماره‌یه سێ هه‌زارو (67) که‌س تووشى کۆرۆنا بوون و (139) که‌سیان گیانیان له‌ده‌ستداوه، که ده‌کاته 3.8%ى دانیشتوانه‌که‌ى و 0.11%ى هاووڵاتیه‌کانى گیانى له‌ده‌ستداوه.
له‌ئێستادا ژماره‌ى تووشبوون و گیان له‌ده‌ستدان له‌هه‌رێمى کوردستاندا که‌مبووه‌ته‌وه، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌ڵێت "ئێستا له‌شه‌پۆلی دووه‌مى کۆرۆناداین و مه‌ترسییه‌کانى تووشبوون به کۆرۆنا زۆره".
ئاسۆحه‌وێزى، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێم له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت "پێویسته خۆپارێزى تاکه‌که‌سى په‌یڕه‌و بکرێت و که‌مبوونه‌وه‌ى ژماره‌ى تووشبوون و مردن ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت مه‌ترسیه‌که له‌سه‌رمان که‌مه".
هه‌روه‌ها وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ده‌شڵێت "به‌خۆشحاڵیه‌وه بارودۆخه‌که به‌پێى گۆرینى وه‌رزه‌که خراپ نه‌بوو که‌ئه‌مه ئومێدێکى باشه بۆ ئێمه وه‌ک که‌رتى ته‌ندروستى".
ئاسۆحه‌وێزى ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه سه‌ره‌راى که‌مبونه‌وه‌ى ژماره‌ى تووشبون و گیان له‌ده‌ستدان، به‌ڵام هه‌ر پێویستى به‌خۆپارێزییه‌و "پێویسته تاک خۆپارێزى له‌بیر نه‌کات".

